Skip to Content

Wednesday, January 27th, 2021

وێنه‌كانی هۆشه‌نگ

Be First!
by April 22, 2009 ئەدەب

وێنه‌كانی هۆشه‌نگ
20/4/2009

له‌ دڵۆپه‌ ئاوێكدا نووستووه‌ به‌ شێوه‌ی په‌ری
له‌ هه‌ناسه‌یه‌كدا به‌رده‌بێته‌وه‌ به‌ وێنه‌ی په‌ڕی نێرگزێك
له‌ هه‌ورێكدا ده‌بارێ‌ وه‌ك شه‌ڕابێكی سوور
وه‌ك تیشكێك له‌ بۆشایی له‌ هه‌تاو به‌رده‌بێته‌وه‌
له‌ هه‌نارێكدا وه‌ك په‌پووله‌ چوزه‌ره‌ ده‌كات
له‌ دار سێوێكدا گوڵ ده‌گرێت
له‌ هه‌ناسه‌ی كوریكه‌یه‌كدا ده‌بێته‌ بۆن
له‌ شه‌وبۆیه‌كدا به‌هه‌وادا وه‌رده‌بێ‌
له‌ غوبارێكدا ده‌بێته‌ سه‌مای گه‌ڵا
له‌ سووتانێكدا ده‌بێته‌ گیانی ئاوازێك
به‌سه‌ر هاوارێكی نامۆ به‌رده‌بێته‌وه‌ و له‌ حیله‌ی ئه‌سپێكدا سه‌رخۆش ده‌بێ‌
له‌ ئاوازێكی غه‌ریبدا بێڕه‌حمانه‌ خۆی ده‌كوژێ‌
له‌ شه‌وێكدا تاریكی له‌ روحی ده‌پێچێته‌وه‌..
له‌ ره‌گدا ده‌هه‌ژێ‌ و ده‌كه‌وێ‌ به‌سه‌ر په‌لكه‌ باراندا
ده‌ڕوا به‌ناو ته‌نییاییدا .. تا ده‌بێته‌ ته‌نیایی
ده‌ڕوا به‌ناو عه‌شقدا .. تا له‌خاچدان
باران له‌ پرچی ده‌بارێ‌ و
هه‌تاو له‌ په‌نچه‌كانی
رێحان له‌ برژانگێكی شین ده‌بێت و په‌پووله‌یه‌ك له‌ دڵی ده‌فڕێ‌
هه‌نار له‌ چاوی به‌رده‌بێته‌وه‌ و كۆترێكی شین له‌ پشتی هێلانه‌ ده‌كات

ده‌ڕوا به‌ناو وشه‌دا .. تا ده‌بێته‌ چه‌ند حه‌رفێك و
هه‌لا هه‌لا ده‌وه‌رێته‌ ناو خۆی
ده‌بێته‌ هۆشه‌نگ و هیچی دی نا..

 

 

Previous
Next

Leave a Reply