Skip to Content

Thursday, April 25th, 2024
هەڵهاتن لە نیشتیمان….گەڕانێك بە دواى نیشتیمانى حەقیقیدا !!!!!.

هەڵهاتن لە نیشتیمان….گەڕانێك بە دواى نیشتیمانى حەقیقیدا !!!!!.

Closed
by March 27, 2008 گشتی

 ژیان زنجیرەیەك خۆكوژى جێبەجىَ نەكراوە.
"پۆڵ شاوڵ"………
 ڕێبوار ڕەزا چوچانى………

 كۆچ و هەڵهاتن، دوركەوتنەوە جیاوازەكان.

  كۆچ یەكێكە لە زیندووترین خواستەكانى مرۆڤ، مرۆڤ بۆ ئەوەى دەروازەیەك بدۆزێتەوە بۆ وەدیهێنانى زۆرێك لە خەونەكانى، هەمیشە هەوڵیداوە لە گەڕانەكانى بەردەوام بێت، گەڕانێك كە رۆحى مرۆڤ عەوداڵیەتى بۆ ئەوەى كەناڵى نوىَ بدۆزێتەوە، تا مانیفێستى هەستە ئینسانیەكانى خۆى بكات، چونكە زۆرجار خودى كۆمەڵگا بە هەموو فاكتەرە ئابورى و سیاسى و كۆمەڵایەتیەكانیەوە، دەبێتە سەرزەمینى سڕینەوەى هەستە ئینسانیەكان، ئەگەر یەكێك لە رەهەندەكانى كۆچ ئابورى بێت، ئەوا لە پشت ئەم رەهەندەوە دەیان رەهەندى دیكە هەیە، كە هەمویان پێكەوە دەبنە هێزگەلى گەورە، بۆ ئەوەى مرۆڤ مەحكومى كۆچ بكەن، كۆچ هەڵگرى زیاد لە مانایەكى تەلیسماوییە، ماناگەلێك كە چەندین پرسیار دروست دەكەن، " بۆچى مرۆڤ لەسەر زەمینى یەكەمین چاوهەڵهێنانیەوە، دەڕوات بۆ سەرزەمینى غوربەت؟، مرۆڤ بۆچى ناچارە بە كۆچ؟، كۆچ خواستە یان ناچارى؟، كۆچ هەڵهاتنە لە نیشتیمان، یان گەڕانە بە دواى دۆزینەوەى نیشتیماندا؟، كۆچ لە كوێدا دەبێتە خواست و لە كوێدا دەبێتە ناچارى؟، كەسى كۆچ كردوو كێیە؟، كۆچ لە چ كاتێكدا دەبێتە هەڵهاتن و لە چ كاتێكیشدا دەبێتە پرۆسەیەكى خۆكوژى؟!!………هتد "، ئەمانە پرسیارگەلێكن، دەبێت هەمیشە لە بارەى كۆچەوە بیانكەین، تا حەقیقەتى كۆچ و ئامانج و دەرهاوێشتەكانى تێبگەین، هەركاتێك مرۆڤ لە بارەى ئەو شتانەى ویستى تێیان بگات پرسیارى كرد، دەتوانێت لانى كەم زانیارى سەرەتایى لە بارەیەوە بەرچنگ بخات، بەڵام گەشتن بە حەقیقەتى تەواوى حاڵەتەكان، پێویستى بە نەفەس درێژى و پرسیارى بەردەوام هەیە، تا تەواوى مانا و دەلالەتەكان بدۆرێتەوە و لەوێوە كاربكرێت بۆ بەرچنگخستنى تەواوى حەقیقەتى ئەو حاڵەتانەى كە مەبەستمانە لە بارەیانەوە تێهزرین، پرسیار گەڕانێكى بەردەوامە بە دواى تێگەشتندا، هەر كاتێك پرسیار كۆتایى هات، ئەو كاتە بیركردنەوەكانى مرۆڤ بەرەو پوكانەوە دەچن و حەقیقەتەكانیش بزر دەبن و ئیتر مەوداى دۆزینەوەشیان كەمتر دەبێتەوە، بۆیە پێویستە زۆربەى سەرەتاكانمان بە پرسیار دەست پێبكەین، تا لە كۆتاییدا بە وەڵامە دروستەكان بگەین، گەشتن بە وەڵامى پرسیارەكانیش، دەروازە بەڕوماندا دەكاتەوە تا مەوداى بینینەكانمان لە بارەى تەواوى دیاردە و حاڵەتەكانەوە، بەر فراوان و قوڵتر بێت.
