Skip to Content

Wednesday, April 24th, 2024
هۆکاری شکستی یەکێتی نیشتمانی هەڵبژاردنەکاندا، چییە؟

هۆکاری شکستی یەکێتی نیشتمانی هەڵبژاردنەکاندا، چییە؟

Closed
by October 2, 2013 گشتی

 

 

 

 

بەپێی ئاکامی هەڵبژاردنەکان، یەکێتی نیشتمانی کوردستان بووە هێزی سێیەمی سەر گۆرەپانی سیاسی هەرێم و دووەمی زونی سەوز… بێگومان ئەمە وێستگەیەکی تری شکستی یەکێتی نیشتمانییە، لەبەرامبەر بە نەیارە سەرەکیەکەی هەرێم “پارتی” و نەیارە تازە دەرکەوتوەکەی”بزوتنەوەی گۆڕان”. بەڵام شکستی کارەساتبارتر ئەوەیە، شکستی و پاشەکشەی یەکێتی تەنها لە دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکاندا، بۆی بڕوانرێت و خوێندنەوەی بۆ بکرێت، یان هۆکاری ئەم شکستەی یەکێتی بەتەنها بگێردرێتەوە بۆ نائامادەیی تاڵەبانی. یان وەکو هەندێک کادری کاڵفامی سیاسیان، ئەم دۆخە وەکو بەرئەنجامی رێکەوتننامەی ستراتیجی، یان ٣٠ حوزەیران… ببینن. دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکان، رێکەوتنامەی ستراتیجی، نائامادەیی تاڵەبانی، ٣٠ حوزەیران… هۆکاری شکستی یەکێتی نین، بەڵکو ئەمانە خۆیان بەرئەنجامی شکست و پاشەکشەیەکی بناغەیی یەکێتین کە مێژووکەی کۆنترە.

یەکێتی زۆر پێشتر لە هەڵبژاردنەکان، توشی شکست و پاشەکشی ببوو، بەر لە رێکەوتنی ستراتیژی و بەر لەنائامادەیی تاڵەبانی و ٣٠ حوزەیرانەکان. دەتوانین رەوتی رولەداکشان و  داکوژانی رۆڵی سیاسی یەکێتی بخوێنینەوە. 

رێکەوتنی ستراتیجی زۆر دەمێکە کۆتایی پێهاتووە و لەدنیای واقعیدا بوونی راستەقینەی خۆی لەدەستداوە. دەمێکە یەکێتی لە هاوبەشی لەدەسەڵاتی سیاسی هەرێم و لە بەشداری لە بریاری سیاسی یەککلاکەرەوەدا، لە نەخشی بەرجەستەگێران لە جومگە سیاسی و ئابوری و بڕیارە چارەنوسازەکاندا، لەگەمە ناوچەیەکاندا، لەرۆڵی لە پەیوەند بە بەغداو حکومەتەکەی… تاد. پەراوێز خراوە. بۆیە نیشاندانی ناکامیەکانی یەکێتی بە هۆی بوونی رێکەوتننامەی ستراتیجیەوە، پاساوێکی نادروست و خوێندنەوەیەکی روکەش و ساویلکانەی کورت بینە.

دورکەوتنەوەی تاڵەبانی لە دنیای سیاسەت و یەکێتی بێگومان بێکاریگەر لەسەر دۆخی یەکێتی نییە، بەڵام شکستە زنجیرەیەکانی یەکیتی بە ئامادەیی تاڵەبانی دەستی پێکردووەو تاڵەبانی لێی بێبەری نییە. تاڵەبانی کەمتر لە ساڵیکە لە رۆڵی سیاسی، دورکەوتۆتەوە، بەڵام دۆخی یەکێتی لەسەردەمی تاڵەبانی و لەوکاتەش کە پۆستی سەرۆک کۆماری بەدەستەوە بووە، دۆخێکی ناهەموارو روولەداکشان و رۆژبەرۆژ بێکاریگەر تر بووە. 

