Skip to Content

Monday, December 6th, 2021

وتاره‌كه‌ی ئۆباما وه‌ك روداوه‌

Be First!
by June 13, 2009 گشتی

وتاره‌كه‌ی ئۆباما وه‌ك روداوه‌
موحسین ئه‌دیب

 

 

هه‌فته‌ی رابردوو شایه‌تحاڵی روداوێكی جیهانی گرنگ بووین، كه‌ ده‌توانین به‌روداوی راسته‌قینه‌ له‌ قه‌ڵه‌می بده‌ین، روداوێك كه‌ له‌راستیدا روداوی دیكه‌ش به‌دوای خۆیدا دێنێت، شتێكیش بۆ ئه‌وه‌ی به‌روداو له‌قه‌ڵه‌می بده‌ین ده‌بێت له‌ هه‌ناوی خۆیدا روداوی دیكه‌شی هه‌ڵگرتبێت، ئه‌و روداوه‌ گرنگه‌ش وتاره‌كه‌ی باراك ئۆبامای سه‌رۆكی ئه‌مریكا بوو كه‌له‌ زانكۆی ئه‌زهه‌ری میسر پێشكه‌ش‌و ئاڕاسته‌ی جیهانی ئیسلامی كرد، ناواخنی وتاره‌كه‌ی ئۆباما هه‌وڵێك بوو بۆ سه‌رله‌نوێ‌ ئاڕاسته‌كردنه‌وه‌‌و نوسینه‌وه‌ی مێژووی ئه‌مریكا، هه‌وڵێك بۆ داڕشتنی په‌یوه‌ندییه‌كی نوێ‌ له‌گه‌ڵ ده‌ره‌وه‌ی خۆیدا، بێگومان ئه‌مه‌ش یه‌كسانه‌ به‌سه‌رله‌نوێ‌ نوسینه‌وه‌ی مێژووی جیهانیش چونكه‌ یه‌كه‌م ئه‌مریكا وه‌ك زلهێزێكی جیهانیی كاریگه‌ری به‌رچاوی هه‌یه‌ له‌ مێژووی جیهاندا، دووه‌م ئه‌وه‌ی زۆر ته‌حه‌كوم به‌ئه‌مریكاوه‌ ده‌كات زیاتر له‌وه‌ی ناوه‌وه‌ی بێت ده‌ره‌وه‌یه‌تی، بۆیه‌ سه‌رله‌نوێ‌ رێكخستنه‌وه‌ی ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ له‌گه‌ڵ ده‌ره‌وه‌ی خۆیدا به‌تایبه‌ت له‌گه‌ڵ جیهانی ئیسلامی‌و عه‌ره‌بیدا مێژووی جیهان به‌ئاڕاسته‌یه‌كی دیكه‌دا ده‌به‌ن، روداو ده‌خولقێنن كه‌له‌راستیدا جیهان ده‌مێكه‌(له‌دوای روخانی یه‌كێتی سۆڤییه‌ته‌وه‌) خاڵییه‌ له‌ روداوی راسته‌قینه‌، روداوێك وه‌ك وتمان روداوی دیكه‌ به‌دوای خۆیدا بهێنێت، چونكه‌ بیرمان نه‌چێت دوای روخانی سۆڤیه‌ت‌و هه‌تا پێش ئه‌و روخانه‌ش به‌ماوه‌یه‌ك ئه‌مریكا هه‌وڵی دروستكردنی دوژمنێكی دیكه‌‌و ئه‌لته‌رناتیڤی ده‌دا كه‌ بریتی بوو له‌ئیسلامیزم، ئیدی ده‌توانم بڵێم ئه‌وه‌ تاكه‌ روداو بوو كه‌ له‌و ساته‌ وه‌خته‌وه‌ جیهان به‌گشتی‌و جیهانی ئیسلامی به‌تایبه‌تی‌و له‌په‌یوه‌ندیدا به‌ده‌ره‌وه‌ی خۆیه‌وه‌ ئاڕاسته‌ ده‌كات، هه‌ر ئه‌و روداوه‌ش گاریگه‌رییه‌كی زۆری له‌سه‌ر شكستی عه‌لمانییه‌كان‌و لیبراڵه‌كانی جیهانی ئیسلامی ده‌بێت‌و له‌ به‌رامبه‌ردا گڕوتینێكی زۆر به‌ بزاوته‌ ئیسلامییه‌كان ده‌دات‌و ده‌یانكاته‌ مانشێت‌و