Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
هەوڵدان بۆ بونەوە بەیەك لە ئەدەبیاتى نامەدا

هەوڵدان بۆ بونەوە بەیەك لە ئەدەبیاتى نامەدا

Closed

     هەوڵدان بۆ بونەوە بەیەك لە ئەدەبیاتى نامەدا
  بۆنى شەراب لە هەناسەم دێت"هیوا قادر- سەحەرڕەساى وەك نمونە
 شاخەوان سدیق

 "دێن بۆن بەدەمتەوە دەكەن نەكا ڕۆژێك وتبێت خۆشم ئەوێت، رۆژگارێكى سەیرە گوڵم"
                                                                           [ئەحمەدى شاملۆ]

 هەر لەوڕۆژەوەى ماركس هەستى بە زیانەكانى تەكنەلۆجیا و ئەو بڵاوبونەوە خێرایەى كرد، ئاماژەى دا بە كاڵبونەوەو وردە وردە مردنى ڕۆح و  هاتنە ناوەوەى ئەلترۆن بۆگشت كایەكانى ژیان وەدیلبونى مرۆڤ بە دیار شاشەى (TV) یەكەوە یان كۆمیوتەرو ئینەترنێت و هاتنە دەرەوە لە ناخى خۆى دوركەوتنەوەى لە ڕۆح ، كەواى كرد (جیهان بچوك بێتەوە بۆئەندازەى لادێیەكى گەورە) ئەمەش ناكاتە ئەوەى كە بڵێین تەكەنەلۆجیا سودى گەورەى نەبووە هەنێك كارو بارى ڕۆژانە، چونكە زۆر لە كاروبارى قورسى ژیانى ئاسان كردوە، بەڵام هەرچۆنێك بێت واى كردووە كۆمەڵێك لە تام و چێژە ڕۆحیەكان بسڕێتەوە وە لەناویان بەرێت. بۆ ئەمە (نامە) وەك نمونە وەردەگرین ، كە هەرچەندە (فاكس و ئیمەیڵ) خێراتر دەگات ، بەڵام لەكاتى خوێندنەوەیدا هەست بە ساردى گیانى دەكەیت و هەست بە داماڵینى ئیحساس دەكەیت تێیدا بۆیە ئێستاش نامە نوسین بەدەست و ناردنى تامى خۆى هەیەو ونى نەكردوە، چونكە لەمەدا هەستێكى سەیرى خۆى حەشارداوە لە كاتى خوێمەوەیدا لێدانەكانى ترپەى دڵ زیادەكاتو بە كردنەوەى و هەڵپچڕینى بەرگەكەى و خوێندنەوەى یكەم دێڕى نامە بەتایبەت ئەو نامەیە، ئەگەرلە خۆشەویستەكەتەوە بۆت هاتبێت ،
 چونكە وەك شكستپیر دەڵىَ"لە ڕاستیدا خۆشەویستى جۆرێكە لە ئازار، بەڵام بێبەشیش لە خۆشەویستى مردنە" هەرچەندە لە كۆندا بە هۆى نەبونى ئامێرەكانى گەیاندنەوە نامە نووسین شتێكى زۆر باو بوە وەك پێویستى، بەڵام چۆنیەتى و داڕشتنى وشەكانى ناو ئەو نامەیە جۆرێك لە جیاكارى بە نامەكە داوە، كە هەندێك جار دەیخاتە خانەى ئەدەبیەوە بۆیە بەجۆرێك لە نامە دەوترێت (نامەى ئەدەبى) كە جیاوازە لە قسەكردنى ڕۆژانەى خەڵك و جۆرێك لە مەعریفەت لە پشتى دێڕەكانیەوەیە هەیە هەروەك ئەو نامەیەى ئەكتەرى بەناوبانگى جیهانى (چارلى چاپن)بۆ كچەكەى دەنوستێت و دەڵێت"كچم من لە ژیاندا فریشتە نەبووم، بەڵام ئەوەندەى بۆمكرا هەوڵمدا مرۆڤ بم" لێرەداو لە خوێندنەوەى ئەم دێڕانەدا هەست بەجۆرێك لە گەمە زمانیەكان دەكرێت، كە دەشێت جیاواز بێت لە ووشەگەلێكى ساردى بێمەعریفەو وادەكات زمانێكى جیاوازو واتایەكى قوڵ بە ڕستەكە بدات یان وەك ئەو نامانەى شێوەكارى هۆڵەندى(ڤان كوخ) بۆ براكەى دەناردو تیایدا باسى ئەو پاڵنەرانەى بۆ دەكرد كە سەرەڕاى برسێتى و هەژارى وایلێدەكات بە دواى جوانیدا بگەڕێت. وبیرلە هونەر بكاتەوە.
