Skip to Content

Monday, January 18th, 2021

پایزی سه‌رۆک‌ له‌ ژوره‌که‌ی مندا!

Be First!
by April 13, 2011 گشتی

*
 ئێواره‌یه‌کی هاوینی ساڵی 1994 بوو، دایکم مه‌نجه‌ڵه‌که‌ی خستبووه‌ سه‌ر ئاگر و من و برا بچوکه‌که‌شم له‌ خۆشی بۆنی شۆرباکه‌دا له‌ سوچێکی مه‌تبه‌خه‌که‌دا به‌ عاقڵێ دانیشتبووین ، ئه‌و ده‌مه‌ گرانی و هه‌ژاری تازه‌ باڵی به‌ سه‌ر کوردستاندا کێشابوو، ئه‌و ئێوارانه‌ نه‌ک خواردنێکی خۆش به‌ڵکو ئه‌گه‌ر هه‌ر چێشتێک لێبنرایه‌ له‌ ماڵی ئێمه‌دا که‌ پێویست به‌ قرچاندنی ڕۆن و پیاز بکات ئیتر من و برا چکۆلانه‌که‌م جه‌ژنمان بوو، چونکه‌ خۆشترین بۆن و به‌رامه‌ له‌و سه‌رده‌مه‌دا بۆ ئێمه‌ ئه‌و بۆنه‌ خۆشه‌ بوو که‌ له‌ کاتی تێکه‌ڵکردنی پیاز و ڕۆنه‌که‌ له‌ مه‌تبه‌خه‌که‌ماندا ده‌هات و ئێمه‌ش به‌ دوو پارچه‌ نانی چکۆلانه‌وه‌ به‌ شه‌رمنی ده‌وه‌ستاین هه‌تا دایکم ڕه‌حمی ده‌جوڵا و نانه‌که‌ی لێ وه‌رده‌گرتین و دوو جار هه‌ڵیده‌ژه‌ند له‌ ڕۆنه‌که‌ و ده‌یدا به‌ ده‌ستمانه‌وه‌، ئه‌و پارچه‌ نانه‌ ئه‌وه‌نده‌ به‌له‌زه‌ت بوو هه‌تا سپێده‌ی ڕۆژی داهاتوو که‌ هه‌ڵده‌ستاینه‌وه‌ له‌ خه‌و حه‌زمان نه‌ده‌کرد ده‌ستمان بشۆین بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و چه‌وریه‌ له‌ ده‌ستمان نه‌بێته‌وه‌ که‌ به‌ هۆی ڕۆنه‌که‌وه‌ به‌ر ده‌ستمان که‌وتبوو،
له‌وساڵانه‌دا ژه‌می خۆش و چه‌ور له‌ دوو شوێندا ده‌ستده‌که‌وت که‌ ئه‌ویش (پرسه‌ و شایی)بوو، له‌و سه‌رده‌مه‌دا شایی و ئاهه‌نگ ده‌بوون به‌و ڕۆژه‌ی که‌ فرسه‌ت بوو بۆ ئێمه‌ که‌ دوای ته‌واو بوونی  گه‌وره‌ و به‌ڕێزه‌کان له‌ نان خواردن، هه‌ندێک له‌ خواردنه‌ به‌رماوه‌که‌مان به‌رکه‌وێت و له‌ گه‌ڵ مندالانی هاوته‌مه‌نماندا هه‌ریه‌کێکمان دوای وه‌رگرتنی خواردنه‌که‌ له‌ کابانی چێشتتێکه‌ر به‌ره‌و په‌نایه‌ک هه‌ڵبێین و ده‌ست بکه‌ین به‌ خواردنی،
