Skip to Content

Friday, March 5th, 2021

وەزارەتى ڕۆشنبیریى لیژنەیەك بۆ فاشیزم بنیات دەنێت

Be First!
by September 26, 2008 گشتی

 وەزارەتى ڕۆشنبیریى لیژنەیەك بۆ فاشیزم بنیات دەنێت
 نیهاد جامى

 كەوتنى پەیكەرەكەى دیكتاتۆڕ بەس نەبوو بۆ ئەوەى لە مەرگى فاشیزم دڵنیابین، فاشیزم بە تەنیا بریتى نیە لەكۆى ئەو هێز و ئارتەشە سەربازیانەى كە ژیانى لەڕێگەى هێزى سەركوتكاریەوە بەرهەم هێناوە، بۆ ئەوەى فاشیزم بناسین پێویستمان بەوەیە لە دامەزراوە كولتوریەكانەوە بیكەینە دەرەوە، ئایا بەتەنیا بەعسیەكان بوون كارەكتەرە فاشیەكانى دنیاى ئێمە؟ هەمیشە پرسیاركردن لە فاشیزم پرسیاركردنە لەكۆى ئەو هێزە تاكڕەهەندەى كە ژیان لەناو خۆى كورت دەكاتەوە ودەرفەتى دەنگە جیاوازەكان نادات، چونكە دەنگى ئەویتر بەهەڕەشە بۆسەر خۆى سەیر دەكات، ئەوەى وا دەكات بڵێین گوتارى فاشیزمى بەعس لەشارێكى وەكو كەركوك كۆتایى نەهاتووە پەیوەندیى نیە بە كارە تیرۆریستەكانى ئەندامە پێشووەكانى حزبى بەعسەوە، بەڵكو پەیوەندیى بەو زمانە فاشیانەوە هەیە كە لەناو بەعسەوە هاتۆتە بوون و ئەمڕۆ لەرٍێگەى دەزگا كولتوریەكانەوە درێژ بۆتەوە، بەلام مەترسیە كوشندەكانى ئەو فاشیزمە دێرینە لەوەدایە كە ئەمجارەیان لەڕێگەى لیژنەیەكى وەزارەتى ڕۆشنبیریى فاشیەت سەرهەڵدەدات، ئەوە پەیوەندیى بەوە نیە كە ئەو وەزارەتە ڕاستەوخۆ بەو كارە هەڵدەستێت، بەڵكو پەیوەستە بە بێبایەخى و كەمتەرخى كارمەندەكانى، بەدواى ئەوەى لیژنەیەكى ناشەرعى بە كۆبوونەوەى چەند كەسێك بەناوى لیژنەى هونەرى وەزارەتى ڕۆشنبیریى دامەزرا و لیژنەكە چەند كارێكى ئەنجامدا كە بووە هۆى ناڕەزایەتى تەواوى هونەرمەندانى كەركوك بەهەموو نەتەوەكانیەوە، چونكە كارەكان بەپێى میزاجى لیژنەكە بەڕێوە چوو، ئەوەى كە لێرەدا مەبەستى ئێمەیە لەسەرى بووەستین ئەو سىَ شانۆگەرییە كە خرایە كارى لیژنەكەوە، سەرەتا نەبوونى هیچ متمانەیەك لەلایان هونەرمەندان بەو لیژنەیە وەزارەتى ڕۆشنبیریى دەخاتە بەردەم بەرپرسیاریەتیەكى ئەخلاقى و دەبێت چى زووترە ئەو لیژنەیە هەڵوەشێنێتەوە و لەكۆبوونەوەى تەواوى هونەرمەندان لیژنەكە هەڵبژێردرێتەوە، نەك كەسانێك بخاتە لیژنەكەوە نە پەیوەندیان بە هونەرەوە هەبێت و نە هونەرمەندان لەسەریان كۆك بن، مەسەلەكە زیاتر بازرگانى كردن و پارە و گیرفانە و هیچیتر، ئەوەتە سىَ كارى شانۆیى هەڵبژێردراوە لەو سىَ كارە دوانیان دوو دەقى نووسەرى عیراقى قاسم مەترودە كە هیچ بنەمایەكى دەقى شانۆیى تیا نیە، ئەوە جگە لەوەى لەو سىَ كارە شانۆییە دوانیان بە زمانى عەرەبیە، بەواتاى وەزارەتى