Skip to Content

Wednesday, April 24th, 2024
هەڤپەیڤینی سەكۆی ئەناركیستانی كوردستان لەتەك ھاوڕێ زاھیر باھیر، ….٢

هەڤپەیڤینی سەكۆی ئەناركیستانی كوردستان لەتەك ھاوڕێ زاھیر باھیر، ….٢

Closed
by November 5, 2012 گشتی

 

 

– ئەو کەسانە کێن، کە لە گروپەکەتاندا ڕێکخراون، ئایا سەربەیەک چین و توێژی کۆمەڵایەتین؟

وەکو لە وەڵامی پرسیارەکەی سەرەوە ئاماژەم پێکرد، ئەم گروپە لە کەسانی پاشخان جیاجیا پێکھاتووە، کەسانی ئاراستە جیاواز‌ی وەکو سوشیالیست، لەیبەر، مارکسیست- لێنینیست ، خەڵکی سەندیکالیست، سەربەخۆ و ئەنارکیست و ئازادیخواز و ڕەنگە ئایینداریش. لەراستیدا ڕۆحی ئەم گروپە و دینەمۆکەی ئەنارکیستەکان و ئازادیخوازانن.

 

– بەشداری خەڵکانی کۆچەر لە گروپەکەتاندا چەندە، ئایا ھیچ مەرجێک بۆ بەشداری و ئامادە بوون لە کۆبوونەوەکاندا ھەیە؟

تا ئێستا من لە کۆبوونەوەکانی گروپەکەدا کەسێکی کۆچەرم نەبینیوە، بەڵام خەڵکێکی زۆر دەبینم، کە دێنە نێو خۆپیشندانەکان و ناڕەزایەتییەکان. جا نازانم لە نێوان ئەواندا خەڵکانی کۆچەریان تێدایە یان نا. ھەروەھا من سەرپەرشتی لیستی ئەلکترۆنی گروپەکە یاخود لیستی ناوەکان کە پۆستیان بۆ دەچێت، ناکەم، ھەر لەبەرئەمە من ئاگادار نیم گەر کەسانی کۆچەری تیادا بێت یا نەبێت.

ھیچ جۆرە مەرجێک بۆ بەشداری کردنی کۆبوونەوەکان نییە، ھەموو کەس لە ھەر توێژاڵ و چینێکی کۆمەڵایەتی یا پاشخانی کۆمەڵایەتییەوە بییەوێت لە کۆبوونەوەکاندا بەشداری بکات، بەخێرھاتنی گەرمی لێدەکرێت. ئێمە ھیچ نھێنییەکمان نییە و کاریش بە نھێنی ناکەین، تاکو لە خەڵکانی جیاجیا کە دێنە کۆبونەوەکانەوە، سڵبکەینەوە و بترسین. ھەروەھا ھیچ جۆرە پابەندییەکی ناخۆبەخشانە ( ئیجباریانە) لەسەر بەشداربووانی کۆبوونەوەکە یا کەسانی سەر بەگروپەکە نییە.

 

– شێوەی ڕێکخستنی گروپەکەتان چۆنە، جیاوازی لەتەک گروپە میرییەکان و نامیرییەکان (NGO)دا چییە؟ 

گروپەکەی ئێمە لەسەر بنەمای یەکگرتنی خۆبەخشانە ‌و ئارەزوومەندانە دروستبووە، گروپێک یا ڕێکخراوێکی ڕامیاریی نییە، تاکو سەرکردە ‌و بنکردە ‌و ئەندامی ھەبێت. کەسانێکی زۆری سەر بە گروپەکان، ھەندێکیان زۆر چالاکن، ھەندێکیان کەمتر. ئەم کەسانە وەکو ئەندام ناویان ناھێنرێت، چونکە نە ئابوونە و نە یارمەتی داراییان بەسەردا ناسەپێنرێت، ھەروەھا ڕیزبەندی ڕیزی ڕێکخستن و پلەوپایەشی تێدانییە، بێجگە لەمەش کەسانی ناو گروپەکە لەسەر بناخەی بیر و ئایدۆلۆجی یەکیاننەگرتووە. ئێمە کە لە کۆبوونەوەکاندا دادەنیشین و مشتومڕ لەسەر ئەو پرسانەی کە پێویستە ھەتا کۆبوونەوەی داھاتوو یا لە ماوەیەکی نزیکدا بکرێت، دەکرێت، نەک باس لە نەمانی دەوڵەت و کۆتاییھێنان بە سیستەمی سەرمایەداری یا لێدوان لەسەر ئایین و مەزھەب. ئاوا نیشاندەدرێت کە ھەر ھەموومان بیروباوەڕی خۆمان لە ماڵەوە بەجێھێشتووە. ئێمەی ئەنارکیستەکان کە بەشی ھەرە زۆری کۆبوونەوەکان پێکدەھێنین، ئەجەندە و پلان و سترایجی خۆمان ھەیە ‌و و ھەریەکەمان پابەندین پێیانەوە،‌ بەڵام بەھیچ شێوەیەک بەسەر کەسانی ناو کۆبوونەەکاندا یا سەرجەمی کەسانی ناو گروپەکھدا نایانسەپێنین. 

