Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
هەنگاوەکانی ئایندەی کەمپەینی بەرگرتن بە سنوردارکردنی ئازادی رادەربڕین

هەنگاوەکانی ئایندەی کەمپەینی بەرگرتن بە سنوردارکردنی ئازادی رادەربڕین

Closed
by November 1, 2012 گشتی

 

 

 

کەمپەینی بەرگرتن بە سنوردارکردنی ئازادی رادەربڕین، کە ژمارەیەکی بەرچاو لە نوسەران و رۆشنبیران و هەڵسوراوانی سیاسی تیادا بەشدار بوون، کۆمەکی کرد بەوەی پڕۆژە یاسای پاراستنی پیرۆزییە ئاینیەکان، بخریتە لاوە. ئەمە هەنگاوێكی باش و بێداربوونەوەیەکی دەست و بردی بەشێک لە ئۆردویەکی فراوانتری ئازادیخوازی بوو بەرامبەر بە پرۆژەیەکی ئیسلامی سیاسی کە پیرۆزییە ئینسانیەکانی لە چەشنی ئازادییەکان، ئازادی بیروباوەر و بەیان و رۆژنامەگەری و توێژینەوە و چاپەمەنی و… بەرتەسک تر دەکردەوەو یاسا ئیسلامی دەکرد بە گژ ئازادی و ئازادیخوازیدا…ئەم وەستانەوەیە و ئاکسێۆنە بە جێیە، جێگای ستایشە….بەڵام نابێ بیرمان بچێت، ئەمە تەنها هەنگاوێک و راچەنینێک بوو بەرامبەر بە پرۆژەیەک، لەکاتێکدا پرۆژەکان، یاساکان، کە پیرۆزیەکانی ئینسان ژێر پێدەخەن، لە ژێر ناوی پیرۆزییە دینی و نیشتمانی و نەتەوەیی و کەلتوریەکان، تۆرێکی بێشومارن. یاسای پاراستنی پرۆژە ئاینییەکان، پرۆژەی گروپ گەلی ئیسلامی سیاسی و مەلای بەلاشخۆر بوو لە ژینگەی دەسەلاتێکی زەمینەخوڵقێن بۆ زاڵکردنی کەشی ئیسلامی و کۆنەپەرستی بە سەر کۆمەڵگای کوردستاندا. مەستی سەرکەوتنی ئیسلامیەکان لە “بەهاری عەرەبیدا” بواری بۆ پێلێڕاکێشانی ئیسلامیەکانی کوردستان خؤش کرد، تا هەڵمەتەکانیان دژ بە ئازادی لە رێگای هێنانە ئارای پرۆژەکانیان، توند بکەنەوە.

وەستانەوەی بەشێکی بەرین لە رەوتی ئازادیخوازی بەرامبەر بەم هەوڵەی ئیسلامیەکان، تەنها دەشێ سەرەتایەکی سەرەتایی بێت لە بەرامبەر هەڕەشەی ئیسلامی سیاسی و دەسەڵاتی چنگگیرکردو لە شەریعەت و قورعان و حەدیس و تۆرێک لە بەناو پیرۆزییە ئاینی و مەزهەبی و نیشتمانی و نەتەوەیی و کەلتوری و رەمزەکانیان…تاد، وەستانەوە بەرامبەر بەو تۆرە لە بەناو پیرۆزییەکان، بەبێ کەمپەینێکی نەخشەداری درێژ ماوە و بەبێ خۆسازدان و رێکخروابوون لە ئەلگۆیەکی تایبەتیدا، ناتوانێ سەرکەوتنی ئایندە لەو کێشمەکێشەدا زامن بکات… نابێ ئەوە نادیدە بگیرێت کە ململانێی نێوان رەوتگەلی ئیسلامی سیاسی و دەسەڵاتی بەستراوە بەناوی پیرۆزیەکانەوە لەگەڵ بەرەی ئازادیخوازو مەدەنیەتی کوردستان، ململانێییەکی درێژ و پڕ هەڵچون و داچوونە. زیاتر لە ٢٠ ساڵە دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی، فەرشێ سور بۆ ئیسلامیەکانی کوردستان دادەخەن و لە پشوازیاندان، داهاتی قەبە لە قوتی خەڵکی کوردستان دەکەن بە گەرویاندا، ئامیزیان ئاوەڵایە بۆ یاساو پرۆژەکانیان، و وەرگرتنی کەلتوری ئیسلامی سیاسی و کۆدەکانی. حجابکردنی کۆمەڵگا، حجابکرنی ئازادیەکان، بەیاساییکردنی ژێردەستەیی ژنان، تا دەگات بە تەلبەندکردنی ئازادیەکان و قاڵبداری کردنی کاری رۆژنامەگەری و لکاندنی دەیان  بەڵام و ئەمما و ئەگەر بە مەقۆلەی ئازادی و مافە سەرەتاییەکانی ئینسانی ئەم سەردەمەوە، هەموو ئەمانە بە جیا لە گوشاری ئیسلامی سیاسی و کاریگەری وڵاتە کۆنەپەرستەکانی ناوچەکە، بەرهەمی تایبەتمەندیەکانی ناسیونالیزمی کوردو سازشی دەسەڵاتە لەگەڵ رەوتگەلی ئیسلامی سیاسیدا.

