وێنه زمانییه‌کان له (که‌سێک لێره‌وه تێپه‌ڕی)ی شاڵاو حه‌بیبه‌دا
دوای په‌یدابوونی ڕه‌وتی بونیادگه‌ری، بۆ توێژینه‌وه له به‌رهه‌مه ئه‌ده‌بییه‌کان، گرنگی به‌رچاو به زمان له به‌رهه‌مه ئه‌ده‌بییه‌کان درا. به‌تایبه‌ت بونیادگه‌ره‌کان، به‌رهه‌می ئه‌ده‌بییان له‌سه‌ر بنه‌مای زمان شیده‌کرده‌وه. هه‌روه‌ها ده‌قیان له ده‌ورووبه‌ر داده‌بڕی. ئه‌وان کاریان به‌سه‌ر نووسه‌ره‌وه نه‌بوو، به‌ڵکه ئه‌وان ده‌نێو ده‌قدا توێژینه‌وه‌یان ده‌کرد. به ڕای(رۆلان بارت) ڕه‌خنه‌کاره کۆنه‌کان، ئه‌وه‌نده‌ی خه‌ریکی ژیانی نووسه‌ره‌کان بوون، ئه‌وه‌نده خه‌ریکی ده‌قه‌که‌ی نه‌بوون. هه‌روه‌ها به ڕای ئه‌و، ئه‌و ڕه‌خنه‌کارانه مێژووی ژیانی نووسه‌ریان نووسیووه، نه‌ك مێژووی ئه‌ده‌بی. زمان و ئه‌و واتایانه‌ی یه‌که زمانیه‌کان له ده‌قێکی ئه‌ده‌بی درووستی ده‌که‌ن، بۆ بونیادگه‌ره‌کان خاڵێکی جه‌وهه‌ری بوو. ئه‌وه‌تا هه‌ر (ڕۆلان بارت) ده‌ڵێ: به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی له ڕێگه‌ی زمانه‌وه درووست ده‌بێ، ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیش به‌هۆی زمانه‌وه دێته به‌رهه‌م.1 مه‌به‌ستی (بارت) له‌وه‌دا کورت نابێته‌وه، که ئه‌مانه به‌هۆی زمانه‌وه ده‌نووسرێن، نه‌خێر، به‌ڵکه مه‌به‌ست ئه‌وه‌یه نووسه‌ر له‌ڕێی گه‌مه زمانییه‌کانه‌وه ده‌هه‌وڵی درووست‌کردنی وێنه هونه‌ری و زمانییه‌کان ده‌دا. هه‌ر له‌ڕێی ئه‌م گه‌مه‌کردنه به یه‌که‌کانی زمان، گه‌مه‌ی واتاییش ده‌ئافرێنێ. ئه‌م گه‌مانه‌یش له ڕێی سیمبوولی زمانی، میتافۆر، ئالیگۆریا…تاد ده‌بێ. لێره‌دا ئه‌وه‌نده‌ی نووسه‌ر خه‌ریکی چنینی زمانییه، ئه‌وه‌نده‌ی خه‌ریکه واتاکان له‌ڕێی ئه‌م گهمانهوه حه‌شاربدات، ئه‌وه‌نده خه‌ریکی جیهانی دیکه‌ی نییه.
