Skip to Content

Thursday, December 3rd, 2020

پاش مەرگی مام جەلال ….

Be First!
by September 25, 2011 گشتی

 

پاش مەرگی مام جەلال چارەنووسی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان چ فۆڕمێک وەردەگرێت؟

ئێمە لەڕێگای ئەم پرسیارەوە پرسیارە زێدە شاراوە و بێدەنگەکەشمان دەخەینە ڕوو کە بەمجۆرەیە: بۆ تائێستا مەرگی مام جەلال نەبووە بە پرسیار لەناو یەکێتی نیشتیمانی کوردستان؟ ئایا لەدایکنەبوونی ئەم پرسیارە خۆشەویستیە بۆ مام جەلال و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ، یان ترسە لە خودی ئەم پرسیارە ، و یاخودیش  بەرهەمی دووڕووی سیاسی کەسایەتیە سیاسیەکانی ناو یەکێتی نیشتیمانی کوردستانە لە نەتوانینی ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ ئەم پرسیارە دا؟
سەیرە تائێستا ناونیشانێ لەمجۆرە لە مێدیای یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و لە دەرەوەی ئەو مێدیایەش نەبووە بە بابەتێ بۆ تێڕامان. هۆ لەو بارەوە هیچ زۆر نین تەنیا ئەوەندە نەبێت دەرک بە گرینگی گفتووگۆی ئەو پرسیارە سیاسیە مەزنە نەکراوە. گفتووگۆکردنی ئایندەی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بۆلەمەولا پێویستە بۆ یارانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ببێت بە پرسیار. چونکە دواتری سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لەگەلێ سەرەوە بەم پرسیارەوە وابەستەیە. زۆر بەکورتی بەو پرسیارەوەی کە دەیەوێت بەمجۆرە خۆیبخاتەڕوو: یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دوای مەرگی مام جەلال چی بەسەردێت؟  
بەبۆچوونی ئێمە، زۆرێک قسە دەشێ لەسەر ئایندەی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بووترێت وەلی مەرگی گفتووگۆی سیاسی ڕاسیۆنالی لەناو  یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ، و ئەلبەتەلەناو پارتە سیاسیەکانی تری کوردیش، یەکێکە لەو کێشانەی چارەسەرکردنی سانا نییە و بگرە ئەستەمیێکی زۆریشی لەبەردەم قسەکردن لەسەر بابەتی چارەنووسی سیاسی پارتە سیاسیەکانی کورد دا دروستکردووە ، کە ئەوەش لەلایەن خۆیەوە بە کوشتنی پرسیاری سیاسی و بڵاوبوونەوەی بێدەنگی لە نەخستنەژێرپرسیاری ئایندەی سیاسی حیزبە سیاسیەکان کۆتای هاتووە. 
بەپێی تێگەیشتنی سیاسی ئێمە بۆ دۆزی سیاسی هەنووکەی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان گرفتی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لەم پرسیارە سیاسیەوە دەستپێناکات وەلێ ئەم پرسیارە زێدە مانادارە بۆ هێنانەئارای ووتن لەسەر چارەنووسی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان.چونکە تائێستا یەکێتی نیشتیمانی کوردستان نەیتوانیوە خۆی لە قەرەی ئەم پرسیارە سیاسییە بدات و لەڕێگایئەوەشەوە باس بهێنێتەپێشەوە لەسەر ئەوەی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان پاش مەرگی بەڕێز مام جەلال چۆن سیاسەتبکات و بەچشێوازێکیش لە مێژووی سیاسی خۆشی ووردببێتەوە. 
