Skip to Content

Wednesday, November 25th, 2020

پاکتاوکردنی ژنان به‌ زیادکردنی ڕێژه‌ی ژن له‌ په‌رله‌مان وه‌ڵامنادرێته‌وه‌!…حه‌مه‌ غفور

Be First!
by February 19, 2009 ژنان

 

پاکتاوکردنی ژنان
به‌ زیادکردنی ڕێژه‌ی ژن له‌ په‌رله‌مان
 وه‌ڵامنادرێته‌وه‌!
(سه‌باره‌ت به‌ بڕیاری زیادکردنی ڕێژه‌ی ژن له‌ په‌رله‌مانی کوردستان)
حه‌مه‌ غفور
hamaxafoer@yahoo.com

ڕاستیه‌کی حاشاهه‌ڵنه‌گر هه‌یه‌ هه‌رگیز نابێت له‌یادبکرێت، ئه‌ویش؛ سه‌ره‌ڕای بونی جۆرێک له‌ ده‌سه‌ڵاتی لامه‌رکه‌زی‌و هه‌رێمایه‌تی له‌ کوردستانی عێراق، به‌ڵام ناکرێت ئه‌م وواقعیه‌ته‌ والێکدرێته‌وه‌ که‌ دۆخی عێراق سه‌قامگیربوه‌، یان به‌ ئاراسته‌ی جێگیربوندا ئه‌ڕواته‌به‌ره‌وه‌! هه‌رگیز! نه‌ دۆخی سیاسی عێراق قه‌یرانی یه‌کاڵابونه‌وه‌ی حکومه‌ت‌و ده‌وڵه‌تی وه‌ڵامداوه‌ته‌وه‌، نه‌ ئاراسته‌و قه‌یرانی متمانه‌ی کۆمه‌ڵگای ئاسایی به‌لاداخستوه‌، وه‌ نه‌ باڵانسی سیاسی هێزه‌کانیش ئاسۆیه‌کی وای تیا به‌دیئه‌کرێ‌و کێبه‌رکێکانی به‌ ئاراسته‌ی خه‌مڵاندن ئایینده‌یه‌کی خوازراودا پاڵپێوه‌ناوه‌! هێشتاش به‌ خه‌ستی‌و به‌ سه‌ختی ململانێی هێزو کوتله‌و لایه‌نه‌کانی سه‌ر ساحه‌ی سیاسی عێراق له‌ ئارادایه‌و ته‌نگژه‌و کێشمه‌کێشه‌کان سێبه‌ری هاویشتۆته‌ سه‌ر ژیانی ئاسایی کۆمه‌ڵگاو ته‌نانه‌ت مه‌ترسی قوڵبونه‌وه‌ی قه‌یرانه‌کانی تا ئاستی هه‌ڵایسانی جه‌نگی کوردو عه‌ره‌ب ئاڵۆزکاندوه‌،‌ به‌ تایبه‌ت پاش دوایین هه‌ڵبژاردنی کارتۆنی پارێزگاکان.
مه‌سه‌له‌ی کوردو چاره‌نوسی سیاسی کوردستان هه‌روا له‌ژێر سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی یه‌کێتی‌و پارتیدا هه‌ڵپه‌سێردراوه‌و هیچ ئاسۆو ئاینده‌یه‌کی ڕووناک به‌دیناکرێ بۆ به‌لاداخستنی. کوردستان هیچ پێناسه‌یه‌کی شه‌رعی‌و نێوده‌وڵه‌تی وڵاتیی نیه‌و فیدراڵیه‌تیش بلۆکبوه‌ له‌ جێی خۆیدا. بۆیه‌ هێنانه‌به‌ره‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی په‌رله‌مانی کوردستان دوای زیاتر له‌ 15ساڵ به‌سه‌ر یه‌که‌م هه‌ڵبژاردنیدا، خۆی له‌ خۆیدا شتێک نیشان نادات جگه‌ له‌ سازکردنه‌وه‌ی فریوکاریه‌کی نوێ له‌لایه‌ن ئه‌حزابی ناسیونالیستی کوردیه‌وه‌ بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی سه‌رله‌نوێی په‌نجه‌مۆری خه‌ڵکی کوردستان له‌پێناو پچڕینی شه‌رعیه‌تی سیاسی بۆ پێشبڕکێی دابه‌شکردنی کورسی ده‌سه‌ڵات‌و بردنی به‌شی زیاتر له‌ سه‌روه‌ت‌و داهاتی عێراق.
