Skip to Content

Saturday, December 5th, 2020

هەڵسەنگاندی بەهاری عەرەبی لە نێوان ئەخلاق و سیاسەتدا

Be First!
by January 28, 2012 گشتی

لە کاتێکدا بەهاری عەرەبی بۆ ئەوانەی ئەم ناوەیان لێناوەو دڵیان پێی خۆشەو باوەڕیان پێیەتی کە خەونە لەمێژینەکانیانی تێدا دێتەدی، وەرزی ژیانەوەو مژدەهێنەری کۆتاییهاتنی زوڵم و ستەمە، بۆ هەندێکانی تر ئاوابوونی خۆرو بارانی ژەهراوی و مەرگە. و بۆ لایەنێکی تری سێهەمیش، واق وڕمان و حەپەسان لەوەی ڕوودەدات و گومان و دوودڵی و ترس لە ئایندەیە.
لەم ناوەدا هەموو ڕووبەڕووی ڕووداوێکی گەورەی وا دەبینەوە کە دیرۆکی ئەم ناوچەیە بەخۆیەوە نەدیتووەو لەسەر ئاستی جیهانیش تەنیا دوو نموونەی هاوشێوەیمان هەیە ئەویش شۆڕشەکانی ئەوروپای ڕۆژئاوای دوابەدوای سەردەمی ڕابوون، و نموونەی دوومیش شۆڕشەکانی ئەوروپای ڕۆژهەڵاتی سێ دەهە پیش و هەرەسهێنانی یەکیەتی سۆڤیەت و وڵاتانی بە ناو سۆسیالیزمە. بۆ شیکردنەوەو لێکدانەوەو مامەڵەکردنیش لەگەڵ ئەم ڕووداوە گەورەیەدا کە هێشتا لەسەرەتا دایە دوو شێوازو مێتۆد لە ئارادایە. یەکەمیان مێتۆدی ئەخلاقی و دووەمیان سیاسی. لە مێتۆدی یەکەمیاندا بەرلەهەرشت ڕووبەڕوی ئەو پرسیارە دەبینەوە کە: ئایا کامە لایەنە شایستەی پشتگیرییە..؟ بەڵام لە مێتۆدی دووەمیاندا ڕووبەڕوی پرسیارێکی تر دەبینەوە کە چی لەبەرژەوەندی من یان ئێمەدایە..؟
زۆرکەس و لایەن، و زۆربەی جاران ئەم دووپرسەو وەڵامەکانیان بە زانابوون یان نەزانی، تێکەڵ یەک دەکەن. و لە گۆشەنیگای بەرژەوەندییەکی سیاسیی ڕووتەوە، هەڵسەنگاندن ئەنجام دەدەن. بەو واتایەی ئەو ئاکامانە هەمیشە باشن کە لەبەرژەوەندی من یان ئێمە بن و لەگەڵ ئەو لایەنەشین کە ئەو بەرژەوەندییانە ڕەچاو بکەن و بۆگەیشتنیش بەئاکامە خوازراوەکان هەرکارێک ئەخلاقی و مەشروعە. بەڵام ئەمە بیرکردنەوەیەکی کورتبینانەو دوور لە مێتۆدی ئەخلاقی و مەشروعیەتە. چونکە لەدیدێکی ئاواوە دەکرێ بەرژەوەندییەکانی ئێمە لەگەڵ دیکتاتۆرێک یان ڕژێمێکی ستەمکار لەقۆناغێکدا یەک بگرێتەوە. ئایا دەکرێ ئێمە بکەوینە ناو بازنەی ئەو دیکتاتۆر یان ڕژێمەو چەپڵە بۆ کوشتنی خەڵک و سەرکوتکردن لێ بدەین.. کارێکی وا لەجیهانی سیاسەتدا زۆرە، بەڵام دژی هەر بایەخێکی ئەخلاقیە.