 هەندێك جار ئەم هونەرى نامە نوسینە دزە دەكاتە ناو ڕۆمانە گەورەكانى دنیاوە تاموو چێژێكى زۆر بە بیرۆكەى كارەكە دەدات و ئەمەش بە ئاشكرا لە ڕۆمانەكانى
 (یۆستایت گاردەر)دا دیارە كە نوسەر دەیەوێت لە ڕێى نامەوە زانیارى زیاتر بداتە خوێنەر ئەوەتا لەڕۆمانى (جیهانى سۆفیادا)و لە ڕێگەى مامۆستاكەى سۆفیاوە نامەیەكى تەواو فەلسەفەى دەنوسێت زۆر كورت، بەڵام زۆر پڕ واتا بۆ سۆفیا و بە كردنەوە پڕ ترس و لەرزەى ئەم كچەوە، كە نوسراوە(تۆ كێیت) یان لە ڕۆمانى كچەى پرتەقاڵدا و لەڕێگەى نامە دورو درێژەكەى باوكى جۆرجەوە بۆ جۆرج كە دەپرسى" ئێمە هەمومان لە یەك ئەفسانەى گەورەدا ژیانمان بە سەر دەبەین و كەسمان پەى بە نهێنیەكانى نابەین، ئێمە لە جیهانێكدا سەما دەكەین و یارى دەكەین و قسە دەەین و پێدەكەنین، بەڵام هیچكامان نازانین بەچ جۆرێك سەرى هەڵداوە" ئەگەر لێرەدا ئەم دێرانە بە وردى بخوێنینەوە و بە ئەسپاى بەدواى وەڵامەكانیدا بڕۆین تێدەگەین كە نامە چ جۆرە سوودو تام و چێژێكى هەیە ئەو كاتەى كە زیاتر لە جارێك لە سوچێكى ژوورەكەتدا دادەنیشیت و بەتاسەوە دەیخوێنیتەوە، چونكە نامە هەندێك جار دەچێتە خانەى چیرۆكەوە والە خوێنەر دەكات
 بە دواى دڕێڕەكانى بكەوێت تا كۆتایى، چونكە ئاشنابوون بە هەر دڕێك لە نامەكە ڕادەكێشێت بۆ گەیشتن بە چێژ لە دێڕێكى تردا ئەگەر چاو لە نامەو پڕلە سیحرو ئەفسونانە بكەین كە خانمى شاعیر (فروخى فەروخزاد) بۆ هاوسەرى دواى خۆى (پەروێز شاپور)ى نوسیوەوە هەستێكى قوڵى ئینسانى دامان ئەگرێت و هەست بە ڕاستگۆىو ئارامى تەواو ئەكەین و لە حیكمەت و جوانیەكانى نامە تێدەگەین و چێژلە دێڕبە دێڕى ڕستەكانى دەبینین وەك ئەوەى كە لە ئێستاداو بۆ ئێمە نوسرابێت ، چونكە فرخ زۆر بە جوانى شارەزایانەو ئەدەبیانە دە نوسێت و تەواو  نوسینەكەشى پڕە لە ئینسان دۆستى و عیشق وەك دەنووسێت"خۆشم دەوێیت، خۆشم دەوێیت وەك منداڵێك كە زیاتر لە هەموو شتێك ئارەزووى لە ئامێزى گەرمى دایكییەتى، ئەگەر دایكى سزاى توندیشى بدات ئەو هەرپەنا بۆ داوێنى دەباتەوە، دەبێت ئەو هەستە چى لە مرۆڤ بكات كاتێك زەرفێك هەڵدەپچرێت پەلە پەل  دەست دەكات بە خوێندنەوەى وەها دێڕگەلێك، ئاخر نامە نەك دانى زانیارییەكانى ڕۆژەكانى ڕابردووە، بەڵكو بە ئاگابونە لە تێپەڕاندنى ئەو كاتانەى كە كەسى نووسەرى نامە بەڕێدەكات.