Skip to Content

Thursday, December 3rd, 2020

پرسی کوردو TRT6….رێناس جاف

Be First!
by January 2, 2009 گشتی

 پرسی کورد و  T.R.T 6
    ڕێناس جاف

 renascaf@yahoo.com
 
 بێگومان هه‌موومان ده‌زانین له‌ سه‌رده‌می شۆڕشی زانیاری و ته‌کنۆلۆژیدا ،مێدیا  به‌  کۆڵه‌که‌ی چواره‌می  دێمۆکراسی داده‌نرێ و ئه‌مڕۆکه‌ یه‌کێکه‌ له‌ کاراترین چه‌که‌کانی ده‌س ده‌وڵه‌تان و تا دێ هه‌مه‌ ڕه‌نگی و فره‌ ده‌نگی به‌ خۆوه‌ ده‌بینێ و ده‌وڵه‌تان ناچارن بۆ ڕێزنان له‌ مافی جه‌ماوه‌ری خۆ  یان به‌ واتایه‌کی دی به‌ مه‌به‌ستی به‌ره‌و پێشه‌وه‌ بردنی سیاسه‌ت و ئامانجه‌کانیان، چه‌کی مێدیا ده‌کار بێنن.
 دیاره‌ ئه‌م پرسه‌ له‌ وڵاتانی جیهانی پێشکه‌وتوو و جیهانی سێیه‌م دا که‌ زۆربه‌یان خاوه‌نی سیسته‌مێکی ده‌سته‌ڵاتی ناوه‌ندی یا‌ن هه‌مان سیسته‌می تاک ڕۆیانه‌ و  ملهوڕین ،تۆفیر ده‌کات‌ و ناکرێ به‌ چاوێک سه‌یری پرسه‌که‌ بکرێ.
 لێره‌دا تاوتوێکردن و ڕاڤه‌ی ئه‌م پرسه مه‌به‌ستی نووسینه‌که‌ی من نییه‌، هه‌ر بۆیه‌ نامه‌وێ  زێتر نووسینه‌که‌ به‌و ئاقاره‌دا ببه‌م. ‌
 
 سه‌ره‌نجام پاش په‌خشی تێست ،که‌ناڵی “T.R.T 6″،په‌خش و وه‌شانی ئاسایی خۆی به‌ زمانی کوردی ده‌س‌ پێکرد .
 سه‌رده‌م ،سه‌رده‌می وشیاری و  ئه‌قڵانییه‌ته‌ و ئه‌و گه‌ل و نه‌ته‌وه‌ی بتوانێ  ئه‌م چه‌که‌ کارایه‌ باش ده‌کار بێنێ ،سه‌رکه‌وتووتر ده‌بێت.
 ڕۆژانێکه‌ ڕه‌شبینییه‌کی سه‌یر لای  ئالییه‌کی کوردان به‌رامبه‌ر کرانه‌وه‌ی ئه‌م که‌ناڵه‌ دروس بووه‌ و  به‌ چاوێکی به‌دگومانییه‌وه‌ سه‌یری ده‌که‌ن.
 ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی تورک له‌ لایه‌که‌وه‌ له‌ بن گوشاری هه‌مه‌لایه‌نه‌ی یه‌کێتی ئه‌ورووپا و بۆ خۆ به‌ ده‌وڵه‌تێکی خودان دێمۆکراسییه‌ت خستنه‌ پێش چاوان  و له‌و لاشه‌وه‌  بۆ   که‌مکردنه‌وه‌ی کارتێکه‌ری  و کپ کردنی ده‌نگی زوڵاڵی  مێدیای کوردی خاسما که‌ناڵێکی وه‌ک  “ڕۆژ تێ ڤێ” و په‌ی بردن به‌ کاریگه‌ریه‌تی  په‌یامی مێدیا  له‌ ڕه‌وشێکی هه‌ره‌ هه‌ستیاری میناک ئێستادا دێ و که‌ناڵێکی کوردی داده‌نێ،هیچ گومانی تێدا نییه‌ .
 