به‌ڵام بۆئێمه‌ی منداڵ له‌و سه‌رده‌مه‌دا نان خواردنی پرسه‌کان هه‌روا ئاسان نه‌بوو، چونکه‌ ده‌بوایه‌ له‌ لایه‌که‌وه‌ ته‌مه‌نت له‌ ده‌وروبه‌ری هه‌شت ساڵان به‌ره‌و سه‌ر نه‌بوایه‌ و له‌ لایه‌کی تره‌وه‌ ده‌بوایه‌ له‌ گه‌ڵ دایکتدا بویتایه‌، چونکه‌ به‌ هۆی ئه‌و گریان و هاوارانه‌ی که‌ خاوه‌ن پرسه‌ ده‌یانکرد بۆ له‌ ده‌ستدانی ئازیزه‌کانیان نه‌مانده‌وێرا وه‌ک شایی برۆین و داوای خواردن بکه‌ین، بۆیه‌ باشترین ڕێگا بۆ خواردنی چێشتی چه‌ور له‌ پرسه‌دا بۆ من که‌ ئه‌وکات ته‌مه‌نم حه‌وت ساڵ و هه‌ندێک مانگ ده‌بوو، ته‌نیا مانه‌وه‌ی دایکم بوو له‌ پرسه‌ی که‌سه‌ نزیکه‌کانماندا هه‌تا ده‌می نان خواردن،
به‌لام ئه‌وه‌ی زۆر جێگای بێ تاقه‌تی و بێ به‌شبوونی من بوو له‌ خواردنی چێشتی زۆربه‌ی پرسه‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌دا قسه‌یه‌کی (ڕه‌حمه‌تیی بارزانی باوک) بوو که‌ دایکم ده‌ماو ده‌م بیستبووی،
دایکم ده‌یگوت مه‌لا مسته‌فا وتوویه‌تی خواردنی پرسه‌کان حه‌رامه‌. ئه‌و قسه‌ دووباره‌یه‌ی دایکم له‌ ماوه‌ی هه‌موو ته‌مه‌نی منداڵیمدا منی له‌ خواردنی چه‌وری پرسه‌کاندا بێ به‌شکرد،

*
ئێواره‌یه‌ک که‌ ته‌مه‌نم بوبو  به‌ (10) ساڵ.. وه‌ک زۆربه‌ی منداڵه‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ دایکم له‌ مزگه‌وتێکی نزیکی خۆماندا لای فه‌قێیه‌کی گه‌نجی باریکه‌له‌ی موو زه‌رد که‌ تازه‌ خه‌تی ده‌دا، خستمیه‌ به‌ر قورئان خوێندن به‌و هیوایه‌ی منداڵێکی(ساڵه‌ح) ده‌رچم، له‌ دوای یه‌که‌م ڕۆژی ڕۆشتنم بۆ لای مامۆستای دینی و دوای چوار ساڵ له‌ به‌شداری کردنم له‌ پرسه‌کانی ژناندا له‌ گه‌ڵ دایکم به‌و هیوایه‌ی خواردنێکی باش بخۆم و پێی نه‌ده‌گه‌شتم، یه‌که‌م پرسیار که‌ له‌ سه‌رمدا که‌ڵکه‌ڵه‌ی ده‌کرد ئه‌و بیانووه‌ بوو که‌ دایکم چه‌ندین جار منی به‌ هۆیه‌وه‌  بێ به‌ش ده‌کرد له‌ خواردنی ئه‌و ژه‌مه‌ چه‌ورانه‌، به‌ڵام به‌ هۆی ئه‌وه‌ی ماڵی ئێمه‌ له‌ زوه‌وه‌ دوای ڕێبازی بارزانی  که‌وتبوون و هه‌میشه‌ ئه‌و که‌سایه‌تیه‌ له‌ ماڵی ئێمه‌دا وه‌ک که‌سێتیه‌کی سه‌روتر له‌ مرۆڤی ئاسایی سه‌یری ده‌کرا جورئه‌تی ئه‌وه‌م نه‌ده‌کرد ئه‌و پرسیاره‌ له‌ مامۆستاکه‌م بکه‌م، نه‌ک له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی له‌ دایکم بترسم..نا.. ئه‌وه‌نده‌ فامم کردبوه‌وه‌ که‌ دایکم ئاگای له‌م پرسیاره‌م نابێت و پێی نازانێت ، به‌لام ترسی سه‌ره‌کی من ئه‌وه‌ بوو که‌ مامۆستاش وه‌ک دایکم بیربکاته‌وه‌ و پرسیاره‌که‌م به‌ کوفرێکی موبین لێکبداته‌وه‌ و لێم توڕه‌ ببێت،
