Skip to Content

Thursday, October 1st, 2020

هەواڵ باجى چى دەدات؟…. ستافى هەواڵ

Be First!
by March 12, 2008 گشتی

  كورد دەڵێت " كە ریشت دانا دەبێت شانەشى بۆ هەڵبگریت " ئەگەر رەئیشت هەبێت ئەوا راى بەرانبەریشت هەیە، ئەگەر كاریشت كرد ئەوا رەخنەگریشت دەبێت، بەڵام چ رەخنەیەك؟ رەخنەى بونیادنەرو پشتبەستوو بە راستىو زانستو ئاكار، ئەمەیان زیاتر سوود بەڕەخنەلێگیراو دەگەیەنێت، هەندێك كەس چاك ئەو هەقیقەتە دەزانن، بۆیە ئەو رێگە ئەخلاقیە ناگرنە بەر، بەڵكو پەنا دەبەنەبەر تانەو بوختانى بىَ بنەماو ژەهر رژاندنەوە .
 لە چەند ساڵى رابردوودا و بەتایبەت لەكاتى شەڕى ناوخۆدا، حاڵەتێكى سەیر لەكوردستاندا باو بوو، تائێستاشى پێوەیە بىَ …ئەگەر رەخنەت لە ئەداى یەكێتى بگرتایە، ئەوە بەبىَ ئەوەى ئاگات لێبێت ناوت لەناوەندەكان بەپارتى لەقەڵەم دەدرا، ئەگەر رەخنەشت لەپارتى بگرتایە ئەوە بە یەكێتى ناو دەبرایت، بۆیە ئەوەى رایەكى سەبارەت بە یەكىَ لەو دوو حیزبە هەبوایە دەبوو رەخنە ئاراستەى هەردوو لایان بكات ، بەڵام لەو حاڵەتەشدا بێویژدانى وەها هەبوون كە بە كۆنەبەعسى ناوزەدى بكردباى، رەنگە خودى كۆنە بەعسیش درێغى نەكردایە لەناوبردنت بە كۆنەبەعسى، بەڵام بە تێپەڕبوونى كاتو تێكەڵاوبوونى زۆرێك لە كۆنەبەعسیەكان لەكاروبارى سیاسیى وڵات، ئەو تۆمەتە قورسایى خۆى لەدەستدا، ئەى چارە چیە؟
 بەهۆى رێكەوتنى ستراتیژى پارتىو یەكێتیەوە ناتوانرێت بەئاشكرا ئەم بە پارتىو ئەو بە یەكێتى تۆمەتبار بكرێتو لەبەر سوانى قەوانى كۆنەبەعسیش ئەو تۆمەتە باوى نەماوە، ئەى مەرامدارەكان چى بكەن، بەچى موخالیفینیان تۆمەتبار بكەن؟
 لەكاتى گرانىو قاتیدا، هەندىَ بازرگان.. بازرگانى بەپارووى میللەتى هەژارەوە دەكەن، ئێستاش سەردەمى لەشكركێشى توركەو كەسانێكیش هەن بازرگانى بەخوێنى رژاوى گوندنیشەنەكانى بادینانو پێشمەرگەكانى پەكەكەوە بكەن، ئەوەى رقو كینەیان لە بەرانبەرى هەیە، لەم كاتە ناسكەدا بە نۆكەرى توركەكانى ناودەبەن !!
 ئێمە لە (هەواڵ)دا راهاتووین زۆرجار هەڵمەتى ناڕەوا بكرێتە سەرمانو بە تۆمەتى سەیرو سەمەرە سەغڵەتمان بكەن، چونكە لەمەڕ دۆزەكان هەق بێژو راستیبێژ بووینە، پێش ماوەیەك بەوە تۆماتباركراین كە سەربە  دەزگاى چەند لایەنێكین، سەیرەكە لەوەش دابوو  كە ئەو لایەنانە خۆیان دژ بەیەكن، بەڵام ئەوەى جێى مەترسیە ئەمجارە تۆمەتێكى ترسناكو پڕ لە بێوژدانیە، ئەویش تۆمەتبار كردنمانە بە (میتى توركى ) لەلایەن هەندێك ئەندامانى مەكتەبى راگەیاندنى پارتى دیموكراتى كوردستانەوە، كە ژێر بەژێر دەفعى كەسانێك دەكەن ئەو جۆرە تۆمەتانە لەدژى سەرنووسەرو نووسەرانى (هەواڵ) هەڵبەستن، كە ئێمە نامانەوىَ دابەزینە سەر ئەو ئاستەو بە سیفەتى شەخسى وەڵامی ئەو كەسانە بدەینەوە، ئەگەر نا.. ئێمە ئەوەندە دەربارەیان دەزانین گەر باسیان بكەین، ئەوا ئیتر تەنانەت رووى نوسینیشیان نەمێنێت.
