Skip to Content

Thursday, April 25th, 2024
وەرگێرانی چەند شیعرێكی چینی

وەرگێرانی چەند شیعرێكی چینی

Closed
by November 26, 2011 ئەدەب

(1)
گۆرانییەكی نیوەچڵ
هەموو شەوێ لەم شەقامەدا پیاسە دەكەم
ناتوانم لەم شەقامە جیا ببمەوە
گۆرانییەكی غەمگین دەچڕم
چاوەكانم دەبڕمە رووناكییەكی تایبەت
بەپەژارەیەكی زۆرەوە هێواش هێواش دێم و دەچم.
ئەمشەو لەناكاو دیسان گەڕامەوە بۆ ئەو شەقامە
دیسان لەژێر ئەو پەنجەرە خۆشەویستەدا ڕاوەستام و دەستم كرد بە گۆرانی
لەناكاو گوێم لە دەنگێك بوو
پیرە پیاوێكی نەناسراو لەماڵ هاتە دەرێ و
بە توڕەییەوە هاواری كرد
چییە شێتە هەمووشەوێ لێرە هات وهاوار دەكەی
بۆ خەو و ئارامی خەڵكی ئەم گەڕەكە تێكدەدەی
ئەم گۆرانییە هەر نەبڕایەوە ؟
ئەی باپیرەگەورە لە تەكما میهرەبانتر و لەسەرخۆتر بە
رۆژگارێكیش تۆ وەك من گەنجێكی بێ خەو بووی!!!
من ئێستا ئەو گۆرانییە دەچڕم كە تۆ بەنیوە چڵی و ناتەواوی بۆت بە جێ هێشتووم
گۆرانییەك كە كۆتایی نایەت و نابڕێتەوە.
شاعیر/ تی دی دیان

(2)
بەرەو نیشتمان
بڕوا بكەی یان نەكەی
ئەگەر راستەوخۆ بەرەو رۆژهەڵات برۆی دەگەی بەنیشتمان!!!
كێ دەزانێ مەوداكەی چەندە؟ هەزاران كیلۆمەتر یان زیاتر
یا چەند كێوو شاخ و دەریا و رووبار لە سەر ڕێتە.
دەڵێن: هەمیشە لەوێ
شەمەندەمەفەڕ ، كەشتی ، فرۆكە بەرەو رۆژهەڵات دەڕوات.
تۆ دەتوانی بەپێ بڕوی
ساڵ دوازدە مانگ دەتوانی بە پێ بڕوی
رێگای دوور ودرێژ و دژوار
ئەو گۆرەوییەی كە دایكت بۆی چنیوی كۆنە دەبێت
رەنگە كاتێك گەرایتەوە بۆنیشتمان
منداڵێكی بچووك سەیرت بكات وبپرسێ
لەكوێیەوە دێیەوە كاكی رێبوار !!!!
شاعیر / ریانك شوش

(3)
پێ پەتی
لەو رۆژە كەدایك بووم
هیچ جلێك لەشمی دانەپۆشیوە
رووت وقووت
لە ناو قوڕو چڵپاوی زستان لەسەر دەست وپێ دەخزام
هاوینان پێستم لەبەر خۆردا دەسوتاو و ڕەش هەڵئەگەرا
زستانان كاتێك رەشەبا بەفری ڕادەماڵی
لەبەر چراكەی متەبەخەكەدا چوار مەشقی دادەنیشتم
لە چنگ مردن ڕامان دەكرد
پێستی دەمووچاومان لە سەرمادا رەشەهەڵئەگەرا
لە كۆتایی ساڵ لەكاتی ئاهەنگگێرانی سەری ساڵ
كاتێك منداڵی دەوڵەمەندەكان جلی نوێیان دەپۆشی
جەستەی بەستەلەك لێدراوی من رەشەهەلئەگەرا
زۆر جار رەشەبا و گەرمەبا هێرشیان دەكردە سەر جەستەم
من جلی گەرم و زوپای گەرمم لەناوماڵی دەوڵەمەندان بینیوە
لەكاتێك دا لە ماڵەكەی خۆمدا تەنیا نیو سەتڵ ئاومان هەبوو ئەویش بەستی
بەهەموو بنەماڵەكەمان تەنها لێفەیەكمان هەبوو
سەرمای زستان تەنیا هەژاران دەكوژێت.
ژانگ ژی مین

(4)
سەرلێشێواوێك لە شەودا
بەزەییت پێمدا بێتەوە ئەی ئاسمان
بەرەبەیانێكی ترم پێ ببەخشە
دوێنێ شەو وەك گەڵایەكی وەریو دەلەرزیم
لە بێ شوێنیدا
ئەستێرەكان و هەموو دەوروبەرم بێدەنگن و خەوتوون
تەنها منم كە بێدارم و سەرلێشێواو
رێنوێنیم بكە ئەی ئەستێرەكان
چاوانێكی ترم پێببەخشن بۆ بینین
هیوادارم حسابێك بكەن
بۆ دڵی ناسك و بێ هیزی من
دەمەوێ گۆرانی بڵێم
بەڵام دەنگم دەرنایە
چەنێك ساردە شەوانە
منی تەنیا و غەمگین
بە دەم گۆرانییە غەمگینەكانمەوە هەڵدەلەرزم
دەزانن
من ساڵانێكە سەرگەردان وسەرلێشێواوم
بە بێ ئەوەی رێگایەكم هەبێ بۆ گەیشتن بە هێلانەی عەشق و ئارەزووكانم.

شاعیر / لی نی
سەرچاوە/ كتاب باغ گیلاس شعرشاعران چینی
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.