Skip to Content

Saturday, April 20th, 2024
وەزیری پەروەردەی داهاتوو … فایەق سەعید

وەزیری پەروەردەی داهاتوو … فایەق سەعید

Closed
by August 30, 2009 گشتی

 

حکومەتی هەرێمی کوردستان تەنیا لە 2008 وە توانیوەیەتی گۆرانکاری لەبواری پەروەردەدا بکات و هەموو هەنگاوەکانیشی لەچوارچێوەی گۆرینی سیستمی پەروەردەدا هەنگاوی تەندروست بوون.  ئەمە پیاهەلدان نیە بەحکومەت و بە وەزارەتی پەروەردە بەئەندازەی دووبارەکردنەوەی فاکتێکە کەوەزارەتی پەروەردە بەو ستافە کەمەی لەدەوری وەزیردا هەبوون و خوازیاری گۆران بوون لەکارەکانی خۆیاندا تارادەیەک سەرکەوتوو بوون. ئەو هەنگاوانەی بەدی هاتوون کۆتایی هەموو شتێک نیەو من تەنها بەخالی سەرەتای دەزانم کەتاوەکو ئێستا هیچ وەزیرێک جورئەتی ئەوەی نەبووە دەستی پێبکات. بەڵام بوونی هەلەیەکی زۆر لەکاتی پیادەکردنی بریارەکانداو نەشارەزایی زۆرێک لەبەرێوبەرە گشتیەکان لەسیستمی نوێ و دەستێوەردانی حیزب لەدامەزراندنی کادیرە پەروەردەییەکاندا بووە هۆی دروستبوونی ئەو نارەزاییەی کەهەبوو. بەندە بەهۆی تێکەلبوون و بیرورا گۆرینەوە لەگەل بەشێک لەو کادیرانەدا بۆم دەرکەوت هەموو نارەزاییەکان و کەموکورتیەکان قابیلی چارەسەرن و هیچ هەلەیەکی گەورەش لەبونیادی ئەو گۆرانکارییانەدا نابینمەوە. لیستی کوردستانی دەیتوانی ئەم گۆرانکارییانەی کەکران وەکو رێکڵامێک بۆ لیستەکەی خۆیان بەکاریان بهێنایە بەڵام لەکاتی هەلبژاردنەکاندا ئەوەی بیریان نەبوو ئەو گۆرانکارییانە بوو. ئەمەش دەمباتەوە سەر ئەم خالەی خوارەوە.
ئەوەی بۆ هەموو حکومەتێک گرینگە ئەوەیە کەچۆن دەبێتە خاوەنی جیهانبینی خۆی. بەداخەوە تاوەکو ئێستا حکومەتی ئێمە لەبواری پەروەردەدا خاوەنی جیهانبینی خۆی نیە. ئەو جیهانبینیەی دەبێت ببێتە پلاتفۆرمێک بۆ کارەکانی حکومەت لەم بوارەدا. ئەم پلاتفۆرمە دەبێ ببێتە پێوەرێک بۆ هەر کارێکی شیاو یا نەشیاو لەپەروەردەداو وەکو  زەنگێکێکی لێبێت کەبەهۆیەوە حکومەت بتوانێت زۆر زوو هەست بەهەر هەنگاوێکی هەڵەکان بکات . بەهۆی نەبوونی ئەو جیهانبینیەوە ئەمرۆ بریارێک دەدەین و سبەی لێی پەشیمان دەبینەوەو بریارێکی نوێ دەدەین، بەڵام دواتر بۆمان دەردەکەوێت ئەویش هەڵە بووە یا بریاری یەکەم راستتر بوەوە، بۆیە دووبارە پرۆسەی هەلوەشانەوەی بریارەکان دەست پێدەکات. ئەمەش یەکێکە لەگرفتەکانی پەروەردە بەدرێژایی تەمەنی حکومەتەکانی دوای راپەرین. لێتان ناشارمەوە بەشی هەرە گەورەی ئەو مامۆستاو سەرپەرشتیارو بەرێوبەرانەی بینیمن گلەییان لەم بوارە هەبوو پێیان وابوو کەوەزارەت یا بەرێوبەرە گشتیەکان بەر لەدەرکردنی بریارە هاودژەکانی یەکتر دەبێ بەوردی بیر لەهەنگاوەکان بکەنەوە. هۆکاری هەرە سەرەکیش نەشارەزایی بەشێک لەو بەرێوبەرە گشتیانەیە کەحیزبەکان بەزۆر لەو جێگایانەدا دایانمەزراندوون و نارازین لەوەی دەر بکرێن.
بەشی هەرە زۆری ئەو کارانە بەندن بەوەی حکومەت کێ بۆ پۆستی وەزیری پەروەردە دەسنیشان دەکات. تاقیکردنەوەکان ئەوەمان پێ دەلێن هەموو سەرەک وەزیرو حیزبەکان بەدەر لەم خولە نەیانتوانیوە پیاوێکی بەتوانا بۆ وەزیری پەروەردە پێشنیار بکەن. وەزیری پەروەردەی ئێستاش پسپۆر نەبوو لەبواری پەروەردەو یەکێتی نیشتیمانیش لەسەر ئەو بنەمایە بۆ ئەو پۆستەی دیاری نەکرد، بەڵام ئەوەی روویدا ئەوە بوو کاک دلشاد خۆی وەکو تاک حەزی لەگۆرینی پەروەردە هەبوو پێشی خۆش بوو گوێ لەخەلک بگرێت و پێشی وانەبوو  کەخۆی لەهەموو خەلکی کوردستان عاقلترە، بەلکو کەسانێکی دیکەش هەن کەلەو ژیرترن. ئەم سێ خەسلەتە وای لێکرد بگاتە ئەو دەرئەنجامانەی وا لەوەزارەتی پەروەردە بکات ببێتە یەکەمین وەزارەتێک کەهەنگاوی یەکەمی گۆرانکارییە پۆزەتیڤەکان دەست پێبکات.
