Skip to Content

Friday, January 15th, 2021

هەڵە زمانەوانییەکانی نەبەز گۆران

Be First!
by May 13, 2013 گشتی

 

 

 

 

ئەم نوسینەم وەک خستنە ڕووی یەک تەغار لە هەڵەکانی کورتە وتارێکی نەبەز گۆرانی ڕۆژنامەنووسە، کەڕەخنەی لەوتاری  بەڕێزێک گرتبوو بە ناوی (پێشواز فەیزوڵا). من نە لە بری ئەو برادەرە قسە دەکەم و، نە تواناو نوسینی ئەو برادەرەش زۆر بە شیاو دەزانم . بەڵام هەر کەس لە هەرکوێ بە ئارەزووی خۆی شلکوتی زمانی کوردیی بکاتو، خۆیشی وەک شارەزایەک لەو بوارەدا نیشان بدات، ئەوا من وەک ڕەخنەگرێک بە کاری خۆم هەڵدەستم . 

کاک نەبەز لە دەستپێکدا نوسیوویەتی: هەڵبەتە وتاری ئەو هاوپیشەمان. یەک باوەش هەڵەی زمانەوانی تێدایە جگە لەوەی هێشتا شێوەی خاڵبەندی وتار شارەزا نەبووە ئەشێ زانکۆشی تەواو کردبێت.

سەرەتا دەکرێ بزانین لە دوای ئەم ڕستە ناتەواوەوە بۆچی خاڵ دانراوە کە هیچ پێویست بە خاڵ ناکات.

 ( هەڵبەتە وتاری ئەو هاوپیشەمان) .

 خۆتۆ  بە حساب ڕەخنەی سەرەکیت لەو برادەرە زیاتر لەسەر خاڵبەندی بووە.

ئەو خاڵبەندییەی کە بەڕێزت وەک کەسێکی زۆر شارەزا باسی لێوە دەکەیت، ئادەی بنواڕە وتارەکەی خۆت بزانە لە چەند دانە کۆتایی ڕستەدا خاڵت دانەناوە. تەنانەت لە کۆتا ڕستەی نێو وتارەکەتدا خاڵت دانەناوە.

 خاڵبەندی شتێکی پێویستە، بەڵام خاڵ دانان لە شوێنێک کە هیچ پێویست نییە، نازانم ناوی بنێم چی ؟

ئەی خاڵبەندی بەچی دەچێت، کە تۆ تاکوو ئێستاش نازانیت بە کوردییەکی بێ هەڵە بنوسیت.

لەوەیش سەیرتر ئەوەیە ڕەخنەی زمانەوانیی دەگریت!

 

لێرەدا هەندێک لە هەڵە زەقەکانت دەخەمە بەر چاوی خۆت و خوێنەرەکانت بەڵکو شتێکی لێوە فێربیت.

١- زمانەوانی هەڵەیە * زمانەوانیی دروستە.

٢- فاریزەوەییە هەڵەیە * فاریزەوەیە دروستە.

٣- نیە هەڵەیە * نییە دروستە، بە دوو -ی- کە زیاد لە ١٦ جار ئەم هەڵەیەت شانزەبارە کردووەتەوە.

٤- ڕێبوار سوەیلی هەڵەیە * یەک خۆی ئەو برادەر بە سیوەیلی دەینوسێت ، بەڵام گونجاوترە بنوسرێت سیوەیلیی.

٥- خاڵبەندیەوە هەڵەیە * خاڵبەندییەوە دروستە .

٦- فارسیەوە هەڵەیە * فارسییەوە دروستە، بە دوو -ی- کە ئەم هەڵەیەت حەوت بارە کردووەتەوە.

٧- سۆمەریەکان هەڵەیە * سۆمەرییەکان دروستە، بە دوو -ی- کە ئەم هەڵەیەت سێ بارە کردووەتەوە.

٨- یۆنانیەکان هەڵەیە * یۆنانییەکان دروستە .

٩- دەستەواژەییان هەڵەیە * دەستەواژەیان دروستە، لەو ڕستەدا.

١٠- زمانەوانیەوە هەڵەیە * زمانەوانییەوە دروستە، کە هەمان هەڵەت حەوت بارە کردووەتەوە.

١١- ئاساییی هەڵەیە * ئاسایی دروستە. کاک نەبەز لەو شوێنەی دوو- ی – پێویستە ناینوسێت، لەو شوێنەی پێویست نییە دەینوسێت. هیچ نییە دەی وەک خاڵەکەی لێهاتووە.

١٢- ئاسایە هەڵەیە * ئاساییە  دروستە.

١٣- زمانەوانیە هەڵەیە * زمانەوانییە دروستە.

١٤- واتاییەی هەڵەیە * واتایەی دروستە.

١٥- ڕێگاییەکان هەڵەیە * ڕێگایەیان  دروستە.

