Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
پاشایەکی وجاخ کوێر!

پاشایەکی وجاخ کوێر!

Closed
by July 30, 2011 چیرۆک

دەگێرنەوە پاشایەک هەبوو لەکاتی سەرەمەرگدا کوڕوکچەکەی بانگدەکات و دەلێت : ڕۆلە شیرینەکانم نهێنییەک هەیە دەمەوێ بۆتانی بدرکێنم!
کوڕی پاشا وەلامدەداتەوە : فەرموو باوکە گیان!
پاشا وتی :کوڕی شیرینم لەدوای مردنم تۆ دەبیت بە پاشا .. بەلام دەمەوێ ئەوە بزانیت کە  تۆ کوڕی من نیت بەلکو کوڕی ئەم میلەتەی!
کوڕی پاشا : بیگومان باوکە ئەوە دەزانم!
پاشا : نا کوڕم ، من بەراستمە.. نە تۆ کوڕی منی نە خوشکەکەت کچی منە !
کچی پاشا بەسەرسوڕمانەوە پرسی: باوکە گیان لە مەبەستت تێناگەین؟!
پاشا وتی : دەجوان گوێبگرن تا بۆتانی روونکەمەوە :
هەبو نە بوو بە پاشایەک  چوار ژنی هێنا لە هەر چواریان هەر کچی دەبوو خۆی بە وجاخ کوێر دەزانی! وەزیرەکانی بە پاشایان ڕاسپاند کە دەستوری پاشایەتی بگۆڕێ و ژن بتوانێ جێگای پاشا بگرێتەوە.
پاشا بەم ئامۆژگارییە ناڕازی بوو هەموو ئاواتی ئەوەبوو ببێتە باوکی کوڕێک و کۆشک و تەلارەکەی بۆ جێبهێلێت..یەکێ لە پزیشکەکان بە پاشای وت : من دەتوانم یەکێ لە کچە بچکۆلانەکەت بکەم بە کوڕو  کەس پێی نەزانێت.
پاشا ڕەزامەنەندی نیشاندا..پزیشکەکە بە دەرمانەکانی لەش و دەنگی کچێكی پاشای گۆڕی..کچەکە مووی سمێلی هات ..کراسی کوڕیان لەبەر کرد و تێکەل بە کوڕ بوو .
کاتێ تەمەنی گەیشتە هەژدە سالان پاشا بە کوڕەکەی وت : دەمەوێ ببیتە پاشای ولات جێگام بگریتەوە.
بەلام کوڕەکە لە باوکی پاڕایەوە وتی : باوکە گیان من نامەوێ ببم بە پاشا !
پاشا بە سەرسوورمانەوە لێی پرسی: چی بووە کوڕم ؟هەژدە سالە پەروەردەتدەکەم بۆ ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆ؟
کوڕ وتی : باوکە گیان ، من بۆ پاشایەتی دەست نادەم!
پاشا پرسی : بۆ کوڕی شیرینم!
کوڕ وتی : باوکە گیان ، من ئێستاش نازانم کوڕم یان كچم!
پاشا : دەزانم نەشتەرگەری کراوی.. ئەم نهێنییەش کەس نایزانێت!
کوڕ : باوکە  دەزانم کەس نایزانێت ، بەس من دەزانم..من ئێستاش حەز دەکەم لە گەل کوڕ بنووم!
پاشا بە توڕەییەوە وتی: یانی چی؟
کوڕ: واتە تۆ توانیت ڕەگەزی لەشم بگۆڕیت بەس نەتوانی هەست و دەروونم لە ناوبەیت..  ئێستاش هیچ نەبووە فەرمان بدە دەستوری پاشایەتی بگۆڕە با یەکێ لە خوشکەکانم جێگات بگرنەوە.
پاشا بە شلەژانەوە وتی : تۆ دەتەوێ ئابرووم بەریت!
