Skip to Content

Friday, September 18th, 2020

پاولۆس .. ئازاد حەمە .. دوا بەش

Be First!
by January 14, 2008 گشتی

نهێنی گەڕانەوەی لەناکاوی فەلسەفەی هاوچەرخ (سلاڤۆی زیزک ، جۆرجیۆ ئاگامبێن و ئالێن بادیو) بۆ پاولۆس.
تەوەری چوارەم:…
لە نێوەندی ڕوناکبیری و ئەکادیمی کوردی هزری لاهوتی نەبۆتە بابەتی توێژینەوە

ئاشکرایە لە نووسینەکانی ئەو سێ فەیلەسوفە ڕۆژئاواییەی لە تەوەری سێهەمدا ناویانهات شوێنێکمان بۆ گفتووگۆکردنی ئیسلام بەرچاونەکەوت بەلام ئەوەندەی ئاگاشمان لیبێ بۆچوونی ئەو فەیلەسوفانە بۆ ئیسلام خراپ نییە. بەلام لێرە مەسەلەکە هەرئەوەنییە بەلکو ئەوەشە کە نەک هەر ئەم سێ بیریارە ڕۆژئاواییە بەلکو گەلێ لە بیریارانی هاوچەرخی ڕۆژئاوای شارەزاییێ قوولیان لەسەر ئیسلام نییە و ،ئەلبەتە بەشێ لە ووردەکارییەکانی ئەم کێشەیەش ، وایبۆدەچین ، پێوەندی بە نەبوونی سەرچاوە و توێژینەوەی قوول و ڕوونەوە هەیە کە لەئێستادا لەسەر ئبسلام لە ڕۆژئاوا دەستناکەون. گومانیناوێ گەر بلێین، چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە بە ئەنجامدانی دوو هەنگاوی ڕوناکبیر و ئەکادیمیکەرانی  ئیسلامیەوە گرێدراوە ئەلبەتە لەتەک هەنگاوێ تریش کە پێویستە ڕووناکبیر و هزرەڤانانی ڕۆژئاوایی پێیهەلستن. سەرەتا دێینەسەر ئەو دوو هەنگاوەی لەسەر ڕووناکبیر و ئەکادیمیکەرانی ئیسلامی ئەرکن و گرینگە پێیهەلستن و پاشانیش دێینەسەر ئەو هەنگاوەی خۆی وەک قەرزاریێ ڕەوشتی نیشاندەدا و لەسەر ڕوناکبیر و هزرەڤانانی ڕۆژئاوای پێویستە لەبەرچاوبگیرێ.
یەک لەو هەنگاوانەی بە ڕوناکبیر و ئەکادیمیکەرانی ئیسلامیەوە تایبەتە ئەوەیە پێویستە ڕوناکبیر و ئەکادیمیکەرانی ئیسلامی توێژینەوە ئەنجامدەن. چونکە تەنیا لەڕێگای توێژینەوە ئەنجامدانەوە  ڕوناکبیر و ئەکادیمیکەرانی ئیسلامی دەکارن خۆیانلەسەر خستەڕووی بەلگە و فاکتەی دەقیق و وورد نیشاندەن و ئەمەشوەکیتر یارمەتیدەردەبێ نووسینەکانیان لەلایەن نووسەر و بیریارانی ڕۆژئاواییەوە زۆرتر شایانی گفتووگۆ و تێڕامان بن بۆئەوەی ئەم هەنگاوەش بێتەدی پێویستە نووسینی ئیسلامی خۆی لەو مێژووگەریی و هەقایەتئامێزییە دوورخاتەوە سالەهایە بینەقاقای گرتووە. بەلام هەنگاوی دووەم کە پێویستە ڕووناکبیر و ئەکادیمیکەرانی ئیسلامی سەرجیبکەن ئەوەیە تابلێی پێویست و مانادارە ڕووناکبیر و ئەکادیمیکەرانی ئیسلامی توێژینەوەکانیان بە زمانی بێگانە بنووسن و یانیش کار بۆ وەرگێڕانی توێژینەوەی کەسانێتر بکەن. ئەم هەنگاوە کە زێدە گرینگە مانای بۆ ئەو هەنگاوەش هەیە کە بە ڕووناکبیر و هزرەڤانانی ڕۆژئاواییەوە تایبەتە. هەرچی ئەو هەنگاوەیە کە پێویستە لەلایەن ڕووناکبیر و هزرەڤانانی ڕۆژئاواییەوە لەبەرچاوبگیرێ ،کە پێمانوایە بەشێکیشە لە قەرزاریە ڕەووشتیەکانیان بەرامبەر بەویتر، ئەوەیە کە ڕوناکبیر و بیریارانی ڕۆژئاوای پێویستە خۆیان لەو وێنە چەوت و هەلانە پاککەنەوە مێدیای ڕۆژئاوا بەردەوام لەسەر ئیسلام تیایانا دروستیدەکا.جا بۆئەوەی ڕوناکبیر و بیریارانی ڕۆژئاوای ئیسلام وەک خۆی بناسن پێویستە توێژینەوەی ڕوناکبیر و توێژەرەوە ئیسلامیەکانیان لەبەردەستدابێ.
بۆئەوەی بگەڕێینەوە نێو باسەکەی خۆمان بەپێویستی دەزانین ئاماژە بەوەبکەین کە پاش ڕووداوەکانی 11 ی سێپتەمبەر ،کە ئیسلام لەگەلێ ڕوەوە بوو بە ئامانجی ڕەتکردنەوەکانی مێدیای ڕۆژئاوا، ئاگامبین و زیزک و بادیو گەلێ شتی جوانیان تایبەت بە ئیسلام ، تیرۆریزم، دەسەلاتسالاری ئەمەریکی و تێکچوونی مافی مرۆڤ ووت کە هەموو ئەو ووتنانە نیشانەبوون لەسەر توانای ڕەخنەی ئەم بیریارانە و بەکاربردنی ویستی فەلسەفی بۆ هێنانەگۆی ڕاستی سیاسی. جا ئەوی کتێبەکەی زیزکی خوێندبێتەوە (بەخێربێن بۆ جیهانی فیعلی) لەوەدەگا ئەم بیریارە چەند بە هەستێ ڕاسیۆنالانەوە ئەو پەرچەکردارییە ڕەتدەکاتەوە ڕۆژئاوا پاش ڕووداوەکەی مانهاتانی 2001 خووی پێوەگرت ،یان ئەوی کتێبەکەی ئاکامبینی خوێندبێتەوە (دۆزی ڕیزپەڕ) لەوە بەووردی دەگا لەڕێگای جەنک هەلگیرسانەوە شارستانی ڕۆژئاوا تەنیا زەمینە بۆ کوشتنی دیموکراسیەتی ڕۆژئاوای و پێشێلکردنی ماف خۆشدەکا، یاخود هەچ کەسێ نووسین و دیتنەکانی بادیوی دوای ڕووداوەکانی ناوبراو خوێندبێتەوە ئەوەی لا ڕوون و دیار دەبێ چەند بادیو لەسەر مەسەلەی پەچە و ئاین و ئازادی باوەڕ لە شوێنێ وەک فەڕەنسا لەکاتی خۆیدا هاتۆتە ووتن و گفتووگۆی فەلسەفیشی لەوبارەیەوە لە ڕۆژنامەکانی فەڕەنسا ووروژاندووە. هیچ نەبێ هەر بادیوش بوو لەم سالانە بەهێزترین ڕەخنەی ئاڕاستەی جووگەرای بەشێ لە ڕوناکبیرانی فەڕەنسی کرد (لەم ڕوەوە بڕوانە کتێبی پۆلیمیک) و خەوشی ئەو ئاڕاستەیە و مەترسیە ڕوناکبیریەکەشی بەئاشکرا بەرباسخست. 
