Skip to Content

Friday, November 27th, 2020

پاڵپشتی لە گەندەڵكار و گلاربوونەوە بەرەوە بنار

Be First!
by July 3, 2009 گشتی

پاڵپشتی لە گەندەڵكار و گلاربوونەوە بەرەوە بنار
سالار بابەشێخ

 

سەرۆك وەزیرانی عێراق لە هەڵمەتی دواهەڵبژاردنەكانی عێراق بۆ ئەوەی دەسەڵاتی خۆی جێگیر بكات، پڕوپاگەندەیەكی زۆری لە دژی گەندەڵی لە دامەزراوە حكومییەكانی حكومەتەكەیدا كرد، بەڵێنی زۆریشی دا بۆ بنبڕكردنی گەندەڵی لە سەرجەم دامودەزگە حكومییەكانیدا، خەڵكی سادە و ساكاریش زۆر بە بەڵێنەكانی دڵخۆش بوون و لە ئاكامدا حزب و لیستەكەی مالیكی زۆرینەی دەنگەكانی بۆ خۆی مسۆگەركرد، بەڵام نەك تەنها مامەڵە و كردارێكی ئەوتۆ كە دروشم و بەڵێنەكانی بسەلمێنێت لە پراتیك و كارنامەی بەتایبەتی چەند مانگی رابردووی سەرۆك وەزیرانی عێراقدا نەبینرا، بەڵكو بە پێچەوانەوە لە پێناوی بەرژەوەندی بەرتەسكی حزبایەتیدا، بوو بە گەورەترین پاڵپشتی گەندەڵی و بە گوتەی هەندێك لە ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، مالیكی جەختی لەوە كردووەتەوە كە چیدی وەزیرەكانی سەربە حزبەكەی بۆ لێپرسینەوە بانگهێشتی پەرڵەمانی عێراقی نەكرێن و تەنانەت هەڕەشەی لە فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی عێراقی كردووە كە چەندین دوسییەی گەندەڵی ئەوانی لە لایە كە ئاشكرای دەكات.
هەر لە جێدا هەر دوو رووی سكەی ئەم بڕیارەی مالیكی بڕیارێكی ناپەسەندە، چونكە لە لایەك پشتیوانی لە گەندەڵكارانی حزبەكەی و رێگری لە لێپرسینەوەیان، هەموو بەڵێنەكانی دەخاتە ژێر پرسیار و لە لایەكی دیكەشەوە شاردنەوەی دوسییەی پەرلەمانتارانی گەندەڵ و هەڵگرتنی ئەو جۆرە دوسییانە بۆ رۆژی مەبادا و هاتونەهات و بەكارهێنانی وەك كارتی فشار، هەموو كەسایەتی سیاسیی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەخاتە ژێر گومان و وەهمەوە!
كاتێك پەرلەمانتارانی عێراقی گەندەڵییەكانی عه‌بدولفه‌لاح سودانی وەزیری بازرگانی حكومەتی ناوەندی لە لایان ئاشكرابوو، بانگهێشتی ئەنجومەنی نوێنەرانیان كرد و جەنابی وەزیریش بە پلانێكی داڕێژراو بۆ دەربازكردنی خۆی لە لێپرسینەوە، دەستلەكاركێشانەوەی خۆی راگەیاند. هەروەها حوسێن شه‌هرستانی وەزیری نەوتی عێراقیش لە سەر گەندەڵی سەراپاگیری وەزارەتەكەی و ئیمزا بێسەروبنەكانی گرێبەستە نەوتییەكان لە گەڵ كۆمپانیا بیانییەكان، كەوتە بەردەم داواكاریی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ لێپرسینەوە، بەڵام نوری مالیکی سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق لە جیاتی ئاسانكاری بۆ لێپرسینەوە لەو گەندەڵكارانە، هەڕەشەی لە فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی عێراقی كرد كە ئەگەر لە بڕیاری بانگهێشتكردنی وەزیری فاشلی نەوتی عێراق پاشگەز نەبنەوە، ئەوا چەندین دوسییەی گەندەڵی ئەوانی لە لایە كە ئاشكرای دەكات!!
لە هەڵوێستی لەمجۆرەدا پێگەی جەنابی سەرۆك وەزیرانی عێراق زۆر لەرزۆك دەبێت، چونكە پشتیوانی لە گەندەڵكار، وەك كڕیاری كەلوپەلی دزراوە لە بەردەم دادوەر، حەشاردانی دوسییەكانی گەندەڵی و نەدركاندن و راگرتنی بۆ رۆژی تەنگانەش، تاوانێكی كاڵتر و كەمتر لەوە نییە، بێگومان هەر سەرۆكێك ئەگەر لە لووتكەی پێگەی جەماریش بێت، كە پاڵپشتی لە گەندەڵكاران كرد ئەوا بەرەوە بنار گلار دەبێتەوە، بۆیە سیاسەتوانێك كە هاوكێشەكانی تا ئەو ئاستە كاڵفامانە بێت، ناكرێت نە كورد و نە عەرەب پشتی پێببەستن. دەكرێ ئەو پێشنیارەشی بخرێتە بەردەم كە مادام بەرژەوەندی حزبەكەی لە سەرووی بەرژەوەندی گشتیی گەلانی عێراقەوەیە، با دەستلەكار بكێشێتەوە و لە جیاتی سەرۆكایەتی عێراق، پەرۆشی سەرۆكایەتیی حزبەكەی بێت.

 

Previous
Next

Leave a Reply