Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
واقیع …. جەبار حەمەد

واقیع …. جەبار حەمەد

Closed
by December 23, 2012 گشتی

 

 

 

پەیامێکی دڵسۆزانە بۆ ئەو کورە لاوەی کە قاچەکانیش و خۆشەویستەکەی لەدەست چوو.

کاتێک کە ئەو بەرنامەیەم بینی،هەرچەندە من کاتی ئەوەم نیە سەیری تیڤی بکەم،بەڵام بەڕێکەوت  لە نووسینگەکەم سەرقاڵی ئێش و کاری بازرگانی بووم و تیڤییەکە لەسەر ئەو کەناڵە بوو،سەرنجی ڕاکێشام.

ئەوبەرنامەیە کەپرسیاری لەبابەت خۆشەویستی ئەکرد،هزری منی بۆلای خۆی کێشکرد و وازم لە ئیشەکەم هێنا.

بۆ ئەوەنەبوو کە من تامەزرۆی ئەوەبم کە شتێک لە خۆشەویستی بزانم یان ببیستم،بەڵکو ڕاستگۆیی ئەولاوە،کە پەیامنێرەکەش ومنیشیان ورووژاند.

ڕاستی هەیە ماڵ درووست ئەکات،هەشە ئەبێتە ماڵوێرانی و نەهامەتی،بەڵام ئەڵێن هەر راستی،راستە.

ئەو لاوە باسی خۆی کرد،راستیی ووت.

باسی دوو پێویستی حاشا هەڵنەگر،کە لەدەستی داوە،یان لێی بێبەش بووە.

قاچەکانی کە بەشێکی گرنگی جەستەیەتی لەدەست داوە،بۆتە کەمئەندام،خاوەن پێداویستی تایبەت.

کەمئەندامیشی بۆتە هۆی لەدەستچوونی خۆشەویستەکەی،ئەوکەسەی کە خۆشی ویستووە،ئەوکەسەی کە هیوای دوارۆژی بووە کە هاوسەری ژیانی بێت.

ژیان پرە لە خۆزگەو ئاوات،تا ئەمرین چاوەروانین.هەندێکمان بە مەرامی خۆی ئەگات و دەروازەی کامەرانی لێئەکرێتەوە.هەندێک نیوە بەنیوە،هەندێک نەک پێی ناگات،بگرە سەروماڵیشی تیائەچێت،هەشە خۆزگەو ئاواتی کەسانی تر بەدی ئەهێنێت،یان هەیە ئەبێتە هۆی ماڵوێرانی و کاولکاری و تیاچوونی ئەوانی تر…. نموونە زۆرە.

ئەم باسە زۆر قوڵەو منیش کارم بازرگانیە،نەک لێکۆڵینەوە و فەلسەفە لێدان.

بەکوردی و بەکورتی ،ئەمەوێت باسی کچەکەم بکەم. کێ ئەڵیت ئەوە کچەکەی منیە کە ئەم لاوە عاشقی بووە؟کێ ئەڵیت کچەکەی من نەبووە دڵ و پەیمانی بەم لاوە داوەو نەیبردووەتەسەر؟بۆ نابێت؟   ئەوە نەبوو خزم و خوێش پێیان وتم کچەکەتمان لە گەڵ کورێکی کەمئەندامدا بینیووە؟

من ئێستا بازرگانێکی گەورەی ئەمشارەم،گەورەیی لەشم ناڵێم،من هەمیشە بە پیاوە بچکۆلەکە ناسراوم،مەبەستم گەورەیی لە پارەو دەوڵەمەندیدا.لێم مەپرسە لەکوێم هێناوە؟منیش وەك هەموو ئەمانەی لەدەورم،بازەکە بەسەرمەوە نیشتەوەو دوای ساڵانێکی دەربەدەری و شاخەوشاخ،کاتێک بەخۆم زانی زۆرم هەیە.چەند ڕیز خانوو،دووکان،باڵەخانە،زۆر شتی تر کە پێویست ناکات باسی بکەم…وتم لێم مەپرسە لەکوێم هێناوە.

