Skip to Content

Wednesday, October 21st, 2020

هێرشه‌کانی تورکیا: تیرۆری ستات‌ و ڕاکردن له‌ چاره‌سه‌ری ئاشتیانه‌

Be First!
by August 31, 2011 گشتی

تۆپبارانه‌کانی ئێران و تورکیا بۆ ناوچه‌ سنوریه‌کان به‌تایبه‌تی قه‌ندیل و گوندنشینه‌کانی ئه‌و ناوچه‌یه‌ و ناوچه‌ سنوریه‌کانی دیکه‌ به‌م دواییه‌ پێی نایه‌ توونده‌تیژیه‌کی دڕندانه‌ دژ به‌ خه‌ڵکی سڤیلی ناوچه‌کان. جگه‌له‌ وێرانکردنی مال و کێڵگه‌ی خه‌ڵکه‌که‌، سوتاندنی دۆڵ و چیاکان، ناچارکردنی خه‌ڵکه‌ گوندنشینه‌کان‌ به جێهێشتنی ماڵ و کێڵگه‌کانیان، پێکه‌وتنی زیانیكی ماددی زۆر له‌ گوندنشینه‌کان، تاوانه‌که‌ گه‌یشته‌ له‌ناوبردنی خێزانێکی سڤیل و سوتاندنی 7 که‌س له‌ناو تورمبێله‌که‌یاندا له‌ کاتی رۆیشتنیاندا. ئه‌و خێزانه‌ بێتاوانه‌ به‌ دڕندانه‌ترین شێوه‌ له‌لایه‌ن فرۆکه‌جه‌نگیه‌کانی تورکیاوه‌ گیانگه‌شکران. دیاره‌ تۆپبارانه‌کان و لێدانی ناوچه‌ سنوریه‌کان چه‌ندین ساڵه‌ بوونی هه‌یه‌، ئه‌وه‌ یه‌که‌مجار نییه‌ تورکیا کرده‌ی تیرۆر ئه‌نجام ده‌دا و خه‌ڵکی سڤیل ده‌کوژێ.
ئه‌و تاوانه‌ دڕندانه‌یه‌‌ بۆته‌هۆی خۆپیشاندانی خه‌ڵک دژ به‌ تورکیا له‌ ناوه‌وه‌ و ده‌ره‌وه‌ی کوردستاندا. ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێم رێگری خۆپیشاندان نییه‌ ئه‌گه‌ر له‌ژێر رێنماییه‌کانی خۆیاندا بێت. به‌ر به‌ خۆپیشاندان و پرۆتستۆ ده‌گرن ئه‌گه‌ر به‌پێی رێنماییه‌کانی ئه‌وان نه‌بن. له‌ هه‌ولێر گه‌مارۆی له‌ سه‌ر خۆپیشانده‌ران هه‌بوو‌ و لێره‌ پیاوه‌کانی سه‌ر به‌ ده‌سه‌ڵات نه‌یان هێشت ئالای تورکیا بسوتێندرێت.
