Skip to Content

Friday, September 25th, 2020

پاکانه‌ی حکومه‌تێکی ته‌مبه‌ڵ

Comments
by May 16, 2008 گشتی

رۆزا حسێن…….

 له‌ مانشێتی هه‌واڵێکی ڕۆژنامه‌ی ''هاوڵاتی''دا خوێندمه‌وه‌ که‌ سه‌رۆکی حکومه‌ت، نێچیرڤان بارزانیی، به‌ خه‌ڵکی کوردستان ده‌ڵێت ته‌مبه‌ڵ.
 حه‌زم کرد له‌ ناونیشانی ئه‌م وتاره‌دا هه‌ر به‌و تۆنه‌ بێمه‌وه‌ قسه‌ که‌ ئه‌و ڕێگه‌ی به‌ خۆی داوه‌ له‌به‌رامبه‌ر خه‌ڵکی بێتاوانی ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ی ئێمه‌دا به‌کاری بێنێت، چونکه‌ ڕای من ته‌واو به‌ پێچه‌وانه‌ی ڕای ئه‌وه‌وه‌یه‌ و من پێموایه‌ که‌ ئه‌وه‌ ته‌وه‌زلیی و بێهونه‌ریی و بێسیاسه‌تیی حکومه‌ته‌که‌ی نێچیرڤان بارزانییه‌ که‌ ئاوا خه‌ڵکی هه‌رێمی کوردستان پاسیڤانه‌ ده‌ژین.
 مه‌سه‌له‌که‌ زۆر ساده‌یه‌ و ئه‌ملاو ئه‌ولای ناوێت: گه‌ر خه‌له‌لێک له‌ حه‌ماسه‌تی خه‌ڵکی ناوچه‌یه‌کدا بۆ به‌شداریی کۆمه‌ڵایه‌تیی دروست بوو و ئه‌و خه‌ڵکه‌ پاسیڤ ژیان، ئه‌وا بێ دوودڵیی بڕۆ یه‌خه‌ی ئه‌و حکومه‌ته‌ بگره‌ که‌ حوکمی گرتۆته‌ ده‌ست و ئیددیعای ئه‌وه‌ ده‌کات که‌ ئه‌و کۆمه‌ڵگایه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌بات.
 منیش پێموایه‌ خه‌ڵکی کوردستان ئێستا پاسیڤ ده‌ژین و خوڵقی کارکردنیان نییه‌، به‌ڵام من ئه‌م دیارده‌یه‌، به‌پێچه‌وانه‌ی سه‌رۆکی حکومه‌ته‌وه‌، به‌ تاوانێکی گه‌وره‌ی حکومه‌ت ده‌زانم و ئه‌مه‌ هیچ نییه‌ جگه‌ له‌ ئاکامێکی خه‌ته‌رناکی ئه‌و سیاسه‌ته‌ فاشیل به‌ڵام ته‌واو فاشیلانه‌ی که‌ ده‌سه‌ڵاتی کوردیی له‌ژێر ئیداره‌ی ڕاسته‌وخۆی نێچیرڤان بارزانییدا چه‌نان ساڵه‌ پیاده‌ی ده‌کات. ئه‌وه‌ داهێزراویی و بێخوڵقیی و ده‌ستسپێتیی ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌کان و وه‌زیره‌کانی حکومه‌ت و به‌ڕێوه‌به‌ره‌کانیانه‌ که‌ خوڵقی جووڵه‌ و ژیانی له‌ تاک به‌ تاکی هاوڵاتییانی ئه‌و هه‌رێمه‌ی ئێمه‌ بڕیوه‌. ئه‌وه‌ حکومه‌ته‌ که‌ ئه‌وه‌نده‌ ته‌مبه‌ڵه‌ که‌ حه‌ڤده‌ ساڵه‌ نه‌یتوانیوه‌ له‌ خۆی بنه‌وێ و تۆزێک بیرێک له‌وه‌ بکاته‌وه‌ و پلانێک بۆ به‌رگرتن له‌وه‌ دانێت که‌ ئه‌و کۆمه‌ڵگایه‌ی ئێمه‌ خه‌ریکه‌ خه‌سڵه‌تی کۆمه‌ڵگای تیا نامێنێ و خه‌ریکه‌ ده‌بێته‌ هه‌راجخانه‌یه‌ک بۆ یه‌کترتاڵانکردن. سیاسه‌تێک که‌ حکومه‌ت دوای ساڵانێک و ساڵانێک له‌ بیرکردنه‌وه‌ و لێکدانه‌وه‌ و شه‌ونخونیی و کۆبوونه‌وه‌ی چڕوپڕ و کۆنفرانسی گه‌وره‌ گه‌وره‌ بۆ ته‌نزیمی کۆمه‌ڵایه‌تیی و ئابوریی کوردستان دایڕشتووه‌ هه‌ر ئه‌وه‌یه‌ که‌ ده‌چێت بودجه‌که‌ له‌ به‌غداده‌وه‌ دێنێته‌وه‌ و له‌ کۆمه‌ڵگادا شاباشی ده‌کات و ئیتر ئه‌وه‌ی ده‌ستی درێژه‌ به‌شی خۆی ده‌گرێته‌وه‌ و ئه‌وه‌شی له‌ ژێره‌وه‌یه‌ ده‌که‌وێته‌ ژێر پێوه‌.
 من پێموایه‌ ئه‌وه‌ بێده‌ستیی و بێسه‌نعه‌تیی و پاسیڤیی و ته‌مبه‌ڵیی سیاسه‌تمه‌دارانی وڵاتی ئێمه‌یه‌ که‌ مۆتیڤی له‌ میلله‌تیش بڕیوه‌ و که‌س خۆی به‌ خاوه‌نی ئه‌و کۆمه‌ڵگایه‌ نازانێت و هیچ هه‌ستێکی ئینتیماشی تیا نه‌ماوه‌ بۆی. ئه‌وه‌ی کۆمیدییه‌ له‌ مه‌سه‌له‌که‌دا ئه‌وه‌یه‌ که‌ به‌ر له‌وه‌ی ئێمه‌ بێین و یه‌خه‌ی حکومه‌ت بگرین و له‌سه‌ر ئه‌و ئیفلیجییه‌ی خستوویانه‌ته‌ جه‌سته‌ی کۆمه‌ڵگاوه‌ داوای ده‌ست له‌کارکێشانه‌وه‌ی لێ بکه‌ین، حکومه‌ت دێت و ئێمه‌ قه‌رزاربار ده‌کات و به‌ڵاگه‌ردانیی داهێزراویی و بێخوڵقیی خۆیانمان له‌ ئیداره‌دانی کۆمه‌ڵگادا ده‌ده‌ن به‌ سه‌ردا. که‌سێک گه‌ر ئه‌و چاوپێکه‌وتنه‌ی سه‌رۆکی حکومه‌ت بخوێنێته‌وه‌ که‌ ئه‌م قسه‌یه‌ی تیا کردووه‌ و له‌ سایتی حکومه‌تدا دابه‌زیوه‌، ئه‌وکات ده‌بینێت چۆن ئه‌و له‌ سه‌ره‌تاوه‌ تا کۆتایی چاوپێکه‌وتنه‌که‌ هه‌ر له‌ ئه‌هه‌مییه‌تی فه‌شه‌له‌ سیاسیی و ئیدارییه‌کانی حکومه‌ت که‌م ده‌کاته‌وه‌ و په‌یتا په‌یتاش ڕقه‌که‌ی به‌ خه‌ڵک و به‌ په‌که‌که‌ و به‌ ڕۆژنامه‌نووسان و به‌م و به‌ویتر ده‌ڕێژێت.
