Skip to Content

Sunday, May 9th, 2021

پارتی و زمانی ته‌لبه‌ند

Be First!
by January 12, 2013 گشتی

 

 

 

تێگه‌یشتنێکی سیاسی هه‌ڵه‌ی پارتی دیموکراتی کوردستان هه‌یه‌ که‌ وه‌ک تێگه‌یشتنێکی گوشنده‌ به‌درێژایی مێژووی ئه‌و پارته‌ درێژ ده‌بێته‌وه‌، بریتییه‌ له‌ به‌ستنه‌وه‌ی خه‌ڵکی ناوچه‌یه‌کی دیاریکراو به‌و هێزه‌ دیاریکراوه‌ی که‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌ له‌و ناوچه‌یه‌دا، به‌بێ له‌به‌رچاوگرتنی چین و توێژی جیاجیا، ده‌نگ و ڕه‌نگی جیاجیا له‌و کۆمه‌ڵگا و ناوچه‌یه‌دا، به‌بێ له‌به‌ر چاوگرتنی ئاستی پێشکه‌وتنی هوشیاری سیاسی و کولتوری خه‌ڵکی ناوچه‌که‌ و ته‌ماشکردنی یارو نه‌یار و ڕه‌ش و سپی به‌یه‌ک چاو، که‌ هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌و دیدگایه‌ بۆخۆی له‌و‌ خه‌یاڵدانه‌ خێڵه‌کیه‌ی قۆناغی خێڵایه‌تییه‌وه‌ دێت که‌ هه‌ر خێڵێک خێڵه‌کانی دیکه‌ی ده‌وروبه‌ری خۆی وه‌ک یه‌که‌یه‌کی هاوویه‌کی یه‌کگرتوو ده‌بینێت که‌له‌ ناوچه‌یه‌کی دیاریکراوی ده‌ورووبه‌ردا جێگیرن و خۆیان به‌ خاوه‌نی بێ ئه‌ولاولای ناوچه‌که‌ی خۆیان ده‌زانن !

قوڵایی ئه‌و هه‌ڵه‌ تێگه‌یشتنه‌ی پارتی له‌و ڕووه‌وه‌ زیاتر به‌دیار ده‌که‌وێت که‌‌ سه‌رده‌می ئێستا سه‌رده‌می خێڵایه‌تی نییه‌ و گه‌ڵاڵه‌کردنی پلانی پراکتیکی سیاسی به‌ مه‌نتیقی ئه‌و سه‌رده‌م و جیهانبینییه‌ به‌سه‌رچووه،‌ له‌گه‌ڵ مه‌نتیقی ئێستای دونیای سیاسی و ئابوری و ” تا ئه‌ندازه‌یه‌ک ” شارستانی کوردیدا نایه‌ته‌وه‌! ئه‌مڕۆکه‌ شار و شارۆچکه‌ی وه‌ها گه‌وره‌ پێکهاتوون که‌ حه‌شاماتی به‌رفره‌یان تێدا کۆبۆته‌وه‌،  حزب یاخود هێزێکی سیاسی که‌له‌ ناوچه‌یه‌کی دیاریکراوی ئه‌و شارو کۆمه‌ڵه‌ شارانه‌دا  ده‌سه‌ڵاتداره‌و به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌و ناوچه‌یه‌ی به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ خاوه‌نی سه‌رجه‌م خه‌ڵکی ئه‌و ناوچه‌یه‌ نییه‌ و سه‌رجه‌م خه‌ڵکی ئه‌و ناوچه‌یه‌ش که‌ بێگومان له‌ ده‌نگ و ڕه‌نگی جیاجیا پێکدێن، به‌گشتی ئینتیمایان بۆ ئه‌و هێزه‌ نییه‌! واتا شوێنێکی دیاریکراو بریتییه‌ له‌ شوێنی خه‌ڵکێکی دیاریکراو به‌ڵام هه‌رگیز ئه‌و خه‌ڵکه‌ به‌ دیاریکراوی وه‌کویه‌ک بیرناکه‌نه‌وه‌و وه‌کو یه‌ک سه‌ربه‌ یه‌ک ڕه‌نگ و یه‌ک ده‌نگ و یه‌ک ئاراسته‌ی سیاسی دیاریکراو نین.

