پله گۆشت ….ئومێد مه‌حمود
“كێ ده‌ڵێ خۆكوژیی‌و خۆله‌نێوبردن، شكست‌و نشوستیی‌و ترسنۆكییه؟ كێ به‌هره‌و ئازایی‌و بوێریی مه‌زنی خۆكوشتنی پێدراوه؟”
(ئه‌و ده‌مه‌ی خودی بوونی مرۆ له ته‌رازوی لاسه‌نگیی میانه‌ی ڕووه‌و ترۆپك‌و، داكشان بۆ نێو دامێن ده‌كه‌وێته ژێر پرسیاره‌وه، ئه‌و كاته‌ی باڵی په‌پوله‌ی حه‌زو هه‌ویاو خه‌ونه‌كانی ژێر قوڕه‌لیته‌ی زه‌مه‌ن ده‌كه‌ون؟! ئا ئه‌و سات‌و كاتانه نۆشینی باده‌ی شه‌رابی مه‌رگ، شكۆ به رۆحی هه‌تا هه‌تایی‌و جاویدانیی ده‌به‌خشێت، مه‌رگیش جۆر‌و شێوازی خۆی هه‌ن!)
ـ كێ پاره‌ی نه‌داوه؟
ئه‌و ده‌نگه به‌ئاگای هێنایه‌وه، دیده‌ی له‌سه‌ر ڕووپه‌ری رۆژنامه‌كه هه‌ڵبڕی‌و، تماشایه‌كی ده‌ورو به‌ری خۆی كرد‌و، به هاسپایی دوا پارچه دراوه ژاكاوه‌كه‌ی نێو به‌ڕكی ده‌رهانی‌و، به داوای به‌خشینه‌وه، راِده‌ستی لێخوری پاسه‌كه‌ی كرد، له پاسه‌كه هاته خواره‌وه‌و، به‌ره‌و ماڵ ملی نا..
نیوه‌ڕۆی هاوینێكی گه‌رم‌و خه‌ماوی‌و بێزاركه‌ر بوو، تیشكی ئاگرینی خۆر‌و، تۆز‌و خۆڵی خۆڵبارینه‌كه ناخیان ئه‌وه‌نده‌ی تر هه‌راسان كردبوو، كه ئه‌نگووستی زه‌نگی ده‌رگاكه‌ی ڕامووسی،( ناگه‌هان ده‌رگای لێكرده‌وه، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌چاوه‌ڕوانیدا خۆی مه‌ڵاس دابێت! نیگای تێڕوانینه‌كانی چوون ته‌زووی سه‌رمای زستانێكی پێشوه‌خت نه‌شته‌رئاسا ده‌چه‌قینه دڵیه‌وه. خه‌نده‌یه‌كی پڕله ئۆژن‌و نازی پێده‌به‌خشی..!)
(دڵه) هه‌رگیز سكاڵا‌و سه‌رزه‌نشتی نه‌ده‌كرد، وه‌لی ئه‌و نیگاكانی ده‌خوێنده‌وه.
“مافی خۆیه‌تی، چما ئه‌وی كه‌ی ژیانی وا سه‌خت‌و ناخۆشی دیتووه، كه‌ی كراسێكی له هه‌فته‌یه‌كی زیاتر له‌به‌ركردووه، چ كاتێك له ژه‌مه‌خواردنی شاهانه به‌دوور بووه ..، كه‌چی ئێستاكانێ خه‌ریكه كراسه په‌مه‌ییه كاڵبوه‌وه‌كه‌ی، كه ساڵێك زێتره هه‌ر جاره‌ی لایه‌كی پینه ده‌كات‌و ده‌یدورێته‌وه، ره‌نگی هێنده كاڵه‌وه بووه، دیارنییه په‌مه‌ییه، یان سپی.. ته‌نانه‌ت ناوكه‌فی مایۆكه‌ی پینه كردووه‌و شه‌یاله‌ی ستیانه‌كه‌یشی به باریكه په‌ڕۆ در‌و چێكردووه. زۆریان پێ كوت ئه‌و هه‌تیوه چییه تۆ شووی پێده‌كه‌یت، كه‌چی ئه‌و شه‌ڕی براوه‌ی له‌سه‌ر كردی، تاكو دایك‌و باوك‌و خوشكه‌كه‌ی رازی بوون.. “
ئه‌و رسته‌یه‌ت بیرماوه له‌سه‌ر كۆڕنیش پێكه‌وه بوون‌و، پێی گوتی: ئا !! به‌دایكمم گوت، هه‌ر شووی پێده‌كه‌م، ئه‌گه‌ر بزانم ڕۆژانه ته‌نێ نان‌و ئاوم ده‌رخوارد بدات..”