 

ئێستا خۆت هەڵەکانی خۆت بژمێرە بزانە چەند هەڵەت کردووە. ئەمە تەنها هەڵەی کورتە وتارێکت بوو کە لەوە  دەچێت خۆیشت زۆر پێوە خەریککردبێت، چونکە هەڵساوی بە ڕەخنەگرتن لە هاوپیشەیەکی خۆت.

ئاخر لە وڵاتێکی وەک ئەمریکا یان بەریتانیادا کەسێک کەناوی ڕۆژنامەنووس یان نوسەری لە خۆی نابێت، تەنها لە یەک کورتە وتاردا ئەو تەغارە هەڵەیە بکات، ئایا هیچ سایتێک دەرفەتی بڵاوکردنەوە بە وتارەکەی دەدات؟

 بێگومان نەخێر!  تەنها دیلێتێکی دەکەن و بەس. ئیدی بڵێین چی کوردستانە، شتی زۆر سەیر دەبینی و دەبیستی.

 ئەوەتا کاک حەمە سەعید حەسەن – یش کە هەندێک کەس بە مامۆستا مەزنەکە ناوی دەبەن، تاکوو ئێستاش جیاوازی نێوان لەشفرۆش و سۆزانیی نازانێت چییە. وەهەروەها سۆزانیی بە سۆزانی دەنوسێت، کە خۆی ئەو وشەیە لەرووی فۆنەتیکەوە دەبێت بنوسرێت سۆزانیی.

با من چەند نمونەیەک بخەمە بەردیدەی خوێنەران لەسەر وشەکانی سۆزانی و، سۆزانیی. خۆی سۆزانی تەنها واتا و، دەنگی ناوی کچێک دەدات کە ناوی سۆزان  بێت، لەگەڵ- ی – ئامرازی پەیوەندیی دەبێتە سۆزانی.

بۆ نمونە: سۆزانی مام عەلی. ئەی باشە، من لە کچێک دەپرسم ئایا تۆ سۆزانیت؟

 باشە کێ دەزانێت من مەبەستم لەکام یەک لەم دوو ڕستانەی خوارەوەیە.

– are you a bitch ? 2- are you sozan ?1 

بێگومان پرسیارەکە هیچ ڕوون نییە، من مەبەستم کام ڕستەیانە. بەڵام ئەگەر بنوسم ئایا تۆ سۆزانییت؟ کە لە ڕووی دەربڕینیشەوە ئەو شێوەیە دەدات، ئەوە ڕوونە کە مەبەستم پرسیاری یەکەمە. وەگەر بەیەک – ی – نوسیم کە لە دەربڕینیشدا هەر یەک – ی – یە زۆر ڕوونە کە مەبەستم پرسیاری دووەمە.

وە سەبارەت بە وشەکانی لەشفرۆش و سۆزانیی، لەشفرۆش ناوەکەی بەخۆیەوەیەتی کە لەشی دەفرۆشێت بە ڕەگەزی بەرامبەری بۆ چێژ وەرگرتن لێی، بەڵام سۆزانیی مەرج نییە هیچ پارەیەک وەربگرێت.

دەکرێت بڵێین لەشفرۆش واتا:(  prositute  ) وە سۆزانیی واتا : (  bitch ).

بۆیە بە کاک نەبەز دەڵیم بە تایبەتیی، چونکە ئەو تاکوو ئێستاش نازانێت بە کوردییەکی جوان و بێ هەڵە بنوسێت، کە ئەم کۆمەڵە وشەیەی خوارەوە نەک هەر لە شێوەی نوسیندا، بەڵکو لە واتایشدا جیاوازن.

١- خۆشەویستی * خۆشەویستیی ٢- گشتی * گشتیی ٣- ڕۆشنبیری * ڕۆشنبیریی ٤- تایبەتی * تایبەتیی 

٥ – نیشتیمانی * نیشتیمانیی .

من دڵنیام هەندێک لە دەروێشەکانی بەڕێزت و تەنانەت خۆیشت، جیاوازیی نابینن لە نێو ئەو وشە لەیەک نزیکانەدا کە تەنها یەک – ی – زیاتری تیا بەکارهاتووە. بەڵام واتای جیاوازە. بۆیە پێم باشە دوو دانە لەو وشانە کە تەنها یەک – ی – جیاوازییان هەیە، لێرەدا ڕوونیبکەمەوە. نمونە:

یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان دەبێت بەم شێوەیە بنوسرێت، هەرچەند تاکو ئێستاش تەنانەت لە سایتی pukonline دا

بە بەکێتی نیشتیمانی کوردستان دەنوسرێت.( نیشتیمانی) واتا land of. بۆ نمونە: land of the kurds 

واتا: نیشتیمانی کوردەکان.  بەڵام (نیشتیمانیی) دەبێتە patriotic .

——————————————

تێبینیی: کورتە وتارەکەی کاک نەبەز گۆران لە ماڵپەڕی خەنداندا بڵاوکراوەتەوە.

 

 

Previous
Next

Leave a Reply