سه‌رۆکی هه‌رێم چووه‌ قه‌لادزێ و سه‌ردانی که‌سوکاری قوربانیه‌کان و خه‌ڵکه‌ ئاواره‌که‌ی کرد. هه‌ر بۆ بیرخستنه‌وه‌ له‌ ساڵی 2008 دا که‌ هێرشه‌کانی تورکیا بووه‌هۆی کوشتنی خه‌ڵکی سڤیل، ئه‌وسا بارزانی سه‌ردانی خه‌ڵکه‌که‌ی کرد و به‌ڵێنی به‌ خه‌ڵکه‌که‌ دا، که‌ ئه‌و بۆردومانه‌ چیتر په‌سند ناکرێت و نابێ دووباره‌ بێته‌وه‌. له‌سه‌ردانی ئه‌مجاره‌دا پاسه‌وانه‌کانی سه‌رۆکی هه‌رێم شێوه‌ی پاسه‌وانی سه‌رۆکه‌ دیکتاتۆره‌کان هه‌ندێ له‌ رۆژنامه‌وانه‌کانیان ئازاردا و فیلمه‌‌کانیان تێکشکاندن، وادیاره‌ قه‌ده‌غه‌یه‌ وێنه‌ی سه‌رۆک بگیرێت یا ریپۆرتاژ له‌سه‌ر سه‌ردانه‌که‌ی سه‌رۆک له‌لایه‌ن رۆژنامه‌وانه‌کانی که‌ سه‌ر به‌ خۆیان نین ئاماده‌ بکرێت. دیاره‌ سه‌رۆک له‌گه‌ڵ ئه‌م کردارانه‌ نامۆ نییه‌.‌
ده‌کرێ بپرسین‌: ئایا ته‌نها تورکیا له‌م هێرشه‌دا تاوانباره؟‌ ئه‌و تاوانه‌ بۆ؟ ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێم چی ده‌کات؟ گوتنه‌کانی مه‌سعود بارزانی چی ده‌گه‌یه‌نێت؟ ئایا بڕیاری پارله‌مان چاره‌سه‌ری کێشه‌که‌ ده‌کات؟ 
شایانی بیرخستنه‌وه‌یه هه‌ردوو پارتی ده‌سه‌لاتدار‌ پ.د.ک و ی.ن.ک له‌ نه‌وه‌ته‌کانه‌وه‌ هاوکاری تورکیایان له‌ لێدانی پ.ک.ک کردووه‌. به‌تایبه‌تی پارتی خه‌ڵکی زۆری له‌ شه‌ڕی پ.ک.ک ـه‌دا به‌ کوشتدا، به‌ چه‌ک و لێدان کێشه‌ی پ.ک.ک ـه‌یان پێ چاره‌سه‌ر نه‌کرا و زیانی زۆریان به‌رکه‌وت. پ.د.ک و ی.ن.ک بۆ پاراستنی خۆیان هه‌ردوولا هێزی پارێزگاریان له‌ تورکیا بۆ هاتووه‌ و یه‌که‌ی سه‌ربازی و کۆماندۆی تورکیایی بۆ ڕاگرتنی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی تورکیا له‌ قووڵایی باشوری کوردستاندا هه‌بووین. له‌ نه‌وه‌ته‌کانه‌وه‌ تورکیا به‌ خه‌ستی ده‌ستی له‌ کاروباری ناوخۆی باشوری کوردستاندا هه‌یه‌.
له‌ ساڵی 2007 دا رێکه‌وتنێک له‌ نێوان تورکیا، ئه‌مه‌ریکا، ئێراق و حکومه‌تی هه‌رێمدا کرا. (ئه‌و رێککه‌وتنه‌ نهێنییه‌ و ناوه‌ڕۆککه‌که‌ی نازانین چییه‌، به‌ڵام به‌کرده‌وه‌ مه‌به‌سته‌ سه‌ره‌کیه‌کانی دیارن) گه‌ماڕۆ خرایه‌ سه‌ر قه‌ندیل و ناوچه‌کان ته‌ریککران. هێزه‌کانی سه‌ر به‌ پ.ک.ک له‌و ناوچانه‌ وه‌کو تیرۆریست له‌لایه‌ن ئه‌وانه‌وه‌ ناسێندران و له‌ناوبردنی پ.ک.ک به‌ پێویست داندرا. په‌یوه‌ستدار به‌و رێککه‌وتنه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی پ.د.ک و ی.ن.ک ده‌ستیان به‌ سه‌رکوتکردنی ئه‌و ده‌نگ و رێکخراوانه‌ کرد که‌ سۆزداریان له‌گه‌ڵ پ.ک.ک دا هه‌یه‌ یا پشتگیریان ده‌کردن یا سه‌ر به‌ ئه‌وان بوون. بۆ نمونه‌ پ.د.ک له‌ ناوچه‌کانی ژێرده‌ستیدا قه‌ده‌غه‌ی پ.چ.د.ک کرد، هه‌روه‌کو هه‌وڵدرا ئه‌و پارته‌ له‌ هه‌ڵبژاردن بێبه‌ش بکرێت. ئه‌و پارته‌ هه‌رچۆنی په‌یدابووبێ، نه‌ تووندوتیژه‌، نه‌ پشتگیری چاره‌سه‌ری تووندوتیژ له‌ باشوری کوردستاندا ده‌کات، نه‌ به‌ زۆر خۆی سه‌پاندووه‌، به‌ڵکو دیموکراسیانه‌ کار ده‌کات، کانونیانه‌ مۆڵه‌تی کارکردنی پێدرابوو. ئه‌و رێککه‌وتنه سێقۆڵییه‌ ته‌باییه‌ له‌سه‌ر پێشێلکردنی سه‌روه‌ری ئێراق له‌لایه‌ن هێزی ده‌ره‌کیه‌وه‌. بۆ کورد ئه‌وه‌ پێشێلکردنی سه‌روه‌ری باشوری کوردستانه‌. ئه‌و ڕێککه‌وتنه ده‌ریده‌خات که‌ ئێراق له‌راستیدا چه‌نده‌ په‌رۆشی کوردستان و خه‌ڵکه‌کیه‌تی!‌؟ ئه‌وه‌ ئێراقی هیوا و ئاشتیه‌که‌ی ی.ن.ک و پ.د.ک ـه‌. ئه‌وه‌ی پارتی و یه‌کێتی ده‌یکه‌ن هاوکاری ئه‌و پێشیلکاریه‌یه‌ که‌ به‌رامبه‌ر به‌ وڵاتی کوردستان و خه‌ڵکه‌که‌ی ده‌کرێت. 