سیاسه‌تی سه‌پاندنی گه‌مارۆی قێزه‌ونی ئابوری پارتی ” به‌ناو ”  دیموکراتی  کوردستان  به‌سه‌رۆکایه‌تی ” بارزانی کوڕ” له‌سه‌ر هه‌رێمی ڕۆژئاوای کوردستان که‌ تازه‌ به‌ تازه‌ له‌ده‌ست ئیستبدادی ڕژێمی به‌عسی سوری ڕزگاریان بووه‌و هه‌ناسه‌ی ئازادی هه‌ڵده‌مژن، تا ئه‌وپه‌ڕی سیاسه‌تێکی نانه‌ته‌وه‌ییانه‌ و دژه‌ مرۆڤانه‌ی ناکوردانه‌یه‌ که‌ به‌داخه‌وه‌ پارتێکی ” به‌ناو” کوردی به‌سه‌ر به‌شێک له‌ گه‌لی کورددا په‌یڕه‌وی ده‌که‌ن، بۆخۆی ڕاسته‌وخۆ له‌و تێگه‌یشتنه‌ سیاسیه‌ هه‌ڵه‌یه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت که‌له‌ سه‌ره‌وه‌ ئاماژه‌مان پێکرد!

هه‌مووان ده‌زانن که‌ ” په‌یه‌ده‌” وه‌کو پارتێکی کوردی هه‌رێمی ڕۆژئاوای کوردستان که‌ ئینتیمای بۆ پارتی کرێکارانی کوردستان هه‌یه‌، توانیویه‌تی نفوزێکی به‌رفره‌ی له‌ ڕۆژئاوادا هه‌بێت دوابه‌دوای کشانه‌وه‌ی هێزه‌کانی ڕژێمی به‌عسی فاشی کۆنتڕۆڵی ئه‌و به‌شه‌ی کوردستانی بکه‌وێته‌ ده‌ست و به‌وه‌ش سه‌رجه‌م ئه‌و پارت و هێزانه‌ی ئینتیمایان بۆ پارتی و یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستان هه‌بوو و له‌وانه‌وه‌ یارمه‌تی ماددی و مه‌عنه‌وی و لۆجستی ده‌دران، به‌ به‌تاڵی ده‌ستیان له‌بنی هه‌مبانه‌که‌ هاته‌ده‌رێ و ئه‌و چاوه‌ڕوانیه‌ی که‌ هه‌م خۆیان و هه‌م پشتیوانه‌کانیان هه‌یان بوو ناکام مایه‌وه‌، له‌به‌رامبه‌ردا پارتی دیموکراتی کوردستان که‌ ده‌سه‌ڵاتداری ئه‌و ناوچه‌ هاووسنوره‌ی ڕۆژئاوای کوردستانه‌ به‌مه‌به‌ستی تؤڵه‌ کردنه‌وه‌ یاخود شکست پێهێنان و لاوازکردنی ” په‌یه‌ده‌ ” له‌ به‌رده‌وامیدان به‌ به‌رێوه‌بردنی هه‌رێمه‌که‌، هاوشێوه‌ی ڕژێمی تورکیا و ڕژێمی به‌عسی سوریا  ده‌ستی داوه‌ته‌ ته‌لبه‌ندکردنی  سنوره‌که‌ و به‌ مه‌رامی سه‌پاندنی گه‌مارۆی ئابوری به‌سه‌ر به‌شێک  له‌ گه‌لی کورددا!

گومانی تێدانییه‌ که‌ ئه‌و پراکتیکه‌ سیاسییه‌ی هه‌ڵه‌یه‌ی پارتی ناچێته‌ ناو خانه‌ی ئه‌و  ڕیزبه‌ندییه‌ سیاسییه‌ ناوه‌خۆیی و ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌ که‌ خۆی له‌ دوو هێڵی جودای دژ به‌یه‌کی ، ئه‌مریکا و ڕۆژئاواو تورکیا و پارتی له‌لایه‌ک و ڕوسیاو چین و ئێران و سوریا و یه‌کێتی نیشتیمانی و په‌که‌که‌ له‌لایه‌کی دیکه‌دا، ده‌بینێته‌وه‌‌!  گوایه‌ پارتی جیددییه‌ له‌ پابه‌ندبوونی به‌ هه‌نگاوه‌کانی ئه‌و هێڵه سیاسیه‌ی که‌ ئینتیمای بۆی هه‌یه‌ و جیاواز له‌وه‌ ناتوانێت هه‌نگاو هه‌ڵگرێت وله‌ سه‌ره‌وه‌ڕا ململانێکه‌ ئه‌وه‌ ده‌خوازێت که‌ ته‌نانه‌ت پره‌نسیپه‌ ئه‌خلاقییه‌کانیش له‌به‌رچاو نه‌گیردرێن و له‌به‌رامبه‌ر به‌ برسیکردنی منداڵێکی کورد بێباک بیت!‌ به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌و زمانی ته‌لبه‌ندسازییه‌ له‌ناو کرۆکی کولتوری سیاسی و عه‌قڵ و خه‌یاڵدانی سیاسه‌تی خێڵه‌کیانه‌ی پارتی ” به‌ناو ” دیموکراتی کوردستانه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌ و ده‌گرێت. 