ئێمە لەو باوەڕەداین ئەوی جورئەتی گفتووگۆکردنی ئەم پرسیارەی لەناو یەکێتی نیشتیمانی کوردستان هەیە تەنیا خودی بەڕێز مام جەلالە. گشت ئەوانەی پێیاندەووترێت مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە ترسی سامی کەسێتی سیاسی مام جەلال ئەو پرسیارەی ئێمەیان هەمیشە لەناخی خۆیانا مراندوە و جورئەتی ئەوەناکەن بەبەرخۆشیانەوە ئەم پرسیارە لە خۆیان بکەن. ئەمەش لەسەرێترەوە ئێمە بەرەو ئەو بینینە سیاسیەش دەبات کە سامی سیاسی مام جەلال و شێوازی ڕەفتاری سیاسیانەی مام جەلال لەتەک کەسایەتیە سیاسیەکانی ناو  یەکێتی نیشتیمانی کوردستان هەمیشە شیاوی لەبەردەم ئەوەدا دروستکردووە کەسایەتی تر دروستنەبێت و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بریتیبێت لە مام جەلال و بەس. کەوابێت کێ تاوانبارە بەرامبەر بە دروستنەبوونی کەسێتی سیاسی لەناو یەکێتی نیشتیمانی کوردستان؟ بۆوەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە بەباشی دەزانین لەوێوە دەستپێکەین کە، ڕاستە مام جەلال لەناو یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دا گوێڕایەڵێ زۆری دروستکردوە وەلێ کێشەکە لەم حالەتەدا ئەوەیە کە ئەم گوێڕایەڵانە تەنیا لە خودی مام جەلال نەبێت لە کەسی تر گوێناگرن. لەوە ترسناکتر ئەوەیە ئەمانە گوێڕایەڵێ یەکتر نین و بە مەرگی مام جەلال یەکێتی نیشتیمانی کوردستان گەورەترین کێشەی تیادروستدەبێت کە ئیدی کەسێ نابینرێتەوە ئەو گوێڕایەڵییە دروستکات. ئەوەی ئێمە لێرە دەمانەوێت ڕەخنەیکەین ئەوەنیە کە پاش مەرگی مام جەلال ناگوێڕایەڵێ لەناو یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دا وەک پەتای تەشەنەدەستێنێ بەقەدئەوەی مام جەلال دۆخێ سیاسی ئەوتۆی لەناو یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دا دروستکردوە کەس لەیەکتر گوێنەگرێت وەلێ هەرهەموو بەدەوری مام جەلالدا کۆدەبنەوە. بەواتاێتر، زۆرینەی ئەندامەکانی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لەژێر کاریگەری سامی سیاسی مام جەلال دووچاری جۆرە کێشەێ سیاسی ئەوتۆ بوونە گەر مام جەلال نەبێت ناتوانن بچکۆلەترین کێشە بێ نانەوەی فەوزای سیاسی چارەسەرکەن. لەوەش سەیرتر ئەوەیە کە زۆربەی ئەوانە نەیانتوانیوە خۆیان وەک کەسایەتی سیاسی پێویست چ لەناو یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و چش لەناو جەماوەر و لەبەردەم پارتە سیاسیەکانی تری کوردستانیش دەرخەن. زۆربەی ئەوەش کە تائێستا لەسەر کەسێتی سیاسی مام جەلال لەناو چ بە گشتی کورد و چش یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دا دەگێڕدرێتەوە هەرهەمووی بۆ وریای و پڕچالاکی خودی مام جەلال دەگەڕێتەوە وەلێ ئەم لایەنە هیچکات لەناو یەکێتی نیشتیمانی کوردستان گەرای نەخستۆتەوە و دەورووبەری مام جەلال وانەی سیاسی لێوەفێرنەبوونە. بگرە بەپێچەوانەوە ناووردبینی و سستی سیاسی زۆربەی کادێرە سیاسیەکانی ناو یەکێتی نیشتیمانی کوردستان تەنیوەتەوە و هیچ وانەێ سیاسییان لە مام جەلالەوە بۆ نەماوەتەوە جا چجا بیری سیاسی و ڕەفتاری سیاسی مام جەلال تێپەڕێنن.
هەرلەبەرئەوە، گەر سەرلەنوێ خۆداڕشتنەوەی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لەڕووی سیاسیەوە یەکێکە لە چارەسەرەکان بەدەست یەکێتی نیشتیمانی کوردستانیەوە، کە هەرئەوەش بەشێ لە ئایندەی سیاسی  یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ڕوندەکاتەوە ،لەگەلێ ڕووەوە ئەم لایەنە لە ئێستادا و تاش مام جەلال لە دونیادا ماوە بەوەوە گرێدراوە کە چی باشە و چۆن باشە دوای مردنی مام جەلال بکرێت . ڕاستە ئەم لایەنە گشت ئایندەی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانی لەسەر ڕانەوەستاوە. چونکە سیاسەتکردن لەناو یەکێتی نیشتیمانی کوردستان وەک گشت پارتە سیاسیەکانی تری ئەمڕۆی کوردستان بە بازرگانیکردنەوە گرێدراوە. دروستکردنی کۆمپانیا، بەدەستهێنانی پارە و کۆکردنەوەی پارە و پارەپەرستی ، …ئەمانە  یەکێتی نیشتیمانی کوردستانیان بێهێز و بێئایندە کردووە. ئەندامەکانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ئەوەندەی سەرقالی کۆمپانیا دروستکردن و پارەکۆکردنەوە و زەوی بەدەستهێنان سەرقالی هیچشتێکیتر نیین.