ئه‌و رێککه‌وتنه‌ی نێوان ئه‌مه‌ریکا، ئێراق و تورکیا ئێستاش کاری پێده‌کرێت و به‌رده‌وامه‌‌. بۆیه‌ تۆپبارانه‌کانی تورکیا به‌ره‌زامه‌ندی ئه‌مه‌ریکا و ئێراقه‌، ده‌رئه‌نجامی رێککه‌وتنه‌ سێ قۆڵیه‌که‌یه‌ که‌ پێشتر کراوه‌. ده‌سه‌لاتی هه‌رێم وه‌کو ده‌سه‌ڵاتێکی ناوچه‌یی ناو ئێراق ملکه‌چی ئه‌و رێککه‌وتنه‌یه‌ و به‌کرده‌وه‌ پێشتر هاریکاری جێبه‌جێکردنی کردووه‌. بۆیه‌ ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێم له‌م تاوانه‌ بێبه‌ری نییه‌.
ئه‌مه‌ریکا جوداکارانه‌ به‌پێی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی خۆی سه‌یری رێکخراوه‌ شۆڕشگێڕه‌کانی جیهان ده‌کات، هه‌ر له‌م دیده‌وه‌ هه‌ندێکیانی کردووه‌ به‌ رێکخراوی تیرۆریست. پ.ک.ک یه‌کێکه‌ له‌وانه‌، چونکه‌ شه‌ر بۆ ئازادی کوردان له‌ تورکیای دۆستی دێرینی ئه‌مه‌ریکادا ده‌کات. سه‌یر نییه‌ که‌ ئه‌مریکا پشتگیری تورکیا له‌ تاوانه‌کانیدا ده‌کات و ده‌لێ تورکیا مافی خۆیه‌تی به‌رگری له‌ خۆی بکات. هه‌ر ئه‌و ئه‌مه‌ریکایه‌ پشتگیری مانه‌وه‌ی رێکخراوی موجاهیدی خه‌ڵق له‌ ئێراقدا ده‌کات، به‌ مافی ئێرانی نازانێ که‌ هێرشیان له‌ ئێراقدا بکاته‌ سه‌ر. نه‌ک هه‌ر ئه‌مه‌ریکا بگره‌ ڕێکخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان هه‌مان هه‌لوێستیان هه‌یه‌. به‌کورتی هه‌ڵوێستی ئه‌مه‌ریکا به‌شێوه‌یه‌کی سه‌ره‌کی به‌نده‌ به‌ شوێن و چۆنیه‌تی ئه‌و وڵاته‌ی کێشه‌که‌ی تێدایه‌. واته‌ به‌نده‌ به‌وه‌ی که‌ ئایا ئه‌و وڵاته‌ی که‌ کێشه‌که‌ی تێدایه‌ دۆستی ئه‌مه‌ریکایه‌ و وابه‌سته‌ی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی ئه‌مه‌ریکایه‌ یان نا. ئه‌گه‌ر تورکیا کۆمۆنیست یا ئیسلامیستی دژ به‌ رۆژئاوا بایه‌، ئه‌وه‌ به‌ئه‌گه‌ری زۆر پ.ک.ک لای ئه‌مه‌ریکا ده‌بووه‌ شۆڕشگێر و پشتگیری ئاشکرای ده‌کرا. 
