Skip to Content

Tuesday, April 16th, 2024
٢١ساڵ بەدوای ڕاپەڕیندا؛ یادێک لە بزووتنەوەی شوراکان

٢١ساڵ بەدوای ڕاپەڕیندا؛ یادێک لە بزووتنەوەی شوراکان

Closed
by March 20, 2012 گشتی

 

ئەمڕۆ ٢١ ساڵ بەسەر ڕاگەیاندنی بزووتنەوەی شورایی لە کوردستاندا تێپەڕ دەبێت . بزووتنەوەی شوراکان لەگەڵ یەکەمین ڕۆژی ڕاپەڕینی ئازاردا بوونی خۆیان ڕاگەیاند، بەڵام لەلایەن کۆمیتەی سەرتاسەری شوراکانەوە بڕیاردرا کە ڕۆژی ١٨ مارس بکرێتە ڕۆژی  شوراکان، چونکە ئەم ڕۆژە هاوکاتە لەگەڵ ساڵڕۆژی ڕاپەڕینی کرێکاران و خەڵکی شاری پاریسدا و هەر لەمڕۆژدا کۆمۆنەی پاریس ڕاگەیاندرا .
حیزبەکانی بزووتنەوەی کوردایەتی لاپەڕەیەکی گرنگ لە مێژووی گۆڕانکارییەکانی ٢١ ساڵی ڕابردووی کۆمەڵگەی کوردستانیان شێواندووە و بزووتنەوەی چەپی وردەبۆرژوازیش مۆری تەئید لە شێواندنی هەمان مێژوو دەدات . شێواندنی ئەم مێژووە لەوێوە دەستپێدەکات کە گوایە دەستپێکردنی ڕاپەڕین بەر ئەنجامی قارەمانێتی ڕێکخستنە نهێنییەکانی شاریان بووە، یان گوایە جاشەکان ڕاپەڕینیان کرد!. ئەمە درۆ و چەواشەکاری سەرانی حیزبەکانی بزووتنەوەی چەتەگەری کوردایەتییە کە بێباکانە مێژوو دەشوێنن .
لەگەڵ یەکەمین دەستڕێژدا بەڕووی دام و دەزگا سەرکوتگەرییەکانی ڕژێمی بەعس لە سلێمانی، دروشمی ” نان، کار، ئازادی، حکومەتی شورایی ” بەرزکرایەوە . پاش ٢١ ساڵ بەسەر ڕاپەڕینی ئازاردا، ئەو ڕاستییە شێوێنراوە کە بەشێک لە هەڵسوڕاوانی دواتری شوراکان یەکەمین کەسان بوون کە لە فولکەی دەستاڕەکەوە دەستیان بە تەقەکردن لە هێزە تایبەتەکانی بەعس کرد و دواتر خەڵکی سلێمانی ڕاپەڕینی دەستپێکرد . ئەم پێشڕەوی و دەستپێشخەرییە، تەنها پێشڕەوی و دەستپێشخەرییەکی چەکدارانە نەبوو، بەڵکو پێشڕەوی و دەستپێشخەرییەکی سیاسییانەش بوو .
ئەوانەی کە یەکەمین فیشەکەکانی ڕاپەڕینیان تەقاند، دەیانزانی بۆ چ ئامانجێک گیانی خۆیان خستۆتە ڕیسکەوە. دروشمی ” نان، کار، ئازادی حکومەتی شورایی “، ئامانجی ئەو کەسانە بوو . هەموو ڕازو نهێنی ڕاپەڕینی ئازاریش خۆی لەو دروشمەدا حەشاردابوو .
بەدرێژایی ٣٣ ساڵ، لەژێر دەسەڵاتی دیکتاتۆریانەو  فاشییانە بەعسدا، هیچ ئازادییەک بۆ گەلی کورد بوونی نەبوو . داگیرکردنی کوەیت لە لایەن ڕژێمی بەعسەوە، بووە هۆی دانانی گەمارۆیەکی ئابوریی و بازرگانی هەمە لایەنە لە سەر خەڵکی عێراق . بەهۆی گەمارۆکانی نەتەوەیەکگرتووەکانەوە لە سەر خەڵکی عێراق، کێشەی نان و بێکاری، بووە کێشەی سەرەکی ئەو سەردەمەی خەڵکی عێراق و  ژیانی خەڵکی هێنایە خوارەوە بۆ ژێر پلەی هەژاری .
 لە کوردستاندا، بارودۆخەکە بەشێوەیەکی مەینەتبارترو ترسناکتر قورسایی لەسەر ژیانی خەڵکی کوردستان دانا بوو . بە دوای شکستی یەکێتی لە گفتوگۆی ساڵ ١٩٨٤ لەگەڵ ڕژێمی بەعسدا، ئەو ڕژێمە بە شێوەیەکی دڕندانە پەلاماری خەڵکی کوردستانیدابوو . ئەنفال و کیمیاباران، وێرانکردن و ڕاگواستن، گرتن و ڕاوەدونان، ئیعداماتی بەکۆمەڵ، منع التجول و تەجنیدی ئیجباری، بە بەعسیکردن و پشکنینی بیروڕای خەڵک لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە،  ئەو هۆکار و ڕێگایانە بوون کە ڕژێمی بەعس گرتبوونیە بەر بۆ لە ناوبردنی میللەتی کورد . کاتێکیش ئەو ڕژێمە کوەیتی داگیرکرد،چەند  بەڵایەکی  ئابوریش بۆ سەر ژیانی میللەتی کورد زیادیکرد؛ گرانی، بێکاری و هەژاری زیاتر .
