Skip to Content

Saturday, December 5th, 2020

ویست بۆ جوانی لە ناوەوەی فەلسەفە

Be First!
by February 11, 2012 فەلسەفە

 

لەم بەشەی نووسینەکەمان تایبەت بە تیۆری ناجوانکاری لە فەلسەفەی ئالان بادیو دا دێینە سەر وروژاندنی باسێ کە لەڕووی فەلسەفی و ئیستاتیکیش ( جوانکاریش) ەوە  لەیەککاتدا بۆ تێگەیشتن لە بینینەکانی بادیو تایبەت بە فەلسەفە و جوانکاری گرینگی خۆی هەیە. نیازمەندیشین قسە لە جوانی بکەین وەک ئەوەی بەشێ بووە لە تێماکانی فەلسەفە و لەناوەوەی ، نەک لەدەرەوەی، فەلسەفە قسەیلێکراوە . کەوابێت لێرە گوماندەخەینە سەر ئەو قوورساییەی بادیو دەیخاتە سەر تێزی ناجوانکاریەکەی، چونکە بەپێیئەو تێزە بێت ناجوانکاری ناچێتە خانەی فەلسەفەوە یان کاری فەلسەفە ئەوە نییە جوانی ناو کارە هونەریەکانمان بۆ ڕاڤەکات. بۆیە لەڕووی مێتۆدی و تیۆرییەوە بەپێویستی دەزانین گەشتێ ، بەرتەسک، بەناو تێگەیشتن لە جوانی لەناو فەلسەفە بکەین و ئەوە بەرچاوخەین جوانی لە پێوەندیدا بووە بە شیکردنەوە لە هەستی دەرکپێکردن و گەشەی تیۆری جوانکاریش لەگەلێ جەمسەرەوە بە فەلسەفەوە گرێدراوە. 
پێوەندی نێوان جوانکاری و فەلسەفە دەشێ لەچوارچێوەی پێوەندی نێوان سێ جۆر لە زانین شیکرێتەوە کە جوانکاری دەچێتە خانەی یەک لەو زانینانەوە کە ئەوەش دەکات بەهاناسی (تیۆری بەها) ، ئەم زانینەش لەتەک دوو زانینی تردا فەلسەفە پێکدێنن کە دەکات میتافیزیک و ئەویتریش تیۆری زانین یان ئێپستمۆلۆژی. ئەڵبەتە لۆژیک و جوانکاریش ، یەکەمیان کە شتێ عەقڵییە و ئەویتر هەستی ، هەردوو پێکەوە ئەوە پێکدێنن پێیدەووترێت زانین. لە مێژووی ڕوناکبیری ڕۆژئاواییشدا جوانکاری بە بیرکردنەوەی فەلسەفی لە هونەریش ناونراوە. لێرە جوانکاری خۆی وەک بەشێ لە فەلسەفە نیشانداوە.
دیدی ئیستاتیکی یۆنانی کۆن ، یان میراتی چ یۆنانی و چش ڕۆمانی، تائێستاش بابەتێ گەرمە بۆ گفتوگۆی فەلسەفی لەنێو توێژەرەوانی بواری جوانکاری تایبەت بەو شتەی پێیدەلێن جوان لە هونەر و لە وێژە دا. بەواتێتر، شارستانیە کۆنەکان هەریەکە بۆچوونی خۆیانیان بۆ جوانکاری هەبووە و ئەو بەها هونەریانەی لەو شارستانییانەدا هاتوونەتەچێکردن زۆرجار بە دیدی ئاینی و کولتووری و کۆمەڵایەتیشەوە تێکەڵکراون. ئەمەو لەو شارستانیانەدا تەماشاکردن بۆ بەها هونەریەکان ڕێگرنەبوونە لەبەردەم تێگەیشتن لەو لوغزەی لە کارە هونەریەکانا ئامادەبوونە. بایەخدان بە ناوەڕۆکی ئەو کارەهونەریانە یان بە شکڵیان هەمیشە سەریباس و بنی باس بوونە بۆ ڕوونکردنەوەی بەها لەو کارانەدا و، ئەو بەهایەش کە لەو کارانەدا پەنهانبوونە ئەو جوانیە بووە ئەو کارانە بەخشیوویانە. ئەگەرچی شیکردنەوەی سرووشت لەتەک جوانی و ناوەڕۆک و سەرچاوەی جوانکاری بۆ گەلێ لە بیریاران لە یۆنانی کۆنەوە تا سەردەمی هاوچەرخی ئێستا باسێ گرینگ بووە وەلێ ئێمە لێرە ناچینە قووڵای ئەم لایەنە و لەبڕی ئەوە سەرنجدەخەینەسەر لەلاێ کاریگەری داهێنانی هونەری بەسەر دیاردەی جوانکاریەوە هەروەها لەلاێتریش جوانکاری ، ئیستاتیکا، وەک ئەو زانستە یان زانینەی لە جوانی دەکۆڵێتەوە کە ئەوەش فەلسەفەی ئایدیالیستی ئەڵمانی( کانت و هیگڵ) کاریخۆیلەسەر کردووە.
گرینگە هەر لەم سەرەتایەوە بپرسین: جوانکاری چی دەگرێتەوە؟ هەروەها پێویستی بۆ جوانکاری لە چییدایە؟ بەواتاێتر دەشێ هەمان پرسیار بەمجۆرەش بپرسرێت: بۆ دەبێت جوانکاری هەبێت؟ بۆئەوەی وەڵامی ئەم دوو پرسیارە بدەینەوە جەغت لەولایەنە دەکەین، پەرەسەندنی جوانکاری وەک دیسپلینێ تایبەت، وەک بەشێ لە هەڵاوگۆڕانێ کولتووری، بۆ سەدەی هەژدە دەگەڕێتەوە (1). واتە لەگەڵ سەدەی ناوبراو جوانکاری وەک بوارێ تیۆری نوێ دەردەکەوێت و هونەریش دەبێت بە ئامانج ، بە بابەت، بۆ جوانکاری یان بۆ ئەم بەشە تیۆرییە نوێیە( 2). هەروەهاپۆلکردنی جوانکاری وەک بەشێک لە بەشەکانی دیسپلینی فەلسەفی ڕیتمێ کلاسیکی هەیە وەلێ تائێستاش ئەم دابەشبوونە گریینگی خۆی هەیە و شوێنی گفتووگۆیە. واتە جوانکاری بەتەنیا خۆی لەناو بەشەکانی زانین دەکارێ بەشێ پێکبێنێ و ئاڕاستە و ئامانجی خۆشی بەهۆی ئەوەوە لە باقی بەشەکانی تری زانین جیاکاتەوە. کەوابێت جوانکاری شوێنی خۆی لەنێو زانینەکانا هەیە. ئەوەش جوانکاری وەک تیۆرێ لە جوانی دەکۆڵێتەوە و خۆی لەو بینینە چڕدەکاتەوە بریتیە لە تیۆری هەستپێکردن زۆرتر تێگەیشتنێ یۆنانیە و تائێستاش بەسەر ئاڕاستە جیاکانی تیۆری جوانکاریەوە زاڵە. کەوابێت ، دەرک یان زانینی هەستی واتە جوانکاری Aesthesis ، ئەمەش ئەو نازناوەیە یۆنانیەکان بۆ جوانکاریان داناوە. کەواتە، Aesthesis بە مانای ئەو زانینە دێت لە شتە هەستییەکان دەدوێت. ئەمە تێگەیشتنێ کۆنە بۆ جوانکاری بەس کاریگەری خۆی تا هەنووکەش بەسەر بینینە فەلسەفیەکان لەسەر جوانکاری هەیە. بۆیە جوانکاری بووە بەو زانستەی لە دەرکپێکراوەکان کۆڵاوەتەوە. بۆیە لێرەوە جوانکاری خۆی وەک ئەو زانینە نیشانداوە کە ناونراوە زانینی هەستی. لەگەڵ لکانی جوانکاریش بە هەستەوە ، یان بە هەستی دەرکپێکردنەوە، دەگەینە ئەو سێرکردنەی بلێین جوانکاری گشت ئەو شتانە دەگرێتەوە لەڕێگای هەستەوە دەستنیشاندەکرێن و بەها بەهۆی هەستپێکردنەوە بۆخۆیان پەیدادەکەن. ئەڵبەتە یۆنانیەکان جیاوازییان لەنێوان جوانکاری و ئیستاتیکا نەکردووە بەڵام بیرکردنەوەی فەلسەفییان بۆ هونەر هەبووە و ئیستاتیکایان وەک هەست بینیوە و ئەمەشیان لە شتی زانستی و عەقڵی جیاکردۆتەوە.
بێگومان، هەستکردن بە جوانی (هەستی جوانی) لەگەڵ هاتنی مۆدێرنیێتێ گۆڕانی گەورەی هاتۆتەسەر چونکە دەستنیشانکردنی جوانی لەژێر زەبری میتافیزیک هاتۆتەدەرێ. ڕەوانبێژی میتافیزیک کە پێش مۆدێرنیتە دەستی بەسەر هەستکردن بە جوانی گرتبوو لەگەڵ سەدەی تازە، کە ڕێک دەکات پاش سەدەکانی ناوەڕاست، هاتەدونیاوە و جوانکاری هونەری و هەستیدەرکپێکردنی کرد بە بناغە بۆ لێکۆڵینەوە.