گەر ئێمە بمانەوێت گۆڕانکارییەکان لە خوارەوە دەستپێبکەن، لە پرسی ڕۆژانەوە،‌ لە داخوازییە کۆمەڵایەتییەکانەوە دەستپێدەکەین، پێویستمان بەوە نییە، کە لەسەر کێشەی ئایدۆلۆجی و پرسگەلی بیروباوەڕیی، بدوێین و پێکبێین، چونکە بە بۆچوونی ئێمە کێشەکانی خەڵکی، ھی کۆمۆنێتییەکە،‌ لە ئێستادا ئەوانەن، کە لەو دێڕانەی سەرەوەدا پەنجەم بۆڕاکێشاون. 

دەبێت ئەوەش بڵێین، کە مرۆڤ بەسروشتی خۆی، چۆن و ھەر چەشنە مرۆڤێک بێت، حەز دەکات و پێیباشترە کە خۆی بۆ خۆی بڕیار لەسەر شتەکان بدات، تاکو ئەوەی کەس و لایەنێکی دیکە، بڕیاری بۆی بدات، چونکە خۆی لە ھەموو کەسێکی دیکە باشتر دەزانێت، چی بە قازانجی یا بە زیانی دەشکێتەوە، ئیدی ئەو بڕیارە دەربارەی شتی کەسیی خۆی بێت یا ئەو شتە ھاوبەشانەی دی کە لە ناو کۆمۆنێتییەکاندا ڕوودەدەن یا لە ھەر دەسگە و بەشێکی ژیاندا بێت، ھەر لە قوتابخانەوە خەستەخانە و زانکۆ و پارک و کارگە و فەرمانگەوە بیگرە تا دەگاتە کێڵگە کشتووکاڵییەکان و شوێنەکانی دی. کێ بێت کە پێیخۆشبێت، بڕیارێک لە دەرەوی ئەو خۆیەوە دەربچێت و بەسەریدا بسەپێنرێت؟ وەکو دروستکردنی ئوتێلێک، سوپەرمارکێتێک، ڕیزێک ئاپارتمان (شققە) و خانوو لەسەر مۆدێل و دوا تەرز بۆ بەکرێدانەوەی بەپارەیەکی زۆر، ڕاکێشانی شەقامێک، داخستنی قوتابخانەیەک، خەستەخانەیەک فەرامۆشکردنی پارکێک یا بەشێکی کۆمۆنێتییەکە، بڕیاری زیادکردنی ماوەی ڕۆژانەکار یا گۆڕینی ھەلومەجەکانی شوێنی کار، کردنەوەی فڕۆکەخانەیەک، ھەڵگیرسانی شەڕ و جەنگ و ڕەوانەکردنی ڕۆڵەکانمان بۆ شەڕی دابینکردنی نەوت و سەرچاوە سروشتییەکان بۆ کۆمپانییەکان و بۆ بەرژوەندی بزنسمان و بانقەکان … گەلێک و گەلێکی دی لەمانە، کە بەردەوام لە دەرەوی ئێمە لەلایەن ڕامیارییەکان و کۆمپانییە گەورەکان و بزنسمانە گەورەکانەوە، بەبێ ڕەچاوکردنی سوود و بەژەوەندی ھاووڵاتیان و کۆمۆنێتییەکە بڕیارمان بۆ دەدرێت. ‌ئەمەیە کڕۆکی بیرکردنەوەی ئەنارکیستان و ئازادیخوازان سەبارەت بە ‌ھەموو شتێک لە پێناوی خەڵک و بۆ خودی خەڵک خۆی ، بەبڕیاری خۆیان بۆ بەرژەوەندی خۆیان ، بۆیە بەڕای من بییروباوەڕی ئەوان بە سروشتیی لە خەڵک ‌و لە پێداویستی خەڵک و کۆمۆنێتییەکەوە نزیکە. 

