Skip to Content

Thursday, December 9th, 2021

هەڵەیەكی زەق لە دەستپێكی خولی سێهەمی پەرلەماندا …. سالار بابەشێخ

Be First!
by August 26, 2009 گشتی

 

 

پەرلەمانی هەرێمی كوردستان ئەگەرچی پەرلەمانی وڵاتێكی سەربەخۆ نییە و لە چوارچێوەی عێراقی نوێدا وەكو لاولاو خۆی لە بەژنی چەسپاندنی سیستمێكی فیدارلی ئاڵاندووە، بەڵام كەتمان هەڵناگرێ كە دەستكەوتێكی مێژوویی گەلی كوردی كەونارایە و لە مێژووی بوونیدا گەلی كورد هیچ دەسەڵاتێكی شەرعی و یاسایی و دانپێدانراوی لەم چەشنە و بۆ ماوەی نزیك بە دوو دەیەی بە خۆیەوە نەبینیوە.
سەرەڕای ئەوەی كە سەرنجێكی زۆر لە سەر ئەدای كار و پاشكۆیی حزبی و كەموكوڕییەكانی دوو خولی رابردووی پەرلەمانی كوردستان هەبوو، بەڵام كۆمەڵێك دەستكەوت و خەرمانێك بەرهەمی بەكەڵك و گەلێ لێكۆڵینەوە و شیكاری و لێپرسینەوە و دەركردنی یاسای ستراتیژیشیان هەبووە كە جێگەی دەستخۆشی و پێزانینن. بۆیە دەبێت بە رامانێك لە سەر ئەزموونی دیموكراسی لە ناوچەكەدا، پەرلەمانی كوردستان لە دوو خولی رابردوودا بە پەرلەمانێكی كارا و لێهاتوو ناو ببەین. خولی سێهەمی پەرلەمانی كوردستانیش لە دوای پرۆسەی هەڵبژاردنێكی نموونەیی كە هەڵگری هەموو پرنسیپە نێودەوڵەتییەكانی وڵاتانی بڕوادار بە دیموكراسی بوو، دەستی بە كارەكانی كرد و چاوەڕوانی ئەكتیڤ بوونی زیاتر و دڵسۆزی و كارایی زیاتریان لێدەكرێت.
ئەوەی مەبەستمە لەم چەند دێرەدا بیخەمەڕوو، ئەوەیە كە بەداخەوە هەندێك كاربەدەست و تەنانەت رووناكبیری ئێمە تا ئێستاش نازانن جیاوازیی(گەل) و(گەڵ) چییە! یەكێك لەو هەڵە زەقانەش كە بەردەوام لە لایەن هەندێك لە پەرلەمانتارانەوە دەكرێ، جیانەكردنەوەی وشەی(گەل) و (گەڵ)ە. نوێنەرانی گەل دەبێت خوێندەوارییان لە ئاستێكدا بێت، لانیكەم جیاوازیی نێوان ئەو دوو وشەیە بزانن، چونكە(گەڵ) پەیوەندی بە كۆئەندامی زاوزێی(مێ و نێر)ەوە هەیە، واتە گەڵ متمانەی خۆی بە پەرلەمانتار نادات، بەڵكو ئەوە كاری(گەل)ە و پێویستە بە تایبەتی لە كاتی سوێندخواردندا كەسانی بەرپرس و كارپێسپێردراو و هەڵبژاردەی خەڵك، ئەو دوو وشەیە لە یەك جیا بكەنەوە، خۆی سوێندخوارنەكە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەكانی گەلە نەك گەڵ!! ئایا پاراستنی بەرژەوەندییەكانی گەڵ دەبێ چی بێت؟!
 ئەگەرچی لە دوو خولی رابڕدووی پەرلەمانیش لە لایەن هەندێك لە پەرلەمانتارانەوە ئەم هەڵە زەقە بەردەوام دووپات بووەتەوە، بەڵام بە رێژەیەكی زۆر كەمتر لە پەرلەمانتارانی خولی سێهەم بووە، بۆیە پێویستە ئەو پەرلەمانتارانەی كە هەڵەی وا زەق دەكەن، خوێندنەوەی زیاتریان بۆ بەكارهێنانی وشەكانیان هەبێت، پێویستە خۆڕاهێنانیان هەبێ و داهێنان بكەن، نەك بە هەڵەی زەق خۆیان رووبەڕووی لێشاوی رەخنەی رەوا بكەن.    
زۆر گوترا و بەڵێن درا كە ئۆپۆزیسیۆنی خوێنەوار و كارا و دڵسۆز لە خولی سێهەمی پەرلەماندا بەشدار دەبن و پەرلەمانێكی زیندووترمان بۆ دەخولقێنن كە مشتومڕ و رای جیاوازیان، گیانێكی نوێ بە پەرلەمان دەدات، بەڵام بەداخەوە ژمارەیەكی زۆریان سوێندیان خوارد "بەرژەوەندییە باڵاكانی گەڵ" بپارێزن!! خۆ ئەگەر ئەوان "پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی گەڵ" بكەنە پڕۆژەیاسایەك و بۆ خوێندنەوە بیخەنە بەردەم پەرلەمان، لەوانەیە خراپ نەبێت و دوای پەسەندكردنی، بە كردنەوەی یەك دوو شوێن بۆ لەشفرۆشان و كڕیارانی، خەڵكێك لەو لادانە ئەخلاقییە رزگار بكەن، كە گەنجێك بە(حەبی خەو) دایكی 15 ساڵ بێوەژنی خۆی ئاوس بكات!! بەڵام جیانەكرنەوەی ئەو دوو وشەیە هەڵەیەكی زەق و حاشاهەڵنەگرە.

 

Previous
Next

Leave a Reply