پێویستی بۆ هەستیدەرکپێکردن بۆئەوەیە جوانی دەستنیشانکەین. هەستپێکردن لە یۆنانی کۆنیشەوە لەگەڵ زاراوەی جوانکاریدا دەستلەملانە. واتە هەستیدەرکپێکردن ڕیشەی زاراوەی جوانکاری پێکدێنێت. بۆیە دەرکپێکردن یان هەستپێکردن لەگەڵ زاراوەی جوانکاریدا ئاوێتەبووە و کاریخۆی بۆ دەستنیشانکردنی جوانی کردووە. لێرە جوانکاری دەکەوێتە ناو فەلسەفەوە و لەناوەوەی فەلسەفەوە بەرباس و لێکۆڵینەوە دەخرێت نەک لە دەرەوەی. بۆئەوەی بەرهەمە هونەریەکانیش ببینین پێویستمان بە دەرکپێکردنە، واتە پێویستمان بە دەرککردنە بە بوونیان. ئەم دەرکپێکردنەش لەخۆیدا جەغتکردنە لەلایەنێک لەلای مرۆڤ کە بریتییە لە لایەنی هەستپێکردن.
جوانی کە لەڕێگای جوانکارییەوە ڕاڤەدەکرێت لەگشت شوێنێکدا هەیە و تەنیاش بینین و دەرکپێکردنی ئەو جوانییە گرینگە. ئەوەش چۆن جوانکاری بدۆزرێتەوە و لەوەش جیاکرێتەوە جوان نییە کارێ هەستی ئاڵۆزە. بەس ئەوی کە جوانە لە سرووشتیدا جوانیێک پەنهانە ئەمەش وادەکات لە بینینی ئەو شتە جوانەدا ئەو جوانیە دەرکپێکرێت. ئەم جوانییە کە زۆرجار دەرناکەوێت هەستی دەرکپێکردن لە مرۆڤدا، لە بینەردا، دەستنیشانیدەکات. کاری مرۆڤ هەر بینینی جوانی نییە بەڵکو ئەوەشە کە ئەوی جوانە لەوە جیاکرێتەوە جوان نییە. لەم جیاکردنەوەیەشدا ئاساییە ناشرین لەتەک جوانا ببینرێت. ناشرین کە لەتەک جوانیدا نابینرێت بۆ هەموان زێدە ڕوونە کە دەبێ بە قووربانی جوانیش. جوانی کە ویست بۆی لە لوتکەدایە شوێنی سەرنجی هەموان و مۆڵگەی بینینی گشتیشە. ئەو دەمەش هونەرمەند جوانی دەکا بە بابەتی هونەری و بەهای بۆ دابیندەکات بەوە جوانی باڵا دەکات. بۆیە نکوڵی لەو سێرکردنەی ژان – فڕانسوا لیوتار Jean-François Lyotard ناکەین جوانی نیشانەیە لەسەر لەدایکبوونی خود( 3). شایانی ووتنیشە، بەشێ زۆر لە تیۆرییەکانی جوانکاری بۆئەوەچوونە جوانکاری شتێ خودیی (واتە لەگەڵ ئێمەی مرۆڤدا جوانکاری لەدایکدەبێت) یانیش دەرەکییە (بوونی جوانکاری لەدەرەوەی ئێمەیە) و فەلسەفەی هونەریش لەوبارەیەوە قسەیێ زۆری کردووە کە لێرە پێویست بەدووبارەکردنەوە ناکات.
ڕسکانی جوانی لە کاری هونەریدا گەڵێ لە پسپۆڕانی بواری جوانکاری دەگەڕێنێتەوە بۆئەوەی چۆن جوانی لە هونەردا ، لەو شتەی جوانیەکە تیایا حەشاردراوە، دەڕسکێت؟ گەلێ سەرچاوەی ئەو ڕسکانە دەگەڕێننەوە بۆ سرووشت و بەشێ تر دەیگەڕێننەوە بۆ ئەو وێنابوونانەی مرۆڤ لەو شتانەدا یان لەو کارە هونەریەدا بەرجەستەی دەکات. لە هەردوو حاڵەتەکەدا شتێ درووستدەبێت بەناوی چێژەوە. بۆیە هەمیشە بۆ تیۆریزەکەرانی بواری هونەری پرسیار لەسەر سەرچاوەکانی دروستبوونی چێژ و چێژوەرگرتن باسێ گرینگە. چۆن چێژ دەشێ وەرگیرێت و یان چۆن چێژ دێتەسازاندن ئەمەش بەخۆی سەنگی خۆی لەو باسانەدا هەیە بە بابەتی جوانکارییەوە تایبەتن. چێژی جوانی ئەو دەمە دردەکەوێت لە بەهای ئەو کارە هونەریە نزدیکدەبینەوە کە چێژبەخشە. کومانیناوێت گەر بلێین چێژناسی پێشتر ئەو زانستەبووە لە جوانیش قسەیکردووە وەلێ لەگەڵ دەرکەوتنی جوانکاری ناسینەوەی چێژ کەوتۆتە خانەی جوانکاریەوە.
ئەوەی ئەو دەرکە لە ئێمەدا دروستدەکات لە بەهای کارە هونەریەکان نزدیکببینەوە پێوەندیێ زۆری بەلایەنی هەستیمانەوە هەیە و ، هەستی دەرکپێکردنیش لە مرۆڤدا بۆ چێژوەرگرتنە لەو جوانکاریەی لەو کارە هونەریانەدا هەیە، بەس ئەو جوانیەی لە کارە هونەریەکاندا بەرجەستەیە بەهۆی ئەو زانینەی هەمانە کە ئەوەش بەهۆی ئەزموونیتێژیانەوە پێیگەیشتووین دەشێ دەرک بەبوونیانبکەین. دەکرێ لێرە ئەوەش بێژین، بینینی داهێنانی هونەری لە سنووری جوانکاریدا و بەبێ خۆبەستنەوە بە دیدگا فەلسەفیەکان کارێ ئەستەمە چونکە فەلسەفە کارێ زۆری لەسەر کارە هونەریەکان کردووە و هوشیاری لەسەر ئەوەشپێداوین لە ئاگایمانا شوێنێک بۆ تێگەیشتن لە بابەتە هونەریەکان هەیە. ئەو دەمەی بیریارانی ڕۆژئاوای قسەلەوەدەکەن فەلسەفەی هونەر دەچێتە خانەی جوانکارییەوە بەمە جوانکاری ،یان فەلسەفەی جوانی، دەبێ بەو زانستە نوێییەی ڕۆژئاوا دایدێنێ تا شتە جوانەکانی پێپێناسەکات.
هەستکردن بە جوانی ، بەو جوانیەی لە هونەردا ئامادەیە، ئەو تێگەیشتنەشمان لادروستدەکات هونەرمەند هەمیشە کاربۆئەوەدەکات ئەو جوانیانەی لە دەرەوەی خۆی هەن (بۆنموونە دەریاێک ، ئاسمانێک و یان دۆڵێک) بگوێزێتەوە ناو کارە هونەریەکەی و لەڕێگای ئەوەوە جوانی دابێنێ. وەلێ نابێ ئەوەمانبیرچێت هونەرمەند لەوًێڕا ، لەناو کارە هونەریەکەیدا، جوانیێکمان بۆ دەنەخشێنێت تێکەڵبە ئەزموونی تێژیانی خۆی بەو شتانەی نیشانیداوین. لێرەشەوە دەگەینە ئەو دەرئەنجامەی ئەوی هونەرمەند دەیبینێ ، کە داهێنانە هونەریەکەی لێپێکدێنێ، بەرهەمی هەستی دەرکپێکرنە لەو هونەرمەندە. ئەم هەستە کە لە کەسێکەوە بۆ ئەویتر جیایە ڕەوتی جیاجیا بە داهێنانە هونەریەکەش دەدات. بۆیشە ئەوی هونەرمەند بەرهەمیدێنێ ناودەنرێت داهێنان و داهێنانی شتێک کە بەهای هونەری سەرووی ئەو شتەیە جارێ نەبووە بە هونەر یان دەستی هونەر نەگەیشتووە پێی. بەپێی ئەم تێزە بێت هونەر جوانکاری دەگرێتەخۆی و، جوانکاری لەڕێگای کاری هونەریەوە دەردەکەوێت. هونەر کەوابێت جوانی شت ئاشکرا دەکات و هونەرمەند بەشێوازی خۆی ئەو جوانییە نیشاندەدات. ئەو جوانیەی لەلایەن کارە هونەریەکانەوە دەدرێت بۆ جوانکاری بابەتی لێکدانەوەیە  بەخۆشی هەرئەوەیە ئەرکی جوانکاری. واتە جوانکاری کار بۆ نیشاندانی ئەو جوانیە دەکات هونەر نیشانمان دەدات. بۆپتر ڕوونکردنەوەی ئەوی ووترا ئەوەش دەلێین ، هونەر ئەو شتە هەستیەی هەیە دەگوێزێتەوە بۆ ناو کارێ هونەری و ئەو کارە هونەریەی کە دێتەسازدان شتی جوان بەدەستەوەدەدات.