جا کە ئێمەیەک ئەوانەی سەرەوە ئەجەندە و ئامانجمان بێت و خەڵکی ئامادەبێت بۆ بەئەنجامگەیاندنیان ‌ بێتە پێشەوە، چ پێویست دەکات شەڕە دگل لەسەر پرسگەلی ئایدۆلۆجی و ھزر و .. ھتد ‌ بکەین ، کە بەھیچ شێوەیەک ناگەینە سەرئەنجام و بەپیچەوانەوە لەبری یەکگرتن و سەرکەوتن ، کەرتکاری و شکست دەچنینەوە.

ئێمە ھێڵێکی یەکگرتنەوەمان لەتەک گروپە میرییەکانی یا بەناو نامیرییەکانی وەک (NGO)دا نییە. ئەوان زیاتر ئەجەندەی دەوڵەتانی وەکو ئەمەریکا و وڵاتانی خۆراوا بەڕێوەدەبەن. ڕاستە ئەوان بە ڕووکەش دەیانەوێت، کارێکی باش بۆ ئەو گەلانە،‌ ئەو وڵاتانە بە ئەنجام بگەیەنن، کە بارگە ‌و بنەیان تێدا خستووە، بەڵام ئەجەندەی تایبەتییان ھەیە و مەرجیش نییە، فەرمانبەرە ئاساییەکان لە ڕیزەکانی خوارەوەی یا ناوەڕاستی ئەو ڕێکخراوانەدا، لەوە بە ئاگابن. ھەروەکو پێشتر وتم ئەوان ئەجەندەی تایبەتییان ھەیە، فەرمانبەر و کرێکار و بەڕێوەبەریان ھەیە و موچەی خۆیان وەردەگرن، سوود و قازانج و سەرمایە دروست دەکەن، ئەوان تەنھا کار دەکەن و پلانەکان بە ئەنجام دەگەیەنن، ھیچ جۆرە پلان و داخوازییەکی تایبەتییان بۆ خودی کۆمۆنێتییەک نییە، ئەوان بزنس و سوودی سەرمایە دەیانجوڵێنێت و دەستێک و ئامانجێکی ڕامیاریی نێودەوڵەتی، زۆرجار لە پشتیانەوەیە.

گەلێک لەو ڕێکخراوانە سەر بە کەنیسەی گەورە ‌و کۆمەڵەی چاکەخوازی و کۆمەڵەی نەتەوە یەکگرتووەکان(ئومەمی موتەحیدە)ن. بەڵام لەڕاستیدا ھەر یەک لەو دەسگایانە کۆمپانیایەکی زۆر گەورەن و نەک ھەر لە وڵاتانیێکدا کە بە ھۆی سەروەرەکانی ئەوانەوە شکستیانھێناوە و بەدەستی ئەو سەروەرانە جەنگێکی نێوخۆیی بەرپاکراووە، یا بەھۆی دزین و بەتاڵانکردنی سامانی سروشتیانەوە یاخود بەھۆی سەپاندنی بەندومەرجی دەسگە دراوییەکان و بانکەکانەوە بەسەر حکومەتاکانیاندا، ڕووت و ڕەجاڵ و نابووتی بوون، بەڵکو ڕۆڵیان لە وڵاتانی ئەوروپاشدا دەبینرێت. من لێرەدا پێویست ناکات کە یەک بە ‌یەک ڕۆڵی ئەو دەسگایانەی سەرەوە، کە ڕێکخراوە مەدەنییەکان سەر بەوانن، دەربخەم، چونکە تاڕادەیەک ئەو ڕۆڵەی کە دەییبینن، لای گەلێکمان ئاشکرایە. ھەر بۆ نموونە ھەموو کەس ڕۆڵی ئەنجومەنی گەلان دەبێنیت، کە چۆن ئامرازێکی باش ھەڵسوڕاوی دەستی ئەمھر‌یکایە. 