٣٠ حوزەیران چی؟ یەکێتی بەر لە ٣٠ حوزەیران، لەکوێدا وەستاوەو نەخشی چی بووە، تا ئۆباڵی درێژکردنەوەی ماوەی ویلایەتی بارزانی، بخەنە ئەستۆی ئەندام پەرلەمانە بەستەزمانەکانیان و لەویشەوە وەکو پاشەکشەی یەکێتی و هاتنەخوارەوە پێگەی سیاسی، ئاماژەی پێبکرێ. ئەمە ئەلف و بێی سیاسیە، لەدۆخی سیاسی کوردستان و کێبەرکێی دەسەلاتی حزبۆکراتی و میلیشیایدا، سەرۆک بەدەست ئەو هێزەوەیە کەهەژمونی سیاسی و سەربازی و پشتیوانی ناوچەیی و جیهانی بەهێزی هەیە و بریاری سیاسی بنەرەتی بەبوونیەوە بەندە. ئەمە ئەگەر بارزانی سەرۆک بێت یان یەکێکی تر لە کۆمپانیاکانی دروستکرانی سەرۆکەکاندا بێت، جیاوازی چییە؟ هێنانەوەی ئەم پاساوانە کارەساتبارتر، لەشكستی یەکێتییە لە هەڵبژاردنەکاندا. 

یەکێتی نیشتمانی کوردستان، لەو کاتەوەی جوڵانەوەی چەکداری لەسەر دەستی فاشیزمی بەعس و دۆخی ناوچەیی، خامۆش کرا… یەکێتی نەیتوانی خۆی لەگەڵ دۆخی شاری کۆمەڵگادا، بسازێنێ. بەهەمان دیدی شاخ و فەرهەنگی جوڵانەوەی چەکدارییەوە روبەروی دۆخ و هەلومەرجی شاری و بزوتنەوەکانی سەر گۆرەپانەکە بۆوە، کە ساڵی ١٩٩١ بە خرۆشانی جەماوەری و لەچوارچێوەی نەخشەی ئەمریکاو غەرب و لاوازبوونی بەعسدا، رویدا. 

٣١ ئاب، ئەو برگەیەیە کەیەکێتی لەگەمەی جەنگی دەسەڵات و بژاردەی ناوچەیییدا، توشی نسکۆیەکی قەبە دەبێت. پارتی بە هاوکاری بەعس و توکیا و لە جەنگی دەسەڵاتدا یەکێتی و بژاردە ناوچەیەکەی روبەروی شكستێکی کەمەر شکێن، دەکاتەوە. هاوسەنگی هێز بە رادەیەکی قەبە بە زیانی یەکێتی تەواو دەبێت.

یەکێتی نیشتمانی، بۆ وەڵامدانەوەی بەو دۆخەی روبەروو دەبێتەوە، ناتوانێ بژاردەیەکی دروست هەڵبژێرێت و ئەم دۆخەی تێپەڕێنێ، بۆیە ساڵ بەدوای ساڵ و ویستگە دوای وێستگە، رەوتێکی روو لەخوار دەگرێتە بەر. ئەمە بنەمای بناغەیی شکستی یەکێتییە.

یەکێتی بە هەڵگرتنی دروشمی گەورەی بێناوەرۆکەوە، بە بانگەوازی قەبەی بێ کردەوەوە، هێندەی تر توشی داروخان دەبێت. یەکێتی بانگەشەی ئازادی، دیموکراسی، ئاشتی، مافی مەدەنی و فەردی و عەلمانیەت… تا دەگات بە سوسیاڵ دیموکراسی، بەدەستەوە دەگرێت. بەڵام بەکردەوە جیاوازیەکانی لەگەڵ پارتی کەمرەنگیتر دەبێتەوە و بەکردەوە دەیەوێت ببێت بە پارتی. باسی عەلمانیەت و مافی تاک و ئازادی بەدەستەوە دەگیرێت کەچی جیاوازیەکانی لەگەڵ یەکگرتوو و کۆمەڵی ئیسلامییش کەمتر دەبێتەوە، دەیەوێت ببێت بە یەکگرتوو کۆمەڵی ئیسلامی. خۆی بەباسی مۆدیرنە و هەڵدەخات و لەگەڵ مەلاو حاجی بازاریەکان و کۆنەپەرستیدا نزیکتر دەبێتەوە، دەیەوێت ببێت بە مەلاو حاجی بازاری و گوێرایەڵی خوداو فەرمودەکانی محمەد. لە زەمینەی سیاسی و بۆ ئایندە هەڵگری ریزێك درۆیە، بە مەبەستی بە پیرۆزراگرتن و هێشتنەوەی رابردووی. ئێوە تەماشا کەن… یەکێتی هێندە شانازی بە رابردوو، بە خەباتی شاخی، بە خوێنی شەهیدان و روبارەکەی!!، بەگلان و هەڵسانەوەکانی دەکات، چاوی لە داهاتوو نییە. باسی داهاتوو درۆیەکی زلە بۆ نیشاندانی رەوایەتی رابردوی خۆی. ئەمە گورزێکی ترە یەکێتی داروخاندوە.

