Skip to Content

Tuesday, September 29th, 2020

هۆشەنگ شێخ محەمەد…بەشى پێنجەم لە : چەند هەناسەیەکى عاشقانە

Be First!
by February 10, 2008 ئەدەب

لە بارەى ئەدەبەوە….

من نزانم تۆ باسى مەرگ و تراژیدیا ئەکەیت، یان عەشق؟
من نزانم تۆ باسى خوا ئەکەى، یان عەشق؟
من نزانم تۆ باسى دەوڵەت ئەکەى، یان عەشق؟
من نزانم تۆ باسى جەنگ ئەکەیت، یان عەشق؟
من نزانم تۆ باسى ژن ئەکەیت؟ یان عەشق؟
ئەگەر ئەتوێت باسى عەشقم بۆ بکەیت، باسى خۆت بکە!
* * * * * * * *
ئەگەر یارەکەت پێیگووتى،تۆزى بەر پێتم، یەکسەر بەسەرى کەوە.
* * * * * * * *
ئەگەر پێى گووتى چ غەدارى چ سەفاکى، بزانە درۆ ئەکات.
* * * * * * * *
ئەگەر پێى گووتى تۆ من ئەکوژى، باشترە بیکوژى.
* * * * * * * *
ئەگەر گووتى تۆ زەوقى ژیانت لە لانەهێشتووم، بزانە ئەو زۆر بێ زەوقە.
* * * * * * * *
قەت خۆت بە تاوانبار مەزانە بەرامبەر بەوەى پێت ئەڵێت: تۆ عەشق نازانیت.
* * * * * * * *
قەت خۆت بە نەزان مەزانە بەرامبەر بەو کەسەى پێت ئەڵێت تۆ لە دەستوورى عەشق نەگەیشتوویت.
* * * * * * * *
هەرگیز بڕوا بەو کەسە مەکە پێت بڵێت هەموو کەسێک نابێتە عاشق.
* * * * * * * *
گەورەترین درۆى ئەدەبى ئەوەیە کە شاعیرترین و عاشقترین کەس ئەو کەسەیە کە گەورەترین درۆزنە.
* * * * * * * *
بڕوات هەبێت یەک تاکە ئەدەیبیش نیە درۆى نەکردبێت لەبارەى عەشقەوە.
* * * * * * * *
بڕوا بەوانە مەکە کە عەشقت لە لا سەخت ئەکەن.
* * * * * * * *
بڕوا بەوانەش مەکە کە عەشقت لە لا ئەکەنە مەیدانى شەڕ
* * * * * * * *
بڕوا بەوانە مەکە کە ئەڵێن: تۆ نابیتە عاشق.
* * * * * * * *
بڕوا بە هیچ ئەدیبێک مەکە پێت بڵێت ئەوەى تۆ ئەیکەیت، عەشق نیە.
* * * * * * * *
ئەرکى ئەدەب پاراستنى روحى عاشقانەیە، نەوەک کاولکردنى.
* * * * * * * *
عەشق، مەکە بە چاکەکارى، مەیکە بە خێر.
* * * * * * * *
عەشق مەکەن بە دین و دەستوور و موعجیزە، مەترسە عاشق ئەگەر ئەوان عەشقى تۆ بە خورافە و بە ئەفسانە تێبگەن.
* * * * * * * *
ئەدیبەکان پێیان وایە، تەنیا ئەوان باسى عەشقییان کردووە، تەنیا ئەوان ئەو مافەیان هەیە لە ئاسمانەوە باسى عەشق بکەن و پێیان وابێت بەس هەڵبژاردەیەک ئەتوانن عەشق بکەن، دەى ئەوانەى لە خۆم بەڕەلڵاتر و گێلتر، با نیشانییان بدەین ئێمە چ عاشقێکین؟!ئەتوانین چ ئەدەبێک بەوانیش ببەخشین.
* * * * * * * *
ئەو ئەدیبانە زۆر سەیرن، لە ئاسمانەوە بۆ یەکدى باسى عەشق ئەکەن و تەماشاى عاشقەکان ناکەن.
* * * * * * * *
ئەگەر زۆرێک بۆ مەم و زین، لاس و غەزال، شیرن و فەرهاد، ئەسمەر و مامەر ئەگریێن، ئەوانە هەموویان درۆ ئەکەن، چونکە کەسیان ناهێڵێت کچەکەى ماچ بداتە عاشقەکەى. دە کەواتە با ماچەکانتان ئەو کۆلەوارانە بگرێنێ!
* * * * * * * *
کا سەرچاوەیەکم نیشان دەن، باسى عەشقى کچەکەى خانى بکات، باسى خۆشەویستى خوشکەکەى جەزیرى بکات، باسى پورى نالى بکات، دەبا نووسەرانى ئەمڕۆش باسى خۆشەویستى داپیرەکانییان بکەن؟!
* * * * * * * *
باوەڕ بکەن، ئەوانەى لە ئاسمانەوە ئەژین، زەوییەکانى عەشق نابینن، ئەوانەى لە جەنگیشن، رێگەکانى عەشقیان ون کردووە، تۆش ئەى عاشق ئەگەر ئەم کتێبە توڕ هەڵنەدەیت و نەچیت خۆشەویستەکەت ماچ کەیت، ئەوە لەو کتێبەدا ماچەکانى عەشق بزر ئەکەیت.