لەکاتێکدا ئەمڕۆ لەزۆربەی ئەو وڵاتانەدا کە شۆڕشی گەلان سەرکەوتنی بەدەست هێناو ئەوانەش کە هێشتا لە ڕێگادان، دەبینین ئیسلامییەکان بەرهەمی خوێن و خەباتی لاوانی شۆڕشگێر دەچننەوەو دەسەڵات دەگرنە دەست. و ئەمە وای لە زۆربەی لیبرال و چەپ و بەگشتی سکولارەکان کردووە، بە بیهیوایی و ڕەشبینییەوە مامەڵە لەگەڵ ڕووداوەکاندا بکەن. بەو پێیەی ڕژێمەکانی موبارەک و بن عەلی و قەزافی و ئەوانی تریش وەک بەشار ئەسەدو عەلی عەبدوڵا سالح.. گەرچی دیکتاتۆرو تاکڕەوو ستەمکار بوون، بەڵام  هێشتا باشترن لەوەی ئیسلامییەکان جێگایان بگرنەوە. چونکە  ئەگەر وابێت لەداهاتووی ئەم وڵاتانەدا شاهیدی دەسەڵاتی ئیسلامی وەک ئەوەی سۆمال، و یانیش لەباشترین حاڵەتەکاندا نموونەی عەرەبستانی سعودی و ئێران دەبینەوە.
 ئەوەی کە مانەوەی ئەو ژێمانە لە ڕژێمێکی ئیسلامیی باشترە، بە بڕوای من لێکدانەوەو هەڵسەنگاندنێکی لەمجۆرە نەک هەر هەڵەیە بەڵکو مەترسیدارو هیواشکێنیشە. و بچوککردنەوەی ئەو ڕووداوە گەورانەو کاریگەریی ئەو ڕاپەڕینە شکۆمەندانە و ئاکامە دوورەکانییەتی. کە تەنیا بە گۆڕینی ڕژێمێک و هاتنی یەکێکی تر.  لاچوونی دیکتاتۆرێک و جێگەگرتنەوەی بەیەکێکی تر سنووردار نابێت. بەڵکو کاریگەرییەکانی هێندە درێژخایەنن کەبۆ دەیان ساڵ و ڕەنگە چەند سەدەش بڕۆن. و ئاکامی ئەم شۆڕشانە نابێ تانیا لەوەدا ببینینەوە کەلەهەڵبژاردنەکاندا چ هێزێکی سیاسیی دێتە سەر دەسەڵات. بەڵکو چوارچێوەی گۆڕانکارییەکان گەلێک سنووری تری کۆمەڵایەتی و ئابووریی و ڕٶشنبیری و تەنانەت دەروونیش دەربازدەکات. و ئەوەی ئەم شۆڕشانە دەیگۆڕێت بەر لەهەر شت ئاستی هۆشیاری خەڵکە. ئەگەر بەراوردی کۆمەڵگاکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەنێوان ئەمڕۆو ساڵێک لەمەوبەردا بکەین، موعجیزەی شۆڕش دەبینین کە چ کاریگەرییەکی لەسەر بیری مرۆڤ هەیە. ساڵێک پێش تەنیا ئیلێتێکی سیاسی و ڕۆشنبیر دەیانزانی چەمکەکانی وەک، دەسەڵاتی سڤیل، مافەکۆمەڵایەتییەکان، مافە سروشتییەکان، فرەیی، قبوڵکردنی یەکتر، دەستاودەستکردنی دەسەڵات، مافی هاوڵاتیبوون، جوێکردنەوەی دەسەڵاتەکان، کۆمەڵگای مەدەنی، عەدالەتی کۆمەڵایەتی، ئۆپۆزسیۆن لەسیستەمی دیموکراسیدا… و چەندان چەمکی تر چین. بەڵام ئەمڕۆ ئەم چەمکانە بوونە ئەو شتانەی هەمووان پێی ئاشنابوون. هەر ئەمەشە بۆتە هۆی ئەوەی تەنانەت ئیسلامییەکانیش گوتاری خۆیان بگۆڕن و سواری شەپۆلی ڕۆژگار ببن.
