Skip to Content

Sunday, May 9th, 2021

وه‌ها بوون خه‌ڵكی گه‌ڕه‌كی ئێمه‌

Comment

لێره‌ نین
دڵم وای وت:
ماڵیان چۆڵ كردووه‌ بۆ جریوه‌كان…!
شاعیرێك چرپاندی به‌ گوێما:
دڵیان داوه‌ته‌ ده‌ست دره‌خت،
خه‌یاڵم راستیكرد
ئه‌وان لێره‌ نین.. به‌ڵام
ده‌خیلی باكان بوون تا دێنه‌وه‌
چاوێكیان له‌ ئه‌لبومه‌كانیان بێت،
به‌ شه‌ویان وتووه‌ تا ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌
ئه‌ستێره‌ ورده‌كانی سه‌ربانیان
 زویر نه‌كه‌ن،
چۆله‌كه‌كانیان هانداوه‌
 چاوێكیان بكه‌نه‌ هه‌زار
بۆ ئه‌وه‌ی تا دێنه‌وه‌
كه‌س لاقه‌ی هێلانه‌كانیان نه‌كات.
بیریان بوو به‌ر له‌وه‌ی بڕۆن
به‌ خوا بڵێن: تا ته‌نكیه‌كه‌ی سه‌ربان
 پڕ نه‌بێت له‌ میهره‌بانی
 بارانه‌كه‌ نه‌گرێته‌وه‌..!
به‌ره‌شه‌بایان وتبوو: تا ئاوه‌ڵكراسه‌كانی عیشق‌و
 جه‌مه‌دانه‌كانی شۆڕش وشك نه‌بنه‌وه‌ دایان نه‌گرێت، 
عه‌ریزه‌یان به‌ شاره‌وانی دابوو
تا شه‌هیده‌كانیان نه‌یه‌نه‌وه‌
درووشمی سه‌ر دیواره‌كانیان نه‌سڕنه‌وه‌،
خه‌ڵكی گه‌ڕه‌ك وه‌هابوون:
له‌ته‌ماشاكردنی گوڵ تێر نه‌ده‌بوون
تا شاعیرانه‌ مه‌ست ده‌بوون،
هێنده‌ له‌ناو به‌فردا ده‌ستبازییان ده‌كرد
ئیتر تا دره‌نگانێكی شه‌و
 بڕیاری خۆكوشتنیان نه‌ئه‌دا،
مناڵه‌كانیش هێند به‌ده‌م باڵنده‌كانه‌وه‌ خه‌نینه‌وه‌
 ئیتر ئیزنیان له‌ باوكیان نه‌خواستبو‌و
به‌ده‌م فیكه‌ كێشانه‌وه‌ به‌په‌یژه‌كه‌دا
 هه‌تا مانگ سه‌ركه‌وتن ،
لێره‌ نین خه‌ڵكی گه‌ڕه‌كی (ئه‌مان له‌رزانه‌ دیده‌م له‌رزانه‌)
خۆشیان نه‌یانزانی چۆن وه‌ها كتو پڕ
دڵیان هات په‌رده‌كان داده‌نه‌وه‌‌و
مۆمه‌كان خامۆشكه‌ن..!
كه‌سیان فكریان نه‌چوو بۆ ئه‌وه‌ی
تا دێنه‌وه‌ چۆڕێك گمه‌یان
له‌و هه‌موو كۆتره‌ بۆ نه‌مێنێته‌وه‌
كه‌ له‌باخچه‌ی حه‌وشه‌كه‌یاندا
خودا به‌ دیاری بۆی رواندبوون،
چڵێك له‌و گشت سێبه‌ره‌
 سه‌بوورییه‌كیان پێ نه‌دا
كه‌ رۆژانێك به‌قه‌ڵه‌می چاورشتن
له‌سه‌ر ئاوێنه‌كان كێشابوویان،
خۆشیان پێیان سه‌یربوو
چۆن چۆنی فریا كه‌وتن
ئه‌و گشت كارتی داوه‌تنامه‌یه‌
پڕكه‌نه‌وه‌ له‌ خۆشه‌ویستی
پێیان سه‌یربوو چۆناهی توانیان
باخچه‌كانی رۆحیان پڕبكه‌ن
له‌ رۆژ باشی باڵنده‌و هه‌تاو
پێیان سه‌یربوو چۆناهی
دڵیان چوویه‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی
