Skip to Content

Thursday, November 26th, 2020

وەرزی نمایشكردنی پرۆژە چاكسازیەكان

Be First!
by February 7, 2009 گشتی

 وەرزی نمایشكردنی پرۆژە چاكسازیەكان
 محەمەد رەئوف
     

  MRKURD76@YAHOO.COM

 هەرچەندە لە هیچ قۆناغێكی مێژوویدا كورد هێندەی ئەمرۆ لە ناوچەكەدا پێگەی بەهێز نەبووەو خاوەنی دەست كەوت و دەسەڵاتى خۆی نەبووە، بەڵام لە هیچ قۆناغێكیشدا هێندەی ئەمرۆ،  بەرپرسانی كورد بێ باك و بێ پلان و خاوەنی ستراتیژیەتێكی ناروون و كورتخایەن نەبوونە،لە هیچ سەردەمێكیشدا بەرپرسانی كورد هێندەی ئەمرۆ پشتیان لە خواست و داواكاری و هیواكانی خەڵكی نەركردووەو هێندەی ئێستا هاوڵاتیان لە بەرپرسان بێزاروو نیگەران نەبوون.
 ئەمرۆ كوردستان لەبەردەم دوو مەترسیدایە، ئەگەر بە ئاگایی و ووردیەوە مامەڵەی لەگەڵدا نەكات دوور نیە مێژوو خۆی دووبارە نەكاتەوەو وەك سەرجەم قۆناغەكانی دیكە نەبینەوە قوربانی بەرژەوەندی زلهێزەكان و هەڵەی بەرپرسانی خۆمان، لەلایەك تا ئەمرۆش كورد خاوەنی دیبلۆماسیەتێكی روون و كاریگەر نەبووە لە ناوەندە سیاسی و نێودەوڵەتیەكاندا، تا ئێستا هیچ وڵاتێكی دراوسێ چاوی بە ئەزموونی هەرێمی كوردستان هەڵنایات و زۆربەی لایەنە عێراقیەكانیش كە تا دوێنێ دۆست و پیشتیوانی كورد بوون ئەمرۆ دژایەتی بەرژەوەندیەكانی كورد دەكەن.
 بەڵام مەترسی ناوخۆ كاریگەری زۆر  زیاترە لە مەترسی دەرەوە، ئەمرۆ سەرجەم دام و دەزگاو كایەكانی حكومەت لەلایەن حیزبەوە قۆرخ كراوەو ناعەدالەتیەكی زۆر باڵی بەسەر هەرێمی كوردستاندا كێشاوە، بەجۆریك ئەمرۆ تەنها بەرپرسەكانە  كۆنترۆڵی بازاروو ئابووری و پرۆژەو هەتا ئاوو كارەباو شەقامەكانیشی كردووە، ئەمرۆ بەرپرسان بەناوی شۆڕش و قوربانیدانەوە، ئابووری وڵات هەڵئەلوشن و سەرجەمیان بوونەتە سەرمایەدار، ئەمەش نارەزایی و توورەیی زۆری لای هاوڵاتیان درووست كردووە، بەجۆرێك كاریگەری زۆری لەسەر دابەزینی ئینتیمای نیشتیمانی و هەستی نەتەوایەتی درووستكردووە.
 ئەمرۆ كوردستان لێوان لێوە لە گەندەڵی دارایی سیاسی ئابووری كۆمەلایەتی، بەڵام تا ئەمرۆش هیچ هەنگاوێكی روون و كاریگەر بۆ رووبەروو بوونەوەی ئەو دیاردەو كێشانە بەدی ناكرێت.
 *نوسەران و پرۆژەی بەرپرسیارێتی
 چەندین ساڵە نوسەران و رۆشنبیران و رۆژنامە نووسان، لە نوسین و وتارەكانیاندا ئاماژە بەو دۆخە ترسناكەی هەرێمی كوردستان دەكەن و بەردەوامیش زەنگی مەترسیەكانی گەندەڵی ئەدەن بە گوێی بەرپرس و كاربەدەستەكانی ئەم هەرێمەدا، كە تا ئێستاش هاوڵاتیانی لە دووارۆژ و چارەنووسی خۆیان بێ ئاگان، ئایا بە یەكجاری رزگاریان دەبێت یاخود جارێكی تر دووچاری ماڵوێرانی و نەهامەتی دەبنەوە، زۆر دەمێكە لە رێی