میللەتی کورد بۆ ڕزگار بوون لە دەسەڵاتی وەحشیانەی بەعس پەنای بۆ هەر فریاد ڕەسێک دەبرد و هەر هەلێکی دەقۆستەوە بۆ تۆڵەکردنەوە لەو ڕژێمە دڕندەیە . جەنگی یەکەمی کەنداوو شکستی سەربازی ڕژێم لەو جەنگەدا، ئەو هەلە مێژووییەی بۆ میللەتی کورد ڕەخساند تا بەڕووی ڕژێمی بەعسدا ڕابپەڕێت.
ڕاپەڕین، ئەنجامی هەموو ئەو ستەم و چەوسانەیەوە بوو کە ڕژێمی بەعس بەسەر میللەتی کورددا سەپاندبووی. ڕاپەڕین ڕووداوێکی ساختە نەبوو، بەڵکو پێداویستییەکی سیاسیی، ئابووری و مێژوویی کۆمەڵگەی کۆمەڵگەی کوردستان بوو کە دەبوو بە ناچاری ڕووبدات. جەنگی کەنداوی یەکەم، ڕوودانی ڕاپەڕینی ئازاری پێشخست . زۆرێک لە ڕاپەڕین و شۆڕشەکانی دنیاش [ لەوانە شۆڕشی ئۆکتۆبەر، کۆمۆنی پاریس، شۆڕشی چین و …] لەئەنجامی  جەنگی نێوان دەوڵەتە سەرمایەدارییەکانەوە ڕوویانداوە. ڕاپەڕینی ئازاریش دەرئەنجامی جەنگی ئیمپریالیستی بوو، بەڵام ڕوودانی شۆڕش و ڕاپەڕینەکان لە ئەنجامی جەنگەکانەوە، هیچ لە ناوەرۆکی بابەتی، یان پێشکەوتووخوازبوون و ڕەوابوونی ئەوان ناگۆڕێت، بەڵکو ئەو بزووتنەوە سیاسیی و کۆمەڵایەتیانەی کە ئاسۆی ئامانجەکانیان بەسەر شۆڕش و  ڕاپەڕینەکاندا زاڵ دەکەن ئاستی کۆنەپەرستبوون، یان پێشکەوتوخوازبوون وڕەوابوونی ڕاپەڕین و شۆڕشەکان دیاریدەکەن . ڕاپەڕینی ئازاری ١٩٩١ ڕاپەڕینێکی شۆڕشگێڕانە وهەقخوازانە بوو . شۆڕشگێڕبوون وهەقخوازانەبوونی ڕاپەڕین، ناوەرۆک و ئاستی پێشکەوتووخوازی ئەوی دیاریکردووە .
 لەوەش گرنگتر، هەموو ڕاپەڕین و شۆڕشێک کە ڕوودەدات، بزووتنەوە کۆمەڵایەتیەکان دەهینێتە  سەر شانۆی سیاسییەوە و ئەو بزووتنەوانە لەسەر بەدەستەوەگرتنی دەسەڵاتی سیاسیی دەخاتە کێبەرکێ و ململانێیەکی ئاشکراوە. ڕاپەڕینی ئازار لەم قانونمەندییە سیاسیی و کۆمەڵایەتییە بەدەر نەبوو . لە ڕاپەڕینی ئازاردا، بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان دەستیانکرد بە ململانێیەکی سیاسیی ئاشکرا لەگەڵ یەکتریدا. بزووتنەوەی شوراکان، وەک باڵێکی سۆشیالیستی لە چینی کرێکار  و زەحمەتکێشانی کوردستان کەوتە ململانێیەکی سیاسیی توندەوە لەگەڵ بزووتنەوەی کوردایەتیدا . بزووتنەوەی شوراکان دەیویست ئاسۆ و ئامانجی سیاسیی خۆی، کە بریتی بوو لە دروشمی ” نان، کار، ئازادی، حکومەتی شورایی ” بەسەر گشت ڕاپەڕیندا زاڵ بکات . هەرچی بزووتنەوەی کوردایەتی وردەبۆرژوازی چەکداریش بوو، دەیویست ئاسۆ و ئامانجی سیاسیی خۆی، کەبریتی بوو لە ”  بەدەستهێنانی حوکمی زاتی و شەریک بوون لە دەسەڵاتی سیاسیی عێراق و لەدوایشدا خۆ دەوڵەمەندکردن “، بەسەر ڕاپەڕیندا زاڵ بکات . ئەم ململانێییە لە نێوان بزووتنەوەی کوردایەتی [ کە خۆی لەبەرەی کوردستانیدا ڕێکخست بوو ] و بزووتنەوەی شوراکاندا تا دوایین ڕۆژەکانی شکستی ڕاپەڕین و ئاوارەبوونی خەڵکی کوردستان درێژەی کێشا . بزووتنەوەی شوراکان، بەرنامەی خۆی بۆ بەڕیوەبردنی ژیانی ئیداری و سیاسیی کوردستان ڕاگەیاند . ئەو بەرنامەیە، ڕێک دەکەوتە جەمسەری پێچەوانەی بەرنامەی بزووتنەوەی کوردایەتییەوە بۆ بەڕێوەبردنی ژیانی سیاسیی و ئیداری کۆمەڵگەی کوردستان . لە بەرنامەی بزووتنەوەی شوراکاندا خەڵک چارەنووسی سیاسیی، ئابوریی، سەربازی، کۆمەڵایەتی و کڵتوری خۆی دیاریدەکرد و حکومەت و دەسەڵاتی بەڕیوە دەبرد، بەڵام لە بەرنامەی بزووتنەوەی کوردایەتیدا حیزبەکانی بەرەی کوردستانی و لەسەروی ئەوانیشەوە پارتی و یەکێتی چارەنووسی سیاسیی، ئابوریی، سەربازی، کۆمەڵایەتی و کڵتوری خەڵکی کوردستانی دیاریدەکرد . ئەم دوو ستراتیژییە بۆ بەڕێوەبردنی سیاسیی کوردستان، لە یەکەم ڕۆژی ڕاپەڕینەوە  تا  دواڕۆژەکانی شکستی ڕاپەڕین و ئاوارەبوونی خەڵکی کوردستان، تەوەرەی سەرەکی ململانێ و ناکۆکی نێوان بزووتنەوەی شوراکان و بزووتنەوەی کوردایەتی بوو . بزووتنەوەی کوردایەتی بە جدی لە بزووتنەوەی شوراکان دەترسا، چونکە دەیزانی کە ئەگەر ئەو بزووتنەوەی درێژەی هەبێت، لە داهاتوودا دەسەڵاتی سیاسیی لێوەر دەگرێتەوە، بەم واتەیە کە بزووتنەوەی شوراکان لەدرێژماوەدا دەبووە ئەڵتەرناتیڤی بزووتنەوەی کوردایەتی . هەرلەبەرئەوەش بوو کە گەورەترین و بەهێزترین باڵی بزووتنەوەی کوردایەتی ئەو ڕۆژگارە [ یەکێتی نیشتمانی کوردستان ] دەستیدایە دژایەتیکردنی ڕاستەوخۆی بزووتنەوەی شوراکان و بەمەبەستی داخستنی بنکەی شوراکان، دەستی بەهەڕەشە کرد و چکدارەکانی بۆسەر بنکە شوراییەکان نارد ، بەڵام هەڵسوڕاوانی بزووتنەوەی شوراکان پەیگرانە بەرگریان لە خۆیان کردو ڕووبەڕووی یەکێتی بوونەوە و ڕێگایان نەدا بە ملهوڕی و گرتنەبەری سیاسەتی دیکتاتۆرانە بنکە شوراییەکان دابخات و چەکدارەکانیان چەک بکات .

