Skip to Content

Saturday, January 23rd, 2021

هەرێم‌و قەیرانەكەی عیراق.. لەكوێوە بۆ كوێ؟

Be First!
by January 16, 2012 گشتی

لەماوەی رابردودا، لەمیدیاكانی عیراق، بەتایبەتی لەباشوور‌و ناوەڕاست، لەسەر زاری هەیسەم جبوری، پارلەمانتاری‌ دەوڵەتی‌ یاسا ئەوە راگەیەنرا، ئەگەر حكومەتی هەرێم ئامادە نەبێت بڕیاری دەستگیركردنی تاریق هاشمی، جێگری‌ سەرۆككۆمار جێبەجێ بكات، ئەوكاتە بەشە بودجەی هەرێم دەوەستێنرێت.

ئەم لێدوانەی ئەو پارلەمانتارە (ئەگەرچی دواتر رەتیكردەوە لێدوانی لەوجۆرەی دابێت) بەڵام بڵاوبونەوەی هەڕەشەیەكی لەوشێوەیە لەمیدیاكانی باشور‌و ناوەڕاستی عیراق پێشهاتێكی چاوەڕێكراو بو، چونكە بڵاوبونەوەی ئەو دەنگۆیە بەو خێراییە لەمیدیاكان بێ هۆ نیە‌و لەباڵۆنی تاقیكردنەوە دەچێت، ئاخۆ هەڵوێستی هەرێم‌و سەركردایەتییە سیاسییەكەی چی دەبێت؟

لەڕاستیدا، بڕیاری دەستگیركردنی هاشمی كێشەكە نیە، بەڵكو كاردانەوەی كێشەی تر‌و قوڵبونەوەی قەیرانە بۆ ئەم ئاستەی ئەمڕۆی. ئەوەی ئێستا لەعیراق دەگوزەرێ جگە لەزیندوكردنەوەی ململانێی تایفی‌و جێبەجێكردنی ئەجێندای دەرەوە‌و شەڕی دەسەڵات چیتر نیە. ئەوەی ئەمەریكا دوای كشانەوەی هێزەكانی لەعیراق، وەك دیاری بۆ ئەم وڵاتەی جێهێشت كۆمەڵێ كێشە‌و قەیران‌و گرێكوێرەی سیاسی‌و ئابوری‌و مەزهەبی بون.

عیراق، ئەو دەوڵەتەی ناوچەكە، كە هێشتا تەمەنی دروستبونی نەبوەتە سەدەیەك، ئێستا لەقەیرانێكەوە بۆ قەیرانێكی قوڵتر هەنگاودەنێت، لەدیكتاتۆرێكەوە بۆ چەند دیكتاتۆرێكی تر، لەهەژمونی سوننەوە بۆ هەژمونی شیعە، لەتێرۆریستانی كۆنە بەعسی‌و ئیسلامییە توندڕەوەكانەوە بۆ تێرۆریستی ناوخۆ‌و بەرپرسی باڵا… ئەمەیش لەسادەترین لێكدانەوەدا پێمان دەڵێت: بەعسیزم بەڕوخانی پەیكەری سەدام لەنیسانی 2003 كۆتایینەهاتوە‌و ئەو عەقڵیەتەی ئێستا لەو وڵاتە كارایە‌و سیاسەت‌و حوكمدەكات لەبازنەی هەمان كلتوری یەكترقبوڵنەكردن‌و هەوڵدان بۆ سڕینەوەی بەرامبەر دەرنەچوە، كە كلتوری بەعسیەكان بو.

هەڕەشەكەی لیستی‌ دەوڵەتی‌ یاسایش بەبڕینی‌ بودجەی‌ هەرێمی‌ كوردستان (ئەگەر نارەسمی‌و ناراستەوخۆش بێت) لەو چوارچێوەیە دەرناچێت‌و، دوبارەكردنەوەی سیاسەتەكانی‌ رژێمی‌ پێشوە، چونكە ئەو ستراتیژەی بەعسمان بیردەخاتەوە، كاتێك گەمارۆی‌ دەخستە سەر شارەكان‌و سەرچاوەكانی بژێویی لێدەبڕی‌.