 ئەو تۆمەتانەش بەراى ئێمە رێگەخۆشكردنە بۆ دەستوەشاندنو خوێن حەڵاڵ كردنمان، ئەوەش هەمان شێوەى رەفتارى رێكخراوى تیرۆریستى ئەلقاعیدەیەو لەهەمان دیدەوە سەرچاوەى گرتووە بۆ تەكفیركردنى دیدو بۆچوونە جیاوازەكان.
 ئێمە كێین ؟
 دەزگاى هەواڵ تێكهەڵكێشێكى فرەیە لەخەڵكانێك كە ئینتیماى حیزبیان نیە، بەڵام راى سەربەخۆى جیاواز جیاوازیان هەیە، (هەواڵ) یەكەم دەزگاى كوردیە كە بەشانازیەوە لەسەرەتاى پرۆسەوە هاتە كەركوكەوە، لە (هەواڵ)دا تاكو ئێستا بەمەبەستى سانسۆر، هێڵێكى سوور لەبەر راى جیاواز نەخراوەتە ژێر یەك وشە، جا هەر رایەكى هەبووبێت، لەچوار چێوەى عورفو یاساى رۆژنامەوانیدا وتارێك، پەرەگرافێك، وشەیەك، هەواڵێك رێگەى لێنەگیراوە تاكو شوێنى خۆى لەسەر لاپەڕەكانى (هەواڵ) بكاتەوە، كەس لە ئینتیماى سیاسىو بیروبۆچوونى كارمەندەكانى نەپرسیوە ، یەك كەس بەئیعاز بابەتێكى سیاسى نەنووسیوە ، لەمپەڕى چەپەوە بۆ ئەو پەڕى راست، لە ئیسلامیەوە بۆ عەلمانى، لەناسیۆنالیستەوە بۆ ئەنتەرناسیۆناڵ خاوەنى لاپەڕەكانى (هەواڵ) بوونەو تیایاندا نووسینو بیرو باوەڕەكانیان خستووەتە روو .
 ئەى ئەم تۆمەتانە بۆ ؟
 لەژمارە 261دا (هەواڵ) مۆڵگەیەكى (میت) ئاشكرا دەكات، سەروتارى هەمان ژمارە رەخنە لەئەداى سیاسى كورد دەگرێت لەكەركوك … لە سەر وتارى ژمارە 267یشدا سەبارەت بەكۆنگرەى توركمانەكان لەژێر ناوى كام توركمان؟ رەخنە لە مامەڵەى كورد دەگرێت لەبەرانبەر لایەنە توركمانیەكان…. ئەوە رایەكى هەڵقوڵاوى ناو واقیعى شارى كەركوكە، بەو كەسانەش دەڵێین : لەبرى تۆمەتباركردن وەرن وەڵامێكى قەناعەتپێهێنەرى بدەنەوە یان بەهەڵەى بخەنەوە. لاپەڕەكانى (هەواڵ) كراوەیە لەبەردەم هەر رایەكى جیاواز لەمەڕ سەرجەم كێشەكان، بەتایبەتى دۆزە چارەنووسسازەكان.
 خاڵێكى تر كە هەندێك كەسى سەغڵەت كردووە بڵاوكردنەوەى هەواڵى خوێن بەخشینى لاوانى شارى هەولێرە بە بریندارەكانى پەكەكە …ئەمە هەواڵێكى ورەبەرزكەرەوەیە كە لە سەردەمى هەڵوێستى لاوازى حكومەتى كوردى، هاوسۆزیى میللەتى كوردى باشور بۆ باكور دەردەخات، رووداوەكەش بەئاشكرا بووەو ناچێتە قاڵبى (ئەمنى قەومی)ەوە!!! مەحاڵە چالاكیەك لە شارێكى وەكو هەولێر كە بە سەدان كەس بە ئاشكرا بەشدارى تیادا بكەنو (میت)ى خاوەن بنكەو چاو لە زۆربەى شارەكانى كوردستان چاوەڕێی ئەوە بن (هەواڵ )بكەنە سەرچاوەى راپۆرتە سیخوڕییەكانیان، (ئەى ئەوان دە ساڵە بنكەو بارەگەیان لە كوردستاندا نیە؟) لەسەردەمى عەولەمەدا مەحاڵە گوتارى ناوخۆو سیاسەتى دەرەكى پێچەوانەى یەكتر بن.
 ئێمە كارەكانمان رەنگدانەوەى مەوزوعیەت لەبابەتو خەمخۆرى بۆ نیشتمانە، لە هەڵمەتى شكاندنى ئابڵوقەى قەندیلدا، چ رۆژنامەیەك هێندەى (هەواڵ) باسى چالاكیى رۆژنامەنووسانى كردووە؟ .