 لێرەدا گرنگە لە بارەى كۆچەوە، بەو پرسیارانە سەرنجەكانى خۆمان دەرببڕین، دواتریش هەوڵى دۆزینەوەى وەڵامەكانیان بدەین و لێیان ورد بینەوە، تا تێگەشتنێكى تەواومان بۆ دروست ببێت لە بارەیانەوە، چونكە كۆچ خاوەنى دەیان مانایە، هەر مانایەكیشى فرە رەهەندە و گوزارشگەلێك لە خۆ دەكرێت، كە پێویستیان بە راڤەكارى زیاتر هەیە، بە هەرحاڵ ئەمە رەنگە مەبەستى ئەم نوسینە نەبێت، ئەوەندەى مەبەستى ئەم نوسینە هەوڵدانە بۆ بەر باسخستنى هەڵهاتن، چونكە هەڵهاتن و كۆچ، دو رەهەندى زۆر جیاوازى دوركەوتنەوەكانى مرۆڤن لە كۆمەڵگا و ئەو پانتاییە جوگرافیەى كە ناو نراوە نیشتیمان، بە بڕواى من ناشێت سەرزەمینێك كە مەنبەعى تێكشكاندنەكانى مرۆڤ بێت لە روى دەرونى و رۆحیەوە، ناو ببرێت بە نیشتیمان، چونكە نیشتیمان ئەو جێگەیەیە كە مرۆڤ عەوداڵى دۆزینەوەیەتى، كەچى زۆرجاریش تا مردن نیشتیمانى حەقیقى خۆى نادۆزێتەوە، بۆیە هەمیشە مرۆڤە كۆچبەرەكان، نازانن كامە نیشتیمانى حەقیقى خۆیانە، هەمیشە عەوداڵى دۆزینەوەى ئەو نیشتیمانەن، كە بە شوێنیدا وێڵن "دواتر دێینە سەر ئەم باسە". 
 كۆچ لەگەڵ ئەوەى دروست كردنى مەنفایەكە لە ناخى مرۆڤدا، بەڵام هاتنە پێشەوەى دنیایەكى جیاوازیشە، كە مرۆڤ بە دەیان شتى جیاواز ئاشنا دەبێت، مرۆڤ بۆ ئەوەى ئاڵۆزى دیاردە و حاڵەتەكان تێبگات، دەبێت تاقى كردنەوەى ڕێگا جۆراوجۆرەكان، لە پێش زۆرینەى خواستەكانى خۆى دابنێت، كۆچیش یەكێكە لە تاقى كردنەوەى ڕێگا جۆراوجۆرەكان، دواتر دەبێت مرۆڤ هەمیشە لە هەوڵى نوێكردنەوەى ژیانیدا بێت، كە زۆرجارانیش ئەم نوێكردنەوەیە لەو سەرزەمینەدا دروست نابێت، كە ناومان ناوە نیشتیمان، كاتێك ئەم بڕوایەش بۆ كریشنا مۆرتى دروست دەبێت، لە بارەى نوىَ كردنەوەى ژیانەوە، بەبێ دودڵی دەڵێت " دەبێت هەموو رۆژێك بمرین، تا سەر لە نوىَ لە دایك ببینەوە"، بۆیە دەتوانین ئەم رایەى مۆرتى بگەڕێنینەوە بۆ سەر كۆچ، كە لە راستیدا هەر سەرەتایەك بۆ ئاشنا بون بە دنیاگەلێكى جیاواز و كەلتورگەلێكى جیاواز، بڕینى قۆناغێكە بۆ قۆناغێكى تر، كە دەشىَ ناوى بنێین مردنێكە لە ناو سەردەمێكدا و لە دایك بونەوەیە لە سەردەمێكى نوێ تردا، ئەمەش بێدودڵى گەڕانەوەیە بۆ سەر ئەو بڕوایەى كریشنا مۆرتى، چونكە مرۆڤ تا هەوڵى پەراوێز خستنى تەواوى شتە ناجۆرەكانى رابردوو نەدات، كە ئیتر جگە لە یادەوەرییەك، نەتوانن ببنە خاوەن مانایەكى تر و نەتوانن گاریگەرى لە ناو فیكر و تێڕوانینەكانى مرۆڤدا دروست بكەن، ناتوانێت ئاشناى گۆڕانە سەردەمییەكان بێت و ناشتوانێت لە ماناى ئەو گۆڕانانە تێبگات، كە دەبنە فاكتەرى بونیاتنانەوەى خۆى وەك مرۆڤێك و كۆمەڵگاكەشى وەك كۆمەڵگایەكى هاوچەرخ، ئەلفرێد ئادلەر لەم رەهەندەوە جەخت دەكاتەوە و دەڵێت "مرۆڤ بە جوڵەترین بونەوەرە، لێرەدا مەبەست لە جوڵەى فیزیكى مرۆڤ نیە، بەڵكە ئەو جوڵانەوەیە كە مرۆڤ تواناى جوڵان و گۆڕینى ئەو ژینگەیەى هەیە كە مەبەستیەتى، ئەو بە تواناترین بونەوەرە كە دەتوانێت شێوەى ژیانى خۆى بگۆڕێت، دەتوانین بڵێین تواناى مرۆڤ ئەوەندەیە، خاوەنى باشترین بەهرەیە، كە بەهرەى ئاوەزێكى پێشكەوتو و روناكە، ئەمەش ئەوە