کاتێک له‌ سه‌ره‌تای ده‌یه‌یی شه‌سته‌کان شۆڕشی جوڵانه‌وه‌ی سیاسی کورد به‌ ڕابه‌رایه‌تی پارتی دیموکراتی کوردستان و به‌سه‌رۆکایه‌تی ” بارزانی باوک ” به‌رپا ده‌بێت و تا ده‌گاته‌ ڕۆژگاری ئه‌مڕۆ که‌ پارتی درێژه‌ی به‌ مانه‌وه‌و ده‌سه‌ڵاتدارێتی خۆی داوه‌ ، ده‌ستبه‌رداری ئه‌و مه‌نتیقه‌ نه‌بوون که‌ خۆی له‌ جیاوازی دانان له‌ نێوان هه‌رێمه‌کاندا بینیوه‌ته‌وه‌! هه‌میشه‌ بادینانیان به‌ ناوچه‌ی ژێر نفوزی خۆیان داناوه‌و به‌ چاوێکی دیکه‌ له‌ ناوچه‌کانی دیکه‌یان ڕوانیووه‌، هه‌میشه‌ ئه‌و ڕوانینه‌ی پارتی بۆ ناوچه‌کانی غه‌یری بادینان و له‌ بادینانیش ده‌ڤه‌ره‌که‌ی خۆیان ” بارزان ” ڕوانینێکی که‌مبایه‌خانه‌تر بووه‌ چونکه‌ عه‌قڵیه‌ته‌که‌ له‌ عه‌قڵی دێرینی خێڵه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌و عاده‌ته‌ن ئاماده‌یی و نفوزی خێڵێک له‌ وارگه‌ی خێڵێکی دیکه‌دا ئاماده‌بوونێکی کاتی بووه‌ ئه‌وه‌ له‌ حاڵێکدا ئه‌گه‌ر خێڵی خاوه‌ن وارگه‌ دوچاری شکستێکی جه‌نگی و ململانێ  بووبێت له‌ ده‌می ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یدا له‌گه‌ڵ خێڵێک یان خێڵه‌کانی به‌رامبه‌ریدا!

 ئه‌و گه‌مارۆ ئابوری و سیاسییه‌ی که‌ ئێستا پارتی له‌سه‌ر ڕۆژئاوای کوردستان دایانناوه‌، ڕۆژانی شه‌ڕی ناوخۆ و  گه‌مارۆی ئابوری و سیاسی سه‌ر هه‌رێمی سه‌وزی ژێر نفوزی یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستانمان بیردێنێته‌وه‌ که‌ سه‌رکرده‌ی تیرۆرکراوی پارتی ” فرانسۆ هه‌ریری ” که‌ ئه‌و ده‌م پارێزگاری شاری هه‌ولێر بوو!  ده‌یگوت ” ڕێگه ناده‌م یه‌ک پیکاب هه‌واش بۆ ناوچه‌ی سه‌وز بڕوات ” که‌ هه‌ڵبه‌ته‌ له‌ ناوچه‌ی سه‌وزدا به‌هه‌مان ئه‌ندازه‌ی ئێستای هه‌رێمی ڕۆژئاوای کوردستان ئه‌ندام و دۆست و لایه‌نگری خودی پارتی دیموکراتیش هه‌بوون و هه‌ن‌ و ئه‌وانیش به‌و ئاگری سیاسه‌تی بێ ڕه‌حمانه‌ی پارتی ده‌سوتان! 