هەر تایبەت بەو لایەنەی سەرەوە کە پێوەندی بە مەودای تێگەیشتنمانەوە هەیە سەبارەت بە جوانی دەشێ ئەوەش بدرکێنین ئەوی پێیدەڵێن جوانی میتافیزیکی لە سنووری ئەو داهێنانەدایە کە هونەرمەند دایدێنێ. چونکە بۆ هیگڵ زێدە گرینگبوو ئێمە لەوەتێبگەین پەڕی تاووس جوانە یان نەخێر؟ گەر جوانە باشە ئەو جوانیە ئێمە دەیدەن بەو پەڕە تاووسە یان خودی جوانیەکە لە پەڕەکەدا حەشاردراوە؟ لەم نموونەیەی هیگڵەوە لەوەش تێدەگەین لەکاتی گفتووگۆی جوانیدا هەمیشە خۆمان لەبەردەم ئەو تێگەیشتنە میتافیزیکیانەدا دەبینینەوە واتای جوانی دەخەنە ژێرپرسیارەوە و لێناگەڕێن جوانی وەک شتێ نە دەستکرد و نەش هەڕەمەکی ببینین. واتە خوڵقانی گەردوون بە جوانیەکانی ناوییەوە دەمانباتەوە ناو ئەو پرسیارە فەلسەفیە میتافیزیکیانەی جوانی لە سنووری خۆی دروورخرێتەوە و بە جوانی خوڵقاو لەناخی شتەکانی ناو گەردوون  گرێدرێتەوە. بەمجۆرە بێت جوانی دەریا یان ئەستێرەێک جوانی خۆیانیان لەناو بوونمان نەخشاندوە و کاریگەرییان بەسەر بینینیشمانەوە جێهێشتووە. کاتێ هونەرمەند تابلۆی گوڵەبەڕۆژەێکمان بۆ دەکێشێ ئەو جوانیەی لە خودی ئەو گوڵەبەڕۆژەیە هەیە دەگوێزێتەوە ناو تابلۆکەی و بە ڕەنگ دووریێ تر بە جوانی ئەو گوڵەدەدات کە پێش کارکردنی هونەرمەندەکە لەسەر ئەو گوڵە ئامادەبووە. بۆیە کاتێ دەمانەوێت لە جوانی ئەو داهێنانە هونەریە بگەین پێویستمان بەوەدەبێت ئەو جوانیەی لە گوڵەبەڕۆژەکەدا هەیە بەرباسخرێت. ئەمەش لەبەرئەوەی ئەو دەمەی هونەرمەندەکە ئەو جوانیە دەنەخشێنێ لە گوڵەبەڕۆژەکەدا ئامادەیە بەهۆی ڕەنگەوە جوانکاری لەدایکدەبێت کە پێشتر ئەو جوانکاریە بوونی نەبووە. کاری نەرێتی جوانکاریش لەمحاڵەتەدا ڕاڤەکردنی ئەو جوانیەیە لەدایکبوە ، جا ئەوەیان لە ڕێگای داهێنانی هونەریەکەوە بێت یان ئەو جوانیانەی لە گەردوونا پەنهانن. واتە لە سرووشتدا جوانی هەیە و ئەم جوانییە دەگوێزرێتەوە ناو داهێنانە هونەریەکانەوە و ئەو جوانیەش کە داهێنانەکە پێکدێنێ بە ئەزموونی هونەرمەندەوە گرێدراوە. بۆیە گرێدانەوەی جوانی بە ئەزموونەوە لایەنێ گرینگ لە مێژووی تیۆری جوانکاری پێکدێنێت. دەشکرێ لێرە ئەوەش بلێین جوانی وەک خۆی نامێنێتەوە. جوانی جگەلەوەی فۆڕمی تری دەدرێتێ بەهای تازەشی بۆ دروستدەکرێت. یان دەکرێ ئەوەش بێژین کە گۆڕینی جوانی وادەکات جوانی بگەێنرێتە ئاستی تر و بەمەش چێژ گۆڕانی دێتەسەر. واتە چێژ لەگەڵ گۆڕینی جوانی گۆڕانی دێتەسەر و  بەجێهێشتنی کاریگەریش بەسەر چێژەوە بەجێهێشتنی کاریگەرییە بەسەر ئەزموونی چێژوەرگرتنەوە. 
سەرباری ئەوی ووترا دەمانەوێت ئەوەش بڵێین، بۆ گەلێک لە توێژەرەوەکانی بواری جوانکاری تائێستاش پرسیارە سەرەکیەکەی بواری جوانکاری لەو بینینەدا خۆی چڕدەکاتەوە بەهای جوانکاری ئەو شتەی دەیبینین یان بەدەستمانەوەیە لە چی و لە کوێیدایە؟ بۆیە هەر تایبەت بەملایەنە ئاسایە بپرسین جوانی چییە؟ چۆن جوانی دەستەمۆدەکرێت؟ یان بۆ جوانی هەیە؟ هەروەها ئەوەش کە بۆ جوانی دەبێت بەردەوامبێت؟ بۆئەوەی ڕوونکردنەوە لەسەر ئەم پرسیارانە بدەین لەوێوە دەستپێدەکەین جوانی لە خودیخۆیدا بەهایە. گەڕانیش بەدووی جوانی گەڕانە بەدووی بەها. وەلێ گرینگە لێرە ئەوەش بپرسین ئایا ئەم بەهایە تەنێ لە بواری هونەریدا هەیە؟ ئایا تەنیا هونەر هەڵگری بەها جوانەکانە؟ ئایا هونەری بێ بەها یان ناشرین نییە؟ ئەوی هەیە ئەڵبەتە هەیە ئەم هەبوونە یان هەبوونی شت پرسیاری بەها دەخاتەوە. کەواتە بەها لە بوونی شتدایە بەڵام ئەم بوونە گەرانتی ئەوەناکات ئەوشتەی هەیە جوانە. گەر ڕەنگ ( هونەر) و جووڵە (سەما) و دەنگ (مۆزیک) مان بیرخاتەوە لەگشت یەکێ لەمانە بەهاێک پەنهانە شایانی تێڕامانە. 
سەبارەت بەو پرسیارەش کە بەمشێوەیەیە: جوان دەشێ بمێنێت؟ دەشێ ئەو شتەی جوانە باش بێت؟ ئەوە دەڵێین جوان بۆهەمیشە نییە. وەلێ بەهای جوان ناپایانە. ئەو شتەش کە جوانە مەرج نییە باش بێت. دەشێ جوان بێت وەلێ خراپ بێت یان پێوەندی بە ڕەوشتی باشەوە لاواز بێت. چونکە هەموو جوانێ باش نییە و مەرجە ئەخلاقیەکانی تێدا بەدیناکرێت. یانیش بەپێچەوانەوە دەکرێ ئەوی جوانە بێکەڵک بێت و سوودێ ئەوتۆی تێدانەبێت. ئەمەش بەو مانایە دێت ئەوی جوانە مەرج نییە بەسوود بێت یان ئەوەبێت کە ئێمە عەوداڵیین. جوانی بێسوود و جوانی خراپ هەیە. کەسێک دەکرێت جوانبێت وەلێ دەشێ هەر ئەم کەسە خراپبێت. شتێکیش دەکرێ جوانبێت بەس ئەو شتە زۆر ئاساییە بێسوود بێت و پێویستیش بۆ جوانی ئەو شتە هیچ بوونێکی نەبێت. هەندێجاریش دەشێ بەپێچەوانەوە بێت واتە ئەوی بەسوودە جوان نییە. کەواتە زۆرجا جوانی لە شتدا نابێت بە بناغە بۆ هەڵبژاردنی ئەو شتە. چونکە ئەوی مەبەستە جوانی شتەکە نییە بەڵکو سوودی ئەو شتەیە. گەر شتێک بێسوود بێت جوانیش بێت کەچی ئاساییە بەهای نەبێت. هیچنەبێت ئەو بەهایەی نابێت ئێمە لەو چرکەیەدا پێویستمانە. ئەگەرنا جوانی شتەکە بەخۆی بەهاکەیەتی ، بەها هونەریەکەی ئەو شتەیە کە هەیە، بەڵام ئەوەی بێسودە و هیچ کەڵکی لە هەبوونی ئەو شتە وەرناگرین لایەنێ ترە. واتە ئەو شتەی باش و جوانە دوو بەها لەخۆیدا پەنهان دەکات. لای سوکرات ئەو شتەی جوانە سوودێک (ئامانجێک) دروستدەکات وەلێ بەخۆی جوانی پێویستە بەرەو هەستکردن بە باشەمانببات.
