Skip to Content

Thursday, April 18th, 2024
هەر دەمەو زنارێك بەباڵامداهەڵدەزنێ !…ئارام پەشێو

هەر دەمەو زنارێك بەباڵامداهەڵدەزنێ !…ئارام پەشێو

Closed
by January 30, 2009 ئەدەب

هەر دەمەو زنارێك بەباڵامداهەڵدەزنێ !

 لەئێوارەیەكى زستاندا ..
 بەدەم خەندە خەماوییەكانى خۆرو
 هەناسە پڕ بەرائەتەكانى شیعر
 بەدەم هەنسكە پڕ ئازارەكانى ڕۆح و
 چرپە بێنازەكانى ئەشك
 بەدەم قاقا گاڵتەجاڕییەكانى تۆو
 زامە بىَ ئازارەكانى من
 بەدەم ترپە هەراسانەكانى دڵى شێتم و
 ناسۆریى ناخى شۆڕە كچىَ ..
 ئێواران بەپیاسەیەك بەبىَ هەدەرى
 بەشەقامەكانى قەدەردا وێڵ وێڵ .. گوزەرم دەكرد
 هەر ئێواران .. بەدەم قەراغە ڕێگاكانى چاوەڕوانییەوە
 بەڕۆخى جىَ پێتدا كاڵفام كاڵفام نەزەرم دەكرد
 پەریزادە .. ئا لەم سەرحەدى ڕێیەدا
 كام ئەتڵەس .. مزگێنیى كەڕەناى جەنگ ناچرپێنىَ بەدڵتداو
 كامى دڵت ناهێنێتە جىَ هەمڕاز
 ئا لەم كەوشەنى پڕ مەینەتەدا ..
 كام گاتا .. كام یەسنا .. كام فیردەوس
 ئاڤێستاكانى شەقامى ڕۆح ناپێكىَ نایخەنە بەندى جێڕاز ؟!
 یا كام گرفەى خاچ پەرستیان
 بەدەستى مەسیح ..  نەخستە بەر پەتى بوخچە خاچىَ
 تا ئاسوودەبىَ و بگا بەنیاز
 یا قەدو باڵاى كام گوڵبەژنى ئەم مەملەكەتەیان
 نەكردە پێخۆرى هەڵۆو باز ..
 لەم قاچاغى كەوشەنەدا كەهاتم بۆلات
 یازیبەندێكم لەتەریقەتەكەى ئەوێندەرىَ ڕا پێبەخشرا ..
 تا هیچ دڵ ئەنگێوێك نەمانبا بەرەو كۆشكى نیاز ..
 دوور لەئێستا .. لەڕووى تۆدا ئادگارە ئەندێشاوییەكان
 نیگاى ئەهریمەنێكیان وێنە دەنواند ..
 تا ئاودامان هزرى لەبوون دەكردەوە
 كەڵكەڵەو ئەستێرەبەندانى ناخى ئەم سوهایەى بۆ ژووان دەڕازاندین ..
 چەخماخەى بژوێنى بوولێڵێكى بۆ ژیان سەودا دەكرد ..!
 نزایەكى بىَ ئابڕوانەى ئاوەژووى ژوورە پڕ لەبەندەنى پریاسكەكەم دەكرد ..
 لەو شەوى چەرخى بىَ سەروبەرییەدا خەونێكى ئاڵۆزم دى ..!
 لەو خەونەدا .. ئاشناى پاوانى سینەى پڕ مەرجانى
 شۆڕە كچێكى نەوەى ئادەمى بووم .. شووم بوو شووم ئەو خەونە
 ئیدى تا ڕاستى لەكڕنۆشە .. تۆش سووژدەى تەوبە بۆ عیشق بەرە!
 خەمەكانت ئاوێزان كە ستەم بكە بەهەڵم و چاوى ئاسوودەگى لێكبنىَ
 مەهێڵە گیرى مەحاڵى بىَ كلیل ئاوێتەى گڵ بىَ
 كۆت و زنجیرى رۆحە داخراوەكان بكە دەروازەى زیندانێكى هەمیشە واڵا ..!
 لەم مەملەكەتەدا .. هێندەى چركە ژمارەى ئەستێرانى ئاسمان لەچاوەڕوانیت دابووم !
 كەچى .. شەقامەكان بۆسەى ڕێبوارییان داناو
 لەبەر پێى ئومێدمدا نائومێدى ڕەگى داچەقاند
 بىَ ئۆقرە لەبەردەم شەپۆلى باڵندەى ئەودیو گەڵاى وەرزە وەریوەكان دەگوزەرام
 بەرگى ماتەمم لەڕوخسارى سپیت هەڵێناو تەواوىَ نەشئەبەخشى كردم !