به‌مپێیه‌ په‌رله‌مانی کوردستان هه‌رچیه‌ک ئه‌کات، هه‌ر بڕیارو یاسایه‌کیش وه‌رده‌گرێت، له‌وانه‌ش پرسی زیادکردنی پرۆسێنتی به‌شداری ژنان له‌ په‌رله‌مانی کوردستان، زیاتر بۆ ئیستیهلاکی ناوخۆییه‌و مه‌به‌ست لێی جۆرێک جوانکاری ڕوکه‌شیه‌ له‌ حکومه‌ت‌و پرۆسێسی ئیداره‌ی په‌رله‌مانیدا. ئه‌وه‌ی ئه‌یبینین له‌ کوردستان، ناوه‌ندی بڕیاردانێک که‌ هه‌یه‌ به‌ کرده‌وه‌ ته‌نهاو ته‌نها یه‌کێتی‌و پارتیه‌، نه‌ک په‌رله‌مان‌و حکومه‌ت! دیارده‌ی گه‌نده‌ڵی‌و خزمخزمێنه‌و به‌رتیلخواردن‌و مه‌حسوبیه‌ت‌، ده‌سه‌ڵاتی موتڵه‌قی لێپرسراوه‌ حیزبیه‌کان‌ شاهیدی ئه‌وه‌ن که‌ هێزی بزوێنه‌ری کۆمه‌ڵگا، میلیشیاو ده‌سه‌ڵاتی حیزبیه‌ نه‌ک په‌رله‌مان. بۆیه‌ په‌رله‌مانی کوردستان له‌ تێگه‌یشتن‌و تێڕوانینی مندا باڵه‌خانه‌یه‌کی شکڵیه‌ به‌ مه‌به‌ستی جوانکردنی سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی هێزی پێشمه‌رگانه‌و ده‌سه‌ڵاتی میلیشیایی‌، وه‌ په‌رله‌مانی کوردستان سه‌روه‌ری‌و سیاده‌ی ئه‌وه‌ی نیه‌و پێینه‌دراوه‌ که‌ وه‌کو په‌رله‌مان مامه‌ڵه‌ بکاو یاسای تایبه‌ت‌و پێویست بۆ به‌رزڕاگرتن‌و پاراستنی مافه‌کانی هاوڵاتیان داڕێژێ، خاوه‌ن بڕیار بێت‌و پرس‌و گرفت به‌شێوه‌ی یاسایی به‌لاداخه‌ر بێت.