دوای بونیادگه‌ره‌کان، ڕه‌وتێکی دیکه به نێوی (دوا بونیادگه‌ره‌کان) درووستبوون. تاکه جوداوازی ئه‌مانه له‌گه‌ڵ بونیادگه‌ره‌کان، ئه‌وه‌بوو، بونیادگه‌ره‌کان ده‌یانگوت: به هیچ شێویه‌ک له توێژینه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی نابێ بۆ ژیان و ده‌ورووبه‌ری نووسه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه، به‌ڵام دوا بونیادگه‌ره‌کان، که (لۆتمه‌ن) دیارترینیانه، ده‌ڵێ: ڕاسته ژیانی نووسه‌ر بۆ توێژینه‌وه‌ی ده‌قی ئه‌ده‌بی بایه‌خی نییه، به‌ڵام ده‌کرێ له هێندێک حاڵه‌تدا بۆی به‌گه‌ڕێینه‌وه.دواتر (ڕۆلان بارت)یش چووه پاڵیان. (لۆتمه‌ن) به هه‌مان شێوه‌ی بونیادگه‌ره‌کان جه‌ختی له‌سه‌ر ڕاڤه‌کردنی خودی ده‌ق ده‌کرده‌وه، به‌ڵام پێیوابوو، ناکرێ ده‌ق هه‌ڵگری هه‌موو واتایه‌ک بێ، به‌ڵکه هێندێکجار بۆ تێگه‌یشتن له ده‌ق ده‌بێ بۆ نووسه‌ر و ده‌ورووبه‌ری ده‌ق بگه‌ڕێنیه‌وه.
(که‌سێک لێره‌وه تێپه‌ڕی) یه‌که‌م به‌رهه‌می شیعری(شاڵاو حه‌بیبه)یه.(وابزانم به‌پێی گوته‌ی خۆی دوا به‌رهه‌می شیعریشی ده‌بێ.)، له ساڵی (2010) چاپکراوه. ئێمه بۆ توێژینه‌وه له‌م به‌رهه‌مه شیعرییه بۆچوونه‌که‌ی (لۆتمه‌ن) به په‌سن ده‌زانین.
شاعیر له‌م به‌رهه‌مه‌یدا، په‌نای وه‌به‌ر هایکۆنووسی بۆ شیعر بردووه. یه‌کێ له خاسیه‌ته‌کانی هایکۆیش کارکردنه ده‌نێو زماندا. بێگومان هه‌موو شیعرێک کارکردنه ده‌نێو زمان، به‌ڵام له هایکۆ ده‌بێ قووڵتر تێیدا ڕۆبچین. چونکوو هه‌موو کاری هایکۆ بۆ به‌ده‌سته‌وه‌دانی جوانترین مانایه “ئه‌م جوانیه‌ی هایکۆش به گشتی له فۆڕم و به تایبه‌تیش له چرکه‌ساتی چڕبوونهیهوهی زمانی شاعیردایه”2 شاعیر ده‌هه‌وڵدا ده‌بێ که‌مترین که‌ره‌سه‌ی زمانی و ئه‌وپه‌ڕی گهمهزمانییهکان به‌کارببا، له پێناو دروستکردنی وێنه‌یه‌کی زمانیی سه‌رشار به ئێستاتیکا. ئه‌مه‌یش کارێکی هه‌روا سانا نییه، چونکوو شاعیر ده‌بێ ئاگای له‌و وشانه بێ، که به کاریان ده‌با. مامه‌ڵه‌کردنێکی ته‌واو و دروست له‌گه‌ل زماندا، شاره‌زایی ته‌واوی ده‌وێ له هه‌ڵبژاردنی وشه.
شاعیر له‌م به‌رهه‌مه‌یدا، مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ چه‌ند وشه‌یه‌ک، وه‌کوو کۆدی سه‌ره‌کی، بۆ دروستکردنی وێنه زمانییه‌کان ده‌کا. ده‌توانین هه‌موو هایکۆشیعرهکانی بۆ سه‌ر چه‌ند ته‌وه‌ره‌یه‌ک دابه‌ش بکه‌ین. هه‌ر ته‌وه‌ره‌یه‌کی کارکردنه له‌سه‌ر وشه‌یه‌ک. ئه‌و وشانه‌ی کردوونی به کۆدی سه‌ره‌کیی بۆ پێکهێنانی وێنه زمانییه‌کان برییتین له: ” هه‌تاو ، شه‌و ، پاییز، مێرووله ، چۆله‌که ، گوڵ ، گوڵدان ، مانگ ، ماسی ، منداڵ ، ته‌نیایی ، ژن”. له ڕێی هه‌ریه‌ک له‌م وشانه ده‌یان وێنه‌ی زمانیی دروست ده‌کا. به‌ڵام گه‌مه‌یه‌کی سه‌یر له‌گه‌ڵ وشه، ته‌نانه‌ت مۆڕفیمه‌کان ده‌کا، ئه‌مه‌یش هه‌مووی ده پێناو ماندووکردنی خوێنه‌ره. واته ئه‌وپه‌ڕی هه‌وڵی بۆ گه‌مه زمانییه‌کان خستۆته‌کار، بۆ ئه‌وه‌ی وێنه‌کان زوو نه‌دات به‌ده‌سته‌وه. ئه‌مه‌یش وا ده‌کا، چه‌ندین واته و وێنه له پشت هه‌ریه‌ک له‌و شیعرانه خۆیان حه‌شاربده‌ن.
