Skip to Content

Sunday, January 24th, 2021

پرۆسەی ئاشتی لەنێوان پۆست ئیسلامیزمی ئەردۆگان و …

Be First!
by April 9, 2013 گشتی

 

پرۆسەی ئاشتی لەنێوان پۆست ئیسلامیزمی ئەردۆگان و
 پۆست ناسیۆنالیزمی ئۆجەلاندا

 

 

 

بیناکردنی دەوڵەتی نەتەوە، ئەو مۆتەکەیەی کە لەزۆربەی وڵاتانی دونیا توانیویەتی گەل و ڕەگەزە ژێردەستەکان لەناو هەناوەکانی خۆیدا بهاڕێت و زمان و کولتوری گەلی سەردەستیان بەسەردا بسەپێنێت. دوای دابەشبوونی کورد بەسەر چوار وڵاتی جیاوازدا، گەلانی سەردەستی ئەو چواروڵاتە بەبێ وچان هەوڵی تاواندنەوەی کوردیان لەناو هەناوی دەولەتی نەتەوەیی خۆیاندا داوە، ئەو دەولەتانەی کە لەسەر بنەمای ناسنانمەی گەلی سەردەست دامەزراون، یەکێك لەوانەش دەوڵەتی تورکیایە. تورکیا لەلایەن کۆمەڵە گەنجێکی سەرباز، بە ڕێبەری سەرکردەی تورك ئەتاتورك لە ١٩٢٤ دامەزرا و ناوی تورکیا واتە “وڵاتی تورك”یان بەسەر ئەو وڵاتە نوێیەدا دابڕی.

دوای ٦٠ ساڵ لە تورکاندن و کوشتن و گرتن و ڕاوەدوونان و ڕاگواستن و سڕینەوە و تاواندنەوەی گەلی کورد، ژمارەیەك خوێندکاری کوردی هەڵگری بیری چەپخوازی، بە ڕێبەرایەتی ئۆجەلان، لە ساڵی ١٩٨٤دا تۆزی نیشتووی شەست ساڵیان لەسەر شان و باڵی خۆیان داکوتی و بڕیاری ڕوبەڕووبوونەوەیەکی خوێناوی ئەو دەولەتەیان دا کە دەیەویست تورکیا بکاتە دەوڵەتێکی پان تورکی، یەك نەتەوە، یەك زمان، یەك ئاڵا. دەوڵەتی تورکیا هەموو ئامرازە سیاسی و سەربازی و ئابووریەکانی ئەو دەولەتەی بۆ لەناوبردنی بزووتنەوەی کورد، بەپشتیوانی ولاتانی ئەندام لەناتۆ، تەرخان کرد. بەمانایەکی دی، بزووتنەوەی کورد کەوتە جەنگێکی خوێناوی لەگەڵ دەولەتێکی بەهێزی سەربازی ئەندامی ناتۆی وەکو تورکیا و بە پشتیوانی تەواوی ڕۆژئاوا، بەڵام نەیانتوانی ویست و خواستی ئەو گەلە و بزووتنەوەکەی لەبار بەرن و بیوەستێنن. هەردوو لا توانیان گەورەترین گورزی سەربازی لەیەك دی بوەشێنن، زۆرترین زیانی گیانی و ماددی بەیەکدی بگەیەنن. لەپاڵ ئەوەشدا دەولەتی تورکیا لەدووتوێی سووربوون لەسەر ئینکارکردنی کورد، ژیانی لە گەلی کورد کرد بە دۆزەخ، بەبێ سڵکردنەوە لە کوشتنی ڕێکخراو، شوێنبزرکردن، ڕاگواستن، سڕینەوەی ناسنامە و سزادان لەسەر درکاندنی یەك وشەی زمانی کوردی.