 ئێمە هەندێ وەزیری پەروەردەی دیکەشمان بینی  زیانی زۆریان  بەپەروەردە گەیاندوو منالانی هەمووشمان باجی ئەو زیانە کوشەندەیان داو یەک سەرەک وەزیرانیش لەبەر نەبوونی ئەو جیهانبینیە نەیتوانی لێپێچینەوەیان لەگەلدا بکات. خەم ساردی یەکێتی و پارتی لەدانانی پسپۆرێکی پەروەردە بۆ ئەو پۆستە لەماوەی 18 سالدا وای لەوەزارەتی پەروەردەو بواری پەروەردە کردووە تاوەکو ئێستاش خۆی لەبواری فیکری نەدات. بۆیە هەموو مندالەکانمان توانای بیرکردنەوەیان نیە، رێز لەبیرورا جیاوازەکانی یەکتر ناگرن، وەکو فیشەکە شێتە بەرووی یەکدا دەتەقنەوەو … هتد. بەهەر حاڵ مرۆڤ دەبێت بەئایندە گەشبین بێت.
مەترسیەکی گەورە هەیە لەبەرامبەر دیاریکردنی کەسێکی نەشارەزا لەپەروەردە بۆ پۆستی وەزیری پەروەردە. دەبێ سەرەک وەزیرانی داهاتوو زۆر وریا بێت لەدیاریکردنی وەزیری داهاتوو چونکە بەندە مەترسیەکی گەورەم هەیە کەوەزیری داهاتوو ئەگەر نەشارەزا بێت یا سەر بەگروپێکی دیاریکراو بێت کەدژایەتی ئەو گۆرانکارییان کردووە کەئەنجام دراون، ئەوە لەداهاتوودا  لەهەندێک لەو گۆرانکارییە نوێیانە پەشیمان بێتەوە کەلەلایەن وەزارەتی ئێستاوە کاریان پێکراوە. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کەکۆمەلگا هەنگاوێک بەرەو دواوە دەنێت. یەکەمین هەنگاوی وەزیری نوێ دەبێت کەچۆن دەست بەقۆناغی دووەمی  گۆرانکارییەکان بکات و چۆن کار لەسەر پرۆسەی بیرکردنەوەی منداڵان بکات
دەستێوەردانی حیزب لەهەموو وەزارەتەکانی پەروەردە، وای لەو وەزارەتانە کردووە توشی هەلەی گەورە ببن. بەرێوبەری قوتابخانەکان کەگەورەترین رۆڵ لەئاراستەکردنی سیستمی پەروەردەیی و کاری قوتابخانەکاندا دەگێرن بەهۆی ئەو دەستێوەردانەوە زوربەی هەرە زۆریان بوونەتە رێگرو لەبەر نەشارەزایی کاری خۆیان جێبەجێ نەکردووە. بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەمەش وەزارەتەکان دەزگایەکی زەبەلاحی دیکەی وەک سەرپەشتیاری پەروەردەییان دامەزراندووە. من پێم وایە تاوەکو ئێستا حیزب سورە لەسەر دژایەتیکردنی گۆرانی سیستمی پەروەردە چونکە رێگرە لەبەردەم گۆرینی بەرێوبەرەکان و نایەوێت بەرێوبەرەکان لەسەر بنەمای شارەزایی دابمەزرێن.  بەهەمان شێوە نایەوێت بەشی هەرە زۆری  بەرێوبەرە گشتیەکان بگۆرێت کەبەراستی ئەوان رێگری گەورەن لەبەردەم گۆرینی سیستمی فێرکاری و پەروەردەییدا.
لەبەر خاتری مندالەکانی هەموومان و لەپێناوی گەشەسەندنی فیکرو دیموکراسی و پەیداکردنی شارەزاییەکی زیاتر لەبارەی منداڵانەوە  زۆر پێویستە سەرەک وەزیرانی داهاتوو بیرێکی تەندروست لەکاندیدی وەزیری پەروەردە بکاتەوەو جگە لەشارەزایی لەفیکری پەروەردەیی و سیستمە نوێکاندا هیچ شتێکی دیکە نەکاتە پێوەر. من گەشبینم بەوەی چ یەکێتی و چ پارتیش بەر لەوەی یەکێک بۆ ئەم پۆستە دیاری بکەن بیرێکی قول دەکەنەوەو بەدوای شارەزاترین کەسدا دەگەرێن کەشیاوی ئەم پۆستە بێت. لەکاتی بیرکردنەوەیاندا هەرگیز دلسۆزی بۆ یەکێتی و پارتی نابێت ببێتە پێوەر بەلکو شارەزایی لەفیکری پەروەردەیی دەبێ ببێتە ئەو پێوەرەی کەلەولاتی ئێمەدا کاری پێناکرێت. هیوایەکی گەشم بەئایندە هەیە  لەگەل خۆمدا بیر لەوە دەکەمەوە ئایا سەرەک وەزیران لەم کارەدا سەرکەوتوو دەبێت؟

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.