ئه‌وه‌ی جێی سرنجه له کن من له‌م شیعرانه، هه‌ست به ڕۆمانسیه‌تێکی زۆر ده‌که‌ین. داخه‌که‌م، ئه‌مه‌یش زۆر له شاعیرانی دوای نه‌وه‌ده‌کانی گرتۆته‌وه. به شێوه‌یه‌ک وشه‌کان هێند ناسک ده‌که‌نه‌وه، خوێنه‌ر ناوێرێ بیانخوێنێته‌وه نه‌وه‌ک هه‌ڵبوه‌رن. بمانه‌وێ و نه‌مانه‌وێ ئه‌ده‌ب ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ژیانی نووسه‌ری له‌سه‌ره. هه‌ر ئه‌مه‌یش بوو ڕای (لۆتمه‌ن)، که ئێمه‌یش پشتگیریمان لێکرد بۆ توێژینه‌وه. به‌ڵام ئه‌گه‌ر سرنج بده‌ینه زۆر له شاعیرانی نیشته‌جێی تاراوگه، هه‌میشه ده شیعره‌کانیان نوزانه‌وه و کرووزانهوهیهکی زۆر بۆ نیشتمان و دووری نیشتمان به‌دی ده‌که‌ین، هه‌میشه نۆستالیژیا له شیعره‌کانیان هه‌س، به‌ڵام ئه‌گه‌ر سه‌یری ژیانی واقیعییان بکه‌ین، ئاسمان و ڕێسمانه، له ژیانێکی خۆش ده‌ژین، هه‌میشه زار به خه‌نده‌ن. ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌نده خه‌می نیشتمانتانه وه‌رنه‌وه. بۆیه‌یش زۆر له شاعیرانی تاراوگه‌م به‌رباسدا، مه‌به‌ستم نییه، حه‌بیبه‌یش هه‌مان شێوه بێ، نه‌خێر، هه‌رچه‌نده شاعیر پێڕه‌وی ئه‌و گریان و فیغانه ده‌کا، به‌ڵام به جوداوازیه‌ک، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه، شاعیرانی دی، کاتێک شکست له عه‌شق، یان ژیان ده‌هێنن، هه‌میشه یار و عه‌شق و ژیان به تاوانبار ده‌زانن، به‌ڵام حه‌بیبه لێره‌دا دوای شکسته‌که‌ی، له هه‌موو شیعره‌کان هه‌ق به یار ده‌دا، جوانتری وێنا ده‌کا. بۆ نموونه له شیعری (به‌شێکی چکۆڵه له ده‌فته‌ری ڕۆژانهنووسییم)دا ده‌ڵێ:
شادمان بووم…
به هه‌واڵێک له تۆوه،
که ده‌مزانی درۆیه؟
هه‌رچه‌نده شاعیر ده‌زانێ یار هیچ هه‌واڵێکی بۆ نانێرێ.ئه‌م بۆچوونه‌ی ته‌واو له یه‌قینه‌وه‌یه، به‌ڵام کاتێک هه‌واڵی یاری بۆ دێنن، که ده‌شزانێ وا نییه، به‌ڵام هه‌ر پێی دڵخۆشه. به‌ڵام ئه‌گه‌ر سه‌یری شیعری زۆر له شاعیرانی دی دوای ڕاپه‌ڕین بکه‌ین، هه‌میشه یاریان به تاوانبار زانیووه.