 له‌ وڵاتانی دیموکراتدا گه‌ر هه‌ر خه‌له‌لێک بکه‌وێته‌ حه‌ماسه‌تی خه‌ڵکه‌وه‌ بۆ کارکردن، بۆ به‌شداریی کۆمه‌ڵایه‌تیی، بۆ هه‌ستکردن به‌ هاوچاره‌نوسیی له‌گه‌ڵ تاکه‌کانی تری کۆمه‌ڵگادا و به‌ جۆرێک له‌ جۆره‌کان شیرازه‌ی کۆمه‌ڵگا تێک بچێت، ئه‌وا یه‌کسه‌ر یه‌خه‌ی حکومه‌ت ده‌گیردرێت و ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر ئه‌مه‌ حکومه‌ت یه‌کسه‌ر له‌ حوکم نه‌خرێت، ئه‌وا ده‌که‌وێته‌ ژێر زه‌حتێکی واوه‌ که‌ یان ده‌بێت بکه‌وێته‌ خۆی و زوو به‌ زوو پلان و سیاسه‌تی دروست بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌و خه‌له‌له‌ داڕێژێت، یانیش ده‌بێت به‌ ئیحراجییه‌کی زۆره‌وه‌ ئیستیقاله‌ بدات و، دوای داوای لێبوردن له‌ خه‌ڵکه‌که‌، بچێته‌وه‌ ماڵی خۆی و ده‌ست له‌ کورسیی حوکم و یه‌خه‌ی خه‌ڵکیی به‌ردات.
 حه‌قه‌ نێچیرڤان بارزانیی به‌ر له‌وه‌ی ئاوا بهاتایه‌ته‌ قسه‌ و ئه‌و ته‌جاوزه‌ بکاته‌ سه‌ر قوربانییه‌کانی ده‌ستی ته‌مه‌ڵیی حکومه‌ته‌که‌ی خۆی، ئه‌و پرسیاره‌ی له‌ خۆی بکردایه‌ که‌ ئه‌و خۆی تا ئێستا چی کردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگای کوردستان وا پاسیڤ نه‌بێته‌وه‌. حه‌قیقه‌ت ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئێمه‌ ساڵان و ساڵانێکه‌ چه‌نان جار هۆشداریی ئه‌وه‌مان دا که‌ ئه‌و سیاسه‌تی ''میلله‌ت له‌سه‌ر بودجه‌ ژیاندن''ه‌ی حکومه‌تی هه‌رێم پیاده‌ی ده‌کات سیاسه‌تێکی ته‌مبه‌ڵانه‌ و خه‌ته‌رناکه‌ و ئینسانی پاسیڤت بۆ دروست ده‌کات له‌ وڵاتدا، به‌ڵام کوا ئه‌و حکومه‌ته‌ خوڵقی ئه‌وه‌ی هه‌بووه‌ گوێ بگرێت و هه‌ست بکات که‌ به‌رپرسیارییه‌تێکی خستۆته‌ سه‌ر خۆی – که‌ به‌ کرێکاری به‌نگلادیشیی ده‌بر نابێت – و ده‌بێت خۆی بۆی بجوڵێت و به‌رنامه‌ی بۆ دانێت. ساڵان و ساڵانێکه‌ هه‌موو سیاسه‌تی حکومه‌ت هه‌ر ئه‌وه‌ بووه‌ که‌ به‌ده‌وری خۆیا و له‌ بازنه‌یه‌کی داخراوی پڕ له‌ کۆنفرانسی بێناوه‌ڕۆک و دیپلۆماسییه‌تی پانکردنه‌وه‌ بۆ ئه‌م وڵات و ئه‌و وڵات و شیعاراتی ناوبه‌تاڵ و واده‌ و به‌ڵێنی خه‌ڵه‌تێنه‌رانه‌ و فه‌سادێکی بۆ مێژوو ئابڕوبه‌رانه‌دا خولاوه‌ته‌وه‌، که‌چی هێشتا سه‌رۆکی ئه‌و حکومه‌ته‌ خۆی به‌ مه‌غدور ده‌زانێ و گله‌یی هه‌یه‌ و سه‌رسوڕمانی خۆی له‌وه‌ پیشان ده‌دات که‌ ئه‌و کۆمه‌ڵگایه‌ بۆچی وا له‌به‌ر یه‌ک هه‌ڵوه‌شاوه‌ و که‌س خۆی به‌ ساحێبی نازانێت.