بۆئەوەی ئەوی لایسەرەوە ووترا زێدە ڕاڤەکەین دەچینە سەر بینینە فەلسەفیەکانی یۆنانیەکان و بۆئەو مەبەستەش تاوێک لەسەر ئەفڵاتوون دەوەستین و دواتر بەرەو سەدەی هەژدە دێین و بایەخ بە تێڕوانینی فەلسەفی سێ بیرمەندی ئەڵمانی دەدەین کە سەرەتا بایەخ بە ئەلێکساندەر گوتلیب بۆمگارتێن Alexander Gottlieb Baumgarten دەدەین و پاش ئەوە دێینە سەر قۆناغی جوانکاری پۆست بۆمگارتێن کە مەبەستیشمان لێرە تیۆری جوانکاری ئایدیالیستی ئەڵمانیی( کانت و هیگڵ) ە.
ئەفڵاتوون لە دیالۆگەکانیدا جوانی بەتەنیا تەماشاناکات(4) و، لای ئەفڵاتوون لاسایکردنەوەی سرووشت گرینگیخۆی هەبووە و بیرۆکەی جوانکاریش لەسەر ئەو لاسایکردنەوەیە دەوەستێ. بەس لاسایکردنەوە لای ئەفڵاتوون داهێنانێ عەقڵییە. کەوابێت، کارێ هونەری کە دەبێت بە کردەێ لە لاسایکردنەوەی سرووشت ئەمە لەخودیخۆیدا کارێ ناڕاستە چونکە ئەوەی هونەرمەند بۆمان دەنەخشێنێ لە کارێ هونەریدا ڕاستیێ ڕاستەقینە نییە بەڵکو وڕێنەێ هونەریە هەرچی ئەوەی ڕاستیە بۆ ئەفڵاتوون سرووشت خۆیەتی. ئەفڵاتوون سرووشت وەک سەرچاوە دەبینێ و ئەوی سرووشت لاسایدەکاتەوە بە ناسەرچاوە یان کۆپی دەبینێ ئەمەش بەو تێگەیشتنە دێ کە ئەفڵاتوون پێیوایە هونەرمەند ناتوانێ کارێ ڕاستیەقینەمان بخاتەبەردەست. ئەم بینینە فەلسەفییە ئەفڵاتوونییە نەک هەر لە سەدەکانی دواتر دا بگرە لەسەر دەستی قووتابیەکەشی (لێرە ئەرستۆ مەبەستە) گۆڕانیهاتۆتەسەر. چونکە لای ئەرستۆ لاسایکردنەوە لاسایکردنەوەێ ئۆتۆماتیکی ئەو شتە نییە لە سرووشتدایە. چونکە لاسایکردنەوە پێویستە لەو خاڵەوە دەستبەکاربێت کە تایبەتێتی ناوەوەی شتە دەرکپێکراوەکە بەرجەستەدەکات. واتە، ئەرستۆ بەپێچەوانەی ئەفڵاتوونەوە پێیوایە هونەر دەکارێ بە ڕاستی بگات، ڕاستیمان بۆ دەرخات. ئەمەش بەو دیتنەدێت کە کارێ هونەری لاسایکردنەوەیە وەلێ ئەو لاسایکردنەوەیە کارێ ڕاستمان پێشاندەدات. تەنیا لێرە نابێت ئەوەمانبیرچێت کاری هونەری بۆ ئەفڵاتوون جگەلەوەی شتێ وڕێناویە وەلێ شتێ پێویستیشە و مرۆڤ زیان لە بوونیان ناکات (5).
بەپێی بینینی فەلسەفی ئەفڵاتوون بێت ، هونەر ، جا ئەوە سەما بێت یان موزیک یان هەر کارێکیتری هونەری، خۆشهێنەرە وەلێ ئەم خۆشیە بێزیانە و هیچکاتێکیش ناچێتە خانەی شتە عەقڵیەکانەوە ( لۆژیکیەکانەوە) چونکە هونەر ئەو بەشە پێکدێنێت لە ژیانی مرۆڤ کە پێیدەووترێت بواری هەستی. زانینی مرۆیش بەسەر زانینی هەستی و زانینی ناهەستی یان عەقڵی دا دابەشدەکرێت و، لەمحاڵەتەشدا هونەر یان جوانکاری دەچێتە خانەی زانینی یەکەمەوە (واتە زانینی هەستی ) کە ئەوەش ئەو بەشە زانینە پێکدێنێ شتی ناماقووڵ لەخۆدەگرێت. شتی ناماقووڵ لێرە ئەو شتانە دەگرێتەوە کە ئەفڵاتوون ناویناوە شتە هەستیەکان کە لە شتە ناهەستیەکان جودایە ، ئەوەش بەدڵنیاییەوە شتی عەقڵی یان ماقووڵ دەگرێتەوە. بەمشێوەیە، ماف یان چاکە و خراپە دەچنە خانەی شتە عەقڵیەکانەوە نەک شتە هەستیەکانەوە. بۆنموونە بابەتی لە سێدارەدان یان زۆرداری دەچنە خانەی بابەتی ماف و شتی ڕەووشتیەوە کە بە شتە عەقڵیەکان ناسراوە. وەلێ ئەوەی دەریا سەرنجڕاکێشە یان مانگەشەو جوانیبەخشە شتێ هەستیە و دەچێتە خانەی شتە ناماقووڵەکانەوە. بەپیئەوەی هونەر بۆ ئەفڵاتوون دەچێتە خانەی شتە هەستیەکانەوە نەک عەقلییەکانەوە( بۆنموونە ماف، باشە ، خراپە، ..) جوانکاری بۆ ئەفڵاتوون، لەچاو ئەوەی پێیدەلێن باشە یان خراپە هەروەها ماف یان شتی لۆژیکی ئەو نرخەی نییە یان جوانکاری لەڕووی پۆلکردنەوە دەکەوێتە پاش ئەوانەوە. واتەپاش شتە عەقڵییەکانەوە.
بەپێی تێگەیشتنی ئەفڵاتوون جوانی کە نەمرە لە خودی شتەکانا بەرجەستەدەبێت. ئەم بەرجەستەبوونە والە شتەکان دەکات جوان دەرکەون. ئەم تێگەیشتنە ئیدیالیستیە بۆ جوانی لە ڕۆژئاوا لەپاش سەدەی مۆدێرنە بەولاوە دووچاری ڕەتکردنەوە بووە. بەماناێکیتر، تێگەیشتنی ئەفڵاتوونی بۆ جوانکاری لەگەڵ سەدەی ڕۆشنگەیەوە دووچاری ڕەخنەبووە. چونکە گرێدانەوەی مرۆڤ بە سرووشتەوە هاوتابونی ئەم مرۆڤەی ڕاگەیاندووە و ئەمەش بۆ بیرمەندانی پاش سەدەی کلاسیک پەسەندنەکراوبووە. کەوابێت، ئەوی سەدەی تازەگەری کردی دوورخستنەوەی فەلسەفەی جوانکاری بوو لە تێگەیشتنە میتافیزیەکیەکانی ئەفڵاتوون.
لایەنێتر کە لێرە مەرجە تایبەت بە ئەفڵاتوون و تیۆری جوانکاری ئایدیالیزم سەرنجیبخرێتەسەر خۆی لەوەدا چڕدەکاتەوە هونەر پێویستە هونەرێ باش بێت. ئەم جۆرە هونەرە ئەوکاتە باش دەبێت نوێنەرایەتی ڕاستی دەکات. ئەم ڕاستییە کە ئایدیالیستیە خۆی وەک هونەرێ چاک نیشاندەدات. گرینگە لێرە بپرسین بۆ جوانی بەمجۆرە ڕەفتاریلەتەکاکراوە؟ هۆی ئەوە زۆر بەکورتی ئەوەیە جوانی ئیدیالیستی جوانیێ ڕەهایە. بەپێی ئەمە بێت جوانی دەریا گۆڕانینایەتەسەر و هیچ شتێک ئەم جوانیە تێکنادات چونکە سەرمەدی و خواوەندیە. بەواتاێتر، جوانی بەبۆچوونی ئەفڵاتوون لەدەرەوەی ئێمە هەیە و ئەم جوانیە کات و شوێنی بۆ نییە. ئەم جۆرە جوانیە ئەفڵاتوونیە کۆتای ناێت و وون نابێت چونکە هەمیشەیە.
گشت ئەوی فەلسەفەی کلاسیک تایبەت بە جوانی ووتی لەسەر دەستی فەیلەسوفی ئەڵمانی ئەلێکساندەر بۆمگارتێن Alexander Baumgarten دووچاری سەرلەنوێ تێخوێندنەوە بوو. چونکە ئەم بیرمەندە ئەڵمانییە ،کە لە سەدەی هەژدە سەریدەرهێنا ، یەکەم دامەزرێنەری زاراوەی ئیستاتیکایە Aesthetica  و ، بۆ ئەم بیرمەندە زاراوەی ئیستاتیکا بەمانای تیۆری یان زانستی جوانکاری، وەکیتریش زانینێ تایبەت بە هەستپێکردن، هاتووە. بەس بۆ بۆمگارتێن ئەم تیۆریە قسە لە شتی هەستی دەکات و ، ئەو شتەی بەهۆی هەستەوە دەرکیپێکرێت دەچێتە خانەی ئەم لایەنەوە. بۆیە لەگەڵ بۆچوونە فەلسەفیەکانی بۆمگارتێن بۆ جوانکاری تێگەیشتنێ هاتەکایەوە پێویستمان بە زانستێک هەیە وامانلێکات شتە هەستیەکان دەرکپێکەین. تێگەیشتنە فەلسەفیەکانی بۆمگارتێن لەڕووی تیۆرییەوە واشیکرد جیاوازیبکرێتە نێوان شتە(زانینە) هەستی و شتە (زانینە) ناهەستیەکان (واتە لۆژیکی یان عەقڵییەکان) ەوە.