رۆژنامه‌كه‌ی ده‌ستی لێوه‌رگرت‌و، به شایی به‌خۆبوونه‌وه گوتی:
ــ به‌راست ! (نه‌وزاد)ی برام گوتی، دوێنێ شیعرێكت له رۆژنامه بڵاوكراوه‌ته‌وه..
(به‌رسفی نه‌دایه‌وه‌و هه‌ناسه‌یه‌كی قوڵی خه‌مناكی هه‌ڵكێشا.. بێده‌نگیی قه‌سیده‌یه‌كی خه‌مناك بوو هه‌موو ساتێك‌و رۆژانه ده‌یان جار ئه‌زبه‌ری ده‌كرد‌و چون سترانێكی دڵگیرو كاریگه‌ر له‌ژێر لێوه‌وه‌و، هه‌ندێجاریش به‌ده‌نگی بڵند ده‌یگوته‌وه، وه‌كو ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆی فیستڤاڵێكی مه‌زندا‌و، هه‌مبه‌ر ئاپوراو حه‌شیمه‌تێكی كه‌لله‌پوچ‌و به‌دمه‌ست وه‌ستا بێت.)
“(نه‌وزاد)ی چاك ده‌ناسی‌و ئاشنای بوو، چوون ئه‌و هه‌ر له به‌رایی قۆناغی ناوه‌ندییه‌وه هاوپۆڵی قوتابخانه‌ی بوو، ده نێو هاوڕێكانیدا به (گیڤارا)یان گاز ده‌كرد. چون ساڵێك پێشمه‌رگایه‌تی‌و، چه‌ند جارێكیش به تۆمه‌تی سیاسیی زیندانیی كرابوو، كتێبخانه‌یه‌كی مه‌زنی له ماڵه‌وه بوو، هاوڕێكانی پێویستیان به چ كتێبێك بوایه‌و داوایان لێی بكردبا ده‌ستی به‌رووه نه‌ده‌نان. زۆرجاران وێڕای هاوڕێكانی له‌سه‌ر مناڵه بێ نه‌واو ده‌رۆزه‌كه‌رو، مرۆ كه‌نه‌فت‌و بێ سایه‌كان، كه شۆسته‌و شه‌قامه‌كان بونه‌ته ئارامگای خه‌ونه زه‌رد‌و سوره‌كانیان!! زیزو زویر ده‌بوو، كاتێك ئه‌وان گه‌مه‌و شۆخی‌و سوكایه‌تیان پێده‌كردن، ئه‌وی زاری ده‌كراوه: گه‌مژه‌ینه! ئه‌وانه قوربانیی ده‌ستی ورگ زله گه‌لحۆكانن. خڵته‌ی خۆشاوێكن كه به‌سه‌ر ماسییه‌كی سوره‌وه‌كراودا ده‌كرێ..”
بڕێك جارانیش ده‌نگی (دڵه)ی ده‌ژنه‌فت، لای ته‌باخه‌كه‌وه‌و به‌ده‌م ئاماده‌كردنی خوانه‌كه‌وه به پرسیارێك له خه‌یاڵه‌كانی جیای ده‌كرده‌وه.
