Skip to Content

Friday, September 25th, 2020

هێشووی هه‌نارانم ڕاوه‌شێنه ….نیگار نادر

Be First!
by January 14, 2008 ئەدەب

به‌هێشوو هه‌نارم ده‌رکردوون
پێده‌چێ عاشق بووبمه‌وه

عه‌شق به‌سه‌دان جار
هه‌نگاوتومی تێی هه‌ڵکردوم
له‌خوێنێی گه‌وزاندوم وشه‌هیدی کردوم
که‌چی جار له‌جارێ زیندوتر
 سه‌رهه‌ڵده‌ده‌مه‌وه

له‌جۆره‌ها سه‌نگه‌ری ڕا
وه‌به‌رده‌سڕێژانی داوم و هه‌ڵیته‌کاندووم
کون به‌کونی دڵی پێکاوم كیوماڵی كردووم
ئه‌مما له‌پاشانی
 پاکترو جوانتر عاشق بوومه‌وه

چه‌ندین بۆسه‌ی بۆلێداوم
دایڕماندوم   ئاوری داوم  ڕایگواستووم
نه‌خشه‌و سنوری بزاوتوم وئاوه‌ژووکردوم
لێ عاشقتر
ئاگربه‌ستی ده‌گه‌ڵ نوێ ده‌که‌مه‌وه‌

به‌هێشو هه‌نارم پێدا شۆربونه‌وه
وێده‌چێ خۆش بوبمه‌وه

بست به‌بستی ماچ کردوم
قولانج به قولانجی بۆن لێ هه‌ڵمژیوم
تامی زمانی خۆش خۆش کردوم  
پاشان له‌هێکڕا
خۆڕایی کردوم و به‌جێی هێشتومه‌وه

چه‌ندین جار پشتی له‌عه‌ردی داوم
دیلی کردوم وبه‌رخۆی هه‌ڵبریوم
ده‌سڕێژی سه‌رکه‌وتنێی به‌سه‌ردا هه‌ڵتۆقاندوم
لێ له‌بۆ جارێکیش
 لێی ژه‌وان نه‌بومه‌وه

کوێنده‌رم ‌ماوه ئاڵای خۆی
له‌سه‌ر نه‌چه‌قێنێ
به‌سه‌دان ناوی لێ گۆڕیوم به‌ده‌یان ڕه‌نگی
تێگه‌راندووم
به‌ئانوساته‌ک پاشه‌کشێی لێکردومه‌وه

به‌هێشوو هه‌نارم لێ ده‌لاژێنه‌وه
ڕێبه‌دی ده‌که‌م ڕه‌ند بوبمه‌وه

ساڵێ چه‌ند جار دانوساندنی ده‌گه‌ڵ ده‌که‌م
لێم ده‌کشێته‌وه
لێی ده‌کشێمه‌وه
لێ نازانم چه‌وا
 له‌پڕ
پێک هه‌ڵده‌پرژێینه‌وه
 به‌نێو یه‌کتری وه‌رده‌بینه‌وه

له‌پاش هه‌موو ئه‌ڤانه‌ڕا چم له‌بیرنامێنێ
زه‌ینم له‌خۆنامێنێ دڵم له‌خۆ نامێنێ
حه‌یرانی ده‌بم
هه‌موو هێشوه‌کانم ڕاده‌وه‌شێنێ و 
ده‌مبێژێتێ عه‌شق خۆشه
لێ ناگاته خۆشی عاشق بونه‌وه

Previous
Next

Leave a Reply