لێرەوە دەشێ بووترێت، لەسەر دەستی ئەلێکساندەر بۆمگارتێن جوانکاری وەک بەشێ لە زانست دێتەکایەوە و ناوبراو بەپشتبەستن بە ڕابەرانی ڕاسیۆنالیزم (دێکارت  Descartes ، لیبنتز Leibniz و هۆلڤ  Wolff)گەشە بە جۆرە شیکردنەوەێ نوێ بە ڕەهەندی جوانکاری دەدات(6). هەروەها جوانکاری وەک هونەری هزری جوانی (7) لەسەر دەستی بۆمگارتێن ئەو بەشە تیۆریە نوێیەیە ڕۆژئاوا بەخۆیەوە دەیبینێ. بۆیە دەکرێ بووترێت بۆمگارتێن واتای جوانکاری داهێنا وەک بەشێ تایبەت بۆ ناسینەوەی ئەو شتەی جوانە بەڵام نەک لەدەرەوەی فەلسەفە بەڵکو وەک بەشێ لە فەلسەفە. ئەڵبەتە، “”تێڕامانە فەلسەفیەکان لەبارەی هەندێ شتەوە تایبەت بە شیعر””(8) بەرهەمە ناودارەکەی بۆمگارتێنە کە لە سالی 1735  نووسیویەتی و لەوێڕا بەشێ لەو تێڕامانە فەلسەفیانە بەرچاودەخات ڕەنگدانەوەی تەماشاکردنی ناوبراو بۆ کاری هونەری و شیعرسازی بوونە. بۆیە لەو نووسینەدا ناوبراو گەشە بە تێگەیشتنێ تازە تایبەت بە جوانکاری و کاری شیعری دەدات کە بابەتی جواکاریش بەرگفتووگۆدەخات. لەوێندەرێ شیعر وەک شتێ هەستیار نیشاندەدات و قسە لە ڕەهەندی ئەم شتە هەستیارە دەکات و دەشیکات بە مێدیۆمێک بۆ ڕاستی. بۆمگارتێن لە کارە فەلسەفیەکانی و بەتایبەت لەپاش ئەوی ناویهات ئەو زانینەی لەو شتە هەستیارە دەکۆلێتەوە ناو دەنێ جوانکاری Aesthetica  و لە لۆژیک جیاشیدەکاتەوە، بەپێیئەوەی جوانکاری زانینێکە لەخوارەوەی لۆژیک (9). لێرەوە جوانکاری دەبێ بە زانستێک تایبەت بە زانینی هەستیار. بۆیە جوانکاری بوو بە بەشێک لە دیسپلینی فەلسەفی.  
بۆپتر شیکردنەوەی ئەوی ووترا ئەوەش دەڵێین، لەگەڵ بۆمگارتێن جوانکاری وەک زانستێ دێتە دونیاوە بۆ قسەکردن لە هەستیاری. هەستکردن بە جوانی، بەوشتەی جوانە. لێرەوە جوانکاری دەبێ بە زانستێ بۆ لێکۆڵینەوە لە شتە جوانەکان یان دەبێ بەو زانینەی هەستییە. کەوابێت بەپێی بینینی ئەم زانە ئەڵمانیە بێت لێکۆڵینەوە لەو شتانەی بەهۆی هەستەکانەوە دەرکیپێدەکەین دەشێ ناونرێت جوانکاریی. ئەڵبەتە لەگەڵ بۆمگارتێن ئەو زانستەی دێتەکایەوە خۆشی لەو زانستە جیادەکاتەوە هەستی نییە، واتە ماقووڵ یان لۆژیکییە. چونکە گشت هەوڵەکانی فەلسەفەی کلاسیک بۆئەوەبووە جوانکاری نوێنەرایەتی سرووشتکات یان لاسای سرووشت و ئەو جوانیانەی لە سرووشتدا هەن بکاتەوە. بۆیە ئەو زمانە هونەری یان جوانکاریەی کلاسیک بەرهەمیهێناوە زمانێ فۆڕمال( وێنەی) بووە و خودی گیرۆدەی ئەو کۆتوبەندانەکرووە میتافیزیک بۆیدروستکردوون. بۆیە جوانکاری تازە ویستی جوانکاریێ ئازاد و سەربەخۆ بێت و گیرۆدەی هیچ ئیدیاێ ئەویدوسرووشتی نەبێت(10). کەواتە، لەگەڵ بۆمگارتێن جوانکاری نەک هەر بەو زانستە دەناسرێ بە جوانییەوە تایبەتە بەڵکو ئەوەش یەکلادەبێتەوە جوانی دەچێتە خانەی شتە هەستیەکانەوە نەک شتە عەقڵیەکان. بۆیە جوانکاری بۆ بۆمگارتێن ئەو زانستەیە دیراسەی شتی هەستی دەکات و کار بۆ دەرخستنی جوانی ناو کارە هونەریەکان دەکات.
بۆ چڕکردنەوەی ئەوی تایبەت بە بینینی بۆمگارتێن سەبارەت بە جوانکاری ووترا بەپێویستی دەزانین ئەوەش بلێین، جیاکردنەوەی زانینی هەستی لە زانینی لۆژیکی جیاکردنەوەی دوو زانینە لەیەکتر کە یەکەمیان جوانکاری لەخۆدەگرێت و ئەوی دیش بیرکردنەوەی عەقڵی. ئەم جۆرە جیاکردنەوەیەش لەسەر دەستی بۆمگارتێن هاتەکایەوە ڕەتکردنەوەی تێگەیشتنی کلاسیکی ڕۆژئاوایە بۆ جوانکاری. ئەڵبەتە ئەم جۆرە جیاکردنەوەیە کاریگەریخستەسەر دورخستنەوەی ڕەوانبێژیش لە جوانکاری. واتە ڕەوانبێژی و جوانکاری بوون بە دوو شتی جیا. ئەمەو جیاکردنەوەی ناوبراو کرا بەبناغەێک بۆ درووستکردنی زانستێک بەناو جوانکارییەوە.
دواتر، پاش بۆمگارتێن،  گفتووگۆ فەلسەفی و تیۆریەکان تایبەت بە جوانکاری دەکەوێتە ژێرڕکێفی بینینە فەلسەفیە میتافیزیکییەکانی ئیمانوێل کانتەوە 1724-1804  ، کە بە دامەزرێنەری سەرەکی فەلسەفەی ئایدیالیزمی کلاسیکی ئەڵمانی دەناسرێت، کە تائێستاش کاریگەری بەسەر فەلسەفەی ڕۆژئاواوە بێئەندازە دیارە. جگەلە فەلسەفەی ڕاسیۆنالیزمی بۆمگارتێن هەندێ فەیلەسوفی تری ڕاسیۆنالیستی ئەڵمانی مانایان بۆ نەشونمای تیۆری جوانکاری کانت هەبووە لەوانە لیبنتز و هۆلڤ و هەندێ بیرمەندی ئیمپریستی بەریتانی وەک فڕانسیس هوتچسۆن Francis Hutcheson و داڤید هیۆم          David Hume(11).
ئەگەرچی فەلسەفەی جوانکاری ئیمانوێل کانت لەپاش خۆی فەلسەفەێ میتافیزیکی تایبەت بە تیۆری جوانکاری داهێنا و لە بیری فەلسەفی کانت دا ئەوی جوانە باڵایە (سوبلیمە)(12) بەس بیری ئەم بیرمەندە قۆناغێ گرینگە لە ژیانی تیۆری جوانکاری، یان تیۆری جوانکاری بەبێ کانت تیۆریێ ناتەواوە. ئەمەش بەزۆری نەک هەر لەبەرئەوەی جوانکاری لەسەر دەستی کانت گەیشتە ئاستێ تایبەت و چەقی ئاوڕدانەوەی فەیلەسوفان بەڵکو لەبەرئەوەش کانت یەکەم کەسە سێستەمی جوانکاری بەرهەمهێناوە(13)  . بۆیە لەپاش کانت بەولاوە جوانکاری پتر لەپێش کانت زیاتر فەیلەسوفانی لەخۆ کۆکردۆتەوە. ئەوانەش لەدوای تێگەیشتنە تیۆریەکانی کانت بەولاوە لەسەر جوانکاری نووسیویانە بەجۆرێ لە جۆرەکان لەتەک کانت کۆک یانیش دژ بوونە. 