ئەمەشیان واز لێبێنە بۆ رۆژگار و مێژوو،کە هەر خۆمان ئەینووسینەوە و چۆنمان بوێت ئاوای دادەڕێژین،کێ لیمان ئەپرسێتەوە؟

من بڕوام نەکرد کچەکەم دڵی بە کەمئەندامێک دابێت یان کەمئەندامێک دڵی کچەکەمی بردبێت.دڵ ئەبرێت،ئەدزرێت،ئەشکێنرێت،ئەڕەنجێنرێت،ئەمرێت،بریندار و خۆش و ناخۆشیش ئەکرێت،دڵیش هەیە هەلاهەلاو هەنج هەنجن ئەکرێت،ئاخ دڵ چیمان پێئەکەیت!

وتم هەڵبەت کچەکەم یارمەتی پێشکەش کردووە،من ڕێگەی خێری لێناگرم.کچەکەم دڵی زۆر باشە،زۆر جار ڕۆژانەکەی داوە بە هەژاران.هەرگیز دڵیشم لێ پیس نەکردووە،من بۆ مناڵەکانم زۆر باوکێکی کراووە و میهرەبانم،وەک هاوڕێ لەگەڵیاندا مامەڵە ئەکەم.

چوومە ماڵەوەو دوای نانخواردن،لە دەرگای ژوورەکەیمدا،چوومە ژوورەوە،داوام لێکرد هەندێک قسە بکەین،ڕێگەی پێدام.

کچەکەم هیچ لە من ناشارێتەوە،بۆیە پرسیاری ئەوەم لێکرد کە ئەو کوڕە کەمئەندامە کێیە؟

هاوڕێمە ئەیناسم .

چۆن هاوڕییەك؟ نزیک یان دوور؟هاورێیەتی کورو کچێک،پەنا بەخوا.

دووای هەندێک شەرم کردن،ئاخر ئاسان نیە کچ باسی دڵی خۆی بۆ باوکی بکات،هەموو شتێکی درکاند.

من خۆم تێک نەدا،تووڕە نەبووم،هاوارم نەکرد،زۆر لە سەرخۆ و بەهێمنی بۆچوونی خۆم پێووت:

تۆ بەدڵ ئەو کورەت خۆش دەوێت؟دڵت بریاری داوە؟

کەواتەئێستا مێشکت ئیش ناکات،دڵت زاڵە.

ئەمەش رۆمانسەیەتە،رۆمانسیەتیش زۆر ناسکە و زوو ئەشکێت،بەرگەی بارە گرانەکانی ژیان ناگرێت.

ژیان تەنها ڕۆمانسیەت نیە،ژیان زۆر لەوە دژوار ترە کە ئاوا بیری لیبکەیتەووە.

ئەمە خەونە خەونیش هەرچۆن بێت کەبەخەبەر هاتیت،تەواو ئەبێت.

واقیع بەجۆرێکی ترە،تاڵە، تیژە،هەورازە،هەڵدێرە،داڕمانە،کەوتنە،کەمئەندام بوونە،کەمئەندام،،،،خاوەن پێداویستی تایبەت،پێداویستی تایبەت،تایبەت………… تووڕە نیم بروا بکە.

کچەکەم فرمێسک بە گۆنایدا ئەهاتە خوارەوە،خەمبارە،شەرمە یان ترس؟من وەک باوکێک هەموویم هەست پێئەکرد.

هەموو جیهان ئەگۆڕێت،ڕۆمانسیەت کار ناکات واقیعێکی تاڵ چاوەروانە،باڕوونتر قسە بکەین.

وامان دانا لەگەل ئەم کەمئەندامە هاوسەر گیریت کرد،دڵت وا ئەڵێت.

چۆن ئەژین؟چۆن ژیانێکتان ئەبێت؟ تۆ ئەڵێیت خۆش؟دڵت وائەڵێت؟

منیش ئەڵیم ناخۆش من مێشکم وا ئەڵێت،من وەک بازرگانێک بیر ئەکەمەوە،تۆش وەک شاعیرێک.

پەروانەم لەدەوری مۆمێک،گوڵم لەدەستی تۆدا

عاشقی دڵ دەناڵێ بێپەروا و شێت لەوێدا

پەروانە،لەدەوری مۆم ئەسووتێ،گووڵ لەدەستا تەمەنی کەم ئەبێت،عاشق ئەناڵێت شێت ئەبێت.