نامە مرۆڤ لە تەنیایى و بێهیواى ڕزگار دەكات و دەیگەرێنێتەوە بۆ چركە ساتێك كە تیایدا هەست بە جوانیەكانى ژیان بكەیت، واتلێدەكات كە ناخۆشیەكان لە چێژكردن بە شادمانیەوە بە ڕێكەیت ئەوەتا (فروغ) دەنوسێت "پەروێز گیان ئەمرۆ ئەگەر نەگریامایە دەخنكام، هیچ شتێك قەرەبووى تەنهاى روحم ناكاتەوە، لە دەفرێكى خاڵى دەچم و لە گۆم ئاوەكاندا بەدواى گەوهەردا دەگەڕێم" 
 ئەگەر نامە تۆماركردن چەند چركەیەك بێت لە ژیانى مرۆڤ ئەوا دەكرێت هەوڵى خوێندنەوەى ئەو چەند چركە ساتانە بدرێت كە لەو نامەیەدا تۆمار كراون و مرۆڤ پیایدا تێپەریون، ڕاستگۆى بەشێكى سەرەكیە بۆ چێژ بەخشین بە دێڕەكانى نامەو مانەوەى، ئەگەر جارێكیش بەوردى چاوێك لەنامەكانى (هیواى شاعیر بۆ سەحەرى چیرۆك نووس)بكەین، بێشك هەست بەعیشق و ڕاستگۆىو چێژوو شارەزاى ڕاستگۆى مەعریفەى و نوسینى ئەدەبیانە لەم نامانەدا دەكەین، هەرچەندە دڵنیام لە كاتى نوسینى ئەم نامانەدا بیر لەوە نەكراوەتەوە كە ئەم نامانە بكرێنە كتێب وبخرێتە بەردەستى خوێنەر، بەڵام ئەو جوان نووسینەى كە لەهەستی دوو مرۆڤى تەنیادا هەیە بێدەنگ نابێت لەبەرامبەر بڵاو بوونەوەى ئەمدێڕە جوانانەو ناتوانێت نەچێتە ناوخانەى ئەدەبیاتى (نامە)وە، چونكە ئەگەر بەوردى ئەم دێڕانە بخوێنینەوە كە هیوا لەنامەیەكدا نوسیویەتى بێشك هەست بەو توانا ئەدەبىو زمانەوانییە دەكەین كە هیچى كەمتر نیە لە نویسنىنامە جیهانیەكان كاتێك دەڵێت:-"هەركاتێك نامەیەكم پێدەگات…..گرنگ نیە لە هەركەسێكەوە هاتبێت خێرا پەلامارى ئەدەم و دەیخوێنمەوە، وەك ئەوەى لەنامەكەدا چاوەڕێى هەواڵێكى تازەبم پێم بگات دیارە هەروایە,  چونكە نهێنى نامەكان لە هەڵگرتنى ئەو هەواڵە نادیارانەوە دێت  كە لە دورەوەو پێمان دەگەن وئێمە نازانین چین" ئەمە باس كردنە لەو دیاردە دەرونییەى كە كەسى وەرگرى نامەى تێدایە لەو چركەساتانەدا كەچاوەروانى بیستنى تەنها زانیارییەكە لەلایەن ئەو كەسەوەى كە خۆى مەبەستیەتى و لە پڕ كابراى پۆستەچى لە بەردەمتا دەوەستێت و دەڵێت "فەرموو" دەبێت چەندە شپرزەبیت تا یەكەم دێڕى دەخوێنیتەوە، باشە دەبێت حیكمەت و نهێنى نامە چیبێت دەكرێت لە ئێستاو لەكاتى خوێندنەوەى ئەم دێڕانەدا ببیتە ئەكتەرێكى سینەماىو دەتوانیت چاو بنوقێنیتو