سه‌ردێڕی ماسمیدیاكانی جیهان‌و بازار گه‌رمی بۆ رۆژنامه‌نوسان دروست ده‌كات، هه‌ر ئه‌و روداوه‌یه‌ واده‌كات فۆكۆیاما كۆتایی مێژوو بنوسێت‌و سیاسیه‌كانی رۆژئاواش ته‌به‌نی بكه‌ن، هه‌ر روداوی فۆبیای ئیسلامه‌ هانتیكتۆن ده‌هێنێته‌ قسه‌‌وتێۆری پێكدادانی ژیاره‌كان گه‌ڵاڵه‌ ده‌كات، هه‌ر ئه‌و تێزه‌یه‌ كێشه‌كانی نێوان فه‌له‌ستینیه‌كان‌و ئیسرائیلیه‌كان قوڵتر‌و خوێناویتر ده‌كات، تالیبان ده‌كاته‌ ئاغای ئه‌فغانستان، دروستبوونی ده‌وڵه‌تی فه‌له‌ستینی دواده‌خات، حه‌ماس دێنێته‌ سه‌ر حوكم‌و فه‌له‌ستین دوو كه‌رت ده‌كات، له‌ده‌رئه‌نجامه‌ هه‌ر دیاره‌كان‌و سه‌رنجڕاكێشه‌كانی ئه‌و روداوه‌یه‌ واده‌كات 11 سێپته‌مبه‌ر بێته‌ ناو مێژووی ئه‌مریكاوه‌، ئه‌مریكا له‌كه‌نداو پێگه‌ سه‌ربازییه‌كانی به‌هێزتر بكات، سوپای ئه‌مریكا دێته‌ ئه‌فانستان‌و تالیبان ده‌نێرێته‌وه‌ بۆ چیاكان، روخانی سه‌رسه‌خترین‌و دیكتاتۆرترین رژێمی وه‌ك رژێمه‌كه‌ی سه‌دام حوسێن به‌دوای خۆیدا دێنێت، كورد سودی لێده‌بینێت‌و ده‌سه‌ڵاتێكی لۆكه‌ڵی بۆ خۆی بونیات ده‌نێت، روداوی دیكه‌ش زۆرن كه‌ روداوی فۆبیای ئیسلام‌و دوژمنه‌ ئه‌لته‌رناتیڤه‌كه‌ی سۆڤیه‌ت به‌دوای خۆیدا كێشیكردن، ده‌شێت ئه‌و روداوانه‌ له‌روانگه‌ی جۆراوجۆره‌وه‌ خوێندنه‌وه‌ی جیاوازیان بۆ بكرێت‌و هه‌ندێك به‌ پۆزه‌تیڤ‌و هه‌ندێكی دی به‌نێگه‌تیڤ له‌قه‌ڵه‌میان بده‌ن، به‌ڵام مه‌سه‌له‌كه‌ هه‌ر چۆنێك بێت ئه‌مریكا‌و ئه‌مریكییه‌كان بڕیاری خۆیاندا‌و به‌ره‌ی شه‌ڕخوازیان به‌ركه‌نار كرد كه‌ له‌ جۆرج بووشی كوڕدا خۆی به‌رجه‌سته‌ ده‌كرد، كاردانه‌وه‌شیان هێنده‌ به‌هێزبوو كه‌ كه‌سێكیان هێنایه‌ سه‌ر شانۆی ده‌سه‌ڵات به‌ڕه‌گه‌ز ئه‌فریقی‌و باوك موسوڵمان‌و ره‌شپێست بوو، كه‌ ئه‌وه‌ بۆخۆی روداوێكی گه‌وره‌ بوو، به‌ڵام له‌وه‌ گرنگتر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئۆباما پابه‌نده‌ به‌بانگه‌شه‌كانی هه‌ڵبژاردنیه‌وه‌، ئه‌مه‌ش به‌پشتبه‌ستن به‌و پێگه‌ جه‌ماوه‌رییه‌ به‌هێزی كه‌ به‌رده‌وام له‌هه‌ڵكشاندایه‌، به‌ڵام پرسیاری له‌وه‌ گرنگتر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئایا ئۆباما سه‌ركه‌وتوو ده‌بێت له‌ جێبه‌جێكردنیاندا؟ ئاینده‌ وه‌ڵامی ئه‌م پرسه‌ ده‌داته‌وه‌.

Previous
Next

Leave a Reply