هەرچەندە دەولەتی تورکیا لەسەر بنەمای لایسيتێ دامەزرا، کە دڕترین جۆری سەکولاریزمە لەئاست بیروباوەڕی ئاینی، بەهەمان ئەندازەی بیناکردنی دڕترین جۆری دەوڵەتی نەتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەم سیستمە نەك هەر نەیتوانی لە سەپاندنی شەپقەی خۆرئاوایی سەرکەوتن بەدەست بێنێت، بەڵکو نەشیتوانی خەڵكی تورکیا لە ناسنامەی ئاینی داببڕێت و موسوڵمانەکان بە چەندین قۆناغی توندونەرمدا تێپەڕیون بۆ مانەوەیان بە موسوڵمان و دانەبڕانیان لە بیروباوەڕەکانیان. ئەوەی جێی ئاماژەیە ئەوەیە کە ئەتاتۆرك و گەنجە تورکەکان لەدوو شتدا سەرکەوتنیان بەدەست هێنا، یەکەمیان بەیەکەوە گرێدانی ناسنامەی تورکی و ئاینی، بەو مانایەی تورکێکی باش موسوڵمانێکی باشە، بۆیە تائێستاکەش خراپترین جوێن ئەوەیە بە تورکێك بڵێیت “کرسیتیان”. دووەمیشیان ئەوەبوو کە شۆفینیەتێکی وەهایان لەناخی تورکەکاندا چەسپاند لەئاست گەلی کورد، تا ئەو ئاستەی بەلای تورکەکانەوە “کوردێکی باش، کوردێکی مردووە”. ئەوەچش لەوەی کە بەکوردیان دەگوت “تورکی چیایی”. 

بەهۆی خەبات و ماندووبوونی زانای گەورە سەعیدی کوردی، فیکری ئیسلامی لە تورکیا بۆ تەنها ساتێکیش چاوی لێك نەناوە. لە سەرەتاکانی دروستبوونی ئەو دەولەتەدا شوێنکەوتووانی “پەیامەکانی نور”ی مەلا سەعیدی کوردی، کە دوایی بەهۆی قەدەغەبوونی ناوی “کوردی”، گۆڕا بۆ “سەعیدی نەورەسی”، پێنج ملیۆنی تێپەڕاندوون. فەتحوڵا گولەن لەسەر بنەمای پەیامەکانی نور بزووتنەوەکەی خۆی دامەرزاند و گەورەترین بزووتنەوەی ئاینی سۆفیزمی لە تورکیا پێکهێناوە، تا ئەو ئاستەی لەوانەیە سیاسیەکی تورکی نەبێت هەناسەیەکی پەیامەکانی نوری بەر نەکەوتبێت، لەڕێی هەزارەها بنکە و قوتابخانەی میللی نافەرمی لە تەواوی شار و شارۆچکە و لادێکانی دەولەتی تورکیا، تەنانەی ئۆجەلانیش فرچکی پەروەردەیی خۆی بە پەیامەکانی نورەوە گرتووە. لەو جەنجالیەی فیکری “پەیامەکانی نور”دا “نەجمەتین ئەربەکان” یەکەمین مانیفیستۆی خۆی لە ١٩٦٩و لەژێر ناوی “میللی گوروش”دا ڕاگەیاند و دواییش هەر لەسەر ئەو ناو و بنەمایەدا حیزبێکی ناوەرۆك ئیسلامی دامەزراند، بەبێ ئەوەی پاشگری ئیسلامی پێوە بێت، چونکە دەستوری تورکی ڕێگا بە دامەزراندنی هیچ حیزبێک لەسەر بنەمای ئاینی نادات.