 

– شێوازی کارکردنتان چۆنە و پشت بە چ بنەماگەلێک لە بڕیاردان و جێبەجێکردندا دەبەستن؟

لە دانیشتنەکانی ئەو گروپەدا تەواوی ئازادی و سەربەستی لە لێدوان و سەرجەمی بڕیارەکان و بە ئەنجامگەیاندنی ئەو بڕیارانەدا، دابیندەکرێت، کەسەکان لە ڕادەربڕیندا سەربەستن،‌ کۆبوونەوەی ئەم گروپە مانگانەیە، کەس سەرۆکی کۆبوونەوەکان نییە،‌ ھەر جارە و کەسکێک سەرپەرشتی کۆبوونەوەکە دەکات و یەکێکیش ڕاپۆرتی دانیشتنەکە دەنووسێت، ئەمەش نەک بەنۆرە،‌ بەڵکو ئارەزوومەندی و ئامادەی کەسەکانیش ڕەچاودەکرێت. پێشتر یەکێک ئیمەیلێک بۆ ھەمووان دەنێرێت، تاکو ھەر کەس ھەر خاڵێکی ھەیە و دەیەوێت قسەی لەسەر بکرێت، با ئەو کەسە خۆشی لە کۆبوونەوەکەدا نەبێت، دەخرێتە نێو بابەتەکانی کۆبوونەوەکەوە. کە تەواوی خاڵەکان و بڕیارەکان مشتومڕیان لەسەرکرا و کۆبوونەوەکەش تەواو بوو، پێش ئەوەی کە ببێتە ڕاپۆرتی فەرمی کۆبوونەوەکە و بننێردرێتە دەرەوە ، دەنێررێت بۆ ھەموو ئەو کەسانەی کە لەکۆبوونەوەکەدا بەشدار بوون، تاوەکو بەرپرسیاربن لە ڕاست و چەوتی ڕاپۆرتەکە یا لەو شتەکانە کە لە کۆبوونەوەیەدا وتراون. لە کۆبوونەوەی داھاتوودا ئەو ڕاپۆرتەی مانگی پێشووتر، یەکەم خاڵ دەبێت لە بەرنامەی کۆبوونەوەی ئەمجارەدا، ئەوەش لەبەر دوو شت: یەکەم، بزانرێت کە ئایا کەسەکان یەکدەگرنەوە و لەسەر ناوەرۆکی ڕاپۆرتەکە ھاوڕان یا شتێکی تازە سەبارەت بەھەر خاڵێکیان ‌سەری ھەڵداوە، یا نە؟ دووھەم، تاکو ئەو بڕیارانەی کە دراون و بڕیار بووە،‌ بە ئەنجام بگەیەنردرێن، بەئەنجام گەیەنراون یا نا ؟ ئەگەر بەئەبجام نەگەیەنراون، ھۆکارەکانی چی بوو‌ن؟ ھەموو بڕیارێک کە دەدرێت، دەبێت بەڕای ھەمووان یا زۆربە، بێت.

