Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
هەڵبژاردنەکان موقەدەسی سیاسی دروستدەکەن

هەڵبژاردنەکان موقەدەسی سیاسی دروستدەکەن

Closed
by September 13, 2013 گشتی

 

 

 

 

لەئێستایا،مەبەستمان لای ئێمە،لە کۆمەڵگەی هاوچەرخی کوردی،کردەی سیاسی و دیدی ئاینی ئاوێزانییەکدیبوونە و گشت ئاماژەکانیش پێماندەڵێن دیدی ئێمە بۆ سیاسەت دیدێ لاهوتییە و شوێنێک لە هەنووکەدا لەناو سیاسەتی کوردی بۆ چەکەرەکردنی سێستەمی سیاسی ئیدیاڵ، کە بە پێچەوانەی کۆنخوازی سیاسی بکەوێتەگەڕ، بوونی نییە. بۆئەوەی لەم لایەنەش تێبگەین، یاخود لەو پەروەردە سیاسییە بگەین موقەدەسی سیاسی دروستکردووە پێویستمان بەوەیە ڕیشەی سێستەمی سیاسی ئێستامان لەبنڕا هەڵوەشێنرێتەوە و باشەی سیاسی لە خراپەی سیاسی جوداکرێتەوە.بەپێیئەوەی موقەدەسی سیاسی ڕابەری سیاسی ڕەها دروستدەکا ئەمەشوادەکا ئەم ڕابەرە وتنەکانی شێوەێ یەزدانی وەرگرن، ئەڵبەتە زۆربەی وتنەکانیش بەناوی نەتەوە، خاک و خەڵکەوە گوزارەیانلێدەکرێ، زۆر ئاساییە وتاری سیاسی ئێستامان لە فۆڕمی وتاری بتگەرای خۆینیشاندا. گشت ئەو قسانەش لەئێستایا ، لەژێرسایەی ئەم هەڵبژاردنە خێڵەکییەی لەئارادایە ، لەسەر لیبرالیزم، بازاڕی ئازاد ، مافی مرۆڤ و تەنانەت دیموکراسیەت و پەرلەمەنتاریزم دەکرێن سەرچاوەێ لاهوتیی سیاسییان هەیە، یان سیاسەت بۆ گشت ئەوانەی لە کۆمەڵگەی هاوچەرخی کوردی دا سیاسەتدەکەن وەک شتە لاهوتیەکان موقەدەس و ئەبەدییە. لەهەمانکاتا هەڵبژاردنەکان دۆزێ سیاسیان ئەوتۆیان  هێناوەتەپێشێ موڕال لە شتە لەبیرەوەچووەکان بێ، موڕاڵ نەتوانێ هیچ بگۆڕێ. بۆیە دەشێ لێرە ئەفسووس ئاماژە بۆئەوەشکرێ کە هەڵبژاردنەکان وایانکردووە موڕال ببێ بە گاڵتەجاری و تێگەیشتنێ قووڵ لەسەر موڕاڵی سیاسی وەک کردەێ کوشندە و ڕێگر لەبەردەم گشت جووڵە سیاسییەکانا تەماشاکرێ. ئەمەش لەسەر ئەو بناغەیەی گوایە سیاسەت و موڕال یەکناگرنەوە بەس لێرە کێشەکە لەوێدایە ئەم جۆرە بینینانە بۆ سیاسەت، کەلەئێستایا لە کوردستان بەپەلە نەشونمادەکا،پاساودانی دۆزێک دەکەن لە چەپاندنی سیاسی بەولاوە شتێ ئەوتۆ لەناو خەڵک دروستناکا. ئەمەش زۆر حەیف ئەوەمان لایەقیندەکا کە تەماشاکردنێ میتافیزیکیی بۆ سیاسەت لەئێستایا لە کوردستان لە نەشونمادایە. ئەمجۆرە دیدەپیرۆزی سیاسی دروستدەکا و زەمینەش بۆ پەرتی سیاسی،لە کۆمەڵگە، دەسازێنێ.ئەمەش سەرچاوە لەو تەماشاکردنە سیاسییەوە هەڵدەگرێ کە پێماندەڵێ هێزی سیاسی کوردی خەریکی کەرتکردنی تاکەکانی کۆمەڵگەیە،خەریکی یاریکردنێ سیاسییانەیە بە هەستی نەتەوەی.