لای کانت گرێدانەوەێک لەنێوان دادوەری جوانکاری و مەبەست دا هەیە. هەروەها بۆ ئەم بیرمەندە ئەڵمانییە مەبەست لەپشت دیاریکردنی جوانیەوەیە. کاتێ جوانی لەسەر بناغەی مەبەست دیاریدەکرێ بەوە جوانی دەردەکەوێت. بۆئەوەی تێگەیشتنی کانت بۆ جوانکاری دەستنیشانکەین پێویستمان بەوەدەبێت بلێین کتێبی ڕەخنەیی سێهەمی کانت کە بە “”ڕەخنەی هێزی دادوەری، 1790″” Critique of Judgment ناسراوە لوتکەی بینینە فەلسەفیەکانی کانت لەسەر جوانکاری و چێژوەرگرتن لە جوانی پێکدێنێت  و وەکیتریش کتێبی””ڕەخنەی هێزی دادوەری”” ،ئەو کتێبەیە ڕەخنەی چێژ – تام- دەکات(14). کتێبی ناوبراو ( واتە، ڕەخنەی هێزی دادوەری) ی کانتیش دەکەوێتە نێوان ئەو بەشەی پێیدەلێن زانین بەپێی بۆچوونی کانت و هەروەها ئەو بەشەی پێیدەلێن موڕال. بەمشێوەیە، دادوەریکردن بەسەر جوانیەوە بۆ کانت جودایە لە دادوەریکردن بەسەر شتی عەقڵی یان لۆژیکیەوە. هۆی سەرەکیش لێرە ئەوەیە داددوەری بەسەر جوانیەوە دادوەریێ خودییە. بەواتاێتر، لە هزری فەلسەفی میتافیزیکی کانت دا دادوەریکردن بەسەر جوانکارییەوە کارێ خودییە و جوانکاری بەمپێیەبێت شتێکە لەناخمانا ، لەگەڵ ئێمەدا لەدایکدەبێت. ئەمەش ڕێک دژی ئەو ئاڕاستەیەیە پێیوایە جوانکاری شتێ دەرەکی یان بابەتییە و لەپێوەندیشدایە بە سرووشتی شتەکانەوە نەک بە ناواخنیانەوە. ئەمەش وامانلێدەکات جەغتلەوەبکەین بینینی جوانی و بڕیاردان لەسەرئەوەی جوانی لە کوێیە و چۆن جوانی پەیدادەبێت بۆ کانت ئەمە شتێ تاکیە. تەنیا لێرە پێویستە ئەوە لەبیرنەکەین ئەو شوێنەی جوانی تیایە تایبەتە بە هەستەوە.
ئەو بینینانەی لایسەرەوە ئاماژەن لەسەرئەوەی، کانت داوای ئۆتۆنۆمی بۆ جوانی دەکات و پێیوایە هەریەکە جوانی بەپێی چێژی خۆی دەبینێ. کەواتە دیسانەوە لای کانتیش ئەو تێمایە سەرهەڵدەدات کە پێیدەلێن جیاکردنەوەی شتی هەستی لە شتی عەقڵی. چونکە کانتیش جوانی دەباتەوە ناو شوێنە هەستیەکان و لەژێر دەسەڵات و دادوەری لۆژیکی دەردێنێ. جوانی ئەو چێژەیە هەموان هەمانە بەس بەپێی باری خودی هەریەک لە ئێمە ئەو چێژە خۆی جیاواز دەردەخات. کەوابێت، ئەو شتەی جوانە لای کانت دەچێتە خانەی دادوەری چێژەوە- تام- (15). گرینگە لێرە لەوەش حاڵیبین، چێژی جوانکاری لای کانت چێژێ ترانسندێنتالە و ئەم جۆرە چێژە ناهەستیە چونکە چێژی ترانسندێنتال دەمێنێتەوە. هەرچی چێژی هەستییە بەسەردەچێت و نامێنێت. لەبەرئەوەی ئەوەی چێژی هەستی دروستدەکات ئارەزووە نەک شتێ باڵا. بۆیە دەکرێ بووترێت بەپێی تیۆری دادوەری جوانکاری کانت، ئەو ئارەزووەی لەپشت دروستکردنی چێژەوەیە ئەوە دیاریدەکات تاچەند ئێمە دەستبەرداری چێژەکانمان نابین. هەرکە لە ئارەزووکەوتین چێژمان بۆئەوشتەی پێشتر هەبووە نامێنێت. چێژ و ئارەزوو دوو شتی بەیەکگرێدراون. تەنیا ئەوەی مەرجە لەم تێگەیشتنە فەلسەفییانەی کانت دا بەهەندی وەرگرین ئەوەیە کە دادوەری جوانکاری و بایەخ لای کانت یەکناگرنەوە(16). یەک لەو شتانەش گرینگە لێرە بیرخرێتەوە ئەوەیە، ئەوەی کانت بۆنموونە لە بۆچوونەکانی کەسێ وەک داڤید هیۆم جیادەکاتەوە ئەوەیە، بۆ هیۆم چێژ باڵا نییە و بۆهەمیشە نامێنێتەوە. بەقسەی هیۆم ئەو شتەی چێژمان دەداتێ سوود و خۆشیێکی تیایە.
بۆئەوەی ئەوی لایسەرەوە ووترا زێتر ڕاڤەکەین دەڵێین: دادوەری جوانکاری بەهای خۆی هەیە ئەم بەهایە شتێ گەردووناوییە و سرووشتی ئەم دادوەرییە لەوەدا خۆی چڕدەکاتەوە چۆن دەتوانین جوان لە باش و بەچێژ جیاکەینەوە. ئەو شتەی چێژ دروستکەرە شتێ هەستییە چونکە هەستمان پێدەبەخشێ. بەس ئەم شتە دەکرێ چاک نەبێت و بێ سوودیش بێت. بۆیە لای کانت دادوەری جوانکاری لە دادوەری عەقڵی یان زانینی جیایە چونکە ئەوی یەکەم خودیە و ئەوی دی بەهاییە (ئاکسیۆمییە). ئەمەش بەو تێگەیشتنە دێت، کانت جیاوازی لەنێوان دادوەری جوانکاری و دادوەری زانینی و لەلاێتر دادوەری نۆرمەتیڤی دا دەکات(17). لێرەشەوە دەگەینە ئەو سێرکردنە فەلسەفیەی جوان ئەو شتەیە بەچێژە بەس ئەم شتە بەچێژە مەرج نییە بەسوود بێت.
سەرباری ئەوی وترا، بەبۆچوونی کانت دادوەری بەسەر جوانکاریەوە دادوەریێ ناعەقڵییە و لە پێوانەی لۆژیکییەوە دوورە. ئەم جۆرە دادوەریە سەرچاوەکەی زەوقە و ئامانج لەو جوانکاریە پرسیارە بۆ ئەو کەسەی سەرنج دەخاتە سەر شتێ جوان هەروەها جوانی بابەتێکە بۆ خۆشی و پێوەندی بە سودەوە نییە. واتە ئەو شتەی جوانە گرینگ نییە لەڕووی ڕەووشتیەوە بەکەڵکبێت. بەمجۆرەبێت،  ئەو شتەی بە سوودە مەرج نییە جوان بێت چونکە جوان بۆ کانت دەکرێ جوان بێت وەلێ بێ سوود و بێ کەڵکیشبێت. واتە ئەوشتەی جوانە دەشێ جوانێ بێ سوود بێت. جوانی نوێنەرایەتی شتی باش دەکات بەڵام جوانی لەوە دووردەخاتەوە بکەوێتە زۆنی شتی لۆژیکیەوە. بۆیە زانینی عەقڵی مرۆڤ لای کانت یارمەتیدەر نییە جوانی بناسێتەوە چونکە ناسینەوەی جوانی دەکەوێتە زۆنی خەیاڵ و هەستەوە. ئەو شتەی باشە بۆ کانت ئەو شتەیە سوودبەخشە بەس ئەو شتە مەرج نییە جوان بێت بۆیە دادوەری جوانکاری کردەێ خودییە و پێوەندی بە کەڵک و باشی ئەو شتەوە نییە. ئەو دارەی بەدەستمانەوەیە دەکرێ دارێ باش بێت ، واتە بەسوود بێت،  بەس ئەو دارە مەرج نییە جوان بێت. بۆئەوەی ئەو شتەی بەدەستمانەوەیە باش بێت دەبێ پێویستیێکمان بۆ ئەو شتە هەبێت ئەمەش بەو تێگەیشتنەدێت کە بەرژەوەندی ئێمە بەوشتەوەی بەدەستمانەوەیە ئەوە دیاریدەکات ئەو شتە باشە یان خراپ.