ئیش‌کردنی شاعیر ده‌نێو وشه‌کاندا، ئیشکردنێکی کارامه بووه. له هه‌ر شیعرێکدا ئه‌و وشانه‌ی بهکاریبردوون، په‌یوه‌ندی ده‌نێوانیاندا هه‌یه، هه‌روه‌ها ئه‌و وشه دژوازانه به‌کارده‌با، بۆ دروستکردنی وێنه‌کان. ئه‌مه‌یش یێکێک بووه، له تیۆری بونیادگه‌ره‌کان، که نیشانه و وشه دژوازهکانیان به به‌رهه‌مهێنه‌ری مانا ده‌دایه قه‌ڵه‌م.
چاوه‌نواڕی
هه‌تاومان نێرد…
به دوای تاریکیدا،
ڕێی ونکرد.
بۆ پێکهێنانی وێنه‌یه‌ک، دوو وشه‌ی دژی به‌کاربردووه، ته‌نانه‌ت وه‌کوو چه‌مکیش هه‌ر دژ به‌یه‌که‌ن، ئه‌وانیش وشه‌کانی “هه‌تاو، تاریکی”ئه‌م دوو وشه‌یه له واتهیشدا، له واقیعیشدا به‌یه‌ک ناگه‌ن. بۆ ده‌ربڕینی واته و چه‌مکی (چاوه‌نواڕی) شاعیر وێنه‌یه‌کی زمانیی دروستکردووه، چۆن مرۆڤ چاوه‌ڕیی چتێکی مه‌حاڵ بێ، به‌ڵام هه‌ر چاوه‌نۆڕیش ده‌بێ، ئه‌وه‌یه ڕۆمانسیه‌تی حه‌بیبه‌ی له‌وانیدی جوداکردۆته‌وه.
هه‌میشه شیعره‌کانی ئه‌م به‌رهه‌مه‌ی حه‌بیبه، په‌یوه‌ندیه‌ک ده‌نێوان نێونیشان و شیعره‌که‌دا هه‌بووه. له‌وێدا شاعیر شیعره‌که‌ی بۆ پیشاندانی وێنه و واته و چه‌مکی نێونیشان بووه.
من و به‌یانی
هه‌تاو دێت و
شه‌و به پرتاو
ده‌گاته دڵی من.
یان. شاعیر له شیعرێکی دیکه‌دا ده‌ڵێ:
دیتران چاوله‌ڕێی به‌یانن
ده‌بنوو خۆشه‌ویستم…
خۆر، له‌ودیو کێوانه‌وه،
تاقه‌تی به‌سه‌رچوو.
له شیعری یه‌که‌مدا، چونکوو شاعیر له شه‌ودا هه‌میشه بێداره و سه‌روکاری له‌گه‌ڵ شه‌وه، کاتێ به‌یانی دێ، شه‌و دێته نێو دڵی شاعیره‌وه، لێره‌دا وشه‌کانی (هه‌تاو، به‌یانی) ده‌بنه دژ بۆ (شه‌و، منی شاعیر) له ڕێی ئه‌م وشانه‌وه وێنه‌یه‌کی پێکهێناوه، که شاعیر پتر دڵی به شه‌و خۆشه. هه‌رچی شیعری دووه‌مه نزیک به هه‌مان واته‌ی پێشووی هه‌یه. هه‌موو خه‌ڵکی چاوه‌نۆڕی به‌یانن، بۆوه‌ی هه‌رکه‌س به کاری خۆیه‌وه مژوڵ بێ، چونکوو یار بێداره، خۆریش دڵی نایه‌ت هه‌ڵبێت و سه‌ر وه‌ده‌رنێ، بۆوه‌ی چاوه‌نۆڕی خه‌ڵک بۆ به‌یانی کۆتاپێبێنێ. دروستکردنی وێنه هه‌میشه له ڕێی زمانه‌وه ده‌بێ. هه‌روه‌ک (رۆلان بارت) ده‌ڵێ: ” ئه‌وه زمانه، نه‌ک ئه‌زموون مانا ده‌خولقێنێ. توانایی ده‌ق بۆ به‌دیهێنانی ماناگه‌لی جۆراوجۆر