 مەلێكى شەكەتم بینى .. لەسیمایا دەیان قەسیدەى كوژراوى حەزەكانم دەخوێندەوەو
 ئەویش بێدەنگ .. بێدەنگ هەڵكوڕمابوو !
 دەیگووت : زەمانە بەگشت جوانییەكانییەوە منى كوشت و بۆخۆى گوزەشت
 من كە ڕەهەندەو موبتەلاى دڵ ئەنگێوێكم
 لەوبەرى كیشوەرى سەرهەڵگرتنیشەوە نامگاتىَ و نایگەمىَ
 هەردەمەو زنارێك بەباڵامدا هەڵدەزنىَ و نوقمى زەندۆڵى گریانێكى بىَ ئامانم دەكات
 ئاورنگى ناخى قێزەونم هێندە بىَ خەوشە، ئاتەشگەكانى ئەم ژووانەم لەژێر تارماییدا
 هەمیشە سوژدەیان بۆدەبردم !
 منیش پەژمووردەى ئەو بادەیە بووم ئەنگۆرە ژووانێكى بۆ ژیان ڕازاند !
 كە تاریكیى ئێوارە دادىَ .. لەسێبەرى خۆم دەترسم !
 ئیدى نزا لەئازارەكانم دەكەم و دەڵێم :
 خۆزگە دڵم لەو ساتەدا گیانى دەداو ڕۆحى دەسپارد
 ئیدى وەك كەوێكى سەرگەردان هۆش لەخۆم دەبڕم و
 دڵێكى بەدمەست ئەم ئێوارەیە ئەشك باران دەكات
 لەدڵى خۆمدا نێوى ئەم ئێوارەیەم نا ..
 ئێوارەی ماتەم .. ئێوارەی پیلان .. شەوى تێڕامان لەقەباحەت
 هەر نزاكانم دەدواندو دەمگووت : بەڵكو خوایە بایەكى یەزدانى هەڵكەیت و
 ڕۆحى ئەو نەمامانە ڕووەو عەرشێك ڕاپێچكەى
 ئەو ئێوارەیە برۆكانى ئاسمان چنگیان بەیەكدا كردبوو
 بەقامەتى خۆم مژدانەم بەڕوویاندا پرژاند
 ئیدى بەسەو مەبە بەدرەختى چاوەڕوانى و بەشۆستەكانى كەنارى ڕۆحدا مەكە عبور
 لەنێو تابلۆكانى ئەوینتا گوزەرێكم گەرەك .. بەسە زیندەگى !
 دوێنىَ سینەمایەكى وێران و بىَ دین .. ئەمڕۆ تابلۆیەكى ئاڵۆزو بىَ ماناو ڕووت ..
 سبەى شاكارێكى نامۆو ئەفسانەیەكى بىَ ڕەوشت .. عاقیبەت هەر مەرگە مەرگ
 بەسە چیدى تەققەڵڵام مەبڕەو بەئەندازەى بەدڕەفتاریم چاوەكانت دەدوێنم
 تۆش هێندە بەد ئاكار مەبەو بارتەقاى بەدئەمەكیم سزام گەرەكە
 تادەستمان بەم حەزە ئالوودەبىَ و ڕەشبگیریى ئەم شەوى تارە ئاوەژووكەین
 با ڕۆحمان خاڵیكەین لەماچەكانى تەمەن و
 ساتێك لەشەقامى جەنجاڵى ئەم سەرحەدە دا بكەین گوزەر
 دەرگاى سامناكیى بەكلیلى شادمانى بترەكێنین
 كردارمان چوون میلى كاژێر بگوزەرێنین !
 با بەحەزى ئەوان نەچینە كانگەى سارایەكى نامۆ
 تۆ ئەى هێمنتر لەسروەى بەیان و شنەى مەغریبانێكى عیشق
 ئەى شاكارتر لەسەرگوزەشتەى ئەفسوناویى دڵم
 وەرە با ماچى لێوى تەڕى ئیوارەیەكت بكەم
 شام ئاسا شەكەر بارێن بێت !
 با پەیكەرێكت لەسیماى ئەندێشاویى خۆت نیگاركەم
 خۆ هەرچەندە من تابووتساز نیم، من نابمەوە بە مانى
 وەرەو ئاستەنگى گوفتارى مەحاڵیم لىَ نامۆكە
 منیش كاروانچییەكى وێڵم و شیعرە خنكاوەكانم نوقمى پەیمانەى چاوەكانى تۆ بووە
 ئەو شەوەى گۆڵە هەورىَ نزاى تەمتوومانێكى گیرا كرد