 کێشەی ڕزگارکردنی کەرکوک و هێرشی دووبارەی ڕژێم بۆ سەر کوردستان، مەیدانێک بوو کە لەوڕۆژگارەدا گرنگی خۆی هەبوو بۆ بردنە پێشەوەی ململانێی سیاسیی نێوان شوراکان و بزووتنەوەی کوردایەتی . شوراکان هێزی چەکداری بچوکی خۆیان بەرەو کەرکوک  ڕەوانەکرد . کاتێکیش سوپای بەعس پەلاماری شارەکانت کوردستانیدایەوە، چەکداری شوراکان لە سەنگەری  پێشەوەی جەنگ  بوون دژ بە سوپای عێراق . لە دەربەندی بازیان تانکەکانی ڕژێمی بەعس ڕووبەڕووی مقاوەمەتی چەکدارانەی چەکداری شوراکان بوونەوە . ئەمە لەحاڵێکدا بوو کە چەکدارەکانی بزووتنەوەی کوردایەتی پاشەکشەیان دەکرد و بەرەو سنورەکانی ئێران هەڵدەهاتن . شوراکان قوربانی خۆیان لەشەڕ دژی هێزەداگیرکەرەکانی بەعسدا . هێزی چەکداری شوراکان کەم و بچووک بوو، بەڵام  پێکهاتبوو لە بەبڕواترین کەسەکان کە خۆبەخشانە دەیانویست بەرگری لە ڕاپەڕین و ئامانجەکانی بزووتنەوەی شوراکان بکەن .


 شکستی ڕاپەڕین، شکستی یەکجاری بزووتنەوەی شوراکان
ڕاپەڕینی ئازاری ١٩٩١ لە ٥ی نیسان لە ڕانیە دەستیپێکرد و لە ٧ نیساندا سلێمانیشی گرتەوە . سلێمانی بە هۆی زۆری ژمارەی دانیشتوانی و کێشی سیاسیی و ئیدارییەکەی لە کوردستاندا، کاریگەری لەسەر هەولێر و دهۆکیش دانا و ڕژێمی بەعسی بۆ ئەوەی هەمان ڕووداوی سلێمانی دووبارە نەبێتەوە و هێزە سەرکوتگەرەکانی بەر شاڵاوی جەماوەری ڕاپەڕیو نەکەون، هێزە سەربازی و ئەمنییەکانی خۆی لە دهۆک و هەولێردا کێشایەوە . ئەمەش بەو مانایە بوو کە ڕاپەڕینی سلێمانی، دەروازەی ڕاپەڕینێکی سەرتاسەری لە کوردستاندا کردەوە .
 ڕاپەڕین بووە هۆی ئەوە کە بزووتنەوەی کوردایەتی چەکدار لە ئێرانەوە بگەڕێتەوە شارەکانی کوردستان. بەپێی دابەشبوونە کلاسیکییە ناوچەییەکە، کوردستانکەوتە ژێر دەستی باڵەکانی بزووتنەوە کوردایەتییەوە . پارتی  ناوچەی بادینان و یەکێتیش ناوچەی سۆرانی خستەوە ژێر کۆنترۆڵی چەکداری خۆی  .
 یەکێتی لە سلێمانی، هەولێر و ڕانییەدا ڕووبەڕووی بزووتنەوەیەکی سیاسیی نوێ بوو بووەوە کە بە بزووتنەوەی شوراکان خۆی ناساند بوو . ئەم بزووتنەوەیە بزووتنەوەیەکی ساواو نوێ بوو، بەڵام دروشمەکانی ڕادیکاڵانەو شۆڕشگێڕانە بوو . لە ١٦ی مارسی ١٩٩١دا بزووتنەوەی شورکان لەبەردەرکی سەرای سلێمانی، کە هەر شوراکان ناویان نا مەیدانی ئازادی، یادی کیمابارانی هەڵبجەیکردەوە. جەماوەرێکی زۆر و وتار خوێنێکی زۆر لەو میتینگەدا بەشدار بوون و وتاری نوێی زۆریش خوێندرانەوە و چەند بڕیارنامەیەکی سیاسیی گرنگیش لە سەر  دەسەڵاتی سیاسیی داهاتوو لە کوردستاندا دەرکران .


