Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
وێنە …. پۆڵا سەعید

وێنە …. پۆڵا سەعید

Closed
by October 25, 2012 گشتی

 

وێنه‌ی یه‌که‌م:

به‌ده‌ر له ئه‌زموون، که سه‌رچاوه‌یه‌کی گه‌وره و گرنگی زانینه، وێنه‌ش یه‌کێکه له‌و سه‌رچاوانه‌ی، که ده‌بێته چاوگه‌یه‌کی گرنگی تری زانین. له ڕێگای وێنه‌وه، ئێمه ده‌گه‌ین به واتا و له ڕێگای واتاشه‌وه تێگه‌یشتنمان ده‌بێت بۆ دره‌وشاوه و بوونه‌‌کانی ناو جیهان. وێنه ئه‌و ئاسترۆمێنته‌یه‌، که یارمه‌تییمان ده‌دات له چه‌مکێک بگه‌ین، چونکه به‌بێ ئه‌م وێنه‌یه، هیچ بیرکردنه‌وه‌یه‌ک نامانگه‌یه‌نێته هیچ ئه‌نجامێک. ئێمه ده‌توانین ڕۆژێکی ته‌واو بیر له چه‌مکێک بکه‌ینه‌وه، لێ به‌بێ وێنه‌یه‌ک، ئێمه له بیرکردنه‌وه‌ماندا وه‌ک ئه‌وه وه‌هایه بکه‌وینه چاڵێکه‌وه، که بنی نه‌بێت، واتا ده‌که‌وینه ناو به‌تاڵییه‌که‌وه، که زه‌ویی نییه. بۆ هه‌موو ناسینه‌وه‌یه‌ک به پشتبه‌ستن به وه‌رشه‌که‌ی “کانت، Kant” پێویستمان به زین، ئێستێتیک ← بیرکردنه‌وه، لۆگیکه، که له ڕێگای لۆگیکه‌وه ده‌‌گه‌ین به دیالێکتیک بۆ گه‌یشتن به هۆشیاریی “ئه‌قڵ”، وه‌ له ڕێگای ئه‌نالیتیکه‌وه ده‌گه‌ین به “تێگه‌یشتن”. هه‌ندێک پێوابوون هه‌یه، که ده‌توانێت به‌ لاڕێماندا به‌رێت، چونکه ئه‌م پێوابوونانه پێویستییه‌کی ده‌رچوو نین، به‌ڵکوو فاکتۆرگه‌لێکی دی تریش ده‌توانێت هه‌مان ئه‌نجاممان بداتێ، که له پێوابوونی یه‌که‌مدا به‌ده‌ستمان ده‌که‌وێت. بۆ نموونه کاتێک ده‌ڵێین: 4 + 4 = 8 ئه‌وا ژماره هه‌شت قووتبوونه‌وه‌یه‌کی ئه‌پریۆریی و پێویسته، لێبه‌ڵێ چوار و چوار نه‌خێر. ئێمه‌ ده‌توانین ئه‌نجامێکی وه‌هامان له کۆکردنه‌وه‌ی شه‌ش و دووشدا ده‌ستبکه‌وێت، یان یه‌ک و حه‌وت، یان پێنج و سێ … هتد. هیچ کام له هه‌ردوو ژماره کۆکراوه‌کان ناتوانرێت وه‌ک پێویستییه‌کی ده‌رچوو ته‌ماشا بکرێت. هه‌رکات له سه‌لماندنێکی ئه‌پریۆریی نزیکبینه‌وه واته له سه‌لماندنی مێتافیزیک وه‌ک زانست نزیکده‌بینه‌وه. پرسیار له‌سه‌ر هه‌بوونی ته‌واوی بوونه‌کانی ناو ئه‌م جیهانه، که هه‌ر تاکێک وه‌ک ئیندیڤیدووم مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌کات، له شوێنێکی تردا “نه‌زانراو” وه‌ڵامدانه‌وه‌ی به به‌ڵێ هه‌یه “به سه‌لماندنه‌وه‌” واتای سه‌لماندنی مێتافیزیکه وه‌ک زانست.

له جیهانی ئه‌ده‌ب و هونه‌ردا “میمێسیس، Mimesis” ڕۆڵیکی گه‌وره له توانای به‌رهه‌مهێنانی ئه‌ده‌بیی و هونه‌رییدا ده‌بینێت. ئه‌ده‌ب و هونه‌ری ئیدیاڵ، ئه‌ده‌ب و هونه‌رێک نییه، که به پێوه‌ری میمێسیس نرخی بده‌ینێ، به‌ڵکوو به توانای قووتکردنه‌وه‌ی له میمێسیسێکی ئازادییدا. ته‌نها و ته‌نها ئالێره‌دا چ گێنیی „Genie“ و چ ئێستێتیک له‌دایکده‌بن، چونکه ئه‌ده‌ب و هونه‌ر سروشت له خۆیاندا دووباره ناکه‌نه‌وه، به‌ڵکوو پرینسیپه‌کانی به‌رهه‌مهێنانی دووباره ده‌که‌نه‌وه. له جیهانی ئه‌ده‌ب و هونه‌ردا چه‌مکی ئێستێتیک به‌ده‌ر له واتاکانی جوانیی، خاوه‌ن چێژ، خاوه‌نی واتای تریشه، که زۆرجار ئه‌ده‌بنووس و هونه‌رمه‌نده‌کان، که‌متر چ درکی پێده‌که‌ن و چ قسه‌شی له‌سه‌ر ده‌که‌ن، بۆ نموونه: ئێستێک ده‌شێت وه‌ک خاوه‌ن “زین، سه‌رسووڕهێنه‌ر، ناشیریین، دڵنیا” بێت. به واتایه‌کی دی ئێستێتیک وه‌ک تیۆریی جوانیی، ئێستێتیک وه‌ک تیۆریی هونه‌ر، ئێستێتیک وه‌ک تیۆریی زینی ناسینه‌وه، به‌کاربهێنرێت. ئێستێتیک وه‌ک تیۆریی جوانیی له‌سه‌ر بنه‌مای هۆکار و ڕاستییه‌کانی دروستبووه، چونکه به‌رده‌وام بوونه‌وه‌ر، ئۆبیه‌کت، شتگه‌لی جوان بوونیان هه‌یه، هه‌موو ئه‌م جوانییانه‌ش له مرۆڤدا تێداژیانێکی ئێستێتیکیی به‌رهه‌مدێنێت. جوان بۆ نیچه  ته‌نها وشه‌یه‌که و هیچی تر، ته‌نانه‌ت ناشیکاته چه‌مکێک، چونکه مرۆڤ له ناوه‌ڕاستی جوانییدا دانیشتووه و وه‌ک بوونه‌وه‌رێکی کۆڕێکت و ته‌واو ته‌ماشای خۆی ده‌کات.

ئه‌گه‌ر له میدیای کوردییدا بۆ ئێستێتیک بگه‌ڕێم، ئه‌وا له تیۆریی جوانیی به‌شێکی گه‌وره‌ی ئه‌و میدیایانه‌دا، که هه‌ڵگری پاشناوی “ئازاد”ن، خاوه‌نی که‌میین له  ڕاستییدا.  سه‌رسووڕهێنه‌رن، له به‌رهه‌مهێنانی تێکستی ناشیریین، قووتکردنه‌وه‌ی پرسیاری ناشیریین له دیمانه‌کاندا، نه‌بوونی “زین، Sinn” له ده‌قدا، یاخوود بوونی زینێکی ڕه‌ش بۆ “هومۆر، Humor”. ئه‌وانه له کرده‌کانیاندا ئازادن، واته ئه‌وانه له بری بڵاوکردنه‌وه‌ی، هه‌واڵێکی ناڕاست، خاوه‌نی هه‌لومه‌رجی ترن، بۆ نموونه هه‌واڵه‌ ناڕاسته‌که بڵاونه‌که‌نه‌وه. له سه‌رێکی تره‌وه ده‌شێت مه‌رجێک له بڵاوکردنه‌وه‌ی هه‌واڵگه‌لێکی ئاوهادا هه‌بێت، که پرسیار له‌سه‌ر ئازادییان قووتده‌کاته‌وه، ئه‌ویش به‌وه‌ی، که ‌ئازادیی ویسته‌کانیان خاوه‌ن مه‌رجه، به‌م مه‌رجه‌ش چ ئازادیی و چ که‌سبوونی خۆیان له‌کیسده‌ده‌ن. هه‌موو مامه‌ڵه‌‌یه‌کی چ ئیندیڤیدووم  چ ڕۆژنامه‌وانیی له هه‌بوونی مۆتیڤێکه‌وه ڕووده‌دات، ئه‌مه‌ش به واتای “ئێمه شتێک ده‌که‌ین، چونکه ده‌مانه‌وێت ئه‌وه بکه‌ین”، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌شه، که مامه‌ڵه‌کانمان پڕه “کۆمپلێت”. مرۆڤ خاوه‌نی بڕیاری ئازاده، لێبه‌ڵێ له هه‌بوونی مه‌رجدا، مرۆڤ ئه‌م ئازادییه له‌کیس ده‌دات. بۆ نموونه: من بۆ‌م نییه له ترافیکی سووردا له شه‌قامێک بپه‌ڕێمه‌وه، لێ کاتێک ده‌یکه‌م، ده‌بمه خاوه‌نی بڕیارێکی ئازاد، به‌م ئازادییه‌ش من سنوره‌کانی مه‌رجێک بۆ ئه‌م ئازادییه ده‌به‌زێنم، که ئه‌ویش ڕاوه‌ستانمه له ترافیکی سووردا. لێکه‌وتنه‌وه‌ی هه‌ر ده‌رئه‌نجامێک له په‌ڕینه‌وه‌ی مندا بریتییه له نرخی ئه‌م بڕیاره ئازاده. ئه‌مجۆره میدیایانه‌ی ئێمه خاوه‌نی ترافیکێکن، که ئازادیی بڕیاردانیان مه‌رجدار کراوه. ئه‌وه‌ی میدیای ناوبراو به‌م ترافیکه ده‌یباته‌وه بریتییه له تێگه‌یشتنی مامه‌ڵه، لێبه‌ڵێ ئه‌وه‌ی ده‌یدۆڕێنێت بریتییه له بڕیاری ئازاد، ئه‌وه‌شی، که میدیای ناوبراو له ڕێگای ئه‌م دۆڕاندنه‌وه درکی پێناکات دۆڕاندنی بیری به‌رپرسیارێتییه. هه‌ربۆیه، ئه‌م میدیایانه باکیان به پرینسیپه‌کانی به‌رپرسیارێتیی نییه، چونکه ئه‌مانه له نه‌وه‌یه‌ک ده‌چن، که له منداڵییه‌وه ئه‌وه‌ی فێرنه‌کرابێتن بریتییه له ژیان له بازنه‌یه‌کی ئێتیکیی، مۆڕاڵیی و پرینسیپه‌کانی به‌رپرسیارێتییدا. ئه‌مانه له نه‌بوونی وێنه‌یه‌کدا بۆ چه‌مکی مۆڕاڵ هه‌تا بێت له بۆشاییدا ده‌که‌ونه خواره‌وه.  جیاوازیی نێوان مرۆڤێک، که به‌بێ قه‌ست به‌هۆی داچڵه‌کینێکه‌وه ده‌ستی بڵند ده‌کاته‌وه و به‌ر لوتی که‌سێکی تر ده‌که‌وێت و لوتی ده‌پژێت، له گه‌ڵ مرۆڤێکی تردا، که به چه‌قۆیه‌که‌وه ده‌ستی بڵندکردۆته‌وه و دایده‌نه‌وێنێته‌وه بۆسه‌ر دڵی مرۆڤێکی تر و ده‌یکووژێت، وا له ئازادیی مامه‌ڵه‌دا. یه‌که‌میان هه‌موو کاردانه‌وه‌یه‌کی ئاوتۆماتیکیی و لێبوونه‌وه‌ی ڕووداوێکی تر به‌هۆیه‌وه، خاوه‌نی ویست نییه و ناچێته خانه‌ی مامه‌ڵه‌وه. لێ هه‌موو به‌رزکردنه‌وه‌ی ده‌ستێک بۆ کردنێکی ئاگایانه خاوه‌نی ویسته‌ و ده‌چێته خا‌نه‌ی ئازادیی مامه‌ڵه‌وه. به واتایه‌کی دی ئه‌میان وه‌ک بێ قه‌ست پاسیڤه و ئه‌وی تریان ویستراوه و ئه‌کتیڤه.

 

02.08.2010

 

وێنه‌ی دووهه‌م:

تیۆریی که‌سایه‌تیی، ئه‌گه‌ر بێتو به ئه‌سپێکتێکی دینامیانه تێیبڕوانین، ئه‌وا که‌سایه‌تیی بریتییه له گه‌ڕان به‌دوای وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیاری “چ هێزێک، مۆتیڤ و حه‌زێک که‌سایه‌تیی مرۆڤ هه‌ڵده‌سوڕێنێت؟”. مرۆڤ له‌گه‌ڵ له‌دایکبوونیدا چه‌ند توانایه‌کی گنێتیی له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌هێنێته ژیانه‌وه، که یه‌کێک له‌وانه حه‌ز و توانای خود ته‌واوکردنه. مرۆڤ له‌گه‌ڵ گه‌یشتنی به هه‌ر قۆناغێکی نوێی ژیانیدا له‌ هه‌وڵی خۆنوێکردنه‌وه‌دا ده‌بێت. له‌کاتێکدا مرۆڤ کولتوور ده‌کاته سروشتی دووهه‌می خۆی، له ڕێگای چه‌ند تێڕوانینێکی ئایینییه‌وه، مرۆڤ له بنچینه‌وه گوناهکاره، مرۆڤ به هۆی هه‌بوونی ئه‌م هه‌ستی گوناهکردنه‌وه، ده‌ترسێت، ترس له سزادان، ترس له مه‌رگ. تاکه ڕێگا بۆ ڕزگاربوون له هه‌ستی ترس باوه‌ڕکردنه به “خودا”. ئه‌م تێڕوانینه له زۆرینه‌ی ئایینه‌کانی وه‌ک “یه‌هوود، کریست، ئیسلامدا” لێکچوون. له تێڕوانینه چ فه‌لسه‌فییه‌کانی وه‌ک تۆماس هۆبز “مرۆڤ له سروشته‌وه خراپه” و چ تێڕوانینه پسیشۆلۆگییه‌کانی وه‌ک زیگموند فرۆید “مرۆڤ له سروشته‌وه نائه‌قڵانییه، بوونه‌وه‌رێکی کۆمه‌ڵایه‌تیی نییه، خودتێکده‌ره”، ده‌گه‌ینه ئه‌و بیرکردنه‌وه‌یه‌ی، که مرۆڤ له رێگای خۆپه‌روه‌رده‌کردنه‌وه ده‌بێته بوونه‌وه‌رێکی باشه‌کار و باشه ده‌کات به مۆتیڤی ژیانی خۆی. تێڕوانینی تری چ فه‌لسه‌فیی وه‌ک ڕۆسۆ، که پێیوایه “مرۆڤ له سروشته‌وه باشه و کولتوور بۆگه‌نی ده‌‌کات” و چ پسیشۆلۆگیی وه‌ک ڕۆگه‌رس “که مرۆڤ هه‌ندێکجار وه‌ک خراپه‌کار ده‌رده‌که‌وێت، لێ مامه‌ڵه‌کانی نۆیرۆتیانه ده‌ستنیشانده‌کرێت. لێبه‌ڵێ له دۆخێکی گه‌یوودا مرۆڤ چ پۆزه‌تیڤ و چ بوونه‌وه‌رێکی کۆمه‌ڵایه‌تییه”. هه‌نووکه له کۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا ئه‌وه‌ی، که پێویسته زۆر جێگای گرنگییپێدان و نرخ بێت، بریتییه له پێدانی “شوێنی گه‌مه” به تاک. شوێنی گه‌مه‌ی کاتژمێرێک بریتییه له ئازادیی جوڵه‌ی به ده‌وری خۆیدا، هه‌ر ته‌گه‌ره‌یه‌ک بێته به‌رده‌می جوڵه‌ی، ده‌بێته هۆی لێکه‌وتنه‌وه‌ی هه‌ڵه. که‌واته ئازادیی شوێنی گه‌مه‌ی کاتژمێرێک چه‌قی ڕاستییه‌تی. بۆ گه‌یشتن به‌م ڕاستییه له تاکی ئێمه‌دا پێویسته شوێنی گه‌مه‌‌ی تاک وه‌ک شوێنی گه‌مه‌ی کاتژمێرێک ئازاد بێت، چونکه ته‌نها له ئازادییدا تاک ده‌توانێت ده‌ستنیشانی خۆی بکات و بیکات به بناغه‌یه‌ک بۆ دروستکردنی که‌سایه‌تیی خۆی. خود لێره‌دا بریتییه له وێنه‌یه‌کی گه‌شه‌کردووی خودی که‌سێک. سه‌ره‌تای ده‌ستپێکردنی گه‌شه‌ی که‌سایه‌تیی تاکێک ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌رده‌میی منداڵیی، که تێیدا بۆ یه‌که‌مینجار وێنه‌یه‌ک له‌سه‌ر جه‌سته‌ی خۆی وه‌رده‌گرێت و ده‌یکات به بناغه‌ی خود. بۆ نموونه کاتێک له‌به‌رده‌م ئاوێنه‌یه‌کدا ته‌ماشای خۆی ده‌کات و ده‌ڵێ: ئه‌وه منم. له سه‌رده‌می هه‌رزه‌کارییدا تاک به هۆی هه‌بوونی بیروبۆچوونی جیاوازه‌وه له‌گه‌ڵ دایک و باوکیدا ده‌که‌وێته ململانێوه و پێده‌نێته ناو که‌سایه‌تیی خۆیه‌وه، که له ڕێگای بیرکردنه‌وه‌یه‌وه بناغه‌ی داده‌نێت. تاک وه‌ک ئیندیڤیدووم له تێڕوانینه ده‌روونییه‌که‌یدا پێ ته‌نها له‌سه‌ر یه‌ک “خود” داناگرێت، به‌ڵکوو ئیندیڤیدووم خاوه‌نی چه‌ندیین “خود”ه و هه‌مووشیان له دیار و نادیاردا پێناس له “من” ده‌کات. یه‌کێک له‌و کێشانه‌ی، که له ستراکتوری “من”دا ده‌رده‌که‌وێت بریتییه له تێکه‌ڵکردنی “من” و “خود”، زۆرجار پسیشۆئه‌نالیزیانه کۆنتسێپتی “من” وه‌ک کۆنتسێپتی “خود” به‌کارده‌هێنرێت، لێبه‌ڵێ زیگموند فرۆید پێیوایه، که له‌گه‌ڵ ئه‌م “خود”ه‌دا ناتوانین هیچ شتێک ده‌ستپێبکه‌ین، تاکه ڕێگا بۆ ده‌ربازبوون له‌م ده‌ستپێنه‌کردنی هیچ شته‌دا، بریتییه له پابه‌ندکردنی “خود” به نارتسیسموسه‌وه  „Narzissmus“. (تێبینیی: له یۆنانی کۆندا، نارتسیسموس گه‌نجێکی جوان بوو به‌شێوه‌یه‌ک ئاشقی خۆی ببوو، که به‌هیچ شێوه‌یه‌ک توانای خۆشویستنی که‌سی تری نه‌مابوو.) به گه‌ڕانه‌وه بۆ نارتسیسموس و پابه‌ندکردنی به “خود”ه‌وه، ده‌توانین له خود بگه‌ین. له یۆنانی کۆنه‌وه هه‌تاوه‌کوو ئێستا نارتسیسموس په‌لی بۆ ناو زۆرینه‌ی کولتووره‌کانی جیهان هاویشتووه، لێبه‌ڵێ له تێڕوانینێکی سه‌رده‌میانه‌ی پسیشۆئه‌نالیزیانه‌دا، ڕاستییه‌کی پۆزه‌تیڤانه له‌سه‌ر هه‌بوونی نارتسیسموس به‌دیده‌که‌ین، که تێیدا نارتسیسموس له پله‌یه‌کی تایبه‌تدا چ ته‌ندروست و چ پۆزه‌تیڤه. ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت ستراکتوری که‌سایه‌تیی له تێڕوانینێکی ده‌روونییه‌وه بکێشین، ئه‌وا هه‌موو پێوابوون و هه‌سته‌کانی مرۆڤێک، که له‌سه‌ر خۆی هه‌یه‌تی به‌شێک ده‌بن له ستراکتوری که‌سایه‌تیی مرۆڤی ناوبراو. هه‌ندێکجار درک به‌وه‌ ده‌کرێت، که خودخۆشویستنی که‌سی ناوبراو له ئاگاییدایه و له خزمه‌تی که‌سایه‌تیی خۆی و خودی خۆیدایه، که‌چیی ده‌وروبه‌ر هه‌میشه به نێگه‌تیڤ ڕه‌خنه له‌ هه‌بوونی نارتسیسموسی ئه‌م که‌سه ده‌گرن، له‌کاتێکدا  ئێمه پێویسته ئێره‌یی به لوکسوسی نارتسیسموس نه‌به‌ین، ئه‌وه‌ی پێویسته له‌سه‌رمان بۆ کردن بریتییه له‌وه‌ی، که خۆمان له‌‌گه‌ڵ خۆماندا خه‌ریکبکه‌ین. له جیهان و ئه‌ده‌بیاتی کوردییدا زۆرجار ده‌بینین، که مرۆڤێک له نووسیینیدا یان له گووته‌یدا ده‌ڵێت: “ئه‌وه منم” یان “من و” یان “ئه‌وه له‌سه‌رو منه‌وه‌یه”. ئه‌گه‌ر ته‌ماشابکه‌ین، ئه‌وا له نائاگاییدا ئێمه ڕۆژانه بناغه‌ی ستراکتوری که‌سایه‌تیی خۆمان له‌سه‌ر سێ کۆڵه‌که لێداوه، که بریتییه له “ئه‌وه، من و، له‌سه‌رو منه‌وه‌”. (ئه‌وه‌) ڕه‌گی سیستێمی که‌سایه‌تییه و میراتگری هه‌موو شتێکه، که له له‌دایکبوونه‌وه هاتۆته‌ به‌رده‌ستی. ئه‌وه‌ی لێره‌دا ده‌بێته مایه‌ی لێکه‌وتنه‌وه‌ی گرێ بریتییه له نائاگایی، چونکه نائاگایی به‌هیچ شێوه‌یه‌ک له‌گه‌ڵ (ئه‌وه‌)دا خاوه‌نی ئیدێنتیتێت نین، “من” و له‌سه‌ر‌و منه‌وه” هه‌مانشێوه خاوه‌نی به‌شێک له نائاگایین، که ناکرێت به نائاگایی (ئه‌وه) پێناسیان بکه‌ین. (ئه‌وه) خاوه‌نی ڕێفلێکسه وه‌ک هه‌ناسه‌دان و پژمین … هتد. خاوه‌نی پرۆسه‌یه‌کی دڵنیایی و بناغه‌ییه، که له ڕێگایه‌وه خه‌ون و هالوتسیناتسیۆن “ناڕاست، هێنانه‌پێشچاو، شتێک که بوونی نییه” به‌رهه‌م دێنێت. گه‌ڕان به‌دوای “من” و “ئه‌وه‌”دا وا له‌ناو مێتاپسیشۆلۆگییدا، که مێژووی دۆزینه‌وه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ زیگموند فرۆید. مێتاپسیشۆلۆگیی ده‌یه‌وێت ڕوونکردنه‌وه له‌سه‌ر ڕووداوه‌ ده‌روونیی و ئه‌کته‌کانی بکات، ئه‌وانه‌ی، که له شوێنی نه‌بووی ئاگاییدان، به واتایه‌کی دی ئه‌و نائاگاییانه‌ی، که خاڵی چوونه‌ده‌ره‌وه‌ی پسیشۆئه‌نالیزه چ بوون و چ ئێستاش خاڵی چوونه‌ده‌ره‌وه‌ن. که‌واته له فیرتوێلی نێوان ئاگایی و نائاگاییدا جیهانی مێتاپسیشۆلۆگیی ده‌گه‌ڕێت بۆ “من” و بۆ “ئه‌وه”. ئیدی لێره‌وه مێتاپسیشۆلۆگیی پرسیار له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌کات، که له‌ناو چ سیستێمێکدا یان له‌ نێوانی چ سیستێمگه‌لێکدا ئه‌کتی ڕۆحێک یاریی ده‌کات؟ ئه‌کتێک، که تێیدا ستراکتوری که‌سایه‌تییه‌ک ده‌دۆزینه‌وه.

 

07.08.2010

 

وێنه‌ی سێهه‌م:

كێشه‌ی ترس و نێرڤوزیتێت یان شڵه‌ژان، یه‌کێکه له‌و بابه‌تانه‌ی، که گرنگییه‌کی ته‌واوی له ژیانی ڕۆژانه‌ی هه‌موو تاکێکی ئه‌م جیهانه‌دا هه‌یه. ئه‌وه‌ی له‌لای من گرنگه بریتییه له جیاکردنه‌وه‌ی هه‌ردوو چه‌مکی ترس و نێرڤوزیتێت یان شڵه‌ژاندن. فرۆید له‌م ڕووه‌وه ده‌ڵێ:  “مرۆڤی ترسنۆک هه‌ن، که هیچ ناشڵه‌ژێن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌ده‌ست شڵه‌ژانه‌وه له زۆر نیشانه‌ی تردا ده‌ناڵێنن، لێ له‌ناو ئه‌مانه‌شدا ترس نادۆزرێته‌وه […] له‌سه‌ر ترس مرۆڤ ده‌توانێت ماوه‌یه‌کی درێژ مامه‌ڵه بکات، به‌بێئه‌وه‌ی بیر له شڵه‌ژان بکاته‌وه.”. Sigmund Freud. Vorlesungen zur Einführung in die Psychoanalyse, S. 275. واته کاتێک سه‌رنجی مرۆڤێک له باروودۆخێکی تایبه‌تدا ده‌ده‌ین، که شیاوی ده‌رکه‌وتنی نیشانه‌کانی ترسه، مرۆڤی ناوبراو پێوه‌ی دیار نییه بترسێت. ئه‌مه‌ش واتای ئه‌وه نییه، که ئه‌و ناترسێت، به‌ڵکوو نیشانه‌کانی ترس تێیدا له شوێنێکی تردا شیاوی ده‌رکه‌وتنه. یان مرۆڤی ناوبراو ناشڵه‌ژێت، لێبه‌ڵێ نیشانه‌کانی شڵه‌ژان له شوێنێکی تردا ده‌دات به‌ده‌سته‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له‌م شڵه‌ژانه‌دا ناتوانین ترسی تێدا بدۆزینه‌وه. له هه‌ندێک باروودۆخی تایبه‌تدا، که فرۆید به ترسی ڕیاڵ ناوی ده‌بات “بۆ نموونه له جه‌نگدا” ده‌شێت تاکێک نیشانه‌کانی ترس له له‌رزیینی قاچه‌کانیدا یان به میزبه‌خۆداکردندا بدات به‌ده‌سته‌وه، که‌چیی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هیچ نیشانه‌یه‌کی شڵه‌ژانی پێوه دیار نییه. له تاکێکی تردا ده‌بینین شڵه‌ژانێکی زۆر ده‌دات به‌ده‌سته‌وه، لێ نه‌ قاچه‌کانی ده‌له‌رزێت نه میزیش ده‌کات به خۆیدا، هه‌مانکات ترس تێیدا نادۆزرێته‌وه، لێبه‌ڵێ نیشانه‌کانی ترس له شوێنێکی تریدا شیاوی درکپێکردنه. نه‌ناسیینی ئۆبیه‌کتێک، باروودۆخێک، ڕووداوێک هۆکاری زیاتر خستنه‌وه‌ی ترسه وه‌ک له ناسیینی. بۆ نموونه “هه‌وره بروسکه، ترس ده‌خاته‌وه لێ مرۆڤ له ڕێگای زانیینه‌وه هۆکاره‌که‌ی ده‌ناسێت، ئه‌مه‌ش وه‌ها ده‌کات، که ترسی نه‌مێنێت یان زاڵبێت به‌سه‌ر هه‌وره بروسکه‌دا و له ڕێگایه‌وه ترسی بڕه‌وێته‌وه.” زانیین ده‌سته‌ڵاته، ئه‌و ده‌سته‌ڵاته‌ی، که ئاژه‌ڵێکی کێویی له‌کاتی گیرانی ڕۆژدا نییه‌تی. فرۆید له هه‌مان سه‌رچاوه‌یدا له لاپه‌ڕه 376 دا تیشک ده‌خاته سه‌ر ئه‌م باروودۆخه‌ی ئاژه‌ڵ، که کێویله‌یه‌ک ترسی له گولله تۆپێک نییه، که‌چیی ترسێکی گه‌وره‌ی له خۆرگیرانه. مرۆڤی مۆدێرن ئه‌و ترسه‌ی نییه یان نه‌ماوه، چونکه هۆکاره‌کانی خۆرگیران ده‌زانێت و له ڕێگای زانیینه‌وه زاڵه به‌سه‌ر ترسه‌که‌یدا. له‌دوای ڕاپه‌ڕیینه‌وه هه‌تاوه‌کوو ئێستا تاکی کورد به گشتیی ده‌ڕوانێته ئازایه‌تیی و ترسنۆکیی سیاسییه‌کان، هه‌ندێکجار له هه‌ندێک هه‌لومه‌رجدا به‌بێ هه‌بوونی به‌ڵگه‌یه‌کی زانستیی سیاسییه‌ک به تۆمه‌تیی ترسنۆکیی له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌کانی وڵاتانی دراوسێدا ده‌درێته به‌ر تانه‌ی خه‌ڵکیی و هه‌جووی شه‌قام، هه‌ندێکجاریش سیاسییه‌ک به‌بێ سه‌لماندنێکی زانستیی له‌به‌رده‌م باروودۆخێکی تایبه‌ت و سه‌ختدا ده‌کرێته پاڵه‌وان. سیاسیی پاڵه‌وان خاوه‌نی ترسێکی گه‌وره‌یه، لێ هیچ نیشانه‌یه‌کی ترسی نه‌داوه به‌ده‌سته‌وه. سیاسیی ناوبراو خاوه‌نی ترسه، لێ هیچ نیشانه‌یه‌کی شڵه‌ژانی نه‌داوه به‌ده‌سته‌وه. ئه‌م سیاسییه به پشکنینی مامه‌ڵه‌کانی نیشانه‌کانی ترسنۆکیی و شڵه‌ژانی خۆی ئاشکرا ده‌کات. هه‌روه‌کوو چلۆن کاتێک سه‌رنجی مرۆڤێک ده‌ده‌‌ین، که له پڕێکدا هه‌نگاوه‌کانی له پیاسه‌یه‌کدا ڕاده‌گرێت و چه‌ند وشه‌یه‌ک له‌به‌رخۆیه‌وه ده‌رده‌په‌ڕێنێت و ده‌گه‌ڕێته‌وه. ئێمه پێمانوایه، که “شێت بووه”، لێ پیاسه‌که‌ر له‌و چرکه‌ساته‌دا به‌بیری دێته‌وه، که چیی ده‌کات لێره؟ یان خۆیشی نازانێت بۆ کوێ ده‌چێت! ئالێره‌دا پیاسه‌کردنه‌‌که‌ی ئه‌و یان ڕۆیشتنه‌که‌ی ئه‌و وه‌ک مامه‌ڵه‌یه‌ک هیچ زینێکی نییه. واته ویستێکی هێته‌رنۆمیی ئه‌می هه‌ڵسوڕاندووه، که ویستی ئه‌م نییه، له‌م ڕێگایه‌وه ئه‌و ئازادیی مامه‌ڵه‌ی له جوڵه‌ی ڕۆیشتنێکیدا له‌کیسده‌دات، لێ به ڕاوه‌ستانی جوڵه‌ی ده‌کاته‌وه به مامه‌ڵه‌یه‌کی ئازاد، ئه‌ویش به گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ شوێنێکی تر “بۆ نموونه بۆ ماڵه‌وه”. هه‌ندێک تاکی ئێمه، هه‌ندێک ڕۆژنامه‌ی ئێمه هه‌میشه ژیان له‌گه‌ڵ ئامۆژگارییکردنی سیاسییه‌کاندا ده‌به‌نه‌سه‌ر، که زۆرجار تووڕه‌یی سیاسییه‌کانی لێده‌بێته‌وه. من لێره‌دا هه‌ق به سیاسییه‌که ده‌ده‌م نه‌ک به ئامۆژگارییکه‌ره‌که. پرسیار ده‌کرێت بۆچیی؟ وه‌ڵام: چونکه تێڕوانینی سیاسیی بۆ سیاسییه‌ک واتای ئه‌وه‌ نییه، که ئامۆژگاریی بکه‌یت، به‌ڵکوو ئه‌وه‌یه، که تێیبگه‌یت، تێگه‌یشتنێک زیاتر له‌وه‌ی، که خۆی له خۆی ده‌گات. سیاسییه‌ک ده‌توانێت خاوه‌نی تێڕوانینێکی هۆشیارانه بێت به‌رانبه‌ر به ڕووداوێک یان کێشه‌یه‌کی تایبه‌ت، که‌چیی هه‌مانکاتیش ته‌واو به پێچه‌وانه‌وه کاردانه‌وه‌ی هه‌بێت. ئه‌م بۆچوونه ده‌توانێت له که‌سێکی شیکارکه‌ر یان ڕاوێژکارێکی سیاسییشدا هه‌بێت، هه‌ربۆیه ناکرێت ئێمه سیاسییه‌ک تاوانبار بکه‌ین یان پێناسی که‌ڕاکته‌ری ئه‌نالیزه بکه‌ین، به‌ڵکوو پێویسته تێیبگه‌ین.

