Skip to Content

Friday, September 25th, 2020

په‌رله‌مانی کوردی ژنان ده‌کاته‌‌ کۆیله و وابه‌سته‌ی ئاره‌زووه‌کانی

Be First!
by November 2, 2008 گشتی

 په‌رله‌مانی کوردی ژنان ده‌کاته‌‌ کۆیله و وابه‌سته‌ی ئاره‌زووه‌کانی
    ئازاد به‌کر
 
 
 نێرینه‌ی ناسۆنالیزمی ئیسلامی په‌روه‌رده‌ به‌فه‌رهه‌نگ و فیکری ئیسلام به‌ ئاره‌زووی خۆیان هاوسه‌رگیری ژنان ده‌سه‌پێنن، بێ ئاگاداری ئه‌وان یاسای کۆنه‌په‌رستی تێده‌په‌ڕێنن و ژنان ڕه‌وانه‌ی قه‌فه‌سی دیلی ده‌که‌ن. سه‌یره‌ له‌سه‌ده‌ی بیست و یه‌کی زانست و ته‌کۆلۆژیا و سکولاریزمدا شه‌مشه‌مه‌ کوێره‌کانی ده‌سه‌ڵاتی کوردی له‌ په‌رله‌مانه بێ ده‌ست و بێ گیانه‌که‌یانه‌وه‌‌، جارێکی تر به‌بیری دواکه‌وتوانه‌ی سه‌ده‌ تاریکه‌کانه‌وه‌ سه‌ره‌ڕای کوشتن و تیرۆرکردن و بێ مافکردنی ژنان، ژه‌هری جیاوازیخوازانه‌ی پیاوسالاریان ڕژانده‌ کۆمه‌ڵگه‌ی پڕ سته‌م و چه‌وسانه‌وه‌ی کوردستان، به‌فه‌رمی و بێشه‌رمانه‌ له‌ بڵندگۆی کۆنه‌په‌رستیه‌وه‌ بانگی کۆیله‌یه‌تی و جیاخوازی و سوکایه‌تیکردن به‌ ژنان و مافه‌کانیان ده‌ده‌ن و به‌پێ ی یاسا و کولتور و ئایین و خوی جه‌نگه‌ڵستانی، سه‌رکوتی ماف و ئازادیه‌کانی ژنانی  کوردستان‌ ده‌که‌ن. کۆمه‌ڵگه‌ به‌ره‌ و تاریکستانی جه‌هل و خورافه‌ ڕاده‌کێشن، ‌زۆرینه‌ی ئه‌ندامانی ڕه‌شبینی نێرینه‌ی په‌رله‌مانی کوردی‌‌‌ ده‌نگ ده‌ده‌نه‌‌ یاسای کۆنه‌په‌رستی فره‌ ژنه‌ و هێشتنه‌وه‌ی ژنان به‌ پله‌ دوو، وه‌ به‌کارهێنانیان وه‌ک هه‌ر که‌ره‌سه‌یه‌کی تری بێ گیان بۆ هه‌وه‌س و ئاره‌زووه‌ دانه‌مرکاوه‌کانیان. ژنانێک که‌ نیوه‌ی کۆمه‌ڵن‌ و باری گران و قورسی هه‌موو ئه‌رک و فرمانێکی کۆمه‌ڵگه‌ و خێزان به‌سه‌رشانیانه‌وه‌یه‌، به‌ تۆپزی و به‌ بیری بۆرژوا دواکه‌وتووانه‌ی پیاوسالاری له‌ کۆمه‌ڵگه‌ دایانده‌بڕن و ده‌کرێنه‌ کاڵایه‌کی سووک و ئاسان به‌ده‌ستی پیاوانی مێشک ووشکی ناهۆشیار و نه‌زانه‌وه‌. پیاوانێک که‌ له‌ سێبه‌ری کۆنه‌په‌رستیدا گه‌وره‌بوون و به‌ ئه‌قڵی پڕتووکاوی چینی باڵاده‌ستی ناو کۆمه‌ڵگه‌ی دواکه‌وتووی کوردستان، بێ ئه‌وه‌ی ڕێز و جێگاو بایه‌خێکی مرۆیی بۆ ژنان که‌ نیوه‌ی کۆمه‌ڵن دابنێن، به‌ بێ ڕاو پرسی ئه‌وان یاسا و ڕێسای نا مرۆڤانه‌ دێننه‌ کایه‌وه‌. وه‌ک که‌ڵه‌گا خۆیان کردووه‌ به‌ بڕیار ده‌رو چاره‌نووسی به‌شێکی گرنگی کۆمه‌ڵگه، به‌ ئاره‌زوو ویستی خۆیان پێشێلی ماف و ژیانی ئاسایی و تایبه‌تی و که‌سێتی و پشتگیری له‌ دیلکردنی ژنان ده‌که‌ن. ‌وه‌ک هه‌موو نادادپه‌روه‌ریه‌کانی تریان جارێکی تر به‌ ئاشکرا و بێترس خۆیان له‌ ژیانی ژنان هه‌ڵده‌قورتێنن و ده‌یانه‌وێ به‌ بیر و باوه‌ڕی ڕزیویان