بزوتنەوەیەک بۆ وەستانەوە بەرامبەر بەهەموو ئەو هەرەشانە، هەمیشە ئامادەیی هەبووەو زۆر جاریش ئاکسیۆن کەمپەینی لەبەرامبەر ئیسلامیەکان و پرۆژەکانیان، یان فتواو هەڕەشەکانیان وەڕێخستووە، بەڵام چونکە ئەم کەمپەین و ئاکسێۆنانە هاوكات دەسەڵاتی سیاسی نەکردۆتە نیشانە و گوشاری نەخستۆتە سەری، دیسان ئیسلامیەکان بە لە خۆرادیویەکی ترەوە مەیدانی بەرامبەرکێیان لە گۆشەی ترەوە، بۆسەر ئازادی و مافە فەردی و مەدەنیەکانی کۆمەڵگا، بەدەستەوە گرتووە. هێشتا دۆسیەیەک پاشەکشەی تەواوی پێنەکراوە، دۆسیەی تریان وەڕیخستووە. هێشتا هەرەشەیەک بەتەواوەتی نەخراوەتە کەنارەوە، هەڕەشەی تریان هێناوەتە ئارا. هەموو ئەوانەشیان بۆیە بۆ چۆتە سەر، چونکە دەسەڵاتی سیاسی زەمینەو ژینگەی بۆ ئیسلامیەکان ئاوەڵا کردووە، تا نمایشی کارنامەی خۆیان لە کۆمەڵگادا بکەن.

ئەوە کە دەسەڵات بە راستەوخۆ یان فەرمی نەچووە پشت پرۆژەی پاراستنی پیرۆزییە ئاینیەکانی ئیسلامیەکان، ئەوە نەبوو کە دژی پرۆژەکەن، بەڵکە بەپاساوی بوونی بەندی یاسایی لە یاسای سزادانی عێراقی و یاسای رۆژنامەنوسی و تەنانەت لە پرۆژەی دەستوری پێشنیاری هەرێمدا…بۆ پاراستنی پیرۆزییە ئاینیەکان، خۆدورگرتن و بێدەنگەیان هەڵبژارد. 

بۆیە بزوتنەوەی ئازادیخوازی و بەرگری لە پیرۆزییە ئینسانیەکان، کە ئازادییەکان و مافە فەردی و مەدەنیەکان…سەرەتایی ترین مافی ئینسانین و بەشێکی سەرەکین لە پیرۆزییە ئینسانیەکانی ئینسان، پێویستی بەوەیە لەهەر رابوون و نمایشێکی خۆیدا، وە لەهەر کاردانەوەو وەرێخستنێکی کەمپەینەکانیدا، دەسەڵاتی سیاسیش بکاتە نیشانە، لەوەش واوەتر ئەم بزوتنەوەیە خۆی لەبەردەم هەرەشەدایە، بۆیە پێویستە نەک کاردانەوە بەڵکە لە دۆخی بەرگرییەوە پێ بنێتە دۆخی هێرشبەرو هەڵمەت وەرێخستن، لەبەرامبەر هەموو ئەو برگە و یاساو پرۆژانەی لە ژێر ناوی پاراستنی پیرۆزییە ئاینیەکان و رەمزەکان و درۆی ئیسلامبوونی کۆمەڵگادا، ئازادییەکان و مافە سەرەتاییەکانی ئینسان، سنوردار و تەلبەند دەکەن، بوەستەوەو داوی هەڵوەشاندنەوە لابردنیان بکەن.

