Skip to Content

Saturday, April 20th, 2024
پشکۆی شۆرش لە تونس هەر گەشاوەیە….!

پشکۆی شۆرش لە تونس هەر گەشاوەیە….!

Closed
by January 1, 2013 گشتی

 

 

(بە بۆنەی دووەمین ساڵرۆژی شۆرشی تونس)

 

رێکەوتی حەڤدەی ئەم مانگە دوو ساڵ بەسەر راپەرین و شۆرشی جەماوەری ستەمدیدەو و ئازادیخوازی تونسدا تیدەپەری کە بوە هۆی نەک هەر روخانی دەسەڵاتی بۆرژوازی سەرکوتگەری زەینەدین بن علی بەڵکو بوە چەخماخەیەک بۆ هەڵگیرسان و گڵپە کرنی راپەرین و شۆرش لە زۆریک لە ووڵاتانی عەرەبی و رۆژهەلاتی ناوەراست .تەنانەت هۆکاریکی گەورە بو بۆ سەرهەڵدانی نارەزایەتی و خۆپیشاندانی خەڵکی لە عیراق و کوردستان و تەنانەت ووڵاتانی ئەوروپاو ئەمریکاش.گەرچی ئەم راپەرین و شۆرش و نارەزایەتی و خۆپیشاندانە لەهەر ووڵاتەو بە شیوازیک بەلاریدا برا یان سەرکووت کران یان خامۆش کران و پاشەکسەیان پیکرا بەڵام ئەوەی لەم نیوەدا تا ئیستا بە جۆریک لە جۆرەکان بەردەوامەو لە هەڵکشان و داکشاندایە ئەوەی میسرو خودی تونسە.

جا هەر کەس لە روانگەیەکی چینایەتی و بەرگری لە بەرژەوەندی یەکانی کریکاران و زەحمەتکیشان و خەڵکی ستەم دیدەو ئازادیخوازەوە بروانی لەم زنجیرە راپەرین و شۆرشانە دەشتوانی بە ئاسانی درک بە ناوەرۆکی چینایەتی ئەمانە بکات سەرەرای هەر هەوڵدانیک لە لایەن باڵە بۆرژوازی یە جۆراو جۆرە  ئیسلامی و لیبرالی و قەومی یەکانەوە، چ ناوخۆییی و ناوچەیی وچ  جهانی یەوە، دەیانەویست ئەم ناوەرۆکە چینایەتی یە خاڵی بکەنەوە.وە  لە باشترین باردا بۆ ئەوان ئەوەبو کورتی بکەنەوە لە دژی دیکتاتوری و بەس.

ئەم مەشخەڵە چینایەتی یەی راپەرین و شۆرشانە هەر لەوەی تونسەوە دیار بو کە محمد بو عزیزی دەرچوی خویندنگا  لەبەر بیکاری و هەژاری ناچار بوو بۆ بژیوی ژیانی خۆی خانەوادەکەی دەست بداتە دەسفرۆشی .بەڵام بۆرژوازی دەسەلاتدارو هیزی چەکداری دەسفرۆشیشیان پی رەوا نەبینی و لەو رۆژانە کەوتە بەر هیرشی پۆلیس.ئەویش  وەک نارەزایەتی یەک بەرامبەر بەم بیمافیانەی کە دەرهەقی دەکریت خۆی سوتاند و ئەمەش بوە مەشخەڵی دەستی خەڵکی هەژارنشینی شاری سیدی بوزیدی تونس و کڵپە کردنی خۆپیشاندان و نارەزایەتی و راپەرین و لە ماوەیەکی کەمدا بوە هۆی دەسلەکارکیشانەوەی بن علی و راکردنی و روخانی دەسەڵاتە سەرکوتگەرو گەندەڵەکەی.