بەلام بۆئەوەی بێینەسەر ئامانجی سەرەکی ئەم تەوەرەی بەردەستمان بەپێویستی دەزانین لەو پرسیارەوە دەستپێکەین (پرسیاری چوارەم) کە لایسەرەوە و لە دەروازەی ئەم نووسینەدا بەردەست خوێنەرمانخست کە ئەم فۆڕمەی بەخۆوەگرت: ئەم جۆرە گەڕانەوە و توێژینەوە فەلسەفییە ڕۆژئاواییانە، لەشێوەی ئەوەی زیزک و بادیو و ئاگامبین، بۆ ئێمەی کورد چ فێربوونێ بەدەستەوە دەدەن؟ ئێمە لەڕێگای ئەم پرسیارەوە گلەیێ زۆر لە نووسینی ئاینی یان بابلێین تیۆلۆژی (لاهوتی) کوردی دەکەین کە توانا و ئامادەبوونی لە پلەی سفرە، هەروەها ئەوەش کە نێوەندی ئەکادیمیمان، کە تابلێی کۆلاپساویە (داڕماوە)، شوێنی پۆلی تیۆلۆژی تیایا وونە و، ئەمەو ئەم نێوەندە ئەکادیمیە لەبەرئەوەی کەموکوڕێێ لەڕادەبەدەر ئێپستمی (مەعریفی) هەیە و لە هزراندن بوەتەوە توانای ئەوەی نیە هیچ پردێ لەنێوان ئاین لەلاێ و ئەوەی پێیدەلێن توێژینەوەی ئێپستمۆلۆژی و ئۆنتۆلۆژی لەلاێ دی دامەزرێنێ. هەروەها ئەوەش کە جێی بایەخی نێوەندی ڕۆشنبیری ئیسلامی کوردی نییە ئەوەیە توێژینەوەی (دیراساتی) تیۆلۆژی شوێنی تێڕامان نییە و دروستکردنی پردیش لەنێوان ئاین و فەلسەفە یان ئاین و هزراندن شتێکە لە زۆنی فەرامۆشیدایە.
بەلام پێشئەوەی بێینەسەر کرۆکی وەلامەکەمان بۆ ئەو پرسیارەی ناسنامەی ئەم تەوەرە دەستنیشاندەکا بەباشیدەزانین چەند قسەێ لەسەر کەمی و لاوازی بوونی توێژینەوە لەناوخۆمان بەرباسخەین و ئەو ناشیاویانەش بیرخەینەوە لەبەردەم هزراندن لەمبوارانە ئامادەن. دەمانەوێ بۆئەو مەبەستەش بپرسین: هۆی ئەوە چییە لەناو ئێمە بایەخ بۆ توێژینەوەی تیۆلۆژی نییە و ویستێ فەلسەفیش بۆ ڕاڤەکردنی ئاینی بوونی نییە؟ خۆی ڕاستە ئێمە لە کۆمەلگەێکی عیلمانی پووخت دا ناژین بۆیە زۆر ئاساییە توێژینەوەی تیۆلۆژی لەناو ئێمە ئەو مانا و گرینگیەی نەبێ بەلام ئەوەی بۆئێمە دەکرێ پتر وەک هۆ لێرە پشتی پیێببەسترێ ئەوەیە ئەو دوو بوارە زانینییەی تۆزێ پێشئێستا باسکرا، واتە فەلسەفە و تیۆلۆژیا، لەناو ئێمە ئامادەبوونی نییە و لە زەینی ڕوناکبیریشمانا چەکەرەی نەکردووە. بەواتاێتر، دەمانەوێ بلێین ڕووکردن لە پرسیاری هزری قوولی ئاینی و تیۆلۆژی پێویستی بە فەیلەسوف و و تیۆریزەکەر و ڕوناکبیری تیۆلۆژی هەیە کە لە ئێستادا لەناو ئێمە نین. بەلێ ئێمە دونیایێ ڕابەری سیاسی ئاینی و مامۆستای ئاینی و فەقێ و مجێور و نووسەری ئیسلامی سیاسی و ڕۆژنامەوانی ئیسلامی و مامۆستای زانکۆیی و ئەمجار مامۆستای زانکۆیی ئیمانداریشمان هەیە بەلام ئەمانە جیان و ئەوی ئێمە پیێمانوایە نیمانە جیان. بۆئەوەی ئەم لایەنەش ڕوونکەینەوە و ئەمجار لەتەک تێکڕای ئامانجی نووسینەکەمان یەکیخەینەوە بەپێویستی دەزانین لایخوارەوە بێینە سەر هەندێ لایەن کە مانای بۆ ئەم تەوەرە هەیە.
لەو لایەنانەی لەم تەوەرە دەمانەوێ بێینەسەری ئەوەیە، ئەوەندەی ئاگامانلێبێ توێژینەوە لەناو ئێمە نەبووە بەبابەت و شارەزایی قوول و گەورەش لە توێژینەوەکردن بوونی نییە. هۆی ئەمە بۆ ئێمە بۆ ئەوە ناگەڕێتەوە خوێنکار و یان کەسی ئەکادیمیمان نییە بەلکو بنەڕەتی کێشەکە بۆ ئەوەدەگەڕێتەوە لەناو چ نووسەر و ڕوناکبیران و چش ئەکادیمیکەرانمانا توێژینەوەکردن نەبووە بە نەرێت و ئەوەش لەناو خەلک بەگشتی باو و گشتی نەکراوە توێژینەوە ئەنجامدان چارەسەری باوەڕپێکراو و پەسەندکراو تایبەت بە پرسیار و گومانەکان دێنێتەگۆڕێ. گریمانی ئەوەش کە دامەزراوی ئەکادیمی و ئەکادیمیکار دەکارێ ئەوە بکا بە هەلە نازانین بەلام ئەم گریمانە لەئەمڕۆی کوردستانا و لە هەنووکەدا نایخوا. زۆردووریش ناڕۆین گەربلێین هیچکات کوردستان هێندەی ئێستا زانکۆ و هەلگرانی ماستەر و دکتۆرا ( ماوەێتریش پۆستدکتۆرا و پرۆفیسۆرا)ی بەخۆوە نەدیوە بەلام ئەمە کێشە بنەڕەتیەکەی چارەسەرنەکردووە چونکە بە ئاکادیمیبوون و چوونە گۆڕەپانی ئەکادیمیاوە بۆ ئێمە ستاتۆسێ کۆمەلایەتی هەیە وەک لەوەی زانستی. بۆنموونە ئێستا گشت مالێکی کورد لە کوردستان گەر یەک ماستەر هەلگریشی نەبێ خۆ دوو بەکالۆریۆس هەلگری هەیە بەلام کێشەکە پێوەندی بە زۆری هەلگرانی بڕوانامەوە نییە و زۆربوونی ئەکادیمیکەریش چارەسەری کێشەکە ناکا بەلکو  کێشەکە بەوە چارەسەردەبێ کەسەکان خۆیان بۆ گەیشتن بە زانینی کۆنکرێت و زیندوو و ڕووداوئامێز تەرخانکەن. وەکیتریش گرفتەکە هەر لێرە ناوەستێ و شتی تریشی لێدەبێتەوە کە یەک لەوانە"" ترسە لە توێژینەوە"". مەبەستیشمان بە کورتی لەم گوزارەیەی بەکارمانبرد  ئەوەیە، لای ئێمە ترسێ هەیە لە توێژینەوە ئەم ترسەش لە توێژینەوە نەرێتی و ئاینی و ئەلبەتە سیاسیشە. زۆربەی ئاماژە کۆمەلایەتی ڕوناکبیریەکانیش ئەوە نیشاندەدەن ئەو شتەی لە کۆمەلگەی ئێمە سیاسی بێ لەهەمانکاتدا نەرێتی و ئاینیشە. بەلام بۆ ترس لە توێژینەوە؟ هۆیئەوە زۆر بەکورتی ئەوەیە توێژینەوە ئەو توانا و شیاوییەی تێدایە ووتن بەجۆرێ لەسەر شتەکان بێنێتەپێشەوە یەکلاکەرەوە و بنەبڕانەبن. ئەمەش کە لەئێستادا بۆ نێوەندی سیاسی و ئەکادیمی کوردی هەرسنابێ لەتەک باری کۆمەلایەتی و سیاسی گەندەلی هەنووکەی کوردستانیش ناگونجێ. لەبەرئەوەش لەڕێگای توێژینەوەوە دەکرێ هەلوێستە لەسەر دیاردە و ڕوداوەکان وەرگیرێ و پێشنیاری چارەسەر و شیکردنەوەی تر بکرێ بۆیە لەئێستادا توێژینەوە لەناو نووسەر و ئەکادیمیکەرە حیزبی و گەندەلەکان خۆی وەک شتێ ڕێزەڤەن (موحتەرەم) و پەسەندکراو نیشان نادا و بەلکو زۆرتر بایەخ بە کاری ڕۆژنامەوانی پچڕپچڕی گەندەل دەدرێ. کەواتە تا گەندەلی هزری لە نێوەندی ڕۆشنبیری و ئەکادیمی کوردی سەروەر بێ توێژینەوە فەرامۆشکراو و ناکاریگەر دەبێ. هەروەها گەندەلی هزری کە دوژمنی هەرەگەورەی توێژینەوە و ڕاڤەکردنە تێکدەری ڕاستی ڕاستیەکانیشە. بەلام ئەو گەندەلیە هزرییە بۆئەوەی بەردەوام و جێگیر بێ و بۆئەوەی خۆشی بەردەوام لە کێشەکان دەربازکا بە ئاگاییەوە کار بۆ دروستکردنی دۆزێ تر دەکا ئەوەش لەڕێگای کردنی ڕۆژنامەوانی بە جێگیری توێژینەوە و شیکردنەوە. هەروەها گەندەلی هزری کە شوێنێ گەورەی لەناو مێدیای تازەی کوردی بۆخۆی دابینکردوە وایلە ڕۆشنبیری کردوە ببێ بە بەرهەمی ئەو ڕۆژنامەوانیەی گشت کاتەکانی بە گفتووگۆی شتی لاوەکی و هیچگەراوە بەسەردەبا. زۆر بەکورتی و بەواتاێتر، گەندەلی هزری کوردی کە بێ ڕۆژنامەوانی ناژێ وتارێ ڕۆشنبیری تایبەت بەخۆشی دروستکردوە ئەم وتارە بیریار و نووسەر و هونەرمەند و سیاسی خۆشی هەیە. بۆیە تائەوکاتەی گەندەلی هزری هەبێ نەک هەر توێژینەوە نابێ بگرە مێدیاش ناشێ بیرکۆنکرێت و ڕاستەوخۆکارکا. ئێمە خوانەخواستە نامانەوێ بلێین ئەمڕۆ ئازادی ڕۆژنامەوانی یان ئازادی بیروڕا لە کوردستان نییە نەخێر و پیێشمانوایە ئەو ئازادیەی ئەمڕۆ لە کوردستاندا هەیە لەگەلێ لە ولاتانی عەرەبی و ئیسلامی دا ئامادەنییە بەلام گرفتی ئەو جۆرە ئازادییەی ئەمڕۆ لە کوردستانا سەروەرە ئەوەیە ئازادیێ نا- بەرهەمهێنەر و مشەخۆرە. ئازادیش کە مشەخۆر و نا- بەرهەمهێنەر بێ دەبێ بە بکوژی ڕاستەوخۆی ڕاڤەکردنی ڕوناکبیری و توێژینەوەی ئەکادیمی ئەسیل. ئەم دۆزەش نەک هەر گەندەلی هزری بەرهەمدێنێ بەلکو هەندێ فۆڕمی تر لە گەندەلیش بەرهەمدێنێ.
 ئێمە لێرەدا و تایبەت بە مەسەلەی واتای ئازادی لەمەزۆرتر نالێین بەلام ئەوەی دەمانەوێ لێرە بەکورتی بیرخوێنەریخەینەوە ئەو سینتێزەیە (دێڕەیە، بیرۆکەیەیە) کە پیێگیریلەسەر ئەوەدەکا کە بەلێ ئازادی ، نەک دیکتاتۆریەت، بەخێوکەری توێژینەوەیە بەلام ئازادی ناتوانی هیچبکا کاتێ تاکی ئازاد کاتەکانی لە هیچیدا بەسەربەرێ. یان ئازادی تائەوپەڕی بێمانایە کاتێ ڕۆژنامەوانی دەبێ بە نوێنەری هزرەڤانی و سنوورێ ناکەوێتە نێوان خوێندوار و نەخونێدەوار ، ڕوناکبیر و نا-ڕوناکبیرەوە. بۆیە لەمحالەتانەدا توێژینەوە نەک هەر نابێ بەلکو خودی مانای ئازادی ڕوو لە هیچگەرای دەنێ.
ئێستا دەمانەوەێ بێینەسەر وردەکاریەکانی وەلامدانەوەی ئەو پرسیارەی مانای بۆ ئەم تەوەرە هەیە. سەرەتا دەمانەوێ بێینە سەر ئەو لایەنەی کە تاڕادەێ لەمڕوەوە بنەڕەتیە کە ئەوەش ئەمەیە: نێوەندی ئەکادیمی کوردی لەگەل هەموو داماوێکی و پشتکردنێکی لە توێژینەوە پشتی لە توێژینەوەی لاهوتیش کردووە. یان بەپشتکردنی نێوەندی ئەکادیمی کوردی لە توێژینەوە پریشکی ئەم پشتلێکردنە بەر توێژینەوەی لاهوتیش کەوتووە. بۆیە ناماقوولیناکەین بلێین، توێژینەوەی لاهوتی کە پێویستی بە بنەماێ ئەکادیمیە ئەمە لە ئێستادا لە کوردستان ئەستەمە چونکە خودی توێژینەوەی ئەکادیمی بەگشتی و توێژینەوەی هیۆمانی (ئەوی سەر بە زانستە مرۆیەکانە) بەتایبەتی لە کوردستانی ئێستادا لە گرفت دایە. ئەم لایەنە ووتنێ زۆر هەلدەگرێ بەلام لێرە بەپێویستی دەزانین ڕووی ووتنەکانمان بەکورتی بەمجۆرەی لایخوارەوە ئاڕاستەی خوێنەر کەین.
