Skip to Content

Monday, September 28th, 2020

په‌رله‌مانی کوردستان نوێنه‌ری حیزبه‌ نه‌ک نوێنه‌ری خه‌ڵکی ئازادی خواز

Be First!
by December 16, 2007 گشتی

په‌رله‌مانی کوردستان نوێنه‌ری حیزبه‌ نه‌ک نوێنه‌ری
 خه‌ڵکی ئازادی خواز

تایه‌ر حاجی حه‌سه‌ن 

 سیستمی ناعه‌داله‌تی بۆرژوازی خۆی له‌هه‌ناوی خۆیدا هه‌ڵگری جه‌مسه‌رێکی سه‌ره‌کی نایه‌کسانی ژیانه. بۆ شاردنه‌وه‌ی ئه‌م ڕووه‌ دزێویه‌شی پێویستیه‌کی سه‌ره‌کی به‌ جۆرێک له‌ پیشاندانی دادپه‌روه‌ری و هه‌قخوازی بۆ ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی هه‌یه‌ و دێت له‌ پشتی داموده‌ستگا داپڵێسه‌نه‌ره‌کانیه‌‌وه‌، ڕوویه‌کی ترو په‌رچه‌مێکی به‌ناو دیموکراسی خوازی و ئازادی خوازیش دروست ده‌کات‌، بۆیه‌ باشترین ڕێگا بۆ خۆده‌ربازکردن له‌ دیوه‌ دزێوه‌که‌ی په‌نا ده‌باته‌ به‌ر شتێک که‌ ناوی په‌رله‌مانه‌ و هه‌ر له‌م ڕێگایه‌شه‌وه‌، شه‌رعیه‌تێکی یاسای به‌خۆی ده‌دات و خۆی وه‌ک نوێنه‌ری راسته‌قینه‌ی سه‌رجه‌م چین و توێژه‌کانی ناو کۆمه‌ڵگا نیشان ده‌دات. په‌ر‌له‌مان لێره‌دا ئه‌و ڕووه‌ ناڕاسته‌وخۆیه‌ی ده‌سه‌ڵاته.‌ له‌لایه‌ک وه‌ک ده‌ستگایه‌کی راسته‌خۆ هه‌ڵبژێردراوی ناو کۆمه‌ڵگا ده‌رده‌که‌وێت و له‌ لایه‌کی دیشه‌وه ده‌بێته‌‌  پایه‌یه‌کی سه‌ره‌کی  بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی ده‌سه‌ڵاتی بۆرژوازی. له‌ باشترین حاڵه‌تدا ڕه‌نگه‌ خه‌ڵکانێکی زۆر هه‌بن  وڵاتانی ئه‌وروپا و سیستمه‌ په‌رله‌مانیه‌که‌ی بکه‌ن به‌نموونه‌ بۆ جێکه‌وتنی ته‌واوی ئازادیه‌کانی ڕاده‌ربڕین و جێگه‌یه‌ک بۆ مشتومڕی یه‌کلاکردنه‌وه‌ی خاڵه‌ جێکه‌وته‌کانی ناو دنیای نایه‌کسانی نێوان چینه‌کان له‌ هه‌موو به‌شه‌کانی ژیاندا. به‌ڵام له‌ ئه‌وروپاشدا ئه‌م ده‌ستگایه‌ ته‌نها کاتێک ده‌توانێت ڕاستیه‌کان بدرکێنێت ئه‌گه‌ر هێزه‌ کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان له‌ مه‌یداندا بن دژی ده‌سه‌ڵات، ئه‌گینا به‌ هه‌رجۆره‌ لێکدانه‌وه‌یه‌کی دی په‌رله‌مان ته‌هنا بۆ چاوبه‌ست کردنی ڕای گشتی کۆمه‌ڵگایه‌ له‌ به‌رانبه‌ر ناعه‌داله‌تیه‌کانی سیستمی سه‌رمایه‌رداریدا.ئازادی ڕاده‌ربڕین و ئازادی ڕۆژنامه‌گه‌ری کاتێک ده‌توانێت واقعیه‌تی خۆی بسه‌لمێنێت که‌ خه‌باتی خۆی گرێبداته‌وه‌ به‌ ئازادی چینه‌ به‌شخوراوه‌کان و له‌گه‌ڵ ئه‌ودا به‌یه‌ک ده‌ست بێنه‌ مه‌یدان بۆ سه‌پاندنی ژیانێک و ئاسایشێک که‌ شایسته‌ی فه‌همێکی  ئینسانیانه‌ بێت. ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ رۆژنامه‌ نووسان لێی به‌ ڕه‌خنه‌ن، ده‌بوا هه‌ر له‌سه‌ره‌تای کاریانه‌وه‌ ئه‌و ده‌رکه‌ ڕۆشنه‌یان هه‌بوایه‌ که‌ ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی کوردستان، نوێنه‌ری ڕاسته‌وخۆی حیزبن و پێشوه‌خت له‌لایه‌ن حیزبه‌کانیانه‌وه‌ ئاماده‌ کروان، ئه‌نجا به‌ کۆمه‌ڵگا ده‌ڵین وه‌رن ده‌نگ بده‌ن به‌ نوێنه‌ری خۆتان. دیاره‌ له‌ کوردستان هه‌مان چه‌شنی عێراق به‌گشتی ئازادی ڕاده‌ربڕین و خۆپیشاندانێک بۆ باشتر کردنی ژیان، ڕاسته‌وخۆ له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ به‌ هێز ڕووبه‌ڕووی بوه‌ته‌وه‌ و په‌رله‌مانیش نه‌ی توانیوه‌ له‌ته‌مه‌نی خۆیدا به‌ردێک بخاته‌ سه‌ربه‌ردێک که‌ به‌قازانجی خه‌ڵکی ئازادی خواز و به‌شمه‌ینه‌ت ته‌واو بووبێت. هێنده‌ی نماینده‌ی ڕاسته‌وخۆی حیزب و گوێله‌مستی ئه‌و لایه‌نه‌ بووه‌ که‌ دایناوه‌، نیو هێنده‌ خه‌مێكی لای خه‌ڵکی ڕه‌شوڕووت نه‌بوه‌. بۆیه‌ ده‌بێت دڵگران نه‌بن له‌وه‌ی که‌ په‌رله‌مان بتوانێت جێگه‌ی ناڕه‌زایه‌تیه‌کانی ئێوه‌ی تێدا ببێته‌وه‌، چونکه‌ له‌ ئه‌ساسدا ئه‌و په‌رله‌مانه‌ پردی په‌ڕینه‌وه‌ی داخوازیه‌کانی خه‌ڵکی نیه‌ بۆ ژیانێکی باشتر. هه‌ر ئه‌و په‌رله‌مانه‌ی ئێستا له‌ عێراقیشدا هه‌یه‌ ده‌نگی به‌ کۆمه‌ڵه‌ بڕیارێکی وا دواکه‌وتوانه‌ داوه‌ که‌ ئیتر پێویستیه‌تی ئه‌و بڕیارانه‌ ته‌نها کاڵایه‌که‌ و به‌قه‌د باڵای ده‌وڵه‌ته‌ دیکتاتۆره‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتدا بڕاوه‌، ئه‌گه‌ر نا  خێرو خۆش که‌یفیه‌کی تیدا نیه ‌بۆ کۆمه‌ڵگایه‌کی نوێی دوای ڕوخانی ڕژێمێکی دیکتاتۆری. ئه‌گه‌ر ئه‌ندامانی په‌رله‌مان نوێنه‌ری ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌و جه‌ماوه‌ره‌ چه‌وساوه‌یه‌ ببوایه‌ن ده‌بوا  ئاماده‌ نه‌بوایه‌ن به‌رانبه‌ر ئه‌و هه‌موو ناعه‌داله‌تیه‌ی ئه‌مرۆ له‌کۆمه‌ڵگادا هه‌یه‌ و ئاوا چاوی خویانی لێبنوقێننو سه‌رگه‌رمی سه‌پاندنی داخوازیه‌کانی خۆیانبن له‌ حکومه‌ت.   