Skip to Content

Saturday, October 31st, 2020

هەنار ماڵی هەموو ئەو كەسانەیە كە خەون بە دنیایەكی جوانترەوە دەبینن

Be First!
by February 6, 2013 گشتی

 

 

لەگەڵ ئەم ژمارەیەدا گۆڤاری هەنار پێ‌ دەنێتە ساڵی هەشتەمی تەمەنییەوە، بەر لە هەر شت پیرۆزبایی لە خۆمان و لە نووسەران و هونەرمەندان و روناكبیران و خوێنەران دەكەین و لە دڵەوە سوپاسی هەموو ئەو ئازیزانە دەكەین كە هەر یەكە بە شێوازی خۆی پشتیوانی لە بەردەوامبوونی ئەم گۆڤارە كردووە. هەنار گۆڤاری ئێمە نییە بە تەنها، گۆڤاری هەموو ئەو ئازیزانەیە كە بەبێ‌ پشتیوانی و خۆشەویستی و هاوكاری بەردەوامی ئەوان، نەیدەتوانی و ناتوانێت بەردەوام بێت. گۆڤاری ئەو دەنگە نوێ‌ و بە توانا و دەستڕەنگینانەیە كە پێویستیان بە گۆڤارێكی وەك هەنار هەیە بەرهەمە جوانەكانیان لە ناو ئەو فەوزا گەورەیەی ئەمڕۆی روناكبیری و رۆژنامەوانی كوردیدا، دەربهێنێت و بیانخاتە بەر دەستی خوێنەرە راستەقینەكان. راستە ئێمە شانازی بەوەوە دەكەین كە باشترین و دیارترین قەڵەمەكانی كورد، هەنار بە ماڵی خۆیان دەزانن و بە خۆشحاڵییەوە بەرهەمی تێدا بڵاو دەكەنەوە، بەڵام شانازی ئەوەشمان هەیە كە لەو ساڵانەی رابردوودا هەنار توانیویەتی مینبەرێكی باش بێت بۆ دەیان دەنگی نوێ‌، كە پێش ئێمە كەس دەرگای لە بەرهەمە جوانەكانیان نەكردۆتەوە. ئەو دەنگە نوێیە بەتوانایانەی ئێستای ناوەندی روناكبیری ئێمە، كەم نین، كە هەنار تواناكانیانی كەشفكردووە و یەكەمین بەرهەمەكانیان لە هەناردا بڵاوكراونەتەوە. لە نێوەندی روناكبیریی ئێمەدا زۆرجار ترس و زۆرجاریش بڕوانەبوون بە دەنگی نوێ‌ رێگرییان لە دەركەوتنی وزەی گەورە كردووە، هەنار هەر لە سەرەتاوە دۆزینەوە و ناساندنی دەنگی نوێی بە یەكێك لە ئامانجە سەرەكییەكانی خۆی زانیووە، چونكە بە بڕوای ئێمە تاكو ترس لە دەنگی نوێ‌ هەبێت و بڕوا بە دەنگی نوێ‌ نەهێنرێت، هیچ ئەدەب و روناكبیرییەك وەك ئەوەی پێویستە گەشە ناكات و گۆڕانكاری بە خۆیەوە نابینێت و ناتوانێت لەگەڵ رەوتی ژیاندا بەرەو پێشەوە بڕوات. ئێمە لەم یادەدا سوپاسی وەزیری رۆشنبیری و لاوان (د. كاوە مەحمود) و بەڕێوەبەری گشتیی پێشووی رۆژنامەنووسی و چاپ و بڵاوكردنەوە (شاكر ئەبوبەكر) و بەڕێوەبەری گشتیی ئێستای راگەیاندن و چاپ و بڵاوكردنەوە (هەڵگورد جندیانی) دەكەین، كە بێگومان بەبێ‌ پشتیوانی ئەوان هەنار نەیدەتوانی و ناتوانێت درێژە بە ژیانی خۆی بدات. لەبیرمە لە یەكەمین دیداری من و وەزیری رۆشنبیری و لاواندا، كە ئەو كاتە تازە دەستبەكار ببوو، پێی وتم: (باسی هەناریان بۆ كردووم كە گۆڤارێكی باشە، من پشتیوانتان دەبم)، راستە پشتیوانیكردن لە بەردەوامبوونی هەنار تەرجەمەكردنێكی ئاشكرای ئەو بەڵێنە بوو كە بەڕێز وەزیری رۆشنبیری و لاوان بە ئێمەی دابوو، راستە ئەگەر پشتیوانی بەڕێزیان نەبوایە ئێستا هەنار نەمابوو، بەڵام ئێمە، بەتایبەت كە ئێستا بە رەسمیی سلێمانی كراوە بە پایتەختی روناكبیری كوردستان و هەناریش توانیویەتی زۆر بە روونی پێویستبوونی خۆی بسەلمێنێت، چاوەڕوانی هاوكاری و پشتیوانی زیاترین. من دیسان ئەو راستییە دەڵێمەوە كە: هەنار گۆڤاری ئێمە نییە بە تەنها، بەڵكو گۆڤاری هەموو ئەو كەسانەیە كە بەهای نووسین و داهێنان دەزانن و دەرك بە گرنگی لایەنە روحییەكانی مرۆڤ دەكەن و دەزانن زمان نیشتمانی راستەقینەی مرۆڤەكانە و هەناریش دەتوانێت خزمەتی ئەو زمانە بكات و شوێنێك بێت بۆ راگرتنی ئاستی بەرزی نووسین و رێگە بە دابەزینی ئەو ئاستە نەدات. هەنار ماڵی هەموو ئەو كەسانەیە كە خەون بە دنیایەكی جوانترەوە دەبینن، ئێمەش وەك ستافی گۆڤارەكە ئەو شەرەفەمان پێ‌ بڕاوە ئەرك و ماندووبوونێكی زیاتر بخەینە سەر شانی خۆمان و زۆرتر و راستەوخۆتر لە هاوكارانمان، لەم ماڵە بچووك و سادە و خاكییەی هەناردا خزمەت پێشكەش بكەین. ئەمەش بۆ ئێمە شەرەفێكە بە هیچ پاداشت و دەستكەوتێكی مادی ناگۆڕینەوە. جارێكی دیكەش یادی هەنار لە هەمووان پیرۆز دەكەین و سوپاسی خۆمان بۆ هەموو ئەو ئازیزانە دووبارە دەكەینەوە كە هەر یەكە بە شێوازی خۆی پشتیوانی لە بەردەوامبوونی ئەم گۆڤارە كردووە. سوپاسیش بۆ هەموو ئەو ئازیزانەی لەم یادەدا سەرنج و تێبینی خۆیان خستە روو، بە دڵنیاییەوە سەرنج و تێبینییەكانیان بە هەند وەردەگرین.

• سەروتاری ژمارە 84 ی گۆڤاری هەنارە.

محەمەد كوردۆ

Previous
Next

Leave a Reply