Shurakan
یەکێتی لەم میتینگە جەماوەرییە سەری سوڕما کە چۆن بزووتنەوەیەکی نوێ بە گوتاری ڕادیکاڵەنەوە خەریکە بەڕەکەی لەژێرپێ دەردەکێشێت و جەماوەر بەئاگا دەهێنێتەوە  لەوە کە دەسەڵاتی بزووتنەوەی کوردایەتی لە درێژماوەدا دەبێتە بەڵاو کارەسات بەسەر ژیان و گوزارانییەوە. بەدوای ئەم میتینگە گەورە جەماوەرییەدا، یەکێتی لە ڕادیۆکەیەوە فەرمانی داخستنی بنکە شوراییەکانیدا،  بەڵام وەک لە پێشەوەش وتم، ڕووبەڕووی مقاوەمەی تووندی هەڵسواڕاوانی شوراکان بۆیەوە . ململانێی بزووتنەوەی شوراکان و یەکێتی هەتا یەکەمین ڕۆژی ئاوارەبوونەکەی خەڵکی کوردستان [ کە لە ٢٨ مارسدا دەستیپێکرد ] درێژەی هەبوو .  یەکێتی کە تێگەیشت ناتوانێت بنکە شوراییەکان دابخات و بزووتنەوەی شوراکان سەرکوت بکات، داوای گفتوگۆی لەگەڵ شوراکانکرد و کۆمیتەی نوێنەرانی شوراکانیش دەستەیەکی بۆ گفتۆگۆکردن لەگەڵ جەلال تاڵەبانیدا دیاریکرد تا لە ڕێگای گفتوگۆوە کێشەی نێوان شوراکان و یەکێتی چارەسەر بکرێت، بەڵام ئاوارە بوون و هەلپەرستی کۆمەڵێک گروپی سکتاریستی  وردەبۆرژوازی خۆ بەکۆمۆنیستزانی ناو بزووتنەوەی شورایی [ کە دواتر ئاماژە بە ناوەکانیان دەکەین ] بوونە هۆی تێکشکانی یەکجاری بزووتنەوەی شوراکان .
 ئاوارە بوونی خەڵکی کوردستان، پلانێکی هاوبەشی ئەمریکا، بەعس و بزووتنەوەی کوردایەتی بوو . ڕژێمی بەعس لەلایەن ئەمریکاوە چرای سەوزی بۆ داگیرسا بوو تا هێرشی سەربازی بکاتەوە سەر باشوری عێراق و کوردستان . لەگەڵ یەکەمین ڕۆژەکانی هێرشی دووبارەی سوپای بەعسدا بۆ سەر کوردستان، واتە لە ٢٨ی مارسی ساڵی ١٩٩١دا، مەسعود بارزانی و جەلال تاڵەبانی لە پێش هێزە چەکدارەکەیانەوە، زۆر ترسنۆکانە بەرەو ئێران هەڵهاتن و ئەمەش بووە هۆی ئەوە کە خەڵکی کوردستان لەترسی پەلاماری سوپای بەعس بەرەو سنورەکانی ئێران و تورکیا  بەدوای ئەواندا هەڵبێن و ئاوارە ببن . چۆڵکردنی شارو شارۆچکەکانی کوردستان، بەکردەوە بە مانای کۆتایی هاتنی ڕاپەڕین بوو . تەمەنی ڕاپەڕینی ئازاری ١٩٩١، تەنها ٢١ڕۆژ بوو . هەرچی ڕووداوی دیکە کە بەدوای کۆتایی تەمەنی ڕاپەڕیندا دێت، چ بە چاک یان بە خراپ، لەسەر ڕاپەڕین و ئامانجەکانی ئەو حساب ناکرێن .ئەو ڕووداوانەی کە لەیەکەمین ڕۆژی ئاوارەبوونی خەڵکی کوردستانەوە تا ئەمڕۆ ڕوویانداوە، هیچ پەیوەندییەکیان بە ڕاپەڕین و ئامانجەکانی ئەوەوە نییەو  بەگشتی زنجیرەیەک سیناریۆی ئیمپریالیستی و بزووتنەوەی کوردایەتی  بوون لە دژی ئامانجەکانی ڕاپەڕینی ئازاری ١٩٩١ .
کەمتر لە مێژووی شۆڕش و ڕاپەڕینەکانەکانی هاوچەرخدا دەبینرێت کە خواستەکانی خەڵکی شۆڕشکردوو بەدیهاتبن، ئەویش بەهۆی پلانە دژی شۆڕشەکانی ئیمریالیزم و بۆرژوازی دەسەڵاتدار، یان ئۆپۆزسیۆنەوە، بەڵام ئەم ئەنجامە نێگەتیڤ و تراژیدییەی ڕاپەڕین و شۆڕشەکان لە ڕووی بابەتییەوە هیچ لە ناوەرۆکی شۆڕشگێڕانەو پێشکەوتوخوازانەی ئەوان ناگۆڕێت . ئەم ڕاستییە لە بارەی ڕاپەڕینی ئازاریشەوە بەهەمان شێوەیە . بە واتایەکی دیکە، ئەنجامی ڕاپەڕین و شۆڕشەکان هەرچییەک بێت، بەڵام ناتوانێت لە ناوەرۆکی پێشکەوتوخوازانە و پراکتیکی شۆڕشگێڕانەی مرۆڤەکان بگۆڕێت لەو چرکە ساتانەی کە ڕاپەڕین و شۆڕشەکان بەرپا دەکەن .
