Skip to Content

Monday, September 21st, 2020

پرۆسەى نووسین بەكارهێنانى تریاكە

Be First!
by August 7, 2008 گشتی

 
 
  
 ئافراندنى تێكستى ئەدەبی مەزن لە دەرەنجامى كۆششێكى لێوان لێو لە خوێندنەوە و رامانە ,بە ئەندازەى ئەو ساتە ئازاراوییە جەستەییە كە نووسەرى تێدا دەژى جۆرێك  ئاسوودەیى رۆحى لە پشتەوە خۆى پەنهان كردووە, ئەگەر كێشانى  ماتریاڵە هۆشبەرەكان پەیوەندییەكى هەماهەنگى هەبێت و هەبووبێت بە نووسەرە جیهانییەكانەوە لەسەدەكانى رابوردوودا ,هەنووكەش كاریگەرى ئەو پەیوەندییە بە شێوەیەكى دى ماوە .
 خودى نووسین جۆرێكە لە خوو (موعتادبوون)  وەك بەكارهێنەرانى ماتریاڵە هۆشبەرەكان , وەلێ بە ستایڵ وفۆرمى جودا,ئەگەر كەسی نوسەر بەرێگاى نووسیندا گوزەر بكات و ببێتە رۆشنبیرێك بەمانا جدییەكەى , هەرگیزاو هەرگیز ناتوانێت فەرامۆشیی نووسین بكات لە ژیانیدا تەنانەت لەپاش مەرگیشی بوونى كاردانەوەى كاریگەرى ئەو نووسینانە لەپاش خودى نووسەر لاى خوێنەرەكان دەمێنێت , یان بەمانایەكى دى بەردەوام بوونى نووسەر لە نووسین لەتەك تەمەن و ژیانیدا بەردەوام دەبێت ,وەلێ كەسى بەكارهێنى ماتریاڵە هۆشبەرەكان بەهاوكارى خودى خۆیان و كەسانى پسپۆر لەو بوارەدا دەتوانن تا ئەندازەیەكى باش سادە ببنەوە لەو كارانەى دەیكەن لە ژیاندا و دەستى لێ هەڵبگرن, ئەوەى كە بەكارهێنەرانى ماتریاڵە هۆشبەرەكان لە ئافرێنەرانى نووسین جودا دەكاتەوە ئەو فەرامۆش كردنەیە كە لە نووسیندا بوونى نییە و لاى كەسانى هۆشبەر بوونى هەیە.
 بێدەنگ بوونى نووسەر بۆ ماوەیەكى زۆر كارێكى ئەستەمە و ئەشێ خود كۆمەك كردن بێت لە رێگاى رامان و خویندنەوە, كە پێویست بێت بۆ  بڵاوكردنەوە و نووسینەوەى چۆڕاوگەى ئەو ساتانە, هەندێ سات ئەم  بێدەنگییە بەئەندازەى بەكارنەهێنانى ماتریاڵە هۆشبەرەكان پێویستى بە ئارامگرتنە , میّژوو تەژیە لەو داهێنەرانەى كە ئارەزوویان كردووە بۆ ماوەیەك نەنووسن وەلێ تواناى ئەوەیان نەبووە نووسین فەرامۆش بكەن لەهۆكارى ئەو پرۆسەیەوە تێكستى مردوو بەرهەم هاتووە بەهۆى دەوڵەمەند نەكردنى هزرى نووسەر بە رامان و خوێندنەوە .
 ئەو لێكچوونەى كە لە نێوان نووسەران و كەسانى هۆشبەر هاوبەشە خود جودا كردنەوەیە لە كۆمەڵگە لەساتى نووسین و بەكارهێنانى كە سرووتێكى تەنیایی پێویستە,ئەگەر كەسى بەكارهێنەرى هۆشبەر رەهەندێكى مرۆیى لە پشتەوە بێت و كاریگەرى نێگەتیڤى بۆ كەسانى پاش خۆى هەبێت ,پرۆسەى نووسین لاى خودى نووسەر بۆ قەشەنگتر كردنى ژیان و گەڕانەوەى رێزو خۆشەویستى نێوان مرۆڤەكانى مەبەستە بەدەر لە نووسەرانى ئایدیۆلۆژیست كە هەمیشە مەبەستێكى تایبەتیان هەیە لە نووسینەكانیاندا بۆ بەرژەوەندى و خود خۆشویستن , ئەم رەهەندە پنتێكى جودایە لە بەكارهێنەرانى ماتریاڵە هۆشبەركان.
 مەبەستى سەرەكیم لە چوواندنى نووسەر بەرابەر بە كەسانى بەكارهێنەرانى ماتریاڵە هۆشبەرەكان تەنیا لەو روانگەوەیە كە رەهەندگەلێكى هاوبەش بەیەكیان دەبەستێتەوە لە ساتى بەكارهێنان و بەردەوام بوونێكى رەها ,هەرگیز مەبەستم لە كەم كردنەوەى بەهاى نووسەر نییە بە مانا ئەدەبییەكەى وەلێ ناكرێت فەرامۆشی نووسەرە سادەنووسەكان بكەین تەنیا خۆ ماندووكردنێكى بێهودە و هیچى دى لە پشت ئافراندنەكانیانەوە نییە, وەنەبێت تەنیا لەهەرێمى كوردستاندا كەسانى بەناو رۆشنبیر و نووسەر پەیدابوونە شانازى بەخودى خۆیان و تێكستە سادەكانیانەوە دەكەن,رۆژهەڵاتى نێوەڕاست و بەشێكى زۆریشى لە ئەورۆپا ئەمریكایش گرتووەتەوە , وەلێ بەئەندازەیكى كەمتر لە هەرێمى كوردستان .
 ساڵانە بەدەیان وسەدان ڤێستیڤاڵ و كۆڕى ئەدەبی و دیالۆكى نێوان كولتوورەكان لە سەرجەم وڵاتانى جیهان دەكرێت كەچى نەبوونى تێكستى وەرگێڕدراوى كوردى و بەشدارنەبوونى نووسەرانى كوردو نائامادەگى ئەدەبی كوردى لە مەرگى كولتوور و رۆشنبیری و ئەدەبیمان نزیك دەكاتەوە , یان بەمانایەكى دى بەجیهان نەناساندنى ئەدەبی كوردى وەك ئەوەى كەهەیەو بووە تەنیا لە نێوان خودى شارەكانى خۆماندا گوزەر دەكات و تەنیا خۆمان نووسینەكانى خۆمان دەخوێنیینەوە ,هەروەك چۆن ئارەزوومانە تێكستە جیهانییەكان و نووسەرە ناودارەكانى جیهان بخوێنینەوە ئەركى هەموو وەرگیرَِێكى بە ئەزموونە ئیش لەسەر وەرگێڕانى تێكستى زیندوو بكات و هەوڵى نزیك كردنەوەى نێوان كولتوورەكان بدەین ,دەتوانین نووسەرانى كورد وا پێناسە بكەین تەنیا بۆخۆیان دەنووسن و لەسەر ئاستى جیهان بوونیان نییە.
 تەنیا خودى نووسەر و  وەرگێر بەرپرسیار نییە لەم كارەساتە ئەدەبییە, وەلێ حكومەتیش بەشێكى گەورەى ئەو بەرپرسیارییەتەى دەكەوێتە ئەستۆ كە دەتوانێت گرینگى بە ئەدەب و رۆشنبیریش بدات بۆ ناساندنى بە كولتوورەكانى  دى.
 
 
 
 omerjelal@yahoo.com
 

Previous
Next

Leave a Reply