نوسین و پرۆژەو یاداشتەوە بەرپرسان ئاگادار دەكەنەوە لەو دۆخە ناتەندرووستە، مەترسی رووخانی هەر دەسەڵات و حكومەتێك لەوێوە دەست پێدەكات كە گەندەڵی دارای و ئابوری سەر هەڵدەدات و لەوێشەوە باڵ دەكێشێت بۆ گەندەڵی سیاسی، دواجاریش بە رووخانی پایەكانی ئەو دەسەڵاتە كۆتایی دێت، زۆرجار دەسەڵاتی كوردی بە خیانەت كارو دەستی دەرەكی، نوسەران و رۆشنبیرانی تۆمەتبار كردووە، بەڵام مەترسیەكە كاتێك خوی نمایش دەكات كە بەرپرسان سەرجەمیان كۆكن لەسەر ئەوەی كە گەندەڵی لە دام و دەزگاكانی حكومەتدا هەیە، چونكە ئەمان لەو رێیەوە دەیانەوێت خۆیان بێبەری و بێتاوان لە ئاست ئەو دیاردەیەدا بدەنە قەڵەم كە خۆیان سەرچاوەو خوڵقینەری راستەقینەین، ئەوان سەرجەم دام و دەزگا و حكومەت و پارلەمان وسەرجەم كایەكانی ژیانیان قۆرخ كردووەو دەشڵێن گەندەڵی بوونی هەیەو پێویستە بنبرَبكرێت.
 لێرەدا پرۆژەو یاداشتی نوسەران جگە لە بەجێگەیاندنی ئەركی بەرپرسیارێتی مێژوویی، نەیان توانیوە كاریگەریەكی جدی درووست بكەن و بەرپرسان ناچاربكەن، ملكەچی داواو پێشنیارەكانیان بێت.
 *چوارحیزبەكەو پرۆژەیەك لە تاریكیدا
 زۆر دەمێكە چوار حیزبی كوردستانی( یەكگرتوو، سۆسیالیست، كۆمەڵ، زەحمەتكێشان ) لە هەوڵی یاداشت و پرۆژەو داواكاریدان بە حكومەت و بەرپرسانی ئەم هەرێمە، ئەوان لە پرۆژەكانیاندا جەخت لەسەر بنبركردنی گەندەڵى و نەهێشتنی ناعەدالەتی كۆمەڵایەتی و جیاكردنەوەی كاری حیزب و حكومەت دەكەن، بەڵام تا ئێستاش هەوڵەكانیان كاریگەری پێشنیارو نوسینی روناكبیرانی لەسەر دەسەڵات تێنەپەراندووە، بەو مانایەی تا ئەمرۆش، نەیان توانیوە، هیچ كاریگەریەك لەسەر كەمكردنەوەی دەسەڵاتی حیزب لە كایەكانی ژیان درووست بكەن، ئەوان تا ئێستاش لە دەوری بازنەیەكی بەتاڵ دەسورێنەوە، لە لایەك نایانەوێت فشاری جدی بكەن( كە ئەگەر بیانەوێت ئەتوانن ) بۆ ئەوەی بە تەواوی هەردوو حیزبەكەیان لێ نەتۆرێ، نەبە تەواوەتیش پاشەكشە لە داواو پرۆژەكانیان دەكەن، تا بەتەواوی هاوڵایتان دڵنیابێت، كە ئەو دوو حیزبە گۆران و چارەسەریان ناوێت، ئەویش هەروەك خۆیان دەڵێن، هەندێكیان لە برساو هەندێكیشیان لە ترسا، چونكە ئەوان گەر بیانەوێت گۆرانی جدی لە پرۆسەی سیاسی و ژیانی سیاسی هەرێمی كوردستاندا بكەن، دەبێت، لە ئێستادا واز لە زۆرێك لە بەرژەوەندیە تایبەتیەكانیان بهێنن و بریاری جدی و بوێرانە بدەن، چونكە بەبێ قوربانیدان و كاری سەخت و رێگای پر لە نەهامەتی گۆرانی جدی روونادات و ئەو كاتیش متمانەی هاوڵاتیان لەدەست دەدەن و لە ئاستی ئومێدوو هێوای خەڵكیدا نابن، لەوێشەوە هێزوو لایەن و كەسانی تر دەبنە خاوەنی ئەو سەروەریەی كە پێویستە بێتەدی.
