Skip to Content

Friday, November 27th, 2020

پشوو … ستار ئه‌ حمه‌ د عه‌ بدولڕه‌حمان

Be First!
by May 5, 2012 ئەدەب

 

 

له‌ده‌رگای ئه‌و خه‌مه‌ مه‌ده‌
ده‌بێته‌ ئاوێنه‌ی زامه‌كان
وچانی مردنێك له‌ڕێیه‌
رێ‌ هه‌یه‌…
ده‌تباته‌ ترۆپكی سه‌ركه‌وتن
هه‌شه‌ بۆ پێشوازیت
هه‌زاران په‌پووله‌ ده‌كاته‌ قوربانی
له‌كاته‌كان مه‌پرسه‌ ….
وچانێك…
ده‌تباته‌ مه‌جلیسی مه‌عشوق و
دوور نییه‌ هه‌نگاوێك
رۆحت وردو خاشبكات
له‌كۆكردنه‌وه‌ی ئه‌دگارو
نووسینه‌وه‌ی چاره‌نووسدا
ره‌نگه‌ هه‌ڵوێستێك بتدۆڕێنێ‌
بۆیه‌ له‌پرسیاری بوون مه‌كۆڵه‌وه‌
له‌بۆته‌ی ژیانا هه‌لێك بڕه‌خسێنه‌
بۆ ئه‌وساتانه‌ی
قه‌ده‌ر له‌ده‌روازه‌ی رۆحته‌وه‌
له‌گه‌ڵ خواسته‌كاندا ئاشتده‌بێته‌وه‌
واز له‌سه‌رابێك بهێته‌
له‌قه‌یره‌یی نزیكتده‌كاته‌وه‌
كۆتی ونبوون له‌گه‌ردنت ده‌ئاڵێنێ‌
له‌نسێی شه‌وێكا بسره‌وه‌
ئه‌ستێره‌یه‌ك بۆ عومری ره‌هات بگری
بۆ ئه‌وه‌ له‌دایكبووی
مێژووی رێگاكان بناسی
نیشتمانێك له‌عومرت ماره‌كه‌یت
سێوێك له‌قه‌دپاڵیا پاكبكه‌یت و
خه‌ڵوه‌تگایه‌ك بۆ عه‌شقت بخوازی
بڕۆ كام رێگا سه‌خته‌
ئه‌نگوستی بپێوه‌
هه‌تا ده‌گه‌یته‌ لوتكه‌یه‌ك كه‌سكبێت
وه‌ك ئه‌و خۆزگانه‌ی
دورگه‌یه‌ك له‌ئه‌ندێشه‌
ده‌كه‌نه‌ توێشووی سه‌فه‌رو
عومرێكی نوێ‌
بۆ خواسته‌كانت جێده‌هێڵن
نوستن له‌پاڵ تروسكه‌ی نیازدا
سه‌ری دێوانه‌ت
له‌عه‌شق خاڵیده‌كاته‌وه‌
به‌هه‌نگاوی هاوخه‌ما راناگه‌یت
خۆزگه‌یه‌ك باوه‌شت بۆناكاته‌وه‌
گه‌ڵایه‌ك…
بۆ په‌روانه‌یه‌ك چاكبكه‌
هه‌تا له‌سایه‌ی گوڵێكدا
پشوویه‌ك بده‌یت

Previous
Next

Leave a Reply