ژنان بۆ مه‌رامه‌ نامرۆڤه‌ناکنیان به‌کار به‌رن و بچه‌وسێننه‌وه‌. له‌ ووڵاتێکدا ڕێژه‌ی بێکاری و بێ ده‌رامه‌تی و بێ مافی و بێ خزمه‌تگوزاری له‌وپه‌ڕیدا بێت، ژماره‌ی هه‌ژارانی که‌م ده‌ست و بێتوانا له‌ وه‌ی که‌ گه‌نجه‌کانی ناتوانن ژیانی هاوسه‌ری پێک بهێنن ڕوو له‌ فراوانی بێت، ده‌وڵه‌مه‌ندان و ده‌سه‌ڵاتدارانی چاوچنۆکیش به‌ قازانجی خۆیان خه‌ریکی دانانی یاسا و په‌یڕه‌وی ژه‌نگاوین بۆ  به‌رژه‌وه‌ندیه‌ ته‌نگ و تایبه‌تیه‌کانی خۆیان. به‌م کرده‌وه‌یه‌شیان جارێکی تر خۆسه‌پاندن و سنوور به‌زاندنی مافه‌کانی مرۆڤ و بێ ئاگاییان له‌ جیهانی سکولار و شارستانی دووپات ده‌که‌نه‌وه‌. هه‌ر ‌که‌م بوونی ‌ڕێژه‌یه‌کی به‌رچاو له ژنان له‌ کایه کۆمه‌ڵایه‌تی و‌ سیاسیه‌کان و له‌و کۆبوونه‌وانه‌شدا نیشانه‌ی پیاو سالاری ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ ده‌رده‌خات، که‌ هه‌موو کاروبارێکی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووریان بۆ خۆیان قۆرخکردووه‌، ژنانیشیان ناچار به‌ گۆشه‌ی ماڵ و به‌خێوکردنی مناڵ و چێشت لێنان کردووه ، کۆمه‌ڵگایان به‌ پێ ی ڕه‌گه‌زی نێر و مێ دابه‌شکردووه‌‌. پێش ده‌نگدان له‌سه‌ر یاساکه‌ مه‌لاکان و حیزبه‌کانیان له‌ مزگه‌وت و کۆبونه‌وه‌کانیانه‌وه‌ هه‌ڕه‌شه‌یان ده‌کرد ئه‌گه‌ر بێت و به‌ پێی یاساکانی ئیسلام یاسای باری که‌سێتی ڕێکنه‌خرێت ئه‌وا هه‌ڵوێستی توند وه‌ر ده‌گرن، له‌ کۆبونه‌وه‌ی په‌رله‌مانیشدا مه‌لایه‌ک هه‌ڕه‌شه‌ی کردووه‌ که‌ ده‌بێ به‌ پێی یاسای شه‌ریعه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ یاسای باری که‌سێتیدا بکرێت. زۆربه‌ی ئه‌ندامانی پارتی و یه‌کێتیش ده‌نگیان دا به‌ مه‌لاکان و بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان و ڕازیکردنی ئیسلامیه‌کانی هاوپه‌یمانیان. به‌ واته‌یه‌کی تر پیاوانی دواکه‌وتووی دژ به‌ شارستانێتی و مۆدێرن توند ڕه‌وانه‌ ژنانیان کرده‌ قوربانی ئاوات و ئاره‌زووه‌ سێکسیه‌ پیسه‌کانیان. سه‌ره‌ڕای چه‌وسانه‌وه‌ی ژنان له‌ چواردیواری ماڵدا ئه‌وا ده‌رگای ئاره‌زووه‌کانیان به‌بێ نه‌نگی خستۆته‌‌ سه‌رپشت و بۆ تێرکردنی حه‌زه‌کانیان‌ ڕیز و سه‌ره‌یان بۆ ژنان گرتووه‌ تا خۆیان به‌تاڵ و دامرکێننه‌وه‌، بێجگه‌ له‌ ترساندن و هه‌ڕه‌شه‌ و توندوتیژی و ده‌ستدرێژی کردنه‌ سه‌ریان. گه‌ر چاوێک به‌ مێژووی چینایه‌تیدا بگێڕین له‌ مێژه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی بۆرژوازی له‌ سیسته‌مه‌که‌یاندا سیسته‌می سه‌رمایه‌داری له‌ هه‌موو دامه‌زراوه‌کانیاندا هه‌ر له‌ ده‌وڵه‌ت و په‌رله‌مان و پۆلیس و سوپا و یاسا و داد و خێزان و