چه‌ندین ڕۆژ به‌ سه‌ر ده‌رس خوێندنه‌که‌مدا ڕۆشت و نێوانی من و مامۆستا خۆشتر و گه‌رمتر بوو، ڕۆژێک دوای ئه‌وه‌ی ده‌ستخۆشی لێکردم به‌ بۆنه‌ی ته‌و‌او کردنی جوزئی(ته‌باره‌ک) که‌ دووه‌م جوزئی قورئانی پیرۆزه‌ به‌ فرسه‌تم زانی که‌ پرسیار‌ه‌که‌ی دڵی خۆمی لێ بکه‌م، له‌ کاتی هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌مان بۆ ده‌رگای مزگه‌وته‌که،‌ پرسیاره‌که‌م به‌ په‌له‌ و به‌ شه‌ره‌مه‌وه‌ لێ کرد و بێ ده‌نگ وه‌ستام بۆ بیستنی وه‌لامه‌که‌ی، له‌و کاته‌دا مامۆستاکه‌مان پێش وه‌لام دانه‌وه‌ ساتێک بێ ده‌نگبوو، ترسی ئه‌وه‌م لێنیشت که‌ پرسیارێکی هه‌ڵه‌م کردبێت و توڕه‌م کردبێت، به‌لام که‌ سه‌ری هه‌ڵبڕی و بزه‌یه‌کی بۆ کردم، ترسه‌که‌م ڕه‌ویه‌وه‌ و زانیم کوفه‌ره‌که‌م هێنده‌ گه‌وره‌ نه‌بووه‌ که‌ چاوه‌ڕێم ده‌کرد،
له‌ وه‌ڵامدا پێی وتم: برای موسوڵمانم ، بارزانی ڕه‌حمه‌تی شۆڕشگێڕێکی کۆنه‌ و له‌و سه‌رده‌مه‌دا بێجگه‌ له‌و هیچ که‌سێکی تر رابه‌رایه‌تی شۆڕشی نه‌ده‌کرد، جگه‌ له‌وه‌ش که‌سایه‌تیه‌کی ئاینیی هه‌بووه‌ و خه‌ڵکی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ هه‌موو قسه‌کانیان جگه‌ له‌ ڕینمایی سه‌رکرده‌یه‌ک وه‌ک ئامۆژگاری زانایه‌کی ئاینیش وه‌رده‌گرت، منیش ئه‌و قسه‌یه‌م بیستووه‌ پێشتر، به‌لام له‌ راستیدا سه‌رچاوه‌ی ئه‌و فه‌توایه‌ فه‌رموده‌یه‌کی پێغه‌مبه‌ره‌(د.خ) و ئه‌و وه‌ک زانایه‌کی ئاینی و وه‌ک سه‌رکرده‌یه‌ک که‌ گه‌له‌که‌ی قسه‌که‌ی ناشکێنن ئه‌و فه‌توایه‌ی ده‌رکردووه‌ وابزانم، به‌لام له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و تاکه‌ ڕێبه‌ری کورد بووه‌ له‌و کاته‌دا هه‌موو وته‌کانی بێ قه‌ید و مه‌رج جێ به‌جێ کراوه‌،
دوای مشتومڕێکی زۆر له‌ گه‌ڵ مامۆستاکه‌مدا که‌ ئه‌ویش دڵنیا نه‌بوو که‌ فه‌توایه‌کی وه‌های ده‌رکردبێت به‌لام له‌ هه‌موو بارێکدا له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ سور بوو که‌ ئه‌گه‌ر فه‌توایه‌کی وه‌هاش بێت سه‌رچاوه‌که‌ی فه‌رموده‌یه‌کی پێغه‌مبه‌ره‌(د.خ).