هێنده‌ هه‌یه‌ له‌ ئاست ئه‌و سیاسه‌تی ته‌لبه‌ندسازییه‌ی پارتی دا له‌سه‌ر خه‌ڵکی ڕۆژئاوای ووڵات،  پێویسته‌ خه‌ڵکی باشوری کوردستان له‌ ڕێگای ڕێکخراوه‌کانی چالاکی مه‌ده‌نییه‌ بێ شوماره‌کان و حزبه‌ سیاسییه‌ ” پاشکۆو نا پاشکۆکان ” و  ئۆپۆزسیۆنه‌کان  بێنه‌ ده‌نگ و به‌ پیاده‌کردنی چالاکی مه‌ده‌نیانه‌ پرۆتستۆی ئه‌و سیاسه‌ته‌ غه‌یره‌ ئه‌خلاقیه‌ی پارتی بکه‌ن که‌ به‌ هاندانی ڕژێمی تورکیا وه‌ڕێیخستووه. هه‌ڵبه‌ته‌ له‌و هه‌نگاوه‌دا خه‌ڵکی بادینان له‌ باشوری کوردستان به‌ هۆی ئه‌وه‌ی که‌ که‌وتوونه‌ته‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی نفوزی پارتی و هاوسنورن له‌گه‌ڵ خه‌ڵکی ڕۆژئاوای کوردستان ، پشکی شێریان به‌رده‌که‌وێت له‌ ناڕه‌زایی ده‌ربڕین و هاتنه‌ مه‌یدان بۆ شکاندن و هه‌ڵگرتنی ته‌لبه‌ندی نێوان سنوری ده‌ستکردی هه‌ردوو به‌شی هه‌رێم. ‌خه‌ڵکی بادینان که‌ نزیکه‌ی دوو ده‌یه‌یه‌ له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی پارتیدا له‌ به‌رامبه‌ر هه‌ر ڕه‌فتارو کرده‌وه‌یه‌کی سیاسی پارتیدا متته‌قیان له‌ خۆیان بڕیووه‌ هه‌قه‌ هه‌ڵوێستیان هه‌بێت چونکه‌ ئه‌وان به‌هۆی هه‌ڵکه‌وته‌ی جوگرافییانه‌وه‌ ده‌توانن کاریگه‌ری ڕاسته‌وخۆیان هه‌بێت له‌سه‌ر کۆتایهێنان به‌و سیاسه‌ته‌ و وادارکردنه‌وه‌ی پارتی  له‌ سیاسه‌ته‌ هه‌ڵه‌کانی به‌وه‌ی که‌ چیدی بادینان وارگه‌ی دیاریکراو مۆنۆپۆڵکراوی بێ ئه‌ولاولای هیچ پارتێک و هێزێک نییه‌ که‌ بیه‌وێت کاریگه‌ری نێگه‌تیڤ له‌سه‌ر کوردبوون و ڕیزی یه‌کێتی کورداندا دابنێت! به‌ پێچه‌وانه‌وه‌  هه‌ڵبژاردنی بێده‌نگی  له‌لایه‌ن خه‌ڵکی کوردستانه‌وه به‌گشتی  واتای ڕازیبوون ده‌گه‌یه‌نێت به‌و سیاسه‌ته‌ی پارتی و‌ سه‌رجه‌م خه‌ڵکی کوردستان ده‌کاته‌ شه‌ریکه‌به‌شی ئه‌و سیاسه‌ته‌ خاڵی له‌ مۆڕاڵییه‌ی پارتی! زمانی ته‌لبه‌ندکردنی سنور و برسیکردنی ژن و منداڵی کورد له‌لایه‌ن کورده‌وه‌، ناوبانگی کورد له‌ دونیادا یه‌کجار ناشیرین و بێزراو ده‌کات. واده‌کات نیشانه‌یه‌کی گه‌وره‌ی پرسیار له‌سه‌ر کوردبوون و هه‌ستی هاووخوێنی و نه‌ته‌وه‌یی ئێمه‌ دابنێت. پارتێکی سیاسی ئه‌گه‌ر نه‌بێته‌ ئامرازی یه‌کێتی نه‌ته‌وه‌یی و گیانی هاووپشتی و هاووده‌ردی، هه‌ق نییه‌ بهێڵدرێت که‌لێنی دووبه‌ره‌کی له‌ نێو کوردداندا دروست بکات و به‌ناوی سیاسه‌تکردنه‌وه‌ هه‌مان سیاسه‌تی دوژمنکارانه‌  دووباره‌و چه‌ندباره بکاته‌وه‌ که‌ دوژمنه‌کانمان ده‌رهه‌قمان کردوویانه‌ و ده‌یکه‌ن.‌  

 

20130107

کازم بیتوێنی _ سوید

 

Previous
Next

Leave a Reply