 ئه‌م پرسه‌ ساڵی 1324 ی هه‌تاوی (1946 زایینی)م  بیر ده‌خاته‌وه‌ که‌ له‌ گه‌رماو گه‌رمی بزووتنه‌وه‌ و  خه‌باتی  کوردی ڕۆژهه‌ڵات دا و ماوه‌یه‌ک دوای ڕاگه‌یندرانی کۆماری کوردستان  و هه‌ڵکرانی ئاڵای کۆمار له‌ مه‌یدانی چوارچرای شاری مه‌هاباد به‌ ڕابه‌رایه‌تی پێشه‌وای نه‌مر ،ڕژێمی حه‌مه‌ڕه‌زا شای گۆڕ به‌گۆڕ   به‌لای خۆیه‌وه‌ بۆ کپ کردن و به‌رپه‌رچ دانه‌وه‌ و شێواندنی سیمای کۆمار ،ڕۆژی سێی سه‌رماوه‌زی هه‌مان ساڵ ،( 1324 )ی هه‌تاوی، ڕادیۆی کوردی تارانی  دانا.
 ئه‌و  ڕادیۆ سه‌ره‌تا  له‌ حه‌وته‌دا دوو ڕۆژ و هه‌ر جاره‌ش  بۆ ماوه‌ی چاره‌کێک به‌رنامه‌ی به‌ زمانی کوردی بڵاو ده‌کرده‌وه‌.
 ڕاس هه‌ر له‌و سه‌رده‌مه‌یدا  مرۆی کورد  له‌به‌ر فێربوون و خوێندنه‌وه‌ی ڕووپه‌ڕێکی کوردی، تووشی ده‌ربه‌ده‌ری و گیران و به‌ ده‌یان کێشه‌ی دی ده‌هات.
 به‌ڵام با بزانین ئایا دواتر ڕادیۆ کوردی تاران و پاشان کرماشان، هه‌مان شت ده‌رچوو که‌ ڕژێم ده‌یه‌ویست؟
 ئایا ئه‌وانه‌ی هه‌ڵسووڕێنه‌ری ئه‌و ڕادیۆ بوون،  هه‌موو گوێ له‌ مستی ڕژێم و خاین به‌ ئارمانجی گه‌ل بوون، یان  به‌ پێچه‌وانه‌وه‌  گیانیان به‌ وه‌ر په‌یڤ و ووشه‌ی کوردی دا ده‌کرد ؟!
 ئه‌وانه‌ی خوێندنه‌وه‌یه‌کی ڕاس بینانه‌یان بۆ دونیای مێدیای بیستیاری کوردی هه‌یه‌  یان  ئه‌و به‌ره‌ی  بۆ خۆ گوێبیستی به‌رنامه‌کانی  ڕادیۆ کوردی تاران و کرماشان بووه‌  و  هه‌رده‌م ئینتیتزاری ئه‌وه‌ی کردووه‌ داخۆ کاتی بڵاوبوونه‌وه‌ی  به‌رنامه‌کانی  ئه‌و ڕادیۆ  که‌ی  بێت، هه‌مووان بێ سێ و دوو دان به‌و ڕاستییه‌دا ده‌نێن  ئه‌م ڕادیۆ  دواتر بۆته‌ قوتابخانه‌یه‌ک بۆ هه‌موو کوردان و تا به‌ دووره‌ ده‌ست ترین شوێنه‌کان ، گوێگر و هۆگری هه‌بووه‌.
 
 با به‌ هێنانه‌وه‌ی نموونه‌یه‌ک  جوانتر پرسه‌که‌تان بۆ ڕوون بکه‌مه‌وه‌.
 یه‌ک له‌و دڵسۆزانه‌ی ساڵه‌ها له‌م ڕادیۆدا مژولی خه‌به‌تن و کارکردن بووه‌ ،ده‌یگێڕایه‌وه‌ ڕۆژێک  به‌ هه‌ڵکه‌وت ‌ کوردێکی باکووری کوردستانم بینی،هه‌رکه‌ زانی  ساڵانێک له‌ ڕادیۆ کوردی کرماشاندا ده‌ورم بینیوه‌ و کارم کردووه‌،ده‌ستی کرد به‌ فرمێسک هه‌ڵوه‌راندن و یاده‌وه‌رییه‌کی بۆ گێڕامه‌وه‌.
 ئه‌یوت  ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی به‌رنامه‌ به‌ زمانی کوردی له‌ ڕادیۆی کرماشانه‌وه‌ بڵاو ده‌بووه‌وه‌ باوکم  بانگی ده‌کردین و له‌ ژوورێکی ماڵه‌وه‌ کۆی ده‌کردینه‌وه‌ و  ده‌یگوت ڕۆڵه‌ وه‌رن دانیشن ئه‌و ڕادیۆ به‌ زمانی ئێوه‌ قسان ده‌کات.وه‌رن گوێی بۆ ڕادێرن با زمانی خۆ له‌ بیر نه‌که‌ن.
  