بۆئەوەی تێکستە ئاینیەکان بەر ڕاڤەکردن خرێن پێویستمان بە توێژەرەوەی ئاینی دەبێ. بەلام ئەم توێژەرەوانە پێویستە خاوەنی ڕوناکبیریێ قوول و بەرینی هزری ین. هیچ هەلەشناکەین بلێین ئەو توێژەرەوانە دەبێ بەمانای وشەکە بیرمەند بن.بیرمەندیی یارمەتی ئەمانە دەدا لە تێکستە ئاینیەکان نەک هەر باوەڕ بەلکو ڕەفتار و ڕەوشتیش ببیننەوە بەلام داڕشتنەوەی ئەوی دەبینرێ مەرجە لەگشت دۆگما و تاریکیێ ئێپستمی دوورخرێتەوە. بۆنموونە ئەوی لە ڕۆژئاوا پاولۆس پێیهەستا دواترشێوەکارکردنێتری لەسەرکرا کە ئەو شێوەکارکردنە ڕوو و جەمسەری تری بە تێگەیشتنی ئاینی و یەزدانی دا. لەمحالەتەش ناکرێ ڕۆلی بۆنموونە پاسکال یان ئاگوستینۆس لەبیرکرێ. بەدلنیایشەوە ئەو دەمە ئەو شێوەکارکردنانە ڕوو و جەمسەری تر وەردەگرن کە توێژەرەوەی ئەم جۆرە بوارانە شارەزایی و قوولبوونەوەێ گەورەیان نەک هەر لەو گەشەیە هەبێ هاتۆتە سەر زانستە کۆمەلایەتی و مرۆییەکان بەلکو لەو گەشەیەش هاتۆتە سەر زانستە تەجریبیەکانیش. بەلام زۆر حەیف لایئێمە ، لە نێوەندی ئەکادیمی کوردی، ئەو گەشەیەی هاتۆتەسەر زانستە مرۆی و کۆمەلایەتیەکان جێی سەرنج و ئاوڕدانەوە نیە و بگرە ئەوانەش کە لە بواری زانستە مرۆی و کۆمەلایەتیەکانا کاردەکەن هیچ حەز و بایەخێکیان بۆ زانستە تەجریبیەکانیش( فیزیا، ماتماتیک- بیرکاری- ، بیۆلۆژی- زیندەوەرناسی- و …هتد) نییە. وەکیتریش ئەوانەش کە لەبواری زانستە تەجریبیەکانا کاردەکەن زۆر بەدەگمەن حەوسەلەی خوێندنەوەی تێکستی کۆمەلایەتی یان هیۆمانیان هەیە. بۆیە ئەم لایەنە کە بەخۆی کێشەێ مێتۆدی گەورە لەبەردەم توێژینەوەکانا دروستدەکا نیشانەێ گومانلێنەکراویشە لە بۆیەتی نەشونمانەکردنی توێژینەوە لە نێوەندی ئەکادیمی کوردی بەجۆرێ سەردەمی و پێویست.
لایەنێتر کە گرینگە لەم تەوەرەدا باسکرێ ئەوەیە، پێویستە جیاوازی لەنێوان بوون و نەبوونی توێژینەوەی ئەکادیمی لاهوتی و دروستکردنی مزگەوت و زۆربوونی ژمارەی ئەوانەی قورئانیان خەتمە و هەروەها ژمارەی ئەوانەی مامۆستای ئاینی و فەقێن بکرێ. ئەمڕۆ کە مزگەوتەکان لە کوردستان پڕبوونە لە مامۆستای ئاینی کەمخوێندەوار و بێ ئاگا لە ڕەوشی گەشەی شیکردنەوە و لێکدانەوە لە بواری پرسیارە ئاینی و بووناویە ئەبەدیەکان ئەمە تەگەرەێ گەورە خستۆتە بەردەم تێگەیشتن لە واتا و مانای ئاین و پرسیارە ئاینی و میتافیزیکیە ئەزەلیەکانیش. ئەمە کە بە زیانی بیری ئاینی و ئەمجار خودی ئاینی ئیسلامیش گەڕاوەتەوە بەلگەیە لەسەر لاوازی و سستی هزری تیۆلۆژی لەنێو ڕوناکبیرانی ئیسلامی. گومانیشی ناوێ دۆزی سیاسی ناوچەکە بەجۆرێ گەشەدەکا ڕێک ئەو ئاڕاستەیە بەخێودەکا کە دواتر بەزیانی ئەو بیرە دەگەڕێتەوە. واتە کاتێ کە دانیشگا، نێوەندی ئەکادیمی، نەیتوانی سەرپەرشتی توێژینەوەی ئاینی و ڕوناکبیری ئاینی بکا بەدلنیایەوە ئەو بێسەروبەریە دروستدەبێ کە ئەمڕۆ لەگەڕدایە. واتە کاتێ پسپۆڕی فەلسەفی و تیۆلۆژیستی ئەکادیمی بوونیان نەبێ ئەوا شوێنەکانی ئەمانە بەو کەسانە پڕدەکرێتەوە کە وتاربێژ (خوتبەبێژ) و تێکست لەبەرن. ئەمەش تابلێی هەلەیە. چونکە هزری ئاینی یان چاترە بلێین هزری تیۆلۆژی بە لەبەرکردنی فەرمودەکانی پێغەمبەر (د.خ) و حیفزکردنی قسەی ئەسحابە و جوزئەکانی قورئان دەستپێناکا یان ئەوە گەر واشبێ ئەوا ئەوە لایەنێ کەمی پڕۆژە گەورەکەیە.
ڕاستە ئەمڕۆ لە کوردستان حیزبی سیاسی ئیسلامی و ڕابەری سیاسی ئاینی بوونە بە شوێنگا بۆ هزری تیۆلۆژی و سەرچاوەش بۆ زانینێ ئێپستمۆلۆژی (مەعریفی) لەسەر ئاین و تاکی ئاینی و باوەڕ بەلام ئەمە زانینی تۆگمە و بنەمایی بەرهەمنەهێناوە و کێشەی بۆ تێگەیشتن لە ناوەڕۆکی ئاین و پرسیارە بووناویە هەمیشەیەکانیش دروستکردووە و لەپێش هەمووشیانەوە پرسیار لەسەر بوونی مرۆڤ، مانەوەی ئەم بوونەوەرە لە ژیانا، فەوتان و یان نەمانی ئەم بونەوەرە ئەمەو تادەگاتە مانای ژیان، مەرگ، ماناوە و خولقان. بۆیە هەلەناکەین بلێین: تاکی ئیسلامی هیچ لەو خوتبەبێژ و فەقێیانە سوود وەرناگرێ تەنیا لە خەیالی ئەوەدان کێ و چی بە ئیسلام ووتووە. ڕاستە گشت دید و هزری ئاینی لە ناوچەکانی ئێمە سەرچاوە لە ئاگایێ سیاسیەوە هەلدەگرێ. بۆنموونە فەیلەسوفێ وەک دێریدا پێش چەند سالەێ لەمەرگی هەلەی نەکرد کە ووتی گەڕانەوە بۆ ئاین هەمیشە سیاسییە (26)  بەلام لەم حالەتەدا ئێمە دەبێ لەوەش بکۆلینەوە کە کامە سیاسی لێرە مەبەستە. چونکە گەڕانەوەی بیری سیاسی هەلە، یان بیری سیاسی گەندەل زۆرترین گرفت بۆ ئەو گەڕانەوەیە دادەنێ. وەکیتریش دەکرێ ئەوەش بلێین. ناوچەکانی ئێمە ، کە باجێ گەورەی ئەو بەسیاسەتکردنەی بیری ئاینی داوە زۆرترین زیانیشیان لە پێوەندی نێوان تاک و باوەڕ یان خود و ئاین داوە. ئەمڕۆ نووسەرە گەندەلەکانی ئیسلامی سیاسی ، و نەیارە عیلمانیە گەندەلەکانیشیان، لە شوێنێ وەک کوردستان تائێستا لەوەنەگەیشتوون پێوەندی نێوان فەلسەفە و ئاین لە پێوەندیە هەرە هێژاکانە کە ئاین پێش فەلسەفە پێویستیەتی. لەمەی ووتمان مەبەستمان ئەوەبوو بلێین، لە نەبوونی پێوەندی لەنێوان ئاین و فەلسەفە ئاین لە فەلسەفە زەرەرمەندتر دەبێ. بەلام ئەم پێوەندیە لەناو ئێمە چۆن دەشێ دروستبێ لەکاتێکا حورمەت بۆ فەلسەفە لەبنڕا بوونی نییە؟ هەروەها ئەم پێوەندیە چۆن دەشێ مەیەسەر بێ لەکاتێکا ئێمە تیۆلۆژ و ئەکادیمیکەری ئاینیمان نییە؟ ئێمە مەبەستمان لە نەبوونی حورمەت بۆ فەلسەفە پەرستنی فەلسەفە نیە بەلکو ئەوەیە لەناو ئێمە مشووری ئەوەناخورێ تاکی شارەزا لە فەلسەفە پەروەردەکرێ، تاکێک کە بکارێ هزری خۆی بداتە دەست تێڕامانە فەلسەفیەکانەوە و ، واش لە کردەی فەلسەفەکردن بگا کە ئەم کردەیە لە بەرپرسیاریێ مرۆی و ڕەوشتی پێکهاتووە و بوارێک نییە بۆ هەلڕشتنی دوبەرەکایەتی و حەساسیەت  (ئینتۆلێرانس). بەهەمانشێوە چۆن دەکرێ لەناو ئێمە پێوەندی لەنێوان هزری فەلسەفی و ئاینی دروستبێ کاتێ کەسی ئاینی لایئێمە تەنیا لە خەونی ئیمپراتۆریەتە حیزبی و کەساێتیە ئاینیە ناوچەی و خێلەکیەتەکەیدایە. تاکی ئاینی کورد چی لەو حیزبە ئاینییە بکا زۆربەی ئەندامەکانی یان نەخوێدەوار و کاسبکارن یانیش بەلێنەر و پارەداری شارن. بۆیە هەلەناکەین بلێین هزری سیاسی ئاینی لایئێمە نەبووە بەوەی بەرهەمی تێڕامانەکانی تاک بێ بەلکو ئەم هزرە بەزۆری ڕەنگدانەوەی ئەو پەرچەکرداریە سیاسیە لاوەکی و کاتییانەیە زوو زوو دێنەسەر ناوچەکە و فۆڕم بە تێگەیشتنی ئاینی سیاسیانەی تاک دەدەن و دواتریش بە هێزی فەتوا و توندڕەوی و هەڕەشە دەژین.
لایەنێتر لەو لایەنانەی لەم تەوەرە دەکرێ بەرباسخرێ ئەوەیە لای ئێمە گشت باسی لاهوتی تەنیا لەباس لەسەر ئیسلام بریتیکراوە بەلام لە ڕۆژئاوا گشت توێژینەوە لاهوتیەکان لە باس لە مەسیحیەت یان جووبوون بریتی نەکراون. بەلکو باسی لاهوتی باسێکە پێشهەمووشتێ یەزدان و باسی باوەڕ و تاکی ئاینی و دواتر خودی ئاینیش دەگرێتەوە. بەلام لایئێمە باسی لاهوتی خۆی لە قەرەی گفتووگۆی تاک و یەزدان، باوەڕ و تاک ، ئەمجار ئاین و تاک نادا. ئەمە کە یەکێکە لە هەلە بەرچاویەکانی هزری ئیسلامی و ڕوناکبیری ئیسلامی سیاسی مانای خۆی بۆ ئەو تووندی و گیریەش هەیە لە ڕەفتاری ئاینی و بیرکردنەوە ئاینییەکانی ئیسلامیە سیاسیەکانا بنجبەستن. ئەم ڕەفتار و بیرکردنەوانەش تەنیا ئەو کاتانە نەرموونیان و شیاوکاردەبن خۆیان دەخەنە ژێرپرسیارەوە و ڕێگا بەوی غەیرە ئاینیش (مولحید ، عیلمانی ، بێباوەڕ مەبەستە) دەدەن پرسیارەکانی بەیانکا. چونکە بەخستنەژێرپرسیاری پرسیارە ئاینی و عەفیدەی و بووناویە هەمیشەیەکان نە ئاین لەکەدار دەبێ و نەش دەرگا لە باوەڕداری دادەخرێ.بۆیشە وادەلێین چونکە ئیسلامی سیاسی گەورەترین ترسی لە ژێرپرسیارخستنی باوەڕ هەیە و بەهەموو جۆرێکیش خۆی لە پرسیارکردن لەسەر مەرگ و بوون و خولقان دەدزێتەوە..
وێرای ئەوە، لایسەرەوە ئەوەشمان نیشاندا لای ئێمە هزری تیۆلۆژی (لاهوتی) لاوازە بەلام ئاماژەمان بەوەنەدا ئەمە بۆئەوەدەگەڕێتەوە کە خودی هزراندن لەناو ئێمە بەگشتی کەمترخەم و سستە. ئەمەش بەتەبیعەتیحال ڕەنگدانەوەی خۆی بەسەر شتەکانیتریشەوە بەجێهێشتووە. هزری تیۆلۆژیش کە لەناو ئێمە لاوازە لەلایەن زۆنی فەلسەفەوە هیچکۆمەکێ نەکراوە چونکە بوونی خودی ئەم زۆنە (زۆنی فەلسەفە)  لەسەرێترەوە زۆر تەمومژاوی و لێلە. بۆیە لەناو ئێمە نە فەلسەفە بەڕەنگاری تیۆلۆژیا دەبێتەوە و نەش تیۆلۆژیا توانیویوتی پرسیارەکانی تایبەت بە کەسی باوەڕدار و ئاین و شتە یەزدانیەکان ببێ بە جێی باسی قول و پڕی هزری.بەلام گومانیشی تێدانیە کە تاک و تەرا هەندێ نووسینی، یان باشترە بلێین لێدوانی،  ئایدیۆلۆژی ئاینی بەرچاودەکەون کە دەیانەوێ پرسیار ڕووخەن بەلام ئەو پرسیارانە لەشوێنی خۆیانا سیسدەبنەوە و وەلام بەرهەمناهێنن. ئەمەش تەنیا لەبەرئەوەی زۆربەی هەرە زۆری ئەو نووسینانەی ناومانبرد خۆیان وەک نووسینی ئیسلامی سیاسی دەخەنەڕوو و ئامانج و ویستیشیان دەمدەمی و کاتییە بەلام گەورەترین گرفتی ئەم جۆرە نووسینانە ئەوەشە شوێنێ لە نووسینەکانا بۆ تۆلێڕانس (هەلکردن،) ئامادە نییە و تابشلێی ئەم نووسینانە بوارێکن بۆ داخهەلڕشتنی ئاینی و ڕق پرژان بەرامبەر بەکەسی غەیرە ئیسلام و غەیرە دیندار.
