Skip to Content

Wednesday, January 27th, 2021

وای له‌ئێمه‌ چه‌ند غه‌ریبین و تۆ لێره‌نیت ….. فه‌رهاد خدر

Be First!
by November 8, 2009 ئەدەب

سڵاو ..
بیرته‌ جارێك بۆت نووسم:
وای له‌ئێمه‌ چه‌ند غه‌ریبین و تۆ لێره‌نیت
وای له‌تۆ چه‌ند ته‌نهایت و له‌غه‌ریبیت
002
ئه‌مشه‌و..! نا، راستتر بڵێم رۆژانێكه‌ ده‌مه‌وێت نامه‌یه‌كیترت بۆ بنووسم. ده‌مگه‌لێكه‌ خولیای قسه‌كردنمه‌ له‌گه‌ڵت.. درێژ درێژ قسان بكه‌ین و فه‌نتازیا بهۆنینه‌وه‌، به‌جوان وێناكردنی دونیا وخه‌یاڵ و ژن و ژیان-ی یه‌كتری بخه‌نینه‌وه‌ و هێنده‌یتر پانتایی ئه‌و پووچگه‌رایی و هیچنه‌بوونییه‌ی خۆمان ته‌نگ بكه‌ینه‌وه‌ و خاوه‌نداری گه‌ردوونێك بكه‌ین له‌خولیا، له‌هه‌وڵ وهیواداربوون بۆ وه‌دیهاتنی بوونێك به‌خواستی خۆمان.! ئه‌م خه‌ونه‌ یۆتۆپیایه‌، دووره‌، ده‌ستنه‌گیرو رێوێڵكه‌ره‌وه‌ و نایه‌ته‌وه‌ سه‌ر ئه‌و گوزه‌ره‌ی(دونیا) تادێ تیایدا گه‌وره‌ ده‌بین و كه‌ڵه‌كه‌ی خه‌ونه‌كانمان بارستتر و كه‌ڵه‌گه‌تتر ده‌بێت. پووچه‌ پێشه‌وا پووچه‌، چه‌پگه‌ڕیانێكه‌، بابه‌خوول و گێژه‌نێكه‌ ئه‌م ژیانه‌ هه‌رچی كه‌سه‌ و به‌راستی له‌بوونه‌وه‌، به‌هه‌ست و ئاكار هێشتا مرۆڤه‌و نه‌بۆته‌ (عیسانخۆركه‌) تیایدا وندا و بێ ده‌ر ده‌بێت.
من ناتوانم به‌م دونیایه‌ رابێم كه‌هی ئه‌وانیتره‌، سه‌یره‌! خه‌مینم به‌وه‌ی دونیای (ئه‌وان) (ئێمه‌)ی په‌رتكرد و كردینی به‌دوو (من)ـی لێكهه‌ڵبڕاو ته‌ری، شكسته‌و دڵناشاد. ئه‌وه‌ حوكمی دونیای ئه‌وانه‌ به‌سه‌ر هه‌موو ئه‌وانه‌ی ریزپه‌ڕده‌بن له‌ حه‌شاماتی گاڕانئاساو سرووتێكی تر ده‌چڕن بڵندتر له‌سرووتی سوواو و ناگه‌هانانه‌ی ئه‌وانه‌ی به‌كۆڕس ده‌نگ هه‌ڵده‌بڕن بۆ نه‌بیستنی (ئێمه‌) كه‌ هه‌ین، كه‌ده‌بین و هه‌میشه‌یین.
با به‌رده‌وامبین پێشه‌وا.. ئه‌و سرووته‌ نوزه‌ئاسایه‌ی كه‌ ئێمه‌ به‌هاوده‌نگی هه‌موو جوانییه‌كانی ئه‌م گه‌ردوونه‌ ده‌یچڕین، له‌ره‌ی دوو كوڕه‌ ته‌ری له‌ پۆخڵه‌واتی ژینشێوێن.
ده‌نگمان ده‌ڕوا.. من دڵنیام ده‌نگمان هه‌موو زه‌مین ته‌ی ده‌كات، دڕ به‌زه‌نای ئه‌وان ده‌دات، رۆژێك ده‌بێت هه‌موویان بێده‌نگبن و هه‌ستیان رادێرن بۆ ده‌نگێك كه‌له‌په‌نایه‌كه‌وه‌ دێت، ده‌نگێك له‌ژیان، له‌هیواداری، كه‌ ئێمه‌ین.. به‌ڕاستی ئه‌وكات بووینه‌ته‌وه‌ به‌(ئێمه‌).! چ سه‌یره‌ پێشه‌وا.. چ سه‌یره‌ «رۆژێك تێده‌گه‌ن باس له‌ چ وێرانه‌یه‌ك ده‌كه‌ی«
ژیان به‌رده‌وامه‌ و ئێمه‌ له‌یه‌ك دوور، دووراودوور به‌ته‌نیا به‌یادی یه‌كتری ده‌ژین، پێده‌كه‌نین.. زۆر رۆژان به‌ده‌م هێنانه‌وه‌ یادی ئه‌و كاتانه‌ی ده‌گه‌ڵ یه‌كدابووین له‌به‌ر خۆمه‌وه‌ پێده‌كه‌نم، دایكم ده‌ڵێ “ها.. چبوو دیسان جندت هاتنێ؟” باوابێ دایكه‌..
 ره‌نگه‌ ئه‌سته‌مبێ ته‌فسیری ئه‌م پێكه‌نینه‌م بكه‌م بۆ ئه‌و، ره‌نگه‌ ئه‌گه‌ر پێی بڵێم بۆ ئه‌وه‌ پێكه‌نیم تاكو نه‌گیرم، ئه‌مجاره‌ به‌ڕاستی بڕوا به‌ گومانه‌كه‌ی خۆی بكات.!
ئه‌گه‌ر ژیان ئه‌وه‌ بێ كه‌ده‌بێ له‌دووری یه‌كتر، له‌نێو دونیای ئه‌وانیتر و دوور له‌به‌ها جوان و رۆحییه‌كان ئه‌زموون بكه‌ین، ئه‌وا چ بێ مانایه‌ ژین چ پووچ و چ بازییه‌كی بێ تامه‌ بوون.

 شاد بیت پێشه‌وا …
فه‌رهاد خدر
2009-11-1

Previous
Next

Leave a Reply