کێشه‌ی ژنانی کوردستان به‌ر له‌ هه‌ر شتێک پله‌دوییانه‌ له‌ به‌رامبه‌ر پیاواندا. هه‌ر ئه‌مه‌ش سه‌رچاوه‌ی هه‌ڵاواردن‌و پاکتاوکردنیانه‌. هه‌تا ئه‌م نایه‌کسانی‌و ناعه‌داله‌تیه‌ درێژه‌ی هه‌بێ، هه‌تا ئه‌م جه‌وره‌ کۆمه‌ڵایه‌تیه‌ ده‌ردناکه‌ وه‌ڵامی دروست‌و شایسته‌ی خۆی پێنه‌درێته‌وه‌ هیچ کارێکی شه‌رمنۆکانه‌ی له‌ چه‌شنی زیادکردنی ڕێژه‌ی سه‌دی به‌شداری ژنان له‌ په‌رله‌مان‌و ئه‌م جۆره‌ شتانه‌دا ناتوانێ‌و ناکرێت به‌ر به‌ شاڵاوی کوشتاری ژنان‌و سوکایه‌تی‌و بێڕێزی به‌ به‌شی هه‌ره‌ گه‌وره‌ی کۆمه‌ڵ، یانی مێینه‌ی کوردستان بگیرێت. کێشه‌و گرفتی ژنان، یاخود گرفتی دیکه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی وه‌کو بێڕه‌حمی کۆمه‌ڵگا به‌رامبه‌ر به‌ مناڵان، کاری مناڵان، په‌راوێزخستنی گه‌نجان‌و ئیفلیجبونی پرۆسه‌ی خوێندن‌و ..تد، پێویستی به‌ ده‌رهێنانی یاسای مۆدێرن‌و بڕیاری ئازایانه‌ هه‌یه‌و له‌لایه‌ن ناوه‌ندی بڕیارده‌ری به‌هره‌مه‌ند له‌ پشتیوانی فراوانی جه‌ماوه‌ری ئه‌کرێ‌و ئه‌توانرێ ده‌ربکرێ‌و هه‌مواریش بکرێ. به‌ڕای من ئه‌م هه‌نگاوه‌ی په‌رله‌مانی کوردستان، یانی به‌رزکردنه‌وه‌ی ڕێژه‌ی به‌شداری ژنان له‌ په‌رله‌ماندا، له‌ باشترین حاڵه‌تدا بۆ بێده‌نگکردنی ژنان خۆیانه‌و له‌ هه‌مان کاتیشدا مه‌به‌ست لێی ئیحتیواکردنی جوڵانه‌وه‌ی فیمینیستی ژنانه‌و ته‌گه‌ره‌ دروستکردنه‌ بۆ بزوتنه‌وه‌ی یه‌کسانخوازی له‌ کوردستان. پاکتاوکردنی ژنان‌و هه‌ڵاواردن له‌ به‌رامبه‌ریاندا به‌ زیادکردنی ژماره‌یه‌کی زیاتر له‌ ژنان له‌ په‌رله‌ماندا وه‌ڵام نادرێته‌وه‌. وه‌ڵامی ئه‌م کێشه‌یه‌ په‌سه‌ندکردنی یاسای یه‌کسانی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی نێوان ژنان‌و پیاوانه‌و جێبه‌جێکردنیه‌تی له‌لایه‌ن حکومه‌ته‌وه‌. په‌رله‌مانێک که‌ ته‌نفیزکه‌ری بڕیارو سیاسه‌تی یه‌کێتی‌و پارتی بێت، په‌رله‌مانێک که‌ له‌ به‌رامبه‌ر به‌ چاره‌نووسی سیاسی کوردستاندا قسه‌و ده‌نگ‌و سه‌دایه‌کی نه‌بێت، نه‌ک هه‌ر ئه‌وه‌ش به‌ڵکو خه‌ریکی وه‌شاندنی ته‌بلیغاتی فریوده‌رانه‌بێت بۆ بێئیراده‌کردنی جه‌ماوه‌رو ساردکردنه‌وه‌ی خواستی سه‌ربه‌خۆیی کوردستان، له‌کوێ شان‌و شه‌وکه‌تی وه‌ستانه‌وه‌ی هه‌یه‌ به‌رامبه‌ر به‌ جه‌ورو سته‌مێک که‌ به‌سه‌ر ژنانه‌وه‌یه‌!