و هه‌مه‌چه‌شن. له ڕیگه‌ی وه‌رسوڕانی زمانناسانه‌ی ده‌قه‌وه ده‌سته‌به‌ر ده‌کرێ، که له هه‌ناوی زه‌مینه و به‌ستێنی خوێندنه‌وه، واته مێژوو و که‌سی خوێنه‌ردا بوونی هه‌یه.”3 که‌واته شاعیر ده‌بێ ئه‌وه‌نده له‌گه‌ڵ زماندا خه‌ریک بێ، تاکوو واتاگه‌لی هه‌مه‌چه‌شن له کن خوێنه‌ر بئافرێنێ. سه‌نته‌ربوونی مه‌به‌ستی شاعیر له مێتۆده‌کانی پێشتر بوونی نه‌ما، ئێستا هه‌موو قورسایی ده‌که‌وێته سه‌ر خوێنه‌ر، ئه‌وه خوێنه‌ره، به‌پێی خوێندنه‌وه‌ی خۆی واته له ده‌قدا به‌رهه‌مدێنێ، ئه‌م واتهیش له خوێنه‌رێکه‌وه بۆ یه‌کیدی جوداوازه. به‌ڵام به‌پێی مێتۆده‌که‌ی(لۆتمه‌ن)، که پێداگری له‌سه‌ر به‌رهه‌مهێنانی واته‌ی جودا له کن خوێنه‌ر ده‌کا، له هه‌مان کات، ڕێ به‌وه‌یش ده‌دا، له هێندێك باری تایبه‌ت ده‌کارێ بۆ ئه‌زموون و ژیانی نووسه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه، که دواتر (بارت)یش هاته سه‌ر هه‌مان قه‌ناعه‌تی(لۆتمه‌ن).
ژیان به نزمی
ئه‌و کرمه‌ی ڕێده‌کا، هێڵێک ده‌کێشێ،
دیتران نایبینن.
ئه‌گه‌ر هه‌ر خوێنه‌رێک ئه‌م شیعره بخوێنێته‌وه، هه‌ریه‌کی خوێندنه‌وه‌یه‌کی جودایان بۆی ده‌بێ، ڕه‌نگه تاڕاده‌یه‌ک نێزیکیهک هه‌بێ، به‌ڵام شاعیر به هۆی گه‌مه‌کردن به وشه‌کانه‌وه، واته‌گه‌لی جۆربه‌جۆری لێ به‌رهه‌مدێ.ئه‌و هێڵه‌ی کرمێکی بچووک له‌کاتی ڕێکردندا له دوای خۆی جێدێڵێ، واته‌ی بوونی ژیان ده‌دا، هه‌موو مرۆڤه‌کان چاویان ته‌نێ چتی گه‌وره ده‌بینێ، به‌ڵام ژیان له چتی بچووکیش پێکهاتووه. ده‌یان زنده‌وه‌ری بچووک هه‌ن، به‌ڵام به چاو نابیندرێ.بۆیه‌یش شاعیر هه‌وڵی ئه‌وه ده‌دا وێنه‌ی زمانی له ورده چته‌کان پێکبهێنێ. ” که‌واته فه‌زای شیعری ئه‌و پانتاییه‌یه که ده‌شێ (خوێنه‌ر/وه‌رگر)پێشبینیه‌کانی خۆی تێدا بخاته کار، هه‌ر له‌وێشه‌وه شیعرییه‌ت خۆی له میتافیزیکا جیاده‌کاته‌وه و ده‌بێته په‌یوه‌ندییه‌کی دیالۆگئامێزی نێوان دیار و نادیار.”4 ئه‌مه‌یه تێکشاندنی سه‌نته‌ربوونی شاعیر. چیدی واته و مه‌به‌ستی شاعیر نابێته سه‌نته‌ر و بۆشاییه‌ک بۆ بیرکردنه‌وه‌ی خوێنه‌ر نه‌هێڵێته‌وه. ئه‌وه خوێنه‌ره له ڕێی زمانی شیعره‌وه واته بهههمدێنێ.