باسی ئەوەی کە کۆمەڵگای کوردستان، کۆمەڵگایەکی ئیسلامییە، یان وەکو دەڵین سەدا ٩٨% خەلکی کوردستان موسوڵمانن (ئەگەر ناسنامەی باری کەسیتی لێدەربکەین، کە یەکسەر هەموو کەس بە مسلم دەنوسن)، درۆیەکی ئاشکراو تەبلیغاتێکی فریوکارانەیە…ئەگەر ئەمە راستیییە، ئەو کۆمەڵگایە یاساو پرۆژەی ئیسلامی بۆچییە؟ ئەگەر ئەمە زەرەیەک راستی هەڵگرە بۆ واز لەجەنگی ئازادی و ئازادیخوازی ناهێنن؟ راستی ئەوەیە پێناسەی ئیسلامی بۆ خەڵکی کوردستان، هێندە بێ بنەمایە کە ئینسان بە روانینێکی سادە بەسەر شیوازی ژیانی خەڵکی کوردستاندا دەزانێت ئەم کۆمەڵگایە کۆمەڵگایەکی مۆدیرن و سەردەمییە…نیگەرانی ئیسلامیەکانی کوردستانیش ریشەی هەر لەو حەقیقەتدایەو بۆیەشە دەیانەوێت و یاسا و پیناسەی ئیسلامی بکەنە نۆرمی ژیانی خەڵکی کوردستان، تا سنورێک بۆ ژیانی سەردەمی و مۆدیرنی خەڵکی کوردستان دابنێن. ئیسلامی بوونی خەلکی کوردستان هەر وەکو  مەسیحیەت لە وڵاتێکی ئەوروپیدا دەکرێت تەماشابکریت…لەکاتێکدا بە هەر کەسێکی ئەوروپی بڵێیت ئیوە کۆمەڵگایەکی مەسیحین توشی شۆک دەبێت، لەکاتێکدا ئەوە واقعیە کەمەسیحیەت کاریگەری بەسەر بەسەر روانین و هەلسوکەوتی کۆمەڵێک خەڵکەوە هەیە، بۆیە بەهەمان شێوە ویناکردنی کۆمەلگای کوردستان بە کۆمەڵگایەکی ئیسلامی هیچ بنەمایەکی واقعی نییەو تەنانەت زۆرێک لە بۆنە دینییەکان بوونەتە فۆلکلۆر و رەنگ و بۆی ئیسلامیەتیان پێوە نەماوە…هاوکات لەگەڵ ئەمەشدا کاریگەری میراتی ئیسلام بەسەر ژیانی بەشێک لە خەڵکی کوردستانەوە، واقعییە. بەڵام ئەمە هەرگیز بەمانای ئیسلامی بوونی کۆمەڵگای نایەت…

روانینێکی تر جیاکردنەوەی دین و ئیسلامیەکانە لەگەڵ یەکتری…داتاشینی شل و توندڕەو و میانەرەوە… ئەم دەستە بەندییەش سیاسی و پێناسەیەکی ئیختیارییە، هەر وەکو مەنسوری حکمەت دەڵێت” … تاک لە ئیسلامدا، چ راستەقینەو چ ئەوانی تری، بێماف و بیحورمەتە. ژن لە ئیسلامدا کۆیلەیە. منداڵ لە ئیسلامدا لە ریزی خزمەتکاراندایە. بیری ئازاد لە ئیسلامدا گوناحێکە و مایەی سزادانە. مۆسیقا فەسادە. سیکس بە بێ مۆلەت و مۆری مەزهەب بۆ هەموو پەیرەوکەرانی گوناحێکی گەورەیە، ئەمە دینی خوێن و کۆیلایەتییە…) هەموو ئیسلامیەکان بە شل و توندو میانەوە…بەرگری لەمە دەکەن…ئەوە کە هەندیکیان ئاشکرا رای ناگەیەنن…تەنها تاکتیک و پیلانێکە بۆ چاوبەستەکی خەڵکی و لە چاوەروانی هاوسەنگی هێزدان…تا پیادەی بکەن.  

بزوتنەوەیەک بۆ وەستانەوە بەرامبەر ئەم ئەژدیها هەزار سەرەی ئیسلام و ئیسلامیەکان… پیویستی بەوەیە تیژ و رۆشن، ئەم دینە کە رەمزی خوێن و کۆیلایەتی و بێمافیە…بخاتە بەردەم لێپرسینەوەو سەرئەنجام بێئەماو ئەگەر بیخاتە قەفەزەوە…

وە ئەم کەمپەینە کە وەرێخرا لەدژی یاسای پاراستنی پیرۆزییە ئاینییەکانی ئیسلامیەکان، بە وەلانانی پرۆژە یاساکە نابیت شانی خۆی خاڵی بکاتەوە کارەکانی هەڵپەسێریت… بەڕێوەبەرانی ئەم کەمپەینە ئەرکیانە بە جیا لە هەڵسەنگاندنێکی بابەتیانە و نیشاندانی لایەنە بەهێزو لاوازەکانی، نیشاندانی دەستکەوتەکانی، هاوکات پێویستە ئەم هیزەی هاتە پشتیان لە دۆخێکی ئەکتیفدا رایانگرێت و لەوەش واوەتر گەورەتر بکریت، وە هەنگاوی بەکردەوە بۆ سەروساماندان لە باری رێکخراوەیەوە هەڵبگریت و وەکو سەکۆیەک بۆ بەرگری لە ئازادی و ئازادییەکان و داسەپاندنیان تێبکۆشێت، و دەربکەوێت تا ئەو رادەیەی هەر کەس و لایەنیک ویستی ئازادییەکان و پیرۆزییە ئینسانیەکان لە ژێر ناوی پیرۆزیی دینی و قەومی و نیشتمانی و کەلتوری، بەرتەسک بکاتەوە، ترسی رابوونی ئەم هێزە هەبێت و رووبەرووی ئەم بەرەو سەکۆیە رێکخراوە، ببێتەوە…

کۆتایی ئۆکتۆبەری ٢٠١٢ 

                عەبدوڵا مەحمود 

abdulla.mahmud@gmail.com

www.abdullamahmud.com

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.