  ئەوان گەر دەیانەوێت بریارەكانیان كاریگەری هەبێت پێویستە كارتی كشانەوە لە حكومەت و پارلەمان بگرنە بەر كە ئەو رێگەیە ئەشێ كاریگەری زیاترو دەنگدانەوەی زۆرتری هەبێت.
 *نەوشیروان مستەفاو چاكسازی تیۆری
 لەدوای دەست بەردار بوونی لە پۆستی جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، كە ئێستا دووەم هێزی ساحەكەیەو خاوەنی سەرمایەیەكی بێشوومارو دەسەڵاتێكی زۆرە، نەوشیروان مستەفا، لە رێی پرۆژەو نوسین و وتارە رەخنە ئامێزە كانیەوە دەیەوێت وەك هێزێكی ئۆپۆزسیۆن خۆی لە گۆرەپانەكەدا نمایش بكات، هەرچەندە زۆرێك لە ئاگایانی سیاسی وازهێنانی نەوشیروان مستەفا لە پۆستەكەی كە پۆستێكی هەستیارو كاریگەر بوو، بە هەڵەیەكی ستراتیژی لەقەڵەم دەدەن، بەو پێوەدانگەی نەوشیروان مستەفا لەوێوە توانای چاكسازی و گۆرانی زیاتری دەبوو، چونكە ئەو خاوەنی سەنگ و قورسایی بوو لە ناو ناخی یەكێتیدا، ئەو توانای لێپێچینەوەو سزاى هەبوو لە هەموو ئەو كەسانەی كە تۆمەتبارن بە گەندەڵی و بەكار هێنانی پۆست و موڵك وماڵی خەڵكی بۆ بەرژەوەندی تایبەتی، ئەو كاریگەری زۆرێ لەسەر هەڵویست و بریارەكانی تاڵەبانی هەبوو، كە هەرگیز تاڵەبانی پێشنیاروو بریاری ئەوی رەت نەكردۆتەوە.
 بەڵام زۆرێكیش پێیان وایە لەبەرامبەر هەموو ئەو رێگریانەی كە بۆ نەوشیروان مستەفا درووست دەكرا، ئەو نەی دەتوانی لەوێوە هەوڵی چاكسازی بدات، چونكە دیاردەی گەندەڵی و بەهەدەردانی سەروەت و ماڵی هاولاتیان گەیشتبووە ئاستێك كە ئەستەمە بیتوانیایە چارەسەری بكات، هەوڵدانیش بۆ چاكسازی لە كەشێكی تەواو خاوێن و پێگەیەكی گرنگ و بێلایەندا دەكرێت، بۆیە ئەم هەنگاوانەی ئێستای نەوشیروان مستەفا، لە ئاستی ئاسۆییدا، كاریگەری گەورەو درێژخایەن لەسەر كۆمەڵگەی كوردی درووست دەكات.
 بەڵام ئەوەی تا ئێستاش وەك رەخنە لە هەوڵ و هەنگاوەكانی نەوشیروان مستەفا دەگیرێت بۆ چاكسازی لە كوردستان، خولانەوەیەتی لە بازنەیەكی تیۆری و خۆدوورگرتنێتی لە هەنگاونان بۆ پراكتیككردنی پرۆژەو پێشنیارەكانی بە ئاراستەی چاكسازی و  گەرانەوەی ژیانی سیاسی تەندرووست لە كوردستان، بۆیە هەنگاوەكانی نەوشیروان مستەفا بە ئاراستەی چاكسازی، پێویستی بە گرتنە بەری شێواز و فۆرمی جیاوازترە، كە ئەشێ خۆی لە هەوڵدان بۆ درووستكردنی ئۆپۆزسیۆنێكی جدیدا بنوێنێت، مەرجیش نیە لە چوارچێوەی حیزب و رێكخراوێكی دیاریكراودا بێت.
 *تاڵەبانی و ئەگەرێك بۆ گۆڕان