منیش وه‌ک کابرای کورده‌ ده‌ڵێت(وه‌ک ئه‌وه‌ی هه‌نگوینم له‌ شانه‌دا دۆزیبێته‌وه‌) به‌ په‌له‌ به‌ره‌و ماڵه‌وه‌ گه‌ڕامه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی قسه‌کانی نێوان خۆم و مامۆستا بۆ دایکم بگێڕمه‌وه‌، دوای گه‌شتنه‌وه‌م به‌ ماڵه‌وه‌ و له‌ یه‌که‌م فرسه‌تدا ئه‌وه‌ی له‌ گه‌ڵ مامۆستادا باسمکردبوو، له‌ گه‌ڵ وه‌لامه‌که‌ی هه‌موویم بۆ دایکم گێرایه‌وه‌، به‌لام یه‌که‌م کاردانه‌وه‌ی دایکم سوێند خواردنی بوو که‌ ئیتر نه‌چمه‌وه‌ بۆ ئه‌و مزگه‌وته‌ و واز له‌ ده‌رسی قورئان بێنم له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی مامۆستاکه‌مان وه‌های گوتووه‌،

*
 دوای هه‌شت ساڵ له‌و به‌رواره‌ و له‌ ساڵی 2006دا برایه‌کم له‌ ئه‌وروپا گه‌ڕابوه‌وه‌ ، ڕۆژێک پێش گه‌رانه‌وه‌ی براکه‌م ناسراوێکمان له‌ یه‌کێک له‌ گونده‌کانی نزیکی سلێمانی کۆچی دوایی کردبوو، له‌ سه‌ر داوای دایکم بڕیارماندا دا سبه‌ی به‌یانی زوو بۆ به‌شداری کردن له‌ پرسه‌ی ئه‌و ناسراوه‌ماندا من و دایکم و براکه‌م که‌ ڕۆژێکه‌ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ له‌ هه‌نده‌ران بڕۆین بۆ ئه‌و گونده‌ ،
به‌لام کێشه‌یه‌کی بچوکمان بۆ هاتبوه‌ پێشه‌وه‌ که‌ پێداگریه‌کی دایکم بوو له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی که‌ ئه‌بێت له‌ کاتی نیوه‌ڕۆدا ئه‌و به‌رین بۆ گوندێکی تری نزیکی ئه‌و گونده‌ بۆ ماڵی ناسراوێکمان چونکه‌ ئه‌و نانی پرسه‌ ناخوات، زۆرم به‌لاوه‌ سه‌یر بوو، دوای (12) ساڵ دایکم له‌ سه‌ر هه‌مان بۆچون مابوه‌وه‌، کاتێک که‌ برا گه‌وره‌که‌م گوێ بیستی ئه‌و قسه‌یه‌ بوو هه‌ستا ماچێکی سه‌ری دایکمی کرد و وتی : دایه‌ گیان ئێستاش هه‌ر له‌ سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ ماوی؟
له‌ دڵی خۆمدا بیرم کرده‌وه‌ ده‌بێت دایکم ئه‌م قسه‌یه‌ی له‌ که‌یه‌وه‌ بسیتبێت؟ تۆ بڵێی سه‌ره‌تای ساڵانی هه‌شتاکانیش که‌ ده‌کاته‌ منداڵی ئه‌م برا گه‌وره‌یه‌م دایکم هه‌مان بۆچونی بوبێت و ئه‌م برایه‌شمی له‌ خواردنی ژه‌می پرسه‌دا بێ به‌شکردبێت؟