سه‌رنجی من لێره‌دا بریتییه له ڕامانێک ده‌رهه‌ق به‌و ئامۆژگارییانه‌ی، که ئاڕاسته‌ی که‌سێکی نیشانکراو ده‌کرێت. ده‌شێت ئه‌و که‌سه مرۆڤێکی باڵاده‌ستی حکومڕانبێت، سه‌رۆک بێت، سیاسییه‌ک بێت. ئه‌م سێ نموونه‌یه له هه‌لومه‌رجێکدا خاوه‌نی کێشه‌ن، که‌سێکی خاوه‌ن کێشه پێویستی به زانین و تێگه‌یشتنه بۆ ده‌ربازبوون له کێشه‌که‌ی. لێبه‌ڵێ خاڵی حه‌په‌سان لێره‌دا ئه‌وه‌یه، که خه‌ڵکانێک کێشه‌ی ناوبراو به نه‌خۆشیی ده‌زانن، له‌کاتێکدا نه‌خۆشیی نییه، لێ ویستێک کێشه‌ی ناوبراو ده‌کات به ئاسترومێنتێک بۆ گه‌یشتن به ئامانجێک. کێشه‌ی هه‌ره گه‌وره‌ی ئێمه‌ی کورد له باشووردا بریتییه له پڕاکتیزه‌کردنی ئاژاوه بۆ سیاسه‌تکردن. له وڵاتانی به‌خته‌وه‌ردا سیاسه‌تی ته‌ندروست پراکتیزه‌ی زیادکردنی ژیان له ژیانی ڕۆژانه‌ی دانیشتوانی نیشتیمانه‌که‌یدا ده‌کات و فه‌رمانڕه‌وایی ده‌باته‌وه، که‌چیی له نیشتیمانه به‌دبه‌خته‌که‌ی ئێمه‌دا له‌سه‌ر ده‌ستی خه‌ڵکانێک، له‌سه‌ر ده‌ستی سیاسه‌تێکی ناته‌ندروست پراکتیزه‌ی پشێویی و ئاژاوه ده‌کرێت بۆ دروستکردنی دڵه‌ڕاوکێ و که‌مکردنه‌وه‌ی ژیان له ژیانی ڕۆژانه‌ی خه‌ڵکییدا. ئامانج تێیدا گه‌یشتنه به‌ لوتکه‌ی ده‌سته‌ڵات، گه‌یشتنه به فه‌رمانڕه‌وایه‌تیی. ئه‌وه‌ی لێره‌دا بێجگه له ئاسترومێنتێک هیچی تر نییه “گه‌نجه، شه‌قامه”. ئه‌وان پێیانوایه، که هه‌ردوو قاچی ئه‌م ده‌سته‌ڵاته‌ی کورد تووشی سه‌ڕه‌تان بووه و پێویستی به بڕیینه‌وه‌یه، بۆ ڕزگارکردنی ژیانی ده‌سته‌ڵاتی کورد. ئه‌وان پێیانوایه، که پزیشکێکن و پێویسته له‌سه‌ریان هه‌ردوو قاچی نه‌خۆشه‌که ببڕنه‌وه، لێ پێویستیان به مشارێکه، ئه‌و مشاره بۆ ئه‌م پزیشکانه شه‌قامه، که ته‌نها و ته‌نها ئه‌رکی بڕیینه‌وه‌ی ئه‌م دوو قاچه‌یه و پاشان ڕۆڵی نامێنێت. له دیدگای ئه‌م پزیشکانه‌وه ئامانج له بڕینه‌وه‌ی قاچه‌کاندا ڕزگارکردنی کورده، ئه‌وان پێیانوایه، که ویستێکی سه‌پێنراو به‌سه‌ریاندا ده‌یانگه‌یه‌نێت به باشه‌یه‌ک، ئه‌ویش ڕزگارکردنی ژیانێکه، ژیانی “حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان”.

 

وێنه‌ی چواره‌م:

کێشه‌ی ترس کێشه‌یه‌که، که ڕۆژانه له‌گه‌ڵیدا ده‌ژیین. کێشه‌ی ترس له‌وه‌دایه، که مرۆڤ ده‌توانێت بترسێت، لێ بێئه‌وه‌ی بزانێت  له‌چیی؟! ئه‌گه‌ر له هه‌لومه‌رجێکی تایبه‌تدا له مرۆڤێک بپرسین ئه‌و شته چییه، که ناخۆشییت ده‌داتێ، ده‌شێت له وه‌ڵامدا بڵێت: نازانم هیچ پێناسێکم بۆی نییه. مرۆڤی ناوبراو وه‌ڵامێکی هه‌ڵه‌مان ناداتێ، به‌ڵکوو ئه‌و شته‌ی، که ئه‌و نابه‌خته‌وه‌ر ده‌کات ده‌کرێت  به ترس ناوی به‌رین. پێناسی ترس لێره‌دا بریتیی ده‌بێت له هه‌ستێکی بنچینه‌یی مرۆڤ، هه‌ستێک، که له هه‌ندێک باروودۆخدا هه‌ڕه‌شه‌مان ده‌داتێ و خۆشییمان که‌مده‌کاته‌وه. پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه، که ترس چ کاریگه‌رێتییه‌کمان له‌سه‌ر داده‌نێت؟ یان له ڕێگای ترسه‌وه ده‌توانین بگه‌ین به چیی؟ ترس هه‌ستێکی یاریده‌ده‌ری مرۆڤه، هۆکارێکه، که له ڕێگایه‌وه ده‌توانێت خۆی له داچڵه‌کیین بپارێزێت یان خۆی ئاماده بکات بۆ هه‌ڕه‌شه‌یه‌ک، که مه‌ترسیی له‌سه‌ر داده‌نێت، ئینجا مه‌ترسیی ناوبراو سوبیه‌کتیڤ بێت یان ئۆبیه‌کتیڤ هیچ له باسه‌که ناگۆڕێت. بۆ نموونه په‌ڕینه‌وه به‌سه‌ر پردێکی شکاودا، ئه‌و ترسه‌مان تێدا دروستده‌کات، که بکه‌وینه خواره‌وه، لێ ئه‌م ترسه وریامان ده‌کاته‌وه، که له‌کاتی په‌ڕینه‌وه‌دا ئاگامان له خۆمان بێت. له‌کاتی تاقیکردنه‌وه‌دا ده‌ترسێین، لێ ئه‌م ترسه وریامان ده‌کاته‌وه، هه‌تا سه‌رکه‌وتووبین. له هه‌ردوو باروودۆخه‌که‌دا ده‌شێت ترس کاردانه‌وه‌ی نێگه‌تیڤی له‌سه‌رمان هه‌بێت، به‌وه‌ی ترسه‌که‌مان زیاد له پێویست بێت و له پرده‌که‌وه بکه‌وینه خواره‌وه یان له‌ کاتی تاقیکردنه‌وه‌دا نه‌توانین سه‌رکه‌وتووبین، له‌کاتێکدا زانستمان ئه‌وه‌نده پێیه، که بتوانین وه‌ڵامی پرسیاره‌کانیش بده‌ینه‌وه. له به‌رانبه‌ر چه‌مکی ترسدا خاوه‌نی چه‌مکی سڵه‌مینه‌وه‌ین خاوه‌نی تۆقینین، مرۆڤ له هه‌بوونی مه‌ترسییه‌کی کۆنکرێتیی ده‌سڵه‌مێته‌وه یان ده‌تۆقێت، ئه‌مه‌ش جیاکردنه‌وه‌ی چه‌مکی سڵه‌مینه‌وه‌یه له ترس، که ترس مه‌ترسییه‌کی کۆنکرێتییمان ناداتێ. ده‌شێت مرۆڤ له‌کاتی هه‌بوونی ترسدا توانای خۆ ڕزگارکردنی له داچڵه‌کیین و یان له سڵه‌مینه‌وه‌یه‌ک هه‌بێت، لێبه‌ڵێ له‌کاتی ڕوودانی سڵه‌مینه‌وه‌دا مه‌رج نییه مرۆڤ هه‌موو کات توانای خۆڕزگارکردنی هه‌بێت. مرۆڤ به ڕێگایه‌کی مینڕێژکراودا تێده‌په‌ڕێت و ده‌ترسێت، له پێشیه‌وه مینێک به قاچی مرۆڤێکی تردا ده‌ته‌قێته‌وه، ئیدی لێره‌وه هه‌سته‌کانی له ترسه‌وه ده‌گات به سڵه‌مینه‌وه، که ده‌شێت توانای بڕیینی ئه‌م ڕێگایه‌ی پێمابێت، یان ئه‌وه‌تا سڵه‌مینه‌وه‌که‌ی پێی له‌سه‌ر مینێک پێداده‌نێت و پێیدا ده‌ته‌قێته‌وه. له جیهانی نووسیینی ئێمه‌دا زۆر جار ڕووده‌دات، که چه‌مکی ترس و سڵه‌مینه‌وه یان تۆقین تێکه‌ڵ به‌یه‌کتریی ده‌کرێن، یان ئه‌وه‌تا له دوو نموونه یان دوو ڕسته‌ی جیاوازدا یه‌ک واتایان پێده‌درێت. هه‌ندێک نووسه‌رمان هه‌یه، ده‌ڵێن: له ژیانماندا له هیچ شتێک نه‌ترساوین یان ئێمه له فڵان و فیسار پارت یان فڵان و فیسار سه‌رۆک و سیاسیی نه‌ترساوین ئێستا له تۆ یان له ئێوه‌ش ناترسین. ئه‌وانه‌ی خاوه‌نی ئه‌مجۆره ده‌ربڕیینانه‌ن یان ئه‌وه‌تا هیچ له واتای ترس تێنه‌گه‌یشتوون یان ئه‌وه‌تا درۆ له‌گه‌ڵ خودی خۆیاندا ده‌که‌ن. چونکه ترس به پله‌ی یه‌که‌م وریاکه‌ره‌وه‌یه، مرۆڤ به‌شێکی گه‌وره‌ی ژیانی له‌گه‌ڵ ترسدا ده‌باته‌سه‌ر، هه‌ر بۆ نموونه ترسم هه‌یه ئه‌م وتاره ته‌واو نه‌که‌م و شتێکی تر بێته نێوانه‌وه و کاتم بگرێت، ئه‌مه‌ش وه‌ها ده‌کات، که خۆم ئاماده بکه‌م بۆئه‌وه‌ی، که هه‌رچ شتێک هاته‌ ئاراوه و هه‌ڵیستاندم له‌سه‌ر نووسیینی ئه‌م وتاره تووشی تووڕه‌ییم نه‌کات و خاوه‌نی هومۆر بم بۆ ڕاگرتنی ئه‌م نووسیینه. ترس هه‌میشه خاوه‌نی ئامانجه، ئه‌و منداڵه‌ی به‌یانییان خۆی ده‌کات به نه‌خۆش هه‌تا نه‌چێت بۆ قووتابخانه ترسی هه‌یه، ترسێکی شاراوه، که دایک و باوکی درکی پێناکه‌ن، ترسی هه‌یه منداڵانی کڵاسه‌که‌ی لێیبده‌ن، یان گاڵته‌ی پێبکه‌ن، یان جله‌کانی له‌لا جوان نییه و ده‌ترسێت گاڵته‌ی پێبکه‌ن، یان ڕاهێنانێکی شیکار نه‌کردووه و ترسی هه‌یه له‌به‌رده‌م مامۆستا و خوێندکاره‌کانی تردا ته‌ریق بێته‌وه … هتد. ئامانج له‌م ترسه‌دا ڕزگارکردنی خوده له کۆمه‌ڵێک گرفت. لێبه‌ڵێ، کاتێک نووسه‌رێک ده‌نووسێت له ژیانمدا له هیچ شتێک نه‌ترساوم، له واتای ترس نه‌گه‌یشتووه. فرۆید ده‌نووسێت: “ئاژه‌ڵێکی داچڵه‌کیوو ده‌ترسێت و هه‌ڵدێت، لێ ئامانج تێیدا بریتییه هه‌ڵهاتن، نه‌ک به‌وه‌ی، که ده‌ترسێت. Sigmund Freud. Vorlesungen zur Einführung in die Psychoanalyse, S. 277. 

مرۆڤ له ڕێگای ترسه‌وه، که نه‌توانێت تێیبگات ده‌بێته مرۆڤێکی ترسنۆک، هه‌ندێکجار ترسنۆکیی ده‌بێت به به‌شێک له ستراکتووری که‌سایه‌تیی مرۆڤێک. با لێره‌دا سه‌رنج له مرۆڤێکی ڕه‌وه‌ندی ترسنۆکی ئه‌م وڵاته بده‌م، گرنگ نییه ئه‌م مرۆڤه کوێنده‌رییه، گرنگ ئه‌وه‌یه، که نیشانه‌کانی ترسنۆکیی تێدا بدۆزمه‌وه. مرۆڤی ناوبراو له نیشتیمانێکی نامۆ به‌ودا زۆرینه‌ی کاته‌کانی ژیانی به‌وه‌وه ده‌باته‌سه‌ر، که بیر له هه‌سته‌کانی بکاته‌وه. بۆ نموونه له سووپه‌رمارکێتێکدا خاوه‌نی ئه‌و هه‌سته‌یه، که هه‌میشه خه‌ڵکانێک ته‌ماشای ئه‌و ده‌که‌ن هه‌تا بزانن چ ئۆبیه‌کتێک ده‌دزێت. یان به شوێنێکدا تێده‌په‌ڕێت پێیوایه، که ئه‌و خه‌ڵکانه‌ی ئه‌و شوێنه هه‌موو ته‌ماشای ئه‌و ده‌که‌ن و به خراپ قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌و ده‌که‌ن. ده‌شێت ترس وه‌ک کاردانه‌وه‌ی هه‌ستێکی ئیمۆتسیۆناڵانانه ده‌ربکه‌وێت و ژیانی مرۆڤێک ناخۆش بکات. بۆ نموونه یه‌کێک له پاتێنته‌کانی “Carl Gustav Jung” کارل گوستاف یونگ، که کچێکی ئاریستۆکرات بوو، خاوه‌نی خه‌ونێکی به‌رده‌وام دووباره‌بۆوه بوو، که له ترسی نه‌بینینی ئه‌م خه‌وه زۆر شه‌و نه‌ده‌خه‌وت. “ئه‌م کچه‌ له خه‌ونیدا ماسییه‌ژنی پۆخڵی ده‌بینی، ژنانی له‌شفرۆشی سه‌رخۆشی ده‌بینی”، ئه‌م خه‌وه ئه‌م کچه ئاریستۆکراته تووشی هێستریا ده‌کات.”C.G. Jung: Welt der Psyche, S. 26” لێره‌دا تێگه‌یشتنمان بۆ ئه‌وه ده‌بێت، که ترس هیچ کات تاکه یه‌ک فێنۆمێن نییه، به‌ڵکوو به‌پێچه‌وانه‌‌وه خاوه‌نی چه‌ندیین کوالیتێتی جیاوازه. هه‌نووکه ئێستا و ئالێره‌دا من ترسم نییه، لێ ده‌مه‌وێت ڕۆژێک له ڕۆژان بترسم، ترس له ترسه‌که‌ی مارتین هایدیگه‌ر. کاتێک هایدیگه‌ر باس له مه‌رگ وه‌ک دواهه‌میین هه‌لومه‌رج ده‌کات، ئه‌وا پابه‌ند به ترس مه‌رگ تێیدا ئامانجی ترسه‌که‌یه، هه‌ربۆیه ده‌ڵێ: ده‌مه‌وێت بترسم. ترس له ترسیش ئه‌وه‌یه، که ترس خاوه‌نی ئامانجه، که ئه‌ویش له‌دواجاردا مه‌رگه. دواهه‌میین هه‌لومه‌رجی له‌وێدابوون هه‌وڵێکه بۆ گه‌یشتن به بوونی ڕاسته‌قینه وه‌ک ئامانج “مه‌رگ”.

17.08.2010

 

وێنه‌ی پێنجه‌م:

ئه‌گه‌ر هاتوو تاکێک له %90 کورد له باشووردا ده‌روونییه‌ن به نه‌خۆش بزانێت. ئه‌وا هه‌موو هاووڵاتییه‌کی کورد له باشووردا مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه، که سکاڵایه‌ک له‌سه‌ر تاکی ناوبراو بگه‌یه‌نێته دادگا، چونکه تاک له ڕێگای ئه‌م وته‌یه‌وه هه‌ستی له %100ی خه‌ڵکی کوردی له باشووردا برییندار کردووه. ئه‌م تاکه ئاماژه‌ی به‌و له %10 تری نه‌داوه، که ئاخۆ کێن ئه‌وانه‌ی ده‌روونییه‌ن ته‌ندروستن؟ ده‌شێت ئه‌و ڕێژه‌یه به‌شێکیان فیزیکییه‌ن هاندیکاب بن، هه‌موو کێشه‌یه‌کی فیزیکییش ده‌بێته هۆی لێکه‌وتنه‌وه‌ی شێواندن و کێشه‌ی نۆرم، لێبه‌ڵێ هه‌موو نه‌خۆشییه‌کی فیزیکیی نابێته هۆی لێکه‌وتنه‌وه‌ی نه‌خۆشیی ده‌روونیی. مرۆڤ پێویسته خاوه‌نی زانست بێت هه‌تاوه‌کوو بتوانێت جیاوازیی نێوان نه‌خۆشیی ده‌روونیی و شێواندن یان نه‌خۆشیی ده‌روونیی و کێشه‌ی نۆرم بکات. تاکێکی هاندیکاب ئینجا له له‌دایکبوونه‌وه بێت یان به‌هۆی کاره‌ساتێکه‌وه تووشی هاتبێت هیچ له باسه‌که ناگۆڕێت، ئه‌گه‌ر هاتوو به‌هۆی ئه‌و کێشه فیزیکییانه‌وه، که هه‌یه‌تی له‌کاتی خواردن خواردندا یان ئاو خواردنه‌وه‌دا ده‌نگێکی سه‌یر و بڵندی لێوه‌بێت، ناکرێت به شێت ته‌ماشای بکه‌ین یان به نه‌خۆشێکی ده‌روونیی بزانین، ئیدی په‌راوێزی کۆمه‌ڵی بکه‌ین. ئه‌گه‌ر به‌پێی ئه‌مجۆره تێڕوانینانه بێت، ئه‌وا ئه‌و خوێندکاره‌ی، که تاقیکردنه‌وه‌یه‌کی له‌پێشدایه و تووشی شێواندنێکی ده‌روونیی یان ترس بووه و به هۆی ترسه‌که‌یه‌وه تووشی کۆمه‌ڵێک گرفتی وه‌ک خه‌ولێزڕان، نادڵنیایی، په‌نا بردنه به‌ر ئه‌لکهۆل، زۆر خواردن، شپرزه‌یی و تووڕه‌بوون بووه، ئه‌وا نه‌خۆشیی ده‌روونیی هه‌یه. ده‌شێت ڕێژه‌ییانه ئاماژه به‌وه بکرێت، که هه‌ندێک تاکی ئه‌م نیشتیمانه تووشی شێواندنی نۆرم، مۆڕاڵ، سۆسیال بوون، ئه‌م شێواندنه ته‌نانه‌ت ناچێته ئاستی کێشه‌شه‌وه نه‌ک نه‌خۆشیی. ئه‌گه‌ر له %90 تاکی کورد نه‌خۆشیی ده‌روونیی هه‌بێت ئه‌وا ئه‌وه‌ی باشووری کوردستان پێویستی بێت کلینیکێکی گه‌وره و زه‌به‌لاحی ده‌روونییه و هیچی تر. پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه ئاخۆ ئه‌م تاکه توانای کردنی چیی هه‌یه بۆ له %90 خه‌ڵکی نه‌خۆشی ده‌روونیی، گریمان ئه‌م له %90 ه، هه‌موویان نه‌خۆشیی هیستێریی و شیزۆفرێنییان „Hysterie“, „Schizophrenie“  هه‌یه. هه‌موویان ته‌واو له تێکچوونی بیرکردنه‌وه و ئیمۆتسیۆناڵدان؟ به‌شێک له تاکی کورد له باشووردا به‌ هۆی کۆمه‌ڵێک گرفتی سیاسیی و سۆسیاله‌وه، که گرێکانیان له مێژووی ئه‌و سه‌ختیانه‌دایه، که تێیدا ژیاون، بوونه‌ته خه‌ڵکانێکی ئاسۆسیال، بێ مۆڕاڵ و ئێتیک و بێ نۆرم یاخوود ئه‌م ڕه‌هه‌ندانه‌یان تێدا شێواوه، لێ هه‌رگیز نه‌خۆش نین.  هه‌ندێکیان تووشی شێواندنی که‌سایه‌تیی بوون، تووشی شێواندنی بیرکردنه‌وه و وه‌بیرهاتنه‌وه بوون، لێ نه‌خۆش نین. مرۆڤ پێویستی به فاکته، پێویستی به به‌ڵگه‌ی زانستیی هه‌یه، که له ڕێگای پسیشۆئه‌نالیزه و دیاگنۆزه‌وه ده‌یسه‌لمێنێت، که مرۆڤێک بۆ نموونه گایستی شێواوه و تووشی هیستێریی یان شیزۆفرێنیی بووه. لێبه‌ڵێ کاتێک گوێمان لێده‌بێت تاکێک ده‌ڵێ: له %90 کورد نه‌خۆشیی ده‌روونییان هه‌یه و شه‌رم ده‌که‌ن بچنه لای پزیشک ئه‌وا هه‌موو تاکێک مافی خۆیه‌تی ئه‌م قسه‌یه به هه‌وڵێک بۆ که‌مکردنه‌وه‌ی به‌های خۆی وه‌ک تاکێکی ئیندیڤیدووێل، وه‌ک هه‌وڵێک بۆ تێکشکاندنی ستراکتوری که‌سایه‌تیی خۆی بزانێت و له ڕێگای یاساوه به‌رگریی له خۆی بکات. هه‌بوونی نه‌خۆشیی ده‌روونیی پێویستی به‌ شه‌رمکردن نییه، شووره‌ییه‌ک نییه بۆ تاک، شاردنه‌وه‌ی نه‌خۆشیی ده‌روونیی له‌لایه‌ن تاکه‌وه، ته‌نها له ترسی به چاوێکی که‌م ته‌ماشاکردنه له‌لایه‌ن کۆمه‌ڵه‌وه. تاک ئه‌وه‌نده‌ی له کاردانه‌وه‌ی کۆمه‌ڵ ده‌ترسێت به چاره‌کی ئه‌وه له نه‌خۆشییه‌که‌ی ناترسێت. هه‌ربۆیه نه‌بوونی که‌ڕاکته‌ر له تاکێکدا ده‌بێته هۆی لێکه‌وتنه‌وه‌ی وته‌یه‌کی وه‌ها، که دڵی خه‌ڵکانێک بشکێنێت، که پێده‌چێت ویستیان بێت یارمه‌تیی وه‌ربگرن، لێ کاتێک گوێیان له وته‌یه‌کی وه‌ها ده‌بێت، په‌شیمان ده‌بنه‌وه. مێدیسن له وڵاتانی مرۆڤدۆستدا له خزمه‌تی مرۆڤدایه، لێبه‌ڵێ به‌داخه‌وه به‌شێکی گه‌لێک زۆری ئه‌و تاکانه‌ی نیشتیمانی ئێمه، که مێدیسین ده‌خوێنن بۆ ئه‌وه نایخوێنن، که بچنه خزمه‌تی مرۆڤه‌وه، به‌ڵکوو به‌پێچه‌وانه‌وه بۆ ئه‌وه ده‌یخوێنن، که سووکایه‌تیی به مرۆڤ بکه‌ن و به لوتبه‌رزیی و به فیزه‌وه له دووره‌وه بێئه‌وه‌ی بێزیان بێت له نه‌خۆشه‌که نزیکببنه‌وه پێیده‌ڵێن: “ساوه‌رت خواردووه؟”. ئه‌م ئه‌زموونه ناشیریینه به‌داخه‌وه خه‌ڵکانی ئه‌وروپییش له نه‌خۆشخانه‌کانی ئێمه‌دا تووشی هاتوون. “سوزانه فیشه‌ر”ی ئه‌ڵمان یه‌کێکه له‌و ئه‌وروپییانه‌ی، که له نه‌خۆشخانه‌ی سلێمانییدا تووشی ئه‌م دیارده‌یه هاتووه له په‌رتووکه‌که‌یدا “ئه‌پارتمه‌نه‌ پێکه‌وه‌ییه‌که‌ی ژنانم له ئێراک یان ڤیللاکه‌ی که‌نار دێوانه‌یی”، که له سلێمانیی نووسیوویه‌تی ئاماژه‌ی پێداوه. ئه‌وه‌ی جێگای سه‌رسووڕمانه، که له نه‌خۆشخانه‌ی سلێمانییدا لانیکه‌م ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی سوزانه فیشه‌ر “2006 بۆ 2007” تاکه یه‌ک ده‌زگای وێنه‌ی تیشکی تێدابووه، ئه‌ویش له به‌کارهێنانیدا کاریگه‌ریی ده‌بووه سه‌ر ئه‌ندامه‌کانی زاوزێی ژنان و پیاوان. هه‌ربۆیه مه‌ریوان هه‌ڵه‌بجه‌ییش “مه‌ریوانی نووسه‌ر نا، که‌سێکی تره و ئێستا له ئه‌مێریکا ده‌ژیی”، که وه‌رگێری سوزانه‌ فیشه‌ر و هاوکاره‌کانی بووه، به ئازاری پشت ئێشه‌یه‌کی زۆره‌وه به ناچاریی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ماڵه‌وه. جێسیکا، که مامۆستایه‌کی ئه‌مێریکیی ڕۆژنامه‌وانیی  ده‌زگاکه‌ی سوزانه‌یه، له سلێمانیی تووشی گرفتی ده‌روونیی ده‌بێت “به‌ده‌ست ئه‌و ژیانه‌وه، که تێیدایه له سلێمانییدا”. هه‌موو سلێمانیی ده‌گه‌ڕێت پزیشکێک یان تێراپۆیتێکی ده‌روونیی ده‌ستناکه‌وێت، به‌ناچاریی له ڕێگای تێلێفۆنه‌وه، په‌یوه‌ندیی به تێراپۆیتێکی ئه‌مێریکاوه ده‌کات و به تێلێفۆن ڕێگاچاره‌ی خۆی ده‌دۆزێته‌وه. خۆ ناکرێت فڵان که‌س ئێستا پێمانبڵێت، که به ژنێکی ئه‌مێریکییه‌وه “ئه‌گه‌ر ئێستا له سلێمانیی مابێت” له %91 دانیشتوانانی باشووری کوردستان نه‌خۆشیی ده‌روونییان هه‌یه؟ هه‌موو مرۆڤێک شیاوی ئه‌وه‌یه، له هه‌لومه‌رجێکی چاوه‌ڕواننه‌کراودا تووشی شێواندنێکی ده‌روونیی ببێت، وه‌ک به‌بیرنه‌هاتنه‌وه، زوو تووڕه‌بوون، به‌رگه‌نه‌گرتن له‌ناو خه‌ڵکدا …هتد. کوردستانی نوێ بۆ نموونه به‌شێکی ئه‌و له %90ه پێکده‌هێنن، خۆناکرێت ئه‌م ڕێژه‌یه ده‌روونییه‌ن نه‌خۆش بن و ڕۆژانه هه‌شت بۆ نۆ کاتژمێر کاربکه‌ن. په‌رله‌مانی کوردستان و وه‌زاره‌ته‌کان و حکومه‌ت “ناشێت ئه‌م له %10یه، که ته‌ندروست بن لێره بن؟”. هه‌بوونی نه‌خۆشیی ده‌روونیی شوو‌ره‌یی نییه و پێویسته هه‌موو تاکێک دڵ و هۆشیارییه‌کی بۆ هاوکاریی تووشبوان هه‌بێت، لێبه‌ڵێ بۆ سه‌لماندن مرۆڤ پێویستی به به‌ڵگه‌ی زانستیی و فاکت هه‌یه. ئێمه نامانه‌وێت زانستیش له نیشتیمانی ئێمه‌دا ببێت به هه‌واڵه‌کانی ڕۆژنامه و سایته به‌ناو ئازاده‌کان “سه‌رچاوه‌یه‌ک نه‌یویست ناوی خۆی ئاشکرا بکات، ده‌ڵێ: فڵان که‌س کۆنه‌ به‌عسیی و فیساری سیاسییش دز و گه‌نده‌ڵه”.