په‌روه‌رده‌ و  سیسته‌می ته‌ندروستی و ده‌زگای ڕاگه‌یاندنه‌کان و له‌ کۆمپانیا و مزگه‌وت و که‌نیسه‌ وه‌ توند و تیژی بێ ڕه‌وشتی به‌رانبه‌ر به‌ ژنان ده‌که‌ن. ئه‌وه‌ ئایین و کولتور و سیسته‌می دواکه‌وتوانه‌ی سه‌رمایه‌داری یه‌ که‌ خۆی به‌ پارێزه‌ری شه‌ره‌فی مێینه‌ ده‌زانێ و له‌ ماڵ و ده‌ره‌وه‌دا ده‌یانخاته‌ ژێر باری سته‌م و کۆیله‌یه‌تیه‌وه‌. گه‌ر چاوێک به‌ ئاماری ئه‌و تاوانانه‌دا بگێڕین که‌ به‌رانبه‌ر به‌ ژنان ده‌کرێت ده‌ریایه‌ک تاوانی سامناک و پڕ ئازاره‌. کوردستان کۆمه‌ڵگایه‌که‌ به‌زۆری یاسای دواکه‌وتوانه‌ خه‌ڵکی ناچاری په‌یڕه‌وی ئایین ده‌کرێت، ژنانیش له‌و کۆمه‌ڵگه‌یه‌دا به‌شی زۆری قوربانیه‌کانن، له‌ترسی ناوزڕاندیان له‌ ئاستی کۆمه‌ڵایه‌تیدا به‌رانبه‌ر ئه‌و هه‌موو توندوتیژی تاوانه‌ی له‌ دژیان ده‌کرێت بێده‌نگن. چونکه‌ نه‌ریتیک به‌ڕێوه‌ ده‌چێ که ژنان له‌‌ خێزاندا له‌ ژێرده‌ستی پیاواندا ئازار ده‌چێژن و ماف و که‌رامه‌ت و که‌سایه‌تی ئینسانیان فه‌رامۆش و مافی ژیانیان زه‌وتده‌کرێ. مێژووی ئیسلامیش هه‌ر له‌ده‌رکه‌وتنی له‌ نیوه‌ دوورگه‌ی عه‌ره‌بیه‌وه‌ پڕیه‌تی له‌ نابه‌رابه‌ری و چه‌وسانه‌وه‌ و کوشتن و بڕین و تاڵانکردن و داگیرکردن و توندوتیژی و به‌ کۆیله‌کردنی ژنان وه‌ک که‌نیزه‌ک. ئیتر ئه‌و که‌سانه‌ی ئه‌مڕۆ هه‌ڵگری ئه‌م بیره‌ کۆنه‌ی پانزه‌ سه‌ده‌ له‌مه‌وپێشن سه‌رچاوه‌که‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ کولتوری ئیسلام. که‌ به‌ ئه‌قڵ و تێگه‌یشتنی ئه‌وان ‌ده‌بێت ژن له‌ سه‌ر ده‌ستی پیاودا په‌روه‌رده‌بێت و فه‌رمانی به‌سه‌ردابکاو هه‌موو شتێکی ئاماده‌بکا و بیخاته‌ به‌رده‌ستی و کاتێ پیاو قسه‌ ده‌کات ده‌بێ ئه‌و بێده‌نگ و گوێدێربێت، ده‌بێت له‌ پاش ئه‌و نان بخوا و له‌گه‌ڵ ئه‌و تێربێت، به‌و جۆره‌ سایکۆلۆژیه‌تی ژن به‌پێ ی ئیسلام ده‌بێ کڕنوش بردن و ڕازی بوون و بێ ڕه‌تکردنه‌وه‌بێت. وه‌کو یاسای جه‌نگه‌ڵ به‌هێز بێ هێز ده‌خوا و ژنان به‌ پله‌ دوو و لاواز و له‌ میراتی و شایه‌تی و هاوسه‌رگیری و کۆڕو کۆمه‌ڵی پیاواندا به‌ سووکی ته‌ماشابکرێ، ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆش له ‌په‌رله‌مانی ده‌سه‌ڵاتی نێرینه‌دا ده‌بینرێ مشتێکه‌ له‌م خه‌رواره‌. ئه‌نگلز ده‌ڵی کۆمه‌ڵگایه‌کی ئازاد به‌ ئازادی ژناندا ده‌ناسرێته‌وه‌، کۆمه‌ڵگا کاتێک ئازاده‌ که‌ یه‌کسانی ژنان و پیاوان هه‌بێت. هیچ کات ئینسانه‌کانی کۆمه‌ڵگاش ئازاد نابن که‌ ئه‌گه‌ر یه‌کسانی و ئازادی و خۆشگوزه‌رانی تێدا نه‌بێت و سیسته‌می به‌ڕێوه‌بردنی سیسته‌مێکی ئینسانی نه‌بێت. له‌ سایه‌ی سیسته‌می سه‌رمایه‌داریدا له‌ ووڵاتانی ڕۆژئاوایی