Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
پرۆپۆزەڵى راكردن لە خۆم..!….توانا ئه‌مین

پرۆپۆزەڵى راكردن لە خۆم..!….توانا ئه‌مین

Closed
by November 29, 2008 ئەدەب

 پرۆپۆزەڵى راكردن لە خۆم..!
 توانا ئەمین

 بۆ باران..
 
 رۆژانە نۆ سەعات لەسەرخۆم نیم، چوار سەعات دەخوێنمەوەو سەعاتێكیش لەگەڵ (هەرمىَ) خۆم مەشغوڵ دەكەم، ئەوانى ترى خەوتووم، ئەمەوىَ گەر بۆم بلوىَ ئەزمونى (ئەسحابول كەهف) دووبارە بكەمەوە.. خەریكى مارساۆنێكم بە بەشدارى تەنیا خۆمو لەچەقى خۆمەوە بۆ دەرەوەى خۆم، هیوادارم یەكەم بم، دوعام بۆبكەن.. ئەمەوىَ رابكەم، نـــا لەشوێنى خۆما بچەقم، نەلەدواوەو نەلەپێشەوە نەڕوانم.. ئەمەوىَ هەر سەیرى هیچ بكەم.
 ماوەیەكە بەقەد هەڵماتێك لەپشتما خڕبووە، واهەستدەكەم خەریكم دەبم بە (قەمبورەكەى رۆتردام(یان نــا، دڕودۆنگو دەبەنگ وەك قەمبورەكەى ناو (پەیكەرى فەرهاد).. ئەمەوىَ خەتى تەلەفۆنەكەم دابخەم.. موبایلەكەم بخەمە ئاودەستى مزگەوتێكەوە.. ئیمیلەكەم قفڵبكەم.. كەس نەبینم.. كەس نەمبینىَ.. ئەمەوىَ ئیتر شەرابو زەیتون نەخۆم.. ئەمەوىَ نەچمە ساڵى نوێوە، هەر لەماڵەوە بەدیار داریوشەوە خۆم بخۆمەوەو ببم بە بابەعەمەرە.. شاخو توك دەربكەم.. بەیانییەك وەك مەسخى كافكا بەرووتى رابكەمە دەرەوە.
 بەبرادەرێكى شاعیر دەڵێم "لەوانەیە ئیتر شیعر بنوسم.. !!" پێشنیاردەكات هەمووشتىَ بكەمو ئەو قۆڕییاتە نەكەم، ئەڵێم "ئاخر.." خەریكە بتەقم.. نازانم چى بكەم.. رەنگە نیوەڕۆیەك لەپڕ زرمەبكەمو سىَ چوار نەفەرى گێژو وێژى دەوروبەرى خۆم بەرم بە ئاسمانا.
 بە مەسجێك دۆستایەتیم لەگەڵ قاچاخچییەكدا ئەبدێت دەكەمەوەو پرسیارى رێگاى لێدەكەم، لەوسەرەوە بە چەند پیتێكى خواروخێچ نوسویەتى "رێگا عەیبى نییە، بەدڵى خۆمانە.." رەنگە نەتانبینمەوە، خواحافیز.. ئەم ئاخر ماچوموچە.. ئەمەوىَ تەرمو تارماییەكەشم بەم عەرزە حیزەدا رانەبورێت.. بەرى پێم دەخورىَ.. وایی چەند دڵم تەنگە.. ئەمەوىَ رابكەم كە لەپڕ لەناوەوەم ڕا گوێم لەپێكەنینمەو لەدڵەوە قەشمەریم بەخۆم دێت.. لەرێگاى شوقە بە (هێمن) ئەڵێم "ئەم سەدەیە سەدەى نائومێدییە.. بیرى رەفیق چالاكو رامیار مەحمود بەیەكەوە دەكەم..!" نازانم هى ئەوەیە هەردووكیان بە (را) دەستپێدەكەن، یان هى ئەوەیە هەردووكیان نائومێدن.
 پىَ هەڵئەگرم.. لەمسەرەوە بۆ ئەو سەر رائەكەم بەناو ئەم تاریكاییەى خۆما.. دەیهێنمەوە یادى خۆم جیاوازى ئێستاو جارانم لەوەدایە؛ جاران بە سابونى لوكس خۆم دەشۆرد، بەگوێزانى سەفەرى ریشم دەتاشى.. ئێستا ریشم ناتاشم، بەیانیان دەموچاوم ناشۆم.. قتوى جێڵەكەم فڕى دەدەمو ئیتر كراسەكەم ئوتو ناكەم.. بە چاكەتە زیرەییەكەمەوە وەك هەمیشە سەعات حەوت لەماڵو لەخۆم دێمەدەرەوە.. ماوەیەكە سەیارەكەشم وەك خۆم وڕە..! دەچمە دائیرە، بـا كچەكان هەر پێبكەنن.. لەدواوە چەمۆڵەم لێنێن.. كەتێپەڕیم تەعلیق بهاوێن.. گوێى خۆم كەڕدەكەم وادەزانم هیچم نەبیستووە.
 ئەفسانەى كاوەى ئاسنگەر بەفارسى دەخوێنمەوە.. گاڵتەم بە دەوڵەتى مەد دێ.. وا دەزانم جەنگەكانى یەكەمو دووەمى جیهانى ئەفلام كارتۆن بوون.. وا ئەزانم كەس نەمردووە.. (دریسدین) درۆبووە.. هەموو ئەوانە فتبۆڵێن بوون، یارییەك بوونو تەواوبووە.. كىَ سەیرى یارییەكى تەواوبوو دەكات؟!.. حەزدەكەم كوێربوومایە، هەر هیچنا هێواشتر دەڕۆیشتم لەڕێگا.. بەدایكم دەڵێم "ئەوە دایە بۆ ئینسان كە كوێر دەبێت، دەنگى خۆش دەبێت؟".
 لەگەڵ بەنگلادیشییەكدا دەبمە رەفیق.. جگەرەكەى خۆمى دەدەمىَو گسكەكەى لىَ وەردەگرم.. ئەمەوىَ پەڵەیەك لەسەر دڵم پاكبكەمەوە.. ئەو پێدەكەنىَو لەبەرخۆیەوە شقڵىوپقلى قسانێك دەكات.. واهەستدەكەم ئەو كوڕە رەشتاڵەیە وتبێتى "حەیفىَ.. تۆ مەهارەتى فیربوونى گسكدانیشت نییە "..شەوان قەڵەمو وەرەقەیەك دەبەمە ژێر بەتانییەكەمو هەر بەچاوى نوقاوەوە خەوەكانم دەنوسمەوە.. سەداى دایكم لەگوێما زایەڵە دەكا كە دەڵىَ "ئەرىَ رۆڵە تۆ بۆ وا لەخۆتدەكەیت؟!".
 دایالۆگێكى (سوكرات)و (گڵاوكۆن) لەمەڕ عەدالەت دەخوێنمەوە، كە ژنەكەم بە پرسیارێك رامدەپەڕێنىَ "ئەرىَ ئەمە ئەفلاتونى حەكیم نییە؟".. "بــــا" باوێشكێك دەدەمو دەڵێم "بەس ئەم تەرجومەیە لەحیكمەتى خستووە" لەبەرخۆمەوە نایەڵم ئەو گوێى لێبێت دەڵێم "وەڵڵاهى پیاو موشێن بكات بەختەوەرترە لەوەى فەلسەفە بخوێنێتەوە.." ماوەیەكى زۆرە قسەم لەگەڵ خۆم دابڕیوە.. ئەزانم ئیتر لەوەزیاتر بەرگەناگرم، كەچى ئەوندە كەلەڕەقم نامەوىَ لەگەڵى ئاشتببمەوە.. ئەمەوىَ ئیتر غاز پڕنەكەمەوەو بایعییەكە وەرنەگرم.. شەوێك وەرەقەى نەوتەكە دەدەم بە كرێكارێكى شەنگارى بەردەركى سەرا.. لەفەیەك لەقوڕ دەخۆم.. شیشىَ زەهرى مار.. بەجادەكاندا رادەكەم.. جوێندەدەم.. لەناكاو دەوەستمو دواى قەیرىَ بێدەنگى لەبەرخۆمەوە پێدەكەنم.
 توتەو برا توتە نەبێت، هەموو پەنجەكانى دەستى راستم دەزریكێنێت.. هى ئەوەیە فشارم زۆر لەسەر داناون، چى بكەم پاندانەكە نانوسێت.. تا دەستم دەگات فڕێى دەدەم.. نازانم ئەرىَ ئەمویست چى تر بكەم؟!..
 