(دڵه) ئه‌وكاتانه كچێكی نوێسه‌رو عوزرشۆری سپی پێستی چاو قه‌زوانی، دیده‌كانی له‌چاوی گورگ ده‌چوون، وه‌لێ ده‌ناخیدا پڵنگێكی شێتی وه‌رشاردبوو.. هه‌رچه‌نده رووخساری هه‌میشه خه‌واڵوبونی پێوه دیاربوو، لێ شێوازی ئاخاوتنه‌كانی شیرین‌و نیگا تیژ‌و گه‌رمه‌كانی سه‌رنجراكێش بوون، سینگ‌و به‌رۆك‌و مه‌مكۆڵه تورته‌كانی له‌ژێر كراسه ئاوریشمینه‌كه‌ی را، هه‌ناوی حه‌مه‌ی ده‌سووتاند، بێ ویستی خۆی غه‌ریزه‌ی پیاوه‌تی به‌له‌سه ده‌بوو، زۆرجارانیش (دڵه) له‌گه‌ڵ (نه‌وزاد)ی برای ده‌هاته نێو دیالۆگ‌و گفتوگۆكانیانه‌وه‌و وته‌ی یه‌كێك له فه‌یله‌سوفه به‌ناوبانگه‌كانی ده‌كرده به‌ڵگه‌ی بۆچونه‌كانی.. هه‌ر له‌میانی ئه‌و دانیشتنانه‌دا حه‌مه گرفتاری ده‌نگه ناسك‌و پڕئاوازه‌كه‌ی (دڵسۆز) بوو، .. ئه‌و رۆژگاره‌ش وه‌كو هه‌نوكه په‌ڕپوت‌و كڵاش دڕا‌و نه‌بوو.. “
حه‌مه ئه‌و رۆژه‌ی یادهاته‌وه كه بۆیه‌كه‌مجار به نه‌وزادی گوت:
ـ نه‌وه گیان! من‌و دڵه یه‌كتریمان خۆشده‌وێت؟
(كه ئه‌و رسته‌یه له زاری حه‌مه ده‌رپه‌ڕی .. چاوی پڕشه‌رم‌و فه‌هی داگرتبوون، وشه وه‌ك ورده به‌ردی سوورداگه‌ڕاو له‌ژێر لێوه‌كانیدا ده‌كه‌وتنه خوار .. نه‌وزاد سۆسه‌ی كرد! كه شه‌رم‌و فه‌دی ده‌كات، بۆیه گوتی: جا حه‌مه گیان! ئێمه كوڕی له تۆ چاترمان ده‌ست ده‌كه‌وێ؟!)
ئه‌م رسته‌یه زیاتر وزه‌ی په‌یڤینی به حه‌مه به‌خشی. لێ نه‌یده‌زانی بڵێ چی.. ناگه‌هان وه‌ك ئه‌وه‌ی شتێكی بیركه‌وتبێته‌وه گوتی:
ـ نه‌وزاد گیان خۆت ئاگاداری ژیانی منی؟! كه چۆن‌و به چ شێوه‌یه‌ك ده‌گوزه‌رێ، باوكیشم ماڵ‌و سامانێكی وای نییه‌و، دواتر جیاوازیی، نیوان ئێمه‌و ئێوه ئاسمان‌و ڕێسمانه! پێتوایه باوك‌و دایكت به‌مه رازی ده‌بن؟!
هێمان دوا واژه‌ی رسته‌كه‌ی ته‌واو نه‌كردبوو، نه‌وزاد باگۆی دایه‌وه: حه‌مه گیان ئه‌مه‌یان بۆ من لێگه‌رێ‌و متمانه‌م پێبكه.
ویستی بۆ زه‌ماوه‌ندی خۆی‌و (دڵه) ئۆتۆمبیله شڕه‌كه‌ی بفرۆشێ! لێ نه‌وزاد رێی پێنه‌داو، گوتی:
ـ كارێك مه‌كه كه پێویستت پێی نییه‌و له‌سه‌ری مایه پووچ ده‌رده‌چی؟
هێشتان (دڵه) خوانه‌كه‌ی ته‌یار نه‌كردبوو، حه‌مه هه‌ر مژولی ئه‌مدیو‌و ئه‌ودیوكردنی لاپه‌ڕه‌كانی رۆژنامه‌كه بو، نیگاكانی له‌سه‌ر تایتڵێك چه‌قین (له ئه‌مه‌ریكا 25 كه‌س خۆیان ده‌كوژن، ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌مساڵدا له ئه‌رژه‌نتین خۆیان له‌نێوداوه گه‌یشتوونه‌ته 45 كه‌س)
ته‌زوویه‌كی شادیبه‌خش به جه‌سته‌یدا گه‌ڕا، بیانویه‌كی ده‌ستكه‌وت، بۆئه‌وه‌ی هه‌ر هیچ نه‌بێت پلانه‌كه‌ی خۆی پێ پاساو بدات..
دڵه سفره‌كه‌ی راخست‌و چێشته‌كه‌ی دانا ..
ـ حه‌مه گیان بۆچی وا ره‌نگت گۆڕاوه، چما ده‌ڵێی له گۆڕستان گه‌ڕاویته‌وه..؟!
حه‌مه كه‌وچكه‌كه‌ی ده‌ستی به چیشته‌كه‌دا راكرد، له پلێ گۆشت گیر بوو، دڵی داخورپا، زانی (دڵه) له‌ماڵی باوكی ئه‌و گۆشته‌یان وێداوه..