کارکردنی شاعیر ده‌نێو زماندا، هه‌موو ئاسته‌کانی زمانی گرتۆته‌وه. ئاستی ڕسته‌سازی و وشه‌سازی و ده‌نگسازی و واته‌سازی. له هه‌ریه‌ک له‌م ئاستانه‌دا شاعیر گه‌مه‌یه‌کی زمانیان له‌گه‌ل ده‌کا. ئه‌م گه‌مه‌کردنانه له ڕێی هونه‌ره‌کانی ڕه‌وانبێژییه‌وه جوانتر په‌نای وه‌به‌ر ده‌با.
دروستکردنی وێنه‌ی زمانی له ڕێی گه‌مه‌کردن به زمانه‌وه، له‌سه‌ر ئاستی ڕسته‌سازی، شاعیر هێندێکجار بۆ ده‌ربڕینی واته‌یه‌کی فراوان، هه‌موو گهمهکردنهکان، واته‌کان له یه‌ک ڕسته‌دا چڕ ده‌کاته‌وه. هه‌ر ده‌نێو ئه‌و رسته‌یه‌شدا پیداگری ئاوازه‌یی له‌سه‌ر وشه‌یه‌ک ده‌بێ. له هایکۆشیعر هه‌موو شیعره‌که له سێ به‌یتی حهڤدهبڕگهیی پێکدێ، به‌لام له کن حه‌بیبه، هێندێکجار زۆر له‌وه کورت‌تر ده‌بێته‌وه بۆ یه‌ک ڕسته بۆ نموونه:
دواویستگه
ده‌ستم له ته‌ماشای گوڵان شتووه.
ده‌بینین ئه‌م شیعره‌ی یه‌ک ڕسته‌یه، ئه‌م ڕسته‌یه له دهبڕگه پێکهاتووه. شاعیر پێداگری ئاوازه‌یی له‌سه‌ر وشه‌ی (گوڵان)، که کۆی(گوڵ)ه داده‌گرێ. واته خوێنه‌ر له کاتی خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م ڕسته‌یه هه‌ست ده‌کا، هه‌موو ئاوازه‌یی شیعره‌که له‌سه‌ر وشه‌ی (گوڵان)ه. ئه‌م شیعره ده‌ربڕێ وێنه‌ی ناهومێدبوونی شاعیره، شاعیر به‌هۆی شکستی له پرۆسه‌ی خۆشه‌ویستی، ئیتر حه‌وسه‌ڵه‌ی دیتنی چ گوڵێکی نه‌ماوه، ئه‌مه‌یشی بۆ ڕوونکردنه‌وه‌ی وشه‌ی (دوا وێستگه) بووه.خۆشه‌ویستی یه‌که‌مجاری کردۆته دوا خۆشه‌ویستی.
ئه‌فسوون
جارێک بێره‌دا بفڕه.
لێره‌شدا شاعیر هیوا بڕاو نه‌بووه، چاوه‌رێی په‌رجوویه‌که، هه‌رچه‌نده ده‌شزانێ ئه‌و پهرجووهیش ڕوونادا. بۆ ده‌ربڕێنی واته و چه‌مکی ئه‌فسوون وێنه‌یه‌کی زمانی دروستکردووه. ئه‌ویش فڕینی، یان تێپه‌ڕینی یاره به دنیای شاعیر.ده‌بینین شاعیر زمانی به شێوه‌یه‌ک به‌کاربردووه، هه‌روه‌ک (یاکوبسن) جه‌ختی له‌سه‌ر ده‌کاته‌وه، خوێنه‌ر به‌ره‌و خۆی په‌لکێش ده‌کا. له‌م شیعرانه‌دا له‌سه‌ر ئاستی ڕسته‌سازی شاعیر هێندێک وشه زه‌قده‌کاته‌وه، ئه‌مه‌یش کار له زه‌قکردنه‌وه‌ی زمانه‌که ده‌کا. ئه‌م زه‌قکردنه‌وه‌ی زمانه‌یش بۆ به‌رهه‌مهێنانی واته‌ی جودایه.