* * * * * * * *
مەمخوێنەوە چاوەکەم! بڕۆ دەسگیرانەکەت بخوێنەوە.
* * * * * * * *
با من کارت تێنەکەم، ئەوە ئیشى یارەکەتە.
* * * * * * * *
بەکەس بڕوا مەکە، تەنیا بە روحى عاشقانەى خۆت نەبێت.
* * * * * * * *
هەرگیز وامەزانە، گەورەترین نووسەریش بەقەد تۆ عاشق بێت.
* * * * * * * *
ئەوانەى باسى گەورەترین و یەکەمین عاشقى کوردى ئەکەن، ئەو عاشقە هەرگیز ناگاتە هەناسە قوڵ و دوورەکانت.
* * * * * * * *
بڕوا مەکە، زیرەکترین نووسەر، بتوانێت هەستەکانت بگوازێتەوە کاتێک لەسەرە رێیەکدا چاوەڕێى دەسگیرانەکەت ئەکەیت.
* * * * * * * *
هەموو شاکارە ئەدەبییەکانى عەشق، بە یەک خەندەى دەسگیرانەکەت مەگۆڕەوە.
* * * * * * * *
هەموو ئەدەبیاتى دونیا، بەیەک ماچى دەسگیرانەکەت مەدە.
* * * * * * * *
عەشق ئەزموونى خۆتە، بە شعر و رۆمانەکانى مەدە.
* * * * * * * *
قەت دوو دڵ مەبە، بە جوانترین شعرى عاشقانە، بە نایابترین وشەى عەشق، بڵێى قسەى قۆڕە بەرامبەر نیگایەکى یارەکەم بۆ من.
* * * * * * * *
بڕوا مەکە ئەو شوێنەى کتێبخانەى لێبوو، عەشقیشى لێ یە، بڕواش مەکە ئەو شوێنەى خوداى لێبوو، عەشقى لێ یە، بڕواش مەکە ئەو شوێنەى مزگەوتى لێبوو، عەشقى لێ یە، بڕواش مەکە ئەو شوێنەى چایخانەى لێبوو، عەشقى لێ یە، بەڵام بڕوا بکە تۆ لەهەر شوێنێ بووى، عەشقى لێ یە.
* * * * * * * *
بۆ یارەکەت بنووسە، هەموو کتێبەکانى عەشقم خوێندنەوە، هەر لە کلاسیکەکانەوە تا ئەمڕۆ، بەڵام لە هیچیاندا عەشقێکم نەدۆزییەوە
لە هى تۆ بچێت.زەمەنى تۆ زەمەنى عەشقە.
* * * * * * * *
بۆى بنووسە شەرم مەکە و بڕوات هەبێت، ئەو لە هەر کات و شوێنێک ئامادەبێت، ئەو ناوە بە بۆنى عەشق سەرخۆش ئەکات.
* * * * * * * *
بڕوا بەوە بکە کە عەشقە ئەدەبمان ئەداتێ، نەوەک بە پێچەوانەوە.
* * * * * * * *
هەر عەشقیش شتەکانى دیکەمان ئەداتێ، نەوەک بە پێچەوانەوە.
* * * * * * * *
عەشق رەهابوونە. بۆیە مەیسەپێنە.
* * * * * * * *
ئەگەر لە عەشقەوە فێرە شتەکانى دى نەبیت، ئەوە لە شتەکانى دیکەوە زەحمەتە فێرە عەشق بیت.
* * * * * * * *
عەشق فێربوون نیە، راهاتنیش نیە، خوو گرتن نیە، بەڵکو ئەو وات لێئەکات فێرە شتى دیکە بیت و
لەسەر هەندێ شتى دیکە رابێیت و خووى جۆراوجۆر بگریت.
* * * * * * * *
هەرگیز رازى مەبە پێت بڵێن ئەدیبى عەشق و هونەرمەندى عەشق و نووسەرى عەشقیت، فێریان کە بە خاوەن ئەدەب و
هونەر و نووسینێکى عاشقانەت ببینن.
* * * * * * * *
ئەدیبەکان هەمیشە لە خەمى خۆیانن، هەمیشە ئەیانەوێت خۆیان نەمر کەن، روحى بێ عەشقى خۆیان، نەوەک عەشقى پڕ رۆحیان.
* * * * * * * *
کێ باسى خۆشەویستى دایکى ئەکات، لەگەڵ پیاوێک کە باوکى نیە؟! کێ باسى خۆشەویستى ژنەکەى ئەکات کە لەگەڵ ئەو نیە؟! کێ باسى خۆشەویستى خوشکەکەى ئەکات لەگەڵ دەسگیرانەکەى؟! کێ باسى خۆشەویستى ئەو عاشقانە ئەکات؟! چ ئەدیبێک و چ ئەدەبێک؟!
* * * * * * * *
دەکەواتە بڕوا مەکەن، ئەو ئەدەبە شەرمنە حەیاى عەشق بەرجەستە کات؟!
* * * * * * * *
چاوەڕێ مەبن، ئەو ئەدەبە ژن بە عاشق حسێب کات؟!
* * * * * * * *

Previous
Next

Leave a Reply