هێنده‌م زانی براگه‌وره‌که‌م بێ ئه‌وه‌ی هیچ ترسێکی هه‌بێت و به‌ ڕێزێکی زۆره‌وه‌ که‌وته‌ شێکردنه‌وه‌ی ئه‌و فه‌توایه‌ و به‌و هۆیه‌وه‌ چه‌ندین شتی تریشی به‌ دایکم وت، براکه‌م وتی: دایه‌ گیان ئه‌و فه‌توایه‌ به‌و جۆره‌ نیه‌ که‌ تۆ لێی تێگه‌شتویت به‌ڵکو…( هه‌مان ئه‌و قسانه‌ی دووباره‌ کرده‌وه‌ که‌ مامۆستاکه‌م پێش هه‌شت ساڵ به‌ منی وتبوو). دایکیشم هه‌ر دانیشتبوو سه‌ری بۆ ده‌له‌قاند،
برا گه‌وره‌که‌م درێژه‌ی دایه‌ و وتی: ئه‌وسه‌رده‌مه‌ مه‌لا مسته‌فای ڕه‌حمه‌تی ئه‌گه‌ر له‌ حاجی ئۆمه‌ران بڕیارێکی ده‌ربکردایه‌ خه‌ڵک له‌ گه‌رمیان به‌ قسه‌یان ده‌کرد، به‌لام ئێستا دنیا گۆڕاوه‌ ، سه‌رکرده‌کان وه‌ک جاران به‌ پاکی نه‌ماون، ئێستا ئه‌وه‌نده‌ سه‌رکرده‌ زۆر بووه‌ که‌سیان نابن به‌و کاریزمایه‌ی که‌ بارزانی باوک هه‌یبوو(وابزانم ئه‌وه‌ یه‌که‌م جارم بوو گوێم له‌ وشه‌ی کاریزما بێت)، ئێستا خه‌ڵک ده‌بینێت سه‌رکرده‌کان چۆن ده‌ژین و چی له‌ خه‌ڵک ده‌که‌ن، له‌و سه‌رده‌مه‌دا سه‌رکرده‌ له‌ ناو خه‌ڵکدا ده‌ژیاو ئه‌و خواردنه‌ی ده‌خوارد که‌ ڕاعیه‌ته‌کانی ده‌یانخوارد،  به‌لام خه‌ڵک به‌ چاوێکی بالا لێیان ده‌ڕوانی ،  ئێستا به‌ ده‌ست و پاره‌ی خۆیان چه‌ندین دیواری گه‌وره‌یان دروستکردووه‌ له‌ نیوان خۆیان و خه‌ڵکدا، که‌چی هه‌ر ئه‌ خه‌ڵکه‌ وه‌ک جاران که‌ له‌ به‌رگێکی ساده‌دا بوون سه‌یریان ناکات، ئه‌مان ئه‌و کاته‌ له‌ دڵی خه‌ڵکدا هه‌ڵکه‌نران که‌ ساده‌ییان له‌ ده‌ستدا، که‌ سه‌دان په‌رده‌یان له‌ نێوان خۆیان و خه‌ڵکدا دروستکرد و هه‌موو هه‌واڵێکیان به‌ فلته‌ری ده‌یان ده‌رباری چه‌واشه‌کاردا پێ ده‌گات، به‌لام خۆ تاوانباری ڕاسته‌قینه‌ ته‌نیا ده‌رباره‌کان نین، به‌ڵکو هه‌ر سه‌رکرده‌کان خۆیانن پاره‌ ده‌ده‌ن به‌و وه‌ستایانه‌ی که‌ ئه‌و دیواره‌ بڵندانه‌ دروست ده‌که‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ئاگایان له‌ گه‌له‌که‌یان نه‌بێت، دایه‌ گیان ئێستا فه‌رمان له‌ سه‌ری ڕه‌ش ده‌رده‌کرێت و ئه‌ندامه‌کانیان له‌ لۆفه‌کانی مه‌سیف به‌ قسه‌یان ناکه‌ن ، نازانم فه‌رمانه‌کان زاره‌کی و ڕوکه‌شین و ئه‌ندامه‌کانیان ئاگایان له‌و دیوه‌که‌ی هه‌یه‌، یاخود خۆیان خه‌مساردن له‌ به‌ دواداچوونی فه‌رمانه‌کانیان…دوای ئه‌م مشتومڕانه‌ دایکم بڕیاریدا سبه‌ینێ که‌ ڕۆژی دووشه‌مه‌ ده‌کات به‌ ڕۆژوو بێت وه‌ک پیشه‌ی باوی خۆی و بیانوی سه‌فه‌ر نه‌بێته‌ هۆی شکاندی ڕۆژووه‌که‌ی و خواردنی نانی پرسه‌،
