Skip to Content

Saturday, September 26th, 2020

هەرێمێكی بێ سەروەرى…. گۆران فەتحی

Be First!
by March 2, 2008 گشتی

 هێرشی سوپاى توركیا ئەمجارە زۆر توندتر هاتە نێو هەرێمی كوردستانەوە، سوپایەكى پڕچەك لەپیادەو هەروەها تۆپو تەیارەی بەشدار پێكرد لەشەڕەكانیدا دژ بەپارتى كرێكارانى كوردستان.
 هێرشی ئەمجارە وەنەبێ تەنها پارتى كرێكارانی كردبێتە ئامانج وەكو توركیا باسی لێوە دەكات بەڵكو لەئەجێندای ئەو وڵاتە هەرێمى كوردستان كیانێكى خەتەرناكە بۆ سەر وڵاتو ئاسایشی نەتەوەی توركیا، بۆیە ئامانجی هێرشەكە هەم پەكەكەو هەم ئەم قەوارەیە ئارامەیە كە كوردی تێدا دەژی بەئازادی وەكو نەتەوە.
 توركیا(25) هەمین جارێتی هێرشو لەشكركێشى بكاتە سەر هەرێمەكە، هەر لەهەشتاكانەوە تا ئێستا، گومان لەسەركێشی دەوڵەتو سوپای توركیا ناكرێت، هێرشی ئەو سوپایە پێشتر بۆ نێو وڵاتی قوبرسو دروستكردنی كیانێك بۆ توركە قوبرسیەكان باشترین بەڵگەی ئەو سەركێشییەیە لەگەڵ هەموو ئیدانەو نارەزایى ئەوكاتی جیهان.
 لەوە دەچێت توركیا بیەوێت هەمان كارى قوبرس لێرە تاقی بكاتەوە، بەڵام ئایە وڵاتانى جیهان  هەروەها  ئەمریكا رێگاى ئەوەى پێ ئەدات لەگەڵ ئەو هەموو بەرژەوەندییەیەى لەعێراقدا هەیەتى.
 كێشەكە لێرەدا ئەوەیە عێراقو هەرێمى كوردستانیشی لەگەڵدابێت سوپایەكى بەهێزی نییە بۆ بەرپەرچدانەوەى هەر هێرشێكى دەرەكى لەو جۆرەى سوپاى توركیاى تەیار بەتەكنەلۆژیاى پەیمانى ناتۆ، ئەمەش سەروەرى وڵاتەكەی نەهێشتووەو هەموو وڵاتانى ناوچەكە بەجۆرێك لەجۆرەكانى هاتوونەتە نێو خاكەكەىو نفوزیان هەیەو بەهەوەسی خۆیان تەراتیان دەكەن لەم نیشتمانەدا.
 سوپاى توركیا ئەوە باش دەزانێت بۆیە سەروەرى وڵات پێشێل دەكاتو لەگەڵ ئەو بەرەنگارییە پارتیزانیەى چەكدارانى پەكەكە دژى بەڵام دەتوانێت پێگەى خۆى لەكوردستاندا داكوتێت، بۆیە ئەگەر حكومەتى عێراقو حكومەتى هەرێمى كوردستان هەڵوێستى جدیتر وەرنەگرن بەرامبەری ئەوە مەترسیەكى گەورە دەبێت بۆ سەر هەرێمەكە.
 سوپاى توركیا لەگەڵ داخڵبوونی بۆ نێو هەرێم ئەگەرى مانەوەی دانابوو، ئەوەتا دواى هەفتەیەك لەشەڕ توركیا نەك تەنها پەكەكە بەڵكو زۆر ناوچەى سنوری هەرێمەكەش كردۆتە ئامانج، هاتنى نوێنەری حكومەتی توركیاش بۆ بەغداشو پێداگری لەسەر مانەوەى هێزەكانى توركیا تا بنەبڕكردنى پەكەكە راستی نیەتى سوپاى توركیا دەردەخات. لەشكركێشیەكە دڵەڕاوكێی لاى هاوڵاتیانی كورد دروست كردووە بەوەى لەنێو هەرێمێكدان بەردەوام جێگەى مەترسییەو هیچ سەروەریەكى نەماوە، ئەوە نەبێت تەنها كوردستان لەدەستدابێت بەڵكو ئەوە هەموو ناوچەكانى تری عێراقیشی گرتۆتەوە هەروەكو چۆن دەبینین ئێران جێ پێى لەنێو شیعەكاندا قایم كردووەو بەئارەزووی خۆشى بیرە نەوتی عێراق زەوت دەكاتو لەناو خاكی عێراقیشدا نەوت دەردەهێنێت.
  ئاسایشە بڵێین لەنێو وڵاتێكدا دەژیین هیچ سەروەرییەكى نەماوە، بۆیە وڵاتانى دەوروبەر  دەستوەر ئەدەنە ناو كاروبارە ناوخۆییەكانی.
 
goranfathe@yahoo.co.uk
 
 

Previous
Next

Leave a Reply