به‌ ڕاستی ئه‌وان  نوێنه‌ری خه‌ڵکی به‌شمه‌ینه‌ت و ئازادی خواز نین و ته‌نها فه‌رمانبه‌رێکی گوێڕایه‌ڵی مانه‌وه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیه‌ پاوانخوازه‌کانی ده‌وڵه‌تن، ئه‌گه‌ر وا نه‌‌بوایه‌ ده‌بوو ده‌مێک بوایه‌ ئه‌و جێگایه‌یان به‌ جێبهێشتبایه‌!ئه‌مڕۆ هه‌ر خودی ئه‌و په‌رله‌مانه‌یه‌ دیفاع ده‌کات له‌ مانه‌وه‌ی دین له‌ ناو ده‌سه‌ڵاتدا و هه‌ر خودی ئه‌و په‌رله‌مانه‌یه‌ دیفاع له‌ دابوو نه‌ریتێک ده‌کات که‌ هه‌موو پێگه‌کانی هه‌ڵگری بوونیاتێکی زۆر کۆن و نابه‌جێن بۆ ژیانێکی هاوچه‌رخانه‌. ده‌کرێت بپرسین داب و نه‌ریت تا ئێستا توانیویه‌تی چ پێشکه‌وتنێک به‌ ڕووی کۆمه‌ڵگادا بکاته‌وه‌، هێنده‌ی خه‌ریکی گه‌ڕانه‌وه‌ی هه‌موو پێگه‌کانی کۆمه‌ڵگاشه‌ بۆ چه‌رخه‌ کۆتایپێهاتوه‌کانی ژیانی مرۆڤایه‌تی؟   ئه‌مه‌ ئه‌رکی دابوو نه‌ریته‌ و ئه‌مڕۆ په‌رله‌مان به‌ قودسیه‌تی له‌ قه‌ڵه‌م ده‌دات، له‌ به‌رانبه‌ردا ئازادی ڕۆژنامه‌گه‌ری به‌رته‌سک تر ده‌کاته‌وه‌، تا ئه‌و پنته‌ ئازادیه‌ش که‌به‌رهه‌می خه‌ڵکی خۆیه‌تی  هێنده‌ی تر قه‌تیسی بکات، به‌خاتری ده‌ست نه‌دان له‌ ڕوه‌ دزێوه‌کانی ده‌سه‌ڵات و دابوو نه‌ریت. ئه‌وان ئه‌گه‌ر بزانن هه‌رچ شتێک زه‌ره‌ر به‌ده‌سه‌ڵات ده‌گه‌یه‌نێت، وه‌ک هه‌ربه‌شێکی دی پایه‌ سه‌ره‌کیه‌کانی ناو ده‌وڵه‌تی ناعه‌داله‌تی بۆی دێنه‌ مه‌یدان و به‌ ڕویدا ده‌وه‌ستنه‌وه‌. ئه‌گه‌رنا بۆ تا ئێستا ئه‌و هه‌موو ناڕه‌وایه‌تیه‌ی به‌رانبه‌ر ژنان و خه‌ڵکی به‌شمه‌ینه‌ت ده‌کرێت تا ئێستا هه‌ڵوێستێک بۆ ڕوو به‌ ڕوو بوونه‌وه‌ی به‌ کردار،  بۆی نه‌هاتوونه‌ته‌ مه‌یدان. ده‌کرێت بڵێین سیستمی چه‌وسێنه‌ری بۆرژوازی ئیتر له‌ هه‌رکام خاڵدا چه‌قی به‌ستبێت، وه‌ک تۆڕێکی جاڵجاڵۆکه‌ ئاسا خۆی ده‌کات به‌ ناو هه‌مولایه‌نه‌کانی ژیانی کۆمه‌ڵگه‌دا و هه‌میشه‌ له‌ خه‌باتی ئه‌وه‌دایه‌ ته‌واوی ڕوی کۆمه‌ڵگا داگیر بکات و به‌قازانجی خۆی  له‌ نێو خۆیدا بیتوێنێته‌وه‌. ئیتر ئه‌م کاره‌ی ده‌سه‌ڵات سه‌رجه‌م کایه‌کانی ناو کۆمه‌ڵاگا ده‌گرێته‌وه‌، تا ده‌گاته‌ قه‌واره‌یه‌ک که‌ ناوی نیشتمان و نه‌ته‌وه‌یه‌. ڕاستییه‌ک زۆر گرنگه‌ کاتێک بتوانرێت بگه‌ی به‌و بڕوایه‌ی که‌ په‌رله‌مان ته‌نها بۆ شاردنه‌وه‌ی چه‌وساندنه‌وه‌ ناڕه‌واکانی ده‌سه‌ڵات بنیات نراوه‌، نه‌ک بۆ یه‌کلاکردنه‌وه‌ی داخوازیه‌ ڕه‌واکانی سه‌رجه‌م خه‌ڵکی ئازادی خواز و به‌شمه‌ینه‌ت!  هۆڵه‌ندا14/12/2007 

Previous
Next

Leave a Reply