ڕەجەب تەیب ئەردۆگان و عەبدوڵا گول، خوێندکاری دەستی ئەربەکان و هەڵگری تێروانینەکانی پەیامەکانی نورن. پەیامەکانی نور خۆیان لەوەدا مانیفێست دەکەن کە هەڵگری کاراکتەرە جوان و هێمن و ئاشتیەکانی سۆفیزم و لێکدانەوەی زانستیانەی دەقە دینیەکانن. ئەم بنەمایە وایکردووە کە نە سەلەفیزم و نەبیری کۆنسێرڤاتیزمی ئیسلامی ئیخوانی لە تورکیا نەتوانێت جێگای خۆی بکاتەوە. پەیامەکانی نور، سازترین بنەمای گرنگن بۆ بەجێهێشتنی ئیسلامی سیاسی تەقلیدی سەلەفی و ئیخوانی. ئیسلامێك کە لەگەڵ ڕۆحی تازەگەری و سەکولاریزم و کۆمەڵگای مەدەنیدا بێتەوە. ئەگەر فارسەکان بە شیعەگەری خۆیان لە عەرەب جیاکردبێتەوە، ئەوا تورکەکان بە پەیامەکانی نور توانیان ڕوخسارێکی شارستانی بدەنە ئاین و تا هەنوکەش هیچ مزگەوتێك و ناوەندێکی ئاینی تورکی نیە پەیامەکانی نوری تێدا نەخوێندرێن. بەڵام دووبارەی دەکەمەوە کە لەپاڵ ئەم پەیامانەشدا تورکیزم دیوێکی دیکەی ئەو ڕۆحەیە و وەکو خوێن و گۆشت تێکەڵی یەکدی کراون. بۆیە پەیامەکانی نور بەبێی تورکیزم نەیاندەتوانی دەوڵەتی تورکی بۆ تورکەکان پاوان بکات.

سەبارەت بە پەیوەندی گەلی کورد بە پەیامەکانی نورەوە، تا هەنوکەش بە سەدان هەزار کورد پەیوەندی خۆیان بەو پەیامانەوە نەپچڕاندووە. ئەو سوپا پەرلەمانتارە بە ڕەگەز کوردەی کە گرێدراوی حیزبەکەی داد و گەشەپێدانن لەو سەرچاوەیەوە هاتوون. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، ڕێژەیەکی زۆری کورد لەژێر چەتری پەیامەکانی نوری تورکێنراو دەرچوون و خۆیان لە بزووتنەوەی فەتحوڵا گولەن جیاکردەوە. ئەم گەورەییەش دەگەڕێتەوە بۆ “مەلا عیززەدین یەڵدرم”، کە لە سەرەتای حەفتاکان بەهۆی چالاکی کوردایەتیەوە بڕیاری دەستگیرکردنی دەردەکرێت، بەڵام دەتوانێت ڕابکات بۆ میسر و لەوێ شەریعەت لە زانکۆی ئەزهەر تەواو بکات، دوایی لە سەرەتای نەوەدەکاندا توانی بگەڕێتەوە تورکیا و یەکەم جیابوونەوە لە فەتحوڵا گولەن دەست پێ بکات. بە سەدان لاوی کورد لەگەڵ “عیززەددین یەڵدرم” دا، “وەقفی زەهرا”یان دامەزراند. ئەوان بەردەوام بوون لەسەر پەیامەکانی نور، بەڵام دوور لە فیکری تورانیزم و تورکایەتی. دەکرێت “وەقفی زەهرا” بە یەکەم دابڕانی فیکری کوردی لە تورکەکان دابنرێت. گۆڤاری مانگانەی”نوبیهار” کە تائێستاکەش بە زمانی کوردی بەردەوامە، یەکێك بوو لە بەرهەمەکانی “خوێندکارانی “وەقفی زەهرا. 