 
 له‌ سه‌رده‌مێکدا ده‌وڵه‌تانی سه‌رده‌ستی کورد، سێبه‌ری ووشه‌ی کوردیان داوه‌ته‌ به‌ر گولله‌ی خۆ و  به‌ ده‌یان و بگره‌ سه‌دان مرۆی نیشتمانپه‌روه‌ری کورد ته‌نێ به‌ تاوانی ڕاگرتنی کتێبێکی کوردی  له‌ ماڵه‌وه‌ تووشی پیسترین ئازار و ئه‌شکه‌نجه‌ هاتوون،ئه‌و ڕادیۆ به‌ بڵاوکردنه‌وه‌ی شێعری شاعیرانی کورد و  به‌ ده‌یان به‌رنامه‌ی به‌ پێزی ئه‌ده‌بیی و چاندی و مێژوویی له‌ سه‌ر تۆره‌ و وێژه‌ و چاند و دیرۆکی  کورد،  هه‌ستی کوردایه‌تی له‌ نێو  جه‌ماوه‌ر دا زیندوو ڕاگرتووه‌ و به‌رامبه‌ر مێژووی خۆ وریای کردونه‌ته‌وه‌ و له‌ خه‌ونی بێخه‌به‌ری ڕایچه‌ڵه‌کاندوون‌.
 مێژوو باشترین به‌ڵگه‌ و شایه‌ته‌ بۆ سه‌لماندنی ئه‌م قسه‌.
 من بۆ خۆ که‌ ئاوڕ له‌ چالاکی ئه‌و ڕادیۆ و هه‌ڵسووڕێنه‌رانی ده‌ده‌مه‌وه‌،   به‌و ده‌ره‌نجامه‌ ده‌گه‌م که‌ به‌ بوونی ده‌یان که‌سایه‌تی میناک سواره‌ی ئێلخانی زاده‌،مه‌لا جه‌میلی ڕۆژبه‌یانی،خه‌سره‌و خانی شێخکانلوو ،دوکتۆر سه‌دیقی موفتی زاده‌،سه‌ی تایه‌ری هاشمی ،هه‌ژاری موکریانی،مه‌لا محه‌ممه‌دی ڕه‌بیعی و هتد ،ئه‌و ڕادیۆ بۆته‌ ده‌نگی ڕاستینه‌ی کوردان و زارۆکی کوردی فێری ووشه‌ی ڕه‌سه‌نی کوردی کردووه‌.
 کارنامه‌ی ئه‌و ڕادیۆ ئه‌وه‌نده‌ گه‌ش و ڕوونه‌ هێشتا به‌ سه‌دان که‌ست پێ شک دێ  بۆ خۆ دان به‌وه‌دا ده‌نێن له‌و فێرگه‌وه‌   فێره‌ زمانی کوردی بوونه‌ و زمانی شیرینی ڕادیۆ به‌ره‌و  کوردایه‌تییه‌کی پاکی بردوون.
 مێژووه‌که‌ هه‌ندێ نزیکتر ده‌که‌ینه‌وه‌ و ئه‌گه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ ساڵانی  پاش سه‌رکه‌وتنی شۆڕشی گه‌لانی ئێران.
 ڕژێمی ئیسلامیی تاران به‌ هه‌مه‌ چه‌شنه‌ هه‌وڵی قڕکردن و قه‌ڵاچۆی کوردی ڕۆژهه‌ڵاتی دا و له‌و پێناوه‌شدا پڕۆپاگه‌نده‌یه‌کی زۆری خسته‌ ڕێ و ڕه‌ش بینییه‌کی توند و ناحه‌قی به‌رامبه‌ر کورد له‌ سه‌رانسه‌ری ئێراندا دروس کرد.که‌چی هیچ کامه‌ له‌و پیلانانه‌ کاریگه‌ر نه‌بوون و ئه‌مجار ڕژێم هه‌ستا  به‌ ده‌ستی خۆی به‌ردی بناغه‌ و بنه‌ڕه‌تی ناوه‌ندێکی کوردی دانا که‌ هه‌ر زۆر زوو بوو به‌ باشترین بنکه‌ی ڕووناکبیری بۆ کوردی ڕۆژهه‌ڵات و به‌ره‌یه‌کی وریا و چاوکراوه‌ی  بارهێنا که‌ ئه‌مڕۆکه‌ خودی حیزبه‌ کوردییه‌کان دان به‌ پێشڕه‌وبوونیدا ده‌نێن.
 هه‌ر ئه‌و ڕۆژانه‌ ئه‌و ده‌مه‌ی شاعیری نیشتمانپه‌روه‌ر و گه‌وره‌ی کورد “مام هێمن “وازی له‌ خه‌باتی شاخ هێنا و گه‌ڕایه‌وه‌ باوه‌شی گه‌ل ،له‌ لایه‌ن خودی پارته‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستانه‌وه‌ گه‌لێ تۆمه‌تی ناڕه‌وا ڕه‌وانه‌ی مام هێمن کرا و به‌ جاش و خۆفرۆش و خاین  ناودێر کرا به‌ڵام مێژوو سه‌لماندی ئه‌وان تا چه‌نده‌ له‌ هه‌ڵه‌دا بوون و  “مام هێمن  “توانی بزووتنه‌وه‌یه‌کی ئه‌وتۆ له‌ ناوخۆوه‌ بخاته‌ ڕێ ئیدی بێده‌نگ کردن و کپ کردنی  نه‌ک هه‌ر زه‌حمه‌ت بگره‌ مه‌حاڵه‌.
 بۆیه‌ کورد پێویسته‌ به‌ چاوێکی وردبینانه‌ و ڕوونه‌وه‌ سه‌یری ڕووداوه‌کان بکات و ده‌سبه‌رداری به‌ردگرتنه‌ خۆ بێت.
 