بەکورتی، نووسینە ئیسلامیە سیاسییەکان ئەوەی بایەخی نادەنێ تاکی ئاینیە هەروەها تاێێشیانکرێ ڕوونکردنەوەی باوەڕ پشتگوێدەخەن و پرسیارە میتافیزیکیە ئەبەدیە سەرەتایەکانیش، کە کۆلەکەی ئاینداری و باوەڕدارین، فەرامۆشدەکەن. ئەو دەمەش ئەم جۆرە نووسینانە باس لە گەردوون یان سێستەم وەک دەزگاێ سیاسی دەکەن تەنیا بەهەندێ بۆچوونی ناڕوون و لێلی ئیسلامیەوە خۆیان پاپەند دەکەن کە تێگەیشتنی ئەویتر بۆ ئاینی ئیسلام و پەیامنێرانی تاریک و گومڕادەکەن. هەرلەبەرئەوە ئێمە لێرە دەمانەوێ بە تێزێ کۆتای بەم پەڕەگرافەی نووسینەکەمان بێنین کە بەمشێوەیە خۆی فۆڕمولێرەدەکا: هزری ئاینی سیاسی نوێی کوردی (یان بەگشتی ئیسلامی) زەرەرێ گەورە لە ئایندەی تیۆلۆژی و فەلسەفی ئەو توێژینەوانە دەدا لێرە و لەوێ بەرهەمدێن. چونکە ، هەروەک ووتمان، نووسینی هەنووکەی ئەو هزرە ئەوەندە بێ ناواخن و بێ ئامانجە تێگەیشتنی نەک هەر ئەویتر بۆ ئاینی ئیسلام بەلکو خودی خۆشی تاریک و قەترانی دەکا. واتە ، هەروەک پێشتریش ووتمان، نووسینی لاهوتی لای ئێمە لەلاێ زۆر کەمە و لەلاێتریش لە بیریاری دوورخراوەتەوە و بە هەندێ بۆچوونی فیقهی و ئاینی شێوە پڕاگماتی سیاسییەوە بەلەجیاتیکراوە کە ئەمڕۆ ناوی نووسینی ئیسلامی سیاسی لێدەنرێ کە نەحریزی تووندی و بەیەکاچوونەوە و گرژی دەکا. ئەوەش ،کە توێژینەوەی لێدەرناچێ یان توێژینەوە بەو جۆرە بەرهەمناێ ، دووچاری ئەو گرفتەشماندەکا کە زۆربەی هەرە زۆری پرسیارە تیۆلۆژی و ئاینیەکانمان ڕوناکییان نەخرێتەسەر و بەفەرامۆشکراوی بمێننەوە. لەبەرئەوەش کە ""گشت بیرکردنەوەێ بێ لایەن ئازادە""(27) ئەم بیرکردنەوانە نەک هەر ئازاد نین بەلکو دوژمنی هەرە گەورەی ئازادیشن. بەواتاێتر ئازادی ڕاستەقینە، نەک ئازادی گەندەل و مەشەخۆر، قەد لەگەل بیری تاریک و دۆگما یەکناگرێتەوە. ئازادی ڕاستەقینە کە هەولی کردنەوە و والاکردن دەدا بیری دۆگما و تاریک کاری داخستن و پەردەپۆشکردنە. بۆیە بیری ئاینی لایئێمە ئەو دەمەی خۆی داخراو و نا- والا نیشندەدا ئەمە تەنیا بەزیانی ئەو باوەڕانە ناگەڕێتەوە کە هەلگریەتی بەلکو دەگەێ گەورە لە ئازادی ڕاستەقینەش دەدا. ئەمە و ئەو کەسانەی لە ئاڕاستەکردنی ئەم دیاردەیە بەرپرسن لەوەناگەن ڕووکردن لە توێژینەوەی هزری تیۆلۆژی ڕێگا لە ڕەخنەی کۆمەلایەتی و گفتووگۆی ڕوناکبیری دەکاتەوە. خۆی هەلەی ڕابەرانی سیاسی ئیسلامی و نووسەرانی ئیسلامی سیاسی ئەوەیە دەیانەوێ ئیسلام وەک شتێ بەرامبەرنیشان بدەن. واتە لەبڕی ئەو شارستانیە مادیەی ڕۆژئاوا هەیەتی، کە گەلێ شتی تیایە لەوانە ئازادی یان تەکنەلۆژیا و ویستی گەشەکردن، ڕابەرانی ئیسلامی سیاسی و نووسەرەکانیشیان دەیانەوێ ئیسلام والێکەن خۆی لە یاریێکدا ببینێتەوە بەرامبەری شتەکانی ئەویتر بوەستێتەوە واتە ئەمان دەیانەوێ بلێن گەر ئێوە ئەوانەتان هەیە (تەکنەلۆژیا، دیموکراسیەت ،،،) ئێمەش ئیسلاممان هەیە بۆیە ئۆتۆماتیکی ئیسلام بووە بە ""ئەویتر"". چونکە شێوەی ڕەفتارکردنەکە لەگەل ئیسلام دۆزێ ئەوتۆی هێناوەتەبەر کە ئیسلام لە بەرامبەرگەرایدا بژی. زەمینەش بۆئەمە ئامادەیە چونکە کولتووری ڕێژەگەری و ئایدیۆلۆژیای مولتیکولتووڕالیزمی ڕۆژئاوا ئەیەوێ ، زیزک ووتەنی، پێمانبلێ فەرموو ئەوە هەلبژێرە دەتەوێ. واتە ئیسلامیەکە ئەوی خۆی هەلدەبژێرێ و ڕۆژئاوایەکەش ئەویخۆی.ئەمەش وادەکا تۆ لەبەرامبەرگەریدا بژی و تا ماوی وەک ئەویتر هەناسەبدەی. جا لەبەرئەوەی ئەویترێ ناپەسەندیشی بۆیە هەمیشە لەگرفتدا دەژی. ئەی ئەوەنیە ئەو شوێن و ناوچە و کۆمەلگانەی دەیانەوێ کولتوری خۆیان بژین زۆرترین هێرشیان دەکرێتەسەر. سەیرەکە لەوەدایە زۆربەی ئەو هێرشانەش لەسەر بناغەی ئەوە دەکرێن کە ئەم ئەویترە، کە ئیسلامیە ، کراوە نییە، دڕە، ئافرەتکوژە، جەنگباز و……..هتدە. بۆیە ئێمە لەم حالەتەدا باوەڕمان بەو بۆچوونەی ئالف ڕێهن هەیە کە دەلێ: ئیسلامی ڕادیکال خۆی وەک ئایدیۆلۆژیای ئەویتر نیشاندەدا (28) بەلام کێشەکە لەوەدایە ئەم ئایدیۆلۆژیایە ئیسلام دووچاری نەهامەتی هزری دەکا. چارەسەریئەمەش ، بەباوەڕی ئێمە،تەنیا بەوەدەبێ کە ئیسلام پێویستە لەو هەست بە ئەویترە بێتەدەرەوە دووچاریبوە و ئەلبەتە لەوەش بکەوێ حۆیبخاتە یاری بەرامبەرگەریەوە، ئەو یارییەی بەمجۆرەیە: ""یان من یان تۆ"". ئەم یاریە کە ڕێباز و بیرۆکەیێ هەلە ناواخنی ڕاگرتووە زیانێ گەورەش لەو زانینە دەدا لە ئاینی ئیسلامدایە.چونکە خودی یاریەکە خۆی لەسەر ئەو پرینسیپانە ڕاهێناوە کە تۆی ئیسلامی ناو یاریەکە هەمیشە وەک خۆت دەمێنیتەوە، واتە تۆ هەمیشە ئەویتری و ئەو ئەویترەشی ئەوی غەیرە ئیسلامی دایتاشیووە.
لەکۆتایشدا دەمانەوێ ئەوەبلێین، ئەگەر ڕاستبێ وەکئەوەی هەندێ ئاڕاستەی فەلسەفی ناڕێژەگەر بۆیدەچن لێکدانەوە هەموو شتێ نیە بەلام ئەم تێزە بۆ ئێمە و لای ئێمە نایخوا چونکە ئێمە لێکدانەوەمان بێزارنەکردوە و ڕۆشنبیری ئێمە کە بێ لێکدانەوە هەلیکردوە ناتوانێ دژی لێکدانەوە بوەستێتەوە و، کۆمەلگەی هەنووکەی کوردیش کە پڕە لە ڕووداو و دیاردە و بەسەرهات و ڕۆژانە نا-تەبای و نا- دادپەروەری بەرهەمدێنێ پێویستی بە ئەنجامدانی لێکدانەوە و توێژینەوەی بەردەوامە. 