لە ئێستادا دەوڵەمەندەکانی شار لە کوردستانا بریتین لە دەوڵەمەندەکانی حیزب. حیزب کە بووە بە شوێنێک بۆ دروستکردنی دەوڵەمەند بووە بە دەزگاێکیش بۆدروستکردنی و بەدەستهێنانی دەوڵەمەندی بۆ حیزب. ئەم لایەنە کە گەلێ شت لەناو حیزب دەکوژێ یەک لەو شتانە ئەوەیە کەس لەناو حیزب فریای تێڕامان لە ئایندەی سیاسی حیزب نەکاتەوە. ئەو کاتەش کە بیر لە داهاتووی سیاسی حیزب دەکرێتەوە ئەو تێڕامانە لەوێوە سەردەردێنێ کە نەبا سەروژێربوونی حیزب بە زیانی دەوڵەمەندان بگەڕێتەوە هیچنەبێت بەزیانی ئەوانەی بەهۆی حیزبەوە بوونە بە دەوڵەمەند و بە کەساێتی ناو شار.  
دوا قسەش لەم نووسینە بریتی دەکەین لەم پرسیارە: کێ پرسیاری مەرگی مام جەلال لەناو  یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بەجۆرێ دێنێتە گۆڕێ کە قسەکردنیش لەسەر ئایندەی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بکا بە باسی گفتووگۆیێ سیاسی فڕەئاقار؟ ئێمە وایبۆدەچین تەنیا مام جەلال خۆی دەکارێ ئەم پرسیارە بجوولێنێ. چونکە سامی سیاسی مام جەلال لەناو یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و ناشرینیە سیاسیەکانی گەلێ لە سیاسیەکانی ناو یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە ئێستا و لە ڕابردووش کارێوایکردووە کەس جورئەتی خستەڕووی ئەو پرسیارە بەدەنگێ بەرز ناکات. ئەوەش کە تائێستا ئەم پرسیارە نەهاتۆتەگۆڕێ پێوەندی بە خۆشەویستی بۆ مام جەلالەوە نییە بەقەد ئەوەی پێوەندی بەو سامە سیاسیەوەیە کە مام جەلال سالەهایە لەناو یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دا هەیەتی ئەلبەتە ئەوەش کە پێیدەلێن هەژاری سیاسی ناو یەکێتی نیشتیمانی کوردستانیش. بەڵام کێ لە دروستکردنی ئەو سامە و ئەلبەتە لەو هەژاریە سیاسیەش کە لە ئێستادا ڕووبەڕووی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بۆتەوە؟ ئێمە پێیمانوایە بەڕێز مام جەلال لە هەندێ ڕوەوە لە ئێستا و لە ڕابردوو دا لە هەردوو ئەو دوو دیاردەیە بەرپرسیارە ئەلبەتە تاکە(کەسە) سیاسیەکانی ناو یەکێتی نیشتیمانی کوردستانیش لەگەلێ سەرەوە بەرپرسیاری ئەم دوو کێشەیان دەکەوێتەئەستۆ.  
ئێمە هەر لە ڕێگای ئەم نووسینەوە ، کە بە چارەنووسی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانەوە تایبەتە، دەخوازین ئەو لایسەرەوە ووتومانە بەو خالانەشەوە گرێدەینەوە کە بێئاسۆی و ناڕوونی سیاسی ئەم پارتە سیاسیە کوردیە دەخاتە ژێرباسەوە. بۆیە لایخوارەوە ئاماژە بەچەند سەرنجێک دەکەین کە ئامانجی بنەڕەتیمان ووتنهێنانەپێشەوەیە لەسەر دۆخی سیاسی ئێستای یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و بایەخنەدانی بیریارانی سیاسی ئەم حیزبە سیاسیە کوردیە بەو دۆخە:
-تەمەنی سیاسی ئاشکرای یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە (1/6/2011) خۆیدا لە 36 سال. گشت ئەم تەمەنە قابیل نییە بە ڕەتکردنەوە بەڵام لەو شوێنانەی ئەم پارتە سیاسیە کوردیە کە هەڵەی سیاسی گەورەی کردوە گشت ئەو تەمەنە سیاسیەی خۆی دەخاتە ژێر پرسیارەوە.
-گۆنگرەی سێهەمی ئەم پارتە لە 2010 دا چی فێر ئەم پارتە کرد؟ بەبێگومانەوە دەلێین هیچێ گەورە. چونکە گۆنگرە ڕێگاێتربوو بۆ بەخێلەکیکردنی سیاسەت و دابەشکردنی سامانی سیاسی بەپێ تاقم و خێزانی سیاسی.