 شتێکی تر که‌ گرنگه‌ قسه‌ی لێ بکرێت ئه‌و زمانه‌ پر له‌ ڕقه‌یه‌ که‌ نێچیرڤان بارزانیی له‌م قسه‌یه‌یدا و، به‌ر له‌ویش سه‌رۆ قادر و تاڵه‌بانیی به‌رامبه‌ر به‌ خه‌ڵکی کوردستان به‌کاریان هێنا و به‌کاری ده‌هێنن. قسه‌کردن له‌سه‌ر ئه‌مه‌ گرنگه‌ چونکه‌ من ئه‌و جۆره‌ قسه‌کردنه‌ وه‌ک زه‌نگێکی خه‌ته‌ر ده‌بینم و ئێمه‌ی هاوڵاتیی ده‌بێت شیکاریی وردتری بۆ بکه‌ین و ئاگادار بین که‌ ئه‌و زمانه‌ له‌کوێوه‌ دێت و به‌ره‌و کوێمان ده‌بات. من پێموایه‌ که‌ ئه‌و جۆره‌ قسه‌کردنه‌ دوو توخمی خه‌ته‌رناکی تیایه‌: یه‌که‌م، ئێمه‌ ده‌بێت له‌و ڕقه‌ ئه‌ستوره‌ بسڵه‌مینه‌وه‌ که‌ تا ئێستا نێچیرڤان بارزانیی و سه‌رۆ قادر و تاڵه‌بانیی خۆیان نه‌گرتووه‌ و له‌سه‌تحی عامدا درکاندوویانه‌ و له‌ ڕق و تووڕه‌ییاندا له‌ خه‌ڵک ته‌نانه‌ت نه‌یانتوانیوه‌ ئه‌وه‌نده‌ دیپلۆماسیی بن ئه‌م ڕایه‌ بشارنه‌وه‌ و لێره‌ و له‌وێ ئه‌و ڕایه‌یان سه‌ر ئاو نه‌که‌وێت که‌ ئه‌وان خه‌ڵکیان پێ سه‌گ و پێ ته‌مبه‌ڵه‌. هه‌بوونی ڕای له‌م جۆره‌ و جورئه‌تی به‌کارهێنانی ئه‌م زمانه‌ له‌لایه‌ن پیاوانی ده‌وڵه‌ته‌وه‌ خه‌ته‌رناکه‌. به‌س بێت بزانین که‌ ته‌نانه‌ت عه‌لی حه‌سه‌ن مه‌جید و سه‌ددامیش تا کاسێتی نهێنیی پشت په‌رده‌یان ده‌رنه‌که‌وت که‌سێک نه‌یبینی ڕۆژێک له‌ ڕۆژان جورئه‌ت بکه‌ن و له‌به‌رده‌م خه‌ڵکییدا یان له‌به‌رده‌م ئیعلامدا به‌عه‌له‌نیی بڵێن ئێمه‌ ڕایه‌کی وا سه‌لبیمان له‌سه‌ر ئه‌م میلله‌ته‌ هه‌یه‌. تا ئێستاش ئێمه‌ بۆ ده‌رخستنی خه‌ته‌رناکیی و دڵڕه‌شیی سه‌ددام به‌رامبه‌ر به‌ خه‌ڵکی کورد له‌ سایته‌ ئه‌لکترۆنییه‌کاندا ئه‌وه‌ بڵاو ده‌که‌ینه‌وه‌ که‌ سه‌ددام له‌ سه‌ردانێکیدا بۆ کوردستان به‌ به‌رچاوی کامیراوه‌ به‌ کوردێک ده‌ڵێت ''به‌سه‌ مێشکت بکه‌ره‌وه‌ و ئیتر عاقڵ به‌''. به‌ڵێ هه‌بوونی ڕای سه‌لبیی و تووڕه‌یی و ڕق له‌ ده‌روونی پیاوی ده‌وڵه‌تدا به‌رامبه‌ر به‌و که‌سانه‌ی که‌ له‌ژێر حوکمیدان کارێکی خه‌ته‌رناکه‌. له‌مه‌ش خه‌ته‌رناکتر ئه‌وه‌یه‌ که‌ کۆمه‌ڵگا ببێته‌ سه‌رزه‌مینێک که‌ ئه‌وان ئاشکرا و بێترس بتوانن تیایدا ئه‌م ڕایه‌ عه‌کس بکه‌نه‌وه‌ و که‌سیش به‌رپه‌رچێک پیشان نه‌دات. ئه‌مه‌ توخمی خه‌ته‌رناکی دووه‌مه‌ له‌ مه‌سه‌له‌که‌دا. ئێمه‌ ده‌بێت بزانین که‌ ئه‌م خۆنه‌گرتنه‌ی پیاوانی ده‌وڵه‌ت له‌ هه‌ڵگرتن و شاردنه‌وه‌ی ڕق و بۆچوونه‌ سه‌لبییه‌کانیاندا به‌رامبه‌ر به‌ هاوڵاتییان سه‌ره‌تای ده‌ستپێکردنی هێرشێکه‌ که‌ گه‌ر ئاگادار نه‌بین سته‌مکاریی گه‌وره‌مان پێ ده‌چێژێت. له‌ مێژوودا هه‌میشه‌ وابووه‌. ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ی که‌ ده‌یانه‌وێت نه‌یارانی خۆیان ته‌سفییه‌ بکه‌ن، سه‌ره‌تا به‌ هه‌ڵمه‌تی ناشیرینکردن و بێزراوکردن ده‌ست پێده‌که‌ن و زیهنی عاممه‌ بۆ ڕازییبوون به‌ سه‌رکوتکردنیان ئاماده‌ ده‌که‌ن. بۆیه‌ من پێموایه‌ خه‌ڵکی ئێمه‌ ته‌واو حه‌قی خۆیه‌تی قه‌له‌قیی تێبکه‌وێت و ترسی له‌و زمانه‌ هه‌بێت که‌ ئه‌وان ده‌ستیان داوه‌ته‌ به‌کارهێنانی. سامناکه‌ پیاوانی ده‌وڵه‌ت ئاوا قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌و که‌سانه‌ بکه‌ن که‌ له‌ژێر حوکم و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی ئه‌واندان. کاری خه‌ته‌رناک ئه‌وه‌یه‌ ئه‌م پیاوانه‌ که‌ ئاوا به‌ که‌م سه‌یری که‌سانی ژێر ده‌ستی حوکمداریی خۆیان ده‌که‌ن، چه‌ک و ته‌قه‌مه‌نیی و پێشمه‌رگه‌ و پۆلیس و ئاسایش و پاره‌ی وڵات بخه‌یته‌ ئیختیاریانه‌وه‌ و لێگه‌ڕێیت ئه‌وان بڕیار بده‌ن خه‌ڵک به‌ چی ئاراسته‌یه‌کدا به‌رن. کارێکی وا ده‌رگا بۆ ئه‌وه‌ ده‌کاته‌وه‌ ئه‌وان به‌ هێزێکی گه‌وره‌وه‌ جه‌به‌روتی خۆیان فه‌رز بکه‌ن به‌سه‌ر ئازادییه‌کان و به‌سه‌ر خه‌ڵکێکی بێچه‌ک و بێ دیفاعدا. مه‌سعود بارزانیی وه‌ک سه‌رۆکی وڵات که‌ باسی ڕۆژنامه‌نووسان و ئه‌و ئازادییه‌ ده‌کات که‌ ڕۆژنامه‌نووسان و نووسه‌ران موماره‌سه‌ی ده‌که‌ن، ده‌ڵێیت باسی کۆمه‌ڵێک چه‌ته‌ و چه‌قۆکێش و له‌ یاسایاخیی ده‌کات نه‌ک ڕه‌خنه‌گرانێک که‌ موماره‌سه‌ی مافی خۆیان له‌ ده‌ربڕینی ڕای خۆیاندا ده‌که‌ن.