 لەژمارە 264دا لەلاپەڕە 1+2 بەوێنەو راپۆرتو كاریكاتێرەوە دەربارەى فەزحكردنى ئابڵوقەكەیە ، ژمارە 268 ل7 لاپەڕەیەكى تەواو بەناوى (سەفەرێكى ئەفسانەیى لەگەڵ رۆژنامەوانانى كورد بۆ تێشكاندنى ئابڵوقەى راگەیاندن لەسەر قەندیل ) راپۆرتێك بڵاودەكاتەوە .
 لەكۆتاییدا داوا لەخوێنەرانى ئازیز دەكەین بۆ ئەوەى لەو مەرامانە تێبگەن كە لەپشتى ئەو ژەهرانەوەیە، چاوێك بە مانشێتو وتارو هەواڵو راپۆرتو كاریكاتێرەكانى ئەم  ژمارانەى لاى خوارەوە بخشێننەوە كە تەنها نموونەى دوا 10 ژمارەمانەو ئەوان ببنە دادوەر چونكە هەر ئەوان دادوەرن.
 ژمارە 161 ل1، خوا جەزاى خێریان باتەوە + خانووەكەى بەرانبەر ماڵى فازل میرانى بارەگاى سەرەكى میتى توركە، ل2 ، توركیاو دۆسێیەكى رەش لەمافەكانى مرۆڤدا، ل4 ئەوەى توركیا دەیكات بەرامبەر كورد جەنگێكى دەروونیە.
 ژمارە 262 ل6، لەتوركیاى دادو گەشەپێداندا رۆشنبیرە عەلمانیەكان هەڕەشەى كۆچكردن دەكەن.
  ژمارە 263 ل1 تەماشاى كاریكاتێرەكە بكەن .
 ژمارە 264 ل1+2 كاریكاتێر +وێنەو راپۆرت سەبارەت بەهەڵمەتى شكاندنى ئابڵوقەى راگەیاندن لەسەر قەندیل .
 ژمارە 165 ل1 فایلى بەرەى توركمانى لەتوركیا لەمیتەوە دەگوازرێنەوە بۆ وەزارەتى دەرەوە، ل6 رەخنەیەكى كورتو بەپەلە بۆ كۆمەڵىَ سەرنووسەرى رۆژنامەكان .
  ژمارە 266، ل2 هەندىَ رۆژنامە (الپورە)ى كوردى .
 ژمارە 267 ل3 ئەنجوومەنى سەندیكاى رۆژنامەنووسانى كوردستان پشتیوانى رۆژنامەنووسان دەكات بۆ شكاندنى ئابڵوقەى سەر قەندیل.
 ژمارە 268 ل6 كۆسۆڤۆو كوردستان، ل7 سەفەرێكى ئەفسانەیى لەگەڵ رۆژنامەوانانى كورد بۆ تێشكاندنى ئابڵوقەى راگەیاندن لەسەر قەندیل .
 ژمارە 269 ل1 بەسەدان گەنج لەهەولێر خوێن دەبەخشن بە بریندارەكانى پەكەكە ، ل2 كەركوكیەكان بۆ پشتگیرى لە كوردستانى باكور خۆپیشاندان دەكەن، ل2 كەمپینى دژى داخستنى رۆژ TV ، ل2 توركمانەكان ماڵپەڕى  كورستان فۆر نیوزیان هاك كرد ، ل2 پرسى هاوپەیمانێتى توركیا بۆ ئەمریكا كوردیش گرنگى خۆى هەیە ، ل3 با ئەمریكا هێرشى سوپاى تورك راگرىَ تا كوردستانیش نەبووەتە گڕستان، ل3 دایى ئوردوگان خەڵكى كوردستان تیرۆیستن یان ژەندرمەكانت ؟ +وێنەى سوكایەتى كردن بەتەرمێك لەلایەن توركەكانەوە، ل5 بەرپرسانى هەولێر عاشقى كۆلێژى عەشقن، ل16 ، سەندیكاى رۆژنامەنووسانى كوردستان لەشكركێشى توركیا بۆ ناوخاكى كوردستان ریسواو مەحكوم دەكات .
 ژمارە 270 ل2 لەشكركێشى سوپاى توركیا ئەزموونێكى تاڵ بۆ ئایندەیەكى نزیك، ل2،  ئێران لەڕێى توركیاوە موشەك دەگەیەنێتە حیزبوڵڵا، ل3،  ئۆپەراسیۆن ، ل15 ، راى گشتىو هێرشى توركیا .
 هیوادارین بەو ناونیشانانەدا گەیشتبن بەو راستییەى كە (هەواڵ )باجى چى دەدات .
 داوایش لە نووسەرانو روناكبیرانى خاوەن راى كورد دەكەین، لەرووى ئەم دیاردە قێزەونە بوەستنەوە كە زەنگێكى ترسناكە بۆ دەستپێكردنى قۆناغى تەكفیركردنى خاوەن راى جیاواز.
  
 
 

Previous
Next

Leave a Reply