ھەروەھا ڕۆژنامەیەکی وەرزانەمان ھەیە،‌ کە ھەر جاری ٤.٠٠٠ دانەی لێ چاپدەکرێت. نە دەستەی تایبەتی نوسەرانی ھەیە و نە سەرۆ‌کی نووسەران و نە دەرھێنەر. بەڵکو ھەر کە کاتی دەرکردنی دێت، ئیمەیلێک سەبارەت بە کۆبوونەوەیەک بۆ دەرکردنی ڕۆژنامەکە و ئامادەکردنی وتارەکانی بۆ ھەمووان بەڕێدەکرێت، ئیدی لەو کۆبونەوەیەدا ھەر کەس بیەوێت، دەتوانێت بچێت و دواتر بە گشتی قسەی لەسەر دەکرێ و ھەر کەس ھەر بابەتێکی لە مێشکدا بێت، دەینوسێت، ئیدی ڕەنگە بگاتە ٢٠ بابەت، لەوانە کامیان زۆر پێویست بێت و ھەنووکەیی بێت، بەرتەریی پێدەدرێت. ئەمەش ھەر بە ڕاوەرگرتنە، ھەر لە ھەمان کۆبوونەوەدا. پاش ئەوەی، کە بڕیار لەسەر ئەوە دەدرێت، چەند وتار بێت، ئینجا قەوارەی ھەر وتارێک دیاری دەکرێت، واتە چەند وشە بێت. کە ئەوانە ئەنجامدران، ھەر کەس وتاری خۆی دەنووسێت و کەسێکیش بۆ پیایداچوونەوەی بابەتەکان دیاریکراوە و لەنێو خۆیاندا ئاڵوگۆر دەکرێت. پاش ئەوە کۆبوونەوەیەکی دیکە دەکرێت و قسەی لەسەر دەکرێتەوە و دەنێرێت بۆ دوو کەسی زمانزان، واتە شارەزایی زۆر باشیان لە زمانی ئینگلیزیدا ھەبێت، کە ھەر لە گروپەکەدان بۆ چاککردن و گوڵبژێرکردنی بەو کارە ھەڵدەستن. پاش ھەموو ئەمانە، ئینجا دەنێردرێت بۆ چاپخانە و چاپ دەکرێت، ھیچ وتارێکی ناوی کەسی لەسەر نییە. دواجار کەسانێک خۆبەخشانە خۆیان بۆ بڵاوکردنەوە و دابەشاندنی تەرخان دەکەن تا لە بۆنە و ناڕەزایەتییەکاندا بیدەن بەخەڵک، بێگومان بەبێ پارە و بەخۆڕایی.

ھەزێنەی ئەم گروپە تەنھا پارەی بەشدارانی گروپەکەیە، ھەر کەسە بەخۆبەخشی بەپێی توانا و داھاتی خۆی پارە دەدات و مەرجیش نییە بە بەردەوامی یا ھەموو مانگێک کۆمەک بکات یا ھەموو جارێک بڕێکی دیاریکراو بدات، دیسانەوە لەم بارەشەوە کەسەکان لە بەشداریکردن یا نەکردندا ئازادن.

چالاکی ڕاستەوخۆ، گەر لە ئەنجامدانی بڕیارەکاندا پێویست بکات، بنەما و گیانی بزووتن و کارکردنی ئەم گروپەیە. دەمانەوێت ھەموو بڕیارەکان لە بوارەکانی خوێندن و پەروەدە ، خەستەخانە ، ڕێگاوبان ، کاروباری کۆمۆنێتیەکان، پرسی گیروگرفتی پارکەکان و گەڕەکەکان کارگە ‌و کارخانەکان و ..تد ھەر ھەموویان لە بەڕێوەبەرایەت‌ی بیرۆکراتی گەندەڵی وەکو شارەوانییەکان و بەڕێوەبەرایەتییەکانی دی بگەرێنەوە دەستی خەڵکی ناو کۆمۆنێتییەکان، تاکو لە ھەر یەکێک لەو بوارانەی سەرەوەدا یا ھەر شتێکی دیکەدا کە پەیوەندی بە کۆمۆنێتیەکەوە ھەبێت، کەسەکان بەخۆیان بڕیاریان لەسەر بدەن. 

ئەنارکیستەکان و ئازادیخوازان کە لەم گروپەدا کاردەکەن، باوەڕیان بە دەنگدان و پەڕلەمان و دەوڵەت نییە، دروشمی ئەمان بریتییە لە ” خۆجێی (لۆکا‌ڵی) کار بکە و جیھانی بیر بکەرەوە”‌. بەردەوام خەڵکی دێتە نێو گروپە و دەڕوات. چونکە زۆربەیان گەنجن و ئەمڕۆ لێرە دەژین، مانگێکی دیکە دەگوێزنەوە بۆ شوێنێکی دی و شارێکی دی، کە ئەمەش لە خۆیدا لە ھەندێک ڕووەوە لایەنی چاکی خۆی ھەیە،‌ کە گواستنەوەی ئەم ئەزموون و شێوە کارکردنانەیە بۆ شوێن و جێگەی نیشتەبوونی تازەیان.