یه‌کێتی‌و پارتی دوو حیزبی ته‌قلیدی ناسیول- عه‌شیره‌یی کوردین که‌ ڕیشه‌یان له‌ ڕابردوودایه‌و په‌لیان هاویشتوه‌ بۆ سه‌رده‌م! ئه‌وان شانازی به‌ کۆنه‌وه‌ ئه‌که‌ن‌و شه‌رم له‌ نوێبونه‌وه‌ دایان ئه‌گرێت. ئه‌م حیزبانه‌و سه‌رکرده‌کانیان هێنده‌ی به‌ کرده‌وه‌ ئینتمایان بۆ کۆن‌و نه‌ریت‌و که‌لتوره‌ دواکه‌وتوه‌کان ئامانج‌و مه‌سه‌له‌یانه‌، که‌متر له‌گه‌ڵ فه‌رهه‌نگی سه‌رده‌م‌و کرانه‌وه‌و سکۆلاریزمدا دێنه‌وه‌! سه‌رکرده‌کانی ئه‌م حیزبانه‌ که‌ مه‌وعیزه‌ ده‌خوێنن بۆ خه‌ڵک له‌ کۆبونه‌وه‌و مناسه‌به‌کانیاندا، هێنده‌ی خۆیان‌و خه‌ڵکیش به‌ قه‌رزارباری کۆن‌و خه‌باتی شاخ‌و پێشمه‌رگانه‌و سونه‌ته‌ شه‌رماوه‌ره‌کانی وه‌کو پیاوسالاری، گه‌وره‌سالاری‌و ناموسپه‌رستی‌ دائه‌نێن، هه‌رگیز مه‌یل‌و ئاره‌زووی کۆمه‌ڵایه‌تی بۆ ڕووهێنان بۆ شارستانیه‌ت‌و کرانه‌وه‌و نوێبونه‌وه‌و ئازادی‌و یه‌کسانی دڵشادیان ناکاو خۆی لێئه‌بوێرن.
هه‌ر ئه‌مه‌ که‌ که‌مترین ژن له‌ ڕیزی ئه‌م حیزبانه‌دا هه‌ن، یان له‌ سه‌رکردایه‌تی‌و پله‌ به‌رزه‌کانیاندا نابینرێن، به‌ڵگه‌ی ته‌واوی ئه‌و ڕاستیانه‌یه‌ که‌ باسمکردن. له‌ که‌لتورو دیدگای ئه‌م حیزبانه‌دا ژن‌و مێینه‌ ئینسانی لاوازو که‌معه‌قڵ‌و نه‌فامن، بۆیه‌ ده‌بێ له‌ژێر چاودێری پیاواندا بمێننه‌وه‌و ئه‌وان ته‌مبێیان بکه‌ن. له‌ دیدگای فه‌رهه‌نگ‌و نه‌ریتی ناسیونالیستی کوردیدا ژن جێگای دوای پیاوانه‌و له‌ باشترین حا‌ڵه‌تدا ئه‌وان مێینه‌ به هۆیه‌ک بۆ به‌تاڵکردنه‌وه‌ی هه‌واو هه‌وه‌سی شه‌هوانی پیاوان‌ دائه‌نێن. له‌وه‌ش به‌ولاوه‌تر ئه‌م حیزبانه‌ وێنای کۆنه‌په‌رستی ئاینی سه‌باره‌ت به‌ ژنانیان بێ سێودو قبوڵکردوه‌و پاساوی بۆ دێننه‌وه‌و خه‌رج‌و بودجه‌ی بێئه‌ژماریان بۆ ته‌بلیغیشی ته‌رخانکرده‌وه‌.