هەربۆیە هەڵسەنگاندنەکانی ئێمەش دەبێ لەقاڵبی کۆن بێتە دەرەوەو جارێکی تر بەسەر پرەنسیپەکاندا بچینەوە. هێزە سکولارەکان بەساڵانە داوادەکەن پارت و گروپە ئیسلامییەکان زمانی توندوتیژی و شمشێری پیرۆز فڕێ بدەن و بێنە ناو پرۆسەی سیاسی و فرەیی قبوڵ بکەن و لەڕێگای سندوقەکانی دەنگدانەوە دەسەڵات بگرنە دەست و لەهەمان ڕێگاشەوە لەدەستدانی ئەو دەسەڵاتە قبوڵ بکەن. ئەمڕۆ کاتێک ئەو هێزە ئیسلامییانە، تەواوی گوتارەکانی پێشووی خۆیان گۆڕیوەو ملیان بۆ واقیعێکی نوێ کەچ کردووە، چ پاساوێک لەئارادایە ئەم هەلەیان پێ ڕەوانەبینرێت و بەهانەی وەک ئەوانە درۆزنن و ئەگەر دەسەڵات بگرنە دەست، ڕەنگە دیموکراسی لە باربەرن، هێشتا دژایەتی بکرێن..؟ ئەمە مل کەچکردن نییە بۆ پارتە ئیسلامییەکان بەڵکو مامەڵەکردنێکی بابەتیانەیە لەگەڵ هەلومەرجێکی نوێ. من پێموایە دەسەڵاتێکی مەزهەبی چ ئیسلام بێت یان ئاینێکی تر لە بناغەوە ڕتدەکرێتەوە. بەڵام ئەم ڕەتکردنەوەیەش هەر دەبێ لە ڕێگای سندوقەکانی دەنگدانەوە بێت. بەم واتایەی ئەگەر پارتێکی ئیسلامی لەڕێگای هەڵبژاردنەوە دەسەڵاتی گرتە دەست مەشروعیەتی بەڕێوەبردنی دەسەڵاتی لەدەستدادەبێت و پێویستە هەموو ئەو مەشروعیەتە قبوڵ بکەین. بەڵام لەهەمان کاتدا هەوڵیش بدەین لەهەڵبژاردنەکانی داهاتوودا ئەو دەسەڵاتەیان لێ بستێنینەوە. ئەمە لە بنچینە هەرە سادەکانی دیموکراسییە. ئیتر یان نابێ ئێمە بانگاشەی دیموکراسی لێبدەین، یانیش دەبێ دۆڕان و بردنەوەکان وەک یەک قبوڵ بکەین. ئیتر ئەو پارتە ئیسلامییە ئەگەر دەسەڵاتی گرتە دەست و لەدیموکراسی هەڵگەڕایەوەو حکومەتی خەلافەتی پیادەکرد، کێشەیەکی ترەو ئەوکات خەڵکیش مێتۆدی ڕووبەڕووبوونەوەی خۆی دەگۆڕێت. و ئاکامی هەڵبژاردنەکان نیشاندەری ویستی خەڵکە، و مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو ویستە چەندە تاڵیش بێت، جگە لە قبوڵکردن چارەیەکی تر نییە. و ئەوەی ئەمڕۆ ڕوودەدات قۆناغێکە دەبێ ببڕدرێت. کورتی و درێژییەکەی و ئەوەش کە کەنگین ئەم قۆناغە ڕێچکەی درووستی خۆی دەبینێتەوەو پێ دەنێتە قۆناغی دواتر ، بەرپرسیارێتی هێزە پێشکەوتنخوازەکانەو پەیوەستەی ئاستی عەقڵانییەتە لە ڕەفتارە سیاسییەکاندا.
دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکان، کە دەیان ساڵە هەموو لایەکیان بە ئیسلامییەکانیشەوە سەرکووتکردووەو هەمیشە ئەو ترسەیان وەبەر هەمووان ناوە کە ئەگەر بچووکترین بوار بەو ئیسلامیانە بدرێت کۆمەڵگا دەگێڕنەوە سەدەکانی ناوەڕاست، لە ڕاستیدا کارەکە درووست پێچەوانە بووە، و ئەوەی کۆمەڵگای لە پێشکەوتن ڕاگرتووە، و جەهل و خوارافاتی بڵاوکردۆتەوە خودی ئەو دەسەڵاتانە بوون. چونکە لەسەرێکەوە ئەوان بەسەرکوتکردن هیچیان لە مێشکی خەڵکی پێ نەگۆڕدراو ئەمڕۆ کەدەبینین ئیسلامییەکان لەهەڵبژاردنەکاندا سەردەکەون یەک لەهۆکارە هەرە سەرەکییەکان دواکەوتوویی و هەژاری و بەدبەختی خەڵکە کە ئۆباڵەکەی لەئەستۆی ئەو دەسەڵاتە سەرکوتکەرانەن کە لەبری ئازادی و نان و دادپەروەریی، دزی و گەندەڵی و تەزویر لەهەڵبژاردنداو ترس و تۆقاندن و سزادانیان پەیڕەو کردووە.