 ڕاپەڕینی ئازار توانی هارترین و دڕندەترین دامودەزگای سەرکوتگەری عەسکەری و پۆلیسی ڕژێمێکی فاشیست لە ناو ببات . ئەمە پراکتیکی پێشکەوتوخوازانەو شۆڕشگێڕانەی ئەو مرۆڤانە پێناس دەکات کە لەڕاپەڕینێکدا ئەو کارەیان ئەنجامداوە . بە هەموو پێوانەیەکی لۆژیکی ئەمە کردەوەیەکی شۆڕشگێڕانە و پێشکەوتووخوازانەیە کە بە گشتی پێناسی ڕاپەڕین دەکات . 
لە خوێندنەوەی ئاقڵانەی ڕاپەڕینی ئازاری ١٩٩١دا، ئیتر ئەوە  گرنگ نییە کە ئەمنە سورەکە وێران دەکرێت و ئەمنە سەوزو زەردەکە جێگای دەگرێتەوە، بەڵکو گرنگ ئەوەیە کە دام و دەزگایەکی پۆلیسی ترسناک، بە زیندان و ئەشکەنجەخانەکانییەوە، بە بەرپرس و جەلادەکانیەوە بەکردەوە لەناوبراون و وێرانکراون . لەم چرکە ساتە مێژووییەدا هەموو بزووتنەوە کۆمەلایەتی و سیاسییەکانی کۆمەڵ بەشدارن. بزووتنەوەی کوردایەتی، بزووتنەوەی ئیسلامی و بزووتنەوەی شورایش پێکەوە بەشدارن، بەڵام ئەم کردەوە شۆشگێڕانەیە ئامانج، جیهانبینی و فیکری جیاواز بەسەریدا زاڵە . هەڵسوراوێکی شوراکان جۆرێک بیری لە نەهێشتنی دام دەزگا سەرکوتگەر و ئەشکەنجاخانەکانی بەعس دەکردەوە و هەڵسوراوێکی بزووتنەوەی کوردایەتی و بزووتنەوەی ئیسلامیش بەجۆرێکی دیکە دەیانڕوانییە ئەم ڕووداوە و بەشداریان تێدا دەکرد. هەڵسوڕاوێکی بزووتنەوەی شورایی بەو تێگەیشتن و تێروانینەوە بەشداری ڕاپەڕین و لەناوبردنی دامو دەزگا داپڵۆسێنەرەکانی بەعسی دەکرد کە بڕوای وابوو ئەگەر کۆمەڵگە بەشێوەیەکی تەندروست و سالم لە هەموو بوارەکاندا بەڕێوە ببرێت، چی دی پێویستی بە زیندان و دام دەزگای پۆلیسی و سەرکوتگەر نییە و پێویست ناکات کەس بەهۆی مافە فەردی و کۆمەڵایەتییەکانییەوە زیندانی بکرێت و ئەشکەنجە بدرێت، بەڵام هەڵسوڕاوێکی بزووتتنەوەی کوردایەتی و بزووتنەوەی ئیسلامی بەجۆرێکی دیکە دەیانڕوانییە نەهێشتنی دام دەزگا سەرکوتگەرەکانی بەعس و پێیان وابوو کە ئەوە زیندان و دامودەزگای خۆماڵی نییەو پێویستە ئەوانە لەبەرگی کوردایەت و خۆماڵیدا دروست بکرێنەوە و سەر لەنوێ ڕێکبخرێنەوە . بە کورتی بڵێێن، لە هەر ڕووداوێکی سیاسیدا، لە هەر ڕاپەڕینێکی جەماوەریدا، بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان بە جیهانبینی، دروشم و پلاتفۆرمی جیاوازەوە بەشداری دەکەن . لە ماوەی ٢١ ڕۆژ تەمەنی ڕاپەڕینی ئازاری ١٩٩١دا ئەم ڕاستییە بەرجەستە بۆیەوە . لەو ڕۆژگارەدا دروشمی بزووتنەوەی شوراکان شەفافانەترین دروشم بوو ” نان، کار، ئازادی، حکومەتی شورایی “. هیچ یەکێک لە باڵەکانی بزووتنەوەی کوردایەتی دروشمێکی دیاریکراو و شەفافی وەک  ئەو دروشمەی بزووتنەوەی شوراکان بەرز نەکردبۆیەوە . هیچ یەکێک لە پارتی و یەکێتی وبەگشتی بەرەی کوردستانییەکەیان، خاوەنی دەقێکی بەرنامەیی نەبوو بۆ  دەسەڵات و بەڕێوەبردنی سیاسیی کۆمەڵگەی کوردستان، بەڵام بزووتنەوەی شوراکان بەرنامەی خۆی بۆ شێوەی دەسەڵاتدارێتی لە کوردستاندا چاپ و بڵاوکردەوە. لە بەرنامەی شوراکاندا کۆبوونەوەی گشتی خەڵک و دەنگدانی گشتی کرابووە چاودێر بەسەر حکومەت و دەسەڵاتدا . بەرنامەکە ئاماژەی بەوە دەکرد کە هەر کاتێک نوێنەرانی هەڵبژێردراوی خەڵک لە حکومەتدا نەیانتوانی ئەرکەکانی خۆیان بە باشی بەڕێوە ببەن، جەماوەر بە دەنگدانێک ئەو نوێنەرانەی خۆی دەگۆڕی و نوێنەرانی دیکەی لە جێگایاندا دادەنا . ئەم پرەنسیپە لە کاری حکومەتکردن و بەڕێوەبردنی کاروبارە ئیداری، سیاسیی، ئابوری و خزمەگوزارییەکانی خەڵکدا لە دەستوری دیموکراتیترین وڵاتانی جیهاندا دیارینەکراوە . ڕای جەماوەر،  