 ستۆکهۆلم ، بەهاری 2007
—————————————————————-
سەرچاوە و پەراوێزەکان:

* دوو سالێ لەمەوبەر لە زانکۆی ئۆبو (زانکۆێ فینلاندییە) کەسێ بەناوی ""میکا هایەتانێن"" دکتۆرانامەکەی لەسەر پاولۆس ""بەلگەی پاولۆس لە گەلاتیانەکان"" نووسی و تێزی سەرەکی کارەکەی لەسەر ئەو بناغەیە داڕشت کە پاولۆس لەگەلێ لە نامەکانی بەلگەکانی لەگەل ئاکامەکانی یەکناگرنەوە و زانیننە ڕۆحیەکانیشی زۆر ڕاسیۆنالیانە دەخاتەڕوو. تەنانەت ئەم دکتۆرانتە پاولۆس بەوەش تاوانبار دەکا کە پڕاگماتیست بووە و قسەکانی بەپێی شوێن و هەل و مەرجەکان گۆڕیووە.
-1Ola Sigurdson، Tiden åter mogen för Paulus i SvD ، 11 april 2005.

 -2Robbins، Jeffrey W. “The Politics of Paul.” Journal for Cultural and Religious Theory vol. 6 no. 2 (Spring 2005): 89-94. PURL: http://www.jcrt.org/archives/06.2/robbins.pdf