20.08.2010

 

وێنه‌ی شه‌شه‌م:

یه‌کێک له ئێکسپه‌ریمێنته گرنگه‌کانی سۆسیال پسیشۆلۆگیی، که له سه‌ره‌تای ساڵی 1950 دا له ئه‌مێریکادا پراکتیزه‌کرا نیشانی خۆی له‌وه‌دا پێکا، که تێڕوانینی هه‌ڵه له کۆمه‌ڵدا فاکتۆرێکی گه‌وره‌یه له‌سه‌ر ئیندیڤیدووم. “ساله‌مۆن ئاش، Solomon Asch”ی ده‌روونناس چه‌ند گرووپێک له خوێندکارانی ئه‌مێریکا دروستده‌کات، هه‌ر گرووپه‌ی له هه‌شت که‌س پێکدێنێت و له دوو ڕیزدا له‌به‌رده‌م دوو پانتاییدا “ته‌خته‌ڕه‌ش” دایانده‌نیشێنێت، که یه‌کێکیان „A“ ته‌نها یه‌ک خه‌تی له‌سه‌ر کێشراوه و ئه‌وی تریان „B“ سێ خه‌تی له‌سه‌ر کێشراوه و به ژماره یه‌ک و دوو و سێ جیاکراوه‌ته‌وه. خوێندکاره‌کان له گرووپه‌کاندا پێویسته ده‌ستنیشانی خه‌تێک بکه‌ن له‌و خه‌تانه‌ی، که له „B“  دا به ژماره ده‌ستنیشانکراون، که به‌قه‌د ئه‌و خه‌ته‌ی سه‌ر پانتایی „A“ درێژه. پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه، ئاخۆ مه‌به‌ست له ئێکسپه‌ریمێنتێکی ئاوها چییه؟ ناسینه‌وه و به ڕاست وه‌رگرتن یان تاقیکردنه‌وه‌ی زیره‌کیی و ستراکتوری که‌سایه‌تیی خوێندکاره‌کان له ناسینه‌وه و به ڕاست وه‌رگرتندا؟ پرسیارێکی له‌وه گرنگتر ئه‌وه‌یه: ئاخۆ ئه‌م ئێکسپه‌ریمێنته چ قازانجێک به ئێمه‌ی کورد ده‌گه‌یه‌نێت؟ له‌دوای ڕاپه‌ڕیینه‌وه باشووری کوردستان باشتریین تاقیگه‌ی سۆسیال پسیشۆلۆگییه، له‌به‌رده‌می هه‌ر گرووپێکدا به‌رده‌وام دوو پانتاییمان هه‌یه، که له‌سه‌ریان هه‌میشه به‌دوای ناسینه‌وه‌ی ڕاستییدا ده‌گه‌ڕێین، که هه‌میشه به‌راوردی خه‌تێک له‌ناو کۆمه‌ڵێک خه‌تی پانتاییه‌کیاندا له‌گه‌ڵ تاکه خه‌تی پانتاییه‌که‌ی تردا ده‌که‌ین و به‌وپه‌ڕی دڵنیایی و باوه‌ڕ و زانینه‌وه ده‌ڵێین: فڵان خه‌ت به‌قه‌د خه‌ته‌که‌ی سه‌ر پانتاییه‌که‌ی تر درێژه، هاوشێوه‌ن، یه‌ک ڕه‌نگن …. هتد. ئێمه کۆمه‌ڵێک خوێندکارین به ویستی خۆمان و هه‌ندێکجاریش له‌ژێر کاریگه‌ریی ئایینیی، ئیدیۆلگیی، فه‌رهه‌نگیی و کولتوورییدا چووینه‌ته ناو گرووپێکه‌وه و له‌گه‌ڵ ئه‌و گرووپه‌دا ته‌ماشای پانتاییه‌کان ده‌که‌ین و له‌گه‌ڵیاندا بڕیار ده‌ده‌ین. له‌دوای ڕاپه‌ڕیینه‌وه که‌م له تاکه‌کانی ئێمه ئه‌و پرسیاره‌ی له‌ خۆی کردووه، ئاخۆ هه‌تا چه‌ند خۆیه‌تی؟ ئاخۆ ئه‌و بڕیارانه‌ی ده‌یدات، به‌رهه‌می ئه‌قڵ و لێکدانه‌وه‌ی خۆیه‌تی یان له‌ژێر کاریگه‌رێتیی ئه‌ندامه‌کانی تری ناو گرووپه‌که‌دا ده‌یدات؟

“ساله‌مۆن”ی پسیشۆلۆگ، که دۆزه‌ره‌وه‌ی ئه‌م ئێسکپه‌ریمێنته‌یه، ئامانج و نیشانێکی زۆر له‌وه‌ زیاتری هه‌بووه، که مرۆڤ له سه‌ره‌تادا تێیده‌گات. ده‌شێت له تێڕوانینی ئه‌و دوو لاکێشه‌یه‌دا، که هه‌ریه‌که‌یان خه‌تێک و چه‌ند خه‌تێکیان تێدایه، بیرله‌وه‌ بکه‌ینه‌وه، که کارێکی چه‌ند سانایه له لاکێشه‌ی „B“ دا هێڵی ژماره 2 له‌گه‌ڵ خه‌ته‌که‌ی لاکێشه‌ی „A“ دا وه‌ک یه‌ک درێژن. لێبه‌ڵێ تاک چلۆن ده‌توانێت بڕیارێکی هۆشیارانه له کۆمه‌ڵدا بدات، به‌بێئه‌وه‌ی تووشی هه‌ڵه بێت؟ ساله‌مۆن له هه‌ر گرووپێکدا، که پێکهاتبوون له هه‌شت که‌س حه‌وتیانی له‌و که‌سانه پێکهێنابوو، که خۆی بۆ پڕاکتیزه‌کردنی ئه‌م ئێکسپه‌ریمێنته ئاماده‌ی کردبوون. ئه‌م حه‌وت که‌سه کاریان دانانی شوێن بووه له‌سه‌ر بیرکردنه‌وه‌ی که‌سی هه‌شته‌م، که خوێندکاره‌که‌یه، واته به هه‌ڵه‌یدا به‌رن. خوێندکاره ڕاسته‌قینه‌که ئاگای له‌وه نییه، که ئه‌م حه‌وت که‌سه‌ی ناو گرووپه‌که‌ی ئه‌و که‌سیان خوێندکار نین و هه‌موویان کارمه‌ندی ئێکسپه‌ریمێنته‌که‌ی ساله‌مۆنن. له گرووپه‌کانی تریشدا هه‌مانشێوه. واته تاقیکردنه‌وه لێره‌دا ته‌نها و ته‌نها له‌سه‌ر یه‌ک که‌س بووه، ئه‌ویش خوێندکاره ڕاسته‌قینه‌که‌‌یه. ئامانجی ساله‌مۆن لێره‌دا سه‌لماندنی کاریگه‌ریی کۆیه له‌سه‌ر تاک، بۆ نموونه له‌‌ناو هه‌ڵبنژاردنێکی ئاوهادا حه‌وت که‌س ده‌نگ ده‌دات به‌وه‌ی، که خه‌تی ژماره یه‌ک به‌قه‌د خه‌ته‌که‌ی سه‌ر پانتایی „A“ درێژه. که‌سی هه‌شته‌م، که خوێندکاره‌که‌یه ده‌چێته ژێرکاریگه‌ریی بڕیاره‌کانی حه‌وت که‌سه‌که‌ی تره‌وه، که ئه‌رکیان به‌لاڕێدابردنی خوێندکاره‌که‌یه. ئیدی لێره‌وه تێده‌گه‌ین، که ئامانج و نیشانێکی وه‌های وه‌ک سۆسیال پسیشۆلۆگیی ده‌مانگه‌یه‌نێته سه‌رئه‌و ڕاستییه‌ی، که کاریگه‌ریی هه‌ڵه‌ی کۆ فاکتۆرێکی گه‌وره‌ و زه‌به‌لاحه له‌سه‌ر بڕیاره هه‌ڵه‌کانی تاک وه‌ک ئیندیڤیدووم. ده‌شێت له ئاگایی و نائاگاییدا له‌سه‌ر ده‌ستی خه‌ڵکانێک، هه‌میشه تاکه‌کانی ئێمه بڕیارێکی هه‌ڵه‌یان له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنێکی گرنگ دابێت. ده‌شێت هه‌تاوه‌کوو ئێستاش خه‌ڵکانی هه‌ڵه له‌ناو خه‌ڵکانێکی گه‌نج و خاوه‌ن ئاینده‌دا ئاینده‌یان له ڕێگای بڕیاری هه‌ڵه‌وه بشێوێنرێت. له‌دوای ڕاپه‌ڕیینه‌وه تاک خۆی نییه، به‌ڵکوو له‌ژێر کاریگه‌رێتیی کۆدا چ بیرده‌کاته‌وه و چ بڕیار ده‌دات. له‌دوای ڕاپه‌ڕیینه‌وه هه‌تاوه‌کوو ئێستا، تاک پێیوایه، که خۆیه‌تی و لێبه‌ڵێ به‌وپه‌ڕی مه‌خابوونه‌وه خۆی نییه، بڕیارێک ده‌دات، که به‌رهه‌می ئه‌قڵی خه‌ڵکانێکی هه‌‌ڵه‌ن، هێڵێک هه‌ڵده‌بژێرێت، که هه‌ڵبژێردراوی خۆی نییه، به‌ڵکوو هی خه‌ڵکانێکی تره. کێشه‌یه‌‌کی گه‌وره، که له‌دوای ڕاپه‌ڕیینه‌وه نووسه‌رانی ئێمه کردوویان به پیشه بریتییه له کۆپییکردنی خۆیان له‌ناو خوێنه‌ر و گه‌نجدا، له‌کاتێکدا ئه‌رکی ئه‌وان ده‌بوایه ئه‌وه بوایه، لێبگه‌ڕێن تاک وه‌ک ئیندیڤیدووم خۆی بێت نه‌ک کۆپیی ئه‌وان. ئه‌وه‌ی له‌لای من له ڕووی په‌روه‌رده‌کردنه‌وه نیچه جوان ده‌کات بریتییه له‌وه‌ی، که ئه‌و نایه‌وێت که‌س لاسایی بکاته‌وه، به‌ڵکوو ده‌یه‌وێت ئه‌و که‌سه خۆی بێت نه‌ک کۆپیی نیچه. ئه‌و چونکه له ماڵی خۆیدا ژیاوه “خۆی بووه” و له ژیانیدا لاسایی که‌سی نه‌کردۆته‌وه دیسان هه‌ر “خۆی بووه”. هه‌ندێک تاکی سیاسیی کورد به هه‌ڵه له نیچه گه‌یشتوون پێیانوایه نیچه چونکه ناشیریین بووه، ئیدی ڕقی له هه‌موو که‌س بووه، ئه‌مه له‌کاتێکدا نیچه مرۆڤێکی ناشیریین نه‌بووه، به‌ڵکوو له زۆر مرۆڤی ئه‌م سه‌رده‌مه جوانتر بووه. ئه‌و له زانستی شاددا ده‌نووسێت: “من له ماڵی خۆمدا ده‌ژییم، هه‌رگیز لاسایی هیچ که‌سێکم نه‌کردۆته‌وه، به هه‌موو زانایه‌کیش پێکه‌نیوم، که جارێک به خۆی پێنه‌که‌نیبێت”. جیاوازیی نێوان نیچه و نووسه‌ره‌کانی ئێمه ئه‌وه‌یه، که ئه‌ویان پێمانده‌ڵێت و هانمانده‌دات خۆمان بین، ئه‌وانیش پێمانده‌ڵێن و هانمانده‌ده‌ن، که کۆپیی ئه‌وان بین. ئیدی لێره‌وه ئه‌و هه‌موو خه‌ڵکه ساخته‌یه‌ی ناو گرووپه‌کان بڕیاره‌کانی تاک وه‌ک ئیندیڤیدووم به‌لاڕێدا ده‌به‌ن و ده‌یاکه‌نه ژێر کاریگه‌ریی بیرکردنه‌وه‌ و بڕیاره‌کانی خۆیانه‌وه. به‌شێکی گه‌وره‌ی تاک له ڕاپه‌ڕیینه‌وه هه‌تاوه‌کوو ئێستا بڕیاره‌کانیان هی خۆیان نه‌بووه، به‌ڵکوو له‌ژێر کاریگه‌رێتیی خه‌ڵکیی هه‌ڵه‌دا خاوه‌نی بڕیار و هه‌ڵبژاردنی هه‌ڵه‌ بوون.

 

24.08.2010

 

وێه‌ی حه‌وته‌م:

له‌نێوانی ڕاستیی و چاوپۆشیندا پێویسته نرخێک هه‌بێت بۆ تۆله‌ریزه‌کردنی باروودۆخێک، که له ڕێگای هۆشیارییه‌وه ده‌کرێت چاره‌سه‌رێکی بۆ بدۆزرێته‌وه. تیلۆ ساراتسین (ئه‌ندامی سۆسیال دیموکراتی ئه‌ڵمانیا و به‌رپرسی بانکی گشتیی ئه‌ڵمانیا) له چه‌ند چاوپێکه‌وتنێکدا هێرشێکی کراوه و ئاشکرا ده‌کاته سه‌ر بێگانه‌کانی ئه‌ڵمانیا به‌تایبه‌ت عه‌ره‌ب و تورک، که به زیانێکی گه‌وره‌یان بۆسه‌ر دارایی ئه‌ڵمانیا ده‌زانێت. له‌م باره‌یه‌وه ساراتسین په‌ڕتووکه‌ نوێکه‌ی به‌ ناوی “ئه‌ڵمانیا خۆی له‌ناو ده‌بات” خسته‌ به‌رده‌م خوێنه‌ر. ساراتسین له چاوپێکه‌وتنێکیدا ده‌ڵێ: عه‌ره‌ب و تورکه‌کانی ئه‌ڵمانیا به‌رهه‌مهێنه‌رنین، به‌ڵکوو سه‌وزه و میوه فرۆشن. سه‌رۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی ئه‌ڵمانیا زیگمار گابریێل وته‌کانی ساراتسین به بێئه‌قڵیی و ئاستێکی نه‌ویی په‌یڤ و                  “تیلۆ ساراتسین، Thilo Sarrazin”  تووندوتیژ ناوده‌بات. 

 

گابریێل ده‌ڵێ: من ده‌بێت به‌دواداچوون بۆ ئه‌وه بکه‌م، که بزانم ساراتسین هێرشه‌کانی کردۆته‌سه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌کی دیارییکراو و تایبه‌ت یان نه‌خێر، ئه‌گه‌ربێتو ساراتسین ده‌ستنیشانی نه‌ته‌وه‌یه‌کی کردبێت، ئه‌وا وته‌کانی ده‌چێته خانه‌یه‌کی ڕاسیستانه‌وه. پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه: ئاخۆ گووتنی ڕاستیی له هه‌لومه‌رجێکی ئاوهادا هه‌میشه به بیانگه‌ی ڕاسیستمووس به‌ری پێنه‌گیراوه؟ من ده‌ڵێم سووپاس بۆ بوێریی ساراتسین، که ڕه‌چه‌ڵه‌کیی کۆمه‌ڵێک کێشه‌ی ڕه‌وه‌ند له ئه‌ڵمانیادا ده‌خاته ڕوو، ڕه‌وه‌ند پێویسته به سووپاسه‌وه ئه‌م ڕه‌خنانه وه‌ربگرێت، چونکه ساراتسین هانی ڕه‌وه‌ند ده‌دات، که ئه‌گه‌ر به کولتووری ئیسلامدا نه‌چنه‌وه نابنه بوونه‌وه‌رێکی خاوه‌ن لۆگیک و به‌رهه‌مهێنه‌ر. بابه‌ت لێره‌دا بێهێزیی دارایی وڵاتی ئه‌ڵمانیایه، که به‌وپه‌ڕی دڵنیاییه‌وه به‌شێک له‌و ڕه‌‌وه‌نده‌ی، که ساراتسین باسی لێوه‌ ده‌کات به‌رده‌وام جێگای زیانن بۆسه‌ر کاسه‌ی ده‌وڵه‌ت. به‌شێکی گه‌وره‌ی ڕه‌وه‌ند له ئه‌ڵمانیادا به سه‌وزه و میوه فرۆشه‌کانیشیانه‌وه چ ده‌ستگیرۆیی له ده‌وڵه‌ت وه‌رده‌گرن و چ سه‌وزه و میوه ده‌فرۆشن، چ له مزگه‌وته‌کاندا پرچی خه‌ڵکانی خۆرهه‌ڵاتیی ده‌بڕن، چ کڕیین و فرۆشتنی مادده سڕکه‌ره‌کان ده‌که‌ن، چ هاووڵاتییانی هه‌ڵهاتووی وڵاته‌کانی ناوه‌ڕاستی خۆرهه‌ڵات به قاچاخ ده‌هێننه ئه‌ڵمانیاوه … هتد. به‌شێکی گه‌وره‌ی ڕه‌وه‌ند له هه‌ڵبژاردنه‌کانی ئه‌ڵمانیادا ده‌نگ به چه‌پ و به سۆسیال دیموکرات ده‌ده‌ن، ئه‌م وتانه‌ی ساراتسین چ ده‌بێته هۆی تووڕه‌کردنی ڕه‌وه‌ند و چ زیانیش به که‌میی هێنانی ده‌نگ به سۆسیال دیموکرات ده‌گه‌‌یه‌نێت. ناکرێت ئێمه لێکدوانێکی ئاوها فاکتانه بخه‌ینه قاڵبی ئه‌نتی ئیسلامه‌وه، وه‌کئه‌وه‌ی بڵێن له ئه‌نتی سێمیتیسمه‌وه بۆ ئه‌نتی ئیسلام. ساراتسین دواکه‌وتنی ئه‌و ڕه‌وه‌ندانه‌ی، که باکگراوندێکی ئیسلامیان هه‌یه ده‌گه‌ڕێنێته‌وه بۆ کولتووری ئیسلام، که فاکتۆرێکی گه‌وره‌یه له‌سه‌ر ڕاوه‌ستان و ته‌مبه‌ڵکردنی تاک. ساراتسین ده‌شێت له وته‌کانیدا ڕه‌ق بێت، لێ هه‌قیشه. له وڵاته عه‌ره‌بییه‌کاندا بێگانه ئیسلامه‌‌‌کان و بێگانه‌کانی خۆرهه‌ڵاتی ئه‌وروپا وه‌ک “ڕۆمانییه‌کان، بوڵغارییه‌کان، پۆڵۆنییه‌کان” ته‌نها خزمه‌تکاریی ماڵه‌وه‌یان پێده‌کرێت و له‌وێشدا ده‌ستدرێژییان ده‌کرێته‌سه‌ر. پرسیار له‌و کوردانه بکه‌ن، که له کوه‌یت ژیاون و به کورده‌کانی کوه‌یت ناویان ده‌رکردووه، ئه‌مانه به‌شێکیان ئێستا له هه‌نده‌ران ده‌ژیین، با بزانین ئه‌م کوردانه له کوه‌یتدا باشتر مامه‌ڵه‌کراون یان له ئه‌ڵمانیادا؟ له کوه‌یتدا بۆیان هه‌بووه ته‌نها خزمه‌تکاریی ماڵان بکه‌ن. له ئه‌ڵمانیادا بێگانه‌ ئیسلامه‌کان به‌شێکیان ئه‌ندامی باڵای پارته‌کانن، کارمه‌ندی داموده‌زگاکانی حکومه‌تن، ئه‌ندام په‌رله‌مانن وه‌زیرن. بێگوومان هه‌موو ده‌وڵه‌تێک ده‌یه‌وێت سوود له‌و تاکانه وه‌ربگرێت، که له ئاینده‌دا خزمه‌ت به نیشتیمانه‌که‌یان ده‌که‌ن، ئه‌مێریکا له جه‌نگی جیهانیی دووهه‌مدا گه‌وره‌تریین به‌شی نووسه‌ران و زانایانی ئه‌ڵمانیای برد بۆ خۆی و ژیانی بۆ ته‌رخانکردن، لێ ئه‌مانه سوودێکی گه‌وره‌یان به ئه‌مێریکا گه‌یاند. ڕه‌وه‌ند له ئه‌ڵمانیادا به‌تایبه‌تی وه‌ک ساراتسین ده‌ڵێ: ئه‌و ڕه‌وه‌ندانه‌ی باکگراوندێکی ئیسلامیان هه‌یه هێنده‌ی زیانیان به ئه‌ڵمانیا گه‌یاندووه به چاره‌کی ئه‌وه قازانجیان پێ نه‌گه‌یاندووه. زۆر دوور نه‌ڕۆین به‌شێکی گه‌وره‌ی ڕه‌وه‌ندی کوردیی له هه‌نده‌راندا به گشتیی به بیانگه‌ی ده‌یان نه‌خۆشیی سیل و شیرپه‌نجه و شێتییه‌وه خۆیان خانه‌نشینکردووه، لێبه‌ڵێ ئه‌گه‌ر ئه‌ندام په‌رله‌مانێکی کورد، وه‌زیرێک، سیاسییه‌ک له باشووری کوردستاندا پاره‌ی خانه‌نشینیی وه‌ربگرێت، به ده‌یانجۆری ناشیریین ده‌یشکێنن و به گه‌نده‌ڵ ناوی ده‌به‌ن. دایک و باوکه پیره‌کان منداڵه‌کانیشیان وه‌ک خۆیان ته‌مبه‌ڵ کردوون و فێری فێڵ و خۆدزینه‌وه‌یان له خوێندن و به‌رپرسیارێتیی کردوون. به سه‌دان گه‌نجی کورد، عه‌ره‌ب، تورک، فارس، ئه‌ڤغانیی … هتد. له وڵاتی ئه‌ڵمانیادا، که له ئه‌ڵمانیا له‌دایکبوون نه ئاگایان له ژیانی ئێتیک و مۆڕاڵی ئه‌ڵمانییه، نه ئاگایان له سیاسه‌تی ئه‌ڵمانییه، نه ئاگایان له یاسا و په‌روه‌رده و خوێندنی ئه‌ڵمانییه، نه ئه‌وه‌تا هه‌وڵی ئه‌وه‌ش بده‌ن پیشانی وڵاتی ئه‌ڵمانیای بده‌ن، که ئه‌مانیش به‌شێکن له ئاینده‌ی ئه‌م نیشتیمانه. هێنده‌ی خه‌ریکی ساخته‌کاریی و فێڵکردنن به چاره‌کی ئه‌وه له هه‌وڵی خۆپه‌روه‌رده‌کردندا نین. ئارگۆمێنتی ئه‌مانه هه‌میشه بریتیی بووه له ڕاسیستبوونی کاربه‌ده‌ستانی ئه‌ڵمانیا، ئه‌مانه هه‌میشه سه‌رنه‌که‌وتنی خۆیان له ژیاندا به خه‌تای کاربه‌ده‌ستانی ئه‌ڵمانیا ده‌زانن. من پرسیار ده‌که‌م: ئاخۆ ئه‌گه‌ر ئه‌م هه‌موو بێگانه‌یه له وڵاتی تورکیادا بژیابانایه و داوای مافی پشتگیرییکردنی داراییان له حکومه‌تی تورکیا بکردایه تووشی چیی ده‌بوون؟ ئه‌گه‌ر له کوه‌یت یان له سعودی عه‌ره‌بیی یان له ئێران بوونایه چییان لێبه‌سه‌ر ده‌هات؟ ئاخۆ هیچ که‌سیان مافی ئه‌وه‌یان ده‌بوو ئیدێنتیتێتی نه‌ته‌وه‌ییی خۆیان بپارێزن؟ من پێموایه ئه‌و ڕه‌خنانه‌ی ساراتسین پێویسته بکرێت به سه‌ره‌تایه‌ک بۆ به‌خۆداچوونه‌وه‌ی ڕه‌وه‌ند له ئه‌ڵمانیادا، که چیدی به‌وشێوه‌یه ژیانی دارایی وڵاتێک و ئاینده‌ی خۆیان و نه‌وه‌کانیشیان نه‌خه‌نه مه‌ترسییه‌وه.  سۆسیال دیموکراته‌کان په‌شیمانن، که ئه‌ندامێکی وه‌ک ساراتسینیان هه‌یه، لێ بۆچیی ده‌بێت له وڵاتی ئه‌ڵمانیادا هه‌موو ڕه‌خنه‌یه‌ک به‌رانبه‌ر به ئیسلام و ڕه‌وه‌ندی ناوه‌ڕاستی خۆرهه‌ڵات بچێته خانه‌ی ڕاسیستمووسه‌وه؟ بۆچیی ده‌بێت هێنده پاسیڤبین؟ ساراتسین نه‌ک سیاسییه‌ک بگره نووسه‌رێکی بوێریشه. مه‌گه‌ر به‌شێکی گه‌وره‌ی ئه‌ندامانی ئه‌لقاعیده له وڵاتی ئه‌ڵمانیادا نه‌ژیابێتن و ده‌ستگیرۆیی حکومه‌تیان وه‌رنه‌گرتبێت؟ ساراتسین ده‌ڵێ: من وشه‌ی ڕاست و ڕه‌وانم خۆشده‌وێت، منیش له‌گه‌ڵیدام، چونکه به‌شێکی گه‌وره‌ی ڕه‌خنه‌کانی ڕاست و ڕه‌وانن. ڕه‌وه‌ندی کورد هه‌یه له‌دوای ڕووخانی ڕژێمی به‌عسه‌وه قه‌رزێکی زۆری له بانکه‌کانی ئه‌ڵمانیا کردووه، ئاوتۆمۆبیلی به قه‌رز کڕیوه که‌لوپه‌لی ناوماڵی به‌ قه‌رز کڕیوه و هه‌مووی کردووه به پاره و به ناوی خۆشه‌ویستیی خاکی کوردستانه‌وه گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ کوردستان. ئێمه چه‌ندمان له زیندانه‌کانی ئه‌ڵمانیادا خۆیان کووشت؟ ئه‌مانه به تاوانی کڕیین و فرۆشتنی مادده سڕکه‌ره‌کانه‌وه گیرابوون، چه‌ندمان به تاوانی کووشتنی ناودارانی ئه‌ڵمانیا له زیندانه‌کانی ئه‌ڵمانیادان؟ ئینجا بیهێنه به‌رده‌می خۆت، ده‌یان نه‌ته‌وه‌ی تری باکگراوند ئیسلام هه‌‌ن، که هه‌ریه‌که‌یان به‌شێوه‌یه‌ک زیانیان به ئه‌ڵمانیا گه‌یاندووه، ئیدی بۆچیی ده‌بێت گووتنی ڕاستییه‌کی ئاوها تابوو بێت؟ من پێموابێت ئه‌ڵمانیا هه‌تاوه‌کوو ئێستا باجی جه‌نگی جیهانیی دووهه‌م ده‌دات، ناوێرێت بجوڵێته‌وه به ناوی ڕاسیستمووسه‌وه چه‌کووشێک ده‌کێشن به‌سه‌ریدا.

 

29.08.2010

 

وێنه‌ی هه‌شته‌م:

په‌ڕتووکه‌که‌ی تیلۆ ساراتسین له یه‌که‌م ڕۆژی بڵاوبوونه‌وه‌یدا، له کاتژمێر دوانزده‌ی نیوه‌ڕۆدا له هیچ کام له کتێبخانه‌کانی ئه‌ڵمانیادا نه‌مابوو بۆ فرۆشتن. خوێنه‌ر ده‌بوو داوای بکات هه‌تا له‌نێوان دوو بۆ چوار هه‌فته‌ی ئاینده‌دا به‌ده‌ستی بگات. ئه‌و تێزانه‌ی ساراتسین له وته‌کانیدا به‌کاریده‌هێنێت، بریتین له ئه‌سپێکتگه‌لێک، که ده‌مانگه‌یه‌نێته سه‌ر ڕه‌گی کێشه‌ی ئێڤۆلوتسیۆن له‌ناو ئه‌و نه‌ته‌وانه‌دا، که باکگراوندێکی ئیسلامییان هه‌یه. به‌شێکی گه‌وره‌ی ئه‌م ڕه‌وه‌ندانه چ دایک و باوکانیان و چ نه‌وه‌کانیشیان خه‌ڵکانێکی ئه‌گره‌سیڤن “تووڕه”. ڕه‌گی ئه‌م تووڕه‌بوونه‌ی ئه‌مانیش وا له‌ناو سه‌رنه‌که‌وتنیاندا بۆ نموونه له قۆناغه‌کانی خوێندندا، له‌ناو خێزاندا، له شوێنی کاردا. ئه‌م خه‌ڵکانه له وڵاتێکی ئه‌وروپییدا زووتر هه‌ستی خۆبه‌که‌مزانینیان تێدا سه‌رهه‌ڵده‌دات وه‌ک له نیشتیمانه‌که‌ی خۆیاندا. زۆرینه‌یجار ئه‌م خه‌ڵکانه خودی خۆیان درک به هه‌ستی خۆبه‌که‌مزانینیان ناکه‌ن. ئه‌مانه هۆکاری سه‌رنه‌که‌وتنیان له ژیاندا ده‌خه‌نه ئه‌ستۆی به‌رانبه‌ر “خه‌تای تۆیه من ژیانم سه‌خته، خه‌تای تۆیه من دواکه‌وتووم”. کۆمه‌ڵگایه‌کی تووڕه به‌رهه‌می په‌روه‌رده‌کردنێکی خراپی نه‌وه‌یه له‌ لایه‌ن دایک و باوکانه‌وه. نه‌وه که‌ڕاکته‌ری دایک و باوک له خۆیدا کۆپیی ده‌کات، دایک و باوکانی تووڕه نه‌وه‌کانیان فێری تووڕه‌بوون ده‌که‌ن، که له ڕێگای تووڕه‌بوونه‌وه به ئامانجه‌کانیان بگه‌ن. تاکێکی ئه‌گره‌سیڤ هۆکاری سه‌رنه‌که‌وتنی خۆی ده‌کاته ئه‌ستۆی ئه‌و که‌سه‌ی، که له ئێستا و ئالێره‌دا کارێکی تێیکه‌وتووه بۆ نموونه: کاتێک تاکێکی ڕه‌وه‌ند له فه‌رمانگه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تیی شاره‌که‌یدا کارێکی بۆ جێبه‌جێناکرێت یان ئه‌وه‌تا مێز و ده‌رگای ژووره‌که ده‌شکێنێت یان ئه‌وه‌تا له فه‌رمانبه‌ره‌که ده‌دات. ساراتسین ده‌ڵێ: من له ئاینده‌ی خۆم ناترسم، چونکه من هه‌ر ته‌نها نزیکه‌ی بیست ساڵێکم له ژیاندا ماوه، لێ له ئاینده‌ی نه‌وه‌کانم و نه‌وه‌ی نه‌وه‌کانم ده‌ترسم، له ئاینده‌ی ئه‌ڵمانیا ده‌ترسم، که ئه‌و ته‌کنیک و ته‌کنیککار و ئه‌ندازیارانه‌ی هه‌مانه له ڕێگای ڕه‌وه‌ندی باوکگراوند ئیسلامه‌وه له‌ناو بچێت. ئارگۆمێنته‌کانی ساراتسین جێگای ڕامانن، که مرۆڤ ناکرێت چاوپۆشیی له ڕاستییه‌کانی بکات. ڕه‌وه‌ندی باکگراوند ئیسلام، ئه‌وانه‌ی له ئه‌ڵمانیا ده‌ژیین، ئاماده‌ی خۆگوونجاندن نین له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵگا و نه‌ریت و په‌روه‌رده‌ی ئه‌ڵمانیادا، نه‌وه‌ی نه‌وه‌کانیشیان هه‌تاوه‌کوو ئێستا ئاماده نین ژنێکی ئه‌ڵمان بهێنن و ژیانێکی نۆرماڵ له ئه‌ڵمانیادا به‌رنه‌سه‌ر، به‌ڵکوو به‌رده‌وام ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ وڵاته‌که‌ی خۆیان له‌وێ ژنێک ده‌هێنن. “تێبینیی: ئه‌م ڕه‌خنه‌یه‌ من وه‌ک ڕه‌وه‌ندێکی کورد له %100 له ساراتسینی وه‌رده‌گرم. منیش یه‌کێکم له‌و ڕه‌وه‌ندانه‌ی، که گه‌ڕامه‌وه له سلێمانیی ژنم هێنا. هه‌رچه‌نده ته‌مه‌نی هاوسه‌رێتیی من و ئه‌و کچه نه‌گه‌یشته ئه‌وه‌ی پێکیشه‌وه بژیین، لێ منیش تووشی ئه‌و هه‌ڵه‌یه بووم. هه‌ڵه‌که‌ی من نه‌ریتێکی ئایینیی یان کۆمه‌ڵایه‌تیی نه‌بوو پێیکردم، به‌ڵکوو هه‌ستێکی تووندی ناسیۆناڵیستانه بوو”. هه‌ر لێره‌دا، که ڕه‌خنه‌ له‌سه‌ر ژیانی ژن و مێردایه‌تییه، ساراتسین ڕه‌خنه له‌و کولتووره‌ی ئیسلام ده‌گرێت، که ڕێگا له گه‌شه‌ی مرۆڤ ده‌گرێت بۆ نموونه کاتێک پیاوانی ئیسلام ڕێگا له ژنه‌کانیان ده‌گرن، که درێژه به خۆپه‌روه‌رده‌کردن و خوێندن بده‌ن. پیاوانی باکگراوند ئیسلام هه‌میشه به ئارگۆمێنتی: تۆ ئه‌رکی خزمه‌تکردن و به‌ته‌نگه‌وه‌هاتنی ماڵێک، منداڵ یان منداڵان، ئه‌رکی مێردێکت له‌سه‌ره، پێویسته واز له خوێندن بهێنیت هه‌تاوه‌کوو خزمه‌تی خێزانه‌که‌ت بکه‌یت، ئه‌مه ئه‌رکی ژنێکی خاوه‌ن مێرد و منداڵه. تۆ خێزانێکت هه‌یه و پێویسته له‌سه‌رت به‌ته‌نگ خێزانه‌که‌ته‌وه بێیت. ساراتسین بانگی ڕه‌وه‌ندی باکگراوند ئیسلام ده‌کات بۆ به‌رده‌م کورسیی لێپێچینه‌وه‌ی مۆڕاڵ. “تێبینیی: مۆڕاڵ چه‌مکێکی ئه‌ڵمانییه له “مۆس”ی لاتینییه‌وه وه‌رگیراوه، که ئه‌میش به ڕه‌چه‌ڵه‌ک ده‌گاته‌وه سه‌ر ئێتۆس “ئێتیک”ی یۆنانی کۆن. مۆڕاڵ خزمایه‌تیی له‌گه‌ڵ چه‌مکی نه‌ریتدا هه‌یه، کرده‌ی مرۆڤێکی بێ مۆڕاڵ، کرده‌یه‌که، که له‌گه‌ڵ هه‌ڵوێستی زۆرینه‌ی خه‌ڵکییدا یه‌کناگرێته‌وه. نۆرم و به‌ها بناغه‌ی چه‌مکی مۆڕاڵن، کاتێک کۆمه‌ڵ په‌سه‌ندێتیی به‌م بناغه‌یه ده‌ده‌ن، فۆڕمێکی یاسایی پێده‌ده‌ن. من وه‌ک پۆڵا سه‌عید ناتوانم مۆڕاڵ چ به “ئه‌خلاق”ی عه‌ره‌بیی و چ به “ڕه‌وشت”ی کوردیی بچوێنم، من ناتوانم ئه‌خلاق و ڕه‌وشت به خزمی چه‌مکی چ مۆس و چ مۆڕاڵی بزانم. نرخی ئه‌خلاق و ڕه‌وشتیش له‌ناو گه‌لانی ناوه‌ڕاستی خۆرهه‌ڵات به گشتیی و له‌ناو کورددا به‌تایبه‌تیی له جه‌سته‌دایه، باشتر بڵێم له به‌‌کارهێنانی جه‌سته‌دا‌یه بۆ به‌خته‌وه‌ریی. هه‌ربۆیه من کاتێک باس له مۆڕاڵ ده‌که‌م هه‌رگیز مه‌به‌ستم له ئه‌خلاقی عه‌ره‌بیی و له ڕه‌وشتی کوردیی نییه، به‌ڵکوو ته‌واو و ڕێک مه‌به‌ستم له چه‌مکه فه‌لسه‌فییه ئه‌ڵمانییه‌که‌یه.”. لێبه‌ڵێ له ئه‌ڵمانیادا مۆڕاڵ پابه‌نده به دادپه‌روه‌رییه‌وه، به‌رگرییکردن له مۆڕاڵ به‌رگرییکردنه له دادپه‌روه‌ریی. ئه‌و پیاوه باکگراوند ئیسلامه‌ی به بیانگه‌ی مۆڕاڵه‌وه، که ئه‌و وه‌ریگێڕاوه‌ته سه‌ر ئه‌خلاقی عه‌ره‌بیی ژن و کچه‌کانی له خوێندن و خۆپێگه‌یاندن دواده‌خات هه‌رگیز مۆڕاڵانه مامه‌ڵه ناکات، چونکه مامه‌ڵه‌یه‌کی مۆڕاڵانه مامه‌ڵه‌یه‌کی دادپه‌روه‌رانه‌یه، که داوای داد و باشه‌ی یه‌کسان بۆ هه‌موو که‌س ده‌کات. تێکۆشان بۆ دادپه‌روه‌ریی مۆتیڤێکی کۆمه‌ڵایه‌تییه، هه‌وڵێکه بۆئه‌وه‌ی له کۆمه‌ڵدا دادپه‌روه‌رانه مامه‌ڵه‌ بکرێیت، هه‌وڵێکه، که تاک تێیدا پۆزه‌تیڤ خۆی پیشان ده‌دات، هه‌وڵێکه بۆ پڕاکتیزه‌کردنی مامه‌ڵه‌ی مۆڕاڵانه له کۆمه‌ڵدا. ڕه‌وه‌ندی کوردیی پێویسته زۆر پۆزه‌تیڤانه ڕه‌خنه‌کانی ساراتسین وه‌ربگرێت و به هه‌وڵێکی بزانێت بۆ به‌خۆداچوونه‌وه. که تاکی ئێمه له ئه‌ڵمانیادا سه‌رقاڵبێت به خۆ په‌روه‌رده‌کردنه‌وه، له‌پێناوی خستنه‌وه‌ی باشه‌دا چ بۆ وڵاتی ئه‌ڵمانیا چ بۆ خودی خۆی هه‌مانکاتیش بۆ کورد. به‌شێکی گه‌وره‌ی تاکی کورد له ئه‌ڵمانیادا له‌سه‌ر سکی سۆسیال ده‌ژیی و به ڕه‌ش کارده‌کات، به‌شێکی گه‌وره‌ی تاکی کورد له ئه‌ڵمانیادا به ناوی نه‌خۆشییه‌وه ئه‌گه‌ر ژنه له ماڵه‌وه خزاوه، ئه‌گه‌ر پیاوه له چایخانه‌کاندا خه‌ریکی دۆمینه‌کردنه، یان یارمه‌تیی سۆسیالی مانگانه ده‌کاته قومار. له ڕاستییدا حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ده‌کرێت ئێستا ڕه‌خنه‌کانی ئاڕاسته‌ی ڕه‌وه‌ند بکات و بڵێ: له‌دوای ڕاپه‌ڕیینه‌وه ئه‌مه هه‌ڵه‌کانی ئێمه و زیانه‌کانی ئێمه‌یه به خۆمان و به نیشتیمانه‌که‌مان، ئێستاش کاتی ئه‌وه هاتووه ئێوه‌ی ڕه‌وه‌ند هه‌ڵه و زیانه‌کانی خۆتان بۆ ئێمه ئاشکرا بکه‌ن، چونکه ئێوه هه‌ر چۆنێک بژیین زیانتان ته‌نها بۆ خۆتان نییه، به‌ڵکوو بۆسه‌ر ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌کیشه، که ئێمه وه‌ک حکومه‌ت لێیبه‌رپرسین و قبوڵی ناکه‌ین. له 25.07.2009ه‌وه زۆرینه‌ی ئه‌و ده‌نگانه‌ی له هه‌نده‌رانه‌وه که‌وتوونه‌ته گیانی حکومه‌تی هه‌رێم، ئه‌و تاکانه‌ن، که زیانێکی گه‌وره‌یان به وڵاتانی ئه‌وروپا و به ناسنامه‌ی کورد گه‌یاندووه. من له %100 له‌گه‌ڵ ڕه‌خنه‌که‌ی ساراتسیندام، که ئه‌م ڕه‌وه‌نده باکگراوند ئیسلامانه زیانێکی گه‌وره‌یان له دارایی وڵاتی ئه‌ڵمانیا داوه. له وڵاتانی وه‌ک ئه‌مێریکا، که‌نه‌دا، ئاوستورالیا، به‌ریتانیا، یابان ته‌نها ئه‌و خه‌ڵکانه بۆیان هه‌یه ببنه به‌شێک له کۆمه‌ڵگاکه‌یان، که باشه‌یان بۆ نیشتیمانه‌که‌یان ده‌بێت و ڕێژه‌یه‌کی زۆر که‌میی په‌ناهه‌نده‌ی سیاسیی وه‌رده‌گرن، لێبه‌ڵێ ئه‌ڵمانیا له‌پێناوی شتنه‌وه‌ی ناوبانگی دوای جه‌نگی جیهانیی دووهه‌میدا هه‌مووجۆرێک وه‌رده‌گرێت. ئه‌وانه‌شی وه‌رده‌گیرێن ڕێز له‌و ڕێزه ناگرن، که له ئه‌ڵمانیادا لێیانگیراوه و هه‌وڵی خۆگوونجاندن و خۆپه‌روه‌رده‌کردن ناده‌ن. وته‌کانی ساراتسین ڕه‌خنه‌ی ڕه‌وانن نه‌ک ڕه‌گه‌زپه‌رستانه، لێ وته‌ی سیاسیی تر هه‌یه ڕاسیستانه و که‌س نییه بڵێ بۆت نییه وا بدوێیت، بۆ نموونه: له دانیمارکدا (پیا کاسکۆ) ژنه سه‌رۆکی پارتی نه‌ته‌وه‌ییی دانیمارکیی ده‌یانجار گووتوویه‌تی: ئه‌گه‌ر من هه‌ڵبژێردرێم به سه‌رۆک ئه‌وا یه‌که‌م کاری من ناردنه‌وه‌ی بێگانه‌کانه (مه‌به‌ستی بێگانه‌ش لای ئه‌و خه‌ڵکانی ناوه‌ڕاستی خۆرهه‌ڵاته) ئه‌و ده‌ڵێ: سۆماڵییه‌کان شیاوی ئه‌وه نین سواری فڕۆکه‌یان بکه‌یت، ده‌بێت به سواری پشتی لۆریی بیاننێرمه‌وه. 

