Skip to Content

Saturday, September 19th, 2020

وەرزى بیرچوونەوە …ئاوێزان نورى

Comments
by January 23, 2008 ئەدەب
"با"بە تەنیشت ماڵمدا تێدەپەڕێ و..
بیرى دەچێت دەرگاو پەنجەرەکەم بخاتە سەرپشت
پێڵاوەکانم دەڕۆن و..
بیریان دەچێت پێیەکانم لەگەڵ خۆیاندا ببەن
"خەو"بەبەر چاومەوە سەما دەکات و..
بیرى دەچێت بێتەسەر پێڵووەکانم
"خۆر"بە ئاسمانەوە هەڵدێ و..
بیرى دەچێت سڵاو لە تاریکى ژورەکەم بکات
"باران" بەخوڕ دادەکات و..
بیرى دەچێت چۆڕێک ئاو بڕژێنێتە گەروى تینوێتییەوە
"یار"دەڕواتء بیرى دەچێت بێتەوە
منیش لەتێ سێوى مردن دەخۆم و..
بیرم دەچێت هەندێکیش بۆنى ژیانەوە بکەم
لە وەرزى بیرچوونەوەدا
منداڵەکانیش بیریان دەچێت پێ بگرن
عەیامێکە ژیان یاوەرى کەس نابێ
جگە لە بیرچوونەوە
ئیمارەتێکم لە "فکر"دروستکردو..
ئیمبراتۆریەتى جەهل بردیە ڕێوە
خاکێکم بە عیشق تۆو کردو..
دارى خیانەتى تیا ڕووا
مەعبەدێکم لەوەفا پڕکردو..
فەتواى نەمانى تیا درا
دەیان دەستنوێژى یەقینم هەڵگرت
جگە لە دوو رکات ترس
نوێژى جورئەتم پێ نەکرا
تا لەسەر وبەرماڵى وجود
وێردەکانم
ئاراستەى زانین بکەم و..
لە گوناهى نەزانین پاک ببمەوە
لە دامێنى خەیاڵێکى نارنجیشدا
دێرى قەسیدەکانم
ئولفەتیان بە وشە ژەنگرتووەکانەوە گرت و..
خۆیان دوبارە کردەوە
ئیدى نازانم چى بنووسم
کە تەنها بیرچوونەوە میوانمە
نازانم من بیرم دەچێت بڕۆمە لاى شیعر
یان شیعر بیرى دەچێت ببێتە میوانى پێنووسەکەم..
لەساڵى نەهامەتیدا
لەسەر پەڕاوى یادەوەرى هەوردا
بە هێڵێکى گەورە نووسراوە
وەرزى بیرچوونەوە!!
 
Previous
Next

Leave a Reply