دەگرێتەوە كە خودى مرۆڤ توانیویەتى لەو ژینگەیەى تێیدا دەژى، بیسەلمێنێت پێویستى بە ئامراز و پێداویستیەكانى ژیان و پاراستنیان هەیە، تا شوێنێكى گونجاو لە ژیاندا بگرێت"، بەڵام كاتێك لە سەرزەمینێكدا تواناى گۆڕان و ئارەزووەكانى مرۆڤ بۆ گۆڕان خەسێندران، ئیتر چ رێگایەكى تر هەیە مرۆڤ تاقى بكاتەوە، تا بتوانێت ئەو گۆڕانانەى كە لە تواناى خودى مرۆڤ خۆیەوە سەرچاوە دەگرن مەیسەریان بكات، كە هەموو ئەمانەش دەبنە فاكتەرێك بۆ دروست بونى پاڵنەرەكانى كۆچ، بەڵام زۆرجاریش ئەو فاكتەرانە، لە ناو هەڵچونى ململانىَ ناوكییەكانى مرۆڤ خۆیە سەرچاوە دەگرن، چونكە كاتێك مرۆڤ نەیتوانى ئارەزوەكانى خۆى فەراهەم بكات و پێداویستییە سەرەتاییەكانى ژیانى خۆى بەرچنگ بخات و، نەیتوانى بە ئازادى مومارەسەى ژیان بكات وەكو مرۆڤێك و هەمیشە روبەڕوى لە ژێرپێنانى كەرامەتى ئینسانى و، بێبەها كردنى حورمەتەكانى و تیاچونى ئیحساسەكانى بوەوە، حەقێكى سروشتى خۆى دەبێت پەنا بۆ بەكارهێنانى رێگاى تر ببات، لەگەڵ هەموو ئەم ئەمانەشدا هەرچەندە لە بەرئەنجامدا زۆرجاران فیكرى مرۆڤ بەلاى كۆچدا شكاوەتەوە، بەڵام زۆرجارانیش مرۆڤ مەوداى ململانێكانى خۆى فراوانتر دەكات، یاخود فۆڕمى ململانێكان جێگۆڕكىَ پێدەكات و لە ناخى خۆیەوە دەیانگوازێتەوە بۆ ناو ژیانە بەرجەستەكراوەكان، ئیتر لەو كاتەدا ئومێد دروست دەكات بۆ گۆڕان ئەگەر ئیرادەیەكى گشتى بونى هەبێت، بەڵام گواستنەوەى ئەم ململانێیانەش ئەگەر لە فۆڕمێكى دەستەجەمعیدا نەبن و ئامادەگیەكى بەرفراوان لە ئارادا نەبێت و ئارەزویەكى دەستەجەمعیش بونى نەبێت لە كۆمەڵگادا، هیچ كاتێك ناتوانن ببنە فاكتەرى سەرهەڵدانى گۆڕانى نەوعى، كە سەرلەبەرى شتە كۆنەكانى كۆمەڵگا و ترادسیۆنى ئاینى و لە هەمانكاتیش دەسەڵاتە ئەرستۆكراتى و تۆلیتارییەكان و هەلومەرجە سواوەكان هەڵبوەشێننەوە و، سەرەتایەك دروست بكەن بۆ هەنگاونان بەرەو ژیانێكى سەردەمینانە، لێرەوە دەتوانین بڵێین مرۆڤ هەركاتێك هەستى كرد، كە ژیان و كۆمەڵگاكەى لە قۆناغێك لە قۆناغەكاندا، راوەستاوە و ناتوانێت هەنگاو بەرەو گۆڕانە سەردەمییەكان هەڵگرێت، هەوڵى ئەوە دەدات لەو كۆمەڵگایە دور بكەوێتەوە، ئەمەش دەشێت بە هەڵهاتن ناوى ببەین لەم كاتەدا.
 كۆچ و هەڵهاتن ئەگەرچى هەردوكیان بەجێهێشتنى پانتایى سەرزەمینێكە بە هەموو پێكهێنەرە رۆحییەكانیشیەوە بەرەو سەرزەمینێكى تر، بەڵام دەشێت ئەم دوو فۆڕمە لە كۆچ لێك جودا بكەینەوە، چونكە زۆرجاران كۆچ ئارەزووە یاخود بەرژەوەندییە، بەڵام ئەو كۆچانەى كە دەچنە فۆڕمى هەڵهاتنەوە، هەلومەرجى سەرهەڵدانیان جیاوازە، هەڵهاتن یان لە ئەنجامى ترسەوە سەرهەڵدەدات، یاخود پاڵەپەستۆى دەیان كێشەى سایكۆلۆژییە، كە بەرئەنجامى رەشبینیەكانى مرۆڤە لە ئاست سەرهەڵدانى گۆڕان و گەڕانەوەى بەها ئینسانییەكان لە ناو ئەو كۆمەڵگایەى كە تێیدا دەژى، چونكە مرۆڤ و ئەو كۆمەڵگایەى تێیدا دەژى، پەیوەندییەكى ڕیشەیى و قوڵ پێكەوە گرێیان دەداتەوە، پەیوەندییەك كە دەشىَ لە قۆناغێكدا هەڵبوەشێنرێتەوە و مرۆڤ پشت بكاتە هەموو ئەو گرێدراویانەى كە لەگەڵ كۆمەڵگادا پێكیانەوە گرێدەداتەوە، بۆیە لێرەوە