ئەم جۆرە سیاسەتە پسپۆڕ لە ناسیۆنالیزم دروستدەکا،ئەڵبەتە بەشێوازی خۆی، دەلیلیشمان لەسەرئەوە ئەو دۆزەیە هەڵبژاردنەکان لە هەنووکەدا هێناویانەتەگۆڕێ. گومانیشیناوێ لە دەمووەختی هەڵبژاردنا ،وەک هەمیشە، دەیەها پسپۆڕ لە ناسیۆنالیزم دەردەکەون لێ ئەوەی ئەمانە تیماریناکەن خودی کێشە ناسیۆنالییەکانە.هیچنەبێ لەبەرئەوەی ئەمانە دروستکەری دەردی تری ناسیۆنالیین و بێئاگاشنلەوەی ئەو سیاسەتە خێڵەکییەی پارتە سیاسییەکان بەبێ جیاوازی پیادەیدەکەن وایکردووە باوەڕ بە نیشتیمان ڕوو لە ئاوابوون بنێ. بەمجۆرە کێشەی هەڵبژاردنەکان لەم دیدەوە لەوێوە سەرچاوەدەگرێ کە ئەوەی تێگەیشتن بۆ گوزارەگەلێ سیاسی وەک لیبرال دیموکراسی یاخود پەرلەمەنتاریزم دەسازێنێ تێگەیشتنی خێڵەکیین و ناشتوانن دیدی لاهوتی لە دیدی نالاهوتی جیاکەنەوە. ئەمەش بەپێیئەوە ئەو ئیدیا سیاسییانەی هەڵبژاردنەکان بەرهەمیدێنن والە سیاسەتکردن دەکەن لە ڕابردوودا بژی.لەوەش ترسناکتر ئەوەیە جیاکارەی سیاسی کە گەلێ پێویست بوو لە دەمووەختی هەڵبژاردنەکانا دروستبێ دروستنەبوە و بیری سیاسی ناسیۆنالیستیش لە پێچەوانەکەی جیانەکراوەتەوە. بۆیە ئەزموونی هزری سیاسی پارتە سیاسییەکان بێ جیاکارەیی ئیشیخۆیان دەکەن و چاکی سیاسی بەئەستەم لە بەدی سیاسی  جیادەکرێتەوە. لێرەوە دەشمانەوێ هێما بۆ ئەو لایەنەبکەین کە بەهۆی هەڵبژاردنەکانەوە بەئاسانی دەتوانین لە هزری سیاسی پارتە سیاسییەکان تێبگەین کە چەند کاریگەریان لەسەر دروستکردنی موقەدەسی سیاسی هەیە و چۆنیش ئەم موقەدەسە سیاسییە لەژێرەوە لەسەر کۆنفلیکت (ململانێ) و دوژمنایەتی دەژی.ئەوی تائێستا زۆربەی پارتە سیاسیەکان و بگرە ڕوناکبیرانیش تایبەت بەم لایەنە دەرکییان پێنەکردووە ئەوەیە کە دروستکردنی موقەدەسی سیاسی کاریگەری گەورەی بەسەر لەسیاسەتخستنەوە بەجێهێشتووە. ئەمەش بەزۆری لەبەرئەوەی خێڵەکیەتی  هەڵبژاردنەکان سروشتی سیاسییان گۆڕیوە و باشە و خراپەیان تێکەڵبەیەکدیکردووە. هاوکات ئەو دەستەبژێرە سیاسییەی کارلەسەر سەروەری سیاسی خۆیدەکا زۆرترین موقەدەسی سیاسی لە کۆمەڵگا بەرهەمدێنێ و یان تائەوپەڕی کاربۆئەوەدەکا کۆمەڵگەیێ بەسیاسیکراومان بداتێ. بەپێیئەوەی موقەدەسی سیاسی جیاوازی سیاسی پشتگوێدەخا ئەمەوادەکا ڕوون نەبێ پرسی سیاسی چ جۆرە پرسێکە؟ بەواتاێکی بەپێزتر،ڕووننییە لەئێستایا چۆن پرسی سیاسی دێتەسازان؟ کە دەشووترێ ئەگەری سیاسی ئاشکرانییە مەبەست لە ئەگەر سیاسی چییە؟ چۆن شتێک دەبێ بە ئەگەر ؟ ئەمجار بۆدەبێ ئەگەری سیاسی هەبێ؟ 