ئەزانم ئەتەوێت باسی قوربانی و دڵسۆزی و خۆبەختکردنم بۆ بکەیت،دەستکەوت چییە؟

سوتان،شێتی،کەمتەمەنی؟

ئەتەوێت باسی خۆشەویستیم بۆ بکەیت،کەخۆشەویستی هەبوو،ژیان خۆش ئەبێت.

چەند خۆش ئەبێت؟

کەم،زۆر زۆرتر،زۆرترین؟

بێگومان خۆش ئەبێت،خۆشەویستی بناغەی خۆشی ژیانە.

بەتەنیا؟

من تۆم زۆر خۆش ئەوێت،خۆشەویستیەکەم لە چیدا دەرئەکەوێت،لەچاوما،لە دەستما،یان لە کوێ؟

من بەدابینکردنی پێویستیەکانی ژیان خۆشەویستی خۆم بۆ تۆ دەرئەخەم تۆش لەو ڕێگەیەوە ئەیبینیت،ئەگەر وا نەبێت خۆشەویستی تەنها پێداویستیەکانی ژیان پرناکاتەوە،هیوادارم وام لێتێنەگەیت کە بروام بەخۆشەویستی نیە.

تۆ بەوخۆشەویستیە پاکە بێگەردەوە بریاری ژیان لەگەڵ خۆشەویستەکەت ئەدەیت،قوربانی ئەدەیت،هەموو شتیک لە پێناویدا ئەکەیت،تەنها خۆشەویستی،هەر خۆشەویستی،هیچی تر بەبیرتا گوزەر ناکات،دڵت وا ئەڵێت.

زیاد لەوەی خەمی خۆت و منداڵەکان بخۆی،خەمی ئەمیشت بۆ زیاد ئەبێت،لەجیاتی ئەوەی ئەم لێپرسراوێتیت لەگەڵ بەش بکات ،تۆ ئەبێت لێپرسراوی ژیانی ئەمیش بیت،خۆشت ئەوێت.

ئەم کاری بۆناکرێت،مووچەیەکی کەم وەک خێرێک،پیاوەتی وچاکە،بەتەنگەوە هاتنێک، دەوڵەت مووچەیەکی بۆ ئەبرێتەوە،گوێی پێنادەیت،خۆشت ئەوێت.

بەشناکات،ژیانتانی پێناڕوات،برسی ئەبن،مناڵەکان وەک مناڵی تر ناژین،وەک مناڵیتر ناچنە قوتابخانە،وەک مناڵی تر ناخۆن،یاری ناکەن،جلوبەرگ و پێویستیەکانیان نابێت،وەک ئەوانی ترناپۆشن،گرنگ نیە بەلاتەوە،خۆشت ئەوێت.

خەم ئەخۆن چارتان نامێنێت،لەگەڵ ئەوانی تر،کەمئەندامانی تر رێکخراوێک درووست ئەکەن،پاڵپشتی ئەبیت،خۆشت ئەوێت.

داوا لە دەوڵات ئەکەن ژیان و گوزەرانتان بۆچاک بکات،نایکات،گوێتان پێنادات.

لە ئێوە گرنگ تر هەیە،ئاخر ئێوە چ سوودێکتان بۆ ئەوان هەیە؟

ئەچنە بەردەم بارەگاکانیان،خێمە هەڵ ئەدەن،چەند رۆژ مان لەنانخوارن ئەگرن،تۆش لەگەڵیدا،خۆشت ئەوێت.

کەس بەدەنگتانەوە نایەت،نامە بۆ رێکخراوەکان ئەنووسن،سوودی نیە.

بەبیانووی جوانی شار تێک ئەدەن، بە سوپایەکی گەورەوە دێن بۆتان و بەزۆر بڵاوەتان پێئەکەن، دار و گۆچان و کورسیەکانتان ئەشکێنن.

بەهۆی سووربوون لەسەر مافەکانتان،ئەتانخەنە بەندیخانەوە.

هەر نەهاتیت،بەمنت نەووت،داوای یارمەتیت لێنەکردم،شەرمت ئەکرد.

بڕیارێکە خۆت داوتە ودان بەخۆتدا ئەگریت.