دیسانەوە دەگەڕێینەوە بۆ لاى كریشنا مۆرتى و ئەو بۆچونەى كە مرۆڤ دەكاتە بەرهەمى كۆمەڵگا و دروستبونى كۆمەڵگاش دەبەستێتەوە بە قودرەتەكانى خودى مرۆڤ خۆیەوە و دواتر بە پێویستیشى دەزانێت، مرۆڤ لە تەوقانە خۆى رزگار بكات، كە كۆمەڵگا دروستى دەكات و پەیوەستى دەكاتەوە بە خۆیەوە، مۆرتى لەم روەوە دەڵێت " مرۆڤ بەرهەمى ئەو كۆمەڵگایەیە كە خۆى دروستى كردوە، كە لە راستیدا بەربەستێك لە نێوان مرۆڤ و كۆمەڵگادا نیە، كۆمەڵگا مرۆڤ دروستى دەكات و مرۆڤیش دەكەوێتە ئەم تەڵەیەوە، بەڵام دەبێت رزگار ببێت، لێرەوە ئەگەر مرۆڤ پشت بكاتە ئەو شتانە، تێڕوانینێكى تەواو جیاواز ترى دەبێت بۆ ژیان"، بۆیە ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ سەر كاریگەرى ئەو ترادسیۆنانەى كە تا ئێستا جڵەوى ژیانى كۆمەڵایەتى ئێمەیان گرتووە و كۆمەڵگاى كوردییان كردوە بە زیندانێك بۆ مرۆڤەكانى، دواتر ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ لاى سیستەمى سیاسى ئەم وڵاتە، كە ئەوەندەى جەهل بەرهەم دەهێنێت، نیو هێندە ناتوانێت هەوڵى بە سیستەمبونى خۆى بدات و بە پێى پێوەرە سەردەمییەكان كار بكات، ئەوەندەى رۆحە بودەڵەكان دروست دەكات، نیو هێندە ناتوانێت پشتى فریادرەسەكان بگرێت، تا بە فریاى زیندانكردنى رۆحى مرۆڤەوە بێن، قەتاعەتێكمان بۆ دروست دەكات، ئێمەش هاوڕا بین لەگەڵ مۆرتى و پشتكردنە ئەو تەوقانەى كە كۆمەڵگا دروستى دەكات، بە پێویستیەكى سەردەمیانەى بزانین، بەڵام ئایە تا چەند لێرە زەمینە رەخساوە بۆ تاك، كە خۆى بڕیار لەسەر شێوازى مومارەسەى ژیانى خۆى بدات، ئەگەر ئەو زەمینەیە ڕەخساوە بۆچى رۆژانە روبەڕوى دەیان حاڵەت دەبینەوە، كە هەموویان بارگاوین بە لە ژێر پێنانى حورمەتە ئینسانیەكان، یاخود بۆچى رۆژانە چەندان كەس لەم كۆمەڵگایە هەڵدێن و خوازیارن بە كەمترین كات، بگەنە ئەو سەرزەمینە وەهمیەى كە هەمیشە لە ناو خەیاڵ و خەونەكانیاندا وجودى هەیە، ئایە ئەمە تەنیا بۆ مەیسەركردنى بژێوى ژیانە، یاخود دەیان پاڵنەرى تر هەیە كە وا دەكەن مرۆڤ لە هەوڵى هەڵهاتندا بێت و بڕوات بۆ جێگەیەك، كە نازانێت لەوێدا چارەنوسى بە كوێدەگات، دەبێت ئەو ترسە یان ئەو رەشبینیەى لە ناخى مرۆڤدا مانایەك بۆ خۆى دەدۆزێتەوە، لە چیەوە سەرهەڵبدات و دواتر دەبێتە فاكتەرى پشتگوىَ خستنەكانى یەكەمین سەرزەمینێك، كە لە ناویدا لە دایك بوە و دەیان یادگارى شیرین و جوان و لە هەمانكاتیش خەماوى تێیدا نەخشاندوە، بۆچى دەبێت وڵاتێك هێندە تاڵاو دەرخواردى تاكەكانى خۆى بدات، ناچاریان بكات هەڵهاتن لە كۆمەڵگا بە گەورەترین و سەرەكیترین پرۆژەكانى خۆیان بزانن؟؟؟؟؟؟، ئەگەر وەڵامێكمان دەستكەوت بۆ هەموو ئەم پرسیارانە، ئەو كاتە دەگەینە بەرئەنجامێك لە تێڕامانەكانمان، لە بەرانبەر نەبونى زەمینەسازییەك بۆ فەراهەمكردنى ئازادییەك بۆ تاك و دەشگەین بە شا حیكایەتێك، كە دەرخەرى واقیعى ژیانى كۆمەڵایەتى كۆمەڵگاى ئێمەیە، دواتر وەڵامى ئەو پرسیارەشمان چنگگیر دەبێت، كە بۆچى مرۆڤ ناتوانێت بە ئازادى مومارەسەى ژیانى خۆى بكات لەم كۆمەڵگایەدا.
 
 نیشتیمان كوێیە؟ مرۆڤ لە كوێدا نیشتیمان دەدۆزێتەوە؟.