 

03.09.2010

 

وێنه‌ی نۆیه‌م:

کێشه‌‌ی پیر و به ساڵاچووه‌کانی ئێمه له باشووردا، کێشه‌یه‌ک نییه، که له‌ناو خێزاندا چاره‌سه‌ر بکرێت، به‌ڵکوو ئه‌م ئه‌رکه پێویسته کۆمۆن یاخوود شاره‌وانیی بیگرێته ئه‌ستۆی خۆی، چونکه زۆرینه‌یجار مرۆڤ هێنده‌ی له‌ناو خێزاندا ده‌ستدرێژیی و سووکایه‌تیی پێده‌کرێت، پێده‌چێت له‌سه‌ر جاده‌یه‌کی گشتیی تووشی نه‌بێت. من دژ به ده‌سته‌واژه‌ی “پیر و په‌ککه‌وته‌”م، که به‌رده‌وام بۆ ئه‌م مرۆڤانه به‌کارده‌هێنرێت. وه‌ک ڕێزگرتن له‌و مرۆڤانه و پێدانی هه‌ستێکی جوانتر پێیان به دروستی ده‌زانم، که سوود له چه‌مکێکی لاتینیی وه‌ربگیرێت و بۆیان به‌کاربهێنرێت، که ئه‌ویش چه‌مکی “سه‌نیۆر، Senior “ه. سه‌نیۆر به واتای به ته‌مه‌نتر یان پیرتر. که به مرۆڤ ده‌گووترێت پیر و په‌ککه‌وته له ڕووی ده‌روونییه‌وه برییندار ده‌بێت و خۆی وه‌ک بوونه‌وه‌رێکی لاواز دێته‌ پێشچاو، که هه‌میشه پێویستی به یارمه‌تیی خه‌ڵکانی تره. تاک له نیشتیمانی ئێمه‌دا به گه‌نجه‌کانیشیانه‌وه وه‌ها په‌روه‌رده‌بوون، که ئه‌وان بۆیه نه‌وه ده‌خه‌نه‌وه هه‌تاوه‌کوو، که پیربوون نه‌وه‌کانیان خزمه‌تیان بکه‌ن. ئه‌م بیرکردنه‌وه ناڕاسته هه‌میشه نه‌وه ده‌کاته ئۆبیه‌کتێک بۆ ئامانجێک، له‌کاتێکدا ئامانجی نه‌وه‌یه‌ک زۆر له‌وه‌ گه‌وره‌تره، که بیری لێکراوه‌ته‌وه. نه‌وه به‌م بیرکردنه‌وه‌یه‌ بێجگه له ئاسترومێنتی ئامانجێک هیچ شتێکی تر نییه، ئامانجێک، که ته‌نها و ته‌نها له قازانجی خاوه‌ن بیره‌که‌دایه نه‌ک کۆی گشتیی، ته‌نها ویستی خاوه‌ن بیره‌که‌یه نه‌ک کۆی گشتیی یاخوود هی نه‌وه. خاوه‌ن بیر نه‌وه‌یه‌ک ده‌خاته‌وه و ویستێکی تێدا ده‌سه‌پێنێت. هیچ منداڵێک داوای نه‌کردووه، که له‌دایک بێت، هیچ دایک و باوکێک ناتوانن ئه‌و منه‌ته به‌سه‌ر منداڵه‌کانیاندا بکه‌ن، له‌دایکبوونی ئه‌وان ته‌نها ویستی دایک و باوکه‌که‌یه یان هه‌ڵه‌ی دایک و باوکه‌که‌یه و هیچی تر. کاتێکیش ئه‌مان له‌دایک ده‌بن، ئه‌رکی دایک و باوک ئه‌وه‌یه، که ئاسووده‌یان بکه‌ن، که ئازادیان بکه‌ن هه‌تاوه‌کوو تووشی نیگه‌رانیی نه‌بن. له‌م جیهانه‌دا ماف و ڕاستیی هه‌یه، که هه‌ردووکیان هی نه‌وه‌ن. مافی نه‌وه ئه‌وه‌یه، که ئازاد بژیی، نه‌ک بکرێته ئۆبیه‌کتی ویستراوێک، که ویستی باوک یان دایکه نه‌ک هی ئه‌م. نه‌وه لێره‌دا ته‌نها پراکتیزه‌ی ویستێکی سه‌پێنراو ده‌کات و هیچی تر. ڕاستیی بوونی ئه‌ویش ئه‌وه‌یه، که هیچ ویست و داوایه‌کی ئه‌وی تێدا نییه، که له ژیاندایه، به‌ڵکوو خودی دایک و باوک لێی به‌رپرسن. هه‌ربۆیه ئه‌گه‌ر هاتوو نه‌وه‌یه‌ک بووه جه‌للاد، بکووژ، ئازارده‌ر هیچ خه‌تایه‌کی ئه‌می تێدا نییه، چونکه داوای ئه‌م نییه، که ئه‌و له ژیاندایه. نه‌وه‌یه‌ک له ڕێگای په‌روه‌رده و تێگه‌یشتنه‌وه ده‌گات به‌و ڕاستییه‌ی، که مۆڕاڵی ڕێگای پێنادات، زیان به دایک و باوکی بگه‌یه‌نێت یان خزمه‌تیان نه‌کات. لێبه‌ڵێ نه‌وه‌یه‌ک ناتوانێت 24 کاتژمێری ژیانی ڕۆژانه‌ی خۆی له خزمه‌تکردنی دایک و باوکیدا خه‌رج بکات، به‌ڵکوو ئه‌و پێویسته ژیانی خۆیشی بژیی. هه‌ربۆیه مۆڕاڵانه ڕێگاپێدراوه، که نه‌وه باوکی له‌سه‌رده‌می نه‌خۆشیی سه‌خت و سه‌نیۆرییدا بنێرێته خانه‌ی سه‌نیۆرانه‌وه. ئه‌وه ئه‌رکی کۆمۆن و ده‌سته‌ڵاته پرۆژه‌ی به‌ته‌نگه‌وه‌‌هاتن بۆ شار و گوونده‌کان بکاته‌وه، چونکه ڕێزی مرۆڤێکی نه‌خۆش یان سه‌نیۆرێک له ماڵه‌وه‌دا ده‌فه‌وتێت، ئه‌و وێنه جوانه‌ی باوک یان دایک، که پێشتر له به‌رچاوی نه‌وه‌دا هه‌بووه له‌کاتی بێتوانایی و سه‌ختیی نه‌خۆشیی دایک و باوکاندا نامێنێت. کاره‌ساتی گه‌وره ئه‌وه‌یه، که مرۆڤ له کۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا له سه‌رده‌میی نه‌خۆشیی و پیرییدا له ماڵه‌وه‌دا چ ڕێز و به‌های نامێنێت چ له ماڵیشه‌وه‌دا ده‌مرێت. له‌ناو ئێمه‌ی کورد له باشووردا له دوای ڕاپه‌ڕیینه‌وه، که من به سه‌رده‌می ئازادیی ناوی ده‌به‌م هه‌تاوه‌کوو ئێستا وه‌ک پێویست قسه‌ له‌سه‌ر کێشه‌ی سه‌نیۆره‌کانی ئێمه و ئه‌و مرۆڤانه نه‌کراوه، که به‌هۆی نه‌خۆشییه‌وه پێویستیان به یارمه‌تیی مرۆڤی تر هه‌یه. هه‌ندێک ڕووداوی پریمیتیڤ له‌ناو ئێمه‌دا ده‌بێته مایه‌ی سه‌رقاڵیی میدیاکانی ئێمه و له‌وانیشه‌وه بۆ سیاسییه‌کانمان، لێبه‌ڵێ کێشه‌ی سه‌ینۆر و نه‌خۆشه‌کانمان نه‌خێر. مرۆڤ ده‌بێت خاوه‌نی کولتوورێک بێت بۆ به ته‌نگه‌وه‌ هاتنی مرۆڤی نه‌خۆش و سه‌نیۆر. به‌شێکی گه‌وره‌ی خه‌ڵکی ئێمه پێیوایه، که ڕێزی مرۆڤ له‌ناو کورددا زۆر زیاتره وه‌ک له‌ناو ئه‌وروپییه‌کاندا. لێبه‌ڵێ ژیانی ڕۆژانه‌ی ئێمه و ئه‌وان پێچه‌وانه‌که‌ی ده‌سه‌لمێنێت. دیاره له هه‌نده‌رانیشدا خه‌ڵکانێک هه‌ن، که بێڕێزیی به سه‌نیۆر و به نه‌خۆش ده‌که‌ن و له ماڵه‌کانی سه‌نیۆراندا ده‌ستدرێژییان ده‌کرێته‌سه‌ر و خراپ مامه‌ڵه ده‌کرێن، لێبه‌ڵێ ئه‌مه ڕووداوێکی ڕێژه‌ییه، زۆرینه‌ی ئه‌وانه‌ی ئه‌م کاره ده‌که‌ن، خه‌ڵکانێکن، که ته‌نها پێویستیان به پاره‌یه، ئیدی ئه‌وان له ماڵێکی سه‌نیۆراندا یان خزمه‌تکردنی سه‌نیۆراندا کاربکه‌ن یان له به‌نزینخانه‌یه‌کدا هه‌ر یه‌ک شته. ئه‌وانه‌ی، که ده‌یانه‌وێت کاری خزمه‌تکردن بکه‌ن، پێویسته وه‌ک ئیدیۆلۆگییه‌ک ته‌ماشای کاره‌که‌یان بکه‌ن نه‌ک وه‌ک ئه‌وه‌ی، که ئه‌وان پێویستیان به پاره‌یه. ئه‌وه‌ی خزمه‌تکردنی مرۆڤ وه‌ک ئیدیۆلۆگییه‌ک ته‌ماشا نه‌کات هه‌رگیز نه‌ک توانای یارمه‌تییدانی مرۆڤێکی بێگانه‌ی نابێت، به‌ڵکوو توانای یارمه‌تییدانی دایک و باوک و خوشک و برای خۆشی نابێت. له‌ناو ئێمه‌دا خزمه‌تکردنی مرۆڤ نه‌بووه‌ته ئیدیۆلۆگیی و پرینسیپێکی مۆڕاڵانه‌ی تاک. خودی ئه‌و تاکانه‌ی ئێمه له هه‌نده‌راندا، که به‌شێکیان ئێستا له ته‌مه‌نی پیرییدان، گاڵته به نه‌وه‌کانی یه‌کتر ده‌که‌ن، که ئێستا کاری خزمه‌تکردنی سه‌نیۆر و به‌ته‌نگه‌وه‌هاتنی سه‌نیۆر و نه‌خۆشه‌کان ده‌که‌ن. ئه‌م پیرانه‌ی ئێمه بۆ گاڵته‌ به نه‌وه‌ی یه‌کترکردن ده‌ڵێن: “کچی فڵان یان کوڕی فڵان قوونی پیره‌ژن و پیره‌مێرد خاوێن ده‌کاته‌وه.”. ئه‌م مرۆڤانه‌ی ئێمه کاتێک ده‌که‌ونه کلینیکه‌کان ئه‌م کچ و کوڕه نازداره ئه‌وروپییانه خزمه‌تیان ده‌که‌ن، لێبه‌ڵێ نه‌ک خۆیان بگره نه‌وه‌کانیشیان ئاماده نین خزمه‌تی مرۆڤی تر بکه‌ن، چونکه به سووکایه‌تیی ده‌زانن. له‌ناو ئه‌وروپییه‌کانیشدا که‌م تا زۆر ئه‌م بیرکردنه‌وه‌یه هه‌یه، لێبه‌ڵێ شیاوی کار تێداکردنه، مرۆڤ له سه‌ره‌تای له‌دایکبوونیه‌وه پێویستی به یارمه‌تیی مرۆڤی تر هه‌یه هه‌تاوه‌کوو بتوانێت چ بژیی و چ خاوێن بژیی.  مرۆڤێکی گه‌ییوو چ بیری ده‌چێته‌وه، که ڕۆژێک له ڕۆژان منداڵ بووه چ بیری ده‌چێته‌وه، که ڕۆژێک له ڕۆژان پێویستی به یارمه‌تیی مرۆڤی تر هه‌بووه هه‌تا خاوێن بژیی. له ته‌مه‌نیی پیرییدا مرۆڤ ده‌گه‌ڕێته‌وه ئه‌و باروودۆخه‌ی، که پێویستی به یارمه‌تییه. دایکێک، به خۆشییه‌وه منداڵه ساواکه‌ی خاوێن ده‌کاته‌وه، لێ تووڕه‌یه له‌وه‌ی، که له ته‌مه‌نی پیرییدا مێرده‌که‌ی خاوێن بکاته‌وه، پیاوێکیش بۆ ژنه‌که‌ی هه‌مانشێوه. نه‌وه کێشه‌یه‌کی سه‌ختتری له‌گه‌ڵ ئه‌م باروودۆخه‌دا هه‌یه، ئه‌وان ئه‌گه‌ر مۆڕاڵانه‌ش ماوه‌یه‌ک مامه‌ڵه بکه‌ن، لێ له‌دوای ماوه‌یه‌کی کورت بێزار ده‌بن. کورد له باشووردا پێویستی به چه‌ندیین ماڵه بۆ سه‌نیۆران، له کۆی هه‌موو شار و شارۆچکه‌کاندا. من چ خۆم و چ باوکی خۆم به نموونه ده‌هێنمه‌وه، چ خۆم و چ خوشک و براکانم و خودی دایکیشم ده‌هێنمه به‌ر کورسی لێپرسینه‌وه‌ی مۆڕاڵ، ئاخۆ ئێمه مۆڕاڵانه مامه‌ڵه‌مان له‌گه‌ڵ باوکی پیر و نه‌خۆشماندا کردووه؟ ئه‌و شه‌وه‌ی، که مرد من له نه‌خۆشخانه لای بووم، یه‌ک دڵۆپ فرمێسک له چاوم نه‌هاته‌ده‌ر، هه‌تاوه‌کوو ئێستاش نازانم بۆچیی؟ له مه‌رگی باوکمدا یه‌کێتیی نیشتیمانیی کوردستان لافیته‌ی بۆ مه‌رگی باوکم هه‌ڵواسیی، خه‌ڵکانێک ده‌هاتن ڕه‌خنه‌یان ده‌گرت و ده‌یانگووت ئه‌و لافیته‌یه لێبکه‌نه‌وه، لێ ڕۆژێک له ڕۆژان یه‌کێک له‌و خه‌ڵکانه جارێک ده‌ستی باوکمیان له سه‌رکه‌وتنی پلیکانه‌یه‌کدا نه‌گرت.

 

24.09.2010

 

وێنه‌ی ده‌یه‌م:

له‌دوای ڕاپه‌ڕیینه‌وه هه‌تاوه‌کوو ئێستا چه‌ندیین که‌سایه‌تیی کورد ماڵئاواییان لێکردووین، به چه‌ندیین کاره‌ساتی دڵته‌زێن چه‌ندیین خه‌ڵکمان له‌کیسداوه، له‌ناو هه‌موو ئه‌مانه‌دا مه‌رگی دوو که‌س جێگایان له‌سه‌ر داناوم. یه‌کێکیان مه‌رگی دوعا له 17.04.2007 دا و ئه‌وی تریان مه‌رگی حه‌مه‌جه‌زای هونه‌رمه‌ند و پێشمه‌رگه‌ له 01.10.2010 دا. ئه‌م دوو مه‌رگه چ وه‌ک کات له دوو کاتی جیاوازدا ڕوویداوه و چ وه‌ک مه‌رگه‌که‌ش دوو مه‌رگی جیاوازن. یه‌کێکیان به غه‌دری مرۆڤایه‌تیی و ئه‌وی تریان به غه‌دری نه‌خۆشیی. دوعام نه‌ناسیوه، لێ ئه‌و به مه‌رگی پێناسی خۆی بۆ جیهان کرد. حه‌مه‌جه‌زام نه‌ناسیوه، لێ ئه‌و به هونه‌ره‌که‌ی پێناسی خۆی لانیکه‌م بۆ کورد کردووه، من یه‌کێکم له‌و کوردانه‌ی، که له ته‌مه‌نی هه‌رزه‌ییمه‌وه هه‌وڵمداوه له‌و خۆناساندنه‌ی حه‌مه‌جه‌زا تێبگه‌م. له‌وانه‌یه تێنه‌گه‌یشتنم له‌و پێناساندنه هه‌تاوه‌کوو ئێستا هۆکارێک بێت بۆ شوێندانانه‌که‌ی حه‌مه‌جه‌زا له‌سه‌ر من. من منداڵێکی خه‌مۆک بووم، هه‌میشه له قوژبنی هۆده‌کانی ماڵدا، له هۆده‌یه‌کی له‌سه‌رخۆ داخراودا، له ژێرزه‌میینێکی له‌سه‌ر خۆ داخراودا حه‌مه‌جه‌زا ده‌یدوانم. له پاڵ حه‌مه‌جه‌زادا من خاوه‌نی دوو هاوڕێی تریش بووم، یه‌کێکیان ناسری ڕه‌زازیی و ئه‌وی تریان نه‌جمه‌دینی غوڵامییه. من حه‌مه‌جه‌زا و ناسرم به پشت و په‌نای وره‌ی خۆم و دامرکاندنه‌وه‌ی ته‌وژمه نێگه‌تیڤه‌کانی ژیانی ڕۆژانه‌م زانیوه، لێبه‌ڵێ نه‌جمه‌دینی غوڵامیی به مامۆستای هه‌ست و هۆشیی نه‌ته‌وه‌ییم. سه‌یره له‌ناو  ئه‌و هه‌موو هونه‌رمه‌ند، شاعیر، نووسه‌ر، سیاسییانه‌دا غوڵامیی له ڕێگای هونه‌ره‌که‌یه‌وه زیاتر وانه‌ی خۆشویستنی نیشتیمانی پێگووتوومه‌ته‌وه. ده‌مه‌وێت له کانگای دڵمه‌وه سووپاسی بکه‌م، سووپاسی ناسری ڕه‌زازیی بکه‌م، فریای سووپاسکردنی حه‌مه‌جه‌زا نه‌که‌وتم، هه‌نووکه هه‌رچییه‌ک بڵێم دره‌نگه، لێ بۆ ڕه‌زازیی و غوڵامیی هێشتا دره‌نگ نییه.

وێڕای ئه‌و هه‌موو که‌مته‌رخه‌مییه‌ی، که له نیشتیمانی ئێمه‌دا ده‌کرێت، لێ خۆشحاڵم به‌وه‌ی، که حه‌مه‌جه‌زای هونه‌رمه‌ند به‌رله مه‌رگی له‌ناو ئه‌و ڕێزه‌دا ژیا، که لانیکه‌م هاوڕێکانی و خه‌ڵکانێک له ده‌وروبه‌ری پێیان ڕه‌وا ده‌بینیی. خه‌ڵکانێک هه‌بوون، که پیشانی هونه‌رمه‌ندیاندا، که ئه‌و شیاوی ئه‌و ڕێز و ستایشه‌یه، که ئێستا لێیده‌گیرێت، هاوڕێکانی له کاتی هاتنیاندا بۆ هه‌نده‌ران به‌سه‌ریان ده‌کرده‌وه، له خه‌می ته‌ندروستیی ئه‌ودا بوون. یه‌کێتیی نیشتیمانیی کوردستان به دڵ و به گیان پێش مه‌رگی هونه‌رمه‌ند به ته‌نگیه‌وه بوون، له خه‌می ته‌ندروستییدا بوون، ئه‌م هه‌سته ته‌نها خودی جوانه‌مه‌رگ حه‌مه‌جه‌زا توانای تێگه‌یشتنی هه‌بووه، باوه‌ڕم نییه، هیچ که‌سێکی دی توانای تێگه‌یشتنی هه‌بێت، ئه‌وه‌ی له‌ده‌ست مرۆڤ بێت وه‌ک ئیندیڤیدووم ته‌نها ئه‌وه‌یه، که بڵێت تێده‌گه‌م، لێ ئه‌م تێده‌گه‌مه ڕاهاتنێکه و هیچی تر، هه‌روه‌کوو چلۆن من له ئازاری نه‌خۆشییه‌که‌ی حه‌مه‌جه‌زا تێنه‌گه‌یشتووم، ته‌‌نها ئه‌وه نه‌بێت، که گووتبێتم ئازاری هه‌یه، تێده‌گه‌م.

مه‌رگی حه‌مه‌جه‌زا بۆ من ئه‌و زه‌نگه‌ بوو، که ڕووداوه‌کان هیچ کاتێکت بۆ ناهێڵنه‌وه فریای گووشینی ده‌ستێک له ته‌وقه‌کردنێکدا بکه‌‌ویت، فریای گووتنی سووپاسێک بکه‌ویت، فریای باوه‌شپێداکردنی دۆستێک بکه‌ویت. بۆ من هیچ شتێک له‌وه جوانتر نه‌بوو، که بۆ سووپاسکردن مامۆستایه‌کی دێریینی خۆم بگرمه باوه‌ش. سه‌فه‌ری پێشووی کوردستانم یه‌کێک له خۆشه‌ویستتریین مامۆستا دێریینه‌کانمی لێ نزیکردمه‌وه، که هاوڕێی خۆشه‌ویست مامۆستا “فه‌ره‌یدوون”م بوو. ئه‌و باوه‌شه‌ی، که من کردم به مامۆستا فه‌ره‌یدووندا بریتیی بوو له‌و سووپاسه‌ی، که من نه‌متوانی دیاریی حه‌مه‌جه‌زای بکه‌م. هه‌موو ئه‌و که‌سانه‌ی، که من باوه‌شی تووندم پێبه‌خشیون، ئه‌و که‌سانه‌ن، که ترسم هه‌بووه چیدی نه‌یانبینمه‌وه و فریای سووپاس بۆ هه‌بوونیان نه‌که‌وم. من هه‌ر له سلێمانیی پێشمه‌رگه‌ی دێریین کاک ئاسۆ عه‌زییزم ناسیی، سکێچی ده‌مووچاوی ئاسۆ عه‌زییز و حه‌مه‌جه‌زا زۆر لێکنزیکن، تۆنی ده‌نگی هه‌ردووکیان زۆر لێکه‌وه نزیکن، کاتێک له کوردساتدا ته‌ماشی ئه‌و دیمانه‌یه‌ی، حه‌مه‌جه‌زام کرد، هه‌ستمده‌کرد، له‌یه‌ککاتدا چ حه‌مه‌جه‌زا و چ ئاسۆ عه‌زییز هه‌ردووکیان ده‌دوێن. ئاسۆ عه‌زییزیش پێش چه‌ند هه‌فته‌یه‌‌ک تووشی نه‌خۆشییه‌کی کتووپڕی دڵهات، ترسم لێنیشت، که نه‌باده ئاسۆش به‌جێمانبهێڵێت و فریای گووتنی سووپاسێک بۆ هه‌بوونی نه‌که‌وم. هه‌ر هه‌مان شه‌و په‌یوه‌ندییه‌کی تێلێفۆنییم له‌گه‌ڵیدا به‌ست بۆ دڵنیاکردنی خۆم. من خاوه‌نی پێناسێکی ترم بۆ مه‌رگ، هه‌رگیز به نێگه‌تیڤی نازانم، هه‌رگیزیش نه ده‌سته‌ڵاتی ئه‌وه‌م هه‌یه نه ویستی ئه‌وه‌م هه‌یه ئه‌و ماف و ئازادییه له که‌سێک بسه‌نمه‌وه. ئێمه بۆیه پێویستمان به مانه‌وه‌ی خه‌ڵکانێکه له ژیاندا چونکه به‌خته‌وه‌رمان ده‌که‌ن، لانیکه‌م سوبیه‌کتیڤانه، که له‌لای من ده‌یانجار نرخه‌که‌ی له پێدانێکی ئۆبیه‌کتیڤانه گه‌وره‌تره. من ئاسۆ عه‌زییزم ده‌وێت له ژیاندا چونکه وه‌ک هاوڕێیه‌ک ڕۆحم به‌خته‌وه‌ر ده‌کات. مه‌رگی حه‌مه‌جه‌زا ئه‌و زه‌نگه‌یه، که ئه‌وه‌نده‌ی فریا ده‌که‌وین ڕۆحی خه‌ڵکیی ئاسووده بکه‌ین، سووپاسی ئه‌وانه بکه‌ین، که له ژیاندا وره‌یه‌ک و مۆتیڤێکیان  پێبه‌خشیوین، که درێژه به کرده‌ی باش و وته‌ی باش بده‌ین. ماڵی یه‌کێتیی نیشتیمانیی کوردستان پڕه له زێڕ، یه‌کێتیی نیشتیمانیی کوردستان باشتره ده‌ست له گه‌ڕان به‌دوای زێڕدا له‌ ده‌ره‌وه‌ی یه‌کێتییدا هه‌ڵبگرێت و ته‌ماشایه‌کی به‌رپێی خۆی بکات. یه‌کێتیی پارتی گه‌له، ئه‌ندامه‌کانیشی خۆیان وه‌ک حه‌مه‌جه‌زا به موڵکی گه‌ل ده‌زانن، ئه‌وانه زێڕن، کاکی پێشمه‌رگه‌ن، پێویستیان به باوه‌شی گه‌رم، ده‌ستی ته‌وقه‌ی گه‌رم و سووپاسی ئێمه‌یه. خه‌ڵاتی هۆ کاکی پێشمه‌رگه هه‌نگاوێکه بۆ سووپاسکردنی ئه‌و که‌سانه‌ی، که له ژیاندا هۆیه‌کیان پێداوین بۆ درێژه‌دان به تێکۆشان و خۆشویستنی نیشتیمان. ئه‌گه‌ر‌چیی سووپاسه‌که‌م به خودی جوانه‌مه‌رگ حه‌مه‌جه‌زای هونه‌رمه‌ند و پێشمه‌رگه نه‌گه‌یشت، لێ به‌هیوام که‌سوکاره‌که‌ی لێموه‌ربگرن.