شێوەی حکومەت و بەرپرسانی حکومی دیاریدەکردو هەر ڕای ئەویش دەیگۆڕین . ئەمە ئەسڵێکی بەرنامەی حکومەتکردنی شوراکانی کوردستان بوو . جیایی دین لە دەوڵەت و پەروەردەو فێرکردن، ئازادی بیروڕا، بەیان و چاپەمەنی، ئازادی دروستکردنی حیزب و ڕێکخراوەی جەماوەری، ئازادی لە دیاریکردن و بڕیاردانی مافی چارەی خۆنووسینی گەلی کورد و کەمە نەتەوەییەکانی دیکەدا، ئازادی نیشتەجێبوون و سەفەرکردن، مافی یەکسانی ژن و پیاو لە هەموو بوارەکانی ژیاندا، دانی بیمەی بێکاری، بەخۆڕاییکردنی دکتۆرو دەرمان و خوێندن و بەگشتی هەموو مافە ئابوریی، سیاسیی، کۆمەڵایەتی و کڵتورییەکانی هاوڵاتیان لە بەرنامەی حکومەتی شورکاندا گونجێنرا بوون . تا ئەو کاتەی ئەو بەرنامەیە بڵاو کرایەوە، کۆمەڵگەی کوردستان هەرگیز لە سیاسەتی حیزبەکانی بزووتنەوەی کوردایەتیدا گوێبیستی ئەو مافە سەرەتاییانەی خۆی نەبوو، بەڵام بەرنامەی شوراکان هەموو ئەو مافانەی بە خەڵکی کوردستان دەناساند . ئەو بەرنامەیە ئەگەرچی کەم و کوڕی تێدا هەبوو، بەڵام سەرەداوای گشتی دەسەڵات و دەوڵەتێکی دیموکراتی بەرفراوانی بەدەستەوەدا بوو. بەداخەوە کورتی تەمەنی ئەو بزووتنەوەیە ڕێگای نەدا ئەو بەرنامەیە لە واقعی کوردستاندا پراکتیزە بکرێت . ئەگەرچی ئەو بزووتنەوەیە مرد، بەڵام بەرنامەکەی زیندووە و لەهەر ئان و ساتێکدا ئەم بەرنامەیە دەتوانێت هێزی جەماوەری لەسەر کۆبکرێتەوە . تا گەندەڵی و بێ سەرەوبەرەیی ئیداری و سیاسیی لە کۆمەڵگەی کوردستاندا هەبێت، تا دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکان کۆمەڵگە بەڕێوە ببەن، تا خەڵکی کوردستان بە مافە سەرەتاییەکانی خۆیان نەگەن، بەرنامەی حکومەتی شوراکان زیندووە و لە دەقێکی ئەرشیفکراوەوە دەگۆڕێت بە گوتارێکی زیندووی سیاسیی و کۆمەڵایەتی . جیهانبینی و میتۆدێک کە ئەو بەرنامەیە پێنووسراوەتەوە، درەنگ یان زوو، بزووتنەوەی شورایی دروستدەکاتەوە. ئەمە خەیاڵێکی ڕۆمانسی شۆڕشگێڕانە نییە، بەڵکو ئەمە چاوەڕوانییەکە کە ناعەدالەتییەکانی دەسەڵاتی بورژوازی کوردی لە مێشکی نووسەری ئەم بابەتەدا بەرهەمی هێناوە .

لەپشتەوە خەنجەر لێدانی ووردە بۆرژوازی لە بزووتنەوەی شوراکان

گەورەترین مەترسی گەندەڵکردن و شکست پێهێنانی هەر بزووتنەوەیەکی سیاسیی پێشکەوتوخواز، ووردە بۆرژوازییە . ووردە بۆرژوازی بەو توێژە کۆمەڵایەتییە دەگوترێت کە لەنێوان چینی کرێکارو سەرمایەداردایە و وەک خواستی خۆی نایەوێت ببێتە کرێکاری کرێگرتە و بە چینی کارگەرانەوە پەیوەست بێت، بەڵام گەشەکردنی سەرمایەو تەکنەلۆژییا ئەم توێژە بە ناچاری هەڵدەوەرێنێتە ناو کرێکارانەوە . ئەم توێژە کە سەرمایەیەکی گەورەی لەبەردەستدا نییە، هەمیشە لەبیری ئەوەدایە کە سەرمایەیەک بەدەست بهێنێت و پەیوەست بێت بە چینی سەرمایەدارەوە . بەوهۆیەشەوە، هەموو فێڵێکی سیاسیی و ئابوریی تاقی دەکاتەوە تا دەستی لە پارەو سەرمایە گیر ببێت و ببێتە سەرمایەدار . ئەم توێژە نووسەر، سیاسەتمەدارو تەنانەت تیۆریسێنی خۆی هەیە.
کۆمەڵگەی کوردستان بەهۆی گەشەنەکردنی پیشەسازی و هێزەکانی بەرهەمهێنانەوە، بەشێوەیەکی بەرفراوان ئەم توێژەی بەرهەمهێناوە . بزووتنەوەی کوردایەتی و حیزبەکانی ئەو بزووتنەوەیە، پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکەیان  ووردە بۆرژوازی بووە، هەربۆیە لەگەڵ یەکەمین ساتەکانی بەدەستەوە گرتنی دەسەڵاتی سیاسییان وەک گورگی برسی دەمیان خستە دارایی و داهاتی خەڵکی کوردستانەوە  و لە ماوەی بیست ساڵدا بوونە چینی سەرمایەداری کوردستان .