لەمانەش بترازێ. ناکرێ کە هێزێک هێشتا تاقی نەکراوەتەوە حوکم بدرێت. و ئێمە دەکرێ هیچ کات لەهەڵبژاردنەکانماندا دەنگ بە هێزێکی ئیسلامی نەدەین و پێشمان وابێ کە ئەوانە خاوەنی هیچ پڕۆژەیەک نین. بەڵام یان دەبێ کودەتایان بەسەردا بکەین، یانیش لێگەڕێین بە ئەزموونی خۆیاندا تێپەڕن. ئیتر یان فێردەبن بەشێوازێکی سەردەمیانە، سیاسەت پەیڕەوبکەن، و وەک پارتە دیموکرات مەسیحەکانی ڕۆژئاوایان لێدێت، یانیش هیچیان لەهەگبەدا نامێنێت و دەڕۆن. ئەگەر نەشڕۆیشتن و هەمان خۆسەپاندن و ستەمی چەند ساڵەیان پەیڕەوکردەوە، دەبێ باوەڕمان هێندە بەخەڵک و ویستە پیرۆزەکانی هەبێت، کە توانای ڕووخاندنی هەر هێزو دەسەڵاتێکی ستەمکاری هەیە. ئەوەی ئەم شۆڕشانەی هەڵگیرساند نەئیسلامی بوون، نەچەپ و ڕاست. بەڵکو گەنجان، ئەوانەی لەسەرەتاییترین بەهاکانی ژیان بێبەشن. و ئەم گەنجانەش هەر لە گۆڕەپانەکەن.
ئەوەی خەڵکی ڕازی دەکات، ڕەنگە سەرەتا درووشمگەلێکی مەزهەبی و یاریکردن بە عاتیفەیان بێت. بەڵام لەئاکامدا، و لەهەر کات و سات و کۆمەڵگایەکدا خەڵکی بەدوای بەهامرۆیی و ژیان و پێداویستییە مادییەکانی خۆیانەوەن.
کەواتە جارێکی تر دەگەڕێینەوە سەر ئەو پرسە ئەخلاقییەی کە کامە لایەنە شایستەی پشتگیریین..؟ وەڵامەکەی بەر لەوەی بڵێین لەگەڵ کێداین و پشتگیریی کێ دەکەین، دەبێ پڕ بەدەم هاوار بکەین کە لەگەڵ هیچکام لەو ڕژێمە ستەمکارو سەرکوتکەرانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەهەبوونی جیاوازیشەوە لە نێوانیادا نین. ئێمە بەرلەوەی باس لە ناسنامەی مەزهەبی و نەتەوەیی و سیاسیی مرۆڤەکان بکەین دەبێ بەو پێیە ڕەفتاری خۆمان و هەڵوێستمان دیاریی بکەن کە پێگەی ئەو مرۆڤە لە کوێدایە. ئایا زۆردارە یان زۆرلێکراو، دەسەڵاتدارە یان بێدەسەڵات..؟ بەو واتایەی مرۆڤێکی ستەملێکراو چ جیاوازییەکی هەیە شیعە بێت یان سوننە، عەرەب بێت یان کورد، مەسیحی بێت یان موسوڵمان.. چۆن دەکرێ ئێمە لایەنگریی خەڵکی لیبیابین، بەڵام دژی ڕاپەڕینی خەڵکی بەحرەین بین و بڵێن ئەوانە لە ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن..؟ چۆن دەکرێ لە گەڵ خەڵکی سوریاو دژی ژێمەکەی بەشار ئەسەد بین بەڵام بەشەرمەوە باس لە عەلی عەبدوڵا سالح بکەین و بڵین ئەگەر ئەو بڕوخێت قاعیدەو حوسیەکان مەترسیدارترن.. ئەم جۆرە دووفاقەییانە لە سیاسەتدا هەیە نەک لە ئەخلاق. زۆر جار بەهەڵەیەکی یەکجار گەورەوە دەگوترێت: سەیرکەن ڕووخانی سەدام حوسن چ کارەساتێکی لێ کەوتەوە..؟ ڕووخانی ڕژێمەکانی تری وەک سوریاش هەمان کارەساتی بەدواوە دەبێت.!! هەڵەکە لە پێشبینییەکەدا نییە. بەڵکو لەوەدایە کە کێ هۆکاری کارەساتەکەیە. کارەساتی عیراق لەمەوە نەبوو کەسەدام حوسێن ڕووخا. بەڵکو لەوەوە بوو کە کەسێکی وەک سەدام حوسێن لەسەر کاربوو. ئەگەر پاش ڕووخانی بەشار ئەدەسیش کارەسات درووست ببێت، لەبەر ڕووخانەکە نییە بەڵکو لەبەر بوونی ئەو سیستەمەیە لەسەردەسەڵات. و لەڕاستیدا ئەو ڕژێمانە بەزانابوون هەلومەرجێک دەهێننەکایەوە تا دوای خۆیان جیهان بەسەریەکدا بڕمێت و بۆئەوەی ئەمەڕوونەدات لێگەڕێین تا ڕۆژی حەشر ستەم و چەوساندنەوەو خوێنڕشتن لەوانەوە، و ملکەچی و بێدەنگیش لەخەڵکەوە بەردەوام بێت..! سەیرەکە لەمەدایە ئەوەی ئەو سیستەمە سەرکوتکەرانە چەندان دەهەیە پەیڕەوی دەکەن، هەر هەمان شتە کە هێشتا بەشێک لە ئێمە دەیڵێینەوە. لە میسر دەنگی خەڵک دەبڕدرا، چونکە ئیخوان المسلمین بوون، ومەترسیی بوون بۆسەر سیستەمی بەناو سکولارو سەردەمیانەی دەسەڵات. ئەمەش هەمان شتە کە سەدام دژی کورد پەیڕەوی دەکردو کوردی لەناودەبرد چونکە هەڕەشەیان لە یەکپارچەیی عیراق و نیشتمانی گەورەی عەرەب دەکرد. مەگەر ئەخلاق ڕێگامان پێدەدات دژی یەکێکیان و لەگەڵ ئەوەی تریاندا بین..؟
ئەم بۆچوون و شێوازی مامەڵەکردنانە نەک تەنیا لە ڕووی ئەخلاقیەوە بەڵکو تەنانەت زۆرجار لەڕووی سیاسی و حسابکردنی بەرژەوەندییەکانیشەوە هەر هەڵەن. ڕژێمێکی وەک سوریا کەلەسەر لێواری ڕووخانە. و ڕۆژ بەڕۆژ بە چەندان ئامرازو شێوازی ڕەواو ناڕەوا ئەڵقەی ئابڵووقەدانی ئەو ڕژێمە تەنگتر دەبێتەوە. چ بەرژەوەندی و حیکمەتێک لەوەدایە خۆبەدووربگرین لەوەی ببینە فاکتەرێک و بەشێک لە هێزی ڕووخێنەری ئەو ڕژێمە..؟
مەترسی لە شەپۆلی پەرەسەندنی ئیسلامی سیاسی ڕەوایەو لە جێگای خۆیدایەتی، بەڵام ئێمە چ ئامرازێک بۆ ووبەڕووبوونەوە هەڵدەبژێرین..؟ ئامرازی دیموکراتیک و هێمنانە، یان هاندان بۆ تووندوتیژی و تۆڵە..؟ ئامرازی چوونە ناو کێشەکان و نواندنی ڕۆڵ، یان خۆبەدوورگرتن و لێگەڕان لەوەی چی دەبێ با ببێ..؟ ئامرازی دیالۆگ و هەڤاڵبەندیی، یان ڕووخاندنی پردەکانی پەیوەندی..؟ مەگەر پەیامی یەکتر قبوڵکردن و ڕێزگرتن لە جیاوازییەکان هەمیشە پەیامی هێزە سکولارو دیموکراتخوازەکان نەبووە..؟
بەهاری عەرەبی هێشتا لە نیوەی ڕێگایەو لەداهاتوویەکی نە هێندە دووردا شاهیدی گٶڕانکاری گەلێک گەورەتر لەوەی تا ئێستا ڕوویانداوە دەبینەوە. لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا تاکە ڕژێمێکیش نیە کە حەسانەی ڕووخانی لەسەربێت. و درەنگ یان زوو نۆرەی وڵاتانی تری وەک عەرەبستانی سعودی و قەتەرو بەحرەین و ئوردون و سوودان و تەواوی ئەوانی تریش دێت. و بەڵکو لەمە بەولاوەتریش و تەنانەت ئێران و ئاسیای ناوەڕاست و هیتریش دەربازدەکات. مەرج نییە ئاکامەکان هەمیشە بە پەلەو بەو جۆرەبن کە دەخوازرێت. و ئەوەی ئەم بەهارەی خوڵقاند هێزی لەبن نەهاتووی مرۆڤە هەربۆیە بەدوور لەوەی کێ دێتە سەردەسەڵات و پاشان چی دەکات، بەهاری عەرەبی، بەهاری مرۆڤایەتییە. هەربۆیەکاریگەرییەکەشی گەورەترە لە سنووری شوێنێک  و زەمانێک.

        دارا مەحمود
darachimen@hotmail.com

Previous
Next

Leave a Reply