 

02.10.2010

 

وێنه‌ی یانزده‌هه‌م:

ترس و سڵه‌مینه‌وه پابه‌ندن به ده‌روونناسیی مرۆڤه‌وه، که له‌گه‌ڵ له‌دایکبووندا مرۆڤ ده‌یهێنێته ژیانه‌وه، لێبه‌ڵێ ئاماده‌باشییه‌کیش هه‌یه، که مرۆڤ فێرده‌بێت له هه‌ندێک باروودۆخدا بسڵه‌مێته‌وه، ئه‌م کاردانه‌وه ئیمۆتسیۆناڵییه، که له ڕێگای فێربوونه‌وه تووشی مرۆڤ ده‌بێت، زۆرینه‌یکات مرۆڤ تووشی زیان ده‌کات وه‌ک له‌وه‌ی قازانجی پێبگه‌یه‌نێت. کێشه‌ی سڵه‌مینه‌وه له‌وه‌دایه، که مرۆڤ زۆر زوو فێری ده‌بێت و زۆر دره‌‌نگیش له‌بیری ده‌چێته‌وه یان پێی ته‌رک ده‌کرێت. ئه‌گه‌ر یه‌کێک فێری ئه‌وه‌ بووبێت، که له هه‌ندێک باروودۆخدا بسڵه‌مێته‌وه، ئه‌وا سڵه‌مینه‌وه‌که‌ی خۆی ده‌گه‌یه‌نێت به خه‌ڵکانی ده‌وروبه‌ری خۆیشی. تاکی یه‌که‌م ده‌سڵه‌مێته‌وه، لێ تاکی دووهه‌م، که له تاکی یه‌که‌مه‌وه تووشی ئه‌م سڵه‌مینه‌وه‌یه بووه، له باروودۆخێکی ترسنۆکییدا خۆی ده‌بینێته‌وه به‌م گه‌یاندنه ده‌گووترێت گه‌نه‌ڕالیزیرن „Generalisieren“. ئیدی لێره‌وه تاکی دووهه‌م هه‌رچ شتێک، که له باروودۆخی سڵه‌مینه‌وه‌دا فێر ده‌بێت، زۆر به زوویی وه‌ریده‌گرێت و زۆر به دره‌نگ لێی ده‌رباز ده‌بێت. تاکی دووهه‌م له هه‌ر باروودۆخێکی تردا، که له ئاینده‌دا به‌ره‌وڕووی ده‌بێته‌وه کاردانه‌وه‌یه‌کی ده‌بێت، که پێشتر له باروودۆخی سڵه‌مینه‌وه‌دا فێری بووه و له هه‌ر باروودۆخێکی تری نوێشدا شتی نوێ فێر ده‌بێت و له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌یبات بۆ ئاینده‌ی ژیانی. ئینستیکتیڤانه مرۆڤ له له‌دایکبوونیه‌وه ترس له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌هێنێت، ئامانج تێیدا پاراستنیه‌تی، لێ ترسێکی دێسکروپتیڤانه مرۆڤ له له‌دایکبوونیه‌وه له‌گه‌ڵ خۆیدا  نایهێنێت، به‌ڵکوو له خه‌ڵکانی تری وه‌رده‌گرێت بۆ نموونه له دایک و باوکیه‌وه فێری ئه‌وه ده‌بێت، که بوونه‌وه‌رگه‌لێک هه‌ن وه‌ک خێو و جندۆکه و شه‌وه و …هتد. ئه‌مانه له تارییکییدا ده‌ژیین و منداڵان ده‌ڕفێنن و ده‌یانکووژن. دایکێک له هۆده‌یه‌کدا خواردن ده‌شارێته‌وه و به منداڵه‌کانی ده‌ڵێ: نه‌چنه ئه‌و هۆده‌یه جندۆکه‌ی لێیه. درۆ نه‌که‌ن خوا کوێرتان ده‌کات یان له ئاگری جه‌هه‌ننه‌مدا ده‌تانسووتێنێت، ئه‌وه نه‌که‌یت ده‌نا هه‌ردوو چاوت دێنمه ده‌ره‌وه “تێبینیی: من خۆم ئه‌م وته‌یه‌م (هه‌ردوو چاوت ده‌ردێنم) هه‌تاوه‌کوو ئێستا له مێشکدا ماوه و ده‌شێت هه‌تا ئێستا چه‌ند جارێک له هه‌لومه‌رجی تایبه‌تدا به‌کارمهێنابێت، لێ وه‌ک باوه‌ڕ هیچ ویستێکم له کردنی قسه‌که‌دا نییه، ته‌نها ئه‌وه‌ نه‌بێت ڕاهاتووم له‌گه‌ڵیدا، لێبه‌ڵێ له نائاگاییدا ئه‌م قسه‌یه خاوه‌نی ئامانجه، ئه‌ویش گه‌یشتنه به ویستراوێک”. ئه‌م ترسه دێسکروپتیڤه نێگه‌تیڤه ته‌نها زیان ده‌خاته‌وه، لێ ترسێکی تری دێسکروپتیڤ هه‌یه، که دیسان مرۆڤ فێری ده‌بێت ئه‌ویش ڕیاڵه “ترسی ڕیاڵی دێسکروپتیڤ”  ئه‌میان قازانج به مرۆڤ ده‌گه‌یه‌نێت و ده‌یپارێزێت. بۆ نموونه: ترس له “هه‌وره‌بروسکه، کاره‌با”. خه‌ڵکانی ئاوتۆریتێت وه‌ک مامۆستا، پزیشک، مه‌لا و پیاوه ئایینییه‌کان فاکتۆرێکی به‌هێزن بۆ نانه‌وه‌ی سڵه‌مینه‌وه له خه‌ڵکانی تردا به‌تایبه‌ت له منداڵاندا، به‌شێوه‌یه‌ک، که منداڵان له باروودۆخێکی تایبه‌تدا نازانن بۆچیی که‌وتوونه‌ته ناو سڵه‌مینه‌وه‌یه‌کی ئاوهاوه. ئامانج هه‌میشه خاوه‌نی ئامڕازه به‌بێ سنوردانان بۆ چۆنیه‌تیی جۆره‌که‌ی چ سوبیه‌کتیڤانه و چ ئۆبیه‌کتیڤانه. هه‌موو جوڵانه‌وه‌یه‌ک خاوه‌نی ئامانجه، هه‌موو ترسێک ئامانجێکی هه‌یه، جیاوازیی هه‌یه له‌نێوان ترس و ئامڕازێکدا، که تاک خۆی له ئازادییدا پڕاکتیزه‌ی ده‌کات له‌گه‌ڵ ترس و ئامڕازێکدا، که تاک به یاسایه‌کی هێته‌رۆنۆمییانه پڕاکتیزه‌ی ده‌کات، واته ویستراوی ویستی یه‌کێکی تر. باڵنده‌یه‌ک له باخه‌که‌مدا داده‌چڵه‌کێنم و ده‌ترسێت و ئه‌یداته شه‌قه‌ی باڵ، ئامانج له ترسه‌که‌یدا دوورکه‌وتنه‌وه‌یه له من، که به مه‌ترسییه‌کی ده‌زانێت بۆسه‌ر خۆی. شوێنێکم ده‌خورێت و په‌نجه‌ی بۆ درێژ ده‌که‌م و ده‌یخورێنم، ئامانج له خوراندنه‌که‌دا خوراندنی ئه‌و شوێنه‌یه، که ده‌خورێت، ئه‌میش له‌پێناوی هێوربوونه‌وه‌یه‌کدا یان وه‌رگرتنی خۆشییه‌کدا. پلاتۆن ڕه‌خنه له خوراندن ده‌گرێت چونکه له‌لای ئه‌و ڕاسته خوراندن خۆشیی ده‌گه‌یه‌نێت، لێ خاوه‌نی هیچ کوالیتێتێکی نه‌ریتانه نییه. مرۆڤ پێویسته ئه‌نالیزه‌ی ترس بکات و ئامانجه‌که‌ی ده‌ستنیشان بکات بۆ نموونه: داچڵه‌کینی ئاژه‌ڵێک و ئامانج تێیدا هه‌ڵهاتن و ڕێگاگرتنه له سڵه‌مینه‌وه، شوێنی مرۆڤێک ده‌خورێت و ئامانج تێیدا خوراندنیه‌تی بۆ نموونه کوونی گوێچکه، یان پراکتیزه‌ی سێکی ژنێک له‌گه‌ڵ پیاوێکدا، پیاوه‌که ئامڕازێکه و ئامانج تێیدا خوراندنی ئه‌و شوێنه‌ی ژنه‌که‌یه، که ده‌خورێت. نموونه‌یه‌ک، که ده‌شێت بۆ پیاوان جێگای شۆک بێت، بریتییه له به ئاسترومێنتکردنی پیاو بۆ خوراندنی ژنێک. ڕاستیی ڕاسته‌قینه‌ی، به‌شێکی گه‌وره‌ی پڕاکتیزه‌کردنی سێکسگه‌لێکی ژنان له‌گه‌ڵ پیاواندا له ڕۆمانسیه‌تدا نییه، به‌ڵکوو له‌و هه‌سته‌دایه، که ژنی ناوبراو پێویستی به خوراندنێکه، پیاو لێره‌دا ئه‌و ئاسترومێنته‌یه، ئه‌و ئامڕازه‌یه، که خوراندنی ژنه‌که داده‌مرکێنێته‌وه، که ئه‌مه‌ش به‌خته‌وه‌رکردنی ژنه‌که‌یه نه‌ک پیاوه‌که. هه‌ندێک پیاوی پریمیتیڤ ده‌شێت ئه‌و میکانیزمیه‌ته به سه‌رکه‌وتن بۆ خۆیان بنووسنه‌وه، لێبه‌ڵێ ئه‌و تاڵه‌لۆکه‌پۆشه‌ی، که گوێچکه‌ی چ پێده‌خورێنرێت و چ پێپاکده‌کرێته‌وه چاره‌نووسی هه‌ر فرێدانه، ئامانج له به‌‌کارهێنانی ئه‌ودا خوراندنی کوونی گوێچکه بووه. ئه‌وه‌ی ئاسووده‌یه کوونی گوێچکه‌یه، ئه‌وه‌شی فڕێده‌درێت تاڵه‌لۆکه‌پۆشه‌که‌یه، چونکه هه‌رکات کوونی گوێچکه خورایه‌وه تاڵه‌لۆکه‌پۆشێکی تر هه‌یه بۆ به‌کارهێنان. ده‌شێت زۆرجار له ڕۆژنامه‌گه‌ریی و ئه‌ده‌بی کوردییدا “ئامانج” وه‌ک وشه به‌کارهێنرابێت، لێ شیکردنه‌وه‌ی ئامانج وه‌ک چه‌مک هه‌تاوه‌کوو ئێستا بابه‌تێک نه‌بووه. له ترساندا هه‌وڵی به‌ده‌ستهێنانی سه‌ر‌که‌وتن ده‌درێت، لێ ئه‌م ترسه ده‌شێت به خراپ به‌سه‌ر ئه‌و خه‌ڵکانه‌دا بشکێته‌وه، که هه‌وڵی سه‌رکه‌وتن ده‌ده‌ن، چونکه مه‌رج نییه کردن یان سه‌رکه‌وتن له کارێکدا، که ترس هه‌ڵسوڕێنه‌ری ماتۆڕی سه‌رکه‌وتنیه‌تی، سه‌رکه‌وتن به‌ده‌ست بهێنێت. سه‌رنه‌که‌وتن ده‌بێته هۆی لێکه‌وتنه‌وه‌ی ته‌زین Frust ته‌زینیش ده‌بێته هۆی لێکه‌وتنه‌وه‌ی تووڕه‌بوون. مرۆڤ نیگه‌رانه به‌رانبه‌رئه‌وه‌ی، که ئه‌و شته‌ی پلانی بۆ کردووه به‌ده‌ستی نه‌هێناوه. کێشه‌ی ترس و سڵه‌مینه‌وه ده‌شێت له زۆر شوێندا به‌ره‌وڕوومان بێته‌وه، واته ترس و سڵه‌مینه‌وه جێگایه‌کی تایبه‌ت به خۆیان نییه، به‌ڵکوو ئه‌وان ده‌توانن له هه‌موو جێگایه‌کدا ده‌ربکه‌ون. بۆ نموونه کاتێک په‌یامنێری که‌ناڵێکی تێلێڤیزیۆن مایکرۆفۆنه‌که‌ی له‌به‌رده‌می سیاسییه‌کدا له‌سه‌ر دۆسیه‌ی ڕووداوێکی سیاسیی قووتده‌کاته‌وه، سیاسییه‌که له ترسی وه‌ڵامدانه‌وه هه‌ڵدێت. هه‌ڵهاتن خاوه‌نی ئه‌کتیڤیتێتی جه‌سته‌ییه، ئه‌ویش به ڕۆیشتن ده‌ستپێده‌کات. سیاسییه‌کی تر په‌لاماری په‌یامنێره‌که ده‌دات، دیسانه‌وه ئه‌کتیڤیتێتی جه‌سته‌یی بوونی هه‌یه، سیاسییه‌که ده‌ستده‌وه‌شێنێت. سیاسییه‌کی تر بێجوڵه ده‌مێنێته‌وه، خاوه‌نی هیچ ئه‌کتیڤیتێتێکی جه‌سته‌یی نییه، ئه‌و خۆی وه‌ک مردوویه‌ک قووتده‌کاته‌وه. ئامانج له‌م سێ نموونه‌یه‌دا بریتییه له وه‌ڵام نه‌دانه‌وه، ئامانجی وه‌ڵام نه‌دانه‌وه‌ش بریتییه له ده‌رنه‌خستنی ڕاستیی، ئامانجی ده‌رنه‌خستنی ڕاستییش بریتییه له ڕێگاگرتن له که‌وتنه‌وه‌ی زیان. ئه‌وه‌ی جێگای سه‌رنجه له هه‌موو ئامانجه‌کاندا ئامانجێکی تر بوونی هه‌یه، که هه‌موو پێکه‌وه ده‌بنه ستراکتوری ڕاستییه‌کی ڕاسته‌قینه. میدیای بێهێز ئه‌و میدیایه‌یه، که ته‌نها یه‌ک ئامانج ده‌بینێت، نووسه‌ری بێهێز ئه‌و نووسه‌ره‌یه، که خاوه‌نی شیکردنه‌وه نییه، که له هه‌ر ئامانجێکدا ئامانجێکی دی به‌دی ناکات، که درک به ئاسترۆمێنتکردنی ئامانج بۆ ئامانجێکی تر ناکات.

 

25.09.2010

 

وێنه‌ی دوانزده‌هه‌م:

کێشه‌ی کۆده‌نگیی له بیرکردنه‌وه‌ی گرووپ یان کۆدا یه‌کێکه له‌و کێشانه‌ی، که کۆمه‌ڵگای ئێمه له‌دوای ڕاپه‌ڕیینه‌وه به‌ده‌ستیه‌وه ده‌ناڵێنێت. له‌دوای ڕاپه‌ڕیینه‌وه هه‌تاوه‌کوو ئێستا هیچ کامێک له ئێمه کاری له‌وه‌دا نه‌کردووه، که زانستیانه کێشه‌ی کۆده‌نگیی له بیرکردنه‌وه‌ی گرووپدا بۆ کۆمه‌ڵ شیبکاته‌وه. له‌دوای ڕاپه‌ڕیینه‌وه هه‌تاوه‌کوو ئێستا زۆر له تاکه‌کانی ئێمه له‌لایه‌ن سوێندخۆرانی بیرکردنه‌وه‌ی گرووپه‌وه تاوانبارکراون به بکووژ، دز، ناپاکی نیشتیمانیی، گه‌نده‌ڵ …هتد. پێشتر له ڕوونکردنه‌وه‌یه‌کی سۆسیال پسیشۆلۆگییدا قسه‌م له‌سه‌ر ئێکسپه‌ریمێنته‌که‌ی ساله‌مۆن ئاش کرد، هه‌نووکه ده‌مه‌وێت قسه‌ له‌سه‌ر فیلمی دوانزده سوێندخۆره‌که “Twelve Angry Men” بکه‌م، که ساڵی 1957 له ئه‌مێریکا به‌رهه‌مهێنراوه. ئه‌م فیلمه ده‌شێت له‌ناو ئێمه‌دا نه‌ناسراو و نامۆبێت، لێبه‌ڵێ له ئه‌وروپادا یه‌کێکه له‌و فیلمانه‌ی، که چه‌نده‌ها لێکۆڵینه‌وه‌ی فه‌لسه‌فیی و ده‌روونناسیی له‌سه‌ر کراوه. ده‌‌کرێت ئێمه‌ش سوودێکی زۆری لێببینین و له ڕێگایه‌وه فێربین، که هه‌میشه تێکۆشان له‌پێناوی ڕاستیی ڕاسته‌قینه‌دایه، نه‌ک ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌ی، که به کۆده‌نگیی ده‌کرێته ڕاستیی. له فیلمی دوانزده سوێندخۆره‌که‌دا، کوڕێکی هه‌ژده ساڵ به تاوانی کووشتنی باوکی ڕاپێچی به‌رده‌م دادگا کراوه و هه‌موو چاوه‌ڕوانی ده‌رچوونی سزادانی کووشتن بۆ کوڕه هه‌ژده ساڵه‌که ده‌که‌ن. له‌دوای هه‌شت دانیشتن دوانزده سوێندخۆر له هۆده‌‌یه‌کدا کۆبوونه‌وه له‌سه‌ر بڕیاردان بۆ تاوانبارکردنی کوڕه هه‌ژده ساڵانه‌که ده‌که‌ن. سوێندخۆره‌کان به ژماره ناوده‌نرێن، سوێندخۆری ژماره هه‌شت ئه‌و که‌سه‌یه، که دژ به یانزده سوێندخۆره‌که‌ی تر ده‌نگ بۆ بێتاوانیی کوڕه هه‌ژده ساڵه‌که ده‌دات. له سه‌ره‌تا‌دا قسه‌که‌ری سوێندخۆره‌کان ده‌ڵێ: ئێمه لێره‌دا کۆبووینه‌ته‌وه هه‌تاوه‌کوو بڕیاربده‌ین بۆ تاوانبارکردنی کوڕه‌ هه‌ژده ساڵانه‌که، لێ ده‌شتوانین سه‌ره‌تا گفتووگۆ بکه‌ین ئه‌وسا بڕیاربده‌ین، ده‌شتوانین خێرا بڕیاربده‌ین و کۆتایی به دانیشتنه‌که‌مان بهێنین. قسه‌که‌ر ده‌یه‌وێت بڕیاره‌که بکاته بڕیارێکی دیموکراتانه له ئه‌تمۆسفێره‌یه‌کدا، که هه‌ریه‌ک له دوانزده سوێندخۆره‌که ئازادانه چ قسه‌ی خۆیان بکه‌ن چ بڕیار بده‌ن. له سه‌ره‌تادا به‌شێکی زۆریان ده‌ست هه‌ڵده‌بڕن بۆ ده‌نگدان به تاوانبارکردنی کوڕه‌که، پیره‌مێردێک ته‌ماشای ده‌نگده‌ران ده‌کات به جوڵه‌ی ده‌ستی و ڕووخسارییدا دیاره، که دڵنیا نییه چیی بکات، پاشان ده‌چێته ژێرکاریگه‌رێتیی ئه‌وانی تره‌وه و ده‌ست هه‌ڵده‌بڕێت بۆ ده‌نگدان به تاوانبارکردن. یانزده که‌س ده‌نگده‌ده‌ن به تاوانبارکردنی کوڕه‌که و یه‌ک که‌سیش ده‌نگ ده‌دات به بێتاوان. هه‌موو سه‌رسام ده‌بن به سوێندخۆری ژماره هه‌شت، یه‌کێکیان ده‌ڵێ: هه‌میشه ده‌بێت یه‌کێک قووتبێته‌وه، که دژه ده‌نگ بێت. یانزده سوێندخۆره‌که پرسیار له سوێندخۆری ژماره هه‌شت ده‌که‌ن و ده‌ڵێن: بۆچیی پێتوایه، که ئه‌و کوڕه بێتاوانه؟ له وه‌ڵامدا ده‌ڵێ: په‌یوه‌ندیی به هه‌سته‌وه هه‌یه، ئه‌و کوڕه ژیانێکی سه‌ختی هه‌بووه و پێموایه پێویسته سه‌ره‌تا قسه له‌سه‌ر کێشه‌که بکه‌ین نه‌ک ڕاسته‌وخۆ بڕیار بۆ تاوانبارکردنی ده‌ربکه‌ین. سوێندخۆری ژماره هه‌شت باوه‌ڕ به‌وانی تر ده‌هێنێت، که قسه‌ بکه‌ن، ئیدی به سه‌ره‌ هه‌ریه‌که کۆمێنتاری خۆی له‌سه‌ر بڕیاره‌که‌ی پێشکه‌ش ده‌کات. قسه‌که‌ری یه‌که‌م ده‌ڵێ: بۆیه ده‌نگ به تاوانبارکردن ده‌ده‌م، چونکه کوڕه‌که تاوانباره. قسه‌که‌ری دووهه‌م به ئارگۆمێنتی شایه‌تحاڵیی دراوسێکان کوڕه‌که تاوانبار ده‌کات. ئه‌وی سێهه‌م، له‌سه‌ر ئه‌و قسانه‌ی، که کوڕه‌که داویه‌تی به پۆلیس، گوایه ئه‌و له سینه‌ما بووه و بیریشی نییه ته‌ماشای چ فیلمێکی کردووه. ک‌ێشه‌ی سوێندخۆره‌کان به هۆی هه‌بوونی پیشه‌ی جیاوازه‌وه ئه‌وه‌یه، که کاتیان نییه بۆ قسه‌کردن، هه‌موو ده‌یانه‌وێت زوو کوڕه تاوانباربکه‌ن و بڕۆن. یه‌کێکیان ده‌یه‌وێت ئێواره ته‌ماشای یاریی به‌یسبۆڵ بکات و دره‌نگ نه‌که‌وێت. سوێندخۆری ژماره هه‌شت ده‌ڵێ: پێویسته قسه‌بکه‌ین ئه‌وسا بڕیاربده‌ین، ئه‌وانی تر ناچار ده‌بن قسه بکه‌ن. ئه‌م دوانزده سوێندخۆره، که هه‌موویان پیاون له به‌‌شێکی زۆریاندا ڕق به‌رانبه‌ر به منداڵ به‌دی ده‌کرێت، یه‌کێکیان کوڕه‌که‌ی به ته‌مه‌نی شانزده ساڵیی لێیداوه، دوای ڕۆیشتنی کوڕه ئێستا دوو ساڵه نه‌یبینیوه، هه‌ندێکیان ده‌ڵێن: منداڵی ئه‌م ڕۆژگاره کوا ڕێز له باوک ده‌گرێت. پیرێکیان ئاره‌زووی قسه‌ی نامێنێت و ده‌یه‌وێت کۆتایی به کۆبوونه‌وه‌که بێت و کوڕه‌که تاوانبار بکه‌ن. پاشان سوێندخۆری ژماره هه‌شت پێشنیارێک ده‌کات، که جارێکی تر ده‌نگ بدرێته‌وه، لێ ئه‌مجاره‌یان به نووسیین و که‌سیش ناوی خۆی له‌سه‌ر نه‌نووسێت. سوێندخۆره‌که “ژماره هه‌شت” ده‌ڵێ: من ده‌نگ ناده‌م چونکه من دژم، لێ له‌و یانزده‌یه‌تان ئه‌گه‌ر هاتوو یه‌ک که‌ستان ده‌نگ بدات به بێتاوان، ئه‌وا پێویسته سه‌رله‌نوێ قسه‌ بکه‌ینه‌وه. پاش ده‌نگدان به نهێنیی، که‌سێکی تریش ده‌نگ ده‌دات به بێتاوان، ئیدی پێویسته درێژه به قسه‌کردن بده‌ن. یه‌کێکیان تووڕه ده‌بێت و که‌سێکی تر تاوانبار ده‌کات به‌وه‌ی، که ئه‌و به نهێنیی ده‌نگی به بێتاوان داوه، چونکه له سه‌ره‌تای کۆبوونه‌وه‌که‌دا نه‌یوست قسه‌ بکات، ده‌بێت به شه‌ڕیان و پاشان ئه‌و پیره‌ی، که سه‌ره‌تا دوودڵ بوو و له‌ژێر کاریگه‌رێتیی ئه‌وانی تردا ده‌نگی به تاوانبارکردن دا، ده‌ڵێ: من ده‌نگمداوه به بێتاوان، من پێموایه، که سوێندخۆری ژماره 8 ڕاستده‌کات، ئێمه پێویسته قسه بکه‌ین و له ڕێگای فاکت و ئارگۆمێنته‌وه ڕاستیی بدۆزینه‌وه، سوێندخۆری ژماره هه‌شت ناڵێت ئه‌و کوڕه بێتاوانه، به‌ڵکوو ده‌ڵێ: نازانم، نازانمیش ڕاستیی نییه، که‌واته ئه‌و ده‌یه‌وێت له ڕێگای زانینه‌وه بگه‌ین به ڕاستیی، ڕاستییه‌ک، که ئه‌و کوڕه هه‌ژده ساڵه یان تێیدا تاوانباره یان بێتاوان. له‌دوای ڕاپه‌ڕیینه‌وه هه‌تاوه‌کوو ئێستا به به‌رده‌وامیی، ئێمه به‌شێکی گه‌وره‌مان له‌ژێر کاریگه‌رێتیی سۆسیال پسیشۆلۆگییدا خه‌ڵکانێک تاوانبار ده‌که‌ین، به‌بێئه‌وه‌ی که‌سمان ئاماده‌ی گفتووگۆکردن بین. سوێندخۆرێکمان تێدا هه‌ڵنه‌که‌وتووه، که دژ به سوێندخۆره‌کانی ترمان هه‌ڵبستێته‌سه‌رپێ و بڵێ: بۆ تاوانبارکردنی که‌سێک پێویستمان به فاکته. سوێندخۆرێکمان تێدا هه‌ڵنه‌که‌وتووه پێشنیارێکمان بۆ بکات، که تێیدا ئه‌نۆنیم “نه‌ناسراو” ده‌نگ بده‌ین بۆ تاوانبار یان بێتاوان. به‌شێکی گه‌وره‌ی تاکی ئێمه خاوه‌نی که‌ڕاکته‌رێکی لاواز، ویست لاواز، ستراکتوری که‌سایه‌تیی لاوازن، به‌رده‌وام له‌ژێر کاریگه‌رێتیی کۆده‌نگییدا ده‌نگ ده‌ده‌ن به هه‌ڵه‌یه‌ک، که لایان وایه ڕاستیی ڕاسته‌قینه‌یه. له‌دوای ڕاپه‌ڕیینه‌وه هه‌تاوه‌کوو ئێستا چه‌ندیین هه‌ڵه‌ی سیاسییمان کردووه، که زیانی به نیشتیمانه‌که‌مان گه‌یاندووه، هه‌مووشی له ئه‌نجامی نه‌بوونی کات و هه‌ڵسه‌نگاندنێکی هه‌ڵه و کۆده‌نگییدا بووه. بڕیاری کۆبوونه‌وه سیاسییه‌کانی سیاسیی و پارته‌کانی ئێمه، هاوشێوه‌ی پلانه‌که‌ی نیکسۆنن. “نیکسۆن، Nixon” پلانه‌که‌ی له‌ژێر جه‌ختی CIA دا سه‌پاند به‌سه‌ر که‌نه‌دییدا بۆ لێدانی کووبا. له ئه‌پڕیڵی ساڵی 1961 دا 1500 ڕه‌وه‌ندی کووبایی به پشتیوانیی نهێنیی سووپای ئه‌مێریکا ده‌نێردرێنه‌وه بۆ کووبا بۆ لێدانی کووبا. ئه‌م پلانه له‌گه‌ڵ پڕاکتیزه‌کردنیدا شکست ده‌هێنێت و چوار که‌شتیی سه‌ربازیی به‌دوایدا ده‌نێرن بۆ هاوکارییکردنیان، که‌شتییه‌کان نه‌ک ڕێگایان نابێت، که بگه‌نه که‌نار بگره دوانیشیان نقوومده‌کرێت. هۆکاری سه‌رنه‌که‌وتنی پلانه سیاسییه‌کانی حکومه‌ت و پارته‌کانی ئێمه‌ش بریتییه له که‌میی گفتووگۆکردن، کات، یه‌ک نه‌بوون به فاکت و ئارگۆمێنت له‌سه‌ر ده‌رکردنی بڕیارێک.