په‌یوه‌ندی ده‌سه‌لاتی هه‌رێم له‌گه‌ڵ تورکیا به‌تایبه‌تی له‌ رووی بازرگانیه‌وه‌ له‌وپه‌ڕی خه‌ستی و چڕیدایه‌. هه‌روه‌ها په‌یوه‌ندیان له‌گه‌ڵ ئێران به‌هێزه‌. ده‌سه‌ڵاتی پ.د.ک و ی.ن.ک به‌رده‌وام له‌به‌رنامه‌یاندایه‌، به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌و وڵاتانه‌ ره‌چاو بکه‌ن و دڵی ئه‌وان له‌م باره‌یه‌وه ڕابگرن. هه‌روه‌کو ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێم هیچ هه‌نگاو و گوتنێکی به‌کرده‌وه‌ی له‌سه‌ر کێشه‌ی کورد یا مافی مرۆڤ له‌و وڵاتانه‌دا نییه‌ و خۆی لێ نادات. ‌ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێم هه‌رگیز نه‌یویستووه‌ کارێ بکات که‌ زیان به‌ به‌رژه‌وه‌ندی ناسیونالیستانه‌ی ئه‌و وڵاتانه‌ بگه‌یه‌نێت. چاوه‌ڕوانیش ناکرێت ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێم کارێ بکات ئه‌و وڵاته‌ داگیرکه‌رانه‌ توڕه‌ بکات یا زیان به‌ به‌رژه‌وه‌ندی ناسیونالیستانه‌ی ئه‌وان بگه‌یه‌نێت. به‌کورتی پارتی و یه‌کێتی له‌سه‌ر کێشه‌ی کورد له‌ باکور یا رۆژهه‌ڵاتی کوردستان به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان تێک ناده‌ن. ئه‌وان مێژووی خۆیان له‌سه‌ر بنچینه‌ی پاراستنی خۆیان و به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی خۆیان به‌هه‌ر نرخ و رێگه‌یه‌ک بووبێ له‌سه‌ره‌تاوه‌ ئه‌وها بنیات ناوه‌.
ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێم له‌ دوای تۆپبارانه‌کان، هێرشی فرۆکه‌کان و پاشان کوژرانی خه‌ڵكی بێتاوانی کوردستان کردوویانه‌ و ده‌یکه‌ن (وه‌کو کۆبوونه‌وه‌ی پارله‌مان، سه‌ردانی سه‌رۆکی هه‌رێم، رێگه‌دان به‌ هه‌ندێ خۆپیشاندان) ته‌نها بۆ دڵدانه‌وه‌ی توڕه‌یی خه‌ڵکی کوردستانه‌، بۆ که‌نترۆلکردنی له‌ده‌ستده‌رنه‌چوونی باره‌که‌یه‌. ئه‌وان له‌ ئاستی جیهانی وشه‌یه‌کی گرانیان راسته‌وخۆ ئاراسته‌ی تورکیا و ئێران نه‌کردووه‌ و جموجۆڵێکیان له‌م باره‌یه‌وه‌ نییه‌. هاتووهاواری خه‌لکی جه‌رگسوتاوی کوردستان لێره‌وله‌وێ گرنگه‌ و جێگه‌ی رێزلێنانه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ناگاته‌ ده‌سه‌ڵات و رێکخراوه‌ جیهانیه‌ ده‌سه‌لاتداره‌‌کان، هه‌روه‌کو ئه‌وانیش له‌ ئاست ئه‌و تاوانانه‌دا گوێیان که‌ڕه‌ و چاویان کوێره‌.