ئەو شتەی جوانە بۆ کانت ئەم شتە شتێکە شایانی ئەوەیە ئێمە پێیقایلبین. بۆئەوەی جوانکاری شتەکانیش بناسینەوە، دادوەری بەسەرەوەدەکەین ، هەر تایبەت بەم دادوەریەش عەقڵ پێویستە لەتەک هەست دا لە پێوەندیدا بێت. تەنیا نابێت ئەوەمان بیرچێتەوە کە لە تیۆری جوانکاری کانت دا پێویستە لەوە حاڵیبین ئێمە دەتوانین تەنیا زانیاریمان لەسەر ئەو بەشە هەبێت خۆیمان نیشاندەدات(18).
لەویووترا گرینگتر ئەوەیە ئەوی جوانە بۆ کانت ناخرێتە حالەتێ لە بەراووردکاریەوە چونکە پێوانەێ دیاریکراومان بۆ ناسینەوەی جوانی نییە ئەمەش لەبەرئەوەی جوانی چرکەێکە دەکەوێتە نێوان هەستی مرۆڤ و عەقڵییەوە. کەوابێت کاتێ ئێمە شتێ جوان دەبینینەوە عەقڵمان بەم شتە جوانە قایلدەبێت چونکە عەقڵ لەو شتە جوانەدا کە بینیویەتەوە ویستی خۆی تێردەکات. ئەم ویستە بۆ عەقڵ بۆ کامڵبوونیەتی. کەوابێت جوانی بینینەوە بۆ عەقڵ شتێ پێویستە. ئەوەی لە جوانیدا هەیە پێویستی بە کامڵبوون نییە چونکە جوانی لەخودی خۆیدا کامڵە بەس ئەوە عەقڵە وەدوی جوانیدا دەگەڕێت تا دوا چرکەی کامڵبوونی خۆی مسۆگەرکات.
یەک لەو شتانەی کانت لە “”ڕەخنەی هێزی دادوەری”” بایەخی دەداتێ ئەوەیە جوانی دەکەوێتە ناوشتەکانەوە. واتە ئەوەی بۆ کانت گرینگە جوانیە نەک ئەو شتانەی نوێنەرایەتی جوانی دەکەن. بەمە بۆ کانت گەر جوانی نەبێت ئەو شتانە ناکارن نوێنەرایەتی هیچبکەن.  کەوابێت ئەم جۆرە تێگەیشتنەی کانت وامانلێدەکات بلێین ئەو هونەرمەندەی لە پارکێکا وێنەی درەختێ سنەوبەر دەکێشێ جوانی ئەو دارە سنەوبەرە وایلەو هونەرمەندە کردوە ئەو تابلۆیەمان بۆ بکێشێ. بەمجۆرە گەر جوانی ناو درەختە سنەوبەرەکە نەبێت هونەرمەندەکە لەو پارکە خەیاڵی بۆئەوەناچێت ئەو تابلۆیەمان بۆ بکێشێ یان تابلۆکەی نوێنەرایەتی جوانی ئەو دارە سنەوبەرەمان بۆبکات. لێرە دەگەینە ئەو تێگەیشتنەش جگەلەوەی جوانی دەرکپێکردن و ئاشکراکردنی شتێ شەخسیە بەڵام خەیاڵیش مانای خۆی لەم پرۆسەیەدا هەیە. بۆئەوەی جوانکاری لە دیدی کانتەوە زێتر ڕوونکەینەوە جەغتلەوەشدەکەین ڕۆح کاریخۆی لە دەستنیشانکردنی جوانیدا دەکات. ئەوەی ڕۆح دەیکات شتێکە بە دەروونمانەوە پێوەستە چونکە جوانی لەکۆتایدا لەخۆماندا ڕابەرجەستەیە. کەوابێت جوانی شتێ خودیە و ئەو شتەی کەسێ دەیبینێ وەک جوان کەسێ تر واینابینێ. چونکە ئەم دوو کەسە هەمان شت بە دوو مەزاج و چێژی جیاوە سێردەکەن.
فەلسەفەی میتافیزیکی کانت ئەوەشمان فێردەکات، دادوەری جوانکاری، یان چێژ، ئەگەرچی خودییە وەلێ دادوەریێکە بە هەستی هاوبەش و چێژی گشتیەوە وابەستەیە. هەروەها ناوەڕۆکی جوانی سەربەستییە بۆ کانت بۆیە جوانکاری لای کانت فونکشونێ سێستەماتیکی هەیە و ئەم جوانکاریەش وەک پردێ لەنێوان سرووشت و ئازادی دا کاردەکات(19).
تێگەیشتنی ترانسندنتالی کانت بۆ جوانکاری ئەم بیریارەی بەرەو ئەوەش برد هەستێ هاوبەش لەگشت مرۆڤدا بدۆزێتەوە بۆ دەرککردن بە جوان. ئەمەش وایلە کانت کرد جوانی وەک شتێ گەردووناوی ببینێت. ئەم جۆرە تەماشاکردنە بۆ جوانکاری لەدەرەوەی بینینی مێژووییەوەیە کە دواتر لەلایەن فەیلەسوفانەوە ، بەتایبەت هیگڵەوە ، بایەخیدرایێ.
گومانیناوێت فەلسەفەی جوانکاری سەدەی هەژدە قەرزاری کانتە و ناوبراو لەڕێگای دادوەری بەسەر جوانکاریەوە  بنەمای ترانسندنتالی هونەریشمان بۆ شیدەکاتەوە و جوانیش لە فۆڕم دا چڕدەکاتەوە کە دواتر ئەو بینینە فەلسەفیانە کاریگەری بەسەر ئاڕاستەی هونەری و ئەدەبی ڕۆمانتیزمەوە دانا (20) و، هەروەها لەگەڵ کانت جوانکاری بە چێژەوە گرێدەدرێت و ئەم  گرێدانەوەیە کاریگەری خۆی تائێستاش لەناو فەلسەفەی ڕۆژئاوا جێهێشتووە. ئاماژەمان بەوەشکرد لەدیدی کانت هەلومەرجی خودی کار لەسەر دادوەریمان بەسەر چێژ یان جوانکاریەوە دەکەن. لەلاێتریشەوە تیۆری جوانکاری لەگەڵ کانت بە شتێکەوە سەرقاڵدەبێت پێشتر پێیئاشنانەبووە. چونکە بینینی کانت بۆ جوانکاری بینیێ جیادەبێت ئەمەش لەسەر ئەو بناغەیەی جوانکاری بۆ هەموان هەمان شت نییە، ئەوی کەسێ دەیبینێت وەک جوان هەمان شت نییە بۆ ئەویتر. ئەو شتەی جوانە لە ڕێگای تێگەیشتنی عەقڵی یان لۆژیکیەوە پێیناگەین. تەنیا نابێ ئەوە لەیادکەین تیۆری جوانکاری ئایدیالیزمی ئەڵمانی لێرە ناوەستێ و  بۆچوونەکانی هیگڵ1770  – 1831 لەو بارەوە مانای خۆیانیان هەیە. ئەمەش لەبەرئەوەی لە فەلسەفەی جوانکاری هیگڵ دا جوانی ئەو شتە ڕەهایەیە لە بوونی هەستیمانا ئامادەیە. بۆیە جوانی دەکرێبووترێت لای هیگڵ گەڕانەوەیە بۆ ڕەها. هونەریش کە نوێنەرایەتی ئەم جوانیە دەکات ڕۆحی ڕەها بەرجەستەدەکات (ئاشکرادەکات) لەناو بوونمانا. بەمشێوەیە ، لە هزری فەلسەفی هیگڵ دا جوانی ناپایانێ ڕەهایە و لەتەک خۆیدا لەهاوتایدایە. ئەم تێگەیشتنە میتافیزیکیەی هیگڵ بۆ جوانی ،جوانی هونەری، دواتر لەلایەن فەلسەفەی تازەی ئەڵمانییەوە و بەتایبەت لەسەر دەستی دوو بیرمەندە سەرسەختەکەی ناو فەلسەفەی ئەڵمانی، چ هایدیگەر و چ نیچە، ڕەخنەکرا.
لاسایکردنەوەی سرووشت بەپێی تێگەیشتنی فەلسەفەی کلاسیک بۆ هیگڵ هەرسنابێت چونکە ئەم جۆرە لاسایکردنەوەیە کردارێ فوتۆگرافیە و ئەو هونەرەی بەو ڕێگایە بەرهەمدێت هونەرێ ئەسیڵ نییە. بۆیە لای هیگڵ لاسایکردنەوە ناشێ تەنیا وەرگرتنی ئەوەبێت لە جیهانی دەرەوە هەیە چونکە ئەوە نە جوانی دەبەخشێت نەش ئەو جیهانە دەرەکیە دەتوانێ بنەخشێنێ. هیگڵ لەڕێگای ئەمەوە دەیەوێت بڵێت جیهانی دەرەکی لە کاری هونەریدا پێویستە ناواخنێ تری بدرێتێ. 