یەکێتی هەڵگری هیچ پەیامێکی سیاسی بۆ هیچ دەورەیەک و دۆخی سیاسی کوردستان و ویستگەگانی نییە. ئەگەر باسی جیاکردنەوەی حزب و حکومەت، بە نیشتمانی کردنی سوپاو ئاسایش و دامەزراوەکان، دژایەتی گەندەڵی و شەفافیەتی بودجە، بانگەشەی گۆران بن و بۆ هێزگرتن و جەماوەر کۆکردنەوە. ئەگەر پارتی بە ناوی ئاوەدانی، بەرگری لە ئاسایشی هەرێم و پێداگری لەسەر پرسی نەتەوەیی و تێکۆشان بۆ سەربەخۆیی کوردستانەوە، توانیویەتی جەماوەر لەدەوری خۆی هەڵخرێنێ. ئەوا یەکێتی وەکو نوێنەری هیچ پرسێکی سیاسی ڕۆشن لە کوردستان، ناناسرێتەوە و نوێنەری هیچ دۆسیەو پرسێکی میحوەری نییە. یەکێتی ونی ناو بانگەشەی زل و زۆرەکان و بێ پراکتیکییەکانیدایە، یان پێچەوانەی بانگەشەکانیەتی.

شتێک کە یەکێتی زۆر بەدیاریکراوی شانازی پێوە دەکات، دەڵیت لە ژێر دەسەڵاتی یەکێتیدا، ئازادی سیاسی و بیرورا زیاترە. یەکێتی دەیەوێت ئەم دۆخە سیاسیەی ناو زونی سەوز، ئەو دۆخە نیمچەکراوە سیاسیە وەکو ئازادی وێنا بکات وەکو بەرهەمی دەسەڵاتدارێتی خۆی دەرخواردی کۆمەڵگا بدات. یەکێتی لەو راستیە سادەیە تیناگات کە دۆخی کراوەی زونی سەوز بەرهەمی خرۆشانی ساڵی ١٩٩١ و بەرهەمی راوەستاوی بزوتنەوەی ئازدیخوازی و بەرهەمی تایبەتمەندێتی ئەو زونەیە بە درێژایی هەموو مێژوی سیاسی کوردستان، نەک خێر و بەرەکەتی یەکێتی.

   یەکێتی بانگەشەی هەموو فۆرمۆلبەندیەکانی دنیای دیموکراسی و لیبرالی دەکات، وەکو ئازادی و مافی مرۆڤ و ئازادی سیاسی و بیروراو مافی تاک و ئاشتی و دیموکراتی…تاد تا دەگات بەخۆهەڵخستنی بە حزبێکی سۆسیال دیموکراتی. بێ ئەوەی بەکردەوە ببێتە نوێنەری یەک دانە لەم بانگەشانەی و خەڵکی کوردستان گەواهی بۆ یەکێک لە چەمکەکانی دیموکراسی! بۆ بدات. شکستی سەرەکی یەکێتی ئەمەیە. شکست لە بەرامبەر بەدەست رۆشتوی پارتی، شکست بەرامبەر بە گۆران، پاشەکشەی جەماوەری و دۆرانی لە سازان و رێکەوتنامەکان و لەگەمەی پەرلەمانی و هەڵبژاردنەکان… ئەوەیە یەکێتی هەڵگری بانگەشەی زل، و پراکتیکی پێچەوانە، هەڵگری دەیان دۆسیەو نوێنەرایەتی نەکردنی بەکردەویی هیچ دۆسیەیەکی سەرەکییە. لە نەبوونی نەخشەو پەیامی رۆشنی بۆ داهاتوو، ناتوانێ لە رابردوو داببرێت… ئەمەش بەرهەمەکەی پاشەکشەو دارمان و داڕمانی زیاتر و لیکترازانە. دیارە نائامادەیی تاڵەبانی و تەکەتولاتی ناوخۆیش، دۆخەکەی بۆ یەکێتی ترسناکتر کردووە، یەکێتی بەو ئاراستەی ئێستایەوە، ئایندەی ون و تەڵخە.

 

کۆتایی سێبتەمبەری ٢٠١٣

         عەبدوڵا مەحمود

abdulla.mahmud@gmail.com

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.