 له‌ هه‌موو کۆمه‌ڵگا دیموکراته‌کاندا هه‌میشه‌ ئاراسته‌ی ناڕه‌زاییده‌ربڕین و تووڕه‌یینواندن له‌ هاوڵاتییانه‌وه‌ به‌ره‌و ده‌سه‌ڵاته‌. گه‌ر ده‌سه‌ڵات شتێکی به‌ دڵ نه‌بوو، ناتوانێت حه‌ق به‌ خۆی بدات تووڕه‌یی خۆی به‌ هاوڵاتییان بڕێژێت. له‌و وڵاتانه‌دا حکومه‌ت هه‌ر شتێکی به‌ دڵ نه‌بێت ده‌چێت سیاسه‌تی بۆ داده‌ڕێژێت و سیسته‌ماتیک ده‌چیته‌ پای دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ر بۆی. گه‌ر سیاسه‌تی کاریگه‌ریشی بۆی نه‌بوو و ساڵانێک بۆی چاره‌سه‌ر نه‌کرا ئه‌وا نایات بڵێت ده‌ی دوای حه‌ڤده‌ ساڵ سێ ساڵی تریش چاوه‌ڕی بکه‌ن ئینجا ڕه‌نگه‌ کاره‌باکه‌تان بۆ چاک بکه‌م و ئه‌وه‌شی که‌ وڵات ئیفلیج بووه‌ خه‌تای ئێوه‌یه‌ نه‌ک من.
 به‌لای منه‌وه‌ له‌ هه‌ر کۆمه‌ڵگایه‌کدا ئاراسته‌ی ڕه‌خنه‌ پێوه‌ری پله‌ی هه‌بوون یان نه‌بوونی دیموکراتییه‌ له‌و کۆمه‌ڵگایه‌دا. گه‌ر ڕه‌خنه‌ و ناڕه‌زایی له‌ ئیفلیجبوونی کۆمه‌ڵگا ئاراسته‌که‌ی له‌ هاوڵاتییه‌وه‌ ڕووه‌و ده‌سه‌ڵات بوو، ئه‌وا ئه‌و کۆمه‌ڵگایه‌ ئومێدێکی چاکبوونه‌وه‌ی هه‌یه‌. ئه‌گه‌ریش ئاوا زه‌مینه‌یه‌ک هه‌بوو ده‌سه‌ڵات بێ سڵه‌مینه‌وه‌ خه‌تاکه‌ به‌سه‌ر هاوڵاتییاندا ساغبکاته‌وه‌، ئه‌وا ئه‌و کۆمه‌ڵگایه‌ به‌ڕێوه‌یه‌ به‌ره‌و دیلبوون له‌ جوغزێکی ته‌سکی سته‌مکارییدا. خه‌تای ئێمه‌ بوو زوو یه‌خه‌مان به‌ حکومه‌ت نه‌گرت و پێی بڵێین ته‌مه‌ڵیی و ته‌وه‌زلیی به‌سه‌. ئێستاش گه‌ر حکومه‌ت نه‌هێنینه‌ پای ئه‌وه‌ی داوای لێبووردن له‌ خه‌ڵکی کوردستان بکات له‌وه‌ی که‌ به‌و زمانه‌ پڕ له‌ ڕق و کینه‌یه‌ به‌رامبه‌ر به‌ خه‌ڵک دێته‌ قسه‌، ئه‌وا سبه‌ی و دوو سبه‌ی هه‌ر به‌وه‌نده‌وه‌ ناوه‌ستن که‌ ئه‌م ڕقه‌یان ته‌نها له‌ چاوپێکه‌وتنی ڕۆژنامه‌وانیی و له‌ کۆڕ و سیمیناراتدا ده‌رببڕن و به‌ سه‌گ و ته‌مبه‌ڵیان ناو ببه‌ن، به‌ڵکو ئیتر ده‌یبه‌نه‌ ئه‌و قۆناغه‌وه‌ که‌  په‌تێک بکه‌نه‌ ملی ئه‌و خه‌ڵکه‌ و هه‌موو داخی ته‌مبه‌ڵیی خۆیانی پێ بڕێژن.
 10.05.2008
 
rozahusein@yahoo.com
 

Previous
Next

Leave a Reply