ھەموو ساڵێک یا دوو ساڵ جارێک “ڕۆژی ستراتیجی”مان ھەیە،‌ کۆبوونەوەیەکە کە ڕۆژێک یا دوو ڕۆژ دەخایەنێت، بۆ باسکردنی کار و چالاکییەکانمان لە ساڵی ‌ ڕابوردوو ئێستاو داھاتوودا ، پێدا چوونەوە بەخۆماندا، چۆن بە بەشداری خەڵکانی ھەمەڕەنگ و ڕەگەز و تەمەن جیاواز، گروپەکە فراونتر بکرێت و چی بکرێت تاوەکو بەشداری بکەن، لەوێدا قسە لەسەر خاڵە لاواز و بەھێزەکانمان دەکەین.

ھەروەھا ئەم گروپە ئەرکی بەڕێوەبردنی (Haringey Independent Cinema (HIC لەڕێگەی دوو سێ ھاوڕێمانەوە، گرتووەتە ئەستۆ، کە ئەمە لە ساڵی ٢٠٠٦وە بەردەوامە و مانگی شەوێک، فیلمێکی بەرەنگاربوونەوەی دەسەڵات، یا فیلمێکی دۆکۆمێنتەری کە ناڕەزایی خەڵکە دژی دەوڵەت، نیشان دەدرێت، پاش تەواوبوونی فیلمەکە، لێدوان و مشتومڕی لەسەر دەکرێت. ھاتن و دیتنی ئەو فیلمانە بۆ ھەمووانە ‌و نرخێکی زۆرکەم لەسەر تکتەکان دادەنرێت و ھەموو جارێک لەنێوان ١٢٠ کەس بۆ ١٦٠ کەس بۆ تەماشاکردنی فیلمەکان دێن. ئەو فیلمەکانیش ھەر جارە و ھی شوێنێکە و مەرجیش نییە نوێ بێت، بەڵام مەرجە کە ناڕەزایی و بەرەنگاربوونەوەی خەڵکی دژی دەسەڵات نیشان بدات.

ئێمە ناڕەزایەتیێکی زۆر دەکەین و ڕێک دەخەین، لەھەمان کاتیشدا بەشێکین لە نێتوۆ‌رکی Ukuncut و Anti Fuel Poverty کەمپەین، کە لەسەر ئاستی بەریتانیا لە بواری جیاجیادا چالاکی ڕاستەوخۆ ئەنجام دەدەن، کە بوار نییە من لێرەدا ھەموویان ڕیز بکەم .

ئەم گروپەی ئێمە یەکێکە لە گروپەکانی London Radical Network، کە ھەموو ٦ تا ٧ ھەفتە جارێک، کۆبوونەوە دەکات و زۆر جار نوێنەری ئەو گروپانە کە لێی پێکھاتوون بەشداری تێدا دەکەن . مەرج نییە نوێنەرەکان ھەموو جارێک ھەر ھەمان کەس و ھەمان ژمارە بن، زۆربەی جاران، ژمارەکان کەسەکان دەگۆڕدرێن.

 

– ئەو ئامانجانەی گروپەکەتان لە دوویانە، چین و تا چەندێک یاسایین و پابەندی یاسای ڕێکخراوبوون و تێکۆشانی یاسایی دەبن؟