بەداخەوە دوای ئەوەی دەوڵەت زانی کە پەیامێكی کولتوری سیاسی لەپشت ئەو ڕێکخراوە ئایندیەدا کار دەکات، داڵدەی ئەو خوێندکارە کوردانە دەدات کە لە زانکۆکانی تورکیا بۆ خوێندن وەردەگیرێن، بەڵام بەهۆی تێچوونی شوێنی خەوتن و خواردن ناتوانن درێژە بە خوێندن بدەن، وەقفی زەهرا، خۆی لێ بەخاوەن دەکردن و جێگا و خواردنی بۆ سەدان خوێندکاری کوردی دابین دەکرد، تەنها لەبەرامبەر ئەوەی خوێندنەکەیان تەواو بکەن، کە بەدەیان خوێندکاری نزیك لە بزووتنەوەی کوردیش لەناو ئەو خوێندکارانەدا جێیان دەگرت. لە کۆتایی نەوەدەکاندا چەندین هەڵمەتی پشکنین و تاڵانکردن لەلایەن میت و قەرەقۆلی تورکیەوە بەشەناوخۆییەکانی سەر بە وەقفی زەهرای گرتەوە. تەنانەت کتێبخانە گەورەکەی “عیززەددین یەڵدرم”یش لەو تالانە ڕزگاری نەبوو و لەماوەی ساڵێکدا چەندین بەسەریان دادا و ئۆفیسەکەیان تالان کرد. بەداخەوە لە سەرەتای رەمەزانی ساڵی “٢٠٠٠”دا گورگە بۆرەکان، “عیززەددین یەڵدرم”یان لەگەڵ (١٨) کەسایەتی دیکەی گرنگی کورد، ڕفاندن و لە (١٩) رەمەزانی هەمان ساڵدا تەرمەکانیان بە شێوێنراوی فڕێدرانە سەر جاددەکانی ئەستەمبۆڵ و شارەکانی دیکەی تورکیا.

ڕاستە فیکر و تێڕوانینی بزووتنەوەی “داد و گەشەپێدان”ی ئەردۆگان لە قۆناغێکی پێشکەوتووی ئسیلامیزمدا دەولەتداری دەکات، بێ ئەوەی پەنا بۆ بنەماکانی شەریعەت ببات و پێگەکانی سەکولاریزم بهەژێنێت، بەڵام ئەوەش ڕاستە کە هەوڵ دەدات سەکولاریزم لە دڕندەیی مۆدێلی دژە ئاینی ئەتاتۆرك دابڕنێت و پێڕەوی لە سەکولاریزمێکی نەرم بکات بۆ ئەوەی جێگای سەرپۆش و سیمبۆڵە ئیسلامیەکانی تێدا ببێتەوە. ڕاستە کە فیکری دادوگەشەپێدان خەریکە سنوورە شۆفێنیەکان دەبڕێت و دەیەوێت تورکیا بخاتەوە سەر سیککەیەکی هەڵگری سیمای ئیسلامی بەگرێدانەوەی بە بنەماکانی مۆدێرنە و ئابووری ئازاد، بۆ ئەوەی هەموو هاوڵاتیانی تورکیا بتوانن بەبێ جیاوازی ڕەگەزی بژین. بەڵام لەگەڵ مەترسیەکانی ئەو جۆرە مۆدێلەش، ئەم ڕاستیە لەخۆیەوە دروست نەبووە. ئەم ڕاستیە بەر لە هاتنی ئەردۆگان و هاوڕێکانی بۆ سەر دەستەلات، لە بازنەیەکی بیرلێنەکراوەدا دەگوزەرا. هەڵگرانی پەیامەکانی نور، بەقەد کاریگەریان بە نەرم و نیانی پەیامەکانی نور، هێندەش لەژێر کاریگەری تورکیزم و ئایدیۆلۆژیای “یەك نەتەوە و یەك زمان و یەك ئالادا” قنیاتیان دەکرد. بۆیە ئەو گۆڕانەی بەسەر ئەردۆگان و هەڤالانی دا دێت، زادەی گوزەرێکی گرنگ و ئەزموونێکی هەستیارە لە بەڕێوەبردنی دەستەڵات و ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ ئەو زەبروزەنگەی کە لەدژی کوردەکان پێڕەو دەکرا و دەکرێت، هەروەها لەگەڵ ئەو ڕکابەریانەی کە لەلایەن بزووتنەوەی کوردەوە ڕووبەڕووی ئەزمونەکەی ئەردۆگان دەبێتەوە.