ئەوەبهێنیتە بە رچاوى خۆت كە كاتێك مرۆڤێك بەتەنهاو بە ترسو لەرزەوە هەموو تواناى بیركردنەوەو ئیحساسیەتى خۆی كۆدەكاتەوەو دەبێتە وشە لەسەر كاغەزو دەیەوێت بەو كەسەى كە دەستى نایگاتێ كە دورى كۆتایى بسیتى دەنگەكانو لە ئامیزگرتنى دەنگەكان نیە سەیركەو بخوێنەوەو با تەنهانەبیت بخوێنەوەو تێبگە كە ئێستاش مرۆڤێك هەیە كەوا بیر دەكاتەوە هیوا لە چەند دێڕێكیدا لە نامەى ماڵت پڕبێت لە سێودا دەدنوسێت من ئێستا هەرگیز ناتوانم باوەڕبە عەشقێكى میسالیانە هەبێت بەڵام بەشێك لەشەڕى عەشقیش ئەوەیەكە قەد ناتوانێت بێتە ناوزانینەوە دەنا هەموو كەس دەستى بەو زانینە دەگەشتو لیزانانە عاشق دەبوو پێشم وایە هێندەى ئاڵۆزى ئینسان عەشقیش ئاڵۆزى تێدایە، چونكە عەشق وروژاندنى ئاڵۆزییەكانى ئینسانە. هەركاتێكیش ڕەچەتەمان بۆ عەشق نوسى نیشانەى ئەوەیە ئێمە باسى هەموو شێك دەكەین عەشق نەبێت. ئەگەر چاو لێبكەین دەببینین ئەم دێڕانە هیچى كەمتر نیە لەنوسنى دیراسەیەكى وردو جوان لە سەر عەشق وەئەوەش هەموو مەرامى كەسى عاشق دەردەخات بەرامبەر بەدەربڕینى هەستەكانى بۆ مەعشوقەكەى تاشارەزاییانە لەیەك نزیك دەبنەوە وەدەچنەوە ناو ڕۆحى یەكترو ئەگەر بۆ چركە ساتێكیش بێت دوو جەستە دەبنە یەكو لەدنیاى پاكى ڕۆحەكان دا نوقم دەبن وەك ئەوەى فروغ بۆ پەروێز شاپورى دەنوسێتو دەڵێت" حەزدەكەم ئەوەندە بچوك ببمەوە بەئەندەزەى هێندەى باڵندەیەك ئەوسا بفڕمو بێم بۆ لاى تۆ" ئیتر دەبێت چ شتێك لە گەیشتنى نامەو كردنەوەى شیرینتر بێت كاتێك هەست دەكەیت لە دوورە دەستانو لە شوێنێكى نادیارى دنیاوە مرۆڤێك هەستو دڵى لاى تۆیە و چەندین كاتژمێر تێپەڕدەكات تا بتوانێت ووشەگەڵێك بخاتە سەر كاغەز.كە شیاوى خوێنەوەى تۆبن وەك هیوا دەڵێت" من لەوڵاتى سپێتى بەفرو تۆ لە وڵاتى سپێتى نێرگزەوە من بەم هەموو وڕێنانەى خۆمەوە تۆش بەو واق وڕمانە سادانەى خۆتەوە لە بەردەم باوكێكى هیلاكو دایكێكى میهرەباندا من بەم هەموو زەغمانەى خۆمەوە بەم هەموو پارچە شكاوانەى سەر دەستمەوە كەهى خەونەكانمن تۆ بەو هەموو خەیاڵانەى باخچە شیعریانەى فروغەوە كە وەك كچێك دەتەوێت هەموو شتێك جوان بێت كە نابێت"