پێموایە لە وەڵامی پرسیارەکانی سەرەوەدا من باسم لە ئامانجەکانی ئەم گروپە ‌و جۆری چالاکییەکان بۆ بەدەستھێنانی ئەو ئامانجانە کردووە. بۆیە لێرەدا ھەوڵدەدەم بەکورتی لە وەڵامدا شتێک بڵێم: ئەرکی ئێمە لەو گروپەدا، کۆمەک و پشتیوانییە بۆ ھەموو ئەو داخوازییانەی کە کەسانی دانیشتووی شارەوانیەکە ھەیانە و بەشداریکردنە لە ناڕەزاییکردنەکاندا، جا ئیدی ھەر شێوەیەکی بەخۆوە گرتبێت و بگرێت. بە بۆچوونی ئێمە،‌ ناتوانرێت ھیچ یەک لەو کارانە بەشێوەیەکی ڕێکوپێک ئەنجام بدرێت، ئەگەر خەڵکەکە خۆی لە ڕێکخستنێکی ناھیراشیانەدا ڕێکنەخات و کەمپەینی سەرومڕی بۆ نەکات و بە کار و چالاکی ڕاستەوخۆ، ئەگەر پێویست بێت، ھەڵنەستێت. ئەمە ھەنگاوێکی زۆر بچووکی ئەو ڕێڕەوەیە،‌ کە ئێمەی ئەنارکیست لەو گرپەدا گرتومانەتەبەر و لە ھەمان کاتیشدا ئەوە دەزانین، کە ئەمانە نەک ھەر بەس نین، بەڵکو ھەنگاوێکی زۆر ئاسایی و بچووکن لەپێناو گۆڕینی سیستەمەکە بۆ جۆرێک لە سیستەمی بەیەکەوەژیانی ئاشتیانە ‌و ئارەزوومەندانە ‌و خۆبەخشانەی خەڵکی، تاکو کۆمۆنێتیەکە بەکۆمەڵ بڕیارەکان بدەن و بەھەرەوەزی کار بکەن و لە کۆمەڵگەیەکی بێچین و بێسەروەر و دوو لە پێکھاتەی ھیرارشی و بە یەکسانی و بە ئازادی دوور لە ھەموو جۆرە چەوساندنەوەیەک و ھەڵاواردنێک، بژین. بۆ ئەمەش ئامانجی سەرەکی ئێمە،‌ یەکخستنی چالاکی ھەموو گروپە خۆجێییەکانی شار و ناوچە و ھەرێم و دواتریش سەرتاسەرە ئەوەی کە پێیدەڵێن وڵات، لەسەر بنەمای دیمۆکراسی ڕاستەوخۆ، بێ لەدەستدانی سەربەخۆیی گروپە خۆجێییەکان خۆیان . ڕەنگە لەسەر ئەمانە بتوانین زۆر قسە بکەین و نموونە و بەڵگە لێرە و لە شوێنی دیکە بھێنینەوە،‌ بەڵام من لێرەدا دەوەستم.

سەبارەت بە ‌بەشی دووەمی پرسیارەکە، دەڵێم ئەمڕۆ لە بریتانیادا شتێک نەماوەتەوە، واتە ناڕەزایەتیێک چالاکییەک گەر بتەوێت کاریگەر بێت، ھەتا نووسینی وتارێکیش، کە یاسایی بێت، یاساکان ھاتوونەتە نێو ھەموو کونج و کەلەبەرێکی ژیانمانەوە چ لەنێو خێزاندا، لە شوێنی کار، لە پشوودا -پشووی ساڵانە-دا و چ لەسەر شەقامەکان. ئەگەر لە ئەنجامدانی کارێک و چالاکییەکدا پابەندی یاسا بیت، بۆئەوەی کارایی خۆی ھەبێت و سەرەنجامێکی خوازراوی ھەبێت، ئەوا بواریکیان بۆ خەباتی سەربەخۆی جەماوەریی نەھێڵاوەتەوە. ئەمڕۆ ھەر بەپێی یاسا و بەناوی یاساکانەوە، پۆلیس دەتوانێت گردبووونەوەیەکی ٥ کەسی قەدەخە بکات، نەھێڵێت تۆ تەنھا بەیاننامەیەک یا نامیلکەیەک و راگەیاندنێک لەسەر شۆستەکان دابەش بکەیت یا مێزێک دابنێیت و پڕۆپاگەندە بۆ بیروباوەڕ و چالاکییەکانت بکەیت، ھەر بەئاسانی پۆلیس دەتوانێت بەناوی ڕێگەگرتن لە ھاتووچۆی خەڵکی، بەناوی داگیرکردنی شوێنی گشتییەوە، بەناوی دروستکردنی مەترسی پێھەڵکەوتنی خەڵک و گەلێک لەم بیانووە پڕوپوچانە، خۆت و بەیاننامە و بڵاوکراوەکانت و مێزەکەشت بپێچێتەوە.