 ئێمه‌ی کورد پێویسته‌ ته‌نێ به‌ هه‌ستێکی ڕووته‌وه‌ سه‌یری ڕووداه‌کانی دونیای چوارته‌نیشتمان نه‌که‌ین و له‌سه‌رمانه‌ سه‌رده‌میانه‌ ڕاڤه‌ی بویه‌ره‌کان بکه‌ین.
 ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی تورک پاش ئه‌و هه‌موو سووکایه‌تییه‌ی به‌ کوردی باکووری کردووه‌ و ده‌یان و سه‌دان  ناو و ناتۆره‌ی بۆ ساز کردووه‌  و ته‌نانه‌ت ئاماده‌ نه‌بووه‌ دان به‌ بوونی ئه‌تنێکی دی له‌ تورکیادا جگه‌ له‌ تورک بنێ و ڕۆژگارێکی دوور و درێژ کوردی له‌ ئاسایی ترین مافی ئینسانی بێبه‌ش کردووه‌،ڕاستییه‌کی تاڵی مێژووه‌ و هه‌موومان لێی ئاگادارین.
 که‌چی هه‌نووکه‌ هه‌ر ئه‌و که‌مالیستییانه‌ دێن و  که‌ناڵێکی دوانزه‌ کاتژمێره‌ به‌ زمانی کوردی داده‌نێن، ئه‌مه‌ شه‌قی زه‌مانه‌یه‌ و به‌وانی ده‌کات و چه‌شنێک چۆک دانیان به‌رامبه‌ر دۆزی کوردی باکووره‌ و ده‌بێ به‌ چاوێکی وردبینانه‌وه‌ سه‌یر بکرێ.
 ده‌وڵه‌تێک ڕۆژگارێکی دوور و درێژ، هه‌وڵی له‌ خۆنامۆکردن و تواندنه‌وه‌ی ئه‌و گه‌له‌ی دا و ته‌نانه‌ت به‌ هه‌زاران مرۆی پاکی ته‌نیا له‌به‌ر په‌یڤێکی  کوردی له‌ ناو برد،وه‌ره‌ و ببینه‌ ئێستا چلۆن ته‌نانه‌ت ده‌سته‌و داوێنی پێشمه‌رگه‌یه‌کی دێرینی وه‌ک “شڤانپه‌روه‌ر” ده‌بێ و داوای هاریکاریکردنی لێ ده‌کات.
 سیاسی کورد ئه‌مڕۆکه‌ ئیدی نابێ ترسی ئه‌وه‌ی لا دروس بێت  ده‌وڵه‌تانی وه‌ک ده‌وڵه‌تی تورک توانای پاکتاوی کوردیان هه‌بێت.
 ئیدی ئه‌و سه‌رده‌م و زه‌مه‌نه‌ ڕابورد و به‌خته‌وه‌رانه‌ ئێستێ ده‌نگی کورد  به‌ دووره‌ده‌ست ترین شوێنی گه‌ردوون ده‌گات.
 به‌ڵام دوژمن دیاره‌ قه‌ت ده‌سبه‌رداری پیلان و ئاژاوه‌گێڕی نابێت و ئه‌وه‌ی پێی بکرێ و له‌ ده‌ستی بێت،هه‌وڵی بۆ ده‌دات.