ئه‌گه‌ر گه‌مه‌کردنی زمانی له‌سه‌ر ئاستی وشه‌سازی له‌م به‌رهه‌مه شیعره‌یه‌دا چاولێبکه‌ین. خۆی له چه‌ند لایه‌نێکه‌وه ده‌بینێته‌وه.وه‌کوو له‌سه‌ره‌تا بهرباسماندا، شاعیر له کۆی ئه‌م به‌رهه‌مه‌دا کاری له‌سه‌ر چه‌ند وشه‌یه‌ک کردووه. ده‌توانین ئه‌م به‌رهه‌مه به‌سه‌ر چه‌ند ویستگه‌یه‌ک دابه‌شبکه‌ین، هه‌ر یه‌ک له‌م وێستگانه، وشه‌یه‌ک و چه‌مکێک باڵاده‌سته و کاری له‌سه‌ر کراوه. هه‌روه‌ها، پاشوپێشکردنی وشه، که زیاتر بۆ دروستکردنی واته‌گه‌لی فره‌یه. هه‌روه‌ها هێنانه‌وه‌ی ئه‌و وشانه‌ی له‌ڕووی واتهییهوه په‌یوه‌ندیه‌کیان دهنێواندا هه‌یه وه‌کوو (ماسی و ئاو، ده‌ریا و به‌له‌م…تاد).
ده‌نگی بیره‌وه‌ری
گوێیان لێیه…
زه‌ریا بانگیان ده‌کا
ماسییه‌کانی نێو حه‌وز.
هه‌موو ژیانی ماسی ده‌نێو ئاودایه، به‌ڵام کاتێک ده‌نێو دنیا فراوانه‌که‌ی زه‌ریا وه‌ده‌ری ده‌نێن، مرۆڤه‌کان بۆ چێژی خۆیان ده‌یخه‌نه نێو حه‌وزێکی چکۆڵه، خۆ نێو حه‌وزه‌که‌یش هه‌ر ئاوه، به‌ڵام جوداوازیه‌کی زۆری هه‌یه. بۆیه‌یش ماسییه‌که هه‌میشه دهبیرهوهری زه‌ریادا ده‌ژی. وشه‌کانی نیو ئه‌ن ڕستانه‌ی پاشوپێش کردوون، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌م ڕیتمی شیعره‌که، هه‌میش وێنه زمانییه‌که جوانتر خۆی نیشان بدا. لیره‌دا ده‌بینین کاری نێو ڕسته‌که که‌وتۆته نێوه‌راست. هه‌موو یارمه‌تیه‌کانی شاعیریش بۆ دروستکردنی ئه‌و وێنه زمانیانه، وشه‌ی نێو سرووشتی وه‌رگرتوون. بۆ ده‌ربڕینی چه‌مکی بیره‌وه‌ری که‌ڵکی له دوورخستنه‌وه‌ی ماسی له زه‌ریا وه‌رگرتووه
هه‌رچی کارکردنه له‌سه‌ر ئاستی ده‌نگسازی، ئه‌وا شاعیر قورسایی ئاوازه‌ی شیعره‌که‌ی ده‌خاته سه‌ر یێک له وشه‌کانی نێو شیعره‌که. ئه‌و وشانه‌یش هه‌ڵده‌بژێرێ، که ده‌نگه‌کانی ڕیتمدارن، بۆوه‌ی خوێنه‌ر له‌ساتی خوێندنه‌وه‌دا هه‌ست به بوونی قورسایی ئه‌و ده‌نگانه بکا.