بەڵام چارت نامێنێت بەگریانەوە دێیت بۆلام،داوم لێئەکەیت فریای هاوسەرەکەت، خۆشەویستەکەت بکەوم، لە بەندیخانە رزگاری بکەم،خۆشت ئەوێت.

من دەستم زۆر ئەڕوات،هەموو ئەوان ئەناسم،ئێمە چەند ساڵ بەیەکەوە خەباتمان کردووە.

من ئەوانم،ئەوانیش منن،بەرژەوەندیەکان،لە سەروو هەموومانەوەیە،بەرژەوەندی لەدەست نەدان،مانەوە،لەق نەبوون.

ئەبێت هەموو شتیک بە ویستی ئەوان بکەم،ئەگەر وانەکەم ژیانم و سامانم نامێنێت،ئەوەی پێکمەوە ناوە هەرەس ئەهێنێت.

جا لەبەر ئەم هۆیە ئەبێ من چاوپۆشی لە تۆش و خۆشەویستەکەت بکەم،تۆش نائومید ئەبیت،ئیتر نەمن باوک و نەتۆش کچ و پەیوەندیەکەمان بە ئاقارێکی خراپ ئەڕوات.

کچەکەم با زیاتری لەسەر نەڕۆم،تکایە واز لەم کورە بهێنە باشترین کوڕ و جوانترین و دەوڵەمەنترین هاتوە بۆ داوات.

کچەکەم باوەشی پیاکردم،خۆشم ئەوێیت بابەگیان.

 کچەکەم ئێستا لەماڵی خۆی،خاوەنی دوو مناڵی جوان،خانوویەکی شایشتە،مناڵەکان هەر یەک ژووری خۆی بەهەموو پێویستیەکانی مناڵی و ژیان ،کچەکەم لەگەڵ ئەوەدا خۆی ئۆتۆمبێلی هەیەو جارجار دەئاژوێت، بەڵام شۆفێری هەیەو،خۆی لە پاشی ئۆتۆمبێل وەک شاژنێک دائەنیشێت.

خزمەتکارێکی لەم فلیپینیانە ڕاگرتووە ئیشووکاری ناو ماڵی بۆ بەڕێووە ئەبات.

نەگرفتی مووچە،نەخانوو،نەکارەبا،نەپێداویستی تایبەت.

پێداویستییە تایبەتیەکانی کچەکەم لە هەندەرانەوە بۆی دەنێرن.

ئەزانی پێداویستیە تایبەتیەکانی کچەکەم چییە؟

بۆن،،

ماکیاج،،

پێڵاو،،

پۆشاک و خواردنی سەگەکەی.

بڕوانە ئەوکەسەی کە تۆ خۆشت ئەویست،لە چ سەڵتەنەتێکدایە،پێت خۆش نیە خۆشەویستەکەت ئاوا ژیانێکی شایستەی هەبێت؟

 زەنگی ئاگر کەوتنەوەی باڵەخانەکەم( ئەلارم) لێیدا،ئەم زەنگە مانگی لە جارێک زیاتر کەسێکی خێر خوا هەر بۆ هەوەس،ڕایئەکێشێت،هەموومان بەخەبەر دێنێت،ئەبێت هەستین و بەپەلە ڕاکەینە خوارەوە،تا دێن چاکی ئەکەن.

……………

ئەگەر لێپرسراوانی وڵات،خەمی هاوڵاتیان هەبێت،هەموو لە پێویستیەکانی ژیان فەراهەم ئەبین و جیاوازی لە نێوان خاوەن پێداویستی تایبەت و هاوڵاتیەکی تر نیە، خێری وڵات بەشی هەموو ئەکات بەوپەری خۆشی،،بەڵام بەداخەوە.

دوای ئەوەی بەرنامەکەی کاروان چێوارم بینی،کە پرسیار بوو لە خۆشەویستی،شەو ئەم خەوەم بینی،من خاوەن پێداویستی تایبەت بووم و کچی بازرگانێکی تازە پێگەیشتووم خۆش ئەویست،ئەم نامەیەی  بۆ ناردم.

لەگەڵ ڕێزو خۆشەویستیم بۆ هەموو کەسانی پێداویستی تایبەت،من خۆم یەکێکم لەوان.

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.