هەندێک هەقیقەت کە بڕواى پێناکەن
شیعر
-1-
کە خێزانم دروست کرد ،
پێیان وتم :
پیر و خەڕۆ بن !!
(ئەو قسەیەم زۆر پێ ناخۆش بوو )
-2-
خودا هیچ دوو کەسێکى دروست نەکردووە
ئەوەندەى باوک و دایکم ،
ڕقیان لە یەکترى بێ .. !!
-3-
هەمو ڕۆژێک
بۆ ماوەیەکى دیاریکراو ،
بیر لەو ماددانە ئەکەمەوە
کە مرۆڤى لێدروست کراوە ..
-4-
جیاوازى نێوان ئێمە و مێش چیە ؟
هەردووکمان لە دەرگاکانەوە ئەڕۆینە ژوورەوە و
بە خواردنەکانەوە ئەنیشینەوە ..
-5-
24 سەعات ،
بەشم ناکات ..
بۆیە لە داخاندا زۆربەى ،
بە خەو بەسەر ئەبەم ..
-6-
بە شەقامێکدا پەڕیمەوە ،
لەگەڵمدا ژیان و مردنیش پەڕینەوە ،
پۆلیسى هاتوچۆیشى لێ نەبوو
کەچى هیچ کاممان ئۆتۆمبیل نەیشێلاین
-7-
دنیایەک پێشتر موڵکى دیناسۆرەکان بوو بێ ،
نازانم چۆن شیعر جێگاى ئەبێتەوە ؟
-8-
هەموومان لە ماڵەوە ،
یەک بەرمیل
یان دوو بەرمیلى بە تاڵمان هەیە ،
بۆ نەوتى زستان ..
کەچى نە بەفر ئەبارێ ..
نە چلورە بە گوێسەوانەکاندا دێتە خوارەوە ..
-9-
لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست ،
خەڵک لەبەر بێ ئیشى ،
ئەبنە پۆلیس
ئەبنە ڕۆژنامەنوس
ئەبنە نیشتمان پەروەر ..
-10-
خێرا کەن ، بچن بۆ سەیران ..
لێرە بەهار
تەنها ڕیکلامێکى کورتە بۆ سەوزایی،
لە نێوان وشکە سەرماى زستان و
وشکە گَەرماى هاوین ..
-11-
تا لە کرێچێتى ڕزگارم بوو ،
کوڕەکەم توشى ئۆتیزم بو ..
ئێستا ئامادەم ببم بە قەرەج ،
بە مەرجێک ئەو
چاکبێتەوە ..
-12-
جاران یەک گۆڤار و ڕۆژنامە دەردەچوو ،
زۆربەى خەڵک نوسخەیەکى بە دەستەوە بوو ..
ئێستا سەدان ڕۆژنامە و گۆڤار دەردەچن ،
تاک و تەرا ،
کەسێک ئەبینیت
گۆڤارێکى بە دەستەوە بێ ..
تومەز خەڵک یەکپارچە بوون بە نوسەر ..
خوێنەرمان نەماوە..
-13-
کچان ناتوانن بە مەزاتخانە و
پێشانگاى ئوتومبیل و
مەیدانى کرێکاران و
ئاسنگەراندا بڕۆن ..
نازانم بۆچى ؟
-14-
پێش بەروارى لە دایکبونمان ،
ئێمە لە کوێ بوین ؟
لە قۆریەکەى عەلادین ؟
یان لە ئەهرامەکاندا ؟
لەسەر ئەستێرەکان ؟
یان لە بنى دەریاکاندا ؟؟
-15-
لەو بڕوایەدام ،
گۆڕى بە کۆمەڵ لە گۆڕى تەنها خۆشتر بێ ..
هەر نەبێ ،
یاریەکى هەڵماقۆ ..
دامە..
سێڕسکێن ، لەگەڵ ئەوانى تردا ئەکەى ..
یان بەلایەنى کەمەوە ،
هەست ئەکەى لە مەجلیسێکدایت و
کارەبا کوژاوەتەوە و
هێشتا موەلیدەى ئەهلى ،
نەهاتۆتە کۆڵانەکەتان ..
-16-
دەوڵەمەندێک ،
بە پارەیەکى زۆرەوە ڕۆیشتە ناو دارستان ..
دۆلارەکان شەفاعەتیان بۆ نەکرد ..
شێرەکان خواردیان
ئینجا کەمتیارەکان
ئینجا داڵەکان ..
ئەوەى مایەوە ،
تورەکەیەک پارە بوو
لەگەڵ پەیکەرێک ئێسقان