 هیچ شتێك لە دونیادا لە دوورى و دابڕان سەختتر نیە بەڵام ئەوكاتانەى مرۆڤ هەست دەكات ئەو دابڕان و دوریانە نەیتوانیووە لە كەسى مەبەست دایبڕێنیت و بێئاگاى بكات ئەوە ئەو كاتەیە كە نامەیەكت بەدەست دەگات و لەگەڵ دێڕاكانیدا دەفڕیت دەیخوێنیتەوەو هەست بە بەردەوامى ژیان و ئەو پەیوەندیە دەكەیت كە تۆى بەمرۆڤێكى ترەوە گرێداوە، ڕەنگە هەندێك جار مرۆڤ نەزانێت بۆچى دەنوسێت، بەڵام هەرچۆنێك بێت نوسین دەبێتە بەشێك لە دامركانەوەى حەزە شێتەكانى و بەردەوامى پێدەبەخشێت، ئەوەتا (سەحەر)لە وەڵامى نامەكانى هیوادا دەڵێت"ئێوارە جارێكى ترنامەكەتم خوێندەوەو ئەو نامەى لە وەڵامى نامەكەى مندا نوسیبوت پاش ئەوەى گەشتم بەڕستەى ئاخر(خۆشم دەوێت) چاوم نوقاندو نزیكەى نیو سەعات لەو حاڵەتەدا مامەوە، هەرچەندە بەردەوام بیرت دەكەم و بۆ ساتێكیش لێم دورناكەویتەوە، من ئەزانم بیركردنەوە لە كەسێك بە چەشنێك كە ئیتر بە هۆى ئەوەوە دڵت لێدەدات زۆرجار نەخۆشت دەخات من ئێستا وام" كەواتە نامە تەزووى خوێنى دوو مرۆڤە لە چركە ساتى گەشتنى نێوان دومرۆڤى سەر شێت دواى وتنى ئەو ووشانەی كە ڕەنگە هەندێك جار مرۆڤ نەتوانێت بە دەم بیان ڵێت، نامە هەموو ئەو نهێنیانە دەپارێزێت كە ئارەزوو دەكەن تەنها هى تۆبن ئەوەتا فەروغ دەنوسێت"فەروێزەكەم لە سەر زەرفى نامەكەت مەنوسە بۆ فەروغ، بنوسە بۆ فەروغەكەم، چونكە من خۆم بەهى تۆدەزانم" ئەگەر بەوردى سەیرى هەموو ئەم ڕستانەمان كردبێت كە لەم نامە جیاوازانەدا بەكار هاتوون بێشك جیاوازنیە لە نوسینى شیعرێك یان چیرۆكێك بۆیە ناكرێت ئەمانە نەچنە خانەى ئەدەبیاتەوەو نەبنە ژانەرێكى بەهێز لە ئەدەبدا، چونكە چۆن لە خوێندنەوەى چیرۆكێك یان شیعرێك مرۆڤ چێژ وەردەگرێت بێشك لەم نامانەشدا هەست بەو چێژوو خۆشەویستە دەكرێت بۆیە ماوەتەوە بڵێن با ئەم ژانەرە گرنگەى ژیان و ئەدەب لە بیر نەكەین ،چونكە هیچ شتێك بە ئەندازەى نوسینێكى جوان ناتوانێت مرۆڤ لە كاتێكى تەنیایدا ئاسودەبكات بەتایبەت بۆ ئەو مرۆڤە پاكانەى كە لە پێناوى عەشق و خۆشەویستیدا ژیانیان لە مەترسیدایە و تەنها بەنامە دەتوانن هەست بەگەرمى هەناسەى مەعشوقەكانیان بكەن
        تۆ لەدى مندایت و منیش ئەوەندە لە تۆ دورم
       خودایە چ مەودایەكى دوور لەنێوان من و دڵ دایە
                                                     Shxi83@yhoo.com
      
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.