بزووتنەوەی شوراکانیش بەشێکی زۆر لە ووردە بۆرژوازی کوردی لە خۆ گرتبوو . ئەم بزووتنەوەیە گەرچی کرێکارانێکی هوشیار و سۆشیاڵیستی لە خۆ گرتبوو، بەڵام پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکەی زیاتر ئەو وردەبۆرژوازییانەی کورد بوون کە لە ژێر ناوی کۆمۆنیزم و کرێکاردا لە هەلی خۆ دەوڵەمەندکردن [ بەهەمان ڕێگای بزووتنەوەی کوردایەتی، واتە کاری حیزبایەتی و بەدەستەوەگرتنی دەسەڵاتی سیاسیی ] و پەیوەستبوون بە چینی سەرمایەدارەوە دەگەڕان . ئەم بەشە لە توێژی ووردەبۆرژوازی کورد کە خۆی بەڕەخنەگری بزووتنەوەی کوردایەتی دەزانی، لە چەند گروپی کۆمۆنیستیدا خۆی ڕێکخستبوو کە بریتی بوون لە ” ڕەوتی کۆمۆنیست، هەستەی کرێکارانی سۆشیالیست، یەکێتی خەباتی کۆمۆنیزمی کارگەری، عصبە التحریر، ئاڵای شۆڕش ” . جگە لە ئاڵای شۆڕش، ئەوانی دیکەیان هەموویان کۆپی کۆمۆنیزمی کرێکاری مەنسوری حکمەت و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بوون . تێکڕای ئەو گروپانە لە بزووتنەوەی شورکاندا بەشدار بوون، بەڵام لە دەرەوەی ئەوانیش چەندین کۆڕو کۆمەڵی کرێکاری و سۆشیالیستی سەربەخۆ هەبوون، کە هیچ ئینتمایەکی حیزبی و هیچ لایەنگریکردنێکیان لەوانە نەبوو. ئەوانەش بەشێک بوون لە بزووتنەوەی شوراکان . لە ناو شوراکاندا بیروڕای جیاواز، تاکتیک و شێوەی کارکردنی جیاوازیش هەبوو . لە نێوان گروپە یاسییەکانی سەربە کۆمۆنیزمی مەنسوری حکمەتیشدا ناکۆکی  تووند و بەردەوام هەبوو. ناکۆکی ئەوانە لەسەر جیاوازی فیکری نەبوو، بەڵکو سەر دەست باڵاکردنی گروپ و ڕێکخراوەکانیان بوو لە ناوشوراکاندا . ئەو ناکۆکییەی نێوان تاقمەکانی سەربە کۆمۆنیزمی حیکمەتی، هەندێک جار دەبووە هۆی  دواخستنی کاری دەستەی بەڕێوەبردنی شوراکان، بەڵام بە هۆی ئەوەوە کە ڕۆژەکانی سەردەمی ڕاپەڕین، ڕۆژانی  پڕجموجوڵ و پراکتیکییە، جیاوازییە فیکری و سیاسییەکان ناتوانێت بەسەر ئەقڵی کارکردندا زاڵ ببێت . شورای گەڕەکەکان، لەبەرئەوە کە خەریکی کاری ڕۆژانەی خۆیان بوون، ناکۆکی نێوان گروپە سیاسییەکانی سەربە مەنسوری حکمەت نەیدەتوانی کاریگەر خراپیان لەسەر دابنێت، بەڵام ئەو ناکۆکیانە تا ڕادەیەک کاریگەری خراپی لەسەر کارەکانی کۆمیتەی نوێنەرانی شوراکان دانابوو . وەک وتم، ڕۆژەکانی ڕاپەڕین، ئەو ساتە وەختانەیە لە ژیانی مرۆڤدا کە جۆش و خرۆشی کارکردن بۆ گەیشتن بە ئامانجەکان، بەسەر جیاوازییە فیکرییەکانی نێوان کەسەکان و گروپە سیاسییەکاندا زاڵ دەبێت …. بە هەرحاڵ، لەڕۆژەکانی ڕاپەڕیندا شوراکان کاری سیاسیی، کۆمەڵایەتی، خزمەتگوزاری و سەربازی باشیان ئەنجام دەدا، بەڵام گروپە کۆمۆنیستییەکان [ بە تایبەتی ڕەوتی کۆمۆنیست و هەستەی کرێکارانی سۆشیالیست- کە لە ڕۆژەکانی ڕاپەڕیندا ناوی خۆیان ڕانەگەیاند بوو، بەڵام بەشێوەی گروپی کاریان دەکرد ] لێدوانی سیاسیی سەقەتیان دەدا و داخوازی نا مەعقولانەیان دەهێنایە کایەوە و ئەوەش بوو بووە هۆی ئەوە کە زەمینە بۆ پڕوپاگەندەی کۆنەپەرستانەی یەکێتی و بەرەی کوردستانی دژی شوراکان خۆش بکەن . خەڵکی کوردستان کە لەو ڕۆژانەدا عاشقی پارتی و یەکێتی و بەرەی کوردستانی بوو، نەیدەزانی چ کارەسات گەلێک لە هەگبە سیاسییەکەیاندایە و بە ئاسانی خەڵک دەکەوتە ژێر درۆ دەلەسە و پڕوپاگەندە ژەهراوییەکانی ئەوانەوە دژ بەشوراکان، بەڵام ئەو کارە باشانەی شوراکان ئەنجامیاندەدا، ڕێگای لەوە دەگرت کە بیروڕای گشتی دژ بەشوراکان هەڵبخڕێنن . ئەگەر هوشیاری ئەندامانی شورای گەڕەکەکان نەبووایە، لە هەلومەرجێکی پڕ لە ئیحساسی کوردایەتی و نەتەوەپەرستی کوێرانەی وەک ئەو ڕۆژانەدا،  بۆ یەکێتی و پارتی و حیزبەکانی بەرەی کوردستانی زۆر ئاسان بوو  شوراکان و خەڵک بکەنەوە بەگژ یەکتریدا، بەڵام هوشیاری ڕابەرانی شورای گەڕەکەکان ڕێگای لەوەگرت .