ئەو هەڕەشەیە لەكاتێكیشدایە، دەستوری وڵاتەكە دەقنوسیكردوە كورد بەشێكی گرنگ‌و كاریگەرە لەعیراقی نوێدا، هەروەها ئەو بەشە بودجەیە بۆ خەڵكی كوردستانە، كە بەشێكن لەخەڵكی عیراق‌و هیچ پەیوەندییەكی بەقەیرانی سیاسیی وڵاتەكەوە نییە.

لەم قەیرانە نوێیەشدا، دیسانەوە وەك زۆر جاری تر خەریكە كورد رۆڵی ناوبژیوان دەبینێتەوە، بەڵام لەڕاستیدا ئەمە بەشێكی بچوكی فاكتەكەیە، چونكە رۆڵی هەرێم لەعیراقدا بەتەنها ناوبژیوانی نییە، بەڵكو كورد لایەنێكی سەرەكیی ململانێ توندەكە پێكدێنێت، لەبەرئەوەی كۆمەڵێ كێشەی نێوان هەرێم‌و ناوەند هێشتاش بەهەڵپەسێردراوی ماونەتەوە، لەپێش هەموشیانەوە جێبەجێكردنی مادەی 140ی دەستور‌و گەڕاندنەوەی كەركوك‌و ناوچە دابڕێنراوەكانی دیكە بۆ سەر هەرێمی كوردستان.

بۆیە گرنگ‌و پێویستە ئامانجی سەركردایەتیی كوردستان لەم ململانێیانەدا هەوڵدان بێت بۆ یەكلاكردنەوەی ئەو دۆسیە هەڵواسراوانە بەشێوەی رەسمی‌و رێككەوتننامەی نوسراو، بەتایبەت بەپێی سیاسەتی ئەمری واقع هەوڵ بدات ناوچە دابڕێنراوەكان بگەڕێنێتەوە سەر هەرێم، هەروەها هەوڵ بدات ئەو ناوچانە نەبنە مەیدانی ململانێی نێوان لایەنەكانی دو مەزهەبە ناكۆكە، هاوڵاتیان لەو ناكۆكییانە بپارێزێت.

هەروا نابێ ئەو ئەگەرەش نادیدە بگرین، لەئەگەری تێكچونی باڵانسی هێزی ئیقلیمی لەعیراقدا، مەترسی ئەوە هەیە قەیرانەكە سەر بۆ شەڕی تایفی بكێشێت، بەتایبەتی لەو ناوچانەی كە تەماسی راستەوخۆ لەنێوان سوننە‌و شیعەدا هەیە، لەو حاڵەتەشدا لەپەیوەندیی بەهەرێمی كوردستانەوە، قەوارەی سیاسیی هەرێم تاڕادەیەك دەتوانێت لەئاگرەكەوە دوربێت، ئەوكاتەش باوردۆخەكە مەترسی بۆ سەر ناوخۆی هەرێم نابێت. بۆیە پێویستە سەركردایەتیی هەرێمی كوردستان ئەم بارودۆخە بقۆزێتەوە بۆ ئەوەی كێشەكانی لەگەڵ لایەنەكانی تر یەكلابكاتەوە، لەسەرو هەمویانەوە پرسی ئەو ناوچانەی بونەتە جێی ناكۆكیی هەرێم‌و ناوەند، هەروەها ستراتیژێكی رونی یەكگرتوی كوردانەی بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ پرسەكان هەبێت، بۆ ئەوەی بەبەرنامەیەكی تۆكمەو گونجاو و یەكگرتوانە مامەڵە لەگەڵ پرسە هەڵپەسێردراوەكاندا بكات.


د. هێرش رەسوڵ

Previous
Next

Leave a Reply