ئیشکالیەتی گەورە لە بزووتنەوەی پۆست ئیسلامیزمی تورکیدا تائێستا لەوەدا کورت دەبێتەوە کە موسوڵمانەکان هەموو بران و هەمان ماف و ئەرکی وەکو یەکیان هەیە. بەڵام ئەم گوتارە گەردوونیە خاڵی نیە لە گەوجاندنێکی گەورە، چونکە ئەگەر دەوڵەت لەسەر بنەمایەکی نوێی هاوبەشی دانەمەزرێتەوە ئەم گوتارە گوزارش لە ئەقڵێکی سەردەستانەی تۆتالیتێرانە نەبێت لەهیچی دی ناکات، لە دەولەتێكدا کە بنەماکانی دامەزراندنی ئەو دەولەتە پێوەری شۆفێنی تاکلایەنەن، تەنانەت ناوی ئەو دەولەتە کە “تورکیا”یە ناوێکی یەک ڕەهەند و یەك ئاڕاستەیە و پێچەوانەی ئەو گوتارەیە. لە ئێستای پرۆسەی ئاشتیشدا، دەستپێشخەریەکە هێندە هی ئەردۆگان نیە، بەقەد ئەوەی کە هی ئۆجەلانە. داد و گەشەپیدان تا ئەو ساتەش هیچ هەنگاوێکی بەرەو ئاشتی نەناوە بێجگە لە قسەکردن لەوەی کە تورکیا دەگۆڕێت، بەڵام نازانین بەچ ئاقارێکدا دەگۆڕێت. ئەوان لەگەڵ دامەزرێنەری بزووتنەوەی کورد لە تورکیادا گفتوگۆ دەکەن، بەڵام نەك هەر دان بە بزووتنەوەکەیدا نانێن، بەڵکو دەیانەوێت بەبێ هەموو گرەنتیەك چەکەکانیان لە ناو خاکی خۆیاندا بەجێ بێڵن و بەرەو باشوور و خۆرئاوا بکشێنەوە. تێڕوانینی ئەوان تا ئێستا بۆ پرۆسەکە تێروانینێكی ئەمنی ڕووت و ئایندەیەکی تەواو ئاڵۆزە. بەڵام ئایا کورد هیچ بژاردەیەکی دی لەبەردەم دایە؟

بزووتنەوەی مەدەنی ژیاری خەڵکی کورد لە تورکیا، هەڵگری هەر پاشخانێكی فیکری بن، هەموویان لەیەك بازنەدا کۆدەبنەوە، ئەویش رەدکردنەوەی توانەوە و پەراوێز خستنە. ئەوان لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا توانیان فەرمانڕەوایەتی ئەردۆگان بخەنە ژێر فشارێکی گەورە و هەموو فەرمانە دەرەکیەکانی تایبەت بە ئیسلامەتی و مافی مرۆڤ و مرۆڤدۆستی بخەنە ژێر پرسیاری گەورە؟ جادە و شەقامەکانی تورکیایان کردوونەتە سەنگەری مەدەنی کراوە و ئامادە. ئەم گوڕوتینەی هاوڵاتیانی کورد لە تورکیا وای کردووە ئۆجەلان لە ئایندەی بزووتنەوەی نەتەوەکەی نەترسێت، ئایندەیەك کە دەیان بژاردەی هەمەجۆر دەخاتە بەردەم گەلی کورد لەپێناو بەدەستهێنانەوەی مافەکانیان. لێرەدا پەیامەکەی ئۆجەلان لەدایك دەبێت.