جگە لە دروشمبازی قۆڕی ڕەوتی کۆمۆنیست لەڕۆژەکانی راپەڕیندا، کە لێنین بە مەترسیدارترین شێوازی کارکردنی سیاسیی دەزانێت لە سەردەمی ڕاپەڕیندا، مەترسییەکی ناوخۆیی دیکە هەڕەشەی لە شوراکان دەکرد، ئەویش نەبوونی ئیمکاناتی ماددی و نەبوونی پشتیوانییەکی دەرەکی بوو . ئەوسەردەمە نەدەتوانرا پەیوەندی لەگەڵ ئەوروپا، ئەمریکاو ئوسترالیادا بگیرێت، چونکە نە تەلەفۆن و فاکس هەبوو، نە ئەنتەرنێت . ئەگەر وەک ئەمڕۆ کۆمینکەیشن لەگەڵ دنیای دەرەوەدا هەبووایە، دەکرا ئیمکاناتی ماددی لەڕێگای لایەنگران و ڕێکخراوە مەدەنییە جۆراوجۆرەکانەوە بەدەستبهێنرێت، بەڵام وەک وتم توانای دروستکردنی ئەو پەیوەندییە لەگەڵ جیهانی دەرەوەدا نەبوو . بزووتنەوەی شوراکان بە بێ ئیمکاناتی ماددی نەیدەتوانی لەسەر پێی خۆی ڕابووەستێت . ئەم بزووتنەوەیە، بەپێچەوانەی بزووتنەوەی کوردایەتییەوە، بڕوای بەوەش نەبوو کە ئیمکانات و دارای خەڵکی کوردستان بۆ کاری سیاسیی بەکار بهێنرێت، کە لەو کاتە هیچ ئیماکانتێکی ماددیش لەبەردەستدا نەبوو . ئەم بزووتنەوەیە بەهۆی کێشەی دارایی و ماددییەوە زیانی لێدەکەوت و لاواز دەبوو، بەڵام نە دەتوایەوە و کۆتایی پێ نەدەهات . ئەوەی کە ئەم بزووتنەوەیەی زیندەبەچاڵ کرد و ئاشبەتاڵی پێکرد، هەمان گروپەکان و ئەندامە هەلپەرست و ڕاڕا ووردە بۆرژوازییەکانی سەر بە چەپی  مەسنوری حیکمەت بوو .
لە دووەمین هەفتەکانی ئاوارەبووندا، کە هەڵسوڕاوانی بزووتنەوەی شوراکان  بە ئێران و سنورەکاندا پەرتەوازە بوو بوون، هەوڵێکی جدی و گەرم گوڕ لەهەموو لایەکەوە دەستیپێکرد بۆ ڕێکخستنەوەی بزووتنەوەی شوراکان، بەڵام لەهەمانکاتدا ئیرەجی ئازەرینی ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حیزبی کۆمۆنیستی مەنسوری حیکمەت، وتارێکی ئەحمەقانەی لە ژێر ناوی ”  ڕۆڵی ناسیۆنالیزم لە تراژیدیای کورد “دا نووسی و وتارەکە گەیشتەوە دەست هەموو ئەندامانی گروپ و ڕێکخراوەکانی سەر بەچەپی مەنسوری حیکمەت، ئەو چەپە ووردە بۆرژوازییەش کە لە ڕووی تیۆریی و فیکرەوە هەژار و نەخوێندەوارە، بێ سێ و دوو ئەو وتارەیان قەبوڵکرد. ئەکتڤیزم و چالاکبوونی پێشتریان گۆڕا بە دەستەو ئەژنۆدانیشتن و پاسیفیزم و پاشەگەزبوونەوە لە بزووتنەوەی شورایی . تیۆرییە پاسیفیستییەکەی ئیرەجی ئازەرین،  نەخوێندەواری چەپ لە بواری مارکسیزمدا لەلایەک و پێگەی چینایەتی ووردەبۆرژوازی چەپ لە لایەکی دیکەوە، بووە هۆی ئەوە کە سۆشیال ووردەبۆرژوا ڕاڕاو هەلپەرستەکان بەهانەیەکی سیاسیی -عەقیدەتی بەدەستەوە بگرن بۆ پاشەکشەکردن لە ڕێخستنەوەی  دووبارەی بزووتنەوەی شورایی لە سەردەمی ئاوارەییدا . نووسەری ئەم وتارە، هاوژین عەلی، کەمال رەوف، بەهادین ئەحمەد، فەرهاد فەرەج، ئەکرەم عەبدوڵا، ڕزگار سدیق، ئەکرەم میهرداد، جەبار هادی ، وەستا ئەنوەر، لە ڕیزی هەڵسوڕاوانی شوراکان بووین کە تا دوایین ساتەکان هەوڵمان لەگەڵ چەپەکاندادا تا بزووتنەوەی شوراکان بەڕێبخرێتەوە، بەڵام کەسانی دیکەی ئەم بزووتنەوەیە کە ئەندامانی گروپەکان بوون، یان لە ژێر کاریگەری بۆچوونەکانی مەنسوری حیکمەت و وتارەکەی ئیرەجی ئازەریندا بوون، ئەوان گوێیان بە پێشنیارەکانی ئێمە نەدا و کێشە فیکری و سیاسییەکانیان کردە بەهانەیەک بۆ دوورکەوتنەوە لە یەکتری و بۆ ئیفلیجکردنی هەوڵەکان لە ڕاستای ڕێکخستنەوەی بزووتنەوەی شوراییدا . بەوهەڵوێستەش، کۆمۆنیستە ووردەبۆرژواکان خیانەتێکی مێژووییان لە ئامانج سۆسیالیستییەکان و تەنانەت لەگشت خەڵکی کوردستانیشکرد، چونکە ئەگەر ئەو بزووتنەوەیە درێژەی بکێشایە، ڕێگای نەدەدا  بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی ئەو هەموو بەڵاو کارەساتە لە ٢١ ساڵی ڕابردوودا بەسەر ژیانی خەڵکی کوردستاندا بهێنن .


تاهیر ساڵح شریف
١٨ی مارسی ٢٠١٢
tahir_salih_sharif_302221722.jpg

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.