لەگشت ئەوی لایسەرەوە وترا سەیرتر ئەوەیە کە بەپێیئەوەی هەڵبژاردنەکان موقەدەسی سیاسی دروستدەکەن ئەم لایەنە ناڕوونیێکی سیاسیی زۆری لەگەڵخۆیداهێناوە و ئەمەش ڕەنگدانەوەی خۆی لەسەر پرۆژەی نیشتیمانی جێهێشتوە و پرسیارگەلێ وەک پرۆژەی نیشتیمانی چییە؟ یان کاکڵی پرۆژەی نیشتیمانی لەچی پێکدێی؟ دروستکردووە. تەنانەت بانگەشەکان بۆ هەڵبژاردنەکان بەجۆرێ پیادەدەکرێن ئاشکرانییە ئایدیۆلۆژیست کێییە؟ بۆ دەبێ ڕقمان لە کەسی ئایدیۆلۆژیست بێ؟ یانیش کەسی ئایدیۆلۆژیست بەچیمان دەگەیێنێ؟ بۆیە لەمدەموەختانەدا سیاسەت پتر لەگشت کاتێتر موقەدەسی سیاسی پەروەردەدەکا و سیاسەتی نابیناش گشتدەکا. مادام موقەدەس ئەو شتەیە کە دروستکەری سیاسییە ئەمەوادەکا ئێمە لەناو جۆرە دوژمنگەرایێ سیاسی نەزۆک بژین کە بێئەندازە لەڕووی سیاسییەوە بێبەرهەمە. هەرلەبەرئەوە پێویستمان بە ڕەخنەکردنی ئەو لیبرالیزمە خێڵەکییەیە لەئێستایا لە کوردستان لەژێر چەتری موقەدەسی سیاسی نەشونما دەکا.بیریشماننەچێ واتاگەلێ وەک خەباتی پێشمەرگایەتی و کوردایەتی لەڕۆژی وادا بەشێکن لەو خێڵەکییە سیاسییەی لەئێستایا بێئەندازە لە کۆمەڵگە گەشەدەکا و سەرسامبوونێ سیاسی زۆریش دروستکردوە. چونکە ئەو دوو واتایە (پێشمەرگایەتی و کوردایەتی) بە فلتەری پارتایەتیدا تێدەپەڕن و بەشداری سەرەکیش لە خوڵقاندنی هەلو مەرج بۆ دروستکردنی موقەدەسی سیاسی دەکەن.بۆپتر ڕوونکردنەوەی ئەوی ووتمان دەچینەوە سەر بینینێ سیاسی بیرمەندی ئەڵمانی کارل شمیت کە پێیوایە”خراپترین جەنگ بەناوی ئاشتییەوە پیادەدەکرێت،خراپترین چەوسانەوە بەناو ئازادییەوە پراکتیزەدەکرێت هەروەها خراپترین دڕەندەێتی بەناوی مرۆڤایەتیەوە بەڕێوەدەچێت”. ئەم جۆرە سیاسەتە والە کۆمەڵگە دەکا بیکا بە زیندانێ سیاسی یان کۆمەڵگە دەبێ بە دەزگایێ ئایدیۆلۆژی بۆ دەسەڵاتی سیاسی. ئەڵبەتە گشت چەپاندنە سیاسییەکانیش لێرەوە کاریخۆیان ئەنجامدەدەن و هیوا سیاسیەکانیش بێ بەها دەبن. لێرەوە پێویستمان بەوەیە قسەێ لە زیگمۆن باومانەوە قەرزکەین کە خۆی لەسەر قسەی فەیلەسوفی یۆنانی- فەڕەنسی کۆرنێلیۆس کاستریادیس Cornelius Castoriadis دەسازێنێ کە دەلێ “من هیوای ئەوەناخوازم جیهان بگۆڕم بەڵکو هیوای ئەوەدەخوازم مرۆڤەکان ڕەفتاری خۆیان بگۆڕن هەروەکئەوەی زۆرجار پێشتر لە مێژوودا ئەوەکراوە”.

 

ئازاد حەمە، مامۆستای فەلسەفە لە زانکۆی سلێمانی

azadhama500@yahoo.fr

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.