-قووربانیانی ئەم پارتە سیاسیە کە قووربانیانی کوردیشن بۆ ئەم پارتە سیاسی بووە بە هەقایەتێ بڕانەوەی نیە و بۆ چەندین پاساوی سیاسی سەیر سەیریش بەکاردەبرێت. ئەم لایەنەش کۆمێدیاێ سیاسی لە دەرەوەی ئەم پارتە سیاسیە دروستکردووە کە کاریگەری خۆی بەسەر ئایندەی سیاسیشیەوە جێدێلێت.
-چیرۆکی ڕێکەوتنی ستراتیژی نێوان یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و پارتی هەمیشە بەجۆرێ دەگێڕدرێتەوە کە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان قووربانی و بەستەزمانەکەیە. بەواتاێتر ، خستنەژێرپرسیاری پەیمانیەتی ئەم پارتە لەگەل پارتە سیاسیە گەورەکەی تری کوردستان نەبووە بە پرسیارێ هزری بۆ زۆرینەی ئەندامەکانی ئەم پارتە. بۆئێمە ئەمە پرسیارە سیاسیە مەزنەکە نییە بەلکو پرسیارە سیاسیە مەزنەکە تایبەت بەملایەنە ئەوەیە کە بۆ گەلێ لە بیرمەند و ڕوناکبیرانی سیاسی ئەم پارتە سیاسیە( واتە: یەکێتی نیشتیمانی کوردستان)  و  هەندێ بیرمەندی تری ناو مێدیای ئازادیش پێیانوایە یەکیەتی نیشتیمانی لەم هاوپەیمانیە قووربانیە؟
– بینینی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان وەک پارتی هەژاران و ڕەنجدەران بۆلەمەولا دروشمێ دۆڕاوە و کاریگەری نێگەتیڤانەی بەسەر ئایندەی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانەوە هەیە. ئەمەو یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و دەریاێ لە خوێن ڕشتنیش ئەمەش سەفسەتەیێ سیاسیە کە ئایندەی سیاسی  یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دەخاتە ژێر مەترسیەوە. لەبڕی ئەوە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان پێویستی بەوەیە وێنەی نوێ و دروشمی تازە لەسەر خۆیبنیادنێ کە لە هەنووکەی سیاسیەوە نزدیکبێت. 
-باڵی باش لەناو یەکێتی نیشتیمانی کوردستان هەیە ئەمەش سترانێ سیاسییە کە خەریکە ووردە ووردە خۆی لە پووچی دەنێ ئەو باڵە گەر هەیە دەبایە هەرزوو و بە پەلە خۆی دەربازکات و خەمی سیاسی خۆی و میلەتبخوات گەر سیاسەتکردن لەکۆتایدا ئامانج لێی میلەتبێت. ئێمە هەرگیز پێمانوانیە دروستبوونی ئۆپۆزیسیۆن بریتیە لە جیابوونەوە و دەرکەوتنی ئەو باڵە . 
-ناڕەزایی لەناو یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بوونی هەیە، چونکە تائێستاش هێزگەل و ڕووخسارگەلێ نیشتیمانی تیا ئامادەیە وەلێ ئەوەی ئەم ناڕەزایە تائێستا هیچی بەهیچ نەکردووە تەنیا بۆئەوە ناگەڕێتەوە کە کەمینەن و یان لاواز و نایەکگرتوو بەڵکو بەزۆری بۆئەوەدەگەڕێتەوە کە ئەو تاقمە ناڕەزایە پێیانوانییە بکارن نە لەئێستا و نەش لەئایندە شتێ ئەوتۆیان پێکرێت هەرئەوەش بوو ئۆپۆزیسیۆنی(؟) دروستکرد.
کەوابێت بەم کێشانەوە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان پێدەنێتەناو قۆناغی مەرگی مام جەلالەوە ئەمەش کەتەسترۆفی(موسیبەت) سیاسی گەورەی لێدەبێتەوە کە بە زیانی نەک تەنێ یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بگرە بە زیانی ئەو دیتنە سیاسیەش دەگەڕێتەوە کە لەوەدوا نیشتیمانپەروەری و کوردایەتی دەکا بە بناغە بۆ ئازادبوونی تاکی کورد. ئەمەش تەنیا لەبەرئەوەی تێکشکانی ئەو ئەزموونە سیاسییانەی نیشتیمانپەروەری و کوردایەتی کردووە بە هیواێ سیاسی بۆ دروستکردنی ناسنامەی کوردی و بەکوردبوون شکستی ئۆنتۆلۆژی تاکی کوردیشی بەدەمەوەیە.

 

ئازاد حەمە/ پاریس

Previous
Next

Leave a Reply