ڕۆژی دواتر به‌ره‌و گونده‌که‌ به‌ڕێکه‌وتین و به‌شداری پرسه‌که‌مان کرد و له‌ ده‌می نیوه‌ڕۆدا به‌ره‌و ماڵی ناسراوه‌که‌مان گه‌ڕاینه‌وه‌ بۆ پشودان و نان خواردن و چاخواردن، ئیتر ئه‌و کاته‌ ته‌مه‌نی من ئه‌وه‌‌نده‌ هه‌ڵکشابوو که‌ هه‌م به‌شداری پرسه‌ی پیاوان بکه‌م و هه‌م له‌ سه‌ر سفره‌ی پیاوانیش وه‌ک میوانێک ڕێزم لێبگیرێت، ژماره‌ی ئه‌و ژن و پیاوانه‌ی که‌ چوینه‌وه‌ بۆ ماڵی ئه‌و ناسراوه‌مان هێنده‌ زۆر نه‌بوین و هه‌موومان به‌ ژور و هه‌یوان و سه‌کۆی ئه‌و ماڵه‌دا دابه‌شبوین بۆ نانخواردن ، له‌و کاته‌دا که‌ من له‌ سه‌کۆکه‌دا دانیشتبووم و نانم ده‌خوارد دایکمم بینی به‌ره‌و هه‌یوانه‌که‌ ده‌ڕۆشت و به‌ دوای به‌رماڵێکدا ده‌گه‌ڕا تا نوێژی نیوه‌رۆی ئه‌نجام بدات ، منیش وه‌ک فرسه‌تێک که‌ هه‌م پێی بڵێم گه‌وره‌ بووم و ئیتر خۆم بڕیاری خۆم ده‌ده‌م و هه‌م وه‌ک بیرکه‌وتنه‌وه‌یه‌کی ئه‌و ڕۆژانه‌ی که‌ له‌ خواردنی پرسه‌ بێ به‌ش بوبوم و به‌ دایکم بڵێم من ساڵانێک بڕوام به‌و خه‌ته‌ سورانه‌ نه‌بوو که‌ تۆ ده‌تکێشا به‌لام ناچاربووم نه‌یانبه‌زێنم چونکه‌ پاداشته‌که‌ی به‌ گران له‌ سه‌ر خۆم ده‌که‌وته‌وه‌، بۆیه‌  پاروی گه‌وره‌ گه‌وره‌م ده‌پێچایه‌وه‌ و ده‌مئاخنی به‌ ده‌ممدا، دایکم که‌ نزیک که‌وته‌وه‌ سه‌یرێکی کردم و وه‌ک ئه‌وه‌ی دڵی پێم بسوتێت و وای بۆ چووبێت زۆر برسیمه‌ وپه‌له‌شمه‌  وتی: ڕۆڵه‌ په‌له‌ مه‌که‌ جاری زووه، ‌ زۆری ماوه‌ بۆ دانیشتنه‌وه‌ له‌ مزگه‌وت، به‌ ئیسراحه‌ت نانه‌که‌ت بخۆ.

•   
دوای سێ ساڵ له‌ به‌رواری  یه‌که‌م نانخواردنم له‌ پرسه‌دا واته‌ له‌ ساڵی 2009،  ئیواره‌یه‌ک گه‌ڕامه‌وه‌ ماڵه‌وه‌ و له‌ وێنه‌کانی سه‌ر دیواری ژوره‌که‌ی خۆم  ڕامام، هه‌رچه‌نده‌ من وه‌ک دایکم نه‌که‌وتبوومه‌ ژێر کاریگه‌ری سه‌رۆک و کاریزماکانه‌وه‌ به‌لام وه‌ک میراتیه‌ک هه‌لواسینی وێنه‌ی سه‌رۆک له‌ ژووری میوانه‌که‌مانه‌وه‌ گه‌شتبوه‌ ژوره‌که‌ی منیش، ئه‌و ئێواره‌یه‌ دوای بیرکردنه‌وه‌یه‌کی زۆر بۆم ده‌رکه‌وت که‌ ئێستا کاتی کوده‌تایه‌کی هێمنانه و ئاشتیانه‌ی تر هاتووه‌ به‌ سه‌ر بیرکردنه‌وه‌کانی دایکمدا ، بۆیه‌ به‌ ئاسپایی و به‌و په‌ڕی ڕێزگرتنه‌وه‌ ده‌ستم بۆ وێنه‌که‌ی سه‌رۆک برد و دامگرت و له‌ چوارچێوه‌که‌ی ده‌رم هێنا، هه‌ر له‌و کاته‌شدا وێنه‌یه‌کی (ژه‌نه‌رالی پایز) که‌ کاریگه‌ری زۆری شیعره‌کانیم له‌ سه‌ر بوو جێگای وێنه‌که‌ی سه‌رۆکی گرته‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ دایکم زۆر دڵگران بوو به‌و کاره‌م به‌لام دڵنه‌وایم کرد و وێنه‌که‌م به‌ڕێزه‌وه‌ ته‌سلیمکرد ، به‌ڵام دایکم زوزو لێی ده‌پرسیم ئه‌م پیاوه‌ موو سپیه‌ کێیه‌ که‌ ئه‌وه‌نده‌ کاریگه‌ری هه‌یه‌ له‌ سه‌ر من و وێنه‌که‌ی سه‌رۆک لاده‌به‌م و  وێنه‌ی ئه‌و داده‌نێم، منیش تێمگه‌یاند که‌ هۆکاری داگرتنی وێنه‌که‌ هیچ مه‌به‌ستێکی نیه‌ جگه‌ له‌وه‌ی که‌ من هیچ که‌سێک به‌ کاریزما نازانم و هه‌ڵواسینی وێنه‌که‌ی (ژه‌نه‌ڕال)یش له‌ به‌ر شیعره‌ ناسکه‌کانێتی نه‌ک خودی خۆی،  ئیتر ئه‌و ئێواره‌ بوو به‌ یه‌که‌م ڕۆژی ئه‌و مێژووه‌ی که‌ سه‌رۆک له‌ ژیانی مندا نه‌ما و دنیایه‌کی ئازادی بێ سه‌رۆکم بۆ خۆم خولقاند له‌ ژوره‌که‌ی خۆمدا، دنیایه‌ک که‌ بێ ئه‌و کاریزمایانه‌ به‌ڕێمده‌کرد که‌ دایکم و کۆمه‌ڵگه‌ خولقاندبوونی و  منیش یه‌کێک بووم له‌ گیرۆده‌ بووه‌کانی ، دنیایه‌ک که‌ وێنه‌کانی سه‌رۆکم ته‌نیا له‌ ته‌له‌فزیۆنه‌کاندا ده‌بینی که‌ پیشانی ده‌دان، یان جار جارێک بۆ ئیش و کار ڕێم ده‌که‌وته‌ فه‌رمانگه‌یه‌کی میری و سوتفه‌م ده‌کرن، له‌و ڕۆژه‌وه‌ دنیایه‌کی بێ سه‌رۆکم بۆ خۆم خولقاند و ته‌نانه‌ت هه‌ندێک جار ئه‌وه‌نده‌ دێر وێنه‌ی سه‌رۆکم ده‌بینی که‌ له‌ کاتی بینیدا لێی ورد ده‌بوومه‌وه‌ تا بزانم سه‌رۆک چه‌ند چووه‌ته‌ ته‌مه‌نه‌وه‌ له‌ چاو ئه‌و ڕۆژه‌ی له‌ ژوڕه‌که‌ی مندا وه‌ری، ئیتر سه‌رۆک لای من مانایه‌کی تری ده‌به‌خشی و له‌ بری کاریزما و قسه‌ له‌ سه‌ر نه‌کراو هه‌ندێک جار له‌ دیدی مندا به‌ ڕیزه‌وه‌ خۆی ده‌نواند و هه‌ندێک جار جێگه‌ی به‌زه‌یی ده‌بوو، هه‌ندێک جاریش که‌ له‌ لێدوانێکی زویر ده‌بووم ئه‌گه‌ر له‌ شوێنێکشدا وێنه‌که‌یم ببینیایه‌ ڕوم لێ وه‌رده‌گێڕا و به‌ وێنه‌که‌یم ده‌وت که‌ ئه‌مڕۆ له‌ تۆ توڕه‌م و فیسار لێدوانت  به‌ دڵی من نه‌بووه‌، ئیتر له‌و ڕۆژه‌وه‌ من و سه‌رۆک له‌ به‌رگی کۆیله‌ و سه‌ردار هاتینه‌ ده‌ره‌وه‌ و هه‌رکه‌سێکمان و ڕیگه‌ی خۆمان گرته‌ به‌ر و هه‌ندێک شه‌و بۆ چه‌ند چرکه‌یه‌ک له‌ شاشه‌ی ته له‌ فزیۆنێکدا یه‌کترمان ده‌بینی و به‌س .

       سالار جاف

Previous
Next

Leave a Reply