ڕاستە ئۆجەلان قۆناغی دەوڵەتی نەتەوە بەجێ دێڵێت، بەڵام هیچ دەستەواژەیەکی ئەوتۆش ناداتە دەست بەوەی کە ئەو بە فەرمانڕەوایەتی گەلی سەردەست بەو جۆرەی ئێستا ڕازیە. ڕاستە ئەو دەستپێشخەری بەئاشتی پێکەوە ژیان دەخاتە بەردەم نەتەوەکانی تورکیا، بەڵام ئەوەشی لەیاد نەچووە کە بڵێت “ئینکاری کردنی ئەسڵی ئێمە و باپیرانمان ئامانجی مودێرنیزم بوو ئەمەش هەڵوێستێکی نا ئینسانییە”. ئەمەش مانای وایە کە ئەو دەولەتە مۆدێرنە بەو جۆرەی ئێستای لە ڕەوشێکی نامرۆڤانەدا دەژیەت و دەبێت بگۆڕێت و قۆناغی مۆدێرنە بەجێ بێڵێت. بۆیە ئەو لە وتارەکەیدا دەڵێت “لە نزیکترین کاتتدا و لەچوارچێوەی ڕێکەوتنی نەتەوەیی (میساقی میللی)دا تورک و کورد لەژێر سایەی جەنگی ئازادی نەتەوەییدا بەشێوەیەکی زیاتر واقیعیانە ، تێکەڵییەکی زیاتر و ژیانێکی قوڵتر پێکەوە دەژین”. ئەمەش مانای وایە کە ئۆجەلان قۆناغی دەولەتی نەتەوە بەجێ دێڵێت، بەڵام لەسەر بنەمای میساقێك کە مافەکانی هەردوولا بپارێزرێن. ئایا ئەم خۆزگەیە لە دەوڵەتێکی فرەیی و دادوەریدا، پێکهاتەکان بتوانن خۆیان بەڕێوە ببەن، بێ ئەوەی کەس سەردەست و کەسیش ژێر دەست بێت، چاوی بە دونیای دوای مۆدێرنە و دوای ئیسلامیزم و دوای ناسیۆنالیزمدا هەڵدێت؟ ئەوەی لەبەرچاوە تائێستا وتارەکان وامان پێ دەڵێن. ئەردۆگان لە چوارچێوەی پارتێکدا کە هەموو گیانی پێچەوانەی بنەما دینیەکانە، بەڵام بەڕوخساری دینیەوە، باس لە دەوڵەتی هاوڵاتیان دەکات. ئۆجەلانیش لە  لە چوارچێوەی ژوورێکی دوو تا سێ مەتریدا باس لە دەوڵەتی دوای مۆدێرنە و هەموو نەتەوەکان دەکات و دەڵێت “لە سەردەمی شەڕی چەکەوە، دەرگا بەڕووی سیاسەتی دیموکراتیدا دەکرێتەوە”. 

ئەم ڕەوشەی ئێستا کە ئۆجەلان بە کردار و ئەردۆگان بە قسە دەستیان پێکردووە، چەند گرنگە هێندەش مەترسیدارە. سەردەستەکان بە درێژایی مێژووی ڕابردوویان بە فێڵ و تەڵەکەبازی مامەڵەیان لەگەڵ کورد و سەرکردەکانیدا کردووە. ئایا ئەم مێژووە جارێکی دی خۆی دووبارە ناکاتەوە؟ ئایندە مسۆگەری ئەم وەڵامە دەکات، بەڵام ئەوەی کە لەو نوسینەدا دەتوانین بەمسۆگەری قسەی لێ بکەین، خواستی بەردەوامی گەلە، ئەو بزووتنەوە مەدەنیەی کە لە چوارچێوەی “پارتی ئاشتی و دیموکراتی”دا پێشرەوی لە خەباتی مەدەنی کورد دەکات، دەتوانێت هەموو “پۆستەکان” بەچۆكدا بێنێت و گرەنتی پاراستنی مافەکانی خەڵكی کوردە بە سەربەرزی و سەروەری خۆیانەوە، بکات.

ئیبراهیم مەلازادە

 

 

تێبینی: ئەم بابەتە لە ژمارە ٤١٥ی رۆژنامەی چاودێر “ڕوانگە و ڕەخنە”دا بڵاوکراوەتەوە.

 

Previous
Next

Leave a Reply