سه‌باره‌ت به‌ سه‌رۆکی هه‌رێم و گوتنه‌که‌ی له‌مباره‌یه‌وه‌، مه‌سعود بارزانی وه‌کو تورکیا و ئێران بوونی په‌ژاک و پ.ک.ک ده‌کاته‌ بیانووی ئه‌و هێرشانه‌. به‌پێی ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ بێت ده‌بێت هه‌موو وڵاتانی جیهان بتوانن هێرش بکه‌نه‌ سه‌ر وڵاتانی دیکه‌ و سه‌روه‌ریان ببه‌زێنن چونکه‌ رێکخراوی نه‌یاری چاڵاک له‌و وڵاتانه‌دا هه‌ن. هه‌روه‌کو به‌پێی گوتنه‌که‌ی ئه‌مه‌ریکا بۆ تورکیا ئه‌وه‌ مافی هه‌ر وڵاتێکه‌ له‌ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانیدا. جگه‌له‌وه‌ی جوداکاریه‌کی ناڕه‌وا سه‌باره‌ت به‌ کێشه‌ی نه‌ته‌وه‌ ژێرده‌سته‌کان له‌ جیهاندا له‌م تێگه‌یشتنه لاره‌‌دا هه‌یه‌، ئه‌و باره‌ ته‌نها له‌ کوردستاندا و ره‌نگه‌ چه‌ند شوێنێکی که‌می دیکه‌ ئه‌وها بێت، ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ دژی چاره‌سه‌ری ئاشتیانه‌ و دیموکراسیانه‌ی کێشه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌کانه‌. له‌لایه‌کیتر ئه‌و به‌شیوه‌یه‌ک له‌ شێوه‌کان داوا له‌ پ.ک.ک ده‌کات چه‌ک دابنێت، ناوچه‌که‌ جێبهێڵن و ئاشتیانه‌ کێشه‌که‌ له‌گه‌ڵ تورکیا چاره‌سه‌ر بکه‌ن.‌ تورکیا که‌ ئاماده‌ نییه‌ دان به‌ مافی که‌لتوری و رامیاری نه‌ته‌وه‌ی کورد بنێت، ئاماده‌ نییه‌ دانوستان له‌گه‌ڵ شۆڕشگێڕانی کورد بکات، هێرش و بۆردومان و کوشتنی خه‌ڵکی بێتاوان له‌ ولاتانی دیکه‌ که‌ شکاندنی سه‌روه‌ری وڵاته‌، تاوانه‌ دژ به‌ مرۆڤایه‌تی، تیرۆری ستاته‌ به‌رامبه‌ر به‌ خه‌ڵکی کوردستان، هه‌رگیز چاره‌سه‌ری کێشه‌که‌ی پێ نییه‌. تورکیا ئه‌وه‌ باش ده‌زانێت، چونکه‌ ئه‌و مه‌به‌ستی سه‌رکوتکردن و له‌ناوبردنه‌ نه‌ک چاره‌سه‌ر. ئه‌و تیرۆره‌ی ستاتی تورکیا ده‌یکات له‌راستیدا رووی راسته‌قینه‌ی ئۆردۆگان و تورکیاییه‌.
بارزانی ده‌ڵێ ئێمه‌ ئه‌وه‌ی له‌ده‌ستمان هات کردمان، واته‌ پ.ک.ک به‌قسه‌ی نه‌کردن و تورکیاش به‌هیچیان نازانێ. به‌مجۆره‌ ئه‌وان له‌مباره‌یه‌وه‌ هیچی دیکه‌یان پێ نییه‌ و چاوه‌روانی هیچیش مه‌بن. هه‌روه‌ها ده‌ڵێ هیچ حسابێک بۆ به‌رژه‌وه‌ندی هه‌رێم ناکرێت. دیاره‌ ئه‌و ئه‌وه‌ی ره‌نگه‌ له‌بیر کردبێت که‌ له‌ سه‌ره‌تای ساڵی 2008 به‌ڵێنی دووباره‌نه‌بوونه‌وه‌ی تاوانه‌کانی تورکیای به‌ خه‌ڵکه‌که‌دا، به‌ڵام هیچی لێ دروست نه‌بوو. به‌ڵێنه‌که‌ی ئه‌و له‌ راستیدا چه‌ند وشه‌یه‌کی بۆش بوون. بارزانی ئه‌و جۆره‌ به‌ڵێن و گوتنانه‌ی زۆرن! ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێم خۆی پشتگیری رێککه‌وتنه‌ سێقۆڵیه‌که‌ی که‌ پێشێلکردنی سه‌روه‌ری هه‌رێمی تێدایه‌‌ کردووه‌. خۆی له‌رێکه‌وتنه‌کانی پێشوویدا به‌رژه‌وه‌ندی هه‌رێمی خستۆته‌ ژێرپێی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی پارت و تورکیا. بۆ نمونه‌ تورکیا که‌می خه‌ڵک بۆ پارتی له‌ شه‌ڕی جیاجیادا نه‌کوشتووه‌. ره‌نگه‌ سه‌رۆکی هه‌رێم زه‌ینی کوێر بووبێ و رابردووی خۆیانی له‌بیرچووبێت! له‌لایه‌کیتر بارزانی هه‌ره‌شه‌یه‌کی ناراسته‌وخۆ ده‌کات که‌ ئه‌گه‌ر له‌به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌وان بدرێت ده‌کرێ ئه‌وان ناچار بن په‌نا بۆ لێدانی چه‌کداری پ.ک.ک ببه‌ن. ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ رووبدات،‌ به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ک به‌دیهینانی ئاواته‌کانی تورکیایه‌. بارزانی کێشه‌که‌ ده‌داته‌ پارله‌مانی کوردستان و داوا له‌ حکومه‌تی ئێراق ده‌کات له‌ رێگه‌ی كه‌ناڵه‌ دیپلۆماسییه‌كانیه‌وه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ر دوو وڵاتی دراوسێ‌ هه‌وڵه‌كانی بخاته‌ گه‌ڕ بۆ كۆتایهێنان به‌م هێرشانه‌ و پاراستنی سه‌روه‌ری ئێراق. بارزانی ده‌زانێ پارله‌مان هیچ ده‌سه‌لاتی نییه‌ و ئه‌وه‌ی پارله‌مان ده‌یکات پرۆسه‌یه‌کی بیرۆکراتیانه‌یه‌ و دواخستنی کێشه‌که‌یه‌، ده‌رئه‌نجام بڕیارێکه‌ که‌ قورساییه‌کی ئه‌وتۆی نابێ. نه‌ حکومه‌تی ئێراق و نه‌ سه‌رۆکی هه‌رێم خۆی به‌ بڕیاره‌کانی پارله‌مان نابزوێن، ئه‌گه‌ر خۆیان نه‌یانه‌وێت، چونکه‌ پارله‌مان بێده‌سه‌ڵاته‌. هه‌روه‌ها بارزانی ده‌زانێ هه‌لوێستی ئێراق له‌سه‌ر ئه‌م کێشه‌یه‌ چییه‌. ئێراق خۆی له‌گه‌ل تورکیا و ئه‌مه‌ریکا ته‌بایه‌ ، بارزانی ئه‌وه‌ باش ده‌زانێت. بۆیه‌ ئه‌و گوتنه خۆلادانه‌‌ له‌ راستیه‌کان.
به‌کورتی هێرشی تورکیا به‌رده‌وامی پۆلیتیکی نکۆلیکردنی چاره‌سه‌ری ئاشتیانه‌ی کێشه‌ی کورده‌ له‌ تورکیا، به‌رده‌وامی به‌کارهێنانی هێزی سه‌ربازییه‌ به‌مه‌به‌ستی له‌ناوبردنی شۆڕشگێره‌ کورده‌کان‌، به‌رده‌وامی ئه‌و رێککه‌وتنه‌‌ سێقۆڵییه‌ی نێوان تورکیا و ئه‌مه‌ریکا و ئێراقه‌ که‌ ده‌سه‌لاتی هه‌رێم به‌شێکه‌ لێی. دیاره‌ چۆکدادانی پ.ک.ک‌ و نکۆڵیکردنی تورکیا له‌ دانوستان و چاره‌سه‌ری ئاشتیانه‌، چاره‌سه‌ر نییه‌، به‌ڵکو سه‌رکوتکردن و درێژه‌دانه‌ به‌ چه‌وساندنه‌وه‌ی خه‌ڵکی کوردستان له‌ به‌شی باکور.


شاخه‌وان شۆڕش
30ی ئۆگستی 2011

Previous
Next

Leave a Reply