  کوڕەکەی وتی : باوکە گیان تۆ هەژدە سالە ڕاستی دەشاریتەوە و درۆ لەگەل میلەتەکەت دەکەیت ، بەس من ناتوانم درۆ لەگەل تۆ و کەسیتر بکەم ..بۆ ئەم کێشەیەش چەندین سالە نەخشەم کێشاوە ..گەر تۆ بفەرمووی من خۆم ژەهر خوارد دەکەم.. یان سەریخۆم هەلدەگرم و دەچمە مەملەکەتێکیتر کە کەس نەمناسێتەوە!
پاشا دامابوو نەیدەزانی چیبکات و چی بلێت ..ناچار بە کوڕەکەی وت : سبەینێ وەلامت دەدەمەوە !
هەرچەندە کوڕی پاشا نەشتەرگەری بۆ کرابوو ، چەندین جارش لەگەل کچ نوستبوو..بەلام ئارەزووی دڵداری کردنی هەر لەگەل کوڕان بوو.
لەگەل بەیاندا کوڕی پاشا بە دەستی پڕ لە پەنیر و ئەستورکی گەرم بەرەو دیوەخان چوو ، باوکی لەوێ نەبوو.. دایکی  بە گریانەوە وتی : پاشا خۆی ژەهر خوارد کردووە.!
کوڕی پاشا سەرلێشێوابوو.. نەیدەزانی چی بکات؟.. ئەم نیهێنیەی لە ناو دلی هەلگرت ..تا کرا بە پاشا و ژنی هێنا ..دوای ئەوەی پاشا توانی شاژن عاشقی خۆی بکات نیهێنیەکەی بۆی درکاند.
شاژن لەبەر خۆشەویستی پاشا نیهینیەکەی تا ئێستا شاردۆتەوە و لای کەسی نەیدرکاندووە. بەلام بەداخەوە مندالیان نابوو ، بۆیە  پاشا و شاژن بڕیاریاندا  کە دوو مندالی کۆرپە بدزن بیکەن بە مندالی خۆیان .
ئەم بەسەرهاتەی بۆتانم گێڕایەوە ، پاشاکە باوکم بوو، کچەکە من بووم ، ئێوەش دوو مندالە دزراوەکەن!.
کوڕی پاشا وەک ئەوەی لە ئاسمان بەریدەنە خوارەوە  بە قوڕگی گریانەوە گوتی : باوکە گیان تۆش سەرت لێشواندم .. دەبوایە ئەم نهێنییە نەدرکاندایە و لەگەل خۆت ببەیەتە گٶڕەوە!
پاشا وتی: نا ڕۆلەکانم ..من خۆشمدەوێن..ئەگەر تا سبەینێ نەمرم ..وەرنەوە بۆلام پێتان دەلێم بۆ ئەم نهێنییەم  بۆ درکاند!
کوڕو كچی پاشا بە دلتەنگیەوە ژووری باوکیان جێهێشت و خۆزگەیان دەخواست ئەم نهێنییەیان نەزانیایە.
سبەینێ کوڕی پاشا چووە لای باوکی ، بینی باوکی بە خەندەوە ڕاکشاوە و دایکی وخوشکەکەی  بەدیاریەوە دەگرێن..دایکی وتی: کوڕم باوکت لە دوێنێ شەوەوە دڵخۆش بوو و پێدەکەنی..ئەم سەر لە بەیانییە گیانی سپارد. ئەم نامەیەشی بۆ تۆ جێهێشت.
کوڕی پاشا نامەکەی لە دایکی وەرگرت و خوێندییەوە 🙁 کوڕی شیرینم هەرگیز نەکەی درۆ لەگەل میللەتەکەت بکەیت چونکە ڕاستی ناشاردرێتەوە )
کوڕی پاشا سەری خستە باوەشی دایکی و تێر گریا ، لە دەروونەوەش هەستی بە ئازادییەکی بێپایان کرد.
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.