 
 
 
 
 
 
 
 * خوێنەرى ئازیز.. بۆ من زەحمەتە كە بڵێم ئەم نوسینە چییە؟ تەنیا ئەوەندە نەبىَ دەتوانم بڵێم؛ هەوڵێكە بۆ كۆكردنەوەى سەرەپارچەكانى مەزاجێكى پەرت. بەستانداردە كلاسیكییەكانى ئەدەب ناچێتە چوارچێوەى هیچ ژانرێكەوە، هەر بۆخۆشیى حەزدەكات نەچىَ.. هەرچۆنێك بێت ئەمە ئەزمونێكى منە كەهەندىَ جار واى پێدەنوسم، لەم تێكستەدا كاتو شوێن، كاراكتەرو روداویش هەن، بەڵام یان زۆر زەق دەردەكەون یان زۆر تەنك وەك تەم.. سەرەتا بڕیارمدابوو هیچ پەڕاوێزێكى بۆ نەنوسم! بەڵام پاشتر بینیم وا باشە یەك دوو دێڕكى لەبارەوە بڵێم نەكا بڕست لەخوێنەرەكەى ببڕێت.. گەر خراپیش بوو دیارە خەتاى منە كە نەمزانیوە باش بنوسم، هیوادارم لەمەودوا فێرببم..
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.