 
 نیشتیمان كوێیە؟!، ئەمە پرسیارێكە و لە ناخى هەر مرۆڤێكدا، بە شێوەیەكى رێژەیى وجودى هەیە، بەڵام تا ئێستاش مرۆڤ نەیتوانیوە لە بارەى ئەو پرسیارەوە بە وەڵامێكى رەها بگات، چونكە لە كاتێكدا ئەو سەرزەمینەى كە مرۆڤ تێیدا لە دایك دەبێت، دەبێتە خاوەنى شوناسى نیشتیمان، كە بتوانێت تاكەكانى وەك هاونیشتیمانیەك لە باوەش بگرێت و مافى هاونیشتمانیان هەبێت، دەشىَ بڵێین نیشتیمان سەرزەمینێكە مرۆڤ بتوانێت تێیدا پەرە بە توانستەكانى خۆى بدات، نیشتیمان ئەو جێگەیە نیە كە مرۆڤ ناچارى هەڵهاتن بكات، بەڵكە نیشتیمان سەرزەمینێكە مرۆڤ تێیدا هەست بە وجودى خۆى بكات، وڵاتە دواكەوتوەكان بۆیە تا ئێستا لە ناو كەلاوە مەعریفى و سیاسى و كۆمەڵایەتی و ئەخلاقیەكاندا دەتلێنەوە، چونكە تا ئێستا نەیناتوانیوە ببنە نیشتیمانێكى حەقیقى بۆ مرۆڤەكانى خۆیان و ئینتیمایەك بۆ خۆیان دروست بكەن لاى ئەو مرۆڤانە، ئەو سەرزەمینانەى كە تا سەردەمێكى دورمەودا دەبنە دۆزەخ بۆ رۆحى مرۆڤەكان، ناتوانن بۆ هەمیشە وەك نیشتیمان لە ناو زاكیرەى مرۆڤدا خۆیان بهێڵنەوە، نیشتیمان دروستكەرى ئینتیمایە لاى مرۆڤ بۆ خۆى، ئەو سەرزەمینانەى كە ناتوانن هیچ ئینتیمایەك بۆ خۆیان دروست بكەن لە ناخى تاكەكاكانیاندا، ئەوانە نەیانتوانیوە ببنە نیشتیمان و فەزیلەتى نیشتیمانبونى خۆیان بسەپێنن بە سەر مرۆڤەكانیاندا، بۆیە دەبینین تاكەكانى ئەو كۆمەڵگایانەى كە لەسەر ئەو سەرزەمینانە دروست دەبن، هەمیشە وەك وێڵگەردێك تەراتێن بە رۆحى خۆیان دەكەن لە نێوان سنورى وڵاتاندا، لەم كاتەشدا كەسى هەڵهاتوو لە خەمى ئەوەدا نیە، كە سەرزەمینێكى بەجێهێشتوە و ناوى نیشتیمانە، لە هەمانكاتیش خۆى بە بەرپرسیار نازانێت لە ئاست ئەو سەرزەمینەدا، چونكە ئەو هەڵهاتوە لێى و دورخراوەتەوە و سەرزمینێك بونى نیە لە ناو تیفكرینەكانیدا وەك نیشتیمان و بەر لە هەموو شتێكیش وەك كۆچبەرێك خۆى دەناسێت، ئیدوارد سەعید لە بارەى ئەو مرۆڤانەوە دەڵێت " ئەگەر كەسێك كۆچبەر بێت و رەسەنێكى راستەقینەش نەبێت، ئەوا دەرفەتى بۆ دەڕەخسێت وەك كۆچبەرێك یان غەیرە رەسەنێك بیر بكاتەوە و سەرەڕاى هەموو تەنگەژەكان، وەك ئەو بهزرىَ و هەڵسەنگێنێت و مەودا لە نێوان خۆى و دەسەڵاتداران دابنێت و پەنا بە پەراوێز نشینى ببات، واتە بۆ شوێنێك پەنا ببات كە ئەو شتانەى دەیانبینێت، هەرگیز بە خەیاڵى كەسانێكدا نایەت، كە سنورى ژیانى ئاسودە و رەفتارى باویان نەبەزاندووە".