(دایكی زۆری خۆشده‌وێت، زۆرجاران حه‌مه گوێی لێبوه دایكی پێی وتوه، كچه‌كه‌م ئه‌و گۆشته‌م بۆ داناوی بیبه‌ره‌وه، با ئه‌و هه‌تیوچه‌یه‌ش ژه‌هریكا..)
(دڵه)له‌ناخه‌وه زۆری پێ ناخۆش بو كه دایكی به‌وجۆره دڵڕه‌قییه سووكایه‌تی به خۆشه‌ویست‌و شووه‌كه‌ی ده‌كات. بێ ویستی خۆی گه‌رووی وشك‌و پڕله‌گریان ده‌بوو، به‌شه‌رم‌و دڵگرانییه‌وه ده‌یوت: نا، نا نامه‌وێت !! دوێنێ محه‌مه‌د گۆشتی كڕیوه.)
درۆی ده‌كرد، حه‌مه سێ مانگیش ده‌بوو، به پاره‌ی خوی گۆشتی له زاری نه‌نابوو، لێ ده‌یهه‌ویست دایكی ئاگادار كاته‌وه كه‌ئه‌م گوتانه‌ی به‌دڵ نین.
دایكیشی هه‌رزوو ژیوان ده‌بوه‌و ده‌یوت: ئاخر كچم من له‌به‌ر تۆمه، هه‌رچه‌ند به‌مجۆره ده‌تبینم جه‌رگم دێشێت.
(حه‌مه گۆشته‌كه‌ی نه‌خوارد، چوون وایده‌زانی پارچه ئاسنێكی گه‌رمه، پێی قوت ناچێت)
(دڵه) له‌نێو ده‌ورییه په‌له‌كه، پله گۆشته‌كه‌ی هه‌ڵگرت‌و بۆ زاری هینا.
ــ له‌به‌ر خاتری من بیخۆ.
حه‌مه وێڕای ئه‌وه‌ی كه‌شی نێو ژووره‌كه هه‌راسانی كردبوو، كه پانكه شڕكه‌ی بنمیچه‌كه نه‌یده‌توانی پیچه‌ك فێنكی كاته‌وه، ناخیشی گڕی گرتبو‌و له هه‌ژمه‌تا چاوه‌كانی سوور ده‌چوونه‌وه..
كه گوێی له پڕخه‌ی (دڵه) بوو، ته‌ماشای گواسته‌وه، به‌شێكی كراسه‌كه‌ی شلكه‌ی ران‌و كه‌فه‌ڵیان جێهێشتووه‌و بای پانكه لرخنه‌كه رایان ده‌مووسێ ..
به‌نیاز بو دوا نامه‌و دوا رسته بۆ (دڵه) جێبێڵیت، پێنووسه‌كه‌ی ده‌نێوان ئه‌نگوسته‌كه‌كانی جێگیركرد‌و ده‌ستی به نووسین كرد..
(ئه‌ی فریشته‌ی مه‌رگ!! به نیمچه رووتی ده‌تبینم، تاسه‌ی گۆی مه‌مكه قیت‌و پڕه‌كه‌ت‌و.. ئاره‌زووی مژینی لێوه ئاڵه‌كانت ده‌كه‌م.. شلكه‌ی رانه‌كانت دوو مۆزی گه‌یوی پاككراون، حه‌ز ده‌كه‌م لوشیان كه‌م.. قۆرتی نیمچه چاڵی ناوكت كونه‌قنچكی سێوه سوره‌ن.. ده‌مهه‌وێت وه زوان بیلێسمه‌وه.. وه‌ره باسكت له گه‌ردنم بئاڵێنه‌و، با پێكه‌وه له ئامێزی بێشكه‌ی ئه‌و گۆڕه گه‌رم‌و میهره‌بانه لێی راكشێین، كه به ئاوریشمی ئارمیی فه‌رشكراوه.. به جووت پێكه‌وه نه‌فره‌ت له پیرێژنی ده‌یوتی پیسكه‌و چڵێسی شار بكه‌ین.. “
(دڵه) له‌پڕمه‌و هارژنی گریانی حه‌مه بێداربووه‌وه، قه‌ت وا ینه‌دیتبوو! زۆر شڵه‌ژابوو، سه‌ری كرده سه‌ر سینه‌ی‌و، له ئامێزی نای.