دوابرادهر
تهنکییێکهم پڕکرده‌وه…
بۆ به‌رده‌وامی چکه‌چکی به‌لۆعه‌که.
له‌م شیعره‌دا، قورسایی ئاوازه‌ی ده‌نگه‌کان له‌سه‌ر وشه‌ی(چکه‌چک)ه، چونکوو ئه‌م وشه‌یه به ده‌نگه ڕیتمداره‌کانی واته‌ی به‌رده‌وامی ژیان ده‌به‌خشێ. ئه‌گه‌ر ته‌نکییه‌که پڕ له‌ئاو بێ، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌و ده‌نگه له به‌لۆعه‌که نه‌هات، واته‌ی بێده‌نگی و نه‌بوونی جووڵه ده‌گه‌یه‌نێ. ئه‌م ده‌نگانه له‌لایه‌ن شاعیره‌وه بۆ درووست‌کردنی وێنهزمانیهکان سوودیان لێوه‌رگیراوه.
پیری
هه‌نارێک درزی برد،
که‌وتمه‌وه یادی جاران.
بۆ ده‌ربڕینی چه‌مک و واته‌ی (پیری)، شاعیر وێنه‌یه‌ک له سرووشت ده‌خوازێ، له‌وێدا کاتێک هه‌نار درز ده‌با، ئه‌وه واته‌ی ئه‌وپه‌ڕی گه‌یینی هه‌ناره، درزبردنی هه‌نار واته به بایه‌ک ئه‌و هه‌ناره له دار ده‌که‌وێته خواره‌وه، که‌وتنه خواره‌وه‌یش واته مردن. چه‌مکی پیری به‌مشێوه‌یه، وه‌کوو درزه‌که وایه، هێنده بایه‌ک لێی بدا، ئیدی ده‌که‌وێته خواره‌وه. لێره‌یش قورسایی ئاوازه‌که له‌سه‌ر ده‌نگه‌کانی وشه‌ی (درز)ه. چونکوو واته‌ی درز هه‌مان حاڵه‌تی پیرییه.
له‌م چه‌ند نموونانه‌ی سه‌ره‌وه دیتمان، هه‌روه‌کوو(بارت): ئه‌وه زمانه ده‌دوێ، نه‌ک نووسه‌ر. هه‌موو کاکردنێکی شاڵاو حه‌بیبه ده‌نێو زماندا بوو. ئیش‌کردن له‌سه‌ر هه‌رچوار ئاسته‌که‌ی زمان، ئیشکردنێکی ته‌واو زمانییانه بوو، دروستکردنی ئه‌و وێنانه، سه‌لمێنه‌ری ئه‌و ڕاستیه‌یه، ئه‌وه زمانه واته به‌رهه‌مدێنێ، که دواتر مێتۆدی وه‌رگرتن (خوێنه‌ر) هه‌ر له هه‌ناوی ئه‌مه‌وه له دایکبوو.
حه‌مه مه‌نتک
پهراوێزو سه‌رچاوه‌کان:
1. پێکهاته‌و ڕاڤه‌ی ده‌ق، بابه‌ک ئه‌حمه‌دی، و:مه‌سعوود بابایی، کتێبی دووه‌م، له بڵاوکراوه‌کانی سه‌نته‌ری لێکۆڵینه‌وه‌ی فیکری و ئه‌ده‌بی نما، هه‌ولێر، 2005، ل 62.
2.پۆسهتهره شیعری کوردی و هایکۆی ژاپۆنی،بوشرا که‌سنه‌زانی، ، ناوی چاپخانه و ساڵ و شوێنی چاپی له‌سه‌ر نییه، ل75.
3.توێژینه‌وه‌ی تیۆری ئه‌ده‌بی، راجێر وێبستێر، و:عه‌بدولخالق یه‌عقووبی، ده‌زگای موکریان، هه‌ولێر، 2006، ل52.
4. زمان، بوون، شیعر، عه‌بدولموته‌لیب عه‌بدوڵڵا، ده‌زگای موکریان، هه‌ولێر، 2010، ل85.