 

27.09.2010

 

وێنه‌ی سیانزده‌هه‌م:

ڕاستیی خزمه‌ت به دادپه‌روه‌ریی ده‌کات، کاره‌سات له تێکۆشان له‌پێناوی دادپه‌روه‌رییدا ئه‌وه‌یه، که هه‌میشه به ناوی دادپه‌روه‌رییه‌وه ڕاستیی ده‌شێوێنرێت، هه‌میشه به‌ ناوی ڕاستییه‌وه دادپه‌روه‌ریی ده‌شێوێنرێت.  په‌یوه‌ندیی هه‌ندێک تاکی ئێمه به ڕیالیتێته‌وه هه‌میشه ده‌چێته ژێر نیشانه‌ی پرسیاره‌وه. ئێمه به‌رده‌وام له بیرکردنه‌وه‌داین، به‌رده‌وام دڵنیا نین، که ئاخۆ کام له دۆنکیشۆت Don Quijote و سانشۆ پانزا Sancho Panza زیاتر پابه‌ندن به ڕیالیتێته‌وه، دۆنکیشۆت، که به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ دوژمنه نزیکه‌کانیدا “ئاشی با” ده‌جه‌نگیی یان هاوڕێ دڵسۆزه‌که‌ی سانشۆ پانزا، که تارماییه‌کانی مێشکی سه‌رداره‌که‌ی په‌سه‌ند ده‌کرد، هه‌تاوه‌کوو مرۆڤه‌کانی ده‌وروبه‌ری بپارێزێت. ڕاستیی هه‌رگیز خزمه‌ت به تارمایی و به پێوابوون ناکات، چونکه هه‌میشه له ڕێگای ئه‌م تارمایی و پێوابوونه‌وه، مرۆڤ پێیوایه، که ڕاست ده‌کات، پێیوایه، که ئه‌و ڕاستیی دۆزیوه‌ته‌وه و له ڕێگایه‌وه ده‌یه‌وێت خزمه‌ت به دادپه‌روه‌ریی بکات. لێبه‌ڵێ ئه‌م ڕاستییه هیچ جیاوازیی نییه له‌گه‌ڵ ئه‌و ڕاستییه‌دا، که پیره‌مێرده‌که‌ی قاتی خواره‌وه‌ی (دوانزده سوێندخۆره‌که، The Twelve Angry Men) گوێی لێیه، که گه‌نجه هه‌ژده ساڵه‌که به باوکی ده‌ڵێ: ده‌تکووژم، پاشان ته‌په‌ی که‌وتنه‌ خواره‌وه‌ی جه‌سته‌ی باوکی گه‌نجه‌که دێت، پیره‌مێرده‌که له جێگای خه‌وه‌که‌یه‌وه له ماوه‌ی دوانزده چرکه‌دا ژووری نووستن به‌جێده‌هێڵێت به مه‌مه‌ڕه‌که‌دا تێده‌په‌ڕێت ده‌رگای ئاپارتمه‌نه‌که‌ی ده‌کاته‌وه و گه‌نجه‌که ده‌بینێت به پلیکانه‌کاندا ڕاده‌کاته خواره‌وه. سه‌یره پیره‌مێردێکی حه‌فتا و شه‌ش ساڵه، که هێنده نابێت سه‌کته‌یه‌کی دڵ لێیداوه ئه‌وه‌نده گورج بێت له ماوه‌ی دوانزده چرکه‌دا نزیکه‌ی شانزده‌مه‌تر به‌پێ ببڕێت. تێڕوانینی هه‌ندێک تاکی ئێمه بۆ ڕاستیی وه‌ک تێزه‌کانی ئه‌م پیره‌مێرده و خێرایی ڕۆیشتنه‌که‌ی وه‌هایه. له‌ ڕاپه‌ڕیینه‌وه هه‌تا ئێستا نۆزده ساڵمان تێپه‌ڕاندووه، ئێمه‌ی کورد له باشووردا له ڕاپه‌ڕیینه‌وه ته‌نها یه‌ک نه‌وه‌مان خستۆته‌وه، گوومانێکی گه‌وره‌م هه‌یه ئه‌گه‌ر بێتو له‌ناو ئه‌‌م نه‌وه‌یه‌دا نه‌خوێنده‌وارمان هه‌بێت. پیره‌مێرده‌ شایه‌ته‌که‌ی دوانزده سوێندخۆره‌که، مرۆڤێکی به‌ته‌نها به‌جێماوه، که‌س نییه گفتووگۆی له‌گه‌ڵ بکات، که‌س به ڕاست وه‌ریناگرێت، دادگایه‌ک بانگی ده‌کات بۆ شایه‌تیی، ئیدی ئه‌مه باشتریین شانسی ئه‌وه، که تێیدا ئێکسیستێنسی خۆی بسه‌لمێنێت و به گرنگ خۆی به خه‌ڵکیی بناسێنێت، ئیدی بۆ ئه‌و هیچ گرنگ نییه، ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌ی، که ئه‌و به ڕاستیی به دادگای ده‌دات، به‌هۆیه‌وه گه‌نجێکی هه‌ژده ساڵ به تاوانی کووشتنی باوکی ڕاپێچی به‌رده‌م دادگا ده‌کرێت، له دادگادا ڕۆژ به ڕۆژ له کورسیی مه‌رگ زیاتر نزیکده‌بێته‌وه. سێرڤانتێس ساڤێدرا Cervantes Saavedraله پێشکه‌ی دۆنکیشۆتدا ده‌نووسێت: “هه‌موو یه‌کێک له چوار دیواره‌که‌ی خۆیدا زیره‌کتریینه”. Don Quixote von la Mancha. Cervantes Saavedra, übersetzt von Ludwig Tieck, S. 9

ئه‌گه‌ر دۆنکیشۆت منداڵی مێشکی سێرڤانتێس بێت وه‌ک له پێشه‌کییه‌که‌یدا باسیده‌کات، ئه‌وا هه‌میشه دادپه‌روه‌ریی منداڵی ڕاستییه، ئه‌وانه‌شی وه‌جاخیان کوێره هه‌رگیز نه‌وه ناخه‌نه‌وه، لێبه‌ڵێ به‌رده‌وام به ناوی ڕاستییه‌وه هه‌وڵی پارێزگارییکردنی دادپه‌روه‌ریی ده‌ده‌ن. پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه، که ئاخۆ ئه‌مجۆره خه‌ڵکانه ده‌یانه‌وێت به چیی بگه‌ن؟ لودڤیگ ڤیتگنشتاین له په‌ره‌گرافی 4.06ی تراکتوس لۆگیکۆ فیلۆسۆفیکوسدا ده‌نووسێت: “ته‌نها له‌و ڕێگایه‌وه ڕسته‌یه‌ک ده‌توانێت ڕاست یان هه‌ڵه بێت، که ئه‌و تێیدا وێنه‌یه‌کی فاکت بێت”. ئێمه‌ی کورد، که خاوه‌نی ڕێژه‌یه‌کی گه‌وره‌ی مرۆڤی نه‌خوێنده‌وارین، هۆکاره‌که‌ی ناگه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌رده‌می ڕاپه‌ڕیین، به‌ڵکوو ڕاستیی ئه‌م کێشه‌یه زۆر له‌وه دوورتر ده‌مانگه‌ڕێنێته‌وه بۆ مێژوو، که ئێمه وه‌ک کورد خاوه‌نی گایستێکی به‌هێزی زانیین نه‌بووین وه‌ک یۆنانییه کۆنه‌کان، وه‌ک گه‌رمانه‌کان، وه‌‌ک فه‌ڕه‌نسییه‌کان، وه‌ک ئینگلیز … هتد. به‌ده‌ر له توانای نووسیین و خوێندنه‌وه بۆ من خوێنده‌واریی وه‌ک لابرینێتێک وه‌هایه تۆ له‌ لایه‌که‌وه دێیت و شاره‌زایت، لێبه‌ڵێ له‌ لایه‌کی تره‌وه دێیته‌وه سه‌ر هه‌مان شوێن، که چیدی تێیدا شاره‌زا نیت. له هه‌ناوی ئه‌م باسه‌دا ده‌ڵێم: فه‌لسه‌فه په‌یوه‌ندیی به کاته‌وه نییه، لانیکه‌‌م کاتی به‌دوای یه‌کداهاتوو، به‌ڵکوو ئه‌و ڕاسته‌وخۆ ده‌چێته‌سه‌ر شت، ڕووداو، فاکتۆر … هتد. ئالێره‌دا به‌هۆی ئه‌و فاکتۆرانه‌وه، که ئێمه به گشتیی له‌دوای ڕاپه‌ڕیینه‌وه وه‌ک پێویست به ته‌نگیه‌وه نه‌چووین، چ شتێک گه‌ره‌نتیی به کورد له باشووردا ده‌دات، که خۆی به ده‌ستی خۆی، خۆی له‌ناونه‌بات؟ کورد تاکه نه‌ته‌وه نییه، که خاوه‌نی مرۆڤی نه‌خوێنده‌وار بێت، ئه‌مه یه‌که‌مجاریش نییه، که ئینستیتوتێک پشکنینی نه‌خوێنده‌واریی له وڵاتێکدا بکات، به‌ڵکوو ده‌کرێت بڵێین، که یه‌که‌مجاره له ئێراکدا بکرێت. ئه‌و پرۆگرامه‌ی ناونراوه  ڕۆژی ئه‌لفابێتیزه‌‌ی جیهان Weltalphabetisierungstag ساڵانه له 8ی سێپتێمبه‌ردا کاره‌کانی پراکتیزه ده‌کات، که ئیمساڵ ئێراکیشی گرته‌وه. به‌پێی ئاماره‌کانی ئیمساڵی ڕۆژی ئه‌لفابێتیزه‌ی جیهان 760 میلیۆن مرۆڤ له جیهاندا هه‌ن، که ناتوانن بخوێننه‌وه و بنووسن. ئه‌ڵمانیایه‌کی گه‌وره و گران چوار میلیۆن خه‌ڵکی نه‌خوێنده‌واری هه‌یه، که توانای نووسیین و خوێندنه‌وه‌یان نییه. ئه‌م چوار میلیۆنه‌ش به‌رهه‌می نۆزده ساڵی ڕابوورد نین، هی چل ساڵی ڕابوورد نین. ژماره‌ی ئه‌و قووتابخانانه‌ی، که له سه‌رده‌می ده‌سته‌ڵاتی کوردییدا دروستکراوه زیاتره وه‌ک له‌وه‌ی، که به‌عس به‌رهه‌می هێناوه، ژماره‌ی ئه‌و زانکۆیانه‌ی، که ده‌سته‌ڵاتی کوردیی به‌رهه‌می هێناوه زیاتره وه‌ک له‌وه‌ی، که به‌عس به‌رهه‌می هێناوه. بیهێننه به‌رچاوی خۆتان قۆناغی گه‌شه‌ی ده‌روونیی تاکی کورد شه‌مه‌نده‌نه‌فه‌رێکه، گریمان نۆزده ساڵی ڕابوورد نۆزده چرکه‌یه و نووسه‌رێکی چاو کزیش له‌ودیوو شووشه‌ی په‌نجه‌ره‌که‌یه‌وه له تاریک و ڕوونی ئێواره‌یه‌کدا له‌سه‌ر جێگاکه‌یه‌وه ته‌ماشای ڕوودانی تاوانێک ده‌کات، ئه‌و تاوانه‌ش بریتییه له خستنه‌وه‌ی نه‌خوێنده‌واریی. تاوان لێکراو له که‌ناری هێڵی شه‌مه‌نده‌نه‌فه‌ره‌که ڕاوه‌ستاوه له‌گه‌ڵ گه‌یشتنی فارغۆنی یه‌که‌مدا نووسه‌ره چاوکزه‌که ده‌گه‌ڕێت بۆ چاویلکه‌که‌ی هه‌تاوه‌کوو باشتر ڕووداوه‌که ببینێت، کاتێک دواهه‌میین فارغۆن تێده‌په‌ڕێت، چاویلکه‌که‌ی ده‌کاته چاو، نۆزده چرکه تێپه‌ڕیوه، ده‌بینێت تاوانلێکراو له که‌ناری هێڵی شه‌مه‌نده نه‌فه‌ره‌که‌وه به‌رده‌بێته‌خواره‌‌وه، له پشتیشیه‌وه حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ڕاوه‌ستاوه. بۆ ڕۆژی ئاینده داوایه‌ک له‌سه‌ر حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان بۆ دادگا به‌رز ده‌کاته‌وه و ده‌ڵێ: به‌م چاوانه‌ی خۆم بینیم، که حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان خوێنده‌واریی کووشت.

 

12.10.2010

 

وێنه‌ی چوارده‌هه‌م:

ئێستێتیکی به‌د له ئه‌ده‌بی مۆدێرندا هه‌تاوه‌کوو بێت بایه‌خی چ زیاتری پێده‌درێت و چ هێنده‌ی که‌ڕاکته‌ره باشه‌کاره‌کان و پاڵه‌وانه‌کان چ له‌لای نووسه‌ر و چ له‌لای خوێنه‌ریش گرنگه. به‌دکاران وه‌ک جاران خه‌ڵکانێکی ناشیرین و قێزه‌ون نین، به‌ڵکوو چ جوانن و چ ستایلیشیان هه‌میشه جێگای ڕاکێشانی سه‌رنجی خوێنه‌ر و بینه‌ره. له به‌رهه‌مه سینه‌مایی و سێرییه‌کانی “تی ڤی”دا بینه‌ر به‌شێوه‌ی ئاشقبوون ده‌چێته ژێرکاریگه‌رێتیی به‌دکارانه‌وه. گه‌نج له هه‌نده‌راندا به ڕێژه لاسایی ستایلی به‌دکاران ده‌که‌نه‌وه، وه‌ک ئه‌وان ڕێکپۆشده‌بن، وه‌ک ئه‌وان ئه‌رۆگانتن “لوتبه‌رز’، وه‌ک ئه‌وان تووڕه‌ و به‌دکارن. هه‌نووکه به‌پێچه‌وانه‌ی فریدریش هێگڵه‌وه به‌دکار به‌شێکی گرنگی ئه‌ده‌ب و هونه‌ره. هێگڵ پێیوابوو، که به‌دکار له هونه‌ردا جێگای نابێته‌وه، به‌دکار سه‌ر ساف و بێ ناوه‌ڕۆکه. له ئه‌ده‌بی مۆدێرندا ئه‌وه‌ی به‌دکار له‌کیسیداوه که‌ڕاکته‌ره‌که‌ی نییه، به‌ڵکوو جه‌سته و ستایلیه‌تی. ئه‌وه‌ی به‌ده‌ستیهێناوه بریتییه له فیگوورێکی که‌شخه‌تر، وه‌رزشکارتر، جوانتر. ئه‌و به‌رگه‌ی به‌دکار له ئه‌ده‌بی نوێدا ده‌یپۆشێت جوانتره له به‌رگی پاڵه‌وانه‌کان، به‌دکار ته‌خته‌ی شانۆی ئه‌ده‌بی نوێی چۆڵنه‌کردووه، به‌ڵکوو گۆڕیویه‌تی. ئه‌وه‌ی جۆرێکی تره، نامۆیه به ئێمه، بریتییه له به‌شێک له ئێمه، ئه‌وه‌ی وه‌هایکردووه، که ئه‌و چ نامۆبێت به ئێمه و چ جۆرێکی تریش بێت ته‌نها تێڕوانینه‌کانی خۆمانه، چونکه ئه‌و نامۆبوون و جۆرێکی تره به‌شێکه له ئێمه، دیوه‌ تارییکه‌که‌ی خۆمانه. ئه‌وه‌ی مرۆڤ ده‌یشارێته‌وه تارییکییه نه‌ک ڕووناکیی، مرۆڤ شانازیی به هه‌موو تیشکێکی خۆیه‌وه ده‌کات و هه‌تا بۆشیبکرێت تارییکییه‌کانی خۆی ده‌شارێته‌وه، له قوڵایی هه‌ناوی خۆیدا. به‌دکار له ئه‌ده‌بی مۆدێرندا هه‌وڵێکه بۆ ئاشناکردنی دیوه‌ تارییکه‌کانی مرۆڤ. دیوێکی تارییک به چاکه‌ت و پانتۆڵ و بۆینباخی ئاوریشم و به پێڵاوی بریسکه‌داری ئیتالییه‌وه. سه‌رده‌می قاچی ئه‌سپینه، مینۆتاورۆس و شاخدار له مێژه تێپه‌ڕیوه، هه‌نووکه به‌د، خراپه‌کار پیره‌ژن یان پیره‌مێردێکی بێوه‌یه، شۆخه‌ژنێکی دڵڕفێنه، یان شۆخه‌پیاوێکی بێ وێنه‌یه. سه‌ده‌ی بیست وه‌ک باڕباڕتریین سه‌ده‌ی خوێنینی مرۆڤایه‌تیی، به‌د‌کاریی هێنایه قۆناغێکی تره‌وه، ناسیۆناڵ سۆسیالیسته‌کانی ئه‌ڵمانیا دیمێنسیۆنێکی نوێیان هێنایه کایه‌وه، که له ئه‌ده‌بدا کێشه‌ی په‌یڤی نایه‌وه. ئه‌دۆرنۆ ده‌رهه‌ق به کاره‌ساتی ئاوشڤیتس ده‌ڵێ: کاره‌ساتێکی باڕباڕیانه بوو. ئیدی لێره‌وه به‌دکار پێده‌نێته قۆناغێکی نوێ و ئێستێتیزیره‌ی خۆیه‌وه. له‌وکاته‌وه هه‌تا ئێستا به‌دیی نه‌ک سه‌رنجڕاکێشانی خۆی له‌کیس نه‌دا، به‌ڵکوو هه‌تا بێت هه‌وڵی گرتنه‌وه‌ی جێگای باشه ده‌دات، به‌وه‌ی، که جیاوازیی نێوان خۆی و باشه ناهێڵێت. نیشتیمانی ئێمه بۆ ئه‌م هه‌وڵدانه ئیدیاڵتریین نموونه‌ی ئاکتوێله. به‌د به‌شێوه‌یه‌ک جێگای باشه‌ی گرتۆته‌وه، که جیاکردنه‌وه‌یان له‌ یه‌کتریی چووه‌ته خانه‌ی مه‌حاڵه‌وه. به‌د چیدی به ئاشکرا چه‌کدار نییه، به‌ڵکوو چنگه‌کانی له پێنووس و په‌ڕتووک گیرکردووه، که ده‌یبینیت ده‌ست به سنگه‌وه ده‌گریت بۆی. به‌یانیان تووند ده‌سته‌کانت له ده‌ستیدا بۆ ته‌وقه‌کردن ده‌گووشێت و ئێوارانیش هه‌جووی خۆت و مێژوو و که‌سایه‌تییت ده‌کات. بۆ سبه‌ینێ تۆ پیرۆزبایی نوێتریین شاکاری لێده‌که‌یت، ئه‌و هێشتا نووکی په‌نجه‌کانی گه‌رمی داگرتنی دوگمه‌ی کیبۆرده‌که‌یه‌تی. به‌د چیدی به پێنووس نانووسێت، به‌ڵکوو به کیبۆرد، ئه‌مه‌ش به‌شێکی نوێی ئێستێتیزه‌ی خۆیه‌تی. به‌د چیدی به کڵاو و جامانه‌وه هێرش ناکاته‌سه‌رت، به‌ڵکوو به قاتێ چاکه‌ت و پانتۆڵی ئیتالییه‌وه، له‌بری تفه‌نگ نێتبووکێکی پێیه.  به‌د ئێستا له‌بری بنکه‌یه‌کی سه‌ربازیی خاوه‌نی کۆمپانیای چاپه‌مه‌نییه، ڕه‌بایه‌ی نییه، به‌ڵکوو خاوه‌نی سایت و ڕۆژنامه‌یه. ته‌قینه‌وه له بازاڕه‌کاندا ناکات، به‌ڵکوو هه‌رای سیاسیی، ده‌روونیی و کۆمه‌ڵایه‌تیی ده‌نێته‌وه. ئه‌گه‌ر به‌د بێته سه‌ر ڕێگامان و لێیبپرسین تۆ کێیت؟ له وه‌ڵامدا ده‌ڵێ: من باشه‌‌یه‌کی باشترم. هه‌روه‌کوو چلۆن مرۆڤ ڕه‌نگ، ژماره، چێژ له تێگه‌یشتنیدا سوبیه‌کتیڤانه وه‌رده‌گرێت، ئاوهاش هه‌نووکه به‌د له‌ناو ئێمه‌دا سوبیه‌کتیڤانه به تێگه‌یشتن له ئۆبیه‌کته‌کاندا ده‌ناسرێته‌وه. کاتێک ده‌ستنیشانی سێوێکی سوور ده‌که‌ین، ڕه‌نگه سووره‌که ئه‌و کاته به ڕاست وه‌رده‌گرین، ئه‌گه‌ر هاتوو ئێمه شتێک له سێوه‌که‌دا به ڕاست وه‌ربگرین، که ئه‌ویش ڕه‌نگی سووره. تفتی یان مزریی سێوه‌که له تاقیکردنه‌وه‌یدا به خواردنی ده‌ناسینه‌وه. به‌د له‌ناو ده‌زگایه‌کی ڕاگه‌یاندندا کاتێک به‌ڕاست وه‌رده‌گیرێت، ئه‌گه‌ر هاتوو بوونه‌وه‌ره‌که‌ی ناو ده‌زگاکه به‌ڕاست وه‌ربگیرێت، ئه‌و وه‌ک ڕه‌نگه‌که کاتێک به‌ڕاست وه‌رده‌گیرێت ئه‌گه‌ر هاتوو ده‌زگاکه به ڕاست وه‌ربگیرێت. ئێمه ناتوانین له هه‌ندێک ئۆبیه‌کت دڵنیابین له‌وه‌ی، که له خۆیدا ئه‌و شته‌یه، که ده‌بینرێت، لێ به تێگه‌یشتنێکی هۆشیارانه ده‌توانین ڕاستی بوونه‌وه‌ره‌که‌ی بناسینه‌وه. ئێمه کاتێک ڕسته‌ی تۆپێکی خڕ ده‌بیستین، دڵنیاین له خڕیی تۆپه‌که و به ڕاست وه‌ریده‌گرین، لێ ناتوانین تۆپێکی سێگۆشه به ڕاست وه‌ربگرین. به‌د له‌ناو ئێمه‌دا له ڕاگه‌یاندنه‌که‌یدا ده‌ڵێ: شه‌قامه‌کان ته‌ڕن. ئێمه ناتوانین ته‌ڕیی شه‌قامه‌کان به ڕاست وه‌ربگرین، چونکه پێده‌چێت ته‌ڕنه‌بن، لێ کاتێک ئێمه دڵنیانین لێی، به‌د ده‌ڵێ: شه‌قامه‌کان ته‌ڕن چونکه باران باریوه. به‌د له‌ناو ئێمه‌دا به‌رده‌وام چه‌ند خاڵێک ڕیزبه‌ند ده‌کات و له ئاینده‌یه‌کدا ده‌یکاته هێڵێک. چه‌ند هێڵێک ڕیز ده‌کات و له ئاینده‌دا ده‌یکاته ڕووبه‌رێک، چه‌ند ڕووبه‌رێک ڕیز ده‌کات و له ئاینده‌دا ده‌کاته چێوه‌یه‌ک. هه‌نووکه چێوه‌یه‌ک هه‌یه، که به‌د تێیدا داده‌نیشێت، که به‌د تێیدا کۆده‌بێته‌وه، پلان داده‌ڕێژێت و بڕیار ده‌رده‌کات. هه‌نووکه ئێمه خاوه‌نی بوونه‌وه‌رگه‌لێکی ڕاسته‌قینه‌ین، بوونه‌وه‌رگه‌لێکی به‌د، که ته‌نها له ڕێگای هۆشیارییه‌وه توانای جیاکردنه‌وه‌یمان له باشه هه‌یه. به‌د خاوه‌نی ئێستێتیکه Ästhetik، که  ئاسان له باشه جیاناکرێته‌وه. ئه‌وه‌ی ده‌بینرێت وه‌ک باش، بریتییه له سه‌رلێشێواندن و هه‌ڵه‌یه‌کی گه‌وره. بۆ نموونه شوێنی دانیشتن و کۆبوونه‌وه‌کانی به‌د، که ده‌زگایه‌کی ڕاگه‌یاندنه، که میدیایه‌که، ڕاگه‌یاندن لێره‌دا بریتییه له بوونه‌وه‌رێکی ڕاسته‌قینه‌، لێ پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه: چ بوونه‌وه‌رێک؟ وه‌ڵام بریتییه له: بوونه‌وه‌رێکی به‌د. ئه‌وه‌ هۆشیارییه، که به‌د ده‌ناسێته‌وه نه‌ک دڵ. ئه‌وه تێگه‌یشتنه، که جێگاپێی به‌د هه‌ڵده‌گرێت نه‌ک دڵ. دڵ له‌ناو ئێمه‌دا له‌دوای ڕاپه‌ڕیینه‌وه هیچی نه‌کردووه بێجگه له کووشتنی ڕاستیی. هۆشیاریی خاوه‌نی هۆی خۆیه‌تی، که دڵ په‌ی پێنابات. له‌به‌ر ئه‌م هۆیانه‌شه گوومان له هه‌موو نووسه‌رێکی ڕێکپۆش ده‌که‌م.

 

01.11.2010

 

وێنه‌ی پانزده‌هه‌م:

ئه‌م وتاره ڕوونکردنه‌وه‌یه‌کی بچووکه بۆ “شێنێ سه‌لام”. وه‌ڵامێکی کورته بۆ پرسیاری “بۆچیی هێنده ڕه‌ق وه‌ک گابه‌ردی سنگی شاخێک؟”. لێگه‌ڕێ له‌ ئازادییه‌وه ده‌ستپێبکه‌ین، پرسیاری من ئه‌وه‌یه: چلۆن که‌سێک ڕێگا به‌خۆی ده‌دات، که نه‌وه‌یه‌ک بخاته‌وه؟ مرۆڤێکی دی بهێنێته جیهانه‌وه، به‌بێئه‌وه‌ی پرسیاری لێکردبێت، که ئاخۆ ئه‌و ده‌یه‌وێت بێته ئه‌م جیهانه‌وه یان نه‌خێر؟ ئا لێره‌دا نائاگایانه مرۆڤ ده‌ستدرێژیی ده‌کاته سه‌ر ئازادییه‌کانی تاک. مرۆڤ له‌گه‌ڵ له‌دایکبوونیدا ئازار ده‌چێژێت، له‌گه‌ڵ له‌دایکبوونیدا تووشی یه‌که‌میین ترس و یه‌که‌میین داچڵه‌کاندن ده‌بێت. که‌ناڵی ته‌سکی دایک، که ده‌روازه‌ی له‌دایکبوونی کۆرپه‌یه، کۆمه‌ڵێک کاریگه‌ریی ده‌روونیی بۆسه‌ر کۆرپه‌که هه‌یه، که کۆرپه له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌یگوێزێته‌وه بۆ ئاینده‌ی خۆی. بوونه‌وه‌رێکی ئازاد ئه‌و بوونه‌وه‌ره‌یه، که ئازادانه له‌دایکبووبێت. له سروشتدا ئاژه‌ڵ، باڵنده و مێرووه‌کان به شێوه‌یه‌کی تر ده‌ژیین، ئه‌وانیش، که نه‌وه ده‌خه‌نه‌وه پرسیان له نه‌وه‌کانیان نه‌کردووه، لێ ئه‌وان چونکه خاوه‌نی ئینستینکتێکی به‌هێزن بۆ ئازادیی، له ژیانی بێچوه‌کانیاندا ئه‌و هه‌‌لومه‌رجه بۆ بێچوه‌کانیان ده‌خوڵقێنن، که تێیدا ئه‌و هه‌سته‌یان تێدا دروستبێت، که ئه‌وان ویستیانبووه له‌دایکبن، ئه‌ویش به ئازادکردنیان له‌لایه‌ن دایک و باوکه‌کانیانه‌وه. باڵنده‌یه‌ک هه‌ر هێنده‌ی ده‌نووکی ڕه‌ق بوو، هه‌ر هێنده‌ی فێری فڕیین بوو، ئیدی ئازادانه ئه‌یداته شه‌قه‌ی باڵ، ژیانێک ده‌ژیی، که ویستی خۆیه‌تی، واته ژیانێک له ئازادییدا. مرۆڤ چونکه چیدی خاوه‌نی ئه‌م ئینستینکته نییه  بۆ ئازادیی، پێیوایه خاوه‌نی ئه‌قڵه و له ڕێگای ئه‌قڵه‌وه ژیانێکی باشتر ده‌ژیی. بیهێنه به‌رچاوی خۆت کۆرپه‌له‌که به‌و که‌ناڵه ته‌سکه‌دا تێده‌په‌ڕێت و تووشی ئازار ده‌بێت، هه‌ر بۆیه له‌گه‌ڵ له‌دایکبوونیدا ده‌گریی. ئه‌م ئازار و گریانه به درێژایی ته‌مه‌نی له ژیانی ناو کولتووردا له‌گه‌ڵیدایه، تاکه شانسی ده‌ربازبوون لێی مه‌رگیه‌تی. له وڵاته ئیسلامییه‌کاندا ئه‌م کۆرپانه ماوه‌یه‌کی درێژ ده‌چنه زیندانی بێشکه‌وه، ده‌ست و پێیان تووند ده‌به‌سترێت، بۆیان نییه خۆیان بجوڵێنن، ئه‌مه یه‌که‌م زیندانه، که مرۆڤی وڵاته ئیسلامییه‌کان تێیدا ده‌ژیین. زیندانی دووهه‌م جۆلانه‌ی قه‌فه‌زیی، یاخوود قه‌فه‌زێکی ته‌ختیینه‌، که کۆرپه‌که تێیدا نه‌توانێت بێته‌ده‌ره‌وه. ئه‌م مرۆڤانه به‌ده‌ر له‌وه‌ی ئازاد له‌دایکنه‌بوون، ئازادیش نین له ژیاندا. ئه‌و خێزانه، ئه‌و نیشتیمانه‌ی، که ئه‌وانی تێدا ده‌ژیین و ئه‌و ڕژێمه‌ی خه‌ڵکانی ئه‌م نیشتیمانه ده‌به‌ن به‌ڕێگاوه فاکتۆرێکی به‌هێزن له‌سه‌ر به‌خته‌وه‌ریی و نابه‌خته‌وه‌ربوونی ئه‌م مرۆڤانه. هه‌روه‌ک پێشتر سوورم له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی، که هیچ دایکێک منداڵه‌که‌ی خۆی خۆشناوێت، به‌ڵکوو ئه‌و خودی خۆی له ده‌ره‌وه‌ی خۆیدا خۆشده‌وێت. مرۆڤ بوونه‌وه‌رێکه خۆی خۆشده‌وێت، هه‌موو ئه‌و شتانه‌شی خۆشده‌وێت، که ده‌توانن ئه‌و به‌خته‌وه‌ربکه‌ن. بۆ نموونه نه تۆ به‌رزانت خۆشده‌وێت نه به‌رزانیش تۆی خۆشده‌وێت، به‌ڵکوو به‌رزان ئه‌و مرۆڤه‌یه، که تۆ به‌خته‌وه‌ر ده‌کات، تۆش ئه‌و مرۆڤه‌ی، که به‌رزان به‌خته‌وه‌ر ده‌که‌یت، هه‌رکاتێک ئه‌و نه‌یتوانی به‌خته‌وه‌رت بکات چیدی خۆشتناوێت، هه‌رکاتێک تۆش نه‌تتوانی ئه‌و به‌خته‌وه‌ر بکه‌یت ئه‌ویش چیدی تۆی خۆشناوێت. ئه‌مه هۆکاری جیابوونه‌وه‌ی ژن و مێرده‌کانه، چونکه مرۆڤ هه‌میشه دوای به‌خته‌وه‌ریی خۆی ده‌که‌وێت، له هه‌ر شوێنێکیش مرۆڤ به‌خته‌وه‌ر نه‌بوو پێویسته بڕوات. گه‌شه‌ی ده‌روونیی منداڵ له‌گه‌ڵ یه‌که‌م چرکه‌ساتی جووتبوونی هه‌ردوو تۆوی ژن و پیاوێکه‌وه له سکی ژنه‌که‌دا ده‌ستپێده‌کات، خراپیی و باشیی ته‌ندروستیی هه‌ردوو تۆوه‌که کاریگه‌ریی بۆسه‌ر منداڵه‌که هه‌یه، ئینجا ئه‌و تۆوانه له گه‌شێکی ئارام و به‌خته‌وه‌رییدا به‌رهه‌مهاتبێت یان له گه‌شێکی خه‌مبار و پڕ تووڕه‌یی و ڕقدا به‌رهه‌مهاتبێت توانای بڕیاردانیان له‌سه‌ر ئاینده‌ی منداڵه‌که ده‌بێت. منداڵێک، که هیچ خه‌تای نییه له‌دایکبووه، به‌ڵکوو خه‌تابار دایک و باوکه‌که‌یه، که زۆرینه‌یجار خه‌تاباری گه‌وره باوکه. من تێگه‌یشتنم بۆ مرۆڤێکی دڕنده‌ش هه‌یه، چونکه ئه‌و داوای نه‌کردووه له‌دایکبێت، لێ ئێستا له ژیاندایه و ژیانی من و تۆ و جیهان ناخۆشده‌کات، بۆئه‌وه له‌دایکبووه، که ئازار بخاته‌وه. مرۆڤێکی تر به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه‌وه، بۆئه‌وه له‌دایکبووه، که مرۆڤایه‌تیی و زه‌ویی ڕزگار بکات. مرۆڤ له ئازادییدا له‌دایک نه‌بووه، به‌ڵام له ته‌مه‌نی سێ ساڵییه‌وه مرۆڤ تێده‌کۆشێت بۆ ئازادکردنی خۆی، یه‌که‌م هه‌وڵی مرۆڤ بۆ ئازادیی له‌گه‌ڵ دایکیدا ده‌یدات، له‌نێوان ته‌مه‌نی ساڵ و نیوو بۆ  سێ ساڵییه‌وه منداڵ هه‌ستده‌کات، که ئه‌و جۆرێکی تره وه‌ک له دایکی، به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌وه، که پێشتر وه‌ک یه‌ک ته‌ماشای خۆی و دایکی کردووه، له سێ ساڵیدا منداڵ هه‌وڵده‌دات بۆچوونی خۆی هه‌بێت، ئه‌مه‌ش هه‌وڵێکه بۆ جیاکردنه‌وه‌ی خود له دایک. بۆ نموونه دایکه‌که به منداڵه‌که ده‌ڵێ: تۆ ده‌بێت خواردنه‌که‌ت بخۆیت، منداڵه‌که له ترسا ده‌یخوات، لێ ئه‌مه واتای ئه‌وه نییه، که منداڵه‌که ویستێتی ئه‌و خواردنه بخوات، که‌واته منداڵه‌که ته‌نها پراکتیزه‌ی ویستێکی سه‌پێنراو ده‌کات.  دایک هه‌وڵده‌دات، به جوانتریین شێوه ڕووی ده‌ره‌وه‌ی منداڵه‌که بڕازێنێته‌وه، هه‌تا خه‌ڵکیی ببینن، ئه‌م منداڵه چه‌ند خاوێن و ڕێکپۆشه، هه‌تا دایک به خه‌ڵکیی بڵێت: من دایکێکی چه‌ند باشم. لێبه‌ڵێ په‌یوه‌ندیی نێوان منداڵ و دایک له ناوه‌وه هه‌تابێت ده‌شێوێنرێت و له‌ناو‌ده‌چێت، ئیدی لێره‌وه دایک دوژمنێکه، که منداڵ به ئه‌رکی خۆی ده‌زانێت له ئاینده‌دا به‌سه‌ریدا سه‌ربکه‌وێت. مرۆڤێک، که خودی خۆی خۆشناوێت، دایکه‌که له منداڵییدا فێری نه‌کردووه، که خۆی خۆشبوێت، که خودخۆشویستن پابه‌نده به ویسته‌کانی ئه‌وه‌وه، منداڵێک، که ده‌ستبه‌رداری هه‌موو ویستێکی خۆی ده‌‌بێت، خۆشویستنی خۆی له‌کیسده‌دات، له ڕێگای ئه‌مه‌وه ئازادییه‌کانی له‌کیسده‌دات، مرۆڤبوونی خۆی له‌کیسده‌دات. دایکێک، که هه‌وڵده‌دات ویستی منداڵێک جێبه‌جێبکات، هه‌وڵی ئه‌وه‌ ده‌دات، که منداڵه‌که فێری خودخۆشویستن بێت. منداڵێک، که له ئاینده‌دا ژنێکی لێده‌رده‌چێت و هه‌موو ده‌ستدرێژییه‌کی مێرده‌که‌ی په‌سه‌ند ده‌کات، خۆشویستنی خۆی له‌کیسداوه، ویسته‌کانی له‌کیسداوه “ویستی ژیانێکی ئازاد له به‌خته‌وه‌رییدا”. منداڵ بوونه‌وه‌رێکه خاوه‌نی گه‌وره‌تریین فه‌نتازیایه، ئه‌م توانایه و ئه‌م جیهانه فه‌نتازیاییه‌ی منداڵ شوێنێکه بۆ سارێژکردنی بریینه ده‌روونییه‌کانی منداڵ و شوێنێکه بۆ حه‌وانه‌وه‌ی ڕۆحی منداڵ. ئه‌و منداڵانه‌ی، که هه‌میشه ده‌شکێنرێن و له‌لایه‌ن دایک، باوک، خوشک، براوه ئازار ده‌درێن، بازنه‌یه‌ک به‌ده‌وری خۆیاندا دروستده‌که‌ن، ڕه‌ق وه‌ک گابه‌ردی سنگی شاخێک، له‌ناو ئه‌م بازنه‌یه‌دا بوونه‌وه‌رێکی ڕۆح برییندار و شکێنراو ده‌ژیی. هێرا Hera ویستی بوو ژیانی ئێشۆ  Echo ناخۆشبکات، ئێشۆ خۆشویستنی خۆی له‌کیسدا هه‌تاوه‌کوو تێکه‌ڵ به گابه‌ردی سه‌ر سنگی شاخێک بوو. هه‌موو ده‌نگدانه‌وه‌ی قسه‌یه‌کی تۆ له شاخدا، هه‌وڵێکه بۆ بیرکه‌وتنه‌وه‌ی تراژیدیای ئێشۆ. جادووگه‌ران و دایکان بۆ من وه‌ک یه‌کن، چونکه هه‌ردووکیان خاوه‌نی حه‌زن، دایکێک حه‌زی لێیه ژیانی منداڵه‌که‌ی ناخۆش بکات، یان ده‌یه‌وێت منداڵه‌که‌ی ژیانێک بژیی، که ئه‌و ده‌یه‌وێت. جادووگه‌رێکیش خاوه‌ن حه‌زه، حه‌زی له ئازاردان یان هه‌بوونی شتێکه یان مرۆڤێکه بۆ خۆی. دایکه‌که ده‌ڵێ: ئۆ ڕۆڵه له پرسه‌تدا دابنیشم، یان ژیانت تاڵ وه‌ک ژه‌هری مار بێت. جادووگه‌ره‌که‌ش خاوه‌ن هه‌‌مان حه‌زه، بۆ نموونه ئه‌و پیره‌ژنه جادووگه‌ره‌ی کوڕه پاشاکه ده‌کاته ئاگردانێکی ئاسنینه‌وه، حه‌زی لێیه ئازاری ئه‌و کوڕه به‌وشێوه‌یه بدات و فڕێیبداته دارستانێکه‌وه. له‌ناو ئه‌م ئاگردانه ئاسنینه‌دا بوونه‌وه‌رێکی ناسک هه‌یه، که ده‌یه‌وێت ئازادبێت و ئه‌و ژیانه بژیی، که خۆی ده‌یه‌وێت. ئه‌و مرۆڤانه‌ی دیوێکی ڕه‌قیان به ده‌وری خۆیاندا کێشاوه، حه‌زێک پێیکردوون، که هی خۆیان نییه، به‌ڵکوو له‌ناوه‌وه‌ی خۆیاندا بوونه‌وه‌ره ڕاسته‌قینه‌که دیله. 

