Skip to Content

Saturday, April 20th, 2024
وەك ئەو خەونەى گەڵاترە لەوەرین

وەك ئەو خەونەى گەڵاترە لەوەرین

Closed
by January 10, 2009 ئەدەب

 وەك ئەو خەونەى گەڵاترە لەوەرین
 زانا سامان

  ماوەیەكە
 مەیلى گێڕانەوە دەكەم
 كەڵكەڵەى شیعرێك لەسەرمدایەو
 دڵم پڕ دەكات لەگریان
 ئازارى گێراِنەوەیەك
 بەنێو لاشەمدا دەگەڕىَ و
 تەنگ بەبیركردنەوەم
 هەڵدەچنىَ،
 من، كەپاشماوەى
 عەشقێكى نەزۆكم
 تەنها گوناهم ئەوەیە
 لەودیو پەردەى ڕوانینەوە
 نیگاى دوبارە بوونەوە دەكەم،
 لە ئاوێنەدا …
 خۆم بە وێنەكەم دەناسێنم
 كەچى بۆ تەنها جارێك چیە
 زەردە خەنەیەكم پێنابەخشێت
 ناو لەپم پڕە
 لە پرووشەى مەراق و
 بۆنى ئەو جگەرانەى
 سێویان لە دەستمدا
 دەخستە لەرزین،
 تەنیایم، لێو ڕێژە لە خۆم
 تاقەتى سورانەوەم نیە
 بەدەورى ژوورە بە تەمەنەكەمدا
 من،كەپىَ بەسەر جەرگى خۆمدا دەنێم
 راخەرى ئەم زستانە
 چ گەرمیەك بەدڵم دەبەخشێت
 كە وشەیەك بەدیناكەم
 بۆ چەند چركەیەك ئارامى
 چ باكم لەسەماى نائاگایى هەیە
 كەدێڕێكم
 لەبێداریدا پىَ حونجە نەكرێت
 خوێندنەوەى
 ئەو ئایەتە گوناهبارانە
 چۆن لەزەتم پێدەبەخشێت،
 سەر بەماڵى
 گەلحۆترین جەللادم
 هەر بەمناڵى….
 هیواكانمى بەعەلاگەى جلەكانیە
 هەڵواسى و
 یاریەكانمیشى بوخچە كردو
 لەشەوە تەریوەكانى زستاندا
 بە_با_ى كردن
 هەنسكم
 دەچێتەوە سەر ڕەگەزى
 ئەو خۆڵەمێشەى
 باران پێى نەكرا بیسڕێتەوە
 ڕۆڵەى دایكێكم
 كەوەك قاشێك سێو
 لەوەرزى گەنجێتیدا
 فڕێدرایە
 باخچەى بێوەژنیەوە،
 تەمەنم لە سوچى
 حەوشەیەك لە بیرەوەرى
 لىَ بەجێماوە
 هەندێكجار
 سەرم دەكێشێت بەسنگى
 تەزیوى خۆیداو
 هەندێكجاریش
 غەرقى خەیاڵێكى
  ئەبەدیم دەكات،
 لە ئەوینێكى تەوەزەلەوە
 هاتمە نێو بوون
 هێشتا بۆنم
 بەژیانەوە نەكردبوو
 سێدارە جێگەى
 حەوانەوەم بوو،
 من كوڕى نیشتمانێكم
 بەبۆنى بارووت نەبێت
 دایكم پێناناسرێتەوە،
 تائێستا…
 ناسنامایەك شكنابەم
 تا لەوێستگەكانى تەمەنمدا
 بەرەولاى…
 مناڵێتى خۆم بچمەوە،
 لەهەر تێپەرینێكمدا
 نزایەكى ماندوو بەجێدەمێنىَو
 خۆى لەخاك و خۆڵى
 وڵاتى قەدەر هەڵدەسوێت،
 تەنها گوناهم ئەوەیە
 نەمتوانیوە
 سووڕەتێكى نامۆ
 بكەمە سەرمەشقى خواستەكانم،
 من،هەژارانە دەڕوانمو
 دەوڵەمەندانە تێدەگەم
 كە ژیان
 جگە لە سپێدە باشێك
 هیچى تر نییە
 قۆرخ بوون
 لەم زەمینە بێباكەدا
 دیوێكى ترە
 لە سیحرە نەزانراوەكانو
 سرووشت…
 گاڵتەجاڕێكى ئەبەدییە،
 منو عەشق
 هەردووكمان حیكایەتێكى
 نەفرەت لێكراوین
 باز بەسەر رێكەوتە سەیرەكانى
  ئەزەلدا هەڵدەدەین
 لەپشت وێنە لەبیركراوەكانەوە
 بۆ دۆزینەوەى
 نهێنیەك دەگەڕێین
 سەفەر لەودیو
 تێڕوانینە ئیفلیجەكانمەوە
 رۆدەچێتە
 بەردەم پەنجەرە
 خەم لێنیشتووەكان،
 گەڵاتر لەوەرین
 سیحرى گێڕانەوەیەك
 بەسێدارەى تەمەنناوە
  هەڵمدەواسێت
 رەشتر لە "با"
 پرچى تێنەپەڕینەكان
 دەژاكێنمو
 بەنێو یاسەمینى
 رۆحە ماندووەكاندا دەڕۆم
 من، كە پاشماوەى
 عەشقێكى نەزۆكم
 تەنها گوناهم ئەوەیە
 ئەم خەونە نەعلەتییە
 بەسەرمەدى دەشوبهێنم.
 تێبینى/ ئەم قەسیدەیە خەڵاتى یەكەمى چوارەمیان ڤیستڤاڵى شیعرو چیرۆك بۆ لاوانى وەرگرتووە لە 7/1/2008.
 سلیمانى
 سەرەتاى / 2007
 
 
 
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.