ــ حه‌مه گیان بۆ ده‌گری، ئه‌م گریانه‌ت له پای چی؟ !. بۆ ده‌گ.. ر.. ی
فره پرسیاری لێ‌كرد، حه‌مه زمانی به‌گۆ نه‌ده‌هات.. پێكه‌وه له‌سه‌ر دۆشه‌كه شڕكه هه‌ڵاژان.. به تۆپزی یه‌كتریان له هه‌مێزی گرت .. هه‌رچه‌ند كه‌شی نێو ژووره‌كه زۆر گه‌رم بو، به‌ڵام هه‌ستی ده‌كرد جه‌سته‌ی (دڵه) قاڵبێكی وه‌كو سه‌هۆڵه.. لێ سووسه‌ی ئه‌وه‌ی كرد جه‌سته‌ی (دڵه) كێلێكی سه‌هۆڵه.. نیگاكانی له‌ساپیته‌ی ژووره‌كه نا.. هه‌ناسه‌یه‌كی ساردی هه‌ڵكێشا‌و جگه‌ره‌یه‌كی دایرسان‌و .. خۆی له ئامێزی دڵه ده‌رهانی‌و له‌ولاوه هه‌ڵتروشكا ..
“هه‌ر ئه‌مشه‌و كۆتایی به فرمانه‌كه دێنم، ده‌بێت له‌م دۆخه سه‌نگینه رزگارم بێت، به‌رگه ناگرم.. توانم به به‌ره‌وه نه‌ماوه.. دڵه‌ش بۆ ماڵی باوكی ده‌نێرمه‌وه..”
حه‌مه هه‌ر خولیای هزری لای پلانه‌كه‌ی بوو .. كه سه‌ری هه‌ڵبڕی، دڵه له‌سه‌ر سه‌رینه‌كه‌وه به تیله‌ی چاو تێیده‌ڕوٍانی..
ــ دڵه گیان پێموابێت خه‌وێكی خۆشت كرد؟ ئێسه بیرم له‌وه ده‌كرده‌وه سبه‌ی بچیته‌وه ماڵی باوكت، له‌وه ده‌چێت شه‌و نه‌یه‌مه‌وه ..
(ئه‌م رستانه‌ی زۆر وه ساردی‌و، به هێمنی له زار ده‌رده‌چوو.. وه‌كو كه‌سێك كه جارێكی تر یه‌كتر نه‌بیننه‌وه..پێكه‌وه چوونه ده‌ره‌وه (دڵه)ی هه‌تا لای ماڵی باوكی گه‌یاندو، خۆی به كۆڵانه پێچاوپێچه‌كانی شاردا كرد..
(سه‌رجه‌م دیمه‌نه‌كانی نێو شارخۆڵه‌میشی ده‌هاتنه به‌رچاوی، ته‌نانه‌ت نینۆكی سه‌ر قامكه‌كانیشی سیا ده‌چوونه‌وه. گه‌ڵا‌و دره‌خت، ته‌لار و ئاپارتمانه به‌رز‌و جوانه‌كانیش سه‌رپاكیان ره‌ش‌و خۆڵه‌میشی ببوون… منداڵێك كه پارچه تێلێكی به‌ده‌سته‌وه بوو، سه‌رنجی به‌راكێش كرد.. به وردی‌و له‌سه‌ره‌خۆ مینا تایه‌ی عه‌ره‌بانه بازنه‌ییه‌كه‌ی پێ چێ كرد، به‌خۆی وت: “خولانه‌وه به ده‌وری بازنه‌دا هیچ ئه‌نجامێكی لێچاوه‌ڕوان ناكرێت.” شۆخی‌وگه‌مه‌ی به‌خۆی هات، چونكه سه‌رده‌مانێك بوو ئه‌مه راستییه‌كی ره‌ها‌و به‌ڵگه نه‌ویست بوو به‌لای ئه‌وه‌وه .. )
به‌كۆڵانه‌كه‌دا پێچی خوارده‌وه، ژنێك به سۆنده‌یه‌كی ئاوه‌وه به‌ر به‌رده‌ركه‌ی ده‌شوشت.. له‌گه‌ڵ هه‌ڵدانه‌وه‌ی قژه خاوه‌كه‌ی حه‌ڵقه‌كه‌ی په‌نجه‌ی په‌ڕی، بۆ ئه‌وه‌ی بیدۆزێته‌وه‌و، له‌قامكی نێته‌وه، حه‌ڵقه‌كه به‌ده‌وری خۆیدا سوڕیاوه..! ده‌نگی پۆله قه‌تێیه‌كی ژنه‌فت، سه‌ری هه‌ڵبڕی، ئاواتی ده‌خواست له‌گه‌ڵیاندا به‌ره‌و باكور كۆچ بكات‌و نه‌گه‌ڕێته‌وه ئه‌م شاره..