 نیشتیمان سەرزەمینى ئومێدەكانى مرۆڤە، فەزایەكە كە دەیان كەناڵى جۆراوجۆرى هەیە، بۆ ئەوەى مرۆڤ پێوەى پەیوەست ببێتەوە، سەرزەمینێكە لە هەر لایەكى دونیاوە مرۆڤەكانى خۆى دەبەستێتەوە بە خۆیەوە، نیشتیمان ئەو جێگایە نیە كە مرۆڤەكانى خۆى دەرپەڕێنێت و لێى هەڵبێن، ئەگەر لێشى هەڵهاتن لەو كاتەدا دەبێت، كە لە ژێر زوڵمى هێزە داگیركەرەكاندا بێت، ئەو كاتیش كە هەڵهاتن لە خودى نیشتیمان هەڵنایەن، بەڵكە لەو سیستەمە فەرمانڕەواییە هەڵدین، كە ئەو هێزە داگیركەرە پیادەى دەكات، بەڵام بچنە هەر قوژبنێكى ئەم دنیایە، لە دورەوەش بێت سۆزێك دەگرن بۆ نیشتیمانەكەیان، یاخود زۆرجار هەڵهاتن لە ناو شارەكاندا دەبێت و، ئەو تاكە هەڵهاتوەش دەبێتە یەكێك لە پێكهێنەرى هێزە شۆڕشگێڕییەكان، بۆیە لێرەدا دەتوانین بۆ ئەم مەبەستە نمونەى بەر لە راپەڕینى باشورى كوردستان بهێنینەوە، ئەو كات ئەم هەرێمە بۆ كورد سەرزەمینى ئۆمێدەكان بوو، چونكە تاكى كورد لەو سەرزەمینەدا خاوەن ئومێدێك بون بۆ داهاتوو، بەڵام كاتێك راپەڕین كرا و تاكى كورد ژیانى ناو سەردەمى دەسەڵاتى كوردی بینى، ئیتر ئەم هەرێمە شوناسى سەرزەمینى ئومێدەكانى خۆى لە دەستدا و، مرۆڤەكانى خۆى ناچارى هەڵهاتن كرد، هەڵهاتنێك كە ئیتر هەوڵى سڕینەوەى تەواوى بنەما نەتەوەیى و نیشتیمانییەكانیاندا، دەشىَ بڵێین وڵاتى ئێمە لە دواى راپەڕین و شەڕى ناوخۆ و سەردەمى گەندەڵى و دەرپەڕاندنى هەزاران مرۆڤى خۆى، ئیتر شوناسى نیشتیمانبونى خۆى لە دەستدا، چونكە بۆ هیچ كاتێكى تر ناتوانێت خۆى وەكو نیشتیمان فەڕز بكاتەوە بە سەر تاكە هەڵهاتوەكانى خۆى، ناتوانێت جارێكى تر ناوى خۆى وەك سەرزەمینى ئومێدەكان و دواتریش، وەك ناوێكى پیرۆز لە ناو زاكیرەى تاكە هەڵهاتوەكانى ئەم سەرزەمینەدا دروست بكاتەوە، ناتوانێت ئینتیماى خۆى فەرز بكات لاى مرۆڤە هەڵهاتووەكانى ئەم كۆمەڵگایە، كە هەموو ئەم حاڵەتانەش حیزب و دەسەڵاتى حیزب لێى بەرپرسیارن، ئێستا نیشتیمانى ئەو تاكە هەڵهاتوانە ئەو وڵاتانەیە كە تێیدا دەژین، ئەو سەرزەمینەیە كە دەتوانن لە ناویدا هەست بە كەرامەت و حورمەتى خۆیان بكەن، چونكە ئەو مرۆڤەى كە لێرە لە پەراوێزدا دەژیا و رۆژانە روبەڕوى دەیان كێشەى سایكۆلۆژى دەبوەوە، بەڵام لە دواى هەڵهاتنى لە واقیعى ئێرە و گیرسانەوەى لە ناو وڵاتى دووەمدا، هەستێكى بۆ دروست دەبێت كە ئەویش وەك هەر مرۆڤێك، دەتوانێت ئیدامە بە ژیان و توانستەكانى خۆى بدات، ئەو باوەڕێكى بۆ دروست دەبێت، كە ئەو سەرزەمینەى ئێستا تێیدا دەژى نیشتیمانى ئەوە، چونكە وەك مرۆڤێك باوەشى بۆ كردۆتەوە.
 
 هەڵهاتن لە چ كاتێكدا دەست پێدەكات؟، بۆچى ئەم حاڵەتانە دروست دەبن؟.
 
 لە راستیدا كاتێك دەسەڵاتێك دەستى گرت بەسەر كایەكانى ژیاندا و، بارگاوى بوو بە جەهل و نەیتوانى سیستەمى دەسەڵاتەكەى بۆ خزمەتى گەلەكەى بخاتە گەڕ، ئەوكات ئەو سەرزەمینە دەبێتە كەلاوەیەكى گەندەڵخانە، چونكە ئەو جۆرە لە دەسەڵات، هەموو فاكتەرەكانى ژیان بۆ خۆیان مۆنۆپۆڵ دەكەن، بە تایبەتى دەبنە ئیمپراتۆرى بازاڕى ڕەش، كە ئێستا بەرگى بازاڕى ئازادیان بەسەردا بڕیوە، بەڵام لە هیچ بنەمایەكەوە لەگەڵ بازاڕى ئازاددا یەكناگرنەوە، هەموو ئەمانەش بە پێى یاسایەك ڕێكخراون، كە لە بەرژەوەندى چینە ئەرستۆكراتیەكاندایە، پێویستە لێرەوە بگەڕێینەوە بۆ لاى مۆنتسكیۆ و ئەو ئامۆژگارییانەى لە بارەى ئەم حاڵەتەوە ڕوبەڕوى یاسادانەرانى دەكاتەوە، مۆنتسكیۆ لە كتێبە بەناوبانگەكەى خۆى " رۆحى یاساكان"دا، دەڵێت "پێویستە یاساكانى وڵات پێش لە بازرگانى كردنى ئەرستۆكراتەكان بگرن، چونكە ئەو بازرگانانە خاوەنى ئەو هەموو ئیعتیبارەن و بە هەموو جۆرىَ دەتوانن شتەكان بۆ خۆیان مۆنۆپۆڵ بكەن!".