 

05.11.2010

 

وێنه‌ی شانزده‌هه‌م:

بۆچیی خۆشه‌ویستیی ده‌که‌ین؟ ئاخۆ ڕاسته، که تاکێک تاکێکی تری خۆشده‌وێت یاخوود به‌خته‌وه‌ریی تاکی یه‌که‌م پێویستییه‌کی سه‌ره‌کیی هه‌بوونی ئه‌م خۆشه‌ویستییه‌یه؟ تاکی کۆمه‌ڵگای ئێمه‌ش وه‌ک هه‌ریه‌ک له کۆمه‌ڵگاکانی تر به‌رده‌وام له نائاگاییدا ئه‌م پێویستییه ئاشکرا ده‌کات. بۆ نموونه کوڕێک به کچێک ده‌ڵێ: تۆ خودا و پێغه‌مبه‌ری منی، من تۆ ده‌په‌رستم! تاک لێره‌دا پێویستی به هێزێکه، که باوه‌ڕی پێبکات و هێزی بداتێ، چونکه به‌بێ ئه‌و هه‌ست به بچووکیی خۆی ده‌کات. تاک لێره‌دا بوونه‌وه‌رێکی ده‌روونییه، که خۆشویستنی کچێک ده‌کاته هێز و ئیدیاڵێک بۆ خۆی. کوڕ به کچ ده‌ڵێ: یان به‌ پێچه‌وانه‌وه کچ به کوڕ ده‌ڵێ: من تۆم خۆشده‌وێت، چونکه پێویستم پێته. ئالێره‌دا ڕاستیی ئه‌م خۆشه‌ویستییه ده‌رده‌که‌وێت، که به‌خته‌وه‌ریی پێویستییه‌کی هه‌نووکه‌یی کچه‌که یان کوڕه‌که‌یه، یاخوود هه‌ریه‌که‌یان له هه‌لومه‌رجێکی جیاوازدا پێویستیان به‌یه‌کتریی هه‌یه. کچ و کوڕ له هه‌لومه‌رجی جیاوازدا خۆیان ئه‌ده‌ن به ده‌ستی خۆشه‌ویستییه‌وه و خۆیان ونده‌که‌ن. بۆ نموونه کوڕێکی نارتسیست، که دیوێکی ڕه‌قی به‌ ده‌وری خۆیدا پێچاوه و کچێک، که هه‌سته‌کانی وه‌ها ئاوه‌ڵاکردووه هه‌موو که‌سێک چ هه‌ستیپێده‌کات و چ خۆیشی بۆ کوڕێکی نارتسیستی ڕاده‌گه‌یه‌نێت. ئه‌م که‌سایه‌تییانه له کولتوورێکه‌وه بۆ کولتوورێکی دی ده‌بنه خاوه‌نی ستراکتورگه‌لێکی جیاواز. بۆ نموونه باوکێکی کورد، که ده‌یه‌وێت کچه‌که‌ی شوو بکات به‌و کوڕه‌ی، که ئه‌و ده‌یه‌وێت، جیاوازتره وه‌ک له‌و باوکه ئه‌وروپییه‌ی، که کچه‌که‌ی به به‌ده‌ستهێنانی ته‌واوی پێداویستییه‌کانی به خۆیه‌وه به‌ستۆته‌وه. ئه‌م دوو جۆره باوکه هه‌ردووکیان خاوه‌نی یه‌ک سیستێمن، ئه‌ویش ویستی هه‌بوونی کچه‌که‌یه به‌وشێوه‌یه‌ی، که خۆیان ده‌یانه‌وێت. باوکه کورده‌که به‌خته‌وه‌ره به‌وه‌ی، که کچه‌که‌ی به‌وشێوه‌یه بێت، که ئه‌و ده‌یه‌وێت. باوکه ئه‌وروپییه‌که‌ش به‌خته‌وه‌ره به‌وه‌ی، که کچه‌که‌ی هه‌میشه په‌نای بۆ به‌رێت و داوایه‌کی لێیهه‌بێت، که ئه‌و بۆی جێبه‌جێبکات. کچه‌که شووناکات به‌و کوڕه‌ی، که باوکی ده‌یه‌وێت، ئیدی باوکه‌که چیدی خۆشی ناوێت، باوک ده‌ڵێ: ده‌توانم خۆشمبوێیت، ئه‌گه‌ر بێتوو تۆ جۆرێکی تر بیت “واته شووبکه‌یت به‌و کوڕه‌ی، که من ده‌مه‌وێت”، لێ تۆ جۆرێکی تریت، بۆیه من ئێستا دڵته‌نگم، ئه‌گه‌ر ده‌ته‌وێت باوکت به‌خته‌وه‌ر بێت ئه‌وا پێویسته خۆت بگۆڕیت. ئه‌م داوایه باوکه ئه‌وروپییه‌که‌ش له کچه‌که‌ی ده‌کات، باوکه ئه‌وروپییه‌که ده‌ڵێ: به‌وشێوه‌یه به، که من ده‌مه‌وێت هه‌تاوه‌کوو من باشبم “ته‌ندروستبم، به‌خته‌وه‌ربم”. له ڕاستییه‌کی ڕاسته‌قینه‌دا ئه‌م کچانه جێگره‌وه‌ی دایکیانن، چونکه ئه‌وان خاوه‌نی ئه‌و شته‌ن، که باوکه‌کان نیانه، یان پێویستیانه “هه‌ست و سۆزێک، که باوکه‌‌کان له دایکی کچه‌کانه‌وه که‌متر وه‌ریده‌گرن، گوێڕایه‌ڵیی، که دایکی کچه‌کان که‌متر له‌گه‌ڵ باوکه‌کاندا هه‌یانه، سێکسوالیتێت له دیار و نادیاردا ڕۆڵێکی باڵای هه‌یه”. له ئه‌ده‌بی جیهانییدا به گشتیی، که خۆشه‌ویستیی و ئه‌شق تێیاندا باڵاده‌سته مێژووی ژیانی کچ و کوڕه‌کان مێژوویه‌کن، که بناغه‌ی خۆیان له‌سه‌ر مامه‌ڵه‌ی دایک و باوک داناوه. ئه‌و مرۆڤانه‌ی، که دیوێکی ڕه‌قیان به ده‌وری خۆیاندا چێکردووه، هه‌میشه خه‌ون به کچێکی ئیدیاڵه‌وه ده‌بینن. ئه‌ڵمانه‌کان ده‌ربڕیینێکی تایبه‌تیان هه‌یه، که بریتییه له “نامخورێنێت”. پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه: بۆچیی من که‌سێک بخورێنم و ئه‌و هه‌ستی پێنه‌کات؟ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره بریتییه له هه‌بوونی پێستێکی ڕه‌ق. کوڕی پاشا له ئاگردانه ئاسنینه‌که‌دا به پرینسێسه ده‌ڵێ: چه‌قۆیه‌ک له‌گه‌ڵ خۆت بهێنه و هه‌ڵمبدڕه. ئاخر ته‌نێکی ئاسنین، که کوڕی پاشای له خۆیدا هه‌ڵگرتووه ڕێگره له گه‌یشتنی هه‌موو هه‌ستێک به کوڕی پاشا له ژووره‌وه. ئه‌م ته‌نه ڕه‌قه چه‌ند ده‌ستی پێدابهێنیت، چه‌ند بیخورێنیت هیچ ناگات به ناوه‌وه. کوڕی پاشا له‌م ئاگردانه ئاسنینه‌دا، هه‌موو که‌س توانای خوراندنی نییه، هه‌موو که‌سێکیش ناتوانێت ئه‌و ڕزگاربکات. ئه‌و کچه‌ ئیدیاڵه‌ی ناو خه‌ونه‌که‌ی ئه‌و بریتییه له‌و کچه‌ی، که هه‌ست به بچووکیی و لاوازیی خۆی ده‌کات و پێویستی به یارمه‌تییه، وه‌ک پرینسێسه ونبووه‌که‌ی ناو دارستان، که هانای بۆ ئاگردانه ئاسنینه‌که هێناوه هه‌تاوه‌کوو یارمه‌تیی بدات و ڕێگای ماڵه‌وه بدۆزێته‌وه. کوڕی پاشا به‌و مه‌رجه یارمه‌تیی ده‌دات، که شووی پێبکات. پرینسێسه ده‌بێت خێرا بڕواته‌وه چه‌قۆیه‌ک له‌گه‌ڵ خۆی بهێنێت و ئاگردانه ئاسنینه‌که هه‌ڵبچڕێت. لێبه‌ڵێ کچه کێشه‌یه‌کی هه‌یه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه، که ئه‌و چلۆن بتوانێت شوو به ئاگردانێک بکات؟ ئه‌و چلۆن بتوانێت ئاگردانێکی ئاسنینی خۆشبوێت؟ ئه‌و ته‌نها ئه‌و کاته ده‌توانێت خۆشه‌ویستیی بکات و شووبکات ئه‌گه‌ر بێتوو ئه‌و مرۆڤه خۆی بگۆڕێت. هه‌ربۆیه پرینسێسه ده‌ڵێ: ده‌توانم خۆشمبوێیت ئه‌گه‌ر بێتوو خۆت بگۆڕیت، لێ من دڵته‌نگم چونکه تۆ ئابه‌مشێوه‌یه‌یت؟ کچه لێره‌دا ڕه‌نگدانه‌وه‌ی باوکێتی، چونکه به ئاگردانه ئاسنینه‌که ده‌ڵێ: به‌وشێوه‌یه‌به، که من ده‌مه‌وێت، که من حه‌زم لێیه، هه‌تا دڵمخۆشبێت. لێره‌دا هه‌ردووکیان پێویستیان به‌یه‌که، ئه‌وان بۆیه خۆشه‌ویستیی ده‌‌که‌ن، چونکه پێویستیان به‌یه‌کتریی هه‌یه، که‌واته ده‌کرێت بڵێین: من تۆم خۆشده‌وێت، چونکه پێویستم پێته. له کۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا ئه‌م ده‌ربڕیینه زۆر به‌کاردێت، لێ ڕاستیی ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌م ڕسته‌یه پێویستییه نه‌ک خۆشه‌ویستیی. کاتێک پرینسێسه به چه‌قۆ ئاگردانه ئاسنینه‌که هه‌ڵده‌بچڕێت و به‌ر شه‌واره‌ی بریسکوهوڕی خشڵ و زێڕه‌کانی به‌ری کوڕی پاشا ده‌که‌وێت، هه‌تاوه‌کوو ئه‌وپه‌ڕی به‌خته‌وه‌ریی له خۆشیاندا ده‌دره‌وشێته‌وه. خشڵ و زێڕه‌کان واتای جوانیی ناوه‌وه‌ی مرۆڤه‌کان ده‌گه‌یه‌نێت، که دیوی ده‌ره‌وه‌یان ڕه‌ق و توونده. کچه لێره‌دا ئاشقده‌بێت و خۆی بیرده‌چێته‌وه و له ئه‌شقی کوڕی پاشادا ونده‌بێت. کچێکی کۆمه‌ڵگای ئێمه، که به‌هه‌مووشێوه‌یه‌ک ده‌یه‌وێت له‌ده‌ست ژێرده‌سته‌یی ژیانی ماڵی باوک ڕزگاربێت و له ڕێگای خۆشه‌ویستیی کوڕێکه‌وه شووده‌کات، خۆی له خۆشویستنی کوڕێکدا ونده‌کات، له‌کاتێکدا ئه‌رکی ئه‌و سه‌ره‌تا دۆزینه‌وه‌ی خودی خۆیه‌تی و فێربوونێکی ڕاسته‌قینه‌ی خۆشویستنه. ئه‌م کچانه گه‌وره‌تریین مه‌ترسیی خۆکووشتنیان له‌سه‌ره، چونکه له تێڕوانینی ئه‌واندا ئه‌و کوڕانه‌ی ئه‌وان ئاشقی ده‌بن و تێیاندا خۆیان ونده‌که‌ن، تاکه ڕێگا و دوا ده‌روازه‌ی ڕزگاربوونی ئه‌وانه. ئه‌م کوڕانه بۆ ئه‌و کچانه جارێک کڵپه‌ی ئاگر دێنن و جارێکیش مه‌رگ. کوڕانی ئێمه له ڕۆژی فالنتیندا سێوی سوور ده‌به‌خشنه‌وه، که بۆ من زۆر جێگای سه‌رنجه. هاینڕیش هاینه کێشه‌ی له‌گه‌ڵ سێودا هه‌بوو، له‌لای هاینه سێو بێجگه له کاره‌سات هیچی تر به‌دوای خۆیدا ناهێنێت. هاینه له کتێبی گۆرانییه‌کاندا ده‌نووسێت: “سێوه‌کان به‌ڵایان له‌گه‌ڵ خۆیاندا هێنا، حه‌وا له‌گه‌ڵ سێودا مه‌رگی هێنا، پاریس به‌هۆی سێوه‌وه کڵپه‌ی له ترۆیا هه‌ڵساند، به‌ڵام تۆ هه‌ردووکیانت هێنا کڵپه و مه‌رگ.”.  Heinrich Heine. Buch der Lieder, S. VI 40.لێبه‌ڵێ ئه‌م کڵپه و مه‌رگه له نیشتیمانی ئێمه‌دا چاره‌نووسی به‌شێکی کچانی ئێمه‌یه.

15.11.2010


وێنه‌ی حه‌ڤده‌هه‌م:

ئۆسکار ڤیلده‌ر ده‌ڵێ: له کۆتاییدا هه‌موو یه‌کێک ئه‌و شته ده‌کووژێت، که خۆشیده‌وێت. له‌ناو ئه‌م ڕسته‌ داچڵه‌کێنه‌ره‌دا ده‌توانین شێواندنێکی که‌سایه‌تیی نارتسیستیی بدۆزینه‌وه، که ئه‌مجۆره مرۆڤانه به‌هۆی تێداپه‌یدابوونی دڵپیسییه‌کی گه‌وره‌وه له‌ کۆتاییدا ئه‌و مرۆڤه ده‌کووژێت، که خۆشیده‌وێت. بۆچیی باوکانی باکگراوند ئیسلام به به‌رده‌وامیی کچه‌کانیان ده‌کووژن. ئاخۆ ڕاستیی ئه‌م کووشتنه ته‌نها له‌به‌ر نه‌ریتی “ئابڕوو”ه، یاخوود ده‌کرێت ئه‌م ڕاستییه بخه‌ینه به‌رتیشک هه‌تاوه‌کوو ڕاستی ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌م کووشتنه بدۆزینه‌وه؟ بۆچیی یه‌کێک له باوکه کورده‌کان له ئه‌وروپا چه‌ند ساڵێک له‌مه‌وبه‌ر به‌رله کووشتنی کچه‌که‌ی له‌گه‌ڵیدا ده‌خه‌وێت ئه‌وسا ده‌یکووژێت؟ ئالێره‌دا ده‌ڕوانینه وته‌که‌ی ئۆسکار ڤیلده‌ر، که ده‌ڵێ: له کۆتاییدا هه‌موو یه‌کێک ئه‌و شته ده‌کووژێت، که خۆشیده‌وێت. به‌ده‌ر له یاسای به‌زۆر به شوودان، له‌ناو کۆمه‌ڵگای ئیسلامدا کچانگه‌لێک هه‌ن بۆ ڕزگارکردنی خۆیان په‌نا ده‌به‌نه‌به‌ر شووکردن. کچان شووکردن به تاکه ڕێگای رزگاربوونیان له‌ژێر ده‌سته‌ڵاتی دایک و باوک ده‌زانن. کچان لێره‌دا خه‌ڵکانێکی یۆتۆپیستن، که پێیانوایه له ڕێگای ڕیسکی شووکردنه‌وه ده‌گه‌ن به‌و جیهانه یۆتۆپیایه‌ی، که خه‌ونی ڕۆژانه‌یانه. ئه‌و کچانه‌ی په‌یوه‌ندییه‌کی تووندوتۆڵیان له‌گه‌ڵ باوکیاندا هه‌یه و باوکان هه‌میشه هه‌وڵی هێشتنه‌وه‌ی ئه‌م کچانه له‌لای خۆیان ده‌ده‌ن، واته پێیانخۆش نییه کچه‌کانیان نه شووبکه‌ن و نه هاوڕێشیان بۆ خۆشه‌ویستیی هه‌بێت، هه‌مان کێشه‌ی ئه‌و کچانه‌یان هه‌یه، که ده‌یانه‌وێت زوو شووبکه‌ن و له زیندانی دایک و باوک ڕزگاریان بێت. ئه‌م کچانه خاوه‌نی ئه‌و شته‌ن بۆ کوڕانگه‌لێکی نارتسیستیی، که ئه‌وان نیانه، ئه‌ویش بریتییه له کراوه‌ییان له گه‌یاندنی هه‌سته‌کانیاندا به که‌سی به‌رانبه‌ر. کێشه‌ی کۆمه‌ڵگا ئیسلامییه‌کان له‌وه‌دایه، که به ته‌نها کچه‌کانیان ئاینده‌یه‌کی تارییکیان نییه، به‌ڵکوو خودی کوڕه‌کانیشیان به‌هۆی ڕادیکاڵیه‌تی په‌روه‌رده‌ی دایک و باوکه‌وه، خه‌ڵکانێکی توێکڵ ڕه‌قیان لێده‌رچووه، شێوه‌ی که‌سێکی نارتسیستیی ستراکتووری که‌سایه‌تیی شێواوه، هه‌ربۆیه کاتێک کچه له زیندانی باوک و دایک ڕزگاری ده‌بێت ده‌چێته زیندانی مێرده‌وه. مێردێکی ئاوها ژنه‌که‌ی خۆشده‌وێت، چونکه ژنێکی ئاوها هه‌میشه پێویستی به یارمه‌تیی مێرده‌که‌یه‌تی، که ژیانی دڵنیا بکات. ئه‌م مێرده که‌سێکه، که خۆی زۆر خۆشده‌وێت، که‌سێکه، که هه‌میشه له بیرکردنه‌وه‌یدا ده‌ڵێ: “من و ژنه‌که‌م منمان زۆر خۆشده‌وێت”. له‌کاتێکدا پیاوێکی نۆرماڵ ده‌ڵێ: من و ژنه‌که‌م یه‌کترمان زۆر خۆشده‌وێت. ئه‌م ژنه هه‌تا مه‌رگی بۆی نییه له مێرده‌که‌ی جیابێته‌وه، بچووکتریین هه‌وڵ بۆ جیابوونه‌وه لێی ده‌بێته هۆی لێکه‌وتنه‌وه‌ی کاره‌ساتی کووشتنی ئه‌م. بچووکتریین ده‌رکه‌وتنی هه‌بوونی په‌یوه‌ندییه‌کی سێکسوال له‌گه‌ڵ پیاوێکی تردا دیسانه‌وه ده‌بێته هۆی لێکه‌وتنه‌وه‌ی کاره‌سات، که زۆرجار به مه‌رگ کۆتایی دێت. ئیدی دیسانه‌وه ده‌گه‌ینه‌وه سه‌ر وته‌که‌ی ئۆسکار ڤیلده‌ر ” له کۆتاییدا هه‌موو یه‌کێک ئه‌و شته ده‌کووژێت، که خۆشیده‌وێت”. ده‌کرێت لێره‌دا به گه‌ڕانه‌وه بۆ ژیانی خێزانه دێریینه‌کان به‌تایبه‌ت “تۆتم، Totem” نهێنیی کووشتنی کچانی کورد به ده‌ستی باوک بخه‌ینه‌ به‌ر تیشکی ڕاستیی. چه‌مکی تۆتم ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ دیالێکتی ئالگۆنکینه‌کان  (Algonkin, Algonquin) له باکووری ئه‌مێریکا وه‌ک جێنشینه دێریینه‌کانی ئه‌و ناوچه‌یه، لێ ئێستا به باشووری که‌نه‌دا ده‌ناسرێت. واتاکه‌ی بریتییه له: خزمایه‌تیی، یان مۆرکراوی خێزان، یاخوود گایستی پارێزگاریی که‌سیی. خه‌ڵکانی تۆتم پێویسته ڕێز له تابوویه‌ک بگرن و سه‌رپێچی یاساکانی نه‌که‌ن، هه‌موو سه‌رپێچییه‌کی ئه‌م تابووه سزای تووندی لێده‌که‌وێته‌وه. لێره‌دا نه‌وه‌ی نه‌وه‌کانیش به‌پێی ئه‌م یاسایه ده‌بێته موڵکی باوک. ئه‌م تابووه بۆ ڕووه‌ک، ئاژه‌ڵ، فێنۆمێنه‌کانی سروشت به‌کارده‌هێنرێت، هه‌مانکاتیش جووتبوون له‌گه‌ڵ کچ و ژنانی ئه‌م به‌ره‌یه قه‌ده‌غه ده‌کرێت، به‌م یاسایه ته‌واوی کچ و ژنانی به‌ره‌که بۆ باوکه‌که ده‌مینێته‌وه و کوڕانی ئه‌م به‌ره‌یه پێویسته بچن له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م به‌ره‌یه‌دا بۆ کچ و ژنی تر بگه‌ڕێن. ڕقبوون له باوک لێره‌وه ده‌ستپێده‌کات، کوڕه‌کان یه‌کده‌گرن و هه‌وڵی کووشتنی باوکیان ده‌ده‌ن، هه‌تاوه‌کوو رێگا بۆ جووتبوونیان له‌گه‌ڵ کچان و ژنانی به‌ره‌که‌یاندا بکه‌نه‌وه. باوکانی مۆدێرن، پێویستیان به کووشتنی کوڕه‌کانیان نه‌ماوه، چونکه ئه‌وان له ڕێگای ئه‌م تابووه‌ کولتیریزه‌کراوه‌وه له ده‌ره‌وه‌ی به‌ره‌دا هه‌وڵی جووتبوون ده‌ده‌ن، لێبه‌ڵێ کچان کێشه‌یه‌کی گه‌وره‌ن بۆ باوکان، چونکه ئه‌وانیش ده‌یانه‌وێت بڕۆن، ئالێره‌دا باوکه‌که له ڕێگای پراکتیزه‌کردنی تووندوتیژییه‌وه هه‌وڵی ڕاگرتنی کچه‌که ده‌دات، ئه‌گه‌ر هاتوو سه‌رنه‌‌که‌وت ئه‌وا به کووشتنی کچه‌که کۆتایی به کاره‌ساته‌که ده‌هێنێت. هه‌موو جووتبوونی کچێک له ده‌ره‌وه‌ی به‌ره‌دا، ده‌بێته هۆی لێکه‌وتنه‌وه‌ی دڵپیسی باوک و کوڕ، چونکه ئه‌وان خودی خۆیان به خاوه‌نی ئه‌م مافه ده‌زانن، نه‌ک کوڕێکی ده‌ره‌وه‌ی به‌ره. کچێک دایک و باوکی ده‌مرێت و ده‌که‌وێته ده‌ست خاڵ یان مام، خاڵ و مامیش لێره‌دا نه‌وه‌ی ئه‌م به‌ره‌یه‌ن و خۆیان به خاوه‌نی هه‌مان ماف ده‌زانن، هه‌موو هه‌وڵێکی جووتبوونی کچه‌که له ده‌ره‌وه‌ی کوڕانی به‌ره‌که‌دا ده‌بێته هۆی لێکه‌وتنه‌وه‌ی کاره‌سات. ئه‌و کچانه‌ی به‌وشێوه‌یه ده‌ژیین، که باوکه‌کان ده‌یانه‌وێت، ژیانیان دڵنیایه، بۆ ئه‌مان پراکتیزه‌کردنی سێکس له ده‌ره‌وه‌ی به‌ره‌شدا نابێته لێکه‌وتنه‌وه‌ی مه‌ترسیی بۆسه‌ر ژیانیان، چونکه ئه‌وان گرێبه‌ندیان له‌گه‌ڵ باوک، برا، کوڕانی به‌ره‌دا ئیمزا کردووه. ئه‌م گرێبه‌نده پراکتیزه‌کردنی سێکس بێت یان نه‌خێر هیچ له باسه‌که ناگۆڕێت، چونکه کاتێک باس له هه‌بوونی ئازادییش بکه‌ین، ئه‌وا دیسان ده‌گه‌ڕێینه‌وه سه‌رئه‌وه‌ی، که باوک، برا، کوڕانی خزم سێکسوالیتێتی ئه‌ویان ئازاد کردووه. مانه‌وه له ژیاندا بۆ ئه‌مجۆره کچانه دوو مه‌رجی هه‌یه، ئه‌ویش یان هه‌بوونی سێکسه یان ئازادکردنی سێکسه. برایه‌ک خوشکه‌که‌ی خۆی ده‌کووژێت و به مافێکی خۆی ده‌زانێت، مێردێک، باوکێک، مامێک …هتد. ئه‌مانه هه‌موو به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌ن، که یاساکانی تۆتم له‌ناوماندا ده‌ژیی، که هه‌ر نێریینه‌یه‌ک هه‌ڵده‌ستێت هه‌وڵی ده‌ستکه‌وتنی کچانی به‌ره بۆ خۆی ده‌دات، کووشتنی باوک نه‌ماوه، لێ هه‌موو کچێک له‌م به‌ره‌یه‌دا مه‌ترسیی کووشتنی له‌سه‌ره. خه‌وتنی ئه‌و باوکه کورده له به‌ریتانیادا پێش کووشتنی کچه‌که‌ی، ته‌نها کارێکی قێزه‌ون و پێرڤێرس نییه، به‌ڵکوو وێنه‌یه‌کی ڕه‌وانی یاساکانی تۆتممان ده‌داتێ.