ڕۆشنبیریى لەڕێگەى لیژنەكەیەوە دەیەوىَ شانۆى عەرەبى لە شارەكە هەڵسێنێتەوە، لەكاتێكدا ئەوەى بوونى هەیە تەنیا شانۆى كوردیە، یەكێك لەهەموو ئەو كارانە كۆمیدیتر دێتە بەرچاو شانۆگەرى (جەستەم شار و نەخشە گەلێكە) كارەكە بە عەرەبیەكى ناتەواى پڕ لە هەڵەى زمان و نمایشێكى ئاست نزم و لاواز نمایش كرا، كۆتایى و چارەسەرى شانۆگەریەكەش بە ئاڵاى عیراق كۆتایى هات، ئەو ڕۆحیەتەى فاشیزم بە پارەى وەزارەتى ڕۆشنبیریى درێژ دەبێتەوە، ئەگەر بێت و ئەو وەزارەتە فریاى ئەو ڕوحى فاشیەتە نەكەوێت بەدڵنیایەوە چارەسەر و قسەى ترمان دەبێت، لەناو كەركوك بە ئێمە دەوترىَ نەبنە ئەندام لە ڕێكخراوى هونەرمەندانى عیراقى كەچى ڕێگە دەدرىَ بە پارەى وەزارەتى رۆشنبیریى هەرێمى كوردستان نمایش بۆ ئاڵاى عیراق و سروودەكانى بكرێت، لەكاتێكدا ئەو لیژنە ناهونەریەى وەزارەت سەرەتا واى بڵاو كردەوە كە كارەكان بۆ تیپە بىَ مۆڵەتەكانە، كەچى سىَ شانۆكار هەڵبژێردران دوانیان مامۆستاى پەیمانگان یەكێكیان خۆى لە لیژنەكەیە ئەوبرادەرەى تریش ئەندامى تیپێكى مۆڵەت پێدراوە، دواتر تێگەیشتین لەوەى مەسەلەكە پەیوەندیى بە هاوڕٍێیەتیەوە هەیە نەوەك تیپى بىَ مۆڵەت هەموو كەركوك دەزانێت تیپى شانۆى ئەزموونگەرى تا ڕۆژى 1/4/2008 كە مۆڵەتى وەرگرتووە و تا نووسینى ئەو ووتارەش یەك دینارى مینحە نیە لەو وەزارەتە كەچى لەماوەى دوو ساڵى تەمەنى 10 كارى شانۆیى نمایش كردووە لەگەڵ دەركردنى سىَ ژمارە لە گۆڤارى شانۆكار، ئایا لیژنەى هونەرى پرسى بە كىَ كرد تا ئەو سىَ بەرهەمە بچنە ناو كارى لیژنەى هونەرى، لیژنەكە گەمەكانى وا ئاشكرا دەبن، بۆیە هونەرمەند ناسر حەسەن كە سەرۆكى لیژنەكەیە لە پەیوەندیەكى هاوڕێیانەى نێوانمان بێئاگایى خۆى لەو كارانە نیشاندا، و داواى ئەوەى لیكردووم كە سىَ كارى گەنجانى جدى بخەنە ناو كارى لیژنەكەوە، من دەزانم ناسر حەسەن پیاوێكى پاكە و گەندەڵ نیە و دەیەوىَ خزمەتى كەركوك بكات بەڵام هاوڕێیانى ئەو لیژنەیە هەڵیان خەڵەتاندووە، بۆیە ئەویش دەیەوىَ ئێستا ئەو هەڵەیە ڕاست بكرێتەوە، بەڵام بە بۆچوونى ئێمە ڕاست كردنەوە تەنیا هەڵوەشاندنەوەى لیژنەكەیە نەوەكو بەردەوامیدان، چونكە تا كەسانى پسپۆڕ و هونەرمەند  لەو لیژنەیە نەبن كارەكان هەروا بەڕێوە دەچن، بۆیە وەزارەتى ڕۆشنبیریى دەبێت بەكارى خۆى بزانێت كە بە بودجەى ئەو ڕێگە نەدات عەربچێتى و عیراقچێتى فاشیزم درووست بكرێت، ئەوە جگە لەوەى ڕاست نیە كارى لاواز كە نەتوانىَ نەبینەرى گشتى و نەشانۆكاران ڕازى بكات بكرێتە بەرنامەى ئەو لیژنەیەوە.     
 
 

Previous
Next

Leave a Reply