 لێرەدا حەقیقەتێك مانیفێستى خۆى دەكات و پێماندەڵێت، ئەو دەسەڵاتەى نەیتوانى رىَ لە بەرەڵاخانەكانى بازاڕ و تاڵانكردنى گەلەكەى خۆی بگرێت، ئەو دەسەڵاتە گەل و ویستەكانى گەلەكەى خۆى پەراوێز خستوە و نیشتیمانەكەشیانى كردوە، بە سەرزەمینى داماڵینى ئیحساسە ئینسانیەكان و فەرامۆشكردنى هەستى هاونیشتیمانى بون و هەڵتەكاندنى گیرفانى تاكەكان، تا لە بەر زۆرى تاڵەوەكانى ژیان نەیانپەرژێتە سەر ئاوڕدانەوە، لە تەواوى ئەو ناعەدالەتیانەى كە دەسەڵات پەیڕەوى دەكات، ئەو دەسەڵاتە بەر لە هەموو شتێك لە هەوڵى ئەوەدایە كە شوناسى نیشتیمانى لەو سەرزەمینەدا بسڕێتەوە و هەمیشە هەوڵى رسواكردنى نیشتیمان دەدات لە پێش چاوى تاكەكانى خۆى، چونكە لەو جۆرە كۆمەڵگایانەدا، بە وشەى نیشتیمان پەروەرى و پیاهەڵدان بە نیشتیمان و نەتەوەدا، خەریكى پیرۆز كردنى دەسەڵاتن و لە هەمانكاتیشدا خەریكى پەیڕەو كردنى پرۆسەى بە دۆزەخكردنى نیشتیمانن، یەكەمین هەنگاویشیان بە پشتگوىَ خستنى ڕێنماییە باشەكانەوە دەست پێدەكات، ئەو رێنماییانەى كە دەبنە فاكتەرى وشیار كردنەوەى تاك و بەر لە هەموو شتێكیش دەبنە فاكتەرى سەندنەوەى روى موقەدەسى لە چینە ئەرستۆكراتییەكانى كۆمەڵگا، ئەو دەسەڵاتەى كە هەرگیز نایەوێت ئەو رێنماییانە بڵاو بكاتەوە بە ناو گەلەكەیدا، ناشیەوێت لە پەتاى گەندەڵى خۆى قوتار بكات، چونكە بەر لە هەموو شتێك بڵاوكردنەوەى ڕێنماییە باشە گشتییەكان، دەبێتە فاكتەرى بەرتەسك كردنەوەى بەرەڵایى بازار و بەرەڵایى بازرگانی چینە ئەرستۆكراتیەكان، كە ئەوانیش هەمیشە نزیكترین چینن لە دەسەڵاتەوە، دەسەڵاتێك كە نەیتوانى رێنمایى باش پێشكەش بە گەلەكەى بكات، ئەو دەسەڵاتە لە ئەزەلەوە باوەڕى بەوە هێناوە، كە ئەو سەرزەمینە بكاتە وەسیلەیەك بۆ درێژەدان بە هەڵە ئەخلاقیەكانى خۆى، چونكە هەمیشە گەل پابەندى ئەو ڕێنماییانەیە كە لە بەرژەوەندی گشتیدا بێت، كە ئەو رێنماییانەش وجودیان نەبوو، ئیتر رەوشى ئەو كۆمەڵگایە دەبێتە پاشاگەردانى و بەمەش رىَ بۆ باندەكانى بازرگانى بە ئیحساسەكانى مرۆڤەوە دەكرێتەوە، تا بە پێى ویستى خۆیان خەریكى عەزابدانێكى رۆحى بەردەوامى خەڵك بن، بۆ پشت راستكردنەوەى ئەم بۆچونەش، دیسانەوە دەچینەوە بۆ لاى مۆنتسكیۆ و ئاماژەكانى بۆ ئەم رەهەندە، كە دەڵێت " كاتێك رێنمایى ئەخلاقى باش پێشكەش بە گەل بكرێت، خەڵك زۆر زیاتر لەو كەسانەى كە لە روانگەى ئەوانەوە چاكەخوازن، پابەندى ئەم رێنماییە دەبن"، بەڵام لەگەڵ ئەوەى لەو سەرزەمینانەدا كە نەیانتوانیوە شوناسى نیشتیمانبونى خۆیان بپارێزن، سیستەمى دەسەڵاتیش نەیتوانیوە خۆى لەگەڵ سیستەمە مۆدێرنەكاندا یەكانگیر بكات!!