ئەم نووسینەی جێفری رۆبینس لەبناغەدا ڕاهێنانێ بووە بۆ ئەو کۆنفڕانسەی لە زانکۆی سیراکۆس لەبارەی پاولۆسەوە بەناوی: "" سانت پۆل لەنێو فەیلەسوفەکان: خودگەری، گەردونێتی و ڕووداو "" سازکراوە.

3- هەمان سەرچاوەی پێشوو و هەمان لاپەڕەش (لاپەڕەی 90).
4- لەمڕوەوە بڕوانە کتێبی ئەنتی (دژە) مەسیحی نیچە بەتایبەت لاپەڕەکانی 27- 29:
Friedrich Nietzsche، The Anti-Christ، trans. H.L. Menchen .Tucson: See Sharp Press، 1999.

5- Gilles Deleuze.  Nietzsche och Filosofin. Översä: Johannes Flink، Daidalos Uddevalla، 2003. s. 237.
6- Friedrich Nietzsche. Antikrist: Hammaren talar. Tolkning och urval av Tage Thiel، Bo Caverfors Bokförlag، Staffanstorp 1971، s. 39.

7- هەمان سەرچاوە، لاپەڕە 24.
-8 Robbins، Jeffrey W. “The Politics of Paul.” Journal for Cultural and Religious Theory vol. 6 no. 2 (Spring 2005)، p. 91.

9-Alain  Badiou .Saint Paul: the Foundation of Universalism. Stanford، CA:
Stanford University Press، 2003، P.1

-10 Alain Badiou. Theoretical Writings. Edited and translated by Ray Brasser and Alberto Toscano.،London، Continuum ،2004، pp152. 143-.
11- لێرە بچۆسەر ئەو دەروازەیەی نووسەرێ سویدی بەناوی مواقین دۆست بۆ وەرگێڕاوە سویدیەکەی کتێبی ""مانفێست بۆ فەلسەفە""ی بادیوی نووسیوە:

Alain Badiou. Manifest för filosofin & Vad är kärlek?. Urval & introduktion av Dariush Moaven Doust. Översätnin: Carin Franzen ، Glänta produktion، 2005،s.27
12- لە کتێبی لایخوارەوە (سانت پۆل: پێکهێنانی گەردووناوی) و لە لاپەڕەکانی پاش 5 بەولاوە بادیو دێتە سەر ئەم لایەنە. ئەلبەتە فەسلی یەکەمی ئەم کتێبە کە بەناوی ""پاولۆسی هاوچەرخ""ە گشت نەخشەی هزری نووسینەکەی بادیو ش لەخۆدەگرێ. بڕوانە ئەم سەرچاوەیە:
Alain  Badiou .Saint Paul: the Foundation of Universalism. Stanford، CA:
Stanford University Press، 2003.
-13 Jason Barker. Alain Badiou: A critical introduction. Pluto Press،2002، p. 6.

14 -Crockett، Clayton. “St. Paul and the Event.” Journal for Cultural and Religious Theory vol. 6 no. 2 (Spring 2005): 84-88. PURL: http://www.jcrt.org/archives/06.2/crockett.pdf
JCRT 6.2 (Spring 2005)، pp 84- 85
15– بڕوانە دەروازەکەی مواڤین دۆست لا 29
-16 Alf Rehn.Tro، teori och tvivel – social teori och den teologiska vändningen.  Finsk Tidskrift 6-2006، s. 368
17- Alain  Badiou .Saint Paul: the Foundation of Universalism. Stanford، CA:
Stanford University Press، 2003 ،P.79.

18 -Ola Sigurdson، Tiden åter mogen för Paulus i SvD ، 11 april 2005.

-19 www.vanderbilt.edu/AnS/religious_studies/SBL2002/Philos.htm
Alain Gignac.Romans Through History and Cultures Seminar .Taubes، Badiou، Agamben.Reception of Paul by Non-Christian Philosophers Today. SBL? Toronto 2002
20- هەمان سەرچاوەی پێشوو و ئەو پەڕەگرافەی بە ئاگامبینەوە تایبەتە. نووسەر (ئالێن گیگناک) ئەم توێژینەوەیەی بە زەمەنی ڕۆمانەکان تایبەتکردوە و لەوێش باس لە ڕۆلی هزری پاولۆس دەکا بەلام ئەم ئەمە لەڕێگای شیکردنەوەی بۆچوونی فەلسەفی بادیو، ئاگامبین و فەیلەسوف و تیۆلۆژێ جووی ئەلمانیەوە دەکا بەناوی تۆبس.

21 -Ola Sigurdson، Tiden åter mogen för Paulus i SvD ، 11 april 2005.
22- هەمان سەرچاوە و لاپەڕەی لایسەرەوە. لاپەڕەکە بریتیە لە لاپەڕەی کولتووری ڕۆژنامەی ""سڤێنسکەداگبلادت"" کە ڕۆژنامەێ ڕۆژانەی ناوداری سویدیە.
23- بڕوانە ئەو لێدوانەی سابین رول و تۆماس دێچمان لەتەک زیزک دا کردویانە و لە ئیرۆزین بلاوکراوەتەوە. لێدوانەکە بە ئینگلیزی کراوە و لەلایەن مالپەڕی گلێنتەوە ، لەلایەن تۆماس کارلسۆنەوە کراوەتە سویدی.
Thomas Deichmann och Sabine Reul intervjuar Slavoj Zizek.
Krigets och politikens frånvarande centrum: En intervju med Slavoj Zizek. www.eurozine.com. Published 2002-03-15 Original in English Translation by Thomas Karlson Contribution by Glänta © Novo Magazine/Glänta

24- لەم بارەیەوە بڕوانە ئەم نووسینەی سلاڤۆی زیزک (خودی دەقیق) کە لەوێ بەشێ بۆ خوێندنەوەی کتێبی پاولۆسەکەی بادیو تەرخاندەکا:
 “The Politics of Truth، or، Alain Badiou as a Reader of St Paul.” Pp. 127-170 in The Ticklish Subject : an essay in political ontology. London: Verso.2001
25- بۆ ئەم مەبەستە خوێنەر جگەلەو سەرچاوەیەی لایسەرەوە ( واتە سەرچاوەی ژمارە23):دەتوانێ بگەڕێتەوە سەر ئەم لێدوانەش:

On Divine Self- Limitation and Revolutionary Love by Slavoj Zizek with Joshua Delpech- Ramey in Journal of  Philosophy of & Scripture Spring 2004.

-26  Jacques Derrida، “Faith and Knowledge: The Two Sources of ‘Religion’ at the Limits of Reason Alone،” in Acts of Religion، ed. Gil Anidjar (London: Routledge، 2002)، 40-101.

-27 Alain Badiou. Infinite Thought:  Truth and the return to philodophy.Translated and edited  by Oliver Feltham and Justin Clemens.London: Continuum، 2003،p.83.

28- Alf Rehn.Tro، teori och tvivel – social teori och den teologiska vändningen.  Finsk Tidskrift 6-2006، s. 367

 

Previous
Next

Leave a Reply