 

22.11.2010

 

وێنه‌ی هه‌ژده‌ه‌م:

یه‌کێک له ڕه‌هه‌نده‌ گرنگه‌کانی ناو یه‌کێتیی نیشتیمانیی کوردستان، که هه‌تاوه‌کوو ئێستا وه‌ک پێویست قسه‌ی له‌سه‌ر نه‌کراوه بریتییه له چه‌مکی گرووپ له‌ناو یه‌کێتیی نیشتیمانیی کوردستاندا. گرنگیینه‌دانی وه‌ک پێویست به‌م چه‌مکه له سه‌ره‌تای دروستبوونی یه‌کێتییه‌وه هه‌تاوه‌کوو ئێستا هۆکاری سه‌ره‌کیی لێکه‌وتنه‌وه‌ی ته‌واوی کێشه یه‌ک له‌دوای یه‌که‌کانی ناو یه‌کێتیی نیشتیمانییه. لێبوونه‌وه‌ی له سه‌ره‌تاوه‌ چه‌ندیین گرووپ له یه‌کێتیی نیشتیمانیی هه‌تاوه‌کوو سه‌رهه‌ڵدانی “گۆڕان” نموونه‌ی ڕاستیی ڕووتی نه‌خوێندنه‌وه‌ی چه‌مکی گرووپه له‌ناو یه‌کێتیی نیشتیمانییدا. له ژیانی ڕۆژانه‌دا چه‌مکی گرووپ به‌بێ گوێپێدانه ڕاستیی کۆبوونه‌وه‌ی چه‌ند که‌سێک له شوێنێکدا به به‌رده‌وامیی به‌کاردێت، بۆ نموونه له‌کاتی ڕوودانی کاره‌ساتێکی ئاوتۆمۆبیل، ته‌قینه‌وه‌ی بۆمبێک …هتد. خه‌ڵکیی له ڕووداوه‌که کۆده‌بنه‌وه ئینجا ئه‌مانه یه‌کتر بناسن یان نه‌ناسن هیچ له باسه‌که ناگۆڕێت. له میدیاکاندا ڕاسته‌وخۆ باسی هه‌بوون یان کۆبوونه‌وه‌ی گرووپێک له ده‌وری ڕووداوه‌که ده‌که‌ن، لێ پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه: ئاخۆ دروست ئه‌مانه گرووپێکن، که له ده‌وری ئه‌م کاره‌ساته کۆبوونه‌ته‌وه؟ ئه‌وه‌ی هه‌موو تاکه‌کانی ناو ئه‌م گرووپه‌ی له ده‌وری کاره‌ساته‌که‌دا کۆکردۆته‌وه خودی کاره‌ساته‌که‌یه نه‌ک هه‌بوونی پێکهاته‌یه‌کی ستراکتووریی ئه‌ندامانی ئه‌م گرووپه، واته باروودۆخێک ئه‌م گرووپه‌ی پێکهێناوه. ئامانج له گرووپه‌که‌دا پێ له‌سه‌ر هه‌بوونی ئیندیڤیدووم داده‌گرێت نه‌ک گرووپ، هه‌ریه‌که له ته‌ماشاکه‌ران له تێگه‌یشتنی خۆیه‌وه ده‌ڕوانێته کاره‌ساته‌که و کۆکردنه‌وه‌ی زانیاریی له‌سه‌ر هۆکاری که‌وتنه‌وه‌ی کاره‌ساته‌که. کاتێک په‌یامنێری میدیاکان یان پۆلیس پرسیار له‌و که‌سانه ده‌که‌ن، که به چاوی خۆیان ڕووداوه‌که‌یان بینیوه هه‌ریه‌که‌یان به‌شێوه‌یه‌کی جیاتر له‌وی تر ڕووداوه‌که ده‌گێڕێته‌وه. ئه‌وه‌ی ئه‌م گرووپه دروستده‌کات بریتییه له باروودۆخێک، که ئه‌ویش کاره‌ساته‌که‌یه نه‌ک ئامانجێک. هه‌ندێک باروودۆخی تر هه‌یه، که دیسانه‌وه خه‌ڵکانێک کۆده‌بنه‌وه و له میدیاکاندا وه‌ک گرووپ ناویان ده‌برێت، بۆ نموونه ژنانی ماڵه‌وه له‌به‌رده‌م فه‌رمانگه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تییدا داوای هاوکاریی باشتری حکومه‌ت ده‌که‌ن له ژیانی ڕۆژانه‌یاندا. ئه‌م ژنانه ڕۆژێک له ڕۆژان یه‌کترییان نه‌دیوه، لێ له‌به‌رده‌م بینای شاره‌وانییدا ده‌ستیانکردۆته‌ ده‌ستی یه‌که‌وه و بۆ مانگرتن ڕێگای چوونه‌ژووره‌وه و هاتنه‌ده‌ره‌وه‌‌یان له بیناکه گرتووه. ئه‌م ژنانه له کاتیگۆرییه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تییدان، ئه‌گه‌ر له ماڵیشه‌وه بوونایه هه‌ر خاوه‌نی هه‌مان کاتیگۆریی ده‌بوون، چونکه خاوه‌نی یه‌ک ئامانجن ئه‌ویش به‌ته‌نگه‌وه‌هاتنی منداڵ و ماڵه “چێشتلێنان، جلشتن، خاوێنکردنه‌وه‌ی ماڵ، گه‌مه و خوێندن له‌گه‌ڵ منداڵ …هتد.” لێبه‌ڵێ کاتێک له‌به‌رده‌م شاره‌وانییدا کۆده‌بنه‌وه ناویان له میدیاکاندا وه‌ک گرووپ به‌کارده‌هێنرێت “گرووپێک له ژنانی ماڵه‌وه”. دروستبوونی گرووپێک له باروودۆخدا پابه‌ند نییه به پابه‌ندبوون به‌یه‌که‌وه یان هه‌بوونی یه‌ک یه‌که له بوونیاندا، بۆ نموونه له وه‌ستانماندا له سه‌ره‌ی کاسه‌ی سووپه‌رمارکێتێکدا. هه‌ندێک باروودۆخی شاز هه‌ن، که ده‌کرێت له ڕێگایه‌وه کۆمه‌ڵێک خه‌ڵک گرووپێکیان لێپێکبێت، بۆ نموونه باروودۆخی ونبوونی کۆمه‌ڵێک گه‌شتیار له دوورگه‌یه‌کدا وه‌ها ده‌کات، که له‌پێناوی مانه‌وه له ژیاندا سیستێمێک بۆ ژیانیان و ڕزگاربوونیان بێته‌ ئاراوه، ئیدی لێره‌وه چه‌مکی “ئێمه” زاڵده‌بێت به‌سه‌ر چه‌مکی “من” دا، هه‌ستی ئێمه ده‌بێته ئێمۆتسیۆنێکی نوێ له‌ناو ئیندیڤیدوومه‌کانی گرووپه‌که‌دا. ئه‌وه‌ی جێگای سه‌رنجی سه‌ره‌کیی منه له‌ناو یه‌کێتیی نیشتیمانییدا هه‌ستی ئێمه „Das Wir Gefühl“ له‌ناو که‌متریین ئۆرگانه‌کانی یه‌کێتیی نیشتیمانییدا به‌دی ده‌کرێت. هه‌ندێک کۆ هه‌ن له‌ناو ئۆرگانه‌کانی یه‌کێتییدا له‌و کۆیانه ده‌چن، که له ده‌وری کاره‌ساتی ئاوتۆمۆبیلێک کۆبوونه‌ته‌وه یان له سه‌ره‌ی کاسه‌ی سووپه‌رمارکێتێکدا ڕاوه‌ستاون. هه‌ستی گرووپ له‌ناو یه‌کێتیی نیشتیمانییدا وه‌ک هه‌ستی گرووپی خێزانێک وه‌هایه. ژن و پیاوێک نابنه سه‌ره‌تای گرووپێک ئینجا شوویان به‌یه‌ککردبێت یان نه‌خێر هیچ له باسه‌که ناگۆڕێت، لێبه‌ڵێ له‌گه‌ڵ له‌دایکبوونی منداڵدا و زۆریی ڕێژه‌ی منداڵه‌کان ده‌بنه گرووپێکی بچکۆلانه. منداڵه‌کان ئازادانه و به ویستی خۆیان به‌شێک نین له‌م گرووپه بچکۆلانه‌یه، به‌ڵکوو ئه‌مان له ڕاستیی ڕاسته‌قینه‌دا به‌شێکی گرووپێکی سه‌پێنراون ئینجا له‌ژێر فه‌رمانڕه‌وایه‌تیی باوکه‌که‌دا بێت یان دایکه‌که‌دا هیچ له باسه‌که ناگۆڕێت. منداڵ ئه‌و ژیانه ده‌ژیی، که دایک و باوکه‌که ده‌یانه‌وێت، خاوه‌نی ئه‌و نۆرمه‌ن، که دایک و باوکه‌که ده‌یسه‌پێنێت به‌سه‌ریاندا. کاتێک هه‌لومه‌رجێک بۆ منداڵه‌کان دێته‌ ئاراوه هه‌ریه‌که ڕێگای تایبه‌تی خۆی ده‌گرێت و گرووپه‌ سه‌پێنراوه‌که هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه. کچێکیان له ڕقی دایک و باوکی ده‌بێته پۆرنۆستار، که ویستی دایک و باوکه‌که نییه، کوڕێکیان ده‌بێته مامۆستای سه‌ره‌تایی، که باوکه‌که پێیخۆشبوو ببێته دادوه‌ر، کوڕێکیان له کڵاسی نۆدا واز له خوێندن دێنێت و ده‌گوێزێته‌وه بۆ وڵاتێکی نامۆ، کچێکیان ده‌بێته کۆمیکه‌ر و هه‌فته‌ی جارێک له‌ یه‌کێک له که‌ناڵه‌کانی تێلێڤیزیۆنه‌وه ژیانی منداڵیی خۆی ده‌کاته نووکته بۆ چه‌ند میلیۆنێک بینه‌ر و ساتیره‌ی دایک و باوکی ده‌کات. کێشه‌ی گه‌وره‌ی خێزانگه‌لێکی ئاوها له‌وه‌دایه، که وه‌ک گرووپ سه‌ربه‌خۆ پێکنه‌هاتوون، ته‌نها ئه‌و خێزانانه ده‌توانن سه‌رکه‌وتوو وه‌ک گرووپێکی بچکۆلانه بۆ ماوه‌یه‌ک بمێننه‌وه، که سه‌ربه‌خۆ پێکبێن. بۆ نموونه ئه‌و هۆبییانه‌ی ئه‌ندامانی ئه‌م خێزانه هه‌یانه یه‌کتریی کۆبکه‌نه‌وه “موسیک، خوێندنه‌وه، وه‌رزش، سه‌فه‌ر …هتد.” ئه‌م گرووپانه خاوه‌نی یاسایه‌کی سه‌قامگیرنین هه‌‌ربۆیه ئه‌ندامانی خۆویستانه تێیدا ده‌ژیین، ئه‌ندامانی نه داوایانلێده‌کرێت ببنه ئه‌ندامی ئه‌م گرووپه نه زۆریانلێده‌کرێت بمێننه‌وه، ئازادیی ویست هه‌ڵسوڕێنه‌ری چ گرووپه‌که‌یه چ گه‌ره‌نتیی هێشتنه‌وه‌شیه‌تی. یه‌کێک له هه‌ڵه گه‌وره‌کانی ناو ستراکتوری یه‌کێتیی نیشتیمانیی کوردستان بریتییه له هه‌بوونی ده‌یان گرووپی بچکۆلانه، ئه‌مه‌ش وه‌هایکردووه، که له هه‌موو کاتێکی هه‌ستیاردا چه‌ند ئه‌ندامێکی ناو یه‌کێک له گرووپه بچکۆلانه‌کان ببنه هۆکاری لێبوونه‌وه‌ی گرووپێکی تر و جیابوونه‌وه‌ی خۆیان له گرووپی ناوبراو ڕابگه‌یه‌نن. ڕاستیی ڕاسته‌قینه‌ی ئۆرگانه‌کانی یه‌کێتیی نیشتیمانیی بریتییه له ژیان له‌ناو گرووپگه‌لێکی بچکۆلانه‌دا. بۆ من ئه‌م گرووپانه وه‌ک “کاسه‌ی سووپه‌رمارکێتێک، که خه‌ڵک سه‌ره‌ی بۆ ده‌گرێت. ئاوتۆمۆبیلێک له‌کاتی کاره‌ساتی لێدانێکدا، که خه‌ڵک لێیکۆده‌بێته‌وه.” وه‌هایه. ئه‌م گرووپانه باروودۆخ دروستده‌که‌ن، که به‌هۆیه‌وه خه‌ڵک لێیانکۆده‌بێته‌وه، ئه‌م خه‌ڵکانه ئه‌ندامانی گرووپی باروودۆخیین بۆ ماوه‌یه‌کی دیارییکراو، بۆ نموونه تاکێک، که سه‌ره‌ی گه‌یشته کاسه‌ی سووپه‌رمارکێته‌که پاره‌ی کاڵاکانی ده‌دات و ده‌ڕوات، ئیدی ئه‌و چیدی ئه‌ندامی ناو گرووپی سه‌ره‌ی کاسه‌که نییه. یان ئه‌و تاکه‌ی شوێنی کاره‌ساتی ئاوتۆمۆبیله‌که به‌جێده‌هێڵێت و ده‌ڕوات، ئیدی ئه‌و چیدی ئه‌ندامی ناو ئه‌و گرووپه ته‌ماشاکه‌ره نییه، که باروودۆخی کاره‌ساته‌که دروستیکردووه. به‌شێکی گه‌وره‌ی ئه‌ندامانی یه‌کێتیی، که ڕێکخستنه‌کانی بناغه‌یه‌تی ئه‌ندامانی گرووپی باروودۆخن، به‌رپرسێک دێته ئه‌وروپا و کۆڕێک ده‌کات، ئه‌م باروودۆخه کۆیانده‌کاته‌وه، ئه‌م ئه‌ندامانه له ڕێگای میدیاوه هه‌واڵی هاتنی به‌رپرسی ناوبراو و به‌ستنی کۆڕه‌که‌ی ده‌بیستن، ئه‌مه‌ش وه‌ک زرمه‌ی ئه‌و ئاوتۆمۆبیله وه‌هایه، که خۆی ده‌کێشێت به ئاوتۆمۆبیلێکی تردا و خه‌ڵکیی له ده‌وری خۆی کۆده‌کاته‌وه. گرووپه بچکۆلانه‌کان له سه‌ره‌وه بۆ خواره‌وه خاوه‌نی یه‌ک ستراکتورن، خاوه‌نی هه‌مان باشه و هه‌مان خراپه‌ن به‌مشێوه‌یه‌ی خواره‌وه:

ئه‌ندامانی گرووپێکی بچکۆلانه هه‌موو ڕوو به ڕوو یه‌کتر ده‌ناسن، توانای کۆبوونه‌وه‌یان له ده‌وری مێزێک هه‌یه.

له گرووپێکی بچکۆلانه‌دا هه‌ست باڵاده‌سته به‌شێوه‌یه‌ک، که توانای فه‌رمانڕه‌وایه‌تییکردنی لۆگیکی هه‌یه بۆ نموونه: هاوڕێیه‌تیی، ڕق، حه‌ز، ئێره‌گه‌ریی، پابه‌ندبوون …هتد. “تێبینیی: ئه‌م هه‌ستانه زۆرینه‌یجار شاراوه‌ن”.

ئامانجی پێکه‌وه‌یی زۆرینه‌یجار پابه‌ندکراوه به ئێمۆتسیۆنه‌وه “هه‌ست” نه‌ک ئه‌قڵ.

گرووپێکی بچکۆلانه هه‌وڵی به‌رهه‌مهێنانی نۆرمی تایبه‌ت به خۆی ده‌دات و له‌لایه‌ن خه‌ڵکانێکه‌وه ده‌سه‌پێنرێت و له‌‌لایه‌ن خه‌ڵکانێکه‌وه په‌یڕه‌وناکرێت.

په‌یوه‌ندیی که‌سیی نێوان تاکه‌کان له‌ناو گرووپێکی بچکۆلانه‌دا گه‌وره‌تریین واتای هه‌بوونی گرووپه‌که‌ی وه‌رگرتووه.

ئه‌ندامێکی ناو ئه‌م گرووپه بچکۆلانه‌یه خاوه‌نی واتا و به‌های گه‌وره‌تره وه‌‌ک له‌ناو گرووپێکی گه‌وره‌دا.

هه‌ستی ئێمه „Das Wir Gefühl“ هێزێکی گه‌وره‌ی ناو گرووپه‌که‌یه.

گۆڕیینی ئه‌ندامێکی ناو گرووپێکی بچکۆلانه توانای گۆڕیینی ته‌واوی گرووپه بچکۆلانه‌که‌ی هه‌یه، که له پێش هه‌موو شتێکه‌وه هه‌ستی ئێمه ده‌خاته مه‌ترسییه‌وه، ئیدی لێره‌وه یان ئه‌وه‌تا هه‌ستی من پیاده‌کرێت یان له‌ناو گرووپه‌که‌دا گرووپی دووکه‌سیی یان سێ که‌سیی پێکدێت، که مه‌ترسیی چوونه‌ده‌ره‌وه‌یان له گرووپه‌که گه‌وره‌تره وه‌ک له شانسی مانه‌وه‌یان له‌ناو گرووپه‌که‌دا.

که من دوو دڵ بم به‌رانبه‌ر هه‌موو شت، ئه‌وا ناتوانم له‌وه دوو دڵ بم، که دوو دڵم، “من بیرده‌که‌مه‌وه، منم” ئه‌مه یه‌که‌میین دڵنیاییه، خاڵییه له دوو دڵیی، دڵنیاییه‌ک، که خودایه‌کی هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنه‌ر ناتوانێت لێمزه‌وت بکات. ئه‌مه بیرکردنه‌وه‌ی دێکارته، لێ ئاخۆ دوو دڵیی و گوومانه‌کانی تاکی ناو یه‌کێتیی نیشتیمانیی هه‌تاوه‌کوو کوێی سنووره‌کانی ئه‌م گرووپه بچکۆلانانه ڕۆیشتووه؟ کاتێک تاک ده‌یه‌وێت دڵنیا بێت، که هێزێک هه‌یه ناوی هه‌ستی ئێمه‌یه له‌ناو گرووپێکی گه‌وره‌دا، یان دوو دڵبێت و به گوومانبێت له بوونیه‌تی ئه‌و هێزه، که ناونراوه هه‌ستی ئێمه. پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه: چ شتێک توانای پێدانی هه‌ستی ئێمه‌ی به تاکه‌کانی ناو یه‌کێتیی نیشتیمانیی هه‌یه؟

 

29.11.2010

 

وێنه‌ی نۆزده‌هه‌م:

بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ڤاڵانی یه‌کێتیی ئاگایانه مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ کۆبیرکردنه‌وه‌دا یان بیرکردنه‌وه له گرووپدا بکه‌ن، به‌پێویستی ده‌زانم سه‌رنجیان بۆ زیانه‌کانی سووپای ئه‌مێریکا له ده‌وه‌نی به‌رازه‌کان له “کووبا”دا ڕابکێشم. من پێشتر له وتاری ژماره دوانزده‌ی گۆشه‌ی وێنه‌دا قسه‌م له‌سه‌ر زیانه‌کانی کۆده‌نگیی کرد به‌تایبه‌ت له بڕیاره‌کانی ئه‌پڕیلی ساڵی ١٩٦١ دا بۆ هێرشکردنه سه‌ر کووبا. له فیلمی دوانزده سوێندخۆره‌که‌دا بوونی تاکه ڕه‌خنه‌گرێک ده‌بێته هۆکاری گفتووگۆکردنی پێکه‌وه له‌سه‌ر بڕیاردانێک. واته کۆبیرکردنه‌وه‌ی ئێمۆتیسۆناڵانه به‌بێ قووتبوونه‌وه‌ی ڕه‌خنه له‌پێناوی ڕاستییدا، هه‌رگیز نه بڕیارێکی ڕاستی لێده‌که‌وێته‌وه، نه بڕیارێکی واش دادپه‌روه‌رانه ده‌بێت. له‌م وتاره‌وه داوا له هه‌موو ئه‌ندامێکی یه‌کێتیی ده‌که‌م، که تینووی ڕاستیی و دادپه‌روه‌رییه ته‌ماشای فیلمی دوانزده سوێندخۆره‌که بکات. ئامانج له‌م ته‌ماشاکردنه‌دا ته‌نها ناسینه‌وه‌ی ڕاستیی نییه، به‌ڵکوو گرنگیی بوونی ڕه‌خنه‌گرێکه له کۆبیرکردنه‌وه‌یه‌کدا، له گرووپدا، ئیدی ئه‌م گرووپه مه‌کته‌بی سیاسییه یان ئه‌نجومه‌نی کۆمیته‌یه‌کی ڕێکخستن هیچ له باسه‌که ناگۆڕێت. ئه‌گه‌ر سه‌رنج بده‌ینه گرووپ، ئه‌وا ده‌کرێت بڵێین، که هه‌موو گرووپێک له ئه‌سپێکتێکدا وه‌ک: (a) هه‌موو گرووپێکی تر وه‌هایه. (b) وه‌ک هه‌ندێک گرووپی تر وه‌هایه. (c) وه‌ک هیچ گرووپێکی تر نییه. سه‌رجه‌م گرووپه‌کانی ناو یه‌کێتیی نیشتیمانیی کوردستان له مه‌کته‌بی سیاسییه‌وه بیگره هه‌تاوه‌کوو که‌رتێکی بچکۆلانه‌ی ڕێکخستنه‌کانی یه‌کێتیی نیشتیمانیی له ئه‌وروپا خاوه‌نی دوو جۆر (“فازه‌”ن، Phasen)، “پله‌ی گه‌شه‌کردن” یه‌که‌میان فۆرمییه  واته هه‌میشه هه‌وڵی تاقیکردنه‌وه‌ی فازه‌ی خه‌ڵکانی تر و گرووپی تر ده‌دات، ئه‌ندامان له‌ناو ئه‌م مۆدێله‌دا پابه‌ندن به هه‌ڵسوڕێنه‌ری گرووپه‌وه.  دووهه‌میشیان هێرشبه‌ره، واته ئه‌ندامانی ئه‌م گرووپه به هه‌ڵسوڕێنه‌ری گرووپیشه‌وه خه‌ڵکانێکن، که هه‌میشه له ئاماده‌باشیی رکه‌به‌رایه‌تیی ئه‌ندامانی گرووپی تردان. ئامانج لێره‌دا ده‌سته‌ڵات و کاریگه‌رێتییه، ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه له‌پێناوی شکستپێهێنانی ئامانجی گرووپی دژه‌به‌ردا، شۆڕشه دژ  به هه‌ڵسوڕێنه‌ری گرووپه‌که‌ی تر. کێشه‌یه‌ک نییه له‌ناو یه‌کێتییدا بۆ من ناوی کێشه‌ی باڵباڵێنه بێت، به‌ڵکوو کێشه‌ی گرووپه، کێشه‌ی نه‌بوونی نۆرم و پێرفۆرماتیڤیه‌ته “وته‌ی زمانه‌وانیی له‌کاتی به‌رهه‌مهێنانی ده‌نگدا. بۆ نموونه کاتێک ده‌ڵێین: سووپاسی به‌ڕێزتان ده‌که‌م” له‌ناو گرووپه‌کانی یه‌کێتیی نیشتیمانییدا. که‌میی نۆرم و زانستی په‌یڤه‌وانیی له‌ناو گرووپه‌کانی یه‌کێتییدا، زۆرینه‌ی گرووپه‌کانی یه‌کێتیی کردووه به گرووپگه‌لێکی هێرشبه‌ر، ئه‌ندامانی ئه‌م گرووپگه‌له بێ ماندووبوون به‌رده‌وام تێده‌کۆشن بۆ ڕووخاندنی ئامانجه‌کانی گرووپی تر و هه‌بوونی ده‌سته‌ڵات به‌سه‌ریاندا، له‌کاتێکدا پێویسته ته‌واوی گرووپه‌کانی ناو یه‌کێتیی به‌شێک بن له ستراکتووری گرووپێکی گه‌وره، که خاوه‌نی یه‌ک ده‌سته‌ڵاته، ئه‌ویش ده‌سته‌ڵاتی یه‌کێتیی نیشتیمانیی کوردستانه. له سه‌ره‌تای شۆڕشی نوێوه هه‌تا ڕاپه‌ڕیینیش یه‌کێتیی پارتی یه‌که‌م بووه له باشووری کوردستاندا، لێبه‌ڵێ هه‌نووکه پله‌ی سه‌رکه‌وتنی یه‌کێتیی لانیکه‌م بۆ من چووه‌ته ژێر نیشانه‌ی پرسیاره‌وه. کریسته سۆسیالیسته‌کانی ئه‌ڵمانیا له ده‌ڤه‌ری بایه‌رندا له‌دوای نزیکه‌ی نیوسه‌ده‌ی ڕه‌به‌ق له سه‌ره‌وه‌ی زۆرینه‌ی ده‌نگ و ده‌سته‌ڵاتدارێتییدا له سێپتێمبه‌ری ٢٠٠٨ دا سه‌رکه‌وتنیان به پله‌ی یه‌که‌م و بوونیان له سه‌ری سه‌ره‌وه‌ی پارته‌کاندا له‌ده‌ستدا. گه‌وره به‌رپرسانی ئه‌م پارته له ده‌سته‌ڵاتدا ده‌ستیان له‌کار کێشایه‌وه، ئامانج تێیدا گه‌ڕانه‌وه بوو بۆ سه‌رکه‌وتنی به‌رده‌وامیی کریسته سۆسیالیسته‌کان. ئه‌ندامانی ده‌سته‌ڵاتداری یه‌کێتیی پێویسته سه‌رکه‌وتنی به‌رده‌وامیی پارته‌که‌یان و بوونیان له سه‌ری سه‌ره‌وه‌ی پارته‌کاندا زیاتر بوێت وه‌ک له مانه‌وه‌یان له پۆسته‌کانیاندا. ئه‌ندامانی سه‌رکرده ئه‌گه‌ر ویستی ده‌ستکێشانه‌وه‌یان نه‌بێت، ئه‌وا به‌وپه‌ڕی دڵنیاییه‌وه ده‌بێت ویستی کارکردنی باشتر و ئاماده‌گیی پێکه‌وه کارکردنیان هه‌بێت وه‌ک له دژ به یه‌کتر کارکردن. کارکردن له هه‌بوونی نۆرمدا، کارکردن له هه‌بوونی پێرفۆرمدا.  گرفتی گه‌وره‌ی ئه‌م گرووپگه‌لانه له‌وه‌دایه، که له سه‌ره‌تاوه تاکه‌کانی نامۆن به‌یه‌کتریی، وه‌نه‌بێت ئه‌م تاکانه یه‌کتر نه‌ناسن، نه‌خێر ئه‌مانه تێگه‌یشتنیان بۆ جیهان و سیاسه‌ت به یه‌کتریی نامۆیه، لێبه‌ڵێ له ڕێگای کاری پێکه‌وه‌ییه‌وه له‌یه‌کتریی نزیکده‌بنه‌وه و پابه‌ند ده‌بن به فه‌رمانڕه‌وای گرووپه‌وه‌. له‌کاتێکدا مامه‌ڵه‌ی فه‌رمانڕه‌وای گرووپ ئه‌و مامه‌ڵه‌یه نییه، که ئه‌ندامانی گرووپ چاوه‌ڕێیده‌که‌ن، ڕه‌وشێک دێته‌ ئاراوه، که ناوی ده‌نێم ڕه‌وشی دژ به پابه‌ندبوون. مرۆڤ ده‌بێت جیاوازیی بکاته نێوانی پابه‌ندنه‌بوون و دژ به پابه‌ندبوونه‌وه. کاتێک خه‌ڵکانێک پابه‌ند نابن به فه‌رماڕه‌وایی گرووپه‌وه، گرووپه‌که به‌جێده‌هێڵن و ده‌ڕۆن، لێ کاتێک خه‌ڵکانێک دژ به پابه‌ندبوونن به فه‌رمانڕه‌واوه له گرووپدا ده‌مێننه‌وه و هه‌وڵی گۆڕیینی فه‌رمانڕه‌وا ده‌ده‌ن. ئه‌مجۆره دژبوونه له‌ سه‌ره‌تای ڕووخانی به‌عسه‌وه له‌ناو مه‌کته‌بی سیاسیی یه‌کێتییدا بوونی هه‌بوو، گرنگیینه‌دانی وه‌ک پێویست پێی له‌سه‌ر بنه‌مایه‌کی سۆسیۆپسیشۆلۆگیی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانی لێکه‌وته‌وه. سه‌رکه‌وتنی یه‌کێتیی له هه‌ڵبژاردنه‌کانی یه‌کێتییدا له‌ناو یه‌کێتییه‌وه ده‌ستیپێنه‌کرد، به‌ڵکوو له خودی کێشه‌کانی ناو گرووپه‌کانی شه‌قام، پارته بچکۆلانه‌کانی تر، بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانه‌وه ده‌ستیپێکرد. هه‌میشه تاکه‌کانی ناو گرووپێک، که پابه‌ند نابن به پابه‌ندبوون به ئاوتۆریتێتیی فه‌رمانڕه‌واوه، ده‌گه‌ڕێن بۆ گرووپێکی تر، که تێیدا نۆرم و پێرفۆرمیتێت ده‌سته‌ڵاتێکی باڵای هه‌یه. ئه‌وه‌ی، که من ئیمڕۆ له‌ناو گرووپگه‌لێکدا ده‌یبینم بریتییه له ئۆرینتیره‌ی تاکه‌کانی، که له‌نێوانی خۆیاندا “دوو دوو، یان سێ سێ …هتد.” په‌یوه‌ندییه‌کی نێگه‌یڤ یان پۆزه‌تیڤ دروستده‌که‌ن. له هه‌ندێک شوێنی تایبه‌تی ناو گرووپه‌کاندا کێشمه‌کێشی ده‌سته‌ڵات باڵاده‌سته، مۆتیڤی ئه‌م کێشمه‌کێشه بریتییه له پێوابوونی تاکه‌‌کانی ناو گرووپ. “بۆ نموونه: هه‌ندێک تاک پێیانوایه، که ته‌نها و ته‌نها ئه‌وان شایسته‌ی پۆستگه‌لێکی ناو گرووپ یان ده‌زگایه‌کن، له‌کاتێکدا له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌واندا خه‌ڵکانێک هه‌ن کوالیفیتسیره‌ترن”. له هه‌لومه‌رجی ئاوهای گرووپێکدا مه‌ترسیی به‌جێهێشتنی به‌شێکی گه‌وره‌ی ئه‌ندامه‌کانی له سه‌دا سه‌ده. وێنه‌ی گرووپه‌کانی ناو یه‌کێتیی نیشتیمانیی له‌لای من ڕێککه‌وتێک به‌رهه‌میهێناون، مانه‌وه‌ی ئه‌م گرووپانه وا له‌ناو ته‌مه‌ن درێژیی ئه‌و باروودۆخه‌دا، که ڕێککه‌وته‌که به‌رهه‌میهێناوه. نه‌مانی باروودۆخه‌که واتای نه‌مانی گرووپه‌که‌یه، هه‌ربۆیه خه‌ڵکانێک له‌ناو ئه‌م گرووپانه‌دا ڕۆڵێکی باڵایان له هێشتنه‌وه‌ی ئه‌و باروودۆخه‌دا هه‌یه. له هه‌موو جۆره گرووپێکی ئاوهادا هه‌میشه گرووپی بچکۆلانه‌تر سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن، که ناوده‌نرێن له‌ژێر گرووپه‌وه، ئه‌مجۆره گرووپگه‌لانه له‌ناو هه‌موو گرووپ و ئۆرگانێکی هاوشێوه‌ی گرووپه باروودۆخییه‌کانی یه‌کێتیی نیشتیمانییدا بوونیان هه‌یه. هه‌وڵدان بۆ به هه‌ڵه سه‌لماندنی ئه‌م پێوابوونه، کردنی هه‌ڵه‌یه نه‌ک سه‌لماندنی ڕاستیی نه‌بوونی له‌ژێره‌وه‌ی گرووپدا له‌ناو هه‌ر گرووپێکدا. گریمان له فڕگه‌ی سلێمانییه‌وه فڕۆکه‌یه‌ک هه‌ڵده‌فڕێت بۆ دووسلدۆرف له ئه‌ڵمانیا. نه‌فه‌ره‌کانی ناو ئه‌م فڕۆکه‌یه بریتییه له کۆبوونه‌وه‌ی چه‌ند خه‌ڵکێک، له‌ناو ئه‌م خه‌ڵکانه‌دا بۆ نموونه: ژن و مێرد هه‌یه، دوو هاوڕێ هه‌یه، دوو سیاسیی وه‌ک دوو نوێنه‌ری پارتێک هه‌یه …هتد. ئه‌مانه له‌ژێره‌وه‌ی گرووپن، له‌ ناکاودا فڕۆکه‌که تووشی کێشه‌ی ته‌کنیک ده‌بێت و ناچاره له هه‌ولێر بنیشێته‌وه، له‌م باروودۆخه‌دا گرووپێک کتووپڕ دروستده‌بێت، ئه‌م گرووپه به هه‌مان کتووپڕیی خۆیان ڕێکده‌خه‌ن و هه‌ریه‌که‌یان یان هه‌ر دوو که‌سیان ئه‌رکێکی گرنگ ده‌گرنه ئه‌ستۆ له‌پێناوی مانه‌وه له ژیاندا. ئه‌‌م کتووپڕییه ستراکتوورێک ده‌به‌خشێت به گرووپه‌که، لێ ستراکتوورێک، که دابه‌شکردنی ئه‌رکه‌کان ده‌یسه‌پێنێت به‌سه‌ر تاکه‌کانی ناو ئه‌م گرووپه‌دا، هه‌ر خودی ئه‌م باروودۆخه فه‌رمانڕه‌وایه‌ک یان چه‌ند فه‌رمانڕه‌وایه‌ک له‌ناو گرووپه‌که‌دا به ڕێکخراویی به‌رهه‌مدێنێت. کاری پێکه‌وه‌یی و پێویستیی گرووپ به‌رهه‌مدێنێت، ئه‌م پێویستیی پێکه‌وه کارکردنه‌ش خاوه‌نی ئامانجه، ئامانجیش لێره‌دا مانه‌وه‌یه‌ له ژیاندا. له‌ناو ئه‌م باروودۆخه‌دا باوه‌ڕ په‌یدا ده‌بێت، تاکه‌کانی ئه‌م گرووپه له فڕۆکه‌که‌دا باوه‌ڕیان به یه‌کتریی هه‌یه، له ڕێگای ئه‌م باوه‌ڕه‌وه په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ یه‌کترییدا به‌هێزتر ده‌بێت و یه‌کتریی باشتر ده‌ناسن، له ڕێگای ناسین و باوه‌ڕه‌وه ئاسانتر زاڵده‌بن به‌سه‌ر کێشه‌کاندا. لێبه‌ڵێ مه‌ترسیی گه‌وره‌ش له ئارادایه، که گرووپێکی ئاوها ڕێکخراو و خاوه‌ن ستراکتوورێکی به‌هێز له چاوترووکانێکدا هه‌ڵبوه‌شێته‌وه و سه‌رلێشێواندن زاڵبێت به‌سه‌ر تاکه‌کانی ناو ئه‌م گرووپه‌دا، بۆ نموونه له فڕگه‌ی هه‌ولێردا فڕۆکه‌یه‌ک ئاماده‌ ده‌کرێت، که نه‌فه‌ره‌کانی ناو ئه‌م فڕۆکه خاوه‌ن کێشه‌ی ته‌کنیکه بگه‌یه‌نێته دووسلدۆرف. لێره‌دا کاری پێکه‌وه‌یی نامێنێت و هه‌ریه‌که هه‌وڵده‌دات زوو بچێته ده‌ره‌وه و خۆی بگه‌یه‌نێته فڕۆکه‌که‌ی تر. هه‌ر ئه‌ندامێکی سه‌رکردایه‌تیی و مه‌کته‌بی سیاسیی بۆ من لێره‌دا فڕۆکه‌یه‌که و چه‌ندیین تاکی ناو یه‌کێتیی نیشتیمانیی له خۆیدا هه‌ڵگرتووه، له هه‌موو کێشه‌یه‌کی سیاسیی چ ناو یه‌کێتیی و چ ده‌ره‌وه‌ی یه‌کێتییشدا تاکه‌کان خۆیان ڕێکده‌خه‌ن و ده‌بنه گرووپێکی خاوه‌ن ستراکتور، به‌رنامه و ئامانج، لێ له‌گه‌ڵ ده‌رکه‌وتن و نزیکبوونه‌وه‌ی ئه‌ندامێکی سه‌رکردایه‌تیی تر یان ئه‌ندامێکی مه‌کته‌بی سیاسیی تر، که وه‌ک فڕۆکه‌یه‌کی ئاماده‌کراو وه‌‌هایه گرووپه‌که هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه، کاری پێکه‌وه‌یی نامێنێت  و هه‌ریه‌که له هه‌وڵی گه‌یشتنیدایه به فڕۆکه‌که‌ی تر. 

 

10.12.2010

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.