و ئه‌وروپیشدا هێشتا ژنان له‌ خه‌بات و تێکۆشاندان بۆ نه‌هێشتنی چه‌وسانه‌وه‌یان له‌لایه‌ن پیاو و یاساکانیانه‌وه‌ چ جای له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی دواکه‌وتووی گیرۆده‌ به‌ بیر و ڕۆشنبیری ئاینی و خو و نه‌ریتی خێڵه‌کی و کۆنه‌په‌رستی. له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌شدا له‌ کوردستان هه‌ر له‌دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه‌ بزوتنه‌وه‌ی یه‌کسانیخوازی ژنان سه‌ری هه‌ڵدا و شێلگیرانه‌ به‌رگری له‌ مافه‌کانی ژنان کردووه، له‌م ڕێگه‌یه‌دا قوربانی و سه‌ختی و ناخۆشی و به‌گژاچوونه‌وه‌ی زۆری چێشتووه‌. ئێستاش ته‌نیا چاره‌ بۆ لابردن و جێبه‌جێنه‌کردنی ئه‌و یاسا کۆنه‌په‌رستانه‌یه‌ وه‌ستانه‌وه‌ی یه‌کڕیزی به‌هێز و پته‌وی ژنان خۆیانه به‌ هاوپشتی‌ یه‌کسانیخوازان و ئازادیخوازان و پێشکه‌وتووخوازانی کۆمه‌ڵگه بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافه‌ ئینسانیه‌کانیان.‌ ئه‌وه‌تا حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان (ئه‌لته‌رناتیڤتی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان بۆ قانوونی ئه‌حوالی شه‌خسی) له‌ پێناوی یه‌کسانی ژن و پیاو له‌به‌ده‌ستهێنانی مافه‌ مه‌ده‌نی و فه‌ردییه‌کاندا خستۆته‌ به‌رده‌م په‌رله‌مانی کوردستان و ئه‌وان پشتگوێ ی ده‌خه‌ن چونکه‌؛ له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندیه‌ تایبه‌تیه‌کانیاندا نایه‌ته‌وه‌. ئه‌گینا ژنیش هه‌روه‌کو پیاو خوێن و گۆشته‌ و هیچی له‌پیاو که‌متر نی یه‌ و به‌شێکی گرنگی ژیانی کۆمه‌ڵگه‌شه،‌ به‌شێکه‌ له‌ فه‌رهه‌نگ و به‌شێکی بنه‌ڕه‌تیه‌ له‌ پێکهێنانی که‌سایه‌تی ژن و پیاودا. کێشه‌ی ئێستا زیاتر ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی که‌ ئایین ده‌ست له‌ کاروباری ده‌وڵه‌ت وه‌رده‌دات، ئه‌گه‌ر کۆمه‌ڵگا ده‌سه‌ڵاتێکی سکولار بیبا به‌ڕێوه‌ بێگومان ده‌ستی ئایین ده‌گرێ له‌وه‌ی خۆی له‌ کاروباری که‌سێتی ئینسانه‌کان و ده‌وڵه‌ت هه‌ڵقورتێنێت، ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌ت له‌ ئایین جیابووه‌وه‌ ئیتر ئه‌م یاسانه‌ش بایه‌خی خۆیان له‌ده‌ست ئه‌ده‌ن و که‌ش و هه‌وایه‌کی ئازادانه‌ دێته‌ کایه‌وه‌. به‌ڵام گرنگترین شت ئه‌وه‌یه‌ که‌ ژنان کۆتی کۆیله‌یه‌تی له‌ پێناو به‌ ده‌ستهێنانی کار و دارایی و ئابووری سه‌ربه‌خۆدا  بپچڕێنن و ئیتر چیتر به‌وابه‌سته‌ی پیاو ڕازی نه‌بن، به‌ڵکو ئازدانه‌ ژن و پیاو پێکه‌وه‌ و وه‌کو یه‌ک ژیانی هاوبه‌ش و هاوسه‌رگیری خۆیان دیاری بکه‌ن.
 1 ی نۆڤه‌مبه‌ر 2008 ‌
 
 

Previous
Next

Leave a Reply