 رەنگە هیچ پرۆژەو پێشنیارێك هێندەی پرۆژەكەی تاڵەبانی ( جیاكردنەوە حیزب لە حكومەت) دەنگ دانەوەی لە ناو دام و دەزگاكانی راگەیاند و نێوەندە سیاسیەكاندا درووست نەكردبێت، هەرچەندە خستنە رووى ئەو پرۆژەیە كۆنەو رەنگە تاڵەبانی دواین كەس بێت بیخاتە روو، بەڵام پێگەی تاڵەبانی وای كردووە پرۆژەكە خۆی نوێ بنوێنێت، ئەمەش لە كاتێكدایە ئەو پرۆژەیە، لە مەكتەبی سیاسی حیزبەكەیدا خستۆتیە روو، بەڵام هەوڵی گشتاندنی دەدات، ئاگایانی سیاسی هۆكاری خستنە رووی ئەو پرۆژەیەی تاڵەبانی لەلایەك بۆ ئەو نارەزایی و تۆرەی و باڵباڵینەی ناو حیزبەكەی دەگەرێننەوەو لەلایەكیش بۆ فشاری ئەو رێكخراوە نێودەوڵەتیانە كە هەمیشە مانشێتی راپۆرتەكانیان زیادبوونی گەندەڵیە لە كوردستان، بەڵام پرسیاری گرنگ ئەوەیە كە ئایا پرۆژەكەی تاڵەبانی جێبەجێدەكرێت..؟؟؟ یاخود تاڵەبانی ئەیەوێت پرۆژەكەی جێبەجێبكرێت..؟ هەرچەندە تاڵەبانی بە جدی هەوڵ بۆ گشتاندن و بە یاساییكردن و جێبەجێكردنی پرۆژەكەی دەدات، بەڵام ئەستەمەپرۆژەیەك كە لە ناخی حیزبەوە هەڵقوڵاوە، توانای چارەسەركردنی كێشەو گرفت و گەندەڵیەكانی ئەمرۆی هەبێت، كە ئەوانیش لە هەناوی حیزب خۆیدا خوڵقان ، ئەستەمە تاڵەبانی توانای لێپێچینەوەو سزادانی ئەو بەرپرس و كاربەدەستانەی هەبێت كە دەست و پەنجەیان لەگەڵ گەندەڵی و تێكەڵكردنی حیزب و حكومەت نەرم كردووە، لەلایەكی تریش ئەمرۆ پارتی شەریكی برابەشی یەكێتیە بەبێ رەزامەندی ئەو هەرگیز ئەو پرۆژەیە ناچێتە بواری جێبەجێكردنەوە،چونكە پرۆژەكەی تاڵەبانی زیاتر مۆركی حیزبی پێوەیەو بۆ ئەندامان و رێكخستنەكانی یەكێتی خۆی دانراوە، ئەمە سەرەرای ئەوەی بەبێ بە یاسایی كردن و كردنی بە چوارچێوەیەكی یاسایی ئەو پرۆژەیە بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.
  سەرجەم ئەگەرەكانیش  ئەوە دەخەنە روو كە ئەو پرۆژەیەش توانای تێپەراندنی گرنگی هەوڵی نوسەرو رووناكبیرانی نیە كە پێشتر بۆ چاكسازی خستویانەتە روو.
 *دەروازەی گۆران لە كوێوەیە..؟؟
 لەگەڵ خستنە رووی سەرجەم ئەو پرۆژەو هەوڵانەدا بۆ چاكسازی بنبڕكردنی گەندەڵی، بەڵام تا ئێستا هەنگاوەكان بە ئاراستەی گۆران و ئۆپۆزسیۆنی راستەقینەو ئەكتیڤ لە كوردستان بوونی نیە، لەگەڵ ئەوەشدا ئاسۆكانی ئەو گۆرانە لە دەركەوتندایەو ئەگەر گۆمەكە هەروا بە مەنگی بمێنێتەوە، چاوەروان دەكرێت، لەگەڵ رەخساندنی  هەل و هۆشیاربوونەوەی تەواوی كۆمەڵگە، هێزە باڵا دەستەكانی كوردستان ملكەچی ئیرادەو خواستی خەڵكی ببن و ناچاربن یا ناچاربكرین هەنگاو بەرەو گورانی ستراتیژی نوێبوونەوە بگرنە بەر، ئەمیش پێویستی بە فشاری جدی رووناكبیران و توێژە هۆشیارو بە ئاگاكانی كوردستان هەیە، كە تا ئەمرۆش كەسانێك هەن دەیانەوێت، ئەو گۆمە هەر بە مەنگی بمێنێتەوەو كەسانێكی زۆریش هەن هەوڵ بۆ شڵەقاندنی ئەو گۆمە دەدەن، چونكە ئەگەر هەروا بە مەنگی بمێنێتەوە ئەگەری بۆگەن بوون و خراپ بوونی زیاتری لێدەكرێت. 
 
 
 

Previous
Next

Leave a Reply