“ژیانی مرۆی هه‌ژار له‌قاوغه شقارته‌یه‌ك ده‌چێت، تا ئه‌و ده‌مه‌ی پشكداری له هه‌ڵكردنی ته‌ڵه كبریتێكی نێو هه‌ناوی خۆی ده‌كا.. له به‌ڕكی ده‌نێن، وه‌لی كه پشتی سوا، جه‌سته‌ی ئاگر ده‌ده‌ن.”
حه‌مه دوو سێ جارانی تر له‌به‌رخۆیه‌وه وتی:”جه‌سته‌ی ئاگر ده‌ده‌ن”
ده‌مه‌و خوارئاوابوون وه لۆژه لۆژ یاپشه یاپشه رووه‌و ماڵه‌وه لێژبویه‌وه..
(له‌م چركه‌ساته‌دا حه‌زی ده‌كرد، بارانێكی به‌خوڕ وه‌بارێ‌و، ناخی ناخی ئاودێر‌و، له سارای بێ ئومێدیدا، گوڵێكی سپی چه‌كه‌ره بكا..)
“ئایا ئه‌وانه‌ی خۆیان كردوه به هه‌مبانه‌ی پاره‌هه‌ڵگرتن شێتن؟! یان ئه‌وانه‌ی نه‌فره‌ت له پاره‌و شوێنپاره هه‌ڵگرتن ده‌كه‌ن؟ ئای چه‌ند پرسیارێكی گه‌مژانه‌یه..! ”
پێكه‌نینه‌كه‌ی خۆی وه‌ئاگای هێنایه‌وه.
(مێژوی سه‌رجه‌م مرۆڤایه‌تیی، دیرۆكی ململانێی نێوان پاره‌دار‌و بێ پاره‌یه) ئه‌م وته‌یه‌ی (نه‌وزاد)ی به‌یاد هاته‌وه..
ده‌مه‌و خوارئاوابون به لۆژه لۆژ به‌ره‌و ماڵه‌وه لێژبویه‌وه..
هه‌ركه ده‌رگاكه‌ی كرده‌وه، شۆك بوو، دڵی داخورپا، (دڵه)ی بینی له ژووره‌كه دانیشتووه‌و، چاوه‌ڕێی ده‌كا.. به‌كڕڕی چاوه‌كانی بڕی بووه دڵه .. به رووخساری ڕا چاوه‌كانی خوێنده‌وه..
ــ ده‌زانم بۆ حه‌په‌سایت؟ .. دڵم نه‌هات به‌ته‌نها جێتبهێڵم‌و شه‌و نه‌یه‌مه‌وه …
ورده زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌كی بۆ كرد‌و عه‌لاگه‌یه‌كی نایلۆنی ره‌شیشی به‌ده‌سته‌وه بوو، بۆی درێژ كرد‌و، وتی:
ــ (نه‌وزاد)ی برام ئه‌و كیسه پاره‌یه‌ی بۆ ناردووی، ده‌ڵێ با بۆخۆی مامه‌ڵه‌ی پێوه بكات‌و، كه‌ی بووی وێمداته‌وه.
(له‌ناخه‌وه هه‌ناسه‌یه‌كی ئاسوده‌یی هه‌ڵكێشا‌و، تبلی دۆشاو مژه‌ی نا به دوگمه‌ی ته‌له‌فزیۆنه‌كه‌وه، گۆرانییه‌ك ژووره‌كه‌ی جۆش‌دا (دڵه)ی له ئامێز گرت‌و هه‌نه‌سه‌یان ئاوێته‌ی یه‌كبوون…”
1997/8/8 ــ 2012/9/15
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
زۆر سوپاسی برای فره ئازیزم چیرۆكنووس كاكه حه‌مه سه‌عید زه‌نگنه ده‌كه‌م كه له‌رووی زمانه‌وانییه‌وه هاوكاری كردم.
ئومێد مه‌حمود ــ كه‌ركوك