 تا خه‌به‌ریان ده‌بێته‌وه‌
كه‌س خه‌ونێكیان نه‌چنێته‌وه‌ بۆ خۆی..!
ئاوه‌ها بوون خه‌ڵكی گه‌ڕه‌كی (ناڕۆم‌و جێت ناهێڵم)
خه‌ڵكی گه‌ڕه‌كی (شه‌رته‌ گوڵی كه‌س نه‌كه‌م به‌بۆوه‌)
خه‌ڵكی گه‌ڕه‌كی ناز نازه‌ نازداره‌كان
خه‌ڵكی گه‌ڕه‌كی لاو لاوه‌.. لاو لاوه‌كان، 
بۆ شه‌ڕه‌ ئاو ده‌چوونه‌ ماڵی ست باران..
بۆ یه‌ك پسك بۆن
له‌ ده‌رگای باغی باجی رێحانیان ده‌دا..
بۆ  چه‌پكێ‌ گۆرانی
ته‌كلیفیان له‌ داده‌ تریفه‌ ده‌كرد..
بۆ مشتێك سێبه‌ر
نه‌وازشی هه‌تاو خانیان ده‌كرد..
بۆ ته‌زوویه‌ك خۆشه‌ویستی
ناو دڵی یه‌كتر ده‌گه‌ڕان.
ئه‌وان هه‌میشه‌ وه‌ها بوون:
 شیعره‌كانیان خرپن‌و
گۆرانییان گوپن‌و
 عیشقیان وردیله‌.
وه‌هابوون خه‌ڵكی گه‌ڕه‌كی ئێمه‌:
ئێواران ژێر كه‌پری خه‌یاڵیان
به‌ نازی به‌رسیله‌ ئاوڕشێن ده‌كرد،
شوشه‌ی  بێده‌نگییان
به‌ هه‌ناسه‌ی شنه‌ ده‌سڕییه‌وه‌،
پیاوه‌كانیان كه‌ غه‌رقی ناو به‌رماڵ‌و
 ماڵی خودا ده‌بوون
بۆنی بغوردیان لێده‌هات،
مناڵه‌كانیان به‌دوای كۆلاره‌كاندا ده‌فڕین‌و
تا دره‌نگانێك گاڵته‌یان له‌گه‌ڵ مانگ ده‌كرد..!
چه‌ند شادومان‌و سه‌نگین بوون
 خه‌ڵكی  گه‌ڕه‌كی (چاو ڕه‌شێ‌ واوه‌ره‌).
به‌ر له‌وه‌ی بڕۆن
بیریان بوو
له‌ دوكانی سارده‌مه‌نییه‌كه‌ لاده‌ن‌و
سه‌رو كۆكا بكه‌ن به‌سه‌ر ئه‌و گشت به‌خته‌وه‌ریه‌دا،
له‌سه‌ر حه‌وزی مزگه‌وتێك دانیشن‌و
چوار پێنج شڵپ ئاو بده‌ن به‌رووخساری ئه‌و گشت ئومێده‌یاندا.
بیریان بوو
ئه‌ملاو لای یه‌كتر ماچ كه‌ن‌و
ده‌خیلی خۆیانبن
تا دێنه‌وه‌ كه‌س خه‌وی شه‌هێدێكیان نه‌زڕێنێت
كه‌س كشه‌ له‌ مریشكێكیان نه‌كات..
كه‌س دڵی نه‌یه‌ت دڵیان ببات
كه‌سێك هۆشی نه‌بێت هۆشیان راو كات
كه‌سێك رووی نه‌یه‌ت رووگیری ئه‌وینیان بێت
كه‌سێك نه‌یپه‌رژێ‌ په‌رژینی باغه‌كانیان تێكدات
فڕینی كۆترێكیان بشكێنێت
شه‌مامه‌ی مناڵێكیان بگوشێت
مۆڕه‌ له‌ گۆرانییه‌كیان بكات..
ئیتر له‌ دووره‌وه‌ تكایان له‌خۆیان كرد
تا دێنه‌وه‌
كه‌سێك.. هیچ كه‌سێك… هیچ هیچ كه‌سێ
گڵۆپی سه‌ر ده‌رگاكانیان ره‌شنه‌كاته‌وه‌
نه‌وت نه‌كاته‌ ناوئینجانه‌كانیانه‌وه‌
ژه‌هر رۆنه‌كات بۆ چۆله‌كه‌كانیان،
وه‌هابوون خه‌ڵكی گه‌ڕه‌كی (شیرینییه‌‌و سه‌وه‌زه‌)
خه‌ڵكی گه‌ڕه‌كی ( ده‌سا لێمگه‌ڕێن با بۆخۆم بمرم).

Previous
Next

Leave a Reply