سه‌باره‌ت به‌ ڕێژه‌ی زیاتری ژنان له‌ ڕیزی حیزبه‌ ئیسلامیه‌کاندا که‌ له‌لایه‌ن به‌شێک ڕۆشنبیرانی شوێنکه‌وتوی جوڵانه‌وه‌ی کوردایه‌تی‌و حه‌په‌ساو له‌ مابه‌ینی کوردایه‌تی‌و ئیسلامییه‌تدا ته‌پڵی بۆ لێئه‌درێ‌، ده‌بێ بڵێم؛ له‌ کۆمه‌ڵگایه‌کی وه‌کو کوردستاندا که‌ له‌ژێر سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و حیزبه‌ ناسیونال- عه‌شیره‌ییانه‌دا به‌ڕێوه‌ده‌چێ‌و ڕۆژانه‌و له‌ هه‌زاران مینبه‌ری کۆنه‌په‌رستانه‌ی ئاینیه‌وه‌ له‌ چه‌شنی مزگه‌وت‌و مناسه‌به‌ ئاینیه‌کان‌و ڕادیۆو ته‌له‌فزیۆن‌و چه‌ندین که‌ناڵی دیکه‌ی‌ په‌خش‌و وه‌شاندنی موزه‌خره‌فاتی ئاینیه‌وه‌ باسی هیچ‌وپووچی ئه‌م دنیایه‌و ئه‌م ژیانه‌ ده‌ئاخننه‌ مێشک‌و زه‌ینی خه‌ڵکی‌و جه‌ماوه‌ری فراوانه‌وه‌و ئه‌یانترسێنن به‌ "ڕۆژی قیامه‌ت‌و حه‌شرو بونه‌ خوارده‌مه‌نی مارو دوپشکی دۆزه‌خ!"و مناڵانی ناسک‌و نازدار له‌ جێی په‌روه‌رده‌و فێربون‌و کایه‌و که‌یف‌و شادی‌و خۆشی، له‌ مزگه‌وت‌و حوجره‌و بنکه‌ ئاینیه‌کاندا مێشکیان پڕئه‌کرێت به‌ خورافاتی زیندوبونه‌وه‌و توڕه‌هاتی دیکه‌ی مه‌زهه‌بی، بێگومان له‌پاڵ ئه‌نفالی بێئه‌وپه‌ڕی ژناندا له‌ حه‌ڤده‌ ساڵی ژێر سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی کوردیدا، ڕێژه‌یه‌کی زۆری ژنانی کوردستان به‌داخه‌وه‌ ته‌سلیمی ئه‌و موزه‌خره‌فاتانه‌ ده‌بن‌و ئه‌بنه‌ کۆیله‌ی ده‌ستی حیزبه‌ ئیسلامیه‌کان. ئه‌میش خۆی له‌ خۆیدا به‌ڵگه‌یه‌کی دیکه‌یه‌ بۆ بێده‌ربه‌ستی ده‌سه‌ڵاتی کوردی به‌رامبه‌ر به‌ ژیان‌و چاره‌نوسی ژنانی کۆمه‌ڵگایه‌ک که‌ به‌وجۆره‌ بونه‌ته‌ خوارده‌مه‌نی ته‌بلیغاتی دژه‌ ژنی‌ ودژه‌ ئینسانی کۆنه‌په‌رستانی ئیسلامی.
ژنانی کوردستان هه‌رگیز ناتوانن له‌ ڕیزی نه‌ ئه‌حزابی قه‌ومی کوردیدا، وه‌ نه‌ له‌ ڕیزی حیزبه‌ ئیسلامیه‌کاندا له‌ جێگاوڕێگایه‌کی ئینسانیترو شایسته‌تر به‌هره‌مه‌ند بن. به‌ڵکو هه‌میشه‌ ژێرده‌سته‌و ژێرچه‌پۆکه‌ ئه‌مێننه‌وه‌و له‌ هۆیه‌ک بۆ به‌تاڵکردنه‌وه‌ی هه‌وه‌سبازی پیاوان به‌ولاوه‌تر وێناناکرێن به‌داخه‌وه‌. بۆ به‌هاناوه‌چونی ژنانی کوردستان به‌رپرسیارێتیه‌کی گه‌وره‌ ئه‌که‌وێته‌ ئه‌ستۆی ئازادیخوازان، ڕووناکبیران‌و لایه‌نگرانی یه‌کسانی نێوان ژن‌و پیاو که‌ به‌ره‌ی خۆیان یه‌کخه‌ن‌و ڕێگابگرن له‌ کۆیله‌ڕاگرتنی ژنان له‌م عه‌سری کرانه‌وه‌و پێشکه‌وتنه‌داو ده‌رگا به‌ ڕووی یه‌کسانی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی نێوان ژنان‌و پیاوان واڵاکه‌ن.
9شوبات2009

Previous
Next

Leave a Reply