قسەکردنی هیگڵ لەسەر جوانکاری قسەکردنیش بووە لەسەر ئایندەی هونەر(21) و، لە دیدی هیگڵەوە جوانکاری بەشێکە لەو ڕەوتەی پەرەسەندنی مێژووی گشتی مرۆڤ دێتەسەری. بۆیە گەلێ لە هیگڵناسان پێیانوایە ئەوی هیگڵ تایبەت بە جوانکاری بەردەستمانیخستوە خۆی لە قەرەی باسی مێژووی هونەر دەدات. بەس ئەم مێژووە لای هیگڵ فەلسەفە دەیگێڕێتەوە. هونەر لەناو ئەم مێژووەدا بە جیهانەوە، بەوەی پێیدەڵێن جیهانی دەرەوە، لە پێوەندیدایە. بۆیە هونەر فۆڕمی پێوەندی مرۆڤە بە جیهانەوە. ئەم مرۆڤەش پێویستی بەخۆهوشیارکردنەوەیە چونکە هونەر ڕۆحێ ڕەهایە لە ناخی مرۆڤ و ئەم ڕۆحەش وەدووی ئازادیێ ڕەها دەگەڕێ. ئەمەشلەبەرئەوەی هونەر بەشداری لەم بەئازادیکردنەی مرۆڤ دا دەکات. نەک هەرئەوە بەڵکو مرۆڤ بۆخۆی هەیە، و بۆ خودی خۆی، بۆیە ئەوی لە سرووشتدا هەیە نابێ وەک خۆی بگوێزرێتەوە ناو کارە هونەریەکان. سرووشت سەرووی مرۆڤ (ڕۆح) نییە بەڵکو مرۆڤ سەرووی سرووشتە و ئەوی هونەرمەندیش دەیکێشێ پێویستە سەرووی ئەوە بێت لەناو سرووشت دا هەیە. لێرەوە دەگەینە ئەو سێرکردنە فەلسەفیەی هیگڵ ئەو جوانیەی هونەرمەند دەمانداتێ سەرووی ئەو جوانیەیە سرووشت دەمانداتێ. لەڕوانگەی هیگڵەوە هونەر گوزارە لە ڕاستی دەکات بەڵام بۆ هیگڵ تەنیا هونەر ئەمە ناکات بەلکو ئاین و فەلسەفەش ئەمە دەکەن. ئەم سێ لایەنەش ئەوە پێکدێنن کە هیگڵ ناویدەبات بە هۆش. بەواتێتر، هونەر بەپێی سێستەمی فەلسەفی هیگڵ هەنگاوێکە بەرەو فەلسەفە ئەڵبەتە هونەر ئەمە لەگەل ئاین دا دەکات چونکە هونەر و ئاین و فەلسەفە هەرسێ پێکەوە ڕۆحی ڕەها پێکدێن(22). بەپێی هیگڵ عەقڵ جیهان دەباتە ڕێوە ئەڵبەتە مێژووەکەی ئەم جیهانەش جڵەودەکات. مێژووش پڕە لە خواروخێچی وەلێ بەبۆچوونی هیگڵ ئەوە بۆ گەشەی جیهان، یان مێژوو، پێویستە. عەقڵ ڕابەری مێژووە وەلێ ئەم مێژووە خۆیناجوێتەوە
مایەوە تایبەت بە تێگەیشتنی هیگڵ ئەوەش بڵیین، هونەر گوزارەکردنێ هەستییە لە ڕاستی و بەپێیئەوەش هۆشیاری مێژووی گەیشتۆتە لوتکە ئەم جۆرە هەستە لەسەرمەرگدایە. کەوابێت بۆلەمەولا مێژووی فەلسەفی هونەر مێژووری فەلسەفی ئەو بەشەیە کە مردووە(23).
تایبەت بەوی لەو چەند لاپەڕەیەی لایسەرەوە ووترا مایەوە ئەوەش بلێین، ئەوی لایسەرەوە بەرباسخرا ئەوەمان لا بەهاداردەکات جوانکاری، کە لە جوانی دەکۆڵێتەوە، دەکەوێتە ناو فەلسەفەوە و بینینی جوانیش لە دەرەوەی فەلسەفە نییە کە ئەمەش پێچەوانەی ئەو تێزەی بادیوە کە خۆی لە دوورخستنەوەی جوانکاری لە فەلسەفە دا چڕدەکاتەوە و هونەریش دەکا بە شتێک لە دەرەوەی فەلسەفە. واتە بینینی هونەر بە چاوێلکەکانی فەلسەفە ئەستەمە و سەرئەنجام هونەر ئازاد و تایبەتیشە. بەس ئەم تێزە لەتەک ئەفڵاتوون دا لە گفتووگۆدایە و بۆیە تێگەیشتنی ئەفڵاتوونی بادیو بۆ کاری هونەری خۆی لەسەر ئەو بناغە فەلسەفییە پێکدێنێ بۆئەوەی فەلسەفە بە هونەر تێکەڵنەکرێت پێویستە فەلسەفە لە سنووری خۆیدا بمێنێتەوە و هونەریش بەخۆی کار بۆ نیشاندانی ئەو ڕاستیە بکات لەناخی خۆیداپەنهانە. 

ئازاد حەمە/ پاریس

سەرچاوە و پەراوێزەکان :
1.Sven-Olov Wallenstein. Uppfinnandet av estetiken. Tidskriften för litteraturvetenska، Vol 38، Nr 3–4 (2008)، s. 66.
2.بڕوانە پەراوێزی ژمارە 19 ی هەمان نووسینی لایسەرەوە کە جەغتکردنی هیگڵە لەو لایەنە.

3.Jean-François Lyotard، Lessons on the Analytic of the Sublime .Stanford Universit Press، 1994. P.20.
4. Drew A. Hyland. Plato and the Question of Beauty .Studies in Continental Thought. Indiana University Press، 2008، pp.1-7.
Steven M. Cahn . Aesthetics: A Comprehensive Anthology. Wiley-Blackwell ،2007، p. 16، p.34،p. 24.
5. Albert Hofstadter. Philosophies of Art and Beauty: Selected Readings in Aesthetics from Plato to Heidegger. University Of Chicago Press ،1976.
6.Sven-Olov Wallenstein. Uppfinnandet av estetiken. Tidskriften för litteraturvetenska، Vol 38، Nr 3–4 (2008)، s. 67.
Ibid.، s. 68. 7.
8. ئەلێکساندەر بۆمگارتن Alexander Baumgarten لەو بەرهەمە دوو جلدیەی بەناوی ئیستاتیکا  Aesthetica  لەماوەی ساڵانی  1750 و 1758 نووسیویەتی ڕوونتر و فەلسەفیتر لە زاراوەی جوانکاری دەدوێت تا ئەوی لە کتێبی””تێڕامانە فەلسەفیەکان لەبارەی هەندێ شتەوە تایبەت بە شیعر””، لە 1735 ، نوسیوویەتی. بڕوانە ئەم سەرچاوەیەی لایخوارەوە:
Kai Hammermeister. The German aesthetic tradition. Cambridge: Cambridge University Press.2002، p. 6.
9.Sven-Olov Wallenstein. Uppfinnandet av estetiken. s. 68.
10. Stanford encyclopedia of philosophy. 18th Century German Aesthetics.
http://plato.stanford.edu/entries/aesthetics-18th-german
11. Robert Wicks. Routledge philosophy guidebook to Kant on Judgement. London: Routledge. 2007، p. 14.
12. بڕوانە ئەو پێشەکیەی فەیلەسوفی سویدی سڤێن- ئولوف ڤالنشتاین بۆ جوانکاری لای هیگڵ نووسیویەتی لەم سەرچاوەیەی
لایخوارەوە:
Efterord till Hegel. Inledning till estetiken، Göteborg: Daidalos، 2005
Sven-Olov Wallenstein. Efterord till Hegels estetik.
http://excerpter.wordpress.com/2006/09/02/sven-olov-wallenstein-efterord-till-hegels-estetik
13. Brent Kalar. Demands of Taste in Kant’s Aesthetics. Continuum International Publishing Group Ltd.2006، p. 2.
14. Christian Helmut Wenzel. An Introduction to Kant’s Aesthetics: Core Concepts and Problems. Wiley-Blackwell، 2005، p. Xi.
15. Immanuel Kant. Kritik av omdömeskraften، övers. Sven-Olov Wallenstein. Stockholm: Bokförlaget Thales ،2003، s 66.
16.Ibid.، s. 68.
17.Sven-Olov Wallenstein. Efterord till Hegels estetik.
http://excerpter.wordpress.com/2006/09/02/sven-olov-wallenstein-efterord-till-hegels-estetik
18. Immanuel Kant. Kritik av omdömeskraften، övers. Sven-Olov Wallenstein. s 69.
19. Sven-Olov Wallenstein. Efterord till Hegels estetik.
20. David Simpson. German Aesthetic Literary Criticism: Kant، Fichte، Schelling، Scopenhauer، Hegel (German Aesthetic and Literary Criticism). Cambridge University Press; 1984، p.2.
21. John Steinfort Kedney. Hegel’s Aesthetics: A Critical Exposition. BiblioBazaar ،2009، p. 6.
22. Sven-Olov Wallenstein. Efterord till Hegels estetik.
23. Hegel Georg Wilhelm Friedrich Hegel. Introductory Lectures on Aesthetics. Penguin Classics;1993، pp.23-61.

Previous
Next

Leave a Reply