 شێواندنی  مێژوو و کولتوور  و دروستکردنی بشێوی له‌ زمان و ده‌یان فرت و فێڵی دی  له‌ نموونه‌ هه‌ره‌ ڕوونه‌کانی لای دوژمنانی کوردن گه‌ره‌ک  گه‌لی کورد و ڕووناکبیر و سیاسی کورد ژیرانه‌ به‌رامبه‌ر به‌و پرسانه‌ بجووڵێنه‌وه‌.
 به‌ سه‌د داخ و که‌سه‌ره‌وه‌ هێشتا خۆخۆری گه‌وره‌ترین په‌تای گیانی ئێمه‌ی کورده‌ و پێویسته‌ هه‌وڵی بنبڕکردنی بده‌ین و چیدی خۆ به‌ پرسی لاوکییه‌وه‌ سه‌رقاڵ نه‌که‌ین.
 من ناڵێم جاش و خۆفرۆشمان تێدا نییه‌ ،به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ به‌ درێژایی دیرۆک کورد هه‌ر له‌و ئالییه‌وه‌ زیانی گه‌وره‌ و ماڵکاوکه‌ری بینیوه‌ و هه‌ڵدانه‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌کانی مێژوو ئه‌و ڕاستییه‌ تاڵه‌مان پێش چاو ده‌خات.
 به‌ڵام تا کاتێ واقیعخوازانه‌ و به‌ ڕوانین و نیگای سه‌رده‌میانه‌ چاو له‌ دونیای ده‌ور و به‌رمان نه‌که‌ین به‌رده‌وام هه‌ر به‌و په‌ڕته‌وازییه‌وه‌ ده‌ناڵێنین.
 بۆیه‌ ئه‌رکی سه‌رشانی هه‌موو تاکێکی ئێستای کورده‌ له‌و پێناوه‌دا وریایانه‌ و ژیرانه‌ هه‌نگاو هه‌ڵگرێ و تۆزێ چاوی، سبه‌ی و دووسبه‌ی گه‌شیش ببینێ.‌
 بۆیه‌ ده‌ڵێم ده‌نگ و سیمای نوێی کوردی گه‌ر له‌ لایه‌ن دوژمنیش بخرێته‌ کار و دانرێ،هه‌نگاو له‌ چاره‌سه‌ری دۆزه‌ ڕه‌واکه‌ی گه‌له‌که‌مان نزیک ترمان ده‌کاته‌وه‌ و سه‌ره‌نجام ده‌بێته‌ پردێکی پێوه‌ندی له‌ نێوان کوردی هه‌موو پارچه‌کانی له‌ت له‌تکراوی کوردستانی مه‌زن.
 بیری پێشکه‌وتنخوازانه‌ی کورد  هه‌رده‌م ڕووی له‌ ئاسۆی گه‌شتر بێت
 
 
                                            تاران
 
                              12ی به‌فرانباری 2708 ی کوردی
 

Previous
Next

Leave a Reply