دیارە ئەمرۆ دوای دوو ساڵ تیپەر بون بەسەر یەکەمین کڵپەی راپەرین و شۆرش لە تونس و دوای کۆنترۆل کردنی شۆرش لە لایەن باڵەکانی تری بۆرژوازی یەوە، وەک ئیسلامی یەکان و لیبرالەکانەوەو خامۆش کردنەوەی شۆرش بەهاوکاری بۆرژوا ئیمپریالی جهانی و بە دانی دەیان بەڵینی بەدرۆ بە خەڵکی بە ناوی ئازادی و دابین کردنی ژیانی خەڵکی هەژار …هتد وە هەوڵدان بۆ جیگیرکردنی دەسەڵاتیان، بەڵام تا ئیستا ئەوان نەیان توانیوە دەسەڵاتیکی جیگیر سەقامگیر بکەن و رۆژ بە رۆژ قەیرانی هەمەلایەنەی ئابوری و سیاسی یان قوڵتر دەبیتەوەو خەڵکی کریکارو تویژە کەمدەرامەت و ستەمدیدەو ئازادیخوازەکانیش نارەزایەتی یەکانیان سەرهەڵدەداتەوەو زیاتر خۆیان ریکدەخەن و خۆپیشاندان دەکەن لە دژی دەسەلاتی ئیسلامی یەکان و لیبرالەکان. وە نارۆشنی و خۆش خەیاڵی یەکانیان  رۆژ بەرۆژ زیاتر دەرەویتەوە بەرامبەر دەسەڵاتی تازە دامەزراو کە مەرزوقی لەسەر سەری دەوڵەتەکەیان راوەستاوە.هەڵبەت لەم نیوەدا رۆڵی کۆمۆنست و رابەرانی سوسیالیستی و کریکاری، بە تایبەتی رۆڵی یەکیتی کریکارانی کاری تونس سەرەرای هەر لاوازی و باڵکیشانی رەوتی لیبرالی و ریفۆرمسیتی لەم یەکیتی دایە، بەڵام هەر رۆڵی بەرچاویان بوەو تا ئیستا دوای دوو ساڵ روخانی دەسەڵاتی بن علی دەیان نارەزایەتی و خۆپیساندانیان ساز داوە.وە بیگومانە لەگەڵ سەرهەڵدانەوەو گەشە کردنی راپەرین و شۆرش چینی بنەرەتی شۆرش زیاتر و زیاتر فیر دەبیت و زیاتر کەمو کوری یەکانی پر دەکاتەوە کە سەرەکی ترینیان نەبونی حزبیکی سیاسی  کۆمەلایەتی چینایەتی خاوەن سیاسەت و بەرنامەو ئاسۆی رۆشنی کۆمۆنیستی خۆیانە.

وە هەر بەم بۆنەیەوە لە رۆژی ١٧-١٢ سەرانی بۆرژوازی دەسەڵاتدار لەوانە: مەرزوقی سەرۆک کۆمار و بنی جعفر سەرۆکی پەرلەمان، سەردانی شاری بو زیدی و سەردانی گڵکۆی محمد بوعزیزیان کردو بە بۆنەی یادی دوو ساڵەی شۆرش و روخانی دەسەڵاتی بن علی یەوە ویستویانە قسەو باس بۆ خەڵکی شارەکە بکەن .بەڵام هەر لەگەڵ دەم کردنەوەی مەرزوقی و داواکردنی لە خەڵک تا دان بە خۆیانا بگرن و هەژاری و بیکاری و برسیتی و گرانی قبوڵی بکەن تا زیاتر دەسەڵاتەکەیان جیگیر تر دەبیت ئەو کات ئامادەییان دەبیت تا زیاتر خزمەتی خەڵک بکەن و وەڵام بە داخوازی و پیویستی یەکانی خەڵک بدەنەوە.بەڵام هیشتا مەرزوقی قسەکانی تەواو نەکردبوو و بەر لەوەی سەرەی قسە کردنی بنی جعفر بیت خەڵکی ئامادەبوی ئازادیخواز بە دروشمی سەرۆک برۆ ون بە و بروخی حکومەت و بە بەردەباران کردنی هەردو سەرۆک راویان ناون. تەنانەت پۆلیس و سەربازان لەبەر تورەیی خەڵکەکە نەیان توانیوە هیچ کاردانەوەیەک لە خۆیان نیشان بدەن و تەنها ئەوەندەیان بۆ کراوە کە سەرۆکەکانیان لە پشت خەڵکەوە بشارنەوە رابکەن و لە دەس خەڵک رزگاریان بکەن.وە ئەمە بۆە هۆی ئەوەی کە لەو رۆژەدا لە زۆر شوینی تونس خۆپیشاندان و نارەزایەتی دەست پی بکات و جەماوەر دروشمی بروخی دەسەڵاتیان بەرز کردۆتەوەو دەیان خواستیان بەرز کردۆتەوە.

بیگومان ئەم خۆپیشاندانەو دەیان خۆپیشاندانی تر کە لە یەک دوو ساڵی رابردو کراوە نیشانی دەدەن کە هیشتا پشکۆی راپەرین و شۆرشی جەماوەری چەوساوەو ئازادیخواز سەرەرای خامۆش بونی نەکوژاوەتەوەو روو لە گەشانەوەو کڵپە سەندنە .هاوکات ئەم نارەزایەتی و خۆپیشاندانانە دوبارە دەیسەلمینەوە کە راپەرین و شۆرشی جەماوەر لەم دەورانە بە تەواوی ناوەرۆکیکی چینایەتی هەیە سەرەرای هەوڵدانی باڵە جۆراوجۆرەکانی بۆرژوازی لە هەمو ئاستەکاندا بۆ داپۆشینی ئەم ناوەرۆکەو خامۆش کردنەوەو دامرکانەوەو کۆتایی پیهینانی. بەڵام نە دادەپۆشری و نە کۆتایی پی دیت تا گەیشتنی بە دوا قۆناغی شۆرش کە خۆی  لە بەدی هینانی دونیایەکی باشتر و ئازادو یەکساندا  دەبینیتەوە، چونکە شۆرشەکانی ئەم سەردەمانە تەنها لەم ئامانج و ئاکامەدا  مانا پەیدا دەکات.

 

موزەفەر عەبدوڵا

Mozafar_as@yahoo.com

١٧-١٢-٢٠١٢

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.