، لەم كاتەشدا گلەیى و گازندەكان روبەڕوى گەل دەكاتەوە، تا بەمە پەردە لەسەر خاڵە نێگەتیڤەكانى خۆی دابنێت و گەل لە كەموكوڕییەكان تاوانبار بكات، ئەو جۆرە دەسەڵاتانە دەیانەوێت هەڵە ئەخلاقییەكانیش ئاراستەى گەل بكەن، بۆیە مۆنتسكیۆ دێتە سەر ئەم حاڵەتەش، مۆنتسكیۆ واى نیشان دەدات كەمترین كات ڕێككەوتووە، كە گەندەڵى ئەخلاقى لە گەلەوە دەست پێبكات، كاتێك دەڵێت "زۆر دەگمەن ڕێكدەكەوێ كە گەندەڵى ئەخلاقى لە گەلەوە دەست پێبكات، چونكە هەمیشە خەڵك بە هۆى كەمى و بچوكى زانیارییەكانەوە، زیاتر هەست بە گرنگى رێوشوێن و رێنماییەكان دەكات"، مۆنتسكیۆ هەر لە هەمان شوێندا خۆشبەختى گەل دەبەستێتەوە، بە شارەزایى و توانستەكانى ئەو كەسانەى كە دەسەڵات بەڕێوە دەبەن، چونكە ئەو یاسادانەرەكانى ناو دەسەڵات، بە فاكتەرى سەرەكى خۆشبەختى و نەگبەتییەكانى گەل دەزانێت "ئەگەر كۆمارێك لە كۆمەڵىَ مرۆڤى نێوەنجى و خەڵكى عاقڵ پێكهاتبێت، ئەوا یاساكانی بەشێوەیەكى عەقڵانى دادەڕێژرىَ و ئەگەر لە كەسانى خۆشبەختیش پێكهاتبىَ، ئەوا گەلەكەى خۆشبەخت دەبىَ"، بەڵام ئەو كۆمەڵگایانەى كە هەمیشە لە ناو كەلاوە مەعریفى و كەلتوری و هەلومەرجە سواوەكانى ژیاندان و، تاكەكانیشیان لە ناو هەلومەرجە دۆزەخییەكاندا گیرۆدەن، ئەو كۆمەڵگایانەن كە عەقڵى بچوك و نەزان بەڕێوەیان دەبات، كۆمەڵگایەكیش كە عەقڵى بچوك بەڕێوەى برد، لە كەلاوەیەك زیاتر هیچى تر نابێت و هەرگیز ناتوانێت ببێتە سەرزەمینى خۆزگەكانى مرۆڤ.
 هەموو ئەم حاڵەتە نێگەتیڤانەش، دەبنە هێزگەلێك لەسەر سایكۆلۆژیاى مرۆڤ، كە هەمیشە لە هەوڵى هەڵهاتندا بێت لە دەستیان و هەرگیز بیر لە گەڕانەوە نەكاتەوە بۆ لایان، لە هەمانكاتیشدا پشتگوىَ خستنى خواستەكانى كۆمەڵگا لە لایەن دەسەڵاتەوە، دواتر دەروازە كردنەوەى دەسەڵاتیش بەڕوى بازرگانى كردن بە سەر میللەتەوە لە هەموو روەكانەوە، بۆ نوخبەیەكى دیارى كراو و بەخشینى هەموو ئازادییەكیش بەو نوخبەیە، لە هەمانكاتیشدا گوێنەدان بە موعاناتەكانى خەڵك و بێبەها كردنى روانینەكانیان و پشتگوىَ خستنى داواكارییەكانیان، دەبێتە فاكتەرى سەرەكى سڕینەوەى ئینتیما لە ناخى تاكەكانى كۆمەڵگا، لە بەرانبەر ئەو سەرزەمینەى كە ناویانناوە نیشتیمان، بۆیە ئەمانەش هەموویان پێكەوە دەبنە دروستكەرى باوەڕێك بۆ مرۆڤ، كە بڵێت نیشتیمانى من ئەم كەلاوەیە نیە، چونكە ئەو كەلاوەیە جگە لە عەزابخانەیەكى رۆحى بۆ مرۆڤەكان، نەیتوانیوە ببێتە هیچى تر، بۆیە ناشتوانێت ببێتە نیشتیمانیان، بەڵكە نیشتیمانى ئەوان، ئەو جێگەیە كە هێشتا نەیاندۆزیوەتەوە، ئەو سەرزەمینەیە كە دەروازەیان بۆ دەكاتەوە و وەكو مرۆڤێكیش لە ئامێزى خۆیان دەگرێت و وەك مرۆڤێكیش هەلومەرجەكانى ژیانیان بۆ مەیسەر دەكات، بۆیە هەمیشە ئەو مرۆڤانە وەك وێلگەردێك لە نێوان سنورى وڵاتاندا، گەمە لەگەڵ چارەنوسى خۆیاندا دەكەن، بەمەش ئەو وێلگەردییە دەبێتە پرۆسەیەكى خۆكوژى، پرۆسەیەك كە وێناى ژیان دەكات بەو وێناكردنەى پۆڵ شاوڵ، كاتێك دەڵێت" ژیان زنجیرەیەك خۆكوژى جێبەجىَ نەكراوە"، كاتێك ئەو زنجیرە خۆ كوژییانەش بە ئەنجام گەشتن، ئیتر ژیان و هەوڵدانەكانى مرۆڤ بۆ ژیان، بە خاڵى كۆتایى دەگەن، كە خاڵى راوەستانە لە كۆتاییەكى بێدەرەنجامدا.
 
 rohani1983@gmail.com
 
 
 
 تێبینى:
 ئەم نوسینە لە ژمارە 407 ى رۆژى یەكشەمە 23-3-2008 رۆژنامەى هاوڵاتیدا بڵاو كراوەتەوە.
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.