لە ڕۆژی ١٤/٠٧/٢٠١٢ دا بوو، کە ناڕەزایەتیێکی ٢٠ کەسیمان لە بەردەم ئەیجنسی (نووسینگە)یەکی کڕین و فرۆشتن و بەکرێدانەوەی خانووبەرەدا، کە پارەی دوو کرێچییان خواردبوو، کرد، بەڵام پێش گەیشتنمان ٣ سەیارەی پڕ لە پۆلیس ڕاوەستابوون، دیار بوو پێشتر زانیبوویان. گەرچی ناڕەزایەتییەکەی ئێمە ئاشتیانە بوو، داوای ڕەوامان ھەبوو، کە وەرگرتنەوەی پارەی ئەو دوو کرێچییە بوو، کەچی پۆلیس گەڕی ئەوەی پێدەکردین، کە ئێمە زۆرین و دەبووایە مۆڵەتی پۆلیسمان بۆ ھەستان بە ناڕەزایەتیەکە وەبگرتایە و شۆستەکەمان داگیرکردووە ڕێمان لە ھاتووچۆی خەڵک گرتووە. ھەوڵی پەیگیرانەیان دەدا، تاوەکو لەوێدا دەرمان بکەن، بەڵام ھاوڕێیەک بەدەنگی بەرز، تاکو خەڵکانی ڕێڕەو، گوزەرکەر گوێێان لێبێت، پێیوتن “باشتروایە ئەوان لە ئێمە بگەڕێن و کارەکانی خۆیان ئەنجام بدەن، لە وتنی ئەم تووڕەھاتانە بوەستن، گەر ئەوان دز و تاوانبار دەگرن، ئەوەتا لە بەردەمیاندان و لە نووسینگەکەدان”. پێی وتن “ئەوە ئیشی ئەوانە،‌ نەک دەرکردنی ئێمە”. بەھەرحاڵ پاش مشتومڕێکی زۆر کۆڵیان دا و کەوتنە پاراستن و پاسەوانیکردنی نووسینگەکە ‌و کاربەدەستەکانیان، وایاندەزانی ئێمە ھێڕش دەکەینە سەر کاربەدەستانی نووسینگەکە.

من لە ھەندێک لە نووسێنەکانمدا باسم لە ڕۆڵ و ڕاستێتی یاسا لەم وڵاتەدا سەبارەت بە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی و مانگرتن و ئازادی خەڵک و سەندیکا و گروپەکان، لە کردنی کار و چالاکییەکانیاندا، کردووە، بۆیە لێرەدا دووبارەکردنەوەی بەپێویست نازانم.

بەپێی ئەوانەی کە لەسەرەوە باسمکردن، ئەگەر بە وردی لە یاساکانی بریتانیا ورد ببینەوە ‌و بەباشی سەرنجی ناوەرۆکی یاساکان سەبارەت بەکردنی ھەر چالاکییەک، کە بتەوێت گۆڕانکارییەک بکات، بدەیت، سەرجەمی ئەو کار و چالاکیانەی کە گروپەکەی ئێمە ئەنجامیان دەدات، نایاسایین، ھەر بۆیەش گەلێک جار لەتەک پۆلیسدا ڕووبەڕوی دەمەقاڵە ‌و مشتومڕ بووینەتەوە.

بۆ ئەوەی کە خەڵکی لە مافی خۆی بەئاگا بێت، لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو کێشانەی سەرەوەدا ھەند‌ێک لە ھاوڕێیانی ئێمە دوای پشکنین و گەڕان بەدوای زانیارییەکاندا بڵاوکراوە و راگەیاندنیان سەبارەت بە ” مافەکانت بزانە” کاتێک لەتەک پۆلیسدا کێشەت دەبێت، بە زمانی ئینگلیزی و تورکی و عەرەبی و فارسی و کوردی، بڵاو کردەوە ‌و لە ھەموو ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان و مانگرتنێکدا بە ‌بەردەوامی دەیبەخشینەوە. ھەروەھا نامیلکەیەکیش لەژێر ناویNo Comment، The Defendant’s Guide to arrest، کۆپییەکی زۆرمان لێکردووە. ئەمە بێجگە لەوەی ژمارەیەکی زۆر لە یاساناس و پارێزەر ھەن، کە بەرگری لە خەڵکانی وەکو ئێمە، بەبێ پارە ، بەخۆڕایی دەکەن. ‌ 

__________________________________________________

 

* زاھیر باھیر، یەکێک لە چالاکانی گروپی ھاوپشتی ھارینگەی (Haringey Solidarity Group (HSG.

 

 

بەشی یەکەم   ……

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.