 من بەنێو گەوى قاچاغى كەوكەبێكدا گەییمە مەكۆ
 نزرگەى حەزرەتى (نالی) وێنەى لەڕوخسارمدا كێشا
 كەچى هەر نەگەیشتمە گڵكۆ
 ئێوارەیەكى تەم وەك دارى جەنگەڵ لێى وونكردم چاوى ڕوونى ئاسۆ
 لالێكى تل خواردوو لەوونیى خۆى هەڵكێشا تاگەیاندمىَ كەنارى گڕى پڕسۆ
 (لێوەو دین)ى كەمەندكێشبوونى سازى پڕ لەنژدەى
 نەخشبەندكردم و ڕۆحمى كردە پێخۆرى كۆتر و هەڵۆ
 پیرە كاروانچییەكى ڕازە پەنهانەكانت بووم ..
 نەمامێكى تەڕم لەیادنامەى گریانتدا ناشت
 تا بووم بە كەڵكەڵەى ڕازت بۆ ئەمڕۆ ..
 بەتەوژمەوە لەنزمترین چینى تۆنێلى بىَ بەربەست و ئاسمانى بىَ دەربەستدا ..
 ڕۆحم هەر لاى بەرزترین دەوارى غوربەت بوو !
 كاتێ لەژینى بەر چەقۆما شەوى شەمم تێڕامانە لەخۆم !
 ڕاوێژم لەگەڵ دڵى شیمتدا دەكرد !
 ئەرىَ عاشقان سەرى نائومێدى بۆكوىَ هەڵدەگرن ؟
 ڕۆحیان لەكام جێژوان گیرساوەتەوە ؟
 شەوی ساردو شەكەتیان لەكام كورەى جۆش دەگیرسێتەوە ؟
 زۆر چاوەڕوانم كردى .. زۆر هەل ڕەخسا
 تەونى سەردارترین زوڵمى پاشاگەردانى ڕووخا
 تۆ بۆ هەمیشە نەهاتى و نەهاتى و نەهاتى ..
 هانام بۆدوورتین كونجى نورو لەتێكى پریسكى ئاگرى میهر دەبرد
 چاوى كڕنۆش بردووى درۆى نەگریس و
 ئاسمان نزاى بۆ شەقەى باڵى باڵندەیەك گیرابوو
 دە پێم بڵىَ كام دێوەزمەى شەڕ بوو ..
 ئەم خەرەندەى گیرۆدە بەژاكانى میحنەت كرد ؟
 من .. تەنها كەژى بەهارم شادییە وەك گەلێكى ژێر دەستە ئومێدم ئازادییە لەداوت !
 سەرابى ئەم هەناسە لێڵەت .. كام ژووانگەى سەرەو نگوون كرد ؟
 ئارەزووى كام بەیانیى خەندە باریى بەگۆڵە هەورى تەماوى سیاپۆش كرد
 گۆشەى كام چاوى ڕوونى بەرەو جەنگى لێڵى برد
 سا ئەى شەنگتر لەباڵاى ڤینۆس و خودانتر لەساراى ئەتڵەس و ئەو مەنزڵەى
 دوا تەمەن دێیتەوە ژێر باڵى پەپوولەى بەهار بۆنێو لەپى بێدارى ڕێبواران
 بۆ ژێر ترووسكایى خەونە ئەرخەوانییەكان .. بۆسەربانى هەموو كۆشكێك
 تۆش وەك لق و پۆى ڕووەكێكى پایزانە .. پایزیانە وەرەوە
 گەردانەو ئەسرینى چاوت شۆڕبووبوونەوەو
 سوژدەیان بۆ عیشقە درۆینەكان دەبرد
 منیش وەك پەیكەرى ووڵاتێكى بىَ ناوونیشان، بەد ئەمەكێك خودانیى دەكردم
 ئێستاش هەر بستىَ لەهۆنراوەیەكم .. هەر هەنگاوىَ بۆ ژووان لە دێرێكم
 هێندەى پرسەى هەڵواسراوى سەر مزگەوتەكان
 هێندەى بىَ چاویى هەمووان .. لەچاوەڕوانیتدا بووم !
 چیبكەم كە هەمیشە ڕاستى وونەو لەمۆمى شەوان بەدگومان دەبم
 هەر دەمىَ ستەم بەهەڵم بوو .. تۆش خەمەكانت ئاوێتەى گڵ كە ..
 ئەو دەمەى نووستن مردنێكەو ..
 مردنیش خەونێكى قوڵى بىَ